سەرەتا / ئەدەب / ئالینگاری مەرگ لە شیعری (من دەزانم دەکوژرێم) ی دڵشاد مەریوانیدا

ئالینگاری مەرگ لە شیعری (من دەزانم دەکوژرێم) ی دڵشاد مەریوانیدا

سەدیق سەعید ڕواندزی

مەرگ یەکێکە لەو بابەتانەی بە شێوەیەکی ھەمیشەیی ڕەنگدانەوەی لە دنیابینی شاعیرانی ئێمە و گوتاری شیعرەکانیاندا ھەیە. یەکێکە لەو تیمە شیعرییانەی، لە ھەموو قۆناغەکانی شیعری کوردی و لای زۆربەی شاعیران دەبینرێت و گوزارشتی لێکراوە. ئەو ئامادەیی و نزیکییەی شاعیرانی ئێمە لە مردن، پەیوەندی بەوەوە ھەیە کە ئێمە وەک نەتەوەیەک، ھەمیشە مەحکوم بووینە بە مەرگ و مردن. ھەڵومەرجی مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی ئێمە وەک نەتەوەیەک ، پڕ بووە لە مەرگدۆستییەت. ئەوەندەی لە ژێر سایەی مردن ژیاوین، ژیان ئەوەندە باوەشی بۆ نەکردینەوە، مردن و ژیان ئەگەرچی ھەمیشە وێنایەکی جێگیر و چەسپاویان ھەیە، کە ئەویش ئەو ئاماژە ڕوحی و لاھوتیەیە کە ھەیانە، وەلێ ھەمیشە مردن پرسیارێکی بێ وەڵامە و ڕووبەڕووی چارەنووسێکی نادیارمان لە دەرەوەی لێکدانەوە ئاینییەکان دەکاتەوە. بۆیە ترس لە مردن، ترسێکی سرووشتی و ھەمیشەیی و شاراوەیە و بە دەگمەن مرۆڤێک ھەیە، ئارەزووێکی گەورەی بۆ ژیان و ھەڵاتن لە مردن نەبێت. لە دنیابینی ھەموو مرۆڤەکاندا، ھەمیشە ئارەزووێکی بێ کۆتایی بۆ ژیان و ژین ھەیە.

مرۆڤ ھەمیشە دەیەوێت تەمەنی نوحی ھەبێت و ژیانی بە ھەموو ناخۆشی و سەختییەکانەوە، لە پێشترە لە مەرگ. بە دەگمەن مرۆڤێک دەبینین، کە ھیچ ھیوایەکیشی بۆ ژیان نەمابێت، ئارەزووی ئەوەی ھەبێت بمرێت و ژیان جێبێڵێت. ئەم ھەستە، ئەگەر بەشێکی بۆ مانا شاراوەکانی ئەو دیو چەمکی مەرگ و مردن بگەڕێتەوە، بەو پێیەی مرۆڤ نازانێت، دوای مردن چارەنووسی چی دەبێت، ئەوا دیوێکی تری پەیوەستبوونی مرۆڤ بە ژیانەوە دەگەیەنێت، کە ئەمیش ھەر دەرەنجامی ئەو ترسەیە کە لە مەرگ ھەیەتی کە ھەر چۆنێک بێت، ئارەزووی ئەوە دەکات بژیت لەوەی بمرێت. بەڵام لە شیعری (من دەزانم دەکوژرێم) ی دڵشاد مەریوانیدا، ئەو ھاوکێشەیە سەرە و ژوور دەبێتەوە. لەو دەقەدا، ئێمە وێنەی مرۆڤێک دەبینین کە نەک ھەر ژیانی بەلاوە ئاسایی و مەزن و پیرۆز نییە، بگرە بێ باکانە بەرە و ڕووی مردن دەبێتەوە و مردنی لا دەبێتە ڕووداوێکی زۆر ئاسایی و سادەی ژیان و بەتاڵ دەبێتەوە لەو ھەموو فۆبیایەی ھەیەتی. وێنەی مرۆڤێک لەو دەقەدا ئامادەیە کە ( تەحەدایەکی) گەورەی مردن دەکات و جەخت لە سەر مردنی حەتمییانەی پێش وەختەی خۆی دەکاتەوە. بەمەش، مردن دەبێتە چارەنووسێکی دیار و بژاردەیەک کە لە دەستی مرۆڤ خۆی دابێت، نەک ڕووداوێکی پەنھان و بزر. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر وادەیەک بۆ مردنی ھەر یەکێکمان ھەبێت و لە سەرەتاوە دیاریکرابێت، وەک ئەوەی لە ئایینی ئیسلامدا دەبینرێت، ئەوا مردنی شاعیر مردنێکە بژاردەکەی لە دەستی خۆی دایە و دەزانێت دەکوژرێت و تەرمەکەشی وەھا دەشێوێنرێت، کە کەس نایناسێتەوە. شاعیر، مانفێستی مەرگی خۆی لە ڕێی دەقەکەوە ڕادەگەیەنێت. من دەزانم، کە فرمانی ڕانەبردووی بەردەوامی ڕاگەیاندنە، ئاماژەیە بۆ ڕووداوێکی پێشبینکراو کە دەم و ساتی دیار نییە، بەڵام ئەگەری ڕوودانی سەد لە سەد ھەیە. شاعیر بە شێوەیەک جەخت لە مردنی پێش وەختەی خۆی دەکاتەوە، کە ھیچ دوودڵی و گومان و ترسێک ھەڵنەگرێت و لە سەرەتاوە، خۆی ساز و ئامادە کردووە بۆ ئەو کوشتنە و مانفێستی دەکات. ئەمەش جۆرێکە لە یاخیبوونێکی گەورە، کە تیایدا شاعیر وەک مرۆڤێک بە ڕووی ئەویتری نەیاردا دەردەکەوێت. یاخیبوونێک کە ئالیناگارییەکی گەورەی مەرگ دەکات و مردن بەتاڵ دەکاتەوە لە ھەموو ئەو ترس و فۆبیایەی ھەیەتی.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەوە چییە ئەو ھەستە لای شاعیرێک دروست دەکات کە ھیچ باکی بە مردن نەبێت و ئاسایی بیبینێت؟ بۆچی ئەویش وەک ھەموو مرۆڤێک، ژیانی پێ لە پێشەوەی مردن نییە؟ چی وا لە مرۆڤێک دەکات مردنی خۆی بە لاوە ڕووداوێکی زۆر ئاسایی بێت ؟ لێرەدا لە بەرامبەر مەرگدۆستی و ژیاندۆستیدا، بژاردەی دیکە نییە و ھاوکات مرۆڤ ناتوانێت لە یەک کاتدا ژیاندۆست بێت، بەڵام ترسی لە مردن نەبێت. مەریوانی، ھیچ ترسی لە مەرگ نییە، بۆیە بە ئاساییەوە چیڕۆکی مەرگی خۆی دەگێڕێتەوە و وێنا دەکات، وەک ئەوەی دڵنیابێت لەوەی ئەمڕۆش نا بەیانی، ھەر دەیکوژن. ڕەنگە ئەمە پەیوەندەی بەو یاخیبوون و سڵنەکردنەوەی شاعیر لە فاشییەکانەوە ھەبێت. چونکە جارێکییان (شیرین_ک) ھاوسەری لە نووسینێکیدا**، باسی ئەوەی کردبوو کە دڵشاد زۆر (ئینتیحاریانە) دەژیا. واتا باکی بە مەرگ و ترسی لە مەرگ نەبوو. بێگومان مرۆڤیش کە ترسی لە مەرگ نەبوو، ئیدی مەرگی لا دەبێتە ڕووداوێکی زۆر ئاسایی ناکاریگەر و مردنی بە لاوە زۆر سادە دەبێتەوە، لەو ڕەھەندە ترس ھێنەرەی کە ھەیەتی. کە واتا مرۆڤ ناتوانێت ترسی لە مردن نەبێت، ئەگەر لە سەرەتادا، ژیان ڕەت نەکاتەوە. مرۆڤ ئەو کاتە بەرە و مەرگ دەچێت, کە مەرگ وەک بژاردەیەکی جوانتر لە ژیان دەبینێت و فەرزی دەکات بە سەر ژیان. بە بڕوای من، مرۆڤ ناتوانێت لە یەک کاتدا، ژیانی خۆشبووێت و مەرگیش، بەلایەوە ئاسایی بێت بمرێت و حەزیشی لە ژیان بێت بەختیار عەلی لە بارەی (شێرکۆ بێکەس) ەوە دەنووسێت:***_( مردن ھەمیشە بەشێکی گرنگی جیھانبینی شێرکۆ بووە، بەڵام شێرکۆ لەو شاعیرانەیە کە دەتوانین بە شاعیری ژیان ناوی بەرین) بە بڕوای من، پارادۆکسێکی گەورە لەو دەربڕینەدا ھەیە، کە تیایدا وێنای مرۆڤێکمان بۆ دەکێشێت، کە لە نێوان مەرگ و ژیاندایە و ھەردووکیشیان لای ئەو ھاوشێوە و ھاومان و ھاوپیرۆزن، کە ئەمە نەگونجاوە. چونکە مرۆڤ ناتوانێت. مەرگ و ژیانی وەک یەک خۆشبووێت. ئەو کاتەی مەرگ دەبێتە بژاردەی یەکەم و کۆتایی و چارەنووسێک کە خۆمان ھەڵیدەبژێرین، ئەو کاتانە مەودایەک بۆ ژیانکردن نەماوەتەوە. مرۆڤ ناتوانێت ترسی لە مەرگ نەبێت، ئەگەر لە سەرەتادا ژیان لای خۆی نەسڕێتەوە. ژیان نابێت ئەو ھێزەی ھەبێت، جارێکی دیکە مرۆڤ لە مەرگ پەشیمان بکاتەوە، بەڵکو دەبێ ھەموو بەھایەکی ژیان لە ئاستی بوون و پێگەدا، بەتاڵ بکاتەوە ئەو کات دەتوانێت ئازادانە، بەرەو مەرگ بچێت. دڵشاد مەریوانی، حەتمیەتی مەرگی خۆی، وەک دوا بژاردەی ژیانی بەیان دەکات، بۆیە ھیچ ترسێکی لە مەرگ نییە و دڵنیاییە دەکوژرێت، لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت:_
من دەزانم دەکوژرێم
من دەزانم تەرمەکەم لە سارایەک فڕێ دەدرێ
بێگومان لە نێوان مردن و کوشتندا، جیاوازی ھەیە. لە مردندا بکەر نادیارە، گەرچی بە پێی ئایینی ئیسلامەوە بێت، ئەوا فریشتەیەک تایبەت بە کێشانی ڕوحی مرۆڤەکان ھەیە و ھاوکات خودا تەمەنی ھەموو مرۆڤەکانی لە ڕۆژی بوونیانەوە تاکو دواچرکەساتی ژیانیان، دیاریکردووە. بۆیە مردن کردەیەک نییە مرۆڤ دەستکاری بکات و وادەی ھاتنی یا دواخستنی، بە خواستی خۆی بگۆڕێت، کە کەی وادەی مەرگی دێت. بەڵام لە کردەی کوشتندا، بکەر دیارە، چونکە دەبێت ئەوی دی (بکوژ) بوونی ھەبێت. بە بێ بوونی بکوژێک، نە کردەی کوشتن ئەنجام دەدرێت، نە مەرگی کوژراوێکیش بوونی دەبێت. واتا کوشتن کردەیەکی سێ سەرەیە ( بکوژ/کوژراو/ مۆتیڤی کوشتنەکە) بە بێ بوونی ھەریەکێکییان، کردەکە ئەنجام نادرێت. دەکرێ لەم ھێلکارییە ڕوونی بکەینەوە:
کوژراو_______شاعیر.
بکوژ_________ بەعسییەکان.
مۆتیڤی کوشتن___________ کارکردن بە نھێنی و کوردایەتی.
من______________ جێناوی یەکەمی تاک.
دەکوژرێم__________ فرمانی ڕانەبردووی بەردەوامی ڕاگەیاندنە.

ئەمە وێرای ئەوەی کە دەبێت، زەمینە و زەمەنی کردەکەش بوونییان ھەبێت، کە بگونجێت لەگەڵ کات و ساتی ڕووداوەکە. بە پێچەوانەوە لە مردندا، تەنھا بکەری ڕوح کێشانەکە (ئیزرائیل) و مردووەکە بوونیان ھەیە. بۆیە شاعیر لە کوشتنی خۆی بە دەستی بکوژانی، دڵنیا بووەوە ئەمەش لە سۆنگەی ھەبوونی کارێکی نھێنی، یان کردەیەک کە دواجار کاردانەوە لای بکوژ دروست بکات و ڕەوایەتییەک، بە کوژرانی بدات. بۆیە گەر سەرنج لە شیعرەکە بدەین، دەبینین شاعیر چارەنووسی خۆی بە (کوشتن) وێنا کردووە نەک بە (مردن)، کە وەک وتمان جیاوازیان ھەیە، چونکە کوشتن، دەشێ کاردانەوەی بکوژ بێت، بە تێگەیشتنی خۆی. بۆیە کە شاعیر دڵنییایە لەوەی دەکوژرێت، ھەڵبەتە پێشتر دڵنییاش بووە لەوەی ئەو کارەی دەیکات، سەرەنجامەکەی بە مەرگی خۆی کۆتایی دێت. لێرەدا، ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەبینەوە، کە شاعیر کاتێ دڵنییا بووە لەوەی ھەر دەکوژرێت، بۆچی لە بری ھەڵاتن لەو کوشتنە، بەرەو پیری کوشتنەکە دەچێت؟ بۆچی ئەو کارە دەکات کە ڕەوایەتی بە کوشتنی (ھەڵبەتە بە تێگەیشتنی فاشییانەی بەعس) لای ئەوان دەدات؟ بێگومان ئەوانەی ھیچ ترسێکییان لە مردن نییە و مردن وەک ڕووداوێکی تۆقێنەر نابینن، ئەوانەن کە خۆیان بۆ مردن یەکلایی کردۆتەوە. شاعیریش دڵنییایە لەوەی دەکوژرێت و کوشتنەکەشی لە سۆنگەی ھەبوونی پەیامێکی سیاسی و مرۆیی و نەتەوەیی و شۆڕشگێڕییە، کە دواجار باجی ھەڵگرتنی ئەو پەیامە تەنھا کوشتنە. بەمەش ڕادەی پیرۆزیی و ھاوکات بڕوای شاعیر بەو پەیامەی خۆی دەردەخات، کە ئامادەیە سەری لە پێناودا دابنێت و ھەرواشی کرد. دڵشاد مەریوانی لەو شیعرەیەدا، چیڕۆکی کوشتنی خۆی باس دەکات و دوای ئەوەی دەکوژرێت، چی بە سەر لاشەکەی دێنن. ھەڵبەتە مرۆڤ کە مرد، ئیدی لە ئاستی بووندا، ئاماژەیەکی زیندووبوونی نامێنێت تا بتوانێت وێنای دوای مردنی خۆی بکات، بەڵکو ئەوانیتر واقیعی دوای مەرگی ئەو دەبینن و دەگێڕنەوە، بەڵام شاعیر لەو شیعرەیدا، وێنای دوای کوشتنی خۆی دەکات. واتا مەرگی خۆی وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی ژیان دەبینێت. دەکرێ بڵێن شاعیر بە دوو کارەکتەری جیا لەو شیعرەدا دەدوێت. یاخود دۆنایدۆنی ڕوحی دەکات. بە پێی کرداری دۆنایدۆن کە زەردەشتییەکان و بوزییەکانیش باوەڕیان پێیە، مرۆڤ کە مرد، ڕوحی بە پێی کردەوەکانی دەچێتە ڕوحی مرۆڤێکی دیکە. لەم دەقەشدا، شاعیر لە ئاستی جەستە و بوونی فیزیکیدا دەسڕدرێتەوە، بەڵام لە ئاستی ڕوحی و زمان و گێڕانەوەدا، ھەر زیندووە و مۆتیڤی پشت ئەو زیندووەتیەش، دۆنانیدۆن بوونی ڕوحەکەیە. ئەگەر لە سەرەتای شیعرەکەدا، کردەی کوشتن ھێشتا ئەنجام نەدرابێت و شاعیر وەک بگێڕەوەیەک ساتەکانی پێش ئەو کردەیە، بۆ ئێمە بگێڕێتەوە، ئەوا لە دواتر، کردەکە ئەنجام دەدرێت و ئەمجارەیان وێنای شاعیر لە دوای کوشتنییەوە دەبینین. بەمەش لەبەردەم دوو زەمەنی جیاداین. زەمەنێک ڕانەبردووە، کە شاعیر باس لە کوژرانی خۆی دەکات، زەمەنێکیش، کردەی دوای کوشتنەکەیە کە تیایدا لاشەکەی فڕێدراوە. ھەروەک شاعیر دەڵێت:_

ھاوڕێیانم نامناسنەوە.
دەڕواننە لاشەی لە سارا کەوتووم
لە یەکتری دەپرسن بۆچی سەگی بێ خاوەن بە بێ خانە و سەگی برسی
لەلەشیان نەخواردووە؟ بۆ دەمیان بۆ نەبردووە؟
لێرەدا، کردەکە ئەنجام دراوە و زەمەنەکە لە ڕانەبردووەوە بۆتە ڕابردوو. لاشەی شاعیر فڕێدراوە. سەگیش وەک ئاژەڵێکی گۆشت خۆر، لە سەر پاشماوەی زبڵ و کەڵاکی بۆگەن دەخوات و برسیەتییی خۆی تێر دەکات، بەڵام شاعیر لێرەدا وەک مرۆڤێک، ھەڵگری وێنەیەکی ئەوەندە پیرۆزو گەورەیە، کە تەنانەت دوای کەوتنی لاشەکەشی، سەگەکان نەیانویستووە لەلاشەی بخۆن. بەڵکو وەک تەرمێکی پیرۆز، تەرمی مرۆڤێکی خاوەن پەیامێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی گەورە و مرۆڤدۆست، لەوێ دەمێنێتەوە و ھیچ سەگێک بەلایەوە ناچێت. بێگومان شاعیر لێرەدا، خوێنەر لە بەردەم دوو وێنەی شیعری پەنھان و پڕمانای شیعری ڕادەگرێت. لە وێنەی یەکەمییان، مرۆڤگەلێک ھەن، دەستییان دەچێتە گیانی مرۆڤێک و ژیانی لێ دەسێنەوە و لە سارایەک فڕێی دەدەن، لە وێنەی دووەمیاندا، ئاژەڵێک کە نە ھۆش و بیر، نە ھەست و سۆزی ھەیە، کەچی ئاستی مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی، لەو مرۆڤانە زیاتر و بەرزترە. سەگەکان، دڵیان نایەت بە مردووییش لە تەرمی بێ گیانی مەریوانی نزیک ببنەوە و قەپاڵی لێ بگرن، کەچی بە ناو مرۆڤانێک بە زیندووەتی دەست بۆ ژیانی دەبەن و دەیکوژن. بەمەش شاعیر لە نێوان سەگ و پیاوە فاشییەکانی بەعسدا، وێنەیەکی باڵاتر بە سەگ دەدات. وەک ئەوەی زۆر جار ئیدیۆمێک لە کۆمەڵگەی ئێمە ھەیە کە دەڵێت:_( سەگ لە مرۆڤ بە وەفاترە) شاعیر مرۆڤبوونی ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە و ناڕاستەوخۆ لە شیعرەکەیدا، ئەو بە ناو مرۆڤانە بە ئەوانیتر دەناسێنێت. بۆیە لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
گەر لاشەم جێ گەستەی سەگ بوو
بزانن سەگی پۆلیسە
گەستەی سەگی بۆرژووایانی نەگریسە.
لێرەدا جیھانبینی شاعیرمان، وەک مرۆڤێک کە بڕوای بە خەباتی چینایەتی و دژی چینی بۆرژووایە بۆ دەردەکەوێت. شاعیر نوێنەری ئەءانە، واتا چەوساوە و پاڵە و ڕەنجدەران، کە دروشمە سەرەکیییەکانی کۆمەڵەی ڕەنجدەران بوون، دەکات و بۆرژوواکانیش، وەک نوێنەری ڕژێمی سیاسی و فاشی بەعس پیشان دەدات. بەمەش جەخت لەو خەباتە چینایەتی و شۆرشگێڕییەی و مرۆڤدۆستییەی خۆی دەکاتەوە، کە وەک پەیامێکی سیاسی گەورە و پیرۆز، لە سەرەتادا ھەڵیگرتووە و دواتریش لەو ڕێگەیەدا دەکوژرێت. دوای کوژرانیشی، لاشەکەی لە بەردەم دەمی دوو جۆرە سەگ دایە، کە یەکێکییان، سەگ وەک ئاژەلێکی وەفادار و سرووشتی زیندەییانەی خۆی نیشاندراوە، ئەءی تریان، سەگ وەک مرۆڤێکی خوێنڕێژ و داماڵدراو لە ھەموو جۆرە بەھایەکی مرۆیی وێنا کراوە. چونکە سەگەکان لە کاتێکدا ئاوەزو ھەست و سۆز و تێگەیشتنییان نییە، کەچی ھێشتا لە تەرمی فڕێدراوی مرۆڤێک نزیک نابنەوە و نایشێوێنن. لە بەرامبەردا، مرۆڤانێک ھەن، کە ناویان مرۆڤە و ھەست و سۆز و ئاوەزیان ھەیە، کەچی دەستیان دەچێتە خوێنی مرۆڤێکی دیکەی ھاوشوناسیان و دەیشێوێنن. بەمەش شاعیر، ڕادەی دڕندەیی و ماھیەتی سیاسی ڕاستەقینەی ڕژێمی بەعسی، وەک ڕژێمێکی فاشی و دژە ئازادیخواز، وێنا کردووە.کە ماھییەتی مرۆڤدۆستانەیان، زۆر نزمترە لە ڕادەی سۆزو وەفای ئاژەڵێک کە ھێمای وەفاداریی و بیرھێنانەوەی مرۆڤە. شاعیر دوای ئەوەی دەمرێت و چیڕۆکی مردنەکەی بۆ ئێمە دەگێڕێتەوە، دەبینین لە دوای مردنیشی، ھەمان ئەو ڕوحە نەترسە ویاخی و شۆرشگێڕییە بەردەوامی ھەیە و دەبێت، کە بەرلە مەرگی، وەک پەیامێک ھەڵیگرتووە و دوای مەرگشیش بەردەوامی دەبێت، وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی خەبات و تێکۆشان لای ئەوانیتر. بۆیە لە کۆتایی شیعرەکەیدا دەڵێت:
سەگی برسی
گاز لەلاشەی من ناگرن
ھەر ئەوەشە ھێشتوومەتییەوە و دوژمنانم بەرگەم ناگرن.
لێرەدا، لاشەی بە جێماوی شاعیر دوای کەوتنی، دەبێتە ھێما و ئاماژە بۆ دوو پەیامی سیاسی و نەتەوەی. ممانەوەی لاشەکە، بە دیوێکی وەک ئاماژەیەکە بۆ مانەوەی بەرگریی شاعیر و نەترسانییەتی لە مردن و دەسەڵاتی ئەوان، بە دیوەکەی تریش مانەوەی ئەو لاشەیە، مانەوەی پەڵەیەکی ڕەشە بە تەوێڵی ڕژێمێکەوە، کە کوشتنی مرۆڤ و فڕێدانی تەرمەکانییان بە کارێکی ئاسایی دەزانێت. لەو ڕێگەیەشەوە دڵشاد مەریوانی بە ھەموو جیھان دەڵێت:_(ئەمەیە بەعس و ئەو وڵاتەی تیایدا دەژیم). دواجار دەڵێم لە ژیانی مرۆڤدا، ھیچ شتێک ھێندەی مردن وەک ڕووداوێک، مایەی ترس و تێرامان، پرسیار و لێکدانەوەی فەلسەفی و ھزری نییە. بۆچی دەژیم و بۆچی دەمرم، مردن و ئەزموونی ژیانکردن، ھەمیشە ئەو پرسیارانەن، کە مرۆڤی لە خۆی دەکات و گەلێک جاریش بێ وەڵام دەمێنێتەوە. بەڵام لەم دەقەی مەریوانیدا، پرسیار لە بارەی ژیانەوە نییە، بەڵکو جوانی و قووڵایی مەرگێک نیشان دەدات، کە لە پێناو مرۆڤ و خاک، نیشتمان و ھەمووان دایەو بە مردنیشی، ھەم کردەی مردن جوان دەکات و لە ترس دایدەماڵێت، ھەمیش ئەوانیتر ڕیسوا و بێ شکۆ دەکات.

پەراوێزەکان:
.** شیرین کافی ھاوسەری شاعیر، لە نووسینێکیدا کە ڕۆژانی شەممە لە دوا لاپەڕەی کوردستانی نوێ بڵاو ی دەکاتەوە، ئەمەی باس کردبوو.
*** ڕۆڤار ژمارە ٧٩ نووسینێکی بە ختیار عەلی لە بارەی شێرکۆ بێکەسەوە.
**** وشەی ئالینگاری، لە بەرانبەر وشەی (تحدی ) عەرەبی بەکار ھاتووە، ئەگەرچی بڕوام وایە ھاوواتای تەواویش نییە، بەڵام بێ گومان لێرەدا، کوردیکردنەکە گرنگە.

* ئەم بابەتە لە ژمارە (٣) ی گۆڤاری ئەدەبی (وانەر) ئەیلولی ٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze