سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئاڵای میرنشینی سۆران لە سەردەمی پاشای گەورە

ئاڵای میرنشینی سۆران لە سەردەمی پاشای گەورە

یاسین برایم
لە مێژووی کوردستاندا، لە سەر خاکی کوردان، چەندین میرنشینی کوردی بەرچاو دەکەون، ھەندێکیان بۆ چەندین سەدە، دەسەڵاتی ئەو میرنشینانەیان ھەبووە وجێپەنجەیان دیاربووە وکورسی دەسەڵاتی خۆبەڕێَوەبردنیان بەدەستەوە بووە، جاروباریش ھەوڵی فراوانکردن و دەستبەسەرداگرتنی سنووری یەکتریان داوە. میرنشینەکان پەلاماری میرنشیی دڕاوسێی داوە و شەڕ و ماڵوێرانی زۆریان چەشتووە و خوێنی یەکتریان ڕژاندووە. ئەو ململانێیە زۆر جار بە قازانجی دوژمن و ناحەزان تەواو بووە و ئەوانیش دەستیان خستۆتە نێو کارو باری میرنشینەکانیان.
میرنشینی سۆران، یەکێک لەو میرنشینە ناسراو و گەورە و دەسەڵاتدارانە بووە، بەتایبەتی بۆ سەردەمی زێڕینی پاشای گەورە، کە تەختی ئیمپڕاتۆریەتی عوسمانیی و ئێرانی ھێناوەتە لەرزین. توانی ئەو میرنشینە فراوانتر بکات وخاکێکی زۆر بخاتە ژێر دەستی خۆی. لە نێو بردنی ناحەز و دوژمنەکانی و بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوەی قەڵا و کۆشک دروستکردنی قەڵاو قونگرە و پردی نوێ و سوپایەکی تۆکمە و شارەزا و بوێر و دامەزراندنی کارگەی چەک و تەقەمەنی و لێدانی دراو و جاڕدانی سەربەخۆیی و دروستکردنی چەندین لیژنە بۆ بەڕێوەبردنی ئیش و کاری خەڵک و بازاڕ و سوپا و کاروباری سەربازی. گرنگی دان بە زانست خوێندن و مزگەوت و زانا و ڕۆشنبیران و بەرقرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە ژێر قەڵەمرەوی خۆی. ئەمەش ڕۆژ بەڕۆژ دەسەڵاتی فراوانتر بوو، تا توانی جاڕدانی سەربەخۆیی لێبدات…(١)
ئەم فراوانبوون و بەرەوپێشوەچوونە، وای لە دوژمنانی کورد کرد، بەشێوەیەکی بەرنامە و پیلاندارێژراو بکەونە خۆئامادەکردن، بە کردار ھەموو ھەوڵی خۆیان خستە گەر بۆ لاوازکردن و لەنێو بردنی ئەم میرنشینە.
(جەمال نەبەز)، مێژوونووسی گەورەی کورد، دەربارەی پاشای گەورە و فراوانکردنی سنوور و ڕێکخستنی و پێشخستنی سوپا و دابینکردنی پێداویستییەکان و دروستکردنی چەک و تۆپ وگرنگیدان بەسەرجەم بوارەکانی تر. شارەزایی و دونیا بینی ئەو میرە، لەو سەردەمە، لە نیمچە دەوڵەتیکی کوردی دەچوو، تا ئەو ڕۆژەی لە لایەن عوسمانییەکان لە ناو چوو. (٢) پێشکەوتنی میرنشینی سۆران، لە رووی ھێز و سوپا و چەک و تەقەمەنی و ڕێکخستن و دابەشکردنی بە شێوەیەکی رێک و پێک ولێھاتوو، کە لە بەرامبەر دوژمن بجەنگن و بەرگری لە خاک و میرنشینەکە بکەن. ئەمە وای لە سەرکردەیەکی گەورەی وەک بەدرخان پاشا بکات، سوود لەم ئەزموونە وەربگرێت بۆ بەھێزی میرنشینەکەی خۆی. ( بەدرخان بەگ چاوی لە میر محەمەد کرد و بریاڕیدا سوود لە سامانی کوردستان ببینێ و کارگەی چەک دروست کردن دامەزرێنێ. وەستا و شارەزایانی ھێنایە جزیرە و بە یارمەتی ئەوان دوو کارگەی دروستکرد: کارگەیەکی بارووت و کارگەیەکی چەک دروستکردن…)(٣)
ئێمەش بۆ ئەم باسە، ئاوڕ لە لایەنێکی ئەو بوارە دەدەینەوە، ئەویش بوونی ئاڵای فەرمییە لەو میرنشینە. بەداخەوە زۆر لە مێژووناسان و ئەوانەی لێکۆڵینەوەیان لە سەر میرنشینی سۆران و پاشای گەورە کردووە، ئەمەیان فرامۆش کردووە، یان زانیارییان لەسەرنەبووە. لە کاتێکدا، ئاڵاش ھیچی کەمتر نەبووە لە لاینەکانی تر و بۆ ئەو سەردەمەو وەک یەکەم کەسیش لە نێو میرنشینە کوردەکان، خاوەن ئاڵای خۆی بێت. ئازادانە و سەربەرزانە ، بەرزی بکاتەوە و میرنشینەکە و سوپایەکەی پێ بناسرێتەوە. بە پشت بەستن بە چەندین بەڵگە و سەرچاوە، لە بوونی ئاڵا و کاتی ھەڵدان و شێواز و تا ڕەنگی ئاڵایەکە، تیشکی دەخەینە سەرو ڕووندەکەینەوە.
دەربارەی ھەبوونی ئاڵای میرنشیی سۆران، (ڕێناس نەورۆزی) لە لێکۆڵینەوەیەکی وردی پڕ زانیاری لەسەر چۆنیەتی سەرھەڵدانی ئاڵای کوردی لە کۆن و تاسەردەمی ئێستا، ئاماژە بە ھەبوونی ئاڵای پاشای گەورە دەکات و دەڵێت:” میرنشینی بۆتان و میرنشینی سۆران، دووان لە میرنشینە بەھێز و ناسراوەکانی مێژووی کوردستانن کە شوێنگەی دیرۆکی و جوگرافیان کەوتۆتە ناو ئینسکلۆپیدیا و ئەتلەسە کۆنەکانی جیھانەوە. میرنشینی سۆران بوو کە پایتەختەکەی ڕواندزبوو، لە سەردەمی پاشای گەورە خاوەن ئاڵایەکی تایبەت بە خۆی بوو، کە لە دوو رەنگی ڕەش و سپی پێکھاتووە، ڕەنگی ڕەش لە بەشی سەرەوەی و ڕەنگی سپی لە خوارەوەی ئاڵاکەی ھەڵکەوتبوو….” (٤)
ئەم ئاڵا ھەڵکردنە، بۆ سەردەمی پاشای گەورە دەگەرێتەوە، پێشتر دیار نەبووە یان ئێمە زانییاریمان لە بەردەست دا نییە. واتە ھەڵکردن و پەیداکردنەکە بۆ سەردەمی زێرینی ئەو میرە دەگەرێتەوە. لە سەرچاوەیەکی عەرەبی کە زیاتر گرنگی بە (ئاڵا و مێژوو)ی کۆن و بەتایبەتی ھۆز و نەتەوە و وڵاتە عەرەبییەکان دەدات، تیشک دەخاتە سەر ئاڵای پاشای گەورە. بەم شێوەیە لە ژێر ئاڵاکەی نووسیووە ( ئەو کاتەی کە ھۆزی سۆران کە ھۆزێکی کوردییە و گەشەی کرد لە سەدەی شازدەھەم لە باشوور، کە ڕواندز پایتەختەکەی بووە لە ھەرێمی کوردستان بە بەردەوامی تا ساڵی (١٨٣٨) کە شکستی ھێنا لە سەر دەستی عوسمانییەکان. یەکەم ئاڵای کوردی بە شێوەیەکی فەرمی بەرزکرایەوە لە نێوان ساڵانی (١٨١٦_١٨٣٥) رەش و سپی بووە، ڕەنگی ڕەش نیشانەی دەسەڵاتییە واتە دەستھەڵاتداری و ڕەنگی سپیش نیشانەی (پاکی و ئاشتییە) ). (٥)
ئەگەر پەنجە بخەینە سەر ئەم دوو ڕەنگە، ئاڵای ڕەش: ( پرسە و خەمباری و مەرگ و نەمریی) و ڕەنگی سپیش: (ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی و ئاگربەست). ڕەنگە ڕەنگەکان لە نێو ھۆز و گەل و نەتەوەکان مانا و شێوازی تر گوزارشتی لێ بکرێت. دەربارەی ھەبونی ئاڵا و ڕەنگی ئەم ئاڵایە، (زرار محەمەد)، ھونەرمەندێکی بە ئەزموون و شارەزایەکی مێژووی ھونەرە لە ڕواندز و مێژووی پاشای گەورە و شاری ڕواندز، بەم شێوەیە ئەم زانیارییەی پشت ڕاستکردەوە.”منیش ئەوەی بیستوومەو ئەوەی خوێندومەتەوە لە سەر مێژووی میرنشینی سۆران، ئاڵای ھەبووە، (ڕەش و سپی*). بەڵام نازانم بۆچی ئەو ڕەنگەی بەکارھێناوە! پاشای گەورە بە بیروباوەڕی ئیسلام و شەریعەت و خۆی زۆر شارەزای ئەو بوارە بووە، ھیچ گومانیش تێدا نییە، ئەگەر ئاڵایەکە ھەبوو بێت، ئەوا لە کاتی شەڕ و کاروباری سەربازی و کۆشک و قەڵاتی خۆی ھەڵکردووە. عەباسییەکانیش ئاڵای ڕەشیان ھەبوو. دەکرێت لە سەر ھۆکاری ڕەنگەکان، لێکۆڵینەوەی وردی بۆ بکرێت. زۆر زانیاریی شاراوەش لە سەر ئەو میرنشینە ھەیە، بۆ مێژوو بخرێنە ڕوو”(٦)
ھەبوونی ئاڵا و بەم جووتە ڕەنگە، پرسیاری زۆر لە خۆ ھەڵدەگرێت. (یوسف نێروەیی) لە لێکۆڵینەوێکی زانستایانە لەسەر مێژووی ئاڵا لە کۆن و ئەوجا کوردستان، تێبینیێکی جوان و سەرنجڕاکێشی خستۆتە بەرچاو. کە بۆچی پاشای گەورە پەنای بۆ ئەم دوو ڕەنگە بردووە ؟! کە سروشتی دەڤەرەکە و ئاڵای کوردی و بگرە حیزبەکانیش، ئەم ڕەنگانەی بەخۆیەوە نەبینیوە. (ئاڵای میرمحەمەدی مەزن بە ڕەنگی ڕەش و سپی بوو. ڕەنگی ئاڵای میرنشینی سۆران بەدەربوو لە ڕەنگی سروشت. لە سەر ئاڵای کوردی کە بەردەوام ڕەنگەکانی (سوور، کەسک ، زەرد) دەبیندرێت. دەتوانیین بڵێین تاکە ئاڵای کوردانە کە یەک لە رەنگی کوردانی لە ناو دا نییە، ئەمەش پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر ھەیە….)(٧)
ھەبوونی ئەم دوو ڕەنگە، باگراوەندێکی ئایینی وەرگرتووە، وەک لە زۆر کار و کردەوەکانی میر، ڕەنگدانەوەی ئایینی ئیسلامی پێوە دیارە و مێژوونووسانیش پەنجەیان بۆ ئەمە درێژ کردووە. بەتایبەتی لە بواری دزی و خراپە و خیانەتکردن و گرنگیدان بە زانا و پیاوانی ئایینی و ڕاوێژپێکردنیان و چەسپاندنی دادی کۆمەڵایەتی وجێبەجێکردنی یاسا … ھتد. ھەر لەژێر فەرمانی (امر بالمعروف و النھی عن المنکر) فەرمانکردن بەچاکەو نەھی کردن لە خراپە، جولایتەوە و کاری پێکردووە. ئەم ئاڵایەش، کە لە شێوەی لاکێشەیی بووە، ڕەنگی ڕەش لەسەرەوەو ڕەنگی سپیش لە خوارەوە، واتە ھەردوو ڕەنگ بە یەکسانی. بەو مانایەی شەڕکردن لە پێناو ھێنانەدێی ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی. یاخود بوونی ڕەش و سپی وەک: ( چاکە و خراپە) و (تاریکی و ڕووناکی) لەوانەیە بۆ گەیشتن بەڕاستیێکی دروست وباوەڕێکی تەواو، ڕاو بۆچوونی تری لە خۆ بگرێت. لە سەردەمی پێغەمبەیش، سوود لەم دوو ڕەنگە بینراوە، ئەو ئاڵایەی ئیمامی عەلی ھەڵیگرتووە بە زۆری ڕەش بووە. بە گەڕانەوە بۆ مێژووی ئاڵا بۆ سەردەمی پێغەمبەر، وەک پیرۆز و ڕێزگرتن و شانازیکردن پێی، ئەم دوو ڕەنگەی بۆ ئاڵای خۆی بەکار ھێنا بێت.
“لە سەردەمی پێغەمبەر، ھەردوو ئاڵای ڕەش و سپی بەکار ھاتوون، کاتێک لە مەکە بووە ئاڵایەک و لە مەدینەش ئاڵایەکی تر بووە. وا پێدەچێت سوودی لەم دوو ڕەنگە وەرگرتبێت بۆ ئاڵاکەی. شەرکردن لە پێناو ئاشتیی و ئارامیدا. میرمحەمەد، شارەزایەکی باشی ئایین بووە، ڕەنگدانەوەی ئایینی بە سەر کار و کردەوەکانی دیارە؛ رەنگە تۆپەکەی وەستا ڕەجەب ، بەڵگەیەکی زیندوو بێت، ئایەتی (نێر من اللە فتح من القریب) لە سەرلولە تۆپەکە ھەڵکەندراوە. بێجگە لەوەی لە کاتی شەڕو ھێرشکردندا، ئاڵایان ھەڵداوە. ڕۆژانە پاسەوانەکانی ناو بازاڕ و ئەوانەی باج و سەرانەیان دەستاند، ئەم ئاڵایەیان لە باسکی ڕاستیان دەبەست بۆ ناسینەوەیان.”(٨)

ھەبوونی ئاڵا، بە فەرمی لەم میرنشینە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەخات، کە ئەو میرنشینە ھەموو ئامادەکاری ئەوەی کردووە، بەتەواوەتی بۆ دەوڵەتێکی نەتەوەیی ھەنگاوی گەورە بھاوێژێت، بۆیە گرنگی بەسەرجەم بوارەکانی داوەو ئەسپی خۆی تاوداوە. لەوانەیە لە شێوازی حوکمڕانی و فراوانکردنی دەسەڵات وپەلاماردانی میرنشینەکانی تر، جێگای ڕەخنە بێت. وەک سەرجەم دەسەڵاتدارانی تر خاڵی لاواز و بەھێزی ھەبووبێت، بۆ گرتنە دەستی دەسەڵات و پارێزگاری کردن لە مانەوە و دەسەڵاتی خۆیان، پەنایان بۆ کاری خراپ و توندو تیژی برد بێت. ئەمەش مێژووە بە ھەردوو دیوەوە دەکرێت ھەڵسەنگاندن بۆ سەرجەم کارەکان بکرێت و بخرێنە ڕوو. کەچی ئەو میرە، ھەر زوو خۆی سەلماندووە، کە ماف دەسەندرێ و ئازادی و سەربەخۆییش ، قوربانی دەوێت، لەم پێناوەش سەربەرزانە ژیاوە و ئاڵایەکەی لەبەرامبەر ناحەزانی کورد شەکاوەتەوە.
(ھەبوونی ھێمایەک بۆ بوونی ئاڵای فەرمی تایبەت بە میرنشینەکەی سۆران، ئەویش بە بەڵگەی ئەوەی کە جەنگاوەرەکانی سوپای میری گەورە، جۆرێک لە کڵاو و مێزەریان ھەبووە، چمکێکی بەڵای ڕاستی جەنگاوەرەکەدا شۆردەبۆوە، نیوەی سەرەوەی کڵاوەکە ڕەنگی ڕەش و نیوەی خوارەوەشی سپی بوو. دیارە ئەمەش ئاماژەیە : کە میرنشینی سۆران لە سەردەستی میر محەمەد دا ئاڵای تایبەت بە خۆی ھەبووە، ئەویش بە ڕەنگی ڕەش بۆ نیوەی بەشی سەرەوە و ڕەنگی سپیش بۆ نیوەی بەشی خوارەوەی ئاڵاکە و ئەم ئاڵایەش لە ڕۆژی جاڕدانی سەربەخۆیی، واتە ساڵی (١٨٣٠ز) بەرزکراوەتەوە). (٩)
لە ئەنجامی ئەم لێکۆڵینەوەیە، ئەوەمان بۆ روون بۆیەوە، کە میرنشینی سۆران خاوەن ئاڵای خۆی بووە، بۆ یەکەم جاریش لە سەردەمی حوکمڕانی پاشای گەورە و لە جاڕدانی سەربەخۆیی بەرزکردۆتەوە، ڕەنگی ڕەش و سپی بووە. لە سەر باڵەخانە و قەڵات و جل وبەرگ و لەکاتی ستاندنی باج و سەرانە لە لایەن کاربەدەستانی میری بەکارھاتووە. ئەمەش نیشانەی دونیابینی و ئاگایی و زیرەکی وشارەزایی پاشای گەورەمان بۆ دەردەکەوێت لە بەڕێوەبردنی دەسەڵات. بوونی ئاڵاش وەک ناسنامەی نەتەوەیی وبوونی دەوڵەتی نیشان داوە و بە پیرۆز و گەورەی سەیرکردووە.

سەرچاوەکان:
١. حوسێن حوزنی موکریانی، (مێژووی میرانی سۆران )، چاپخانەی کوردستان، چاپی دووەم ، ١٩٦٢.
٢. د. جەمال نەبەز، ( الامیر الکردی _ میر محمد الرواندوزی)، وەرگێڕانی لە ئەڵمانیەوە: فەخری سیلاحشور.
٣. د. جەلیلی جەلیل، (کوردەکانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی)، وەرگێڕانی لە رووسیەوە ، د. کاوس قەفتان، بەغداد، ١٩٨٧، ل٢١٥.
٤. ڕێناس نەورۆزی، ئاڵای کوردستان چۆن دروستبوو؟ ، کورد پیدیا، ٢/٢/ ٢٠١٢.
٥. علم امارە سوران، اعلام و تاریخ ،flags and history، ٨/١١/٢٠١٨
* وڵاتانی عەرەبی وەکو ( ئوردەن، سوریا، عێراق، ئیمارات، کوێت، فەلەستین، یەمەن، میسر، سودان… ھتد.) ھەردوو ڕەنگی (سپی و ڕەش) لە نێو ئاڵاکەیان ڕەنگیان داوەتەوە.
٦. زرار محەمەد مستەفا، مامۆستا و ھونەرمەند، ١٩٣٧ ، ڕواندز ، ٢/٢/٢٠١٢ ڕواندز.
٧. یوسف سەبری نێروەیی، (ئاڵایێ کوردستانێ _ ڤەکولینەکا دیرۆکی لسەر ئالا د مێژوویا کوردستانێ دا)، چاپخانا رەوشەنبیری، ھەڤلێر،٢٠١٢، ل٥٨.
٨. جەواد ساڵح نەورۆز، ١٩٥٧، ڕواندز ، ٤/٦/ ٢٠١٨ ڕانیە.
٩. جەواد ساڵح نەورۆز، ( وەستا ڕەجەب… چەکسازی بلیمەت)، چاپخانەی ھیڤی، چاپی یەکەم، ٢٠١٨، ل٢٤٦_٢٤٧.

تێبینی: لە ھەفتەنامەی(زاری کرمانجی) ، ژمارە(٦٢١) لە ڕۆژی ١٦/١٢/٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

هەروەها ببینە

پەنابردنەبەر ”دادگەی فرەژنیی” خۆی شکستی خەباتی ژنانە!

دارا خونچە داننان وە شکست هیچ کەسەک ئاسوودە ناکا، لێ ئاسۆی هەر کەسەک رۆشنتر دەکاتەوە …