سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئێسپرێسۆ / ئیشی هونەر، لەناوبردنی ڕوانگەی باوە

ئیشی هونەر، لەناوبردنی ڕوانگەی باوە

ئەرسەلان مەحمود :  ئیشی هونەر (( هونەری نوێ‌/ هونەر بەگشتی )) جوینەوەی ئاوەزی بەسەر چوو نییە، خۆ دوبارەكردنەوەی دوێنێش نییە لەبەرگی ئەمڕۆدا، ئەمەیش نییە كەلەزۆرینەی تیڤییە لۆكاڵ و فەزاییەكانی ئەم هەرێمەدا بێپەروا تەخش و پەخش دەكرێ‌، ئیشی هونەر لای ئێمە دەبێ‌ بەر لەهەر شتێك تێكشكاندنی فەرهەنگ و دەسەڵاتی زەینی باو بێ‌ لەئێستادا.

ئەو دۆخە مێژوینە تراژیدییەی ژیانی كۆمەڵایەتی ئێمەی بەخود نامۆیی بارگاوی كردوە، ئەگەر تا ئێرە كاریگەرییە بۆماوەییەكانی قەلاچۆپێكردن و ماڵوێرانكردن هۆكارگەلی هەرە لەپێشی وەها دەرئەنجامێك بوبن، لێرەوە راستەوخۆ پەیوەندی بەوەوە هەیە دوای هەژدە ساڵ لەحوكمرانێتی خۆجێی، هێشتان مرۆڤی كورد بەچاوی ئەوانی دی، تایبەتیش ئەوانی داگیركار، مەیلی خۆ بینی و دنیابینی كێشی دەكات!.. ئەمە بۆچی لەخەم نەرەخساوە؟، بێگومان وڵامی وەها پرسیارێك لای حكومەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان و، ئەو میدیا بینراوە حزبی و بەناو ناحزبیانەیە لەكرانەوەی كۆمەڵایەتی، لەدەركەوتنی مەیلی خۆ بەخاوەندارێتیكردنی تاك دەترسن!، وەها وڵامێك لای ئەوانەیە هێشتا هۆڵەكانی شانۆ وەك دیواخانی خان ئاغاو، میلۆدی وەك بالۆرەی شەیتان و، هەر هونەرێك جگە لەپیاهەڵدان و بەرهەمی تەشریفاتی حەرام دەبینن!، لای ئەوانەیە بەر هەر هۆیەك بووە تا ئێستا زاتی جوڵاندن و هەڵدانەوەی لاپەڕە مێژوییەكانی ژیانكردنی كوردەوارییان نەكردوەو، لەچاوی بەرهەمە ئیرانی و توركییەكانیشەوە مێگەلژیاو، بینایمان لەگەڵ بەهەدەردانی ملیۆنەها دۆلار لەسامانی نەتەوەیی دەبەنەوە بەردەم رابردو، ئەو رابردووەی تەژیكراوە لەسوكایەتیكردن بەفەرهەنگ و كولتوری مرۆڤی كورد، هەر بۆیەیشە فەرهەنگ و كولتوری ئێمە جگە لەبینایی شتێكی تری نەماوە لەدەستی بدات.. هەڵبەتە ئەوە بەو مانایە نا مرۆ بۆی نەبێ‌ چێژ لەدنیابینی ئەوانی دی وەربگرێ‌، لێ‌ نابێ‌ ئەو گۆشە نیگایە بدۆرێنی كەشوناسی خۆتی پێدەناسرێتەوەو شیاوی ئەوەیە دەسكاری چارەنوس و دنیابینی سبەینێیشت بكات، بۆیە ئیشی هونەر، هونەری نوێ‌ ئەوەیە ئەم پاشخانە سیاسی، ئابوری و كولتورییە، لەبازاڕی ئەم بەرخۆرییەی كە تادێ‌ ژیانی جڤاكی ئێمە قۆرختر دەكات لەخەم برەخسَنێ‌ و رزگاری بكات.

زۆر راستە هونەر، وەك زۆر لەبوارەكانی تری ژیانكردن لای ئێمە، هێشتا خاوەن ئەو نەفەس و ئازادییە راستینەیە نییە، تا چ لەباری دامەزراوەیی و چ لەبواری بەرهەمهێناندا بتوانێ‌ شتێكی گەورەتر لەو بونە سیخناخكراوەی خۆی بخوڵقێنێ‌، ئەوەی كە هەیە هەر ئەوەیە كە هەژموونی باوگیرو سیاسیكاری كوێرانە خستویەتە ناواخنی خۆی، چۆنیشی بوێ‌ ئاوای پێدەرداوێ‌، ئاخر خۆ ئەمانە ‌بەهای هونەرو كرانەوەی كولتوورییان بەلاوە گرنگ نییە، ئەی ئەوە نییە زۆرینەی شارو شارۆچكەكانی ئەم هەرێمە خاڵیكراون لەرێبەرو نوخبەی هونەری و، توانستەكانیان خراونەتە خزمەت بەرهەمهێنانی سنوردارو كاری تەشریفاتی! ئەی ئەوە نییە بێئەوەی نەخشێكیان هەبێ‌ مانگانەو ساڵانە ملیۆنەها دینارو دۆلار بۆ بەخزبیكردنی هونەر دەدرێتە بەناو تیپ و گروپگەلێكی ئاراستەكراوی بەو ناوە ناودێر كراو، ئەی ئەوە نییە نەبوترین دامەزراوەی هونەری رێكخراوی هونەرمەندانە، ئەمەیش بەهەموو مەنتق و نامەنتقێكیەوە بێگومان بەرپێگرتنەو دەچێتە خانەی دەقپێگرتنی جوگرافیای هونەرییەوە، بۆیە ئا لێرەوەیە ئیشی هونەر، هونەری نوێ‌، دەبێ‌ لەو نۆرم و فۆڕمە باوە لابداو شتەكان وەك ئەوەی چاوەڕوان دەكرێ تۆمار نەكات، بەڵكو لاسارانە بچێ گۆڕە بەكۆمەڵەكان هەڵبداتەوەو، نۆتە لەپەنجەی شەهیدەكانمان بچنێ‌!، ئاخر خۆ هونەری نوێ‌ ئەوەیە مرۆ بەرەو مەودا دورەكان، روناكی بەرەو ژورە تاریكەكان، جۆرە ریتمێك بەرەو رەسەنایەتی لەجوانناسی، لەخۆشەویستی، لەدنیابینی دوێنێ‌ و ئەمرۆو داهاتووی نیشتیمانێك بەرێ‌، تاك تاكەی خەڵكەكەی بشواتەوە لەتێگەیشتنی سونەتی، پێم وایە تا ئەودەمەش كەسمان وەك ئەوەی كە بووین و هەین لەوە تێنەگەین چگەمەیەكی ترساناك بەسایكۆلۆژیای مرۆڤی كوردەوە كراوەو دەكرێ‌، بەڵێ‌ رەنگە تا ئەو كاتە لەوە حاڵی نەبین تا چئاستێك حورمەتی ئینسانی كورد خراوەتە بەردەم چقەدەرێك و چەن و چۆن نزمكراوەتەوە، بۆیە ئیشی هونەری نوێ‌ ئەوەیە پێش بەو مەسخبونە جڤاكییە بگرێ‌ و مەدلولێكی فراوانترمان بداتێ‌، ئاخر هونەری نوێ‌ رەنگاڵەیی ئەو رەگەزە تۆخانەیە كە واتایەكی دەستەمۆنەكراوی لەهەناودا هەڵگرتوەو، لەژێر دارو پەردوی وەها بازاڕێكی هەرزانفرۆشدا گۆشەگیر ناكرێ‌.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

وەڵامێک بنووسە