نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / ئێمه‌ که‌ وورده‌ ته‌کنیکی‌ درامایه‌کی – تیڤی – شك نه‌به‌ین ، ئیتر باسی کام ته‌کنه‌لۆژیای باڵای سینه‌ما ؟!

ئێمه‌ که‌ وورده‌ ته‌کنیکی‌ درامایه‌کی – تیڤی – شك نه‌به‌ین ، ئیتر باسی کام ته‌کنه‌لۆژیای باڵای سینه‌ما ؟!

پێشکه‌ش به هاوڕێ و مایه‌ی سه‌ربه‌رزیمان‌ شه‌هرام عه‌لیدی ده‌رهێنه‌ری به‌ توانا و ستافی – سرته‌ له‌گه‌ڵ  با –  ، دووه‌م شا نۆبه‌ره‌ کورته‌ فیلمی کوردیی که‌ هه‌ر دوێنێ سه‌رکه‌وتووانه‌ له‌ کێبڕکێی خولی چل و هه‌شته‌مینی فیستیڤاڵی – کان – دا سێ خه‌ڵاتی شایان به‌ کاری ئه‌کادیمیانه‌ی خۆیان به‌ ده‌ست هێناکه‌ناڵی تیڤیه‌كی ئه‌کادیمیی پێشکه‌وتوو خواز له‌ توانایدا هه‌یه‌ له‌ ماوه‌ی دوو – سێ ساڵدا نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا بگه‌یه‌نێته‌ ئاستێکی فیکریی به‌رز ، که‌ناڵیش هه‌یه‌ وه‌ك هه‌ندێك له‌وانه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌توانێت به‌ بابه‌تی دووباره‌ی  کاڵ و کرچ و ترادیسیۆنیانه‌ ئاستی فیکریی نیوه‌ی کۆمه‌ڵگا بگێڕێته‌وه‌ بۆ چاره‌که‌ چه‌رخێك له‌مه‌وبه‌ر ، لێره‌دا باسمان له‌و هه‌قیقه‌ته ڕه‌هایه‌ی ڕۆڵ و ڕه‌نگدانه‌وه‌ی چاك و خراپی جیهانی میدیۆلۆژیا‌ی لۆکاڵیی نیه‌ به‌ڵکوو که‌مێك به‌رفراوان ترو به‌ پێی ده‌رفه‌ت له‌و سه‌فیره‌ گه‌ڕۆکه‌ی جیهان ئه‌دوێین که‌ پێی ده‌ڵێن سینه‌ما ، ئیمڕۆ چ هۆڵی فیستیڤاڵه‌کانی جیهان و چ پسپۆڕانی ئه‌کادیمیای هۆڵیوود له‌ بری ده‌یان ناوی زلی فیلمی ده‌وڵه‌تانی ناسراو و دێی وێرانی ئاکته‌رانی ڕه‌شۆك و دایه‌لۆگ درێژ گرنگیی به‌ یه‌ك ده‌قی بچکۆله‌ی کۆکتێل به‌ ئاکشن و ڕۆمانسیه‌تی سه‌رلێو له ته‌کنه‌لۆژیا و‌ ته‌قه‌نیاتی‌ کوێره‌ دێیه‌ك ئه‌ده‌ن که‌ سیمای هونه‌ره‌ جدییه‌کانی به‌ر کامێرا و پێناسه‌ی زانستیانه‌ی به‌ فیلم بوونی تیا به‌رجه‌سته کرابێت ،

 

(  پێشه‌کی حه‌ز ده‌که‌م لێپرسراوانی ده‌زگای  هونه‌ری کوردی حکومه‌تی هه‌رێمه‌که‌مان که‌ تاکوو ئێستا له‌ به‌ر زۆریی و بۆریی بڕیار ده‌ران و پاره‌ به‌ ده‌ستان نازانین داخۆ لێپرسراوی یه‌که‌م کێیه‌ !! ئه‌م کورته‌ په‌ندوعیبره‌ته‌ی خواره‌وه‌ بخوێننه‌وه )‌

ئستۆدیۆی – ئه‌هرام – ی میسر بۆ کاروباری سینه‌ما که

‌ له‌ دووه‌م ساڵی حوکمی مه‌لیك فوئاددا به‌ فه‌رمی که‌وته‌ کارو دواتر هه‌ر به‌ زه‌ختی لێشاوه‌ دۆلاری ئه‌میران و په‌تڕۆلیزمانی که‌نداویش به‌ هۆڵیوودی عاره‌ب ناسرا ‌ دوای ساڵانێكی زۆر نمایشی زلی سه‌ر شاشه‌ی ئاڵتوونین و خه‌رجێکی زۆرو بوودجه‌یه‌کی خه‌یاڵیی فه‌راهه‌م کراو له‌ لایه‌ن ملیۆنێرانی ناو براوه‌وه که‌ تاکوو ئه‌مڕۆش هه‌رگیز نه‌یان توانیوه‌ پێ بخه‌نه‌ یه‌ك هۆڵی خه‌ڵاتی ئۆسکاره‌وه ئه‌وه‌ بوو‌‌ دوواجار جڵه‌وی سه‌راپای کاره‌ ئیداریی و هونه‌ریی و ته‌کنیکیه‌کانی ئستۆدیۆکه‌ له‌ جاران زه‌نگین تر و پڕ چالاکی تر که‌وته‌ ده‌ست نوخبه‌یه‌ك سیناریست و ئاکته‌ر و ده‌رهێنه‌ری هه‌ره‌ ناسراوی نه‌وه‌ی‌ نوێی عه‌سری کۆمارییه‌وه‌ که‌ لێره‌دا سه‌رپێیانه‌‌ ناوی بڕێکیان ڕیز ئه‌که‌ین له‌وانه‌ به‌رچاو ترینیان حه‌سه‌ن ئیمام و سه‌میر سه‌یف و یوسف وه‌هبی و حسێن ی مێردی سه‌حه‌ر ڕامی کوڕی ئیمام و سه‌ڵاح چاهێن و سیمۆن ئه‌سمه‌ری لوبنانی و ڕه‌ئفه‌ت میهی و عوسمان شوکری و ماجید موافی و هتد .. که‌  به‌ شا عیملاقه‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی ئه‌و – گووایا –  هۆڵیووده‌ی عاره‌ب ناسرابوون ، ئه‌مانه‌ خۆیان و هاو به‌سته‌کانی تری پێکهاته‌ی دونیای فیلمسازیی ئه‌هرام تا‌ ئاکته‌رانی ئه‌ندامی باڵای ئیداریی کۆنی وه‌ك فاتن حه‌مامه‌ ، ئامینه‌ ڕزق ، عومه‌ر شه‌ریف ، نادیه‌ لوتفی ، نابلسی ، فواد موهه‌ندیس ، لبلبه‌ ، هند ڕۆسته‌م ، ملێجی ، ئه‌بازه‌ ، ئینجا بۆ ئه‌ندامێتیی نوێی وه‌ك مه‌حمود مرسی ، عزت عه‌لایلی ، مه‌عالی زایید و هتد.. ، پشت به‌ست به‌ قه‌ڵه‌مه‌ ناسراوه‌کانی وه‌ك مه‌حفووز و‌ فه‌همی عه‌بدوسه‌لام و جه‌مال غیتانی و عه‌کاشه‌‌‌ و هه‌ندێك سیناریستی ناسراوی تر‌ ، هه‌موو ئه‌مانه‌ و دوای خۆیان که‌ لێره‌دا ناو ڕیز کردنیان ته‌وه‌ری باس نییه‌ پاش زیاتر له‌ شه‌ست ساڵ به‌و هه‌موو سامانه‌ له‌ بن نه‌هاتوه‌وه‌‌ هه‌ر له‌ چله‌کانی سه‌ده‌ی ڕابووردوه‌وه تا ڕۆژی ئه‌مڕۆش تاقم تاقم له‌سه‌ر بوودجه‌ی ئه‌هرام‌  قوتابیانی کوڕ و کچه‌ لێپرسراوی بێ که‌فائه‌ت ئه‌نێرنه‌‌ ووڵاتانی ئه‌وروپای خۆرهه‌ڵات و سۆڤیه‌تی کۆن و ڕووسیای ئه‌مڕۆ تاکوو له‌وێ زانستی ته‌کنه‌لۆژیای ناو ئستۆدیۆ به‌ گشتیی و ته‌قه‌نیاتی کامێرا و مۆنتاژ و هتد .. به نۆرم و‌‌ تێزه‌ ئه‌کادیمیه‌که‌ی بخوێنن ، که‌چی سه‌ر ئه‌نجام پاش ئه‌و هه‌موو به‌ خۆ نازین و ته‌خشان کردنه‌ی دۆلار‌ی که‌نداو ئێستاشی له‌ پاڵدا بێت له‌ ماوه‌ی ئه‌م – شه‌ست و هه‌شت – ساڵه‌دا به‌ کۆی هه‌موویان نه‌یان توانی ئه‌و فیلمه‌ خه‌ون ئاسا پڕ ئاکشن و ته‌کنه‌لۆژیا و ته‌قه‌نیاته‌ی –  جیمس بۆند – ی عاره‌بی بهێننه‌ به‌رهه‌م که‌ ده‌بوو پێشتر شویکار یا سوعاد حوسنی و دواتر میرفه‌ت ئه‌مین و ئینجا شیریهان ڕۆڵی ژنه‌ ئاکته‌ری هاریکاری بۆنده‌ عاره‌به‌که‌ ی تیا نمایش بکه‌ن ، ( کاتی خۆی ئه‌نیس مه‌نسوور له‌ نووسینێکی هاو بابه‌تدا نووسیویه‌تی :- ئه‌هرام له‌ بری ناردنی ئه‌و سه‌دان کوڕ وکچ و‌ خزمه‌ لێپرسراو و ناسیاوی گه‌وره‌ ئه‌فسه‌ر و ئه‌ندام خێزانه‌ ئۆستۆکراتیانه‌‌‌ بۆ ئه‌کادیمیای سینه‌مای ووڵاتانی هه‌ژار و سۆشیالیستی ناو براو که‌ له‌م ساڵانه‌ی دواییدا زیاتر له‌ هه‌شتا‌‌ قووتابیان به‌ دیپلۆمی ساخته‌وه‌ دوای چه‌ندان ساڵ پاره‌ خواردن‌ و گاڵه‌ کردن به‌ جیهانی هونه‌ر له‌ کارده‌ر کران ، ئه‌گه‌ر بهاتایه‌و دوور له‌ فه‌رز و زه‌وقی سیاسیانه هه‌ر ئه‌و کاته‌‌ ته‌نها په‌نجا قوتابی و مامۆستای هونه‌ری باڵای سینه‌مایان به‌ بێ جیاوازی ئینتیمای حیزبی و چینایه‌تی  بناردایه‌ بۆ کۆلیژه‌ هونه‌ریه ناسراوه‌‌کانی ئامریکاو به‌س که‌ باوکی هونه‌ره‌کانی سینه‌مای جیهانن ئه‌وا حاڵی سینه‌مای میسر به‌م ڕۆژه کاوول و‌ فه‌رامۆش کراوه‌ نه‌ئه‌گه‌ییشت تاکوو دوای به‌رهه‌م هێنانی نزیکی پێنج سه‌د و شه‌ست‌ فیلم و خه‌رج کردنی نزیکی دوو ملیار و نیو دۆلار که‌چی نه‌بینه‌ خاوه‌نی دوو ئۆسکار و نیو !! ) ، ‌ له‌م باسه‌ کورته‌ی سه‌ره‌وه‌دا مه‌به‌ستمان له‌و فیکره‌ پڕ که‌لله‌ ڕه‌قی‌ و به‌ خۆدا نازینه‌‌ی لێپرسراوان و پاره‌دارانی عاره‌به‌ که‌ ئه‌گه‌رچی زۆرێك له‌ ئاکته‌ران و ده‌رهێنه‌رانی ئامریکا ئاماده‌ی ئه‌وه‌ بوون به‌ چه‌ند هه‌زار دۆلارێك له‌ ڕووی ته‌کنه‌لۆژیا و ته‌قه‌نیاته‌وه‌‌ هاریکاریی ده‌رهێنه‌ره‌ میسرییه‌کان بکه‌ن و نه‌هێڵن‌ سیمای فیلمێکی‌ ئاوا ناسراوی وه‌ك بۆند‌ ناشرین بکرێت به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا جگه‌ له‌ که‌سانێکی شاره‌زای وه‌ك عومه‌ر شه‌ریف و محه‌مه‌د سوبحی و عادل ئیمام و فاروق فیشاوی و حسێن فه‌همی و سابرین و هاله‌ سدقی و بڕێکی تر له‌وانه‌ی سه‌ره‌ واوێك له‌ تا‌یبه‌تمه‌ندیه‌کانی هونه‌ری فیلمسازیی تێ گه‌یشتبوون و ئه‌کادیمیانه‌ش له‌ فه‌ره‌نسا و ئامریکا خوێندبوویان به‌رده‌وام هاواریان ده‌کرد ئه‌مه کارێکی ته‌کنیك ئاسانی درامای  تیڤی نیه‌ ، ئه‌مه‌ جیمس بۆند ی سینه‌مایه‌ و ئه‌گه‌ر شاره‌زا نین ڕێگا بده‌ن با ئامریکیه‌‌ شاره‌زاکانی ته‌کنه‌لۆژیای ناو ئستۆدیۆ و پشت کامێراکان ده‌ستمان بگرن ئیتر که‌سێك گوێی بۆ نه‌گرتن و مه‌سه‌له‌ی ئه‌م هونه‌ره هه‌ستیار و‌ باڵایه‌ی سینه‌مای ئه‌هرام به‌ ئاشکرا‌ چووبووه‌ قاڵبێکی سیاسیی ئاینیی درووشم داری دژ به‌ ئامریکا‌‌وه‌ و زۆر هه‌وڵ درا‌ عاره‌ب له‌و هه‌قیقه‌ته‌ تێ بگه‌یه‌نن که‌ چ ئه‌کادیمیا مه‌ده‌نیه‌ هونه‌ریه‌کان و زۆرینه‌ی ئاکته‌ر و ده‌رهێنه‌ری پێشتر په‌ناهنده‌ی ناو خوودی هۆڵیوودیش دژی عاره‌ب و دۆزی فه‌ڵه‌ستین و مرۆڤایه‌تی نین به‌ڵام ئه‌م ڕێنماییه‌ هونه‌ریانه‌‌ له‌گه‌ڵ پان عاره‌بییه‌ شۆفێنیه‌کاندا وه‌ك ئاسنی سارد کوتان وابوو ته‌نانه‌ت گوێیان له‌ گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رێکی بیر چه‌پ و ئاکته‌ری کۆنی وه‌ك که‌مال شناوییش نه‌ئه‌گرت که‌ هه‌میشه‌ ده‌یگووت‌ زانست و ته‌کنه‌لۆژیا تێکه‌ڵ به‌ سیاسه‌ت و ئایین مه‌که‌ن و قووتابیه‌کانمان بنێرنه‌ ئامریکای پایته‌ختی هونه‌ر و زانستی جیهان ، ئه‌و ده‌مه‌ زۆرێك له‌و کۆلکه‌ نووسه‌ره‌ موته‌عه‌سیبانه‌ی‌ که‌ بۆ یه‌ك ڕۆژ چیه‌ ئه‌رك و زانستی ناو ئستۆدیۆیه‌کیان نه‌بینیبوو وه‌ شاره‌زاشی نه‌بوون به‌ ده‌م هاژو هووژی مژی نێرگه‌له‌وه‌ ئه‌یان نووسی:- ئێمه وه‌ك عاره‌ب‌ چیمان له‌ هونه‌رو زانستی ناو سه‌نته‌ری ناسا و ئستۆدیۆکانی ئیمپریالیزمی ئامریکا که‌متره‌ ؟! ،  ژه‌نه‌ڕاڵه‌ قرخنه‌ خانه‌ نشین کراوه‌کانیش به‌ هه‌مان نه‌زم بۆیان ئه‌سه‌ندنه‌وه و له‌ کاتێکدا که‌ بیرۆکه‌ی بۆند ئینگلیزییه‌ نه‌ك ئامریکی که‌چی ئه‌یان ووت‌ :- ئه‌گه‌ر ئامریکا یه‌ك جیمس بۆندی گوولله‌ نه‌بڕیان هه‌یه‌ ئه‌وا ئێمه‌ ده‌یان سه‌عد زه‌غلوول و محه‌مه‌د عه‌لی پاشا و عومه‌ر موختار و یاسرعه‌ره‌فات و بن بیللا و فڵان و فیسار قاره‌مانی – ئار ، بی ، جی سێڤن‌ نه‌بڕمان هه‌یه‌ !! ، له‌مانیش ئه‌نتیکه‌ تر خیتابی هه‌ندێك پاڕله‌مانتاری تووڕه‌ی سۆدان و یه‌مه‌ن و سۆماڵیا بوو ، ئه‌مانیش بێ ئه‌وه‌ی جیاوازی نێوان کاری سینه‌ماو قیرتاو کردنی لا کۆڵانێك لێك بکه‌نه‌وه‌ به‌ کۆی ده‌نگ بڕیاریان دابوو مسقاڵه‌ زه‌ڕڕه‌یه‌ك چیه‌ هاریکاریی ته‌کنه‌لۆژی و ته‌قه‌نی له‌ ده‌رهێنه‌ری کافری ئامریکا قبووڵ ناکه‌ن و پێویسته‌ هه‌ر به‌ دینار و فیکری خۆماڵیی عاره‌بیی له‌ ناو ئستۆدیۆکه‌ی ئه‌هرامدا ئه‌و – جیمس بۆنده‌ – بخووڵقێنین که‌  فه‌رید شه‌وقی و ئه‌حمه‌د ڕه‌مزی یا نوور شه‌ریف به‌ ڕۆژی نیوه‌ڕۆ و به‌ به‌ر چاوی مۆساده‌وه‌ نیوه‌ی ته‌ل ئه‌بیب کاوول بکات و ئه‌مه‌ش ناو بنرێت سه‌رکه‌وتنێکی مه‌زن به‌ سه‌ر سیاسه‌تی ئیمپریالیزمدا!! ، له‌ هه‌موو ناو براوانیش سه‌یر و سه‌مه‌ره‌ تر کورده لێپرسراوه‌کانی‌ هونه‌ر‌ی چه‌واشه‌ کراوی ئه‌مڕۆی هه‌رێمه‌که‌ی خۆمانه ، ئه‌و لێپرسراوه‌ نه‌شاره‌زا و پاره حه‌په‌‌ لووش ده‌رانه‌ی له‌ لایه‌ك شاری هۆڵیوودی کوردییمان بۆ ئه‌خوڵقێنن و که‌چی بۆ ساکار ترین سیناریۆ و وێنه‌ گرتنی گۆرانی بێژێکی ئه‌دا سه‌قه‌تی خۆمان به‌ تووره‌که‌یه‌ك دۆلاره‌وه‌ په‌نا ئه‌به‌نه‌ به‌ر کامێرای ئستۆدیۆیه‌کی داڕووخاوی هۆڵیووده‌ سه‌رابه‌که‌ی قاهیره‌ ، ئه‌م باسه‌ی سه‌ره‌وه‌م وه‌بیر هێنانه‌وه‌یه‌کی کورته‌‌ بۆ وه‌زاره‌ت و لێپرسراوانی هونه‌ر و فیلمسازانی کورد و ئه‌ڵێم ئه‌گه‌رچی له‌ ئاستی ته‌قه‌نیاتی سینه‌مادا به‌ نیوه‌ی میسریش شاره‌زا نین به‌ڵام با ئێمه‌ش فیلمسازه‌کانمان ڕه‌وانه‌ی خوێندنی باڵای ئامریکا بکه‌ین و هاوکات کار و خوێندنه‌کانمان ئه‌کادیمیانه‌ بن و ئه‌وه‌ی میسری هۆڵیوودی عاره‌ب له ماوه‌ی شه‌ست و هه‌شت ساڵدا له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆی نه‌کرا ئێمه‌ش به‌ مه‌زاجی شه‌خسیی و حیزبیی و به‌م هه‌ده‌ردانه‌ی سامانی گه‌ل دووباره‌یان نه‌که‌ینه‌وه ،‌‌

       ——————————-           ‌  ‌

هه‌ر له‌ ساڵانی دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه‌‌ بازاڕه‌کانی هه‌رێمی کوردوستان به‌ گشتی و گۆشه‌‌ دوکانی کاسپکارانی ناو ‌

  مه‌زادخانه‌کان به‌ تایبه‌ت به‌ ڕێکلام ی – ( تازه‌ ترین فیلمی کوردیمان لا ده‌ست ئه‌که‌وێت !! ) جمه‌یان دێت ، ئێمه‌ تا ئێستا هێنده‌ی یه‌ك له‌ سه‌ر چواری ته‌مه‌نی هۆڵیوود و بۆڵیوود‌ی هیندستان‌ فیلممان به‌رهه‌م هێناوه‌ ،‌ تاکوو ئه‌م سه‌عاته‌ی که‌ ڕێپۆرتاژی حازریی تیا ئه‌نووسین زیاتر له – دوو سه‌د و حه‌فتاو پێنج !! – فیلم و کورته‌ فیلمی کوردیمان خستۆته‌ بازاڕه‌وه‌ !! ،  جا ئیتر گرنگ نیه‌ داخۆ ئه‌و به‌رهه‌مانه‌ چه‌ندیان بێ بنه‌مای فیکریی و فلته‌ری ڕه‌وشتی هونه‌ر و بێ ڕه‌چاو کردنی ته‌کنیك و دوور له‌ بچووك ترین به‌ها و پێناسه‌ی فیلم به‌ هورووژم ڕژاونه‌ته‌ کووچه‌ و گووزه‌ر‌ و گه‌ڕه‌که‌کانه‌وه‌ و تا چه‌ندیش به‌ ئاشکرا فه‌سادێکی په‌روه‌رده‌یی سه‌راپا گیر ڕووی کردۆته‌ ناو ماڵ و منداڵه‌کانمان‌ ، له‌و کاره‌ بازاڕیانه‌ش که‌ زۆرینه‌یان گوایا فیلمی کۆمیدین !! سه‌رباری ئه‌وه‌ی فوولن له‌ دایه‌لۆگی زۆر بێ سه‌ره‌و به‌ره‌ی له‌ هه‌موو ووته‌یه‌کی کۆمیدی موجه‌ڕه‌د و دوورن له‌ قسه‌ و جووڵه‌ی جدیی هادیف و چاره‌سه‌ر ساز  دیسان گرنگ نیه‌ داخۆ چۆن زۆرێك له‌و دایه‌لۆگه‌ واتا نزمانه‌‌ بووشن به‌ وێردی ڕۆژانه‌ی سه‌ر زمانی له‌سه‌دا – نه‌وه‌د و پێنجی – مێرد مناڵی کۆمه‌ڵگاکه‌مان به‌ هه‌ردوو ڕه‌گه‌زه‌که‌وه ، ئیمڕۆ ستاتیکا و کوایڵێتی هونه‌ری باڵا به‌ پوولێك گرنگ ئه‌وه‌یه له‌ ڕووی چه‌ندایه‌تیه‌وه‌‌ پشتی بازاڕه‌کانی هۆڵیوود و بۆڵیوود بشکێنین !! ،‌ ( له‌ ته‌مه‌نی که‌مێك هه‌ڵکشاوی سوکراتدا زۆرێك له‌ بیرمه‌ندان هاتنه‌ لای و لێیان پرسی :- وه‌ك ئه‌بینیت حاڵی هونه‌ریی و سیاسیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و دارایی کۆمه‌ڵگاکه‌مان تا دێت زیاتر به‌د ڕه‌وشتانه‌ تر ئه‌بێت گه‌نده‌ڵییه‌کی سامناکیش له‌ هه‌موو لاوه‌ تاکوو کوونه‌ لووتمان هاتووه‌ ، جا ئه‌گه‌ر داوات لێ بکرێت که‌ هه‌ر ئێستا جڵه‌وی ڕیفۆرم و گۆڕانکارییه‌کی سه‌راپاگیر بگریته‌ ده‌ست‌ ئاخۆ له‌ کوێوه‌ ده‌ست پێ ئه‌که‌یت ؟! سوکرات به‌ بێ ڕاوه‌ستان گوورج له‌ وه‌ڵامدا ووتی :- له‌ سیسته‌می په‌روه‌رده‌ی قووتابیانی قۆناخی سه‌ره‌تاییه‌وه‌ ده‌ست پێ ئه‌که‌م و ئه‌وه‌ی‌ پێویست نه‌بوو ساڵانێکی زۆری پێشتر‌ بخوێندرێن شه‌قێکیان تێ هه‌ڵئه‌ده‌م و بۆ یه‌کجاریی تووڕیان ئه‌ده‌م ‌وه ئه‌وه‌ی پێویست بوو که‌ هه‌ر ئه‌و کاته‌ بخوێندرێن له‌ سبه‌ینێوه‌ ئه‌یانخه‌مه‌‌ ناو خشته‌ی وا‌نه‌کانه‌وه به‌ تایبه‌ت وانه‌ی هونه‌ر که‌ شه‌رم و ترسی مێرد منداڵان ناهێڵێت‌ )  ، به‌ڵێ – دوو سه‌د و حه‌فتاو پێنج – گوایا فیلم و کورته‌ فیلمی کوردی و زیاد له‌ – دوو سه‌د و په‌نجاشیان –  کۆمیدیی که‌ سه‌راپایان مایه‌ی گریانن نه‌ك پێکه‌نین به‌ڵام من جگه‌ له‌ دووه‌م نۆبه‌ره‌ کاری ئه‌کادیمیانه‌ی – سرته‌ له‌گه‌ڵ با – و چه‌ند فیلمێکی جدیی تر که‌ ژماره‌یان له‌ په‌نجه‌کانی ده‌ست تێپه‌ڕ ناکه‌ن چیدی تا ئێستا شتێك نابینم و نه‌شمبینیوه‌ به‌ ناوی هونه‌ری سینه‌ما‌وه‌ که‌ هه‌ر – سی و دوو – سیفاته‌ ناسراو و زانستیه‌ باڵا‌کانی پێناسه‌ی به‌ فیلم بوونیان پێوه‌ دیار بێت ، دیاره‌ لێره‌دا ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌مان نیه‌ تاکوو ‌ماجه‌ڕای نیوه‌ی ئه‌و – سی و دوو – خاڵه‌ هه‌ره‌ گرنگانه‌ی خه‌سڵه‌ته‌کانی به‌ فیلم بوون و هونه‌ری باڵای شاشه‌ی ئاڵتوونینیش شیکار بکه‌ین به‌ڵام سه‌ردانی هه‌ر ساییت و ماڵپه‌ڕێکی ئه‌کادیمای سینه‌ماکانی جیهان به‌ گشتیی و سایتی سه‌نته‌ری ئستۆدیۆکانی هۆڵیوود به‌ تایبه‌ت بکه‌ین ئه‌وا به‌ ئاسانی ئه‌و شیکارانه‌مان ده‌ست ئه‌که‌وون که‌ پێویسته‌ ده‌رهێنه‌ر به‌ر له‌وه‌ی هیچ کارێکی داهاتووی خۆی ناو بنێت فیلم دڵنیا بێت که‌ ئاخۆ له‌ به‌رهه‌مه‌که‌یدا ئه‌و سیفه‌تانه‌ شك ئه‌بات یان نا چوونکه‌ وه‌ك ئه‌ڵێن مه‌رج نیه‌ هه‌ر شتێ نه‌رم بوو ئیتر ئاووریشم بێت هه‌ر ئاواش مه‌رج نیه‌‌ هه‌ر نمایشێك که‌وته‌ سه‌ر شاشه‌ ئیتر به‌ فیلم و شۆرت فیلم ناو ببرێن ،

        ————————————————

تێبینی :- ئه‌م نووسراوه‌ وه‌ك به‌حسێکی دوور و درێژ ده‌رباره‌ی گرنگییه‌کانی هونه‌ری سینه‌ما بۆ سیمینارێك ئاماده‌ کرابوو ، به‌ڵام له‌ کورت کردنه‌وه‌یدا ئه‌و شێوه‌ کۆکتێله‌ی سه‌ره‌وه‌ی لێ‌ ده‌رچوو ،

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.