سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئەدلب ململانێکانی سوریاو تورکیا یەکلایی دەکاتەوە ؟

ئەدلب ململانێکانی سوریاو تورکیا یەکلایی دەکاتەوە ؟

بورھان شێخ ڕەئوف
ئەوەی زۆر جێگەی سەرسوڕمان و نیگەرانیە بۆ گەلی سوریاو تەنانەت وڵاتانی ناوچەکەو چاودێرانی بارودۆخی سوریا ئەوەیە ھەڵوێستی حکومەتی تورکیایە لە مەڕ کێشەو کریزەکانی سوریا بۆ قەڵس و نیگەرانە لە وەدەرنانی تاقم و گروھە تیرۆریستیەکانی لە شاری ئەدلب و ناوچەکانی دەوروبەری لە کاتێکدا ئەدلب پارێزگایەکی سوریەو خەڵکەکەی ناسنامەی سوریایان ھەڵگرتووە .
ئایا تورکیا قایل دەبێت سوریا یان وڵاتێکی دی دەست وەردەنە کاروباری ناوخۆی ؟ ساڵی ١٩٩٨ ھەر بە پاساوی بوونی عەبدوڵا ئۆجەلان لە سەر خاکی سوریا ھەڕەشەی داگیرکردنی دیمەشقی دەکرد, ئێستا خێرە خۆی ئاوا بە ڕۆژی ڕوناک و ئاشکرا سوپاکەی لە خاکی سوریادا بڵاوە پێکردووەو ؟
پاساوی دەستوەردانەکەی تورکیا لە سوریا
ڕۆژی شەمەی ڕابردوو لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا ڕەجەب تەیب ئەردۆگانی سەرۆک کۆماری تورکیا بە سەرۆکی ئەمریکای وت , زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی سوری لە ئەدلبەوە ملی ڕیگایان گرتۆتەبەر بۆ سنوورەکانی تورکیا ,لە کاتێکدا ٤ ملیۆن ئاوارەی تر ی سوری لە تورکیان بۆیە بە داخەوە ئێمە ناتوانین لەو ژمارە زیاتر پەنا بدەین , جگە لەمەش نیگەرانی تورکیا زیاتر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە مانگی شوباتی ٢٠٢٠ دا (١٣ ) سەرباز و وا لە کۆتاییەکەیشیدا لە ٢٧ شوبات جارێکی تر ٣٣ سەربازی تورکی لە شەڕەکانی ناوچەی ئەدلب کوژران کە لە خاڵەکانی چاودێری جێگیر کرابوون بە مەبەستی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی بەڵام ڕووسەکان دەبێژن ئێمە نەمان زانیووە سەربازی تورکیا لەوێندەرن , ئەوێ شوێنی تیرۆریستەکانە ئەمان چ دەکەن لەوێ؟
ھەرچەندە تورکیا کاردانەوەی توندی ھەبوو بەرامبەر پەلامارەکانی سوریا بەڵام ھەڕەشەی توند دەکات لە ئێستادا لە ھەر پەلامارێکی تر بۆ سەر ھێزەکانی و ئەوا پەلاماری سوریا دەدات لە ھەموو لایەکەوە , لە ھەمانکاتیشدا ئەردۆگان نیگەرانی و گلەیی خۆی نەشاردەوە بەرامبەر بێدەنگی ڕوسیا لە مەڕ پەلامارەکانی ھێزەکانی سوریاو وتی ئەمە بەبێ ڕەزامەندی ڕوسیا نەکراوە .
ئەوەیگرنگە لێرەدا ھەڵوەستەی لە سەر بکەین ئەو پێشھاتە گرنگەیە ئەوە بۆ یەکەمجارە لە دوای چارەسەرکردنی کێشەی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسیەکە لە ساڵی ٢٠١٥ لە لایەن تورکیا وە کە ئەو دوو وڵاتە لە جۆرێک لە ھاوپەیمانی دابوون و بە تایبەتی دوای کڕینی سیستمی بەرگری S٤٠٠ ڕوسی لە لایەن تورکیاوە سەرەڕای نیگەرانی و ناڕەزایەتی توندی ئەمریکا بەو پێ یەی کە ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆیە, ئاوا بەو شێوە تورکیا تانەو تۆمەت و ڕەخنەی توند لە ڕوسیا بگرێت .
شکستی خوولی سێ یەمی دان و ستانەکانی مۆسکۆ و ئەنقەر ە :
خوولی سێ یەمی ئەو دان وستانانە ڕووخاو ھەرەسی ھێنا لە نێوان شاندی سەربازی و ئەمنی ھەردوو وڵاتدا بەھۆی پێداگیری مۆسکۆ لە سەر کۆتایی ھێنان بە ھەموو تاقمە چەکدارە کان کە پۆلین کراون لە لیستی تیرۆردا و گێڕانەوەی ھەموو پارێزگای ئەدلب بۆ ژێر سەروەری دەوڵەتی سوریا بە گوێرەی ڕێکەوتننامەی سوتشی , ھەروەھا ڕەتکردنەوەی ئەوداخوازییەی تورکیا کە دەیەوێت ھێزەکانی سوپای سوریا بگڕێنەوە بۆ شوێنەکانی پێشوویان .
ئاماژەکان بۆ ئەوە دەڕۆن کە سوپای سوریا بە نیازە ھەموو گوندو شارۆچکەکانی پارێزگای ئەدلب وەکو ناوچەکانی تری سوریا لە تاقم و گروھە تیرۆریستەکان پاک بکاتەوە بێگومان ئەمەش بە بێ پشتیوانی ھێزی ئاسمانی ڕوسیا ناکرێت , کە ئەمەش تورکیا دەخاتە بەر دوو بژاردەی سەختەوە :
١. قایل بوون بەو دیفاکتۆیەی کە ھاتۆتە ئاراوە ئەویش بۆ خۆلادان لە شەڕو پێکادان لە گەڵ سوپای سوریا و ڕوسیا .
٢. خۆسازدان بۆ شەڕو پێکادان لە گەڵ سوریاو ڕوسیا و گرتنەوەی ھەموو ئەوناوچانەی کە سوریا لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئازادی کردووە بە ڕێگای M٥ نێودەوڵەتیەوە کە دیمەشق و حەلەب یە یەکەوە دەبەستێتەوە, ھەر لەو چوارچێوەشدایە کە ئەردۆگان مۆڵەتی تا کۆتایی ئەم مانگەی بە سوپای سوریا داوە لەوناوچانە بکشێتەوە ئەگینا بە پێچەوانەوە بە ھێز دەریان دەکات .
لە کۆتاییدا پێناچێت ڕوسەکان بوار بدەن ھیچ گۆڕانکارییەک لە سەر خاک ڕووبدات بە زیانی ڕژێمی سوریا , ئەگەرەکانی ھەڵچوون و بەریککەوتن لە ئاشتی و ئارامی زیاترە , بە تایبەتی لە کاتێکدا درزی گەورە کەوتوتە نێوان تورکیاو ڕوسیاوە چ بەوەی ئەردۆگان سەردانی ئۆکرانیای کردووە پشتیوانی خۆی بۆ یان دووپات کردۆتەوە لە گەڵ ئەوەدایە کە نیمچە دوڕگەی قرم کە ڕوسیا بە زۆر لکانوویەتی بە خۆیەوە بگەڕێتەوە بۆ ئۆکرانیا و لە لیبیاش دژ بە ھێزەکانی خلیفە حفتەر کە ھاوپەیمانی ڕوسیان پشتیوانی حکومەتی سەڕاج دەکات .
ڕۆژانی داھاتوو یەکلا کەرەوە دەبێت لە ڕوداوەکانی سوریا و بەتایبەتی ئەدلب , ھەرھەنگاوێکی نابەرپرسانە بۆی ھەیە بارودۆخەکە بە شێوەیەک بتەقێنێتەوە کە ببێتە قەیرانێکی ئیقلیمی و بگرە نێودەوڵەتیش کە چاەرەسەرکردنی قورس بێت .

دەربارەی Burhan Shex Reuf