سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئەمریکاو عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ

ئەمریکاو عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ

بورھان شێخ ڕەئوف
دوای گۆڕانکاریە خێراو چاوەڕوان نەکراوەکانی ناوچەکە و ئاڵۆز بوونی بارودۆخی ناوچەی ڕۆژھەلاتی ناوین , لە دوای بڕیاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە سەرەتای ئەمساڵ بە تایبەتی لایەنە شیعیەکان بە کشانەوەی ھێزە بیانیەکان ڕوونتر ئەمریکیەکان لە عێراق ئێستا گەڕێکی تری گفتوگۆ لە نێوان ھەردوو حکومەتی ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و حکومەتی ناوەندی عێراق و نوێنەرێکی ھەرێمی کوردستانیش دەستی پێکردووە .
دۆسیەی گفتوگۆکە چوار بواری گرنگ لە خۆدەگرێت :
١. سیاسی
٢. ئاسایش
٣. ئابوری
٤. ڕۆشنبیری
لە بواری سیاسیدا ھەردوولا تێبینی و زانیاری لە سەر نێردە دبلۆماسیەکانی یەکدی دەگۆڕنەوە, بەڵام پێدەچێت بوارو دۆسێیەی گەرم و گرنگ لایەنی تەناھی و ئاسایش بێت کە لە نێو بڕگەو بەندەکانیدا ئایندەی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق دەبێت .ھەرچەندە سەرەتا وتووێژەکان تەکنیکی دەبێت و لە شەش مانگ تاوەکو ساڵێک دەخایەنێت لە سەر ئاستی بریکارو جێگری وەزیر بەڕێوەدەچێت ئامانج لێ ی ڕێکەوتنێکی ئیستراتیجی نوێ یە .
خاڵی لاوازی عێراق لەم گفتوگۆدا
ھەرچەندە دکتۆر فوئاد حوسێن دوای ڕۆژێک لە دەست بەکاربوونی وەکو وەزیری دەرەوە لە کۆبوونەوەیەکدا لە گەڵ باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق ( ماسیۆ تولەر ) ڕایگەیاند ھەموو ئامادەکارییەکان کراوە بۆ گفتوگۆکانی نێوان دوو وڵات ,ھەرچەندە بە درێژی و بە ڕاشکاوی جۆری ئەو ئامادەکارییە ڕوون نەکرایەوە , چونکە پێناچێت عێراق لە ئێستادا ھیچ کارتێکی بەھێزی بە دەستەوە بێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ھاوسەنگ لە گەڵ ئەمریکادا بە ڕێوەبەرێت بە ھۆی شپرزەیی بارودۆخی عێراق لە ڕووی ئابوری و دابەزینی نرخی نەوت و بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کێشەو ململانێ درێژ خایەن و کەڵەکە بووەکانی عێراق , لە بەر ھەموو ئەو فاکتەرانە گومان لە توانای وتوێژکارانی عێراقی دەکرێت کە بتوانن وتوێژێکی بەرھەمدارو ڕاشکاو بەڕێوەبەرن لە بەرامبەر وتوێژکارانی ئەمریکا کە بەرچاویان ڕوونەوە دەزانن چی دەخوازن .
جگە لەوانەش کاتی وتوێژەکە ش کاتێکی گونجاو لەبار نیە بۆ حکومەتی عێراق کە مانگێک و چەند ڕۆژێکە پێکھاتووە و ھەموو دۆسیەو وەرەقەکانی ناودەستی خۆی ڕێک نەخستووە وەکو پێویست , ترسی ئەوە ھەیە لە لایەن زۆر لایەنی عێراقیەوە کە سازش بکرێت و عێراق بەرگەی فشارەکانی ئەمریکا نەگرێت لە بەرئەوەی لە ئێستادا عێراق پێویستی بەکۆمەک و ھاوکاری یە لە ڕووی ئاسایش و ئابوریشەوە.
لە لایەکی تریشەوە ھەندێک لایەنی عێراقی بە دیاریکراوەی میلیشاکانی حەشدی شەعبی نزیک لە ئێران دەخوازن ھێزەکانی ئەمریکا لە عێراق بکەنە دەرەوە ,ھەرچەندە کوردو سوونەکان لەکەڵ ئەم بۆچوونەی شیعەکاندا یەکناگرنەوە ھەرچەندە شیعەکانیش ھەموو ھاوڕا نین , بەڵام دواجار ئەوە بەرژەوەندی و خواستی ئەمریکا دواجار یەکلایی دەکاتەوە ئەگەر خواستی مانەوەی ھەبێت دەمێنێتەوەو عێراق قایل دەکات بە شێوازی تایبەتی خۆی ئیتر لە ڕێگەی ھێز یان پێدانی ئیمتیازو ئیغرائات و سازش .
لەلایەکی تریشەوە باڵوێزی ئەمریکا لە عێراق لە لێدوانێکدا بۆ میدیایاکان ڕایگەیاند کە گفتوگۆکانیان گشتی دەبێت و ھەموو بوارەکان دەگرێتەوەو دۆسێەی ئاسایش یەکێکە لە دۆسێە گرنگەکانی تری وەکو ئابوری و سیاسی مافەکان و ڕۆشنبیری ھیچیان لە یەک جیا ناکرێنەوە .

ھەرچەندە بڕیار بوو گفتوگۆکان راستەوخۆ و ڕووبەڕوو لە بەغداد ئەنجام بدرێت بەڵام دواتر بە ھۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە شێوازی بەڕێووەچوونەکەی گۆڕا بۆ کۆنفرانسی تەلەفزیۆنی داخراو .
لە کۆتاییدا ئەوەی بەدی دەکرێت ھەرچەندە ئەمریکیەکان وەکو ھەندێک سەرچاوە باسی دەکەن بە مستەفا کازمیان ڕاگەیاندووە کە ئامادەن ھێزەکانیان لە عێراق بە تەواوی بکشێننەوە لە سەر بڕیاری پەرلەمانی عێراق , بەڵام ھەندێک سەرچاوەی تر دەلێن ئەو لێدوانەی ئەمریکا تەنھا ڕووکەش و لەو متمانە زۆرەوە ھاتووە بە کازمی کە شارەزایەکی زۆری بواری ئاسایشەوە ڕیسک بەوەوە ناکات کە پشتیوانی سەربازی و ئاسایشی ئەمریکا لە دەستبدات لە کاتێکدا جموجووڵی داعش بەزۆری بەدی دەکرێت لەزۆر لە ناوچەکانی عێراق , عێراق لە بەر مەترسی گەورەدایە و بە تایبەتی سەرھەڵدانەوەی سیناریۆی ٢٠١٤ لە دوای کشانەوە ی ھێزەکانی ئەمریکا لە ٢٠١١ لە سەردەمی ئۆبامادا .
بۆیە عێراقیەکان لە ھەوڵی ئەوەدان کە پاڵپشتی و ھاوکاری ئەمریکا لە دەست نەدەن و بە تایبەتی لە ڕۆژئاوای عێراق لە بنکەی عێن ئەلئەسەد و لە باکوریش لە ھەرێمی کوردستان لە بنکەی حەریر چالاکیەسەربازییەکانیان ئەنجام بدەن , جگە لەوانەش یارمەتی ئابووری بۆ دەرچوون لە قەیرانی ئابوری و پیدانی قەرز و فشار لە کۆمپانیاکان بۆ ئەوەی پەلە لە عێراق نەکەن بۆ گێڕانەوەی قەرزەکان .
لە بەرامبەریشدا ئەمریکیەکان دەخوازن حکومەتی عێراق سنورێک بۆ جموجۆڵی میلیشیا شیعەکانی سەربەئێران دابنێت کە پەلاماری باڵوێزخانە و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا دەدەن لە عێراق .

دەربارەی Burhan Shex Reuf