نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “یەک خولەک قەرەنتینە” دیاریی کران

ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “یەک خولەک قەرەنتینە” دیاریی کران

مەنسوور جیهانی ـ ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کورتە فیلمی مۆبایل بە ناونیشانی “یەک خولەک قەرەنتینە” لە شاری تاران دیاریی کران.

لە لایەن بەرپرسانی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی یەک خولەک قەرەنتینە” One Minute Quarantine ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم ڕووداوە هونەرییە دیاریی کران کە بریتین لە: “رەزا بەنەفشەخواە”، “سەعید سوڵتانی”، “وەحید موووسائیان”، “غوڵامحوسێن شاەعەلی”، “سیرووس کەهووری نیژاد”، خاتوو “ئازیتا مۆوگوویی” و خاتوو “ساغەر خواجەئەمیری”.

 

ئەم فێستیڤاڵە بە مەبەستی هاوبەشی کردنی ئەزموونەکانی خەڵکی جیهان بە درێژایی سەردەمی قەرەنتینە بۆ خۆڕاگریی لە تووشبوون بە ڤایرۆسی کۆڕۆنا دامەزراوە، تاکوو لە چوارچێوەی کامێڕاکانی خۆیانەوە، ئەزموونە شیرینەکان، تالًَ، دڵەڕاوکێی، بێکاریی، خۆشی و هێوا و تەنانەت مردنیش تۆماربکەن.

 

بەشداربووان دەتوانن فیلمە مۆبایلییەکانی خۆیان کە پەیوەندیی بەم بابەتانەوە هەیە بۆ نووسینگەی فێستیڤاڵ، ڕەوانە بکەن، لەوانە: 1. قەرەنتینە / ژیان / ئەوین / دین، 2. قەرەنتینە / بنەماڵە / منداڵان / یارمەتی هەژاران / یارمەتی کەسانی دیکە، 3. قەرەنتینە / دەروون / تندووتیژی بنەماڵەیی / ئەزموونی تەنیایی / خۆدۆزینەوە، 4. قەرەنتینە / نەخۆشە تایبتەکان / بەساڵاچووان و 5. بەشی تایبەت / بێ قەرەنتینەکان (ئەو کەسانەی کە بە هۆی پیشەکەیانەوە، ناچارن کە لە شوێنی کارەکەیان ئامادەبن).

 

خەڵاتەکانی فێستیڤاڵ لە بەشەکانی پیشەیی و ئاماتۆڕ لە بڕی پارەی 20 میلیۆن ڕیاڵ تاکوو پێنج میلیۆن ڕیاڵ و لە بەشی نێودەوڵەتیشدا لە 400 دوڵار تاکوو 250 دوڵار دەگۆڕدرێت.

 

هۆگران دەتوانن بە فیلمەکانی خۆیان لە چەندین بەشدا بەشداریی بکەن و بەرهەمەکانی خۆیان بە ناونیشانی http://miladtower.tehran.ir و یا پەیجی ئینستاگڕامی تایبەت بە فێستیڤاڵ، بە ناونیشانی @One_minute_Quarantine و بە ژمارەی واتس ئاپی 00989351865119 ڕەوانە بکەن.

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی “یەک خولەک قەرەنتینە” بە دەبیری “غوڵام حوسێن شاەعەلی”، بە پشتیوانی تاوەری میلادی تاران و بە یارمەتی بریکاریی کاروباری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی شارەوانی شاری تاران، بە شێوەی ئۆنلاین بە ناساندنی سەرکەوتووان بەڕێوەدەچێت.

دەربارەی Mansour Jahani