سەرەتا / جیهان / بایدن ھەڵەکانی پێشووی ئەمریکا ڕاست دەکاتەوە لە سوریا ؟

بایدن ھەڵەکانی پێشووی ئەمریکا ڕاست دەکاتەوە لە سوریا ؟

بورھان شێخ ڕەئوف
قەیرانی سوریا یەکێکی تر لەو قەیرانە درێژو ئاڵۆزانەیە کە لە دە ساڵی ڕابردوودا لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناویندا درێژەی ھەیەو خوێنی لێدەچۆڕیت , ھەر لەو سۆنگەیەشەوە بووە جێگەی بایەخی زۆرێک لە وڵاتانی ئیقلیمی و زلھێزەکانی جیھانیش بە ڕوسیا و ئەمریکاشەوە .
ئەوەی لەم وتارەدا مەبەستمە باسی بکەم ھەڵسوکەوت و سیاسەتەکانی ئەمریکایە لە مەڕ سوریا ھەر لە ئیدارەی سەرۆکی پێشوتر ئۆبامەوە تاوەکو ترەمپ و سەرۆکی ئایندە بایدن .
ئەوەی بەدی دەکرێت ھەر لە ئێستاوە تیمەکەی جۆ بایدن لە ھەوڵی ئەوەدان ئەو بابەتانەی کە پەیوەندی بە ئاسایشی نەتەوایەتی ئەمریکاوە ھەیە گرنگی پێویستی پێ بدەن , ھەر لەبەر ئەوەشە بایدن و پاڵێوراوەکەی بۆ وەزارەتی دەرەوە ( ئەنتۆنی بلنکن ) بەنیازن ھەر لە یەکەم ڕۆژەکانی دەستبەکاربوونیانەوە ھەنگاوی خێرا بنێن بۆ ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی ئیدارەی پێشووتری ئۆباما لە کێشەی سوریادا کردی ,
ھەر تایبەت بە سوریا جۆ بایدن سەرۆکی تازە ھەڵبژێراوی ئەمریکا لە کاتی ھەڵمەتەکانی بانگەشەی ھەڵبژاردندا لە ولایەتی (ئایوا ) لە مانگی تشرینی یەکەمی ڕابردوودا وتی : بڕیاری کشانەوەی ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا لە لایەن سەرۆک ترەمپەوە شکستێکی تەواو بوو , بڕیارەی پاشەکشەکە سوریەکانی کردە ئامانجی ھێرشەکانی تیرۆریستان , ھەروەھا پێداگیری لە سەر پشتیوانی کوردەکانی سوریا کرد .
ھەر تایبەت بە سوریا ( بلنکن ) پاڵێوراو بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە ئیچستادا و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە ئیدارەی ئۆبامادا کاتێکی پێشتر لە مساڵدا وتبووی : سیاسەتەکانی ئیدارەی ئۆباما شکستی ھێنا لە سوریا زیاتر لۆمەی ئەمەی خستە سەر ئیدارەی ترەمپ کە فەرمانی کشانەوەی سەربازەکانی ئەمریکای لە سوریا دا ھەرچەند پاشتر پاشگەزیش بووەوە , بلنکن ھەربەوەشەوە نەوەستا وتی ئۆباما شکستی ھێنا لە پاراستنی گیانی سوریەکان شکستی ھێنا لە بەرگرتن لە کۆچ و ئاوارەبوونی خەڵکی سوریا .
بۆ شکستی ھێنا ئۆباما؟
ھەرچەندە ئۆباما ھێڵی سوری بۆ ڕژێمی ئەسەد دانابوو ئەگەر چەکی قەدەغە کراوی کیمیاوی بەکاربھێنێت بەرامبەر بەگەلەکەی , بەڵام بینیمان کاتێک ڕژێمی بەشار ئەسەد گازی سارینی کیمیاوی یاساغی بەکار ھێنا ئۆباما بێدەنگی ھەڵبژارد , دۆخی سوریا ئاڵۆزتر بوو , لە سەردەمی ترەمپیشدا کە بڕیاری کشانەوەی دا لە سوریا ھەژموونی ئەمریکا بەتەواوی لاوازو بێ کاریگەری مایەوە لە سوریا , بەڵام لە ئێستادا کە لە بلنکنیان پرسی ئایا ئامادەن پەیوەندییەکانتان لە گەڵ ڕژێمی سوریا ئاسایی بکەنەوە؟ وتی کارێکی نەشیاوە ئەمەلە لایەن منەوە , ئەمە پێمان دەڵێت کە لە چوار ساڵی داھاتوودا سیناریۆی لەو بابەتە نابێت .
ھەر لە بەر ڕۆشنایی ئەو لێدوانەو زۆرێکی تر لە لێداوانی سیناتۆرە نزیکەکانی بایدن و میدیاکان و ڕاپۆرتە ھەواڵگرییەکان بگەینە ئەو بڕوایەی کە ئیدارەی نوێ ی ئەمریکا بە سەرۆکایەتی بایدن ھەرچەندە بەڵێنی کۆتاییھێنانی شەڕە نەبڕاوەکانی ناوچەکەی دابوو , بەڵام لە ئێستادا بە ھۆی مەترسی سەرھەڵدانەوەی ڕەوتە توندئاژۆکانی وەکو ئەلقاعیدەو داعش لە گەڵ ئەوەدایە ھێزەکانی ئەمریکا لە سوریا و ئەفغانستان بمێننەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر ئەو ھێزە تیرۆریستانە خاک و خەڵک و سامانی سروشتی وەکو نەوت و غاز نەکەوێتە بندەستیان تاوەکو ئارامی و سەقامگیری ناوچەکەو جیھانیش بشێوێنن .
لە کۆتاییدا گرنگە بۆ سەرۆکی نوێ ی ئەمریکا ھەماھەنگی لە گەڵ ڕوسیا و وڵاتانی تری ناوچەکە وەکو تورکیا و عێراق و ئێرانیش بکات بۆ ئایندەی سوریا ئایا گەمارۆ و سزاکانی لادەبات بەرامبەر ریفۆرم و گەڕانەوەی ئاوارەکان ؟ ڕۆڵی نەتەوەیکگرتووەکان بڕیاری ١٢٥٤ زۆر شتی تریش .

دەربارەی Burhan Shex Reuf