نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / بڵاوبوونه‌ی په‌تای کۆڕۆنای جۆری دێڵتا نمایشی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”ی دواخست

بڵاوبوونه‌ی په‌تای کۆڕۆنای جۆری دێڵتا نمایشی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”ی دواخست

مەنسوور جیهانی ـ بڵاوبوونه‌ی په‌تای ڤایرۆسی کۆڕۆنای جۆری دێڵتا، نمایشی تایبه‌ت و ڕێوڕه‌سمی فه‌ڕشی سووریی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” له ده‌رهێنانی “توورج ئەسڵانی” لە سینەماکانی هەرێمی کوردستان و عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

بڕیاروابوو ڕێوڕه‌سمی ده‌ستپێکردن و فه‌ڕشی سوور و هه‌روه‌ها یه‌که‌مین نمایشی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” Landless لە نووسین، دەرهێنان و بەرهەمهێنانی سینەماکاری کورد “توورج ئەسڵانی”، بەرهەمی کۆمپانیای سینەمایی “ماد مووڤی” MAAD Movie، بەرهەمی هاوبەشی “ڕەز هەڵکەوت ڕەشید” بە بۆنه‌ی جەژنی قوربان؛ به ئاماده‌بوونی ئه‌که‌ته‌‌ره‌کان و هه‌ندێک له ستافی سه‌ره‌کی ئه‌م فیلمه کوردییه، کاتژمێر ٧ی ئێوارێی

یه‌که‌مین ڕۆژی جه‌ژن واتە ڕۆژی سێشه‌مه 20ی جوولای 2021 له “سیتی سینه‌ما” له شاری سلێمانی پێته‌ختی ڕۆشنبیری و هونه‌ری هەرێمی کوردستان به‌ڕێوه‌بچێت که به هۆی ده‌رکردنی ڕێکاریی پەیوەست بە خۆپارێزی لە کۆرۆنا له هەرێمی کوردستان و سه‌رتاسه‌ری عێراق له ڕۆژانی جەژنی قوربان، ڕێوڕه‌سمی ئه‌م‌ به‌رهه‌مه سینه‌ماییه و به‌رنامه‌ی نمایشه گشتییه‌کانی بۆ کاتێکی نادیار دواکه‌وت.

به‌رنامه‌یه‌کی چڕرپڕ و تۆکمه له لایه‌ن ستافی بڵاوکردنه‌وه‌ی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” له وڵاتی عێراق داندرابوو و بڕیاروابوو نمایشی سه‌رتاسه‌ری ئه‌م‌ به‌رهه‌مه سینه‌ماییه له ڕۆژی جەژنی قوربان لە سینەما جۆراوجۆره‌کانی هەرێمی کوردستان ده‌ست پێبکات و لە درێژەشدا لە سینەماکانی شارەکانی دیکەی وڵاتی عێراقیش پەخش بکرێت؛ که وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، به هۆی بڵاوبوونه‌ی په‌تای ڤایرۆسی کۆڕۆنای جۆری دێڵتا، پێش نمایشی ئه‌م فیلمه کوردییه‌ی گرت و هه‌ر به‌م هۆیه‌وه په‌خشه‌که‌ی بۆ کاتێکی نادیار دواکه‌وت. که له داهاتوودا به‌رنامه‌ی نمایشه‌‌که‌ی به ئاگاداریی هۆگرانی هونه‌ری سینه‌ما له هەرێمی کوردستان و عێراق ڕاده‌گه‌یێندرێت.

لە “بێنیشتمان”دا تێکه‌ڵاوێک له ستافی پیشه‌گه‌ڕ له وڵاتانی ئێران، تورکیا، سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستان به‌شدارن و کۆمەڵێک لە ئەکتەرە ناودارەکانی ئه‌م ناوچانه بە چوار زمانی کوردی، تورکی، عەڕەبی و فارسی لەگەڵ “هانی موجتەهیدی” گۆرانیبێژی ناوداری کوردی دانیشتووی وڵاتی ئه‌ڵمانیا تیایدا ڕۆڵیان بینیوە، لەوانە: شوان عەتووف، جاهیت شاهین یاڵچین، بوڵەنت کاسێر، ڕێکێش شەهباز، بەنگین عەلی، بەڕۆژ ئاکرەیی، نارین محەمەدی، فرمێسک ڕەحیم زادە، هاکار عەبدوالقادر محەمەد، تەها عەبدوالکەرەم ئەبووبەکر، ڕواڵ ناڤگوندی، ئاسۆ ڕەفیق، هەورامان و چەندین ئەکتەری دیکە.

 

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە ئینستاگرام:

https://instagram.com/landlessmovie?utm_medium=copy_link

 

لاپەڕەی فەرمی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان” لە فه‌یسبووک:

https://www.facebook.com/landlessmovie/

 

بەڕێوەبەرایەتی ڕاگەیاندنی گشتی فیلمی سینەمایی “بێنیشتمان”.

دەربارەی Mansour Jahani