نــوێ
سەرەتا / وتار و بیروڕا / بە پارە ھەموو شتێکمان دەست دەکەوێت ئەخڵاق نەبێت!

بە پارە ھەموو شتێکمان دەست دەکەوێت ئەخڵاق نەبێت!

سەدیق سەعید ڕواندزی
تۆڵستۆی نووسەری ناوداری جیھانی دەڵێت:_( بە پارە ھەموو شتێکمان دەست دەکەوێت ئەخڵاق نەبێت) ھەڵبەتە ئەخڵاق لێرەدا، بە مانا فەرھەنگی و کولتوورییەکەی ئێمە نییە، کە بە مانای شەڕەف و نامووس و شەڕەف و ناموسیش، لە ئافرەت و لە ئافرەتیش، لە شوێنێکی دیاریکراو دەیبینین، بەڵکو ئەخڵاق بە مانای ھەموو ئەو بەھا مرۆیی و کۆمەڵایەتیانەیە، کە ڕەھەندی مرۆڤدۆستانەی مرۆڤێک دیاری دەکەن.

ئەخڵاق بە مانای ھەستکردن و درککردن بە ڕادەی مرۆڤبوونمان و ھەڵوێست و بیرو باوەڕ و ویژدان و ھەموو ئەو خاسیەتە جوانانەی کە دەبێ لە مرۆڤدا بوونیان ھەبێت. ئێمە لە کوردستاندا لە سەردەمێک دەژین، بە داخەوە ھەموو ئەو بەھایانە، لە پارەدا دەبینین و بڕوامان وایە کە پارەمان ھەبوو، ئیدی ھەموو شتێکمان ھەیە و پێویستیمان بە چیتر نییە. تێگەیشتنێک بۆ زۆربەی زۆری مرۆڤەکان دروست بووە، کە لە پێناو بەھا مادییەکان و بەرژەوەندی و ھەڵپەرستی تاکە کەسیانە، ھەموو شتێک لە پارەدا کورت بکەنەوە و ھەرچی خاسیەتی جوانی مرۆیانەیە دەخەنە ژێر پێیان. بێگومان کەس نییە ئەوە نەزانێت، کە مادە پێداویستییەکی سەرەکی ژیانە ، بەڵام کاتێ ھەموو ژیان لە مادەدا کورت دەبێتەوە، ئیدی کارەساتەکە لێرەدا دەست پێ دەکات. ئەو کات مادە دەبێتە شوێنگرەوەی ھەموو شتێک و ڕەنگە بەلامانەوە ئاسایی بێت کە لە پێناو پارەدا ھەموو شتێک بکەین. ئەمەش دەرەنجام دەبێتە دیاردەیەک و لە نێو کۆمەڵگەدا وەک پەتایەک بڵاو دەبێتەوە.

کاتێ ئەستێرەیەکی وەرزشی ناوداری جیھانی، لە پێناو پارەی زیاتر، پشت دەکاتە یانەیەک، کە ھەموو تەمەن و مێژووی ژیانی خۆی تێدا بردۆتە سەر، ئەمە مانای وایە لای ئەم ئەستێرەیە، پارە لە ناوبانگ، لە مێژوو، لە ھەوادارانی و خۆشەویستانی، لە ھەموو شتێک گرنگترە. سەرنج بدەن، سیاسی وا ھەیە، تا ئاستی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی حزبەکەی دەڕوات، لە خەباتی نھێنی و شار و شاخدا، قوربانی گەورەی لە پێناو بیر و باوەڕەکەی داوە، کە چی سووک و ئاسان، پشت لەو مێژووە درێژە و ھەموو ئەو قوربانیدانە سیاسی و شۆڕشگێڕییانە دەکات و لە پێناو پارەی زیاتر، سەنگەر دەگوزاێتەوە نێو حزبێکی دیکە. لەوە سەیرتریش، بە شێوەیەک دەکەوێتە دژایەتی بیرو باوەڕی پێشوویی و داکۆکی لە سەنگەرە نوێکەی دەکات، وەک ئەوەی بە ھەموو ژیانی لە حزبە تازەکە بووبێت!

ئێمە لە سەردەمێک دەژین، پارە بووەتە ھەموو شتێک لای زۆرینەی ھەرە زۆرمان و ھەموو شتێک لە پارەدا دەبینین. بۆیە بەلاشمانەوە ئاساییە لە پێناوی پارەدا، ھەموو ڕێیەک لە ناپاکی و گۆڕینی بیرو باوەڕ و شکاندنی شکۆی کەسیمان و سەنگەر گۆڕین و تەنانەت کردنە پردی کەسە ھەرە نزیکەکانیشمان تاقیبکەینەوە. بێ ئاگا لەوەی مەسیح وتەنی ( چی بە کەڵکی مرۆڤ دێت، ئەگەر ھەموو دونیا بەرێتەوە و خۆی بدۆڕێنێت) کاتێ کەسێکیش ھزر وکەسایەتی، شکۆ و پێگە، قەڵەم و سەنگەر و بیرو باوەڕ و ویژدان و ھەڵوێستی خۆی بە پارە دەفرۆشێت و دەگۆڕێتەوە، بێگومان ئەو پارەی بردۆتەوە، بەڵام تا ھەتایە خۆی دۆڕاند. من دەزانم تازە مەحاڵە بیر لەوە بکەینەوە ئەو تێگەیشتنە بۆ مرۆڤەکان دروست بکەین، کە ھەموو شتێک لە پارەدا نەبینن، بەڵام ئەوانەی تا ئێستا بەو شێوەیە بیر ناکەنەوە و لەو کڵاوە ڕۆژنەیەوە ناڕواننە ژیان، ھیوادارم ئەوان ھەر لە سەر ئەو ڕێکە جوانە و بەرز پیرۆزەی و بوون و ژیان بمێننەوە.

• ئەم بابەتە لە ھەفتەنامەی( ڕێگای کوردستان) ژمارەی ڕۆژی ٢٨/٨/٢٠٢١بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze