سەرەتا / وتار و بیروڕا / وتار و بیروڕا / تاكه‌ی درۆ ئه‌كه‌ن؟

تاكه‌ی درۆ ئه‌كه‌ن؟

ئه‌حمه‌د ره‌جه‌ب

به‌ هۆی شكست و ئیفلیج بوونی حكومه‌ته‌وه‌ رۆژانه‌ گوێمان له‌ كۆمه‌ڵێك درۆو ده‌له‌سه‌و قسه‌ی بریقه‌دار ئه‌بێت و به‌رپرسان سه‌ریان لێشێواوه‌و نازانن و ناتوانن رێگا چاره‌یه‌ك بۆ موچه‌ی هاوڵاتیان و كێشه‌كانی كوردستان  بدۆزنه‌وه‌وو بۆ ئه‌وه‌ی درێژه‌ به‌ درۆكانیان بده‌ن هه‌ریه‌ك له‌ سه‌ر ئاوازێك ئه‌خوێنێت و سه‌ما ئه‌كات و به‌و ره‌فتاره‌ قیزوه‌نه‌ خه‌ڵك فریو ئه‌ده‌ن و مانگ دریژ ئه‌كه‌نه‌وه‌ له‌ 30 و 31 رۆژ بۆ 60 و 62 رۆژ یان زیاترو خه‌لكیش به‌م داهێنانه‌ی حكومه‌ت پێئه‌كه‌نن و له‌ هه‌مان كاتیشدا ریسوای ئه‌كه‌ن.

بۆ دامركاندنه‌وه‌ی رق و كینه‌و ئاگری ده‌روونی هاوڵاتیانی بێ موچه‌ یه‌كێك له‌ درۆزنه‌كان ئه‌ڵێت ڕە‌وشی دارایی هه‌رێم به‌ره‌و دۆخێكی باشتر هه‌نگاو ئه‌نێت و، یه‌كێكی تر ئه‌ڵێت ئەگەری رێککەوتن لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیه‌و له‌ چه‌ند رۆژی داهاتوو حكومه‌تی عێراق پاره‌كه‌ی هه‌رێم ئه‌نێرێت و تا كۆتایی ئه‌مساڵ مانگانه ــ‌ 320  ــ ملیار دیناره‌كه‌ی به‌غدا بۆ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم ڕه‌وانه‌ ئه‌كرێت و گه‌شبینم حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی عێراق ئه‌گه‌نه‌ ئه‌نجام و بەمزوانە پرسی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم چارەسەر ئه‌كرێت و، ئیتر به‌و شێوه‌یه‌ درۆزنه‌كان زۆرتر ئه‌بن و فه‌رمانبه‌ران و مامۆستایان چاوه‌رێی هیمه‌ت و به‌ره‌كه‌تی به‌رپرسه‌ باڵاكانن كه‌ شه‌وو رۆژ بۆ گیرفانی خۆیان كار ئه‌كه‌ن.

درۆزنه‌كان زۆرن و  هه‌رچی بكه‌ن كه‌س متمانه‌ی پێیان نییه‌و بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر بارودۆخی هه‌رێم باشه‌ ئه‌ی بۆچی موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ناده‌ن و چاوه‌رێی چین؟ و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا هه‌یه‌ بۆ پاره‌ی خه‌ڵك ناده‌ن و به‌ ته‌مایی چین؟ و وه‌ك ده‌ر ئه‌كه‌وێت تاقمی نوری المالكی و عه‌مارالحكیم و حیدر عه‌بادی و سائرونی موقته‌داو حزبه‌ شیعه‌كان دژی ناردنی پاره‌ن و له‌ په‌رله‌مانی عێراق و له‌ سه‌ر ته‌له‌فزیۆن رۆژانه‌ چه‌ندین دموچاوی  ناشیرین و كه‌سانی چاوچنوك و بڵح  ئه‌بێنرێن و هه‌ر یه‌ك به‌ جۆرێك به‌ سه‌ر كوردو كوردستان ئه‌زژێته‌وه‌و قسه‌ی نه‌شیاو ئه‌كه‌ن و، به‌رامبه‌ر بێتوانایی و ره‌فتاری چه‌وتی حكومه‌ت خه‌ڵك باجی ئه‌و سوكاییه‌تییه‌ش ئه‌داته‌وه‌.

حكومه‌ت په‌نا بۆ درۆ ئه‌بات و هه‌موو شتێك ئه‌خاته‌ ئه‌ستۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت و په‌تای كوروناو، به‌رپرسانی حكومه‌ت باش ئه‌زانن و له‌ بیریانه‌ ئه‌وان نه‌یاتوانیوه‌ موچه‌ی خه‌ڵك له‌ كاتی خۆیدا بده‌ن كاتێك نرخی ته‌وت به‌رز بوو په‌تای كوروناش  بوونی نه‌بوو ئه‌وه‌ش راستی حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كه‌ی كوردستانه‌و هه‌روا درێژپێده‌ری حكومه‌ته‌ شكستخواردووه‌كانی كابینه‌كانی پێشوتره‌.

باشه‌ ئێوه‌ به‌ دوو مانگ به‌ داهاتی نه‌وتی كوردستان و ده‌روازه‌ سنورییه‌كان و باج و ده‌سكه‌وتی تر نه‌توانن پاره‌ی مانگێكی موچه‌خۆران مسۆگه‌ر بكه‌ن ، ئه‌ی بۆ دانشتون و به‌ ته‌مای چین ؟ و ،  ئه‌گه‌ر راست ئه‌كه‌ن ده‌ست له‌كار بكێشنه‌وه‌و با خه‌ڵكی تر  جێی ئێوه‌ بگرێته‌وه‌و خۆتان به‌ ناردنی شاند بۆ به‌غدا چیتر هیلاك  مه‌كه‌ن.

بۆ چاره‌سه‌ری سه‌رجه‌م كیشه‌كانی كوردستان پێویسته‌ :

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككه‌وتنی نهێنی  ــ  50  ــ  ساڵه‌ی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ده‌وڵه‌تی توركیا بۆ ئه‌وه‌ی نه‌وتی كوردستان به‌ خۆرایی  نه‌درێت به‌ توركیا.

هه‌وڵ بدرێت په‌رده‌ له‌ سه‌ر ئه‌و رێككه‌وتنه‌ پر شه‌رمه‌زارییه‌ هه‌ڵماڵرێت چونكه‌ به‌ بێ ره‌زامه‌ندی په‌رله‌مان و گه‌لی كوردستان كراوه‌.

ئه‌بێ به‌پێی  رێككه‌وتن و راستگۆیانه‌ نه‌وت ره‌وانه‌ی كۆمپانیایی سۆمۆ بكرێت و ئه‌و هه‌نگاوه‌ش ده‌می دۆژمنانی گه‌لی كوردستان ئه‌دورێته‌وه‌و له‌ كاره‌ گڵاوه‌كانیان دوور ئه‌كه‌ونه‌وه‌و گوشاریان بۆ سه‌ر هه‌رێم نامێنێت‌  به‌ڵام ئه‌گه‌ر حكومه‌ت پابه‌ند نه‌بێت به‌و رێككه‌وتنه‌ هیچ كه‌س ناتوانێت پاره‌ بۆ هه‌رێم بنێرێت.

باشه‌ هه‌موو كات ده‌ستوری عێراق رێگا چاره‌ بێت بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان و نه‌وه‌ك له‌ كاتی هه‌ستكردنی حكومه‌ت به‌ لاوازی بیر له‌ ده‌ستور بكاته‌وه‌و بكروزێته‌وه‌و له‌ كاتی هه‌ستكردن به‌ توانای خۆی واز له‌و دستوره‌ بێنێت و پشمگوێ بخات.

وازهێنان له‌ خۆگیڤكردنه‌وه‌و لوتبه‌رزی وقسه‌ی بێبنه‌ماو درۆكردن.

بنبركردنی قاچاغچێتی به‌ نه‌وت و و شتومه‌كی ترو كۆنترۆڵكردنی ده‌روازه‌ سنورییه‌كان.

پشتبه‌ستن به‌ خه‌ڵكی كوردستان و ئه‌م و ئه‌وو كۆنفرانس به‌ستن بێسووده‌و هه‌وڵبدرێت هه‌موو كیشه‌كانی له‌ ریشه‌وه‌ به‌پێی یاسا چاره‌سه‌ر بكرێن نه‌وه‌ك له‌ سه‌ر سێنگ ده‌رپه‌راندن.

باشه‌ دۆست و ناحه‌زانی كوردستان له‌ یه‌ك جیا بكرێنه‌وه‌.

گرنگی بدرێت به‌ ناردنی شاندێك به‌ سه‌رۆكایه‌تی كه‌سانی خاوه‌ن بریار بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رچی گیروگرفت و كێشه‌ له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ند هه‌یه‌ چاره‌سه‌ر بكرین وكۆتایی به‌ناردنی شاندی بێده‌سه‌ڵات  بهێنن چونكه‌ له‌ چوون و گه‌رانه‌وه‌ی ئه‌و شانده‌ لاوازانه‌ ته‌نها پاره‌ خه‌رج كردنه‌ و تا ئێستا هیچیان نه‌كردووه‌و له‌ قسه‌ی زل و كۆنفرانس به‌ستن نه‌بێت.

27/11/2020

دەربارەی Ahmed Rajab