نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / تراژۆکۆمید لە ڕۆمانی کش وڵات دا

تراژۆکۆمید لە ڕۆمانی کش وڵات دا

smart

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان دەسپێک لە ھەموو دەقێکدا، یەکەم ئەڵقەی گرێدانی دەقە بە خوێنەر و یەکەم دەروازەی چوونە نێو دەقیشە لە دوای ناونیشان وەک ئاماژەیەکی گشتی دەق. زۆرجار سیحری گێڕانەوەی ڕووداوێک لە سەرەتاوە، ئەو ھەستە لای خوێنەر دروست دەکات کە بە دوای ڕووداوەکان دابچێت وکەمەندکێشی بکات. واتە لە سەرەتای دەقەوە، ھەرتەنھا گێڕانەوە یاخود سەرەتای ڕووداوەکە گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەوەیە چیڕۆکنووس یاخود ڕۆماننووس، چەند دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دەسپێکەوە، خوێنەر بباتە نێو ڕووداوەکانی دەقەکە. گەلێک جار دەسپێکی دەقێک ھەر لە سەرەتاوە ئەو تێڕوانینەمان بۆ دروست دەکات کە بە دوای ڕووداوەکانەوە بچین.

لە ھەندێ دەقی ڕۆماندا، دەسپێکی دەقەکە لە ڕووی سیحری گێڕانەوە و تەکنیکی داڕشتنەوە ھێندە لاواز و نا ھونەرییە، کە ھەر لە سەرەتاوە خوێنەر درک بەوە دەکات کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە چیڕۆک و ڕۆمان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی میللییانەی حیکایەت ئامێزە و ھیچ بنەمایەکی ھونەری گێڕانەوەی چیڕۆکی تێدا نییە. ئەگەرچی گێڕانەوە ڕەگەزێکی ھاوبەشە لە چیڕۆک و حیکایەتدا، بەڵام دواجار گێڕانەوە لەم دووژانرە لە ڕووی بونیادی ھونەرییەوە تەواو جیاوازن لە یەکتری. لە ھەندێ ڕۆمانیشدا، دەسپێکی ڕووداوەکان بە ئەندازەیەک سەرنجڕاکێشە، کە خوێنەر خەیاڵی چوونە نێو ڕۆمانەکە، کێشی دەکات و بە دوای ڕەوتی ڕووداوەکانەوە دەچێت. بە تایبەتیش ئەگەر دەسپێکی ڕووداوەکە، بە ڕووداوێکی سەیرو نامۆ، یان بە گێڕانەوەیەکی ناباو ، کە لە واقیعی کۆمەلگەدا نامۆ و جیاواز بکەوێتەوە دەست پێ بکات.

لەو ڕوانگەیەوە، ڕۆمانی (کش وڵات) یەکێکە لەو ڕۆمانانەی، دەسپێکی سەرنج ڕاکێشی ھەیە. خوێنەر کاتێ ئەو دەسپێکە دەبینێت، بەر دەلالەتێکی پرسیار ئامێز دەکەوێت. ئەم دەسپێکە پرسیار ئامێزە، خاڵێکە کە لێیەوە خوێنەر دەچێتە نێو ڕووداو و گێڕانەوەکان. دەسپێکی ڕۆمانی (کش وڵات) دەسپێکی ھێندە سەیر، ھاوکات تراژیدی و جێی پرسیارە، بە ڕادەیەک کە خوێنەر پەرەگرافی یەکەمی ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، وەک ئەوە وایە زرنگەیەکی گەورە لە مێشکییەوە بێت. چونکە بەر دەستەواژەیەک دەکەوێت، لە کۆمەڵگەدا نەک ھەر باسکردنی نەشیاوە، بگرە نەنگییەکی گەورە و مایەی ڕەتکردنەوە و بە کەم تەماشکردنێکی زۆر و بێزراویشە. دەسپێکی ڕۆمانەکە بەم دەستەواژەیە دەست پێ دەکات:_( موژدە ئەی عەبدولرەزاقی جوبران، ئەی ھاوڕێی نێو ئەندێشەی چیڕۆک و غەمە گەورەکان، موژدە ئەی ھاوڕێم بووم بە گەواد!) تاکو ئێستا، دەسپێکی ھیچ ڕۆمانێکم وەک ئەو ڕۆمانە، غەمگین، ھاوکات مایەی پرسیار و ھەڵوەستەکردن نەکەوتۆتە بەرچاو. مرۆڤێک بەو پەڕی ڕاشکاویی و بێ شەرمییەوە، باس لە پیشە نوێکەی خۆی دەکات کە ئەویش (گەوادییە) بەڵام لە پشت ئەو شوناسە شێواوە کۆمەڵایەتی و ئاکاریی و پەروەردەییە، تراژیدیایەک لە خەم و مەرگەسات و کارەساتەکانی مرۆڤ لە عێراقدا بەرچاو دەکەوێت، کە ڕەنگدانەوەی ئەو سیاسەت و کوشتن و خوێن ڕشتنەیە، کە گەلانی عێراق لە دەرەنجامی ستەمی دەسەڵاتی سیاسی و بە تایبەتیش بە عسی فاشی بە سەریان داھات.

پاڵەوانی ئەم ڕۆمانە، وەک باسمان کرد بە پیشە ھەڵگری ئەو شوناسەیە کە لە کۆمەڵگا ڕۆژھەڵاتییەکان و عێراقیش، وەک شوناسێکی سووک و ڕەتکەرەوە سەیری دەکرێت، کە بدرێتە پاڵ ھەر کەسێک، بە شێوەیەک کەسیەتی و پێگەی کۆمەڵایەتی و جەماوەری دەشکێت، تا ئەو ئاستەی پەنا بباتە بەر خۆکوشتنیش. بەڵام پاڵەوانی ڕۆمانەکە، بەرە و ڕووی ھەموو ئەو دیدە کۆمەڵایەتی و خێڵەکییانە دەبێتەوە و بە شانازییەوە پێ لە سەر پیشە و ناوبانگی خۆی دادەگرێت. بە بڕوای من ئەمەش لە سۆنگەی ئەوەیە کە ئەو پرسیارەمان لا دروست بکات کە بۆچی وای لێھاتووە؟ کێ بەرپرسە لەوەی ژنەکان ببنە لەشفرۆش و وڵات پڕ بێ لە قەحپەخانە و گەوادەکان؟ پاڵەوانی ڕۆمانەکە دوای ئەوەی تیاترۆخانەیەک دەکاتەوە، ئیدی سەروکاری لە گەڵ دنیای لەشفرۆش و لە شکڕان دەبێت و لە پەراوێزیەوە، بە وردی سەرنج لە سایکۆلۆژیای مرۆڤی عێراقی بە تایبەتی دەدات. دیوێکی ئەم ڕۆمانە، بە بڕوای من لابردنی ئەو ماسکە کۆمەڵایەتی و کەسی و ئاکاریەیە، کە زۆرجار مرۆڤەکان لە پێناو شاردنەوەی ماھیەتی ڕاستەقینەی خۆیان دەیپۆشن، بە تایبەتیش سێکس وەک گرێیەکی دەروونی. پاڵەوانی ڕۆمانەکە سەرنج دەدات، کە ھەموو جۆرە کەسایەتییەکی جیاواز لە ڕووی پیشەیی و کۆمەڵایەتی و پێگەی خێڵەکی و جەماوەرییەوە، سەردانی قەحپەخانەکەی دەکەن. بەو مانایەی سێکس چۆن بۆتە گرێیەکی دەروونی لای مرۆڤی عێراقی و ڕۆژھەڵاتی. بە ڕۆژ ئەو مرۆڤانە، کەسانی بە ویقار و دیار و خاوەن کەسایەتی و دەسەڵات و ھێز و پێگە و بڕوادارو ئاییندارن، کەچی ھەمان ئەو کەسانە، بە شەو لە ژێر پێی لەشفرۆشێک دەکروزێنەوە و دەکەونەسەر چۆک لە پێناو سێکس و غەریزە خەفە کراوەکەیاندا. تەنانەت ڕۆماننووس کەسایەتییەکی ڕۆمانەکەی بە ناوی (عەلی وەردی) ناوناوە و ئەمیش ھاوشێوەی ئەوانیتر سەردانی سۆزانیخانەکەی دەکات. دەکرێ ئەمەش وەک ئەو ئاماژەیە لێک بدەینەوە کە تەنانەت ئەو زانا گەورە و ناودارەی عێراقیش، لە بیرو بیرکردنەوەیدا وەک ئەوانیترە. ، بێگومان ئەمەش دەرەنجامی ئەو دۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و پەروەردەیەیە کە کۆمەلگە، بە تایبەتیش دوای شەڕەکان تێی دەکەوێت.

ڕۆماننووس دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە سۆزانخانەکەی ئەو، دەرەنجامی سۆزانحانەیەکی گەورەترە کە ناوی دەوڵەتە. واتا ئەوان قوربانی واقیعێکی سیاسی و کۆمەڵایەتین، کە خۆیان ھیچ دەستێکییان لە ھەبوون و دروستکردنی ئەو واقیعە نییە. وەک ئەوەی یەکێک لە لەشفرۆشەکان بە ناوی بەڵقیس دەڵێت:_(من یەکێکم لەو ژنانەی کە جەنگ ڕوحی ھاڕی وھەڵیدایە قەحپەخانەکان، پیاوەکەم بە پێوەری وڵات شەھید بوو، منیشی وەک سۆزانییەک بەجێی ھێشت) لێرەوە دەکرێ بڵێین ھەموو ئەوانەی بە شێوەیەک لە شێوەکان، چارەنووسیان دەکەوێتە سۆزانیخانەکان، قوربانی واقیعێکی دیکەن، کە دەرەنجامی شەڕ و تێکچوونی دۆخی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی کۆمەڵگەیە. ژنە شەھیدێک لە بری ئەوەی ژیانێکی شایستە و سەربەرزانەی بۆ دابین بکرێت، کە چی بە پێچەوانەوە لە سایەی شەڕ و دەسەڵاتە شکست خواردووەکان، چارەنووسی بە لەشفرۆشی کۆتایی دێت. کە واتا سۆزانیخانەکە، بەرمەبنای سۆزانیخانەیەکی گەورەترە کە ناوی دەوڵەتە، وەک ئەوەی پاڵەوانی ڕۆمانەکەش دەڵێت:_(ھەموو سۆزانییەکانی شار، قوربانی بەدڕەوشتی نیشتمانن، بەدڕەوشتی کۆمەڵایەتی و مرۆڤایەتی) بێگومان دوای ئەوەی دەوڵەت بەوە دەزانێت سۆزانیخانەیەک ھەیە، ئیدی پیاوەکانی دەسەڵات بەسەر شوێنەکە دا ئەدەن و خاوەنەکەی دەگرن و ڕووبەڕووی دادگای دەکەنەوە. کاتێ دادەور پرسیاری لێ دەکات، کە چۆن کارێکی نەشیاوی وا دەکات کە بۆ شکۆ و ناوبانگی نیشتمان جوان نییە؟ پاڵەوانی ڕۆمانەکە، چەندین جار، بە گاڵتە جاڕییەوە جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو گەوادە و بە ڕاستگۆیی کار و پیشەکەی خۆی کردووە ( من گەوادم نکۆڵی لەوە ناکەم، مرۆڤایەتیم بەو ئاراستەیە پاڵ ناوم) پاشان بە سەر سوڕمان و گاڵتە جاڕییەوە لە دادەوەر دەپرسێ کام نیشتمان و کام شکۆ؟ کوا شتێک ھەیە بە ناوی نیشتمان؟ سەرەنجام دادوەر بڕیاری لە سێدارەدانی بۆ دەردەکات وئەوەی پەتەکەش دەخاتە گەردەنی، عەبدولرەزاق جوبرانی ھاوڕێیەتی. دواتریش بە خەیاڵ، مەرگی خۆی دێنێتە بەرچاو و لە ڕۆژی دواییدا لە بەردەم خودا وەستاوە و بە ڕووتی لێپرسینەوەی لەگەڵدا دەکات و بەمەش کۆتایی بە ڕۆمانەکە دێت. لە ڕاستیدا، ئەم ڕۆمانە یەکێکە لەو ڕۆمانە جوانانەی کە دەتوانم بڵێم دیوێکی تراژیدی و دیوێکی کۆمێدی ھەیە. ڕۆمانێکە، ئەوەندەی پرسیارمان لادروست دەکات، کە مرۆڤەکان بۆچی بەرە و چارەنووسێکی خراپ دەچن، ئەوەندە باسکردن نییە لە شوناس و پیشەیەکی بێزراوی کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی. ڕۆماننووس ناڕاستەوخۆ ئەو پەیامە دەگەیەنێت، کە دەوڵَەت بووە سۆزانیخانەیەکی گەورە و مرۆڤ ھیچ ماف و بەھاو پیرۆزییەکی نەبوو، ئیدی سۆزانیخانەکانی تر، لە پەراوێزی ئەو سۆزانیخانە گەورەیە دروست دەبن. ئەوان بەرھەمی لادانێکی دیکەی گەورەترن، کە ئەویش لادانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ھزرییە، بە ئاراستەی وێرانکردنی ژیان و مرۆڤ و ھەموو بەھاو ئاکارە جوانەکانی. ئەگەر دەوڵەت سۆزانیخانەیەکی سیاسی و شێواوی گەورەی تاکەکان نەبووایە، ئێستا سۆزانحانەکەی ئەویش بوونی نەدەبوو. ئەم ڕۆمانە، ڕۆمانێکی جوان و سەرنجڕاکیشە. وەرگێڕەکەی تا ئەندازەیەکی زۆر زاڵە بە سەر زمانی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە، بە پێچەوانەی ڕۆمانی کش وڵات، کە من ڕەخنەم لێگرت و بەداخەوە ئەویش لە کۆمێنتێکی فەیسبووکدا، تەشھیری پێ کردم. بەڵام ئەمە ھیچ لەو چێژ و جوانییە ناگۆڕێت لای من، کە لەمیانەی خوێندنەوەی ڕۆمانەکە لام دروست بوو. بۆیە دەستخۆشانە لە وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم کە ڕۆمانێکی جیاواز و تایبەتی وەرگێڕاوە.

*پەراوێز: کش وڵات، ڕۆمان، نووسینی: شەھید، وەرگێڕانی: دانا عەسکەر، بڵاوکراوەی: ناوەندی فێربوون_ ٢٠٢٠.
*تراژۆکۆمید، بە مانای کارێک کە لە یەک کاتدا، تراژیدیا و کۆمیدیای تێدا بێت.

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی کوردستانی نوێ، ژمارە (٨٣٩٨) ڕۆژی ١/٧/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە

دەربارەی Sadiq Rwandze