سەرەتا / وتار و بیروڕا / ئێسپرێسۆ / تۆ بڵێی گۆرانیبێژه‌کان ڕۆژێک بێت نوتق بکه‌ن!؟

تۆ بڵێی گۆرانیبێژه‌کان ڕۆژێک بێت نوتق بکه‌ن!؟

ئەم هەفتەیە لە کۆڕێکی ماتەمینی و پڕ لە بێزاریدا بە دەوری مێزێکی گەورەدا لەگەڵ هەموو گۆرانیبێژانی کورد دادەنیشین و ئێوەی خوێنەریش لەم شانۆیەدا لەگەڵمانا بن. ئێمە قاوە دابەشدەکەین و پرسیاردەکەین… قاوەگێڕ ڕەخنە دەگرێت و توڕەبوونی لە لوتکەدایە. بەڵام پێش ئەوەی هەفتەکە کۆتایی بێت دەزانین هیچکام لەم کەڵە پیاوانەی بواری گۆرانی و موزیک نوتقیان لێوە نایەت. بەداخەوە بۆ ئەم بێهەڵوێستییە!!

 سەردەشتی لاو لەبەردەم باڵاترین وێستگەی فێربووندا کە زانکۆیە تیرۆر کرا.. ئەمە مانای ئەوپەڕی لاوازی و ناتەندرووستی دەسەڵاتێکە کە حاکمە لەم دەڤەرەدا. بەردەوامیدان بە ڕۆژانی دوای کارەسات و هەنگاونان بەسەر ئەم کارەساتەدا لەلایەن هاوڕێیان و هاوپیشەکانی سەردەشتەوە مانای ناهۆشیاری و بێهەڵویستییەکی نەشیاوە، لەکاتێکدا دەبوو هەموویان پێکەوە لەبەردەم ماڵی سەردەشتەوە هەتا بەردەم کۆلێجەکەی بە پێوە ڕابوەستانایە هەتا  تیرۆرستان دەهێنرانە بەردەم دادگایەکی دادپەروەر.

بێدەنگی و بەجێمان لە خەونەکاندا و کەمتەرخەمی تۆی هونەرمەند لە ئاستی ئەم ڕووداوە ترسناکەدا داکۆکیکردنە لە مانەوەی خۆت و هونەرەکەت و وڵاتەکەت لەم دواکەوتووییەدا. لەکاتێکدا ئێمە چاوەڕێی پارچە موزیک و ئاوازە توڕەکان و دەنگە زوڵال و پڕ لەهەستەکان بووین ئاهی دەروونمان ڕابماڵێت، بەڵام بەداخەوە لەودیو دیوارە ئەستوورەکانی ماڵەکانتانەوە نەک هەڵوێست و شتی گەورە بەڵکو زیکەیەکتان لێوە نەهات. هەموو میدیا ئازاد و نائازادەکان هەموو نوسەرە باش و خراپەکان لەهەموو چەشنەی خەڵک بینران لە هەڵویستەکانیاندا.. بەڵام هەموو ڕاگەیاندنە بینرا و بیستراوەکانی دنیا بگەڕێ هونەرمەندێکی کورد نادۆزیتەوە هەڵویستێکی سەنگینی دەربڕیبێت بۆ ئەم تیرۆرە ترسنۆکانەیە..  ئەم ڕووداوە یەکەم ڕووداو نیە هەتا چاوپۆشی لێبکەین..  لە کارەساتی شەهیدبوونی دوعادا، لە تیرۆرکردنی سۆرانی مامەحەمەدا، لە جوانەمەرگکردنی ئەم بوێرەدا ….  کەی هەست دەکەیت تۆی هونەرمەند بە چەمکێکی گەورە و کاریگەری کلتورەکەمان بارگرانیت؟

چرا تیڤی وەک پێگەیەکی هونەری شاز.. شانازی بە خۆیەوە دەکات لەم جۆرە بارودۆخانەدا  خاوەنی هەڵوێستێکی دیارە، لە تیرۆری دوعادا سێ ڕۆژ بڵاوکردنەوەی بابەتەکانی ڕاگرت و هەمیشە خاوەن هەڵوێستە لە پرسە هەستیارەکاندا.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

وەڵامێک بنووسە