سەرەتا / ئەدەب / خوێندنەوەکەی (جومعە کانی لەلەیی) بۆ زۆربای ئێرانی و سەرنجێکی کورت

خوێندنەوەکەی (جومعە کانی لەلەیی) بۆ زۆربای ئێرانی و سەرنجێکی کورت

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان نووسین ، بە تایبەتیش ئەگەر ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بێت لە بارەی دەقێک، پێویستی بە پاشخانێکی ڕۆشنبیری گەورە ھەیە. چونکە ئەرکی نووسەر لێرەدا، وێرای ئەوەی ڕەخنەکردن و شڕۆڤەکردنی ناوەڕۆکی دەقەکەیە، ھاوکات وردبینیشە. بۆ ئەوەی خودی نووسەرەکە خۆی نەکەوێتە ھەڵەوە. بۆیە بڕوام وایە، ھیچ ژانرێک ھێندەی لێکۆلینەوە لە دەقی ئەدەبی، بەرپرسیاریەتی نییە. چونکە بچووکترین ھەڵە و کەمترین زانیاریی، دەبێتە ھۆی بە ھەڵە تێگەیاندنی خوێنەر. ئاساییە نووسەرێک لە نووسینێکی خۆیدا، چەندین ھەڵەی بابەتی و مێژوویی و زمانەوانی بکات، بەڵام ئەوە ئاسایی نییە، کە ئەوەی ئەو ھەڵانە بۆ نووسەر ڕاست دەکاتەوە، خۆی بکەوێتە ھەڵەوە. ھەموو دەقێکی ئەدەبی دەشێ زۆرتر لە خوێندنەوەیەک ھەڵبگرێت و ھەموو خوێندنەوەیەکیش جیاواز دەکەوێتەوە لە یەکتری. بۆیە ئاسایە دنیابینی خوێنەرێک لە بارەی دەقێکەوە، لە دنیابینی و خوێندنەوەی خوێنەرێکی تر نەچێت. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە، چۆنیەتی خوێندنەوەی دەقەکەیە کە پێویستی بە وردبوونەوە و ڕامان ھەیە، بۆ ئەوەی ئەگەر نووسەر لە شوێنێک ھەڵەیەکی کردبێت، خوێنەرو ڕەخنەگر دەست نیشانی بکات. زۆر جار لە پەراوێزی ئەو ھەڵانەوە، خوێنەر خۆی دەکەوێتەوە ھەڵە و بە دیدگایەکی ھەڵە، لە مانای دەق و وشەکان دەگات. واتا لە بری ئەوەی ھەڵەکانی نووسەر ڕاست بکاتەوە، بە پێچەوانەوە ئەوەی ئەو دەینووسێت ھەڵەیە. لەو ڕوانگەیەوە، کاتێ وتاری (خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی زۆربای ئێرانیم)خوێندەوە کە(جومعە کانی لەلەیی) نووسیویەتی و لە والی تایبەتی برای وەرگێڕ(شەفیقی حاجی خدر) و ھەروەھا (ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ)ش بڵاو بۆتەوە، بە پێویستم زانی وەک خوێنەرێک کە ئەو ڕۆمانەم بە وردی خوێندۆتەوە، چەند سەرنجێک بنووسم و بە مەبەستی ڕوونکردنەوەی زیاترو دەرخستنی ئەو ھەڵانەش کە نووسەر تێی کەوتووە. بە تایبەتیش لە بارەی وەرگێڕان و زمان، کە وردەکاریەکی زۆری دەوێت. ئەوانیش:_
* نووسەر نووسیویەتی:_( سەگە تۆڕییەکان وشەیەکی نوێیە و داھێنانی وەرگێڕی ڕۆمانەکەیە). بەڵام بە پێچەوانەوە، ئەم وشەیە نە نوێیە نە داھێنان، بەڵکو زۆر باویشە، ئەگەر نووسەر گوێبیستی نەبووبێت ئەمە شتێکی ترە. ئێستاش لە ڕواندزو دەروبەری و ناوچەی باڵەکایەتیش، سەگی تۆڕی بەکار دێت بۆ سەگی بێ خاوەن. تەنانەت زۆر جار دەڵێن:_ (وەک سەگ تۆڕی بووە و بە ماڵ ناکەوێتەوە).
*نووسەر نووسیویەتی:_ (دەلینگی شەڕواڵ لە دوو لینگ پێکھاتووە).بە پێچەوانەوە، دەلینگ بە شێکە لە شەرواڵ و شەرواڵ لە دوو لینگ پێکھاتووە، نەک ئەوەی دەلینگ لە دوو لینگ پێکھاتبێت وەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی.
* نووسەر نووسیویەتی:_(داپیرە پیرەکە ھەڵەیە یەک پیر بەسە). مەرج نییە ھەرکەسێک داپیرە بێت ئیدی زۆر پیر بێت. چونکە ئێستا بە ھۆی ھاوسەرگیریی لە تەمەنێکی بچووکەوە، داپیرە ھەیە نەگەیشتۆتە پەنجا ساڵیش، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئەوەی وەرگێڕ نووسیویەتی دروستە و بابەتیتیرە. چونکە جەخت کردنەوەیە لە تەمەنی داپیرە، کە کەسێکی زۆر پیربووە.
* نووسەر نووسیویەتی:_( ھەنگاو ھاوێشتن لە بری قەدەم لێدان بنووسێت). قەدەم لێدانیش ئاساییە و ھیچ لە مانای ڕستەکە ناگۆڕێت.
* نووسەر نووسیویەتی:_( خوێنەر دەزانێت مار چییە، بەڵام نازانێت مر چییە و ئەمە لە سەر وەزنی خانوو مانووە). مارو مر، دەستەواژەیەکە لە ناوچەکانی ئێمە بەکاردێت و ئاساییە. بە تایبەتیش کە وەرگێڕی ڕۆمانەکە، خۆی کوڕی باڵەکایەتییە و زمانزان و وەرگێڕێکی وردوو بە توانا و بە ئاگاشە. ھاوکات(مر) مانای ھەیە، نەک وەک ئەوەی نووسەری وتارەکە بە بێ مانا لەو وشەیە گەیشتووە. مر بە مانای(مەل) بۆ نموونە:_(مر+یشک) واتا(مەلی وشکایی).(مراوی) واتا( مەلی ئاوی).
* نووسەر نووسیویەتی:_(لە ھیچ شێوەزارێکی کوردیدا، زەوەند بۆ نەوە بە کار نایەت). نازانم نووسەری وتارەکە، لە بارەی شێوەزاری ڕواندزییان زانیاریی ھەیە یان نا؟ چونکە لە ڕواندز و دەوروبەری دەگوترێت:_( عە شیرەتێکی زۆرو زەوەندن، بنەماڵەیەکی زۆرو زەوەندن).
* نووسەر نووسیویەتی:_(وشەی بردە برد ھەڵەیە و دەبوو پرتە پرت بایە). بەڵام بەکار ھێنانی ئەم وشەیە، ھیچ ھەڵە نییە و بردە بردیش ھەمان مانای ھەیە. پرتە پرت، لە لای ئێمە ھەر تەنھا بە بۆَلە بۆڵ نایەت، بەڵکو بەو چرایە کزە دەگوترێت، کە ھی لامپاو فانۆسە و جارجارە دەجوولێتەوە و لە سەرو بەندی کوژانەوەی دایە و دەڵێین:_ (پرتە پرتیەتی).
* نووسەر نووسیویەتی:_( پاشگری بوونی بۆ ڕستەی، وەک نیشانەی باشبوونی خۆی سەری لە قاند پێویست نەبوو). لێرەدا، ئەو پاشگرە وەک جەختکردنەوە لە زۆرباشبوون بەکار ھاتووە. چونکە(باش_باشتر_باشترین) ھەیە و ھەر یەکەشیان ئاماژەن بۆ دۆخێکی دیاریکراو، بۆیە ھیچ ھەڵە نییە لە ڕستەکەدا.
* نووسەر نووسیویەتی:_( وشەی دەنازی بە بێ ھۆ کراوەتە دەزانی) بەڵام ئەم وشەیە دەزانییە نەک دەنازی. چونکە لە ڕۆمانەکەدا ھاتووە (ئەو ئافرەتێک بوو بەخۆی شاناز بوو، بە خۆیشی دەزانی کە لە بنەماڵەیەکی خانەدانە) سەرنج لە ڕستەکە بدەن، وشەکە لە سیاقی ڕستەکەدا بەکارھاتووە و ماناش دەگەیەنێت.
* نووسەر نووسیویەتی:_( لە لاپەڕە ٢٣٦دا وشەی مەحکەمی بەکار ھێناوە، کە نەگونجاوە لەگەڵ مانای ڕستەکە). بڕوام وایە، نووسەری وتارەکە ورد نەبووە لە خوێندنەوەی ڕستەکە. چونکە ڕستەکە دەڵێت:_( ئاخر لە نێو دیوارە مەحکەم و درێژەکانیدا ھەمیشە ھەستم بەوە دەکرد پارێزراوترم). مەحکەم لەم ڕستەیەدا زۆر گونجاوە. چونکە بە مانای دیواری پتەو دێت. نووسەر واتێگەیشتووە، لە ڕستەکەدا بە مانای ترس دێت. لاپەڕەکەش٢٣٥ نەک ٢٣٦ وەک ئەوەی ئەو نووسیویەتی.
* نووسەر نووسیویەتی:_( وشەی ئەکرەم لە زمانی کوردی بۆ ژن بەکار نایەت بۆیە دەبوو بیکوردێنی). کارەکتەرەکە ئەکرەمە جونە، نەک ئەکرەم بە تەنیا، ئەگەر تەنیا ئەکرەم بوایە، ڕەنگە وابوایە.

* نووسەرنووسیویەتی:_( مەبادا ھەڵەیە و دەبوو بنووسێت نەبادا). بەڵام زۆرجاریش مەبادا بەکاردێت.
* نووسەرنووسیویەتی:_(لاپەڕە ٢٥٨ مەحکەمی بۆ دۆستایەتی بەکار ھێناوە). ئەمەشیان ھیچ ھەڵەیەکی تێدانییە. چونکە لە ڕستەکەدا ھاتووە:_(من ڕایەڵەی دۆستایەتییەکی مەحکەمم ڕاچاندبوو) واتا نە وشەکە و نە ڕستەکەش، ناڕوونییەکییان نییە لە گەیاندنی واتادا.
دواجار دەڵێم، گرنگە نووسەران لە بەراوردکردنی دەقێکی وەرگێڕدراودا، کۆپی دەقەکەشیان لابێت ئەو کات سەرنج و تێبینی بنووسن. نووسەری وتارەکە خۆی دەڵێت دەقە ئەسڵیەکەی نەبینیوە، ئیدی نازانم چۆن لە خۆیەوە ماناو ناوەڕۆک دەداتە پاڵ وشە و واتاکان.

ڕواندز
تشرینی دووەمی ٢٠٢٠

دەربارەی Sadiq Rwandze