سەرەتا / ئەدەبی / ئەدەبی / خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی خورمای سەر پەنجەکان

خوێندنەوەیەکی کورت بۆ ڕۆمانی خورمای سەر پەنجەکان

سەدیق سەعید ڕواندزی

کۆمەڵناس وزانای ناوداری عێڕاقی(عەلی وەردی) لە کتێبی وانەکانی ژیانمدا، کە بیرەوەرییەکانی خۆیەتی و تیایدا باسی کۆمەلگەی عێڕاقی لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا دەکات، ھەروەھا لە گەلێک لە کتێبەکانی دیکەشی، باسی کەسییەتی تاکی عێراقی دەکات و ڕەھەندە کۆمەڵایەتییەکانی دەردەخات. بە بڕوای ئەو کۆمەڵناسە، تاکی عێڕاقی تاکێکی دووفاقییە ولە زۆربەی کاتدا، پرەنسیپێکی کۆمەڵایەتی و مۆڕاڵی جێگیری نییە و ھەوڵدەدات لە گەڵ ھەمووبارودۆخێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی، ھەموو دەسەڵاتێک خۆی بگونجێنێت. لەم ڕووەوەش لە کتێبی وانەکانی ژیانمدا، نموونەی سەرۆکی شارەوانی بەغدا دەھێنێتەوە کە لە سەردەمی عوسمانییەکاندا چۆن ژیاوە و چەند خزمەتی ئەوانی کردووە، کەچی کاتێ ئینگلیزەکان عێڕاق داگیردەکەن و عوسمانییەکان لە بەغدا وەدەردەنێن، ھەمان ئەو سەرۆک شارەوانییە چی بۆ ئەوان کردبوو،بۆ ئینگلیزەکانیش دەیکات. لە کاتێکدا خەلافەتی عوسمانی دەسەڵاتێکی بەناو ئیسلامی ھەبوو. ئەو دووفاقییە، بۆتە بەشێک لە خەسڵەتی کۆمەڵایەتییانەی تاکی عێڕاقی و وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی و دەروونی لێھاتووە.ئەوەی بەلای ئەوەوە گرنگە ئەوەیە،کە چۆن پارێزگاری لە بوون و بەرژەوەندی خۆی بکات، ھەربۆیەشە چۆنی مەبەست بێت بەو شێوەیە دەژیت، یان لەگەل ھەموو بارودۆخێک خۆی دەگونجێنێت. کاتێ سەرنج لە کارەکتەری(نوح)ی پاڵەوانی ڕۆمانی خورمای سەرپەنجەکانیش دەدەین، دەبینین ھەمان ئەو جۆرەکەسیەتییە دووفاقیەی ھەیە. کەلە عێڕاق دەژیت مرۆڤێکە و کە ئاوارەی ئیسپانیاش دەبێت، کەسێکی دیکەی سەدو ھەشتا پلە جیاوازە لەوەی لەگوندەکەی خۆی، لەنێو عەرەبەکان ھەیبووە. تا ئەو ئاستەی گومان بکەین ئەو کەسە نوح بێت. ڕووداوەکانی ئەم ڕۆمانە،لە گوندی (سوبح) دەست پێ دەکات.کە بە ناسنامە عەرەبن. ئەم بنەماڵەیە،لە نەوەی موتڵەقی باپیرەگەورەیانن. نوح، کە دەکاتە کوڕی موتڵەق و باوکی سەلیم، لەو گوندە دەژیت. کچێکی ھەیە بەناوی(ئستە برەق)ئەم کچە، نەخۆشییەک دەگرێت و ڕۆژ بە ڕۆژ لاواز دەبێت و ڕەنگی زەرد ھەڵدەگەڕێت.بۆیە ڕۆژێکییان دەیباتە لای پزیشک لە شاری تکریت و بەرلەوەی بگەنە نۆڕینگە، لە سەر شۆستە، شۆفێرێک دەستێک بە سمتی کچەکەی نوح دەکێشێت . ئەم ڕووداوە، دەبێتە سەرەتای دروستبوونی شەڕو ئاشووبێک، کە سەرەنجام ھەڤدە کەسی تیادا دەکوژرێن. لە ڕوانگەی نوح، ئەمە دەستدرێژیی و شکاندنی شکۆی خێڵەکی و کەسی ئەوە. چۆن دەبێت کوڕێک دەست لە سمتی کچەکەی بدات، ئەویش بێ دەنگ و بێ ھەڵوێست بێت. بۆیە ھێرش دەکاتە سەر کوڕەکە و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات و خەڵتانی خوێنی دەکات. دوای ئەمە، ھێزەکانی پۆلیس نوح دەگرن و کەس و کارەکەشی کاتێ لە ڕێی ئستە برقەوە بەو ھەواڵە دەزانن، ئەوەندەی تر ھەست بە شکاندنی خۆیان دەکەن. بۆیە بڕیار دەدەن ھێڕش بکەنە سەر پارێزگاری تکریت و نوح ڕزگار بکەن. لەم شەڕو ڕووبەڕووبوونەوەیەدا، ھەڤدە کەس لە کەس و کارو ناسیاوەکانی نوح دەکوژرێن و دواجاریش گوندەکەیان چۆڵ دەکەن. تائێرە، ئێمە لە بەردەم نوحێکی عێڕاقی داین، مرۆڤێک کە کەسیەتییەکی خێڵەکی، میللی وپەتریاکی ھەیە.مرۆڤێک کە شانازی بە شەڕەفی خێَڵ و بنەماڵەوە دەکات و جەستەی ژن، وەک ھێمای شکۆمەندیی و شەڕەف دەبینێت. بۆیە چەند پارێزگاری لەو جەستەیە بکات، ئەوەندە شکۆ و پێگەی جەماوەری خۆی و بنەماڵەکەی بە سەربەرزی ڕادەگرێت. نوح ئەو دەمەی لە گوندەکەیدا دەژیت، کەسێکە وابەستەی داب و نەریتی میللی و خێڵەکی، ھەموو ئەو ڕێسایانە پیادە دەکات کە خەڵکی گوندەکەی و بنەماڵەکەی پێ دەناسرێنەوە. بەڵام کاتێ ھەمان ئەو مرۆڤە، واتە نوح، ئاوارەی ھەندەران دەبێت و لە ئیسپانیا دەگیرسێتەوە، دەبێتە کەسیەتییەکی دیکەی سەدو ھەشتا پلە جیاواز لە وەی لە عێراقدا ھەیبوو.نوح کاتێ ئاوارەی ڕۆژئاوا دەبێت،دیسکۆیەک دادەنێت و گارسۆنەکانیشی ھەموویان لە ڕەگەزی مێن. نوح دەبێتە مرۆڤێکی دیکە، تا ئەو ڕادەیەی سەلیمی کوڕی شۆک دەیگرێت کە چۆن باوکی و کوڕی موتڵەقی بە ناو و دەنگ، بەم شێوەیە گۆڕاوە. نوح کە تەنھا لە بەر ئەوەی کێشایان بە سمتی کچەکەی، ھەڤدە کەسی لە عێڕاقدا بەکوشتدا، کەچی خۆی لە دیسکۆکەیدا، ڕۆژانە دەست لە سمتی ڕۆساو فاتیمە دەدات و چێژ لەو کردەوەیە وەردەگرێت. ئەمە وێرای ئەوەی کە مەی دەخواتەوە و لەیانەکەیدا، کوڕان و کچان سەما دەکەن و ئەویش وەک ئەوەی ھەرگیز ئەو کەسە نەبێت کە لە گوندی سوبح دادەنیشت و چەند وابەستەی خێل و بنەماڵەکەی بوو. ئەمجارەیان نوح دەبێتە کەسێکی دیکەی جیاواز کە پشت دەکاتە داب و نەریتی میللی و خێڵەکی بنەماڵەکەی . وەک کەسێک ڕەفتار دەکات کە نە ڕۆژێک عەرەب بووە، نە موسڵمانیش. بەڵکو مرۆڤێکە خۆی لەگەڵ ھەموو بارودۆخێک دەگونجێنێت.ئەزموونی ئەو مرۆڤە لە ژیاندا پێمان دەڵێت کە زۆرجار مرۆڤەکان، ئایین و ناسنامە، خێل و بنەماڵە،شکۆو کەسیەتی، بۆ ھەڵخەڵەتاندن و فریودان بەکاردێنن. نوح ماسکێک دەپۆشێت کە لە عێڕاقدا، پێویستە و پێی دەناسرێتەوە، کەچی کاتێ دەچێتە ئیسپانیا، ئەو ماسکە فڕێدەدات و یەکێکی تردەپۆشێت. لێرەوەش ئەو بۆچوونەی عەلی وەردی لە بارەی کەسیەتی تاکی عێڕاقی، جوانتر بەرجەستە دەبێت. خورمای سەرپەنجەکان، ڕۆمانێکی سادەیە، وەلێ ڕەھەندێکی قووڵی کۆمەلاِیەتی ھەیە. ڕۆماننووس ھونەرییانە ڕووداوەکانی لە نێوان عێراق و ئیسپانیا، مۆنتاژکردوون و بەیەکەوەی گرێداوان. بە ڕادەیەک خوێنەر کە ڕۆمانەکە دەخوێنێتەوە، چێژی لێ وەردەگرێت.ئەو ڕۆمانە، نموونەیەکی دیارو بەرجەستەی، لایەنە دەروونی و پەروەردەییەکانی تاکی عێڕاق دەردەخات. نموونەی مرۆڤێکمان پیشان دەدات، کەحەربا ئاسا خۆی لەگەڵ ھەموو بارودۆخ و سەردەمێک دەگونجێنێت. مرۆڤێک کە ھەموو بەھایەکی ئاکاریی و مرۆیی، نیشتمانی و ئایینی، لەپێناو بەرژەوەندی خۆی لەژێر پێ دەنێت. مرۆڤێک( وەک ئەوەی ئێستاش باوە) ئایینی ئیسلام و موسڵمانیبوون، دەکاتە ئامرازێک بۆ فریودان و ھەڵخەڵەتاندن و چەواشەکاریی، ھەموو شتێک لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی و کەسی خۆی دەکات. دەنا نوح کە بە ڕەوای نەدەبینی کەسێک دەست لە سمتی کچەکەی بدات و ھەڤدە کەسی لەو پێناوە بەکوشت دا،بۆچی بۆ خۆی بەڕەوا دەبینێت ڕۆژانە دەیان جاردەست لە سمتی ژنان بدات؟مەگەر ئەمە دووفاقی نییە؟ دواجار سوپاسی وەرگێڕی ڕۆمانەکە دەکەم کە جوان ڕۆمانەکەی کردووە بەکوردی. وەک خوێنەرێک چەند وەرگێڕانێکی ئەو وەرگێڕەم خوێندوونەتەوە و چێژم لێ وەرگرتوون.ئومێدم ھەیە لە داھاتوو ببێتە یەکێک لە وەرگێڕە دیارەکان.

*پەراوێز: ناوی ڕۆمان(خورمای سەرپەنجەکان) نووسینی(محسن ئەلرەملی) وەرگێڕانی(رەنجدەرجەبار) بڵاوکراوەی ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەھەند_سلێمانی ٢٠١٩.

دەربارەی Sadiq Rwandze