دوو شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 26, 2020
سەرەتا / ئەدەب / خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵە چیڕۆکی دنیا سێ پیتە

خوێندنەوەیەک بۆ کۆمەڵە چیڕۆکی دنیا سێ پیتە

سەدیق سەعید رواندزی

چیڕۆکی نوێ،بە کۆمەڵێک خاسییەتی ھونەری و تەکنیکی نوێ دەناسرێتەوە،کە جیای دەکاتەوە لە چیڕۆکی کۆن.کۆن بە مانا مۆپاسانییەکەی کە تیایدا بونیادی ھونەری چیڕۆک، لەگرێچن و ناوەڕۆک و کۆتایی ڕووداوەکان پێکدێت و ڕەنگە خوێنەر بە ئاسانی لە ناوەڕۆکی چیڕۆکەکە بگات.بەڵام چیڕۆکی نوێ،جۆرێک لە ئاڵۆزی ماناو گەمەی زمانەوانی و مانایی تێدایە،کە خوێنەر ناچار بە بیرکردنەوە و ڕامان دەکات. تەنانەت لە ھەندێ کاتدا، کە لە خوێنەوەی چیڕۆکەکان دەبێتەوە، چەندین لێکدانەوە و خوێندنەوەی جیاوازی بۆ چیڕۆکەکان لادروست بێت.چونکە ڕووداوەکان، کارەکتەرو گێڕانەوە و دەربڕینەکان، ھاوشێوەی بینای ھونەری چیڕۆکی کۆن نییە. بۆیە ئێستا خوێنەر لە بەردەم جۆرێکی دیکەی چیڕۆکدایە، کە لە دەرەوەی ئەو فۆڕمە باوەی چیڕۆکە کە پێشتر بونیادی ھونەری چیڕۆکەکانی پێکدەھێنا. لەو ڕوانگەیەشەوە کۆمەڵە چیڕۆکی(دنیا سێ پیتە) یەکێکە لەو کۆمەڵە چیڕۆکانەی، کە بە دنیابینییەکی جیاوازو تەکنیکێکی جیاواز نووسراوە. چیڕۆکەکان، چ لە ڕووی ناوەڕۆکەوە بێت، چ لە ڕووی کارەکتەرو ڕووداوەکانەوە بێت، ئاڵۆزو تەمومژاوین، کە بە ئاسانی ھەموو خوێنەرێک لە ناوەڕۆکەکەیان ناگات. ئەمەش ماھییەتی چیڕۆکی نوێیە کە چیتر وەک چیڕۆکی کۆن، بە خوێندنەوەیەکی ئاسایی، ماناکان بە دەستەوە نادات. لێرەدا، لە چەند لایەنێکی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە دەدوێین:_

یەکەم:_فەنتازیا و خەیاڵسازیی
ڕەگەزی فەنتازیا، پانتایەکی گەورەی لەو دەقانە گرتووە، بە ڕادەیەک ھیچ کام لەو چیڕۆکانە نییە بێ فەنتازیا بن. گەرچی خوێنەر سەرەتا کە چیڕۆکەکان دەخوێنێتەوە، وا ھەست دەکات لە بەردەم گێڕانەوەیەکی واقیعی ڕووداوێک، یان وەسفی کارەکتەرو شوێنێک دایە، کەچی لە پڕ ھەموو ئەو تێگەیشتنە واقیعییە دەگۆڕێت بۆ خەیاڵسازییەک ئەوسەری دیار نەبێت. چیڕۆکنووس دەمانباتە نێو گێڕانەوەیەکی ھێندە سەیرو سەمەرەو فەنتازی، کە ھەموو ئەو تێگەیشتنەی لە سەرەتای چیڕۆکەکانەوە بۆ ڕووداوەکان ھەمان بوودەگۆڕێت. ئەو گەمە زمانەوانی و خەیاڵییەی چیڕۆکنووس زیرەکانە لەگەڵ خوێنەری دەکات، خوێنەر ناچار دەکات لەگەڵ ئەندێشەسازیی چیڕۆکنووس بکەوێتە ڕامان و بیرکردنەوە. بێگومان ئەمەش یەکێکە لە خەسڵەتە ھونەرییەکانی چیڕۆکی تازە و سەرکەوتوو. چونکە چیڕۆکی ئێستا، چیتر لەو فۆڕمە جێگیرە نامێنێتەوە کە تیایدا خوێنەر بە خوێندنەوەیەکی ئاسایی، لە ناوەڕۆکی ڕووداوەکان بگات. بەڵکو دەبێ بیر بکاتەوە، گومان و پرسیاری لادروست بکات. بۆ خوێنەرێکی ئاسایی چیڕۆکی کۆن، ئەم تەکنیکە ڕەنگە تەکنیکێکی ئاڵۆز بێت، وەلێ بۆ خوێنەرێک کە مەبەستییەتی بچێتە قووڵایی چیڕۆکەکانەوە،ئەم شێوازە لە نووسینی چیڕۆک، جێگەی پرسیارکردن و مایەی چێژ وەرگرتنە. بۆیە کاتێ وەک خوێنەرێک ئەو چیڕۆکانەم خوێندەوە، نایشارمەوە چێژم لە بینینی ئەو ھەموو وێنە فەنتازیی و خەیاڵسازییەی چیڕۆکنووس بینی.دروست کردنی ڕووداوێکی خەیاڵی، لە نێو واقیعێکی ئاڵۆزو ناشرین و پڕ لە ڕووداوی دڵتەزێندا، بۆ ماوەیەک خوێنەر دەباتە نێو دنیایێکی دیکە و چێژ لەو جیھانە خەیاڵییە وەردەگرێت.لە چیڕۆکی ماکوانی خەراماندا، سەرەتا ئێمە وێنەی کارەکتەرێک دەبینین کە ترسنۆک و بودەڵەیە، گەرچی لە جەستە و شان و شکۆدا، ماکوان لە کەسێکی ئاسایی ناکات. بەردەوام دەخوات و بە ھیچ تێر نابێت. ئەو مرۆڤە، لە شێوە و ڕواڵەتدا، وەک ھەر مرۆڤێکی دیکەی ئاساییە، وەلێ لە ھەڵسوکەوت و ڕەفتارو ژیانکردندا، چیڕۆکنووس وێنەیەکی داوتە ماکوان، بەدەر لە ھەر وێنەیەکی واقیعی. ماکوان بە ھۆی بێ کاریی و زۆر خۆرییەوە، باوکی لە ماڵ دەریدەکات. پەرتەوازەی سەرشەقام و کوچە و کۆڵانەکان دەبێت، ناچارە لە پاشماوەی سەتڵی خاشاکی ماڵان، خواردن بدۆزێتەوە و بیخوات. دایکی بە خەفەتی ئەو کوڕەوە سەر دەنێتەوە. ماکوان سەری خۆی ھەڵدەگرێت و دەڕوات و ڕوو لە گوندێک دەکات، لەوێ دەکەوێتە بەرمەترسی گورگەکانەوە، بەڵام دواجار گورگەکە دەکوژێت.ئەو ماکوانەی لە منداڵێک دەترسا و خەڵک گاڵتەی پێ دەکرد، دواجار دەبێتە ئەو مرۆڤەی بتوانێت گیاندارێکی بە ھێزو دڕندەی وەک گورگ بکوژێت.لە (چیڕۆکی کەللە زراودا) دوای ئەوەی شوفێری تەکسییەکە ژن و مێردێک دەباتەوە ماڵەوەیان لە ژاڵە، ھەر کە پێ دەنێنە دەرگای دەرەوەی ماڵەکەیان، لە پڕخانووەکە ون دەبێت و نامێنێت. شوفێری تەکسی کە دەگەڕێتەوە نێو شار، لە ڕێگەدا ڕێکەوتی دووبوونەوەری سەیرو سەمەرە دەکات کە تەواو جیاوازن لە خەڵکی شار. لە (چیڕۆکی منداڵەکەی زامبییادا) زامبییا منداڵێکی دەبێت سەری نییە، بەڵام قسە دەکات،لە (چیڕۆکی دڵم دەلەرزی)پاڵەوانی چیڕۆکەکە لە ناو ھەور وێنەی دێوو درنج دەبینێت، کە دەمیان ئەوەندە گەورەیە فیلی تێ دەچێت. بەگشتی لە ھەموو چیڕۆکەکاندا ڕەگەزی فەنتازییا زاڵە و وێنەکان ھاوشێوەی وێنەیەکی سوریالییان لێ دێت کە لەدەرەوەی تێگەیشتن و ڕوانینی ئێمەن.بڕواناکەم ھیچ چیڕۆکنووسێک لەو نەوەیەدا، ھێندەی ئەم چیڕۆکنووسە، بایەخی بە فەنتازییا دابێت، کە بێگومان ئەمەش ستایلێکی نوێیە و دابڕانێک لە نێوان، خۆی و ئەوانی تر دروست دەکات.
دووەم:_وەسف
یەکێک لە جوانترین ڕەگەزە ھونەرییەکانی ئەم کۆمەڵە چیڕۆکە، وەسفە. بێگومان وەسف، ھۆکارێکە بۆ ناسینەوە و پیشاندانی وێنە و ڕووداو و کارەکتەرەکان بە خوێنەر. وەلێ لە بەشێکی زۆری چیڕۆک و ڕۆمانی کوردیدا، گەلێک جار وەسف ھاوتای ڕووداوەکان و کارەکتەرەکان نابێت و بگرە ھاودژو پێچەوانەی یەکتریشن. یاخود نووسەر ناتوانێت وەسفێکی ھونەرییانەی وا بکات، کە ببێتە جێگەی سەرنجی خوێنەر. لەو ماوانەدا چیڕۆکی کەسێکم خوێندەوە، تەنھا لەدوو دێڕدا ئەمەی نووسیوە:( خوشکەکەم لە بەر تاریکی کەوتە خەوەوە، کەچی ھەر لە درێژەی ئەو وەسفەدا دەڵێت: مانگە شەوێکی وابوو، ھەموو شتێکمان دەدیت).ئەگەر سەیری ئەو گوزارشتکردنە بکەین، دەبینین کە بنووسی چیڕۆکەکە چۆن کەوتۆتە ھەڵەوە.بەڵام لە کۆمەڵە چیڕۆکی دنیا سێ پیتە،وەسف ھاوتەریبی ڕەگەزەکانی ترە. بۆنموونە: ماکوان کەسێکی زۆر خۆرە، بەردەوام دەخوات و گەدەی تێر نابێت،.چیڕۆکنووس لە وەسفی ماکوانی خەراماندا دەنووسێت:(ئێسقان پان، مەچەک ئەستوور و کەللە زل،پارچە ئێسکێکی گەورە بوو،دەستە زلەکەی ھەڵمەتی دە بۆ دوانزە کەوچکی ھەبوو،ڕۆنی بنی مەنجەڵی وەکو ئاو دەخواردەوە،لەفەی گەسی بە کاغەزەوە دەخوارد). لێرەدا، ئێمە لە بەردەم وەسفی کارەکتەرێک داین، کە ھەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی، ھاوگونجاون لەگەڵ ئەو وەسفەی چیڕۆکنووس بۆی کردووە کە ماکوان چ کەسێکی زۆر خۆر بووە.لە چیڕۆکی منداڵەکەی زامبییادا، چیڕۆکنووس زۆر بە وردی وەسفی مرۆڤێک دەکات کە بێ کارە و لە ماڵ دانیشتووە. ئەو ڕەچاوی ئەو بارودۆخە دەروونی و کۆمەڵایەتییەی کردووە،کە کەسانی بێ کار تێیدا ئەژین لە ڕووی دەروونی و کۆمەڵایەتی و خێزانی.لەچیرۆکی (بەڵای سەرشین)دا،کاتێ ئاریۆس پاڵەوانی چیڕۆکەکە ڕادەکات بۆ شاری کەرکوک، چیڕۆکنووس بە شێوەیەک وەسفی شەقام و کوچە و کۆَلان و گازینۆ و چێشتخانە و شوێنە تایبەتی و گشتییەکانی کەرکوک دەکات،وەک ئەوەی نووسەر خۆی ئاریۆس بێت. ئەم ھەموو وردەکارییە لە وەسف، جۆرێک لە ئستاتیکای بە گێڕانەوەی ڕووداوەکان داوە. وێرای ئەمەش، گەلێک جار لەو وەسفەدا، ھەست بە شیعرییەتی گێڕانەوەو دەربڕین دەکەین وەک ئەوەی شیعرێک بخوێنینەوە. بۆنموونە:(خەم و جەفا لە بیر بکەم کەیف و سەف بکەم لا١٤٥) یاخود(ورچەکە دەبۆ بوو، لە فیل زل و قەبەتر بوو،حەوترینگە خۆی بوو،پیاو چ پیاو گای بنەبوو لا١٥٣). ھاوکات بە درێژایی لاپەڕە ١٤١ی کتێبەکە، لە وەسفکردنی سیدرادا،لە بەردەم گێڕانەوەیەکی ھونەرییانەی جوانداین، وەک ئەوەی پەخشانێک، یاخود شیعرێکی ئازاد بخوێنینەوە وایە.
سێیەم:_زمان
یەکێکی دیکە لەلایەنە جوانەکانی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە، زمانە.زمانی نووسینی چیڕۆکەکان، زمانێکی چڕ، ئاڵۆز مانادارە، ھاوکات لە فۆڕمدا سادەیە. من کاتێ ئەو چیڕۆکانەم خوێندەوە، درکم بەوە کرد کە محمود نەجمەددین، یەکێکە لەو چیڕۆکنووسانەی کە توانایەکی باشی لە ڕووی زمان و دەربڕینەوە ھەیە، بە بێ ئەوەی جۆرێک لە درێژدادڕیی و دووبارەکردنەوەی وێنەکان ببینین.لە چیڕۆکی ماکواندا، چیڕۆکنووس بە جۆرەھا شێوە وەسفی ئەو کارەکتەرە دەکات، وەلێ دواجار ھەموو ئەو سیفەتە جیاوازانە لە ڕووی زمان و دەربڕینەوە، گوزارشت لە کەسیەتی ماکوان دەکەن.چیڕۆکنووس لە کۆی ئەو چیڕۆکانەدا، بە زمانێکی چڕ ڕووداوەکان باس دەکات. زمانێکە، کە لە ڕووی پێکھاتەی زمانەوانی و وشەسازییەوە، چەندین وشەو دەربڕین و گوزارشتکردن لە خۆ دەگرێت. وێرای ئەمەش، ھەمان ئەوزمانە، جۆرێک لە شیعرییەت و گێڕانەوەی تێدایە، کە چێژێکی دیکەیان بە دەقەکەداوە.
چوارەم:_ناوونیشان و ناوی کارەکتەرەکان:
بە گشتی ناونانی کارەکتەرەکانلای ئەم چیڕۆکنووسە، جێگەی لە سەر وەستانە. ناوی کارەکتەرەکان ناوی باو نین، بەڵکو ناوێکن کە زۆر جار نامۆشن بە زمانی ئێمە. چ ناونیشانی ئەم کۆمەڵە چیڕۆکە، چ ناونیشانی چیڕۆکەکانی ناوی، ناونیشانی کورت، سەرنج ڕاکێش و نامۆن. واتا چیڕۆکنووس تاڕادەیەکی زۆر لە بازنەی ئەو ناوە سواوانە دەرچووە کە ڕەنگە لەچیڕۆک و ڕۆمانی کوردی بەردەوام بیانبینین.کورتکردنەوەی دنیا، بەو ھەموو بوونەوەرو پێکھاتە زیندوو نازیندووانە،بەو ھەموو پێکھاتە سرووشتی و جوگرافی و مرۆییانە، لە سێ پیتدا، بەلای منەوە وەک خوێنەرێک، ناونیشانێکی جوان و سەرنج ڕاکێشە. ھەمیشە بۆ من وەک خوێنەرێک، ناونیشان ئەو ئەلقەیە کە بە دەقەکانمەوە گرێدەدات. بۆیە ناونیشانی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکەش لای من جێگەی سەرنج و پرسیاربوو، کە دنیا چۆن سێ پیتە؟ چیڕۆکنووس لەو ناونیشانە دەبێ مەبەستی ئاماژەدان بە پەروەردیگار نەبێت کە(خوا)یەو تەنھا لە سێ پیت وەک نووسین پێکھاتووە و دنیای دروست کردووە؟بۆیە ھەڵبژاردنی ناونیشانی جیاواز، کورت و پوخت و مۆزیکی، سیمایەکی ھونەرییانەی جوانی دەقە. ناونیشانی باو، ھیچ داھێنان و جوانییەکی تێدا نییە.ھاوکات ناونیشانی کارەکتەرەکانیش ناونیشانی جوان، کورت و مۆزیکین کە لە دەرەوەی ئەو ناوە باوانەن کە ڕەنگە بەردەوام لە چیڕۆک و ڕۆمانی کوردی دووبارە ببنەوە. بۆ نموونە ناوی کارەکتەرەکانی ئەو چیڕۆکانە، ناوی سەرنج ڕاکێشن وەک:_(ماکوان/ئاڤار/بەمۆ/سیدرا/ئاریۆس/زامبییا/جیبۆ/ڕێناس). ئەم ناوانە، ناوی سنووردارو دەگمەنن لە کۆمەلگەی ئێمەدا، ئەم ناوانە لەو جۆرە ناوانەن کە گۆکردنیان، ئاسان و مۆزیکییە لە ڕووی زمان و دەربڕینەوە. بەڵام لێرەدا بە تەنھا کارەکتەرەکان گرنگ نین، بەڵکو گونجاندن و پێدانی ڕۆلیش پێیان گرنگە، کە بەردەوام بەشێکی زۆر لە ڕۆماننووس و چیڕۆکنووسانی ئێمە لەم ڕووەوە دەکەونە ھەڵەوە. کاتێ ناتوانن کارەکتەرەکان لەگەڵ ڕۆڵەکان بگونجێنن. لە چیڕۆکی (بەلاقی موفەرەح ڕادەکات) چیڕۆکنووس باسی کەسانێک دەکات، کە ھیچ لە زمانییان نازانێت.ئەوان بە زمانێک دەدوێن، جیاوازە لە زمانی مرۆڤ، وەک خۆی دەڵێت:(ئەو خەڵکە بە زمانێکی نامۆ قسە دەکەن،قیقال_مقیق_ژقیل_ژقلا). ئەمە زمانی ئەو کەسە نامۆیانەیە، کە کەس نازانێت مانای چییە. بێگومان چونکە چیڕۆکنووس باسی کەسانێکی نامۆ دەکات، دەبێ زمان و بیرکردنەوە و تێڕوانینیشیان لەگەڵ ناسنامەی کەسییان یەکبگرێتەوە. من کاتێ ئەو چیڕۆکەم خوێندەوە، وام ھەست کرد لە نێوە ھۆزە سەرەتاییەکانی ئەمەزۆندام. ئەوەندە کارەکتەرو گێڕانەوەکان سەیرو سەمەرە بوون.(کەسەکان چوار دەست و سێ قاچیان ھەیە،زمانییان بە قەد گەزێک درێژە،سەرزەمین نییە،پیاوەکان چوار چاو و دووگلێنەیان ھەبوو،ھەر گلێنەی ڕەنگێک بوو، قەزەمێک لە نێویان بوو، لە پڕ ئەوەندە کشا، باڵای بەقەد دار چنارێک لێھات).بێگومان کە مرۆڤەکانی ئەم شوێنە بەو شێوەیە سەیرو سەمەرە بن، دەبێ زمانەکەشییان زمانێکی غەریب و نا ئاشنا بێت کە کەس تێی نەگات.

پێنحەم:_تەکنیکی چیڕۆک لە نێو چیڕۆک.
وەکو خوێنەرێک،ئەوەندەی چیڕۆکەکانی محمود نەجمەدینم خوێندبێتەوە و سەرنجم دابن، بڕواناکەم ھیچ چیڕۆکێکی ئەو چیڕۆکنووسە ھەبێت کە لە دووتوێیدا چیڕۆکێکی دیکە دروست نەکات. زۆرجار خوێنەر کەچیڕۆکێکی دەخوێنێتەوە، لەگەڵ ڕووداو وگێڕانەوەکان ئاوێتە دەبێت و لە چاوەڕوانی کۆتایی ھاتنی ڕووداوەکان دایە، کەچی لە پڕ چیڕۆکێکی دیکە لە دووتوێی ئەو چیڕۆکەوە دەگێڕێتەوە و ھزری خوێنەر سەرقاڵ و پەڕش و بڵاو دەکات. ئەم تەکنیکە، جۆرێکە لە گەمەی چیڕۆکنووس لە ڕووی گێڕانەوە و خوڵقاندنی ڕووداو لەگەڵ خوێنەردا. وەک ئەو وایە، لە یەک کاتدا،چەند تۆپێک بۆ چەند ئاراستەیەکی جیاواز فڕێ بدەین، کەچی نەزانین بە شوێن کامە تۆپ بکەوین.چیڕۆکەکانی ئەم چیڕۆکنووسەش بەم شێوەیەن. بۆ نموونە:لەچیڕۆکی (کەلەزراودا) وەک ھەر گێڕانەوەیەکی دیکە، باسی شوفێرێکی تەکسی دەکات کاتێک ژن وپیاوێک داوای لێ دەکەن، بیانگەیێنێتە شوێنێکی دیاریکراو، تا ئێرە ئێمە لە بەردەم چیڕۆکێک داین، کەچی دوای ئەوەی ژن و پیاوەکە دادەبەزن، دووبوونەوەری سەیر، لە شێوەی مرۆڤی بچووک، وەک تیمەیەکی دیکە دێنە نێو چیڕۆکەکە و خەیاڵی خوێنەر دەگوازنەوە سەر خۆیان.ئەم شێوازە لە تێکەڵکردنی ڕووداوەکان، جۆرێک لە ھاوبەشی لە نێوان چیڕۆکنووس و خوێنەر دروست دەکات، کە ئەویش بەشداری ڕووداوەکان بکات و لێکدانەوەیان بۆ بکات.وێرای ئەمەش، کۆتاییەکی کراوەیە، کە دەشێ چیڕۆکەکە بە فۆڕمێکی دیکە و گێڕانەوەیەکی جیاواز بەردەوامی ھەبێت. ئەم گەمەی تەکنیکییە، ڕەنگە بۆ خوێنەرێکی ئاسایی قورس و ئاڵۆزبێت، ڕەنگە بپرسێت ئەو چیڕۆکە چ مانایەکی ھەیە؟ وەلێ بۆ خوێنەرانێک کە سەودا و خوێنەوەی چیڕۆکییان ھەیە، مایەی چێژ لێ وەرگرتنە. چونکە وەک باسمان کرد، خوڵقاندنی جیھانێکی فەنتازی، لە نێو واقیعێکی باودا، جوانییەک بە گێڕانەوە دەدات.ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر چیڕۆکنووسێک مەبەستی بێت جیاواز بکەوێتەوە لە ئەوانیتر، ئەوا بێگومان دەبێ جیاوازیش بنووسێت. ئەو سەردەمە بە سەر چوو، چیڕۆک وەک ژانرێک تەنھا بە خوێنەوەیەکی ئاسایی، ھەموو ماناکان بەدەستەوە بدات.بەڵکو بیرکردنەوەی خوێنەر، گەمەی چیڕۆکنووس و پەیوەندی بە ھزری خوێنەرەوە، ڕۆڵ دەبینن لە خوێندنەوە و تێگەیشتن لە مەغزاکانی چیڕۆکێک.چونکە دەبێ بزانین چیڕۆک حیکایەت نییە تاکو لە میانەی گێڕانەوەیدا، بگێڕەوە ھەموو شتێکمان بۆ باس بکات و ھیچ نھێنییەک نەھێڵێتەوە بۆ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە و پرسیار بکەین. ھەر ئەمەشە چیڕۆک وەک ھونەرێکی نوێ، لە حیکایەت و ئەفسانە جیا دەکاتەوە کە ھونەرێکی کۆنن.لە نێو چیڕۆکیشدا دەبێ چیڕۆکنووس بە ستایلێک بنووسێت، لە ئەوانیتر نەچێت. بڕوام وایە وەک خوێنەرێک، دنیا سێ پیتە لە ئەزموونی ھیچ چیڕۆکنووسێک ناچێت، خودی نووسەر خۆی نەبێت.من چێژم لە خوێندنەوەی ئەو کۆمەڵە چیڕۆکە بینی، کە خوێنەر لە نێو ئەو ھەموو فەنتازییاو تەکنیکی گێڕانەوە و ڕووداوە سەیروئاڵۆزانە، ون دەکات ودەچێتە نێو دنیایێکی دیکە، کە دنیای تایبەتی چیڕۆکە.

*پەراوێز: دنیا سێ پیتە،کۆمەڵە چیڕۆک،نووسینی: محمود نەجمەددین، بڵاوکراوەی:چاپەمەنی خانی_٢٠١٩.

*ئەم بابەتە، لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ، ژمارەی ڕۆژی پێنچ شەممە ڕێکەوتی ١٠/٩/٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze