سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / ده‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران په‌یامیان نارد

ده‌رهێنه‌رانی بیانی بۆ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران په‌یامیان نارد

مه‌نووچێهر جیهانی ـ ژماره‌یه‌ک له‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی بیانیی وڵاتانی جۆراوجۆری جیهان که‌ به‌رهه‌مه‌کانیان له‌ سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌شداری کردووه‌، بۆ ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌ به‌ شێوه‌ی وێنه‌یی په‌یامیان نارد.

به‌پێی راپۆڕتی لێژنه‌ی راگه‌یاندنی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران، “ساواس ئیستاورۆ” Savvas Stavrou له‌ وڵاتی قیبرس که‌ به‌ کورته فیلمی چیرۆکی “یه‌ک شووشه‌ ئاجیل” A Jar of Nuts له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌شداری کردووه‌، له‌ په‌یامی وێنه‌یی خۆیدا گوتی: به‌شداری فیلمه‌که‌م له فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران بۆ من مایه‌ی شانازیه‌، ئه‌م فیلمه‌ به‌پێی کتێبیک له‌ نووسه‌ری یۆنانی “ئانتۆنی ساماراکیس” Antonis Samarakis هاتۆته‌ به‌رهه‌م. من کاتێک که‌ چوارده‌ ساڵم ته‌مه‌ن بوو، ئه‌م چیرۆکه‌م خوێندبۆوه‌ و هه‌ر له‌و کاته‌وه‌، هۆگر و ئه‌وینداری ئه‌و چیرۆکه‌ بووم. ئه‌م فیلمه‌، به‌ کاریگه‌ریی له‌ که‌شوهه‌وای سینه‌مای “ژان ـ پیێر ژونه‌” ده‌رهێنه‌ری فه‌ره‌نسی به‌رهه‌م هێنراوه‌.

ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: که‌شوهه‌وای فیلمی “یه‌ک شووشه‌ ئاجیل” له‌ هه‌مان کاتدا که‌ پێکه‌نیناویه‌، که‌مێک غه‌مگینه‌ و رێک له‌گه‌ڵ ئه‌و دونیایه‌ی‌ که‌ ئه‌مڕۆ تیایدا ده‌ژین که‌ مرۆڤه‌کان له‌به‌ر هۆکاری پاراستنی مه‌ودای کۆمه‌ڵایه‌تی ناچارن له‌ ماڵه‌کانیان بمێننه‌وه‌، په‌یوه‌ندییه‌کی زۆر نزیکی هه‌یه‌. هیواخوازم که‌ بینه‌ران، له‌ بینینی ئه‌م فیلمه‌ چێژ وه‌ربگرن.

 

هه‌روه‌ها “خیسۆز ماری لازکانۆ” Jesus Mari Lazkano  و “جۆسوو وێنه‌رۆ” Josu Venero  له‌ وڵاتی ئیسپانیا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی به‌ڵگه‌یی “شومالگان” له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌شداریان کردووه‌، گوتیان: له‌ فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م به‌رهه‌مه‌، له‌ فێستیڤاڵه‌که‌دا سوپاس ده‌که‌ین. ئێمه‌ زۆرمان پێ خۆش بوو که‌ ئه‌و ئیمکانه‌ پێک بهاتبووایه‌، له‌ ئێران و له‌ ته‌نیشت یه‌کتر، فیلمه‌که‌ ببینین؛ به‌ڵام هه‌ر چۆنێک بێت، له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ فیلمه‌که‌ی ئێمه‌ له‌گه‌ڵ فیلمه‌کانی دیکه‌ نمایش ده‌کرێت، یه‌کجار خۆشحاڵین.

ئه‌م دوو سینه‌ماکاره‌ لاوه‌ له‌ درێژه‌دا گوتیان: بیرۆکه‌ی ئه‌م فیلمه‌، زۆر به‌ ساده‌یی له‌ زه‌ینی ئێمه‌دا شکڵی گرت؛ ئه‌وه‌ی که‌ ئێمه‌ چۆن ده‌توانین تێگه‌یشتنێکی باشترمان له‌ دیمه‌نه‌کان و جوگرافیای ده‌ورووبه‌رمان هه‌بێت و له‌گه‌ڵ ئه‌وان په‌یوه‌ندی بگرین. چ دیمه‌ن گه‌لێک له‌ جه‌مسه‌ری باشوور و چ دیمه‌ن گه‌لێک که‌ له‌ وڵات و یان شاره‌کانی ئێمه‌دا بوونی هه‌یه‌. بیرۆکه‌ی ئه‌م فیلمه‌، سه‌باره‌ت به‌ تێگه‌یشتنی قووڵتر و ئه‌و هه‌سته‌ شاراوه‌یه‌ که‌ ئه‌م دیمه‌نانه‌ له‌ خۆیاندا هه‌یانه‌؛ پوخت ده‌بێته‌وه‌، ئێمه‌ هه‌وڵماندا به‌ دوور له‌ روانینی زانستی و به‌ روانینێکی ته‌نیا هونه‌ری و هه‌ستی خواز بۆ ئه‌م بابه‌ته بڕوانین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ بتوانین به‌و تێگه‌یشتنه‌ که‌ گوتم بگه‌ین. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که‌ دیمه‌نه‌کان ئه‌و شتانه‌ نین که‌ ئێمه‌ ته‌نیا ده‌یبینین و له‌ ناو خۆیاندا کۆمه‌ڵێک چیرۆکی شاراوه‌یان هه‌یه‌ و ئه‌م کورته‌ فیلمه، هه‌وڵ ده‌دات که‌ به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ که‌ره‌سته‌گه‌لی هونه‌رمه‌ندانه‌ و زه‌ینێکی داهێنه‌ر، ئه‌م چیرۆکه‌ نه‌گوتراوانه‌ بدۆزێته‌وه‌ و وێنه‌ی ئه‌وان بگرێت.

 

“چێن یوان” Chen Yun له‌ وڵاتی چین که‌ به‌ کورته‌ فیلمی “به‌ر له‌ تۆفان” Before the Typhoon Comes له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌شداری کردووه‌، له‌ په‌یامی وێنه‌یی خۆیدا گوتی: “به‌ر له‌ تۆفان” یه‌که‌مین فیلمی منه‌ و چیرۆکه‌که‌ی وه‌رگیراو له‌ بیره‌وه‌رییه‌کانی سه‌رده‌می منداڵیمه‌ که‌ تێیادا هه‌وڵمدا که‌ به‌ زمانی سینه‌ما له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگه‌کانم به‌ هاوبه‌شی دابنێم. له‌م فیلمه‌دا، که‌سایه‌تی سه‌ره‌کیی چیرۆکه‌که‌، به‌ دوای سه‌رپه‌نایه‌کدا ده‌گه‌ڕێت، نه‌ ته‌نیا له‌ تۆفانێک که‌ له‌ دونیای راسته‌قینه‌دا خه‌ریکه‌ روو ده‌دات، به‌ڵکوو له‌ تۆفانێک که‌ له‌ دڵی ئه‌ودا ده‌گه‌ڕێت …  ئه‌و بێنه‌ و به‌رده‌یه‌ی که‌ که‌سایه‌تی سه‌ره‌کیی فیلمه‌که‌ له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووه‌، یه‌کجار تایبه‌ت به‌و که‌سه‌یه‌ و له‌ هه‌مان کاتیشدا، یه‌کجار جیهانیه‌ و هه‌موومان به‌ رێگای جۆراوجۆر له‌گه‌ڵی به‌ره‌وڕووین.

ئه‌و هه‌روه‌ها گوتی: ستافی هاوکاران و سازێنه‌رانی ئه‌م فیلمه‌، هه‌موویان له ‌نه‌وه‌ی لاوی سینه‌ماکارانی چینین و ئێمه‌ هه‌وڵ ده‌ده‌ین بۆ ئه‌وه‌ی که‌ ئه‌زموونێکی دیکه‌ له‌ سینه‌مای چین بۆ ئێوه‌ به‌ دیاری بێنین. که‌واته‌ تکا ده‌که‌م که‌ فیلمه‌که‌ی ئێمه‌ ببینن و هومێد ده‌خوازم چێژی لێ وه‌ربگرن.

 

هه‌روه‌ها “هه‌نینگ به‌کهاوس” Henning Backhaus له‌ وڵاتی نه‌مسا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی “باشترین ئۆرکێستڕای جیهان” The Best Orchestra in the World له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، گوتی: من سه‌رده‌مێک فێرخوازی هونه‌ریی “میشائیل هانکه‌” ده‌رهێنه‌ری ناسراوی نه‌مسایی فه‌ره‌نسی بووم و ره‌نگه شتێکی گرینگ که‌ له‌ به‌ڕێزیان فێر بووم، ئه‌مه‌ بوو که‌؛ قه‌یرانێکی ساده‌ و پاشان پێچ و خه‌مێکی جۆراوجۆری بۆ دابڕێژه‌! له‌وه‌ی که ‌فیلمه‌که‌ی من ده‌بینن؛ سوپاس ده‌که‌م و هیوا ده‌خوازم پێتان خۆش بێت.

 

“ئانتۆنی نێتی” Anthony Nti ده‌رهێنه‌ر و نووسه‌ر له‌ وڵاتی غه‌نا و هه‌روه‌ها “چینگز کۆمبه‌گۆ” Chingiz Karibekov به‌رهه‌مهێنه‌ر و نووسه‌ری دیکه‌ی سیناریۆی ئه‌م فیلمه له‌ وڵاتی قه‌زاقستان که‌ به‌ کورته‌ فیلمی چیرۆکیی ‌”شه‌و باش” له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌شدارییان کردووه‌، له‌ په‌یامی وێنه‌یی خۆیاندا گوتیان: ئێمه‌ له‌ بیستنی هه‌واڵی هه‌ڵبژاردنی فیلمه‌که‌مان یه‌کجار خۆشحاڵین و شانازی پێ ده‌که‌ین. هه‌ر وه‌ک ده‌یبینن ئێمه‌ لێره‌ “باب” ـ به‌ ئاماژه‌دان‌ به‌و که‌ڵه‌شێره‌ی که‌ به‌ ده‌ستیانه‌وه‌یه‌ ـ ئه‌ستێره‌ی ده‌ستپێکی فیلمه‌که‌مان له‌گه‌ڵ خۆمان هێناوه‌ و هیوا ده‌خوازین که‌ له‌ بینینی ئه‌م فیلمه‌ چێژ وه‌ربگرن.

 

هه‌روه‌ها “سوزان بیخار” Susan Béjar له‌ وڵاتی ئیسپانیا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی “مه‌وداکان” Distances له‌م رووداوه‌ دینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، گوتی: له‌ فێستیڤاڵ، بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌م فیلمه‌ سوپاس ده‌که‌م، ئه‌مه‌ یه‌ک شانازی گه‌وره‌یه‌ بۆ من و گروپی ئه‌م فیلمه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ ده‌بینین که‌ ئه‌م چیرۆکه‌، توانایی شکاندنی سنووره‌کانی هه‌یه‌ و له‌گه‌ڵ به‌رده‌نگه‌کانی خاوه‌ن که‌لتووری جۆراوجۆر له‌ سه‌رتاسه‌ری دونیادا توانیویه‌تی په‌یوه‌ندی بگرێت؛ بۆ ئێمه‌ یه‌کجار مایه‌ی دڵگه‌رمیه‌. ئه‌م فیلمه‌، چیرۆکێکی هه‌ڵفریوێنه‌ری هه‌یه‌، چیرۆکێک که‌ ده‌ستپێکێکی ساده‌ی هه‌یه‌ و بینه‌ر وا بیر ده‌کاته‌وه‌ که‌ ئه‌و بۆ شوێنێکی خۆش و دڵخواز ده‌بات و له‌ جێگایه‌کدا که‌ به‌ هیچ جۆرێک چاوه‌ڕوانی نه‌ده‌کرد، تێده‌گات که‌ ئه‌م شه‌مه‌نده‌فه‌ره‌، به‌ره‌و لایه‌کی دیکه‌ خه‌ریکی ده‌ڕوات.

ئه‌و سه‌باره‌ت به‌ په‌یامی فیلمی “مه‌وداکان” گوتی: هه‌ندێک له‌ خه‌ڵکی وا بیر ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ ئه‌م فیلمه‌، هه‌وڵ ده‌دات کێشه‌ و گرفته‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کانی نه‌خۆشه‌کانی ده‌روونی نیشان بدات، به‌ڵام ئه‌و شته‌ی که‌ من هه‌وڵمدا نمایشی بکه‌م، ئه‌مه‌ بوو که‌ له‌ وه‌ها بارودۆخێکدا کاتێک عیشق و ئه‌وین ده‌که‌ی به‌ جێگره‌وه‌ی له‌ ژیانتدا، ده‌توانی هه‌موو شتێک ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا بێنی. هیواخوازم له‌ بینینی ئه‌م فیلمه‌ چێژ وه‌ربگرن و هه‌روه‌ها ئومێد ده‌خوازم که‌ ئه‌م شانس و به‌خته‌مان هه‌بێت که‌ له‌گه‌ڵ کۆتایی هاتنی بارودۆخی په‌تای وایرۆسی کۆرۆنا، بتوانین رۆژێک له ‌ته‌نیشت یه‌کتردا ئه‌م فیلمه‌ ببینین.

 

هه‌روه‌ها “ئانتۆن سازۆنۆف” Anton Sazonov له‌ وڵاتی رووسیا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی چیرۆکی “مه‌ره‌خه‌سییه‌کی شیاو” Leave of Absence له‌ به‌شی “رکابه‌ریی نێونه‌ته‌وه‌یی” ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، گوتی: له‌وه‌ی که‌ بۆ خۆم ناتوانم له‌ ته‌نیشت ئێوه‌ بم، زۆر ناڕه‌حه‌تم، به‌ڵام ده‌مویست سوپاسی ئێوه‌ بکه‌م و هیواخوازم که‌ فیلمه‌که،‌ نمایشێکی باشی هه‌بێت.

 

“واله‌نتین تایترۆف” Valentin Tyuterev له‌ وڵاتی رووسیا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌شێنی “مێترۆ” Metro له‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، له‌ په‌یامی خۆیدا گوتی: من له‌ به‌شی وێنه‌گرتنی فیلم له‌ زانکۆی هونه‌ری “گراسمۆف” وانه‌م خوێندووه‌. فیلمه‌که‌ی من سه‌باره‌ت به‌ باڵنده‌یه‌که‌ که‌ له‌ به‌ینی کۆشکه‌کانی ژێرزه‌وینی مۆسکۆ هه‌ڵده‌فڕێت. هیواخوازم که‌ له‌ بینینی ئه‌و فیلمه‌ چێژ

وه‌ربگرن.

هه‌روه‌ها “سایمۆن رۆچینسکی” Szymon Ruczyński له‌ وڵاتی پۆڵه‌ندا که‌ به‌ کورته‌ فیلمی ئه‌نیمه‌یشێنی “هۆکار” Reason له‌ به‌شی رکابه‌ری ئه‌م رووداوه‌ سینه‌ماییه‌دا به‌شداری کردووه‌، له‌ په‌یامی وێنه‌یی خۆیدا گوتی: زۆر خۆشحاڵم که‌ ده‌توانم فیلمی “هۆکار” به‌ ئێوه‌ بناسێنم. ئه‌مه‌ یه‌که‌مین فیلمی من له‌ قوتابخانه‌ی فیلمی “وۆلیج”. “هۆکار” ژیانی دایک و منداڵێک ده‌گێرێته‌وه‌ که‌ له‌ سه‌ده‌ی 21 له هه‌ڵسوکه‌وت له‌گه‌ڵ پیرێژنێک که ‌له‌ لایه‌ن دانیشتووانی هه‌مان شار به‌ سیحر و جادوو تاوانبار کراوه‌ و … .

 

سی و حه‌وته‌مین خولی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران به‌ ده‌بیری و به‌رپرسایه‌تی “سه‌ید سادق مووسه‌وی” به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ئه‌نجومه‌نی سینه‌مای لاوانی ئێران؛ وه‌کوو یه‌که‌مین فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی سینه‌مایی له‌ ئێران، که‌ به‌ شێوه‌ی ئاماده‌بوون و به‌شداریی سینه‌ماکاران و بینه‌ران و ئانڵاین و به‌ نمایش کردنی 63 کورته‌ فیلم له ده‌رهێنه‌ره‌کانی‌ 19 وڵاتی جیهان و هه‌روه‌ها 146 فیلم له‌ ده‌رهێنه‌ره‌کانی ئێرانی له‌ رۆژانی 20 تا 25ی ژانویه‌ی 2021 زایینی له‌ په‌ردیسی سینه‌مایی «ئێران ماڵ» له‌ شاری تاران به‌ڕێوه‌‌چوو.

 

بۆ زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ کرته‌ بکه‌ن:

https://iycs.ir/category/festival/

 

په‌یوه‌ندییه‌ گشتییه‌کانی فێستیڤاڵی نێونه‌ته‌وه‌یی کورته‌ فیلمی تاران.

دەربارەی Mansour Jahani