سەرەتا / ئەدەب / دوو ڕۆژ

دوو ڕۆژ

سەردار جاف
ئەڵمانیا

لە بەردەمی داڵانی نیشتیمانەوەم
لە بۆن و بەرامەی شارم
ھەر بە سورەتی دابڕان
سوێندی تەنیایی دراوم
گێژەڵوکە ھەڵیکرد و حاڵی نەبووم
نە لە خۆم و نە لەو دیوم
لەم زەمەنی مەجمەرەدا ئاوا نابێ و
زۆر شێواوم
لە کام گێژەنی ئیشقەوە
پەڕە پەڕی دڵ دڕاوم
لە بەر دەرگای
شارە فڕیوەکەی ئاگر
چاوەنواڕم
پیاڵەی شەرابی ھەنگوینیم بگاتە دەست
ئەو شاد خودە
حەسرەتی ژاری کوشندەی بە باڵای دووریما بڕی
لە ژوانی پڕ تاسەدا
ھەڵدێراوی نھومی حەوتەمی وشەم
دوور لە باڵای
تووڕ دراوی نێو دووکەڵ و کوێرە ڕێگام
مەرگی بە قامەتی حەز و ویستم سڕی
لە پەنجەرەی
باڵەخانەی پڕ شنەوە
دەڕوانمە
بانێژەی ڕووتەن و گەرما
لە ئاست ساباتی بێ گەڵا
منی کزۆڵ ….. چاو بە ئەسرین
لە مەرقەدی زەندخانەی دا
بە ئاودامانی خاک دەکرێم
لە میحرابی گلەییدا
نوێژێ بۆ پاڕانەوە و تکا کردن دادەبەستم
تا پێڵوی چاوی ھەڵێنێ
ئیتر بەس بێ
بەرەو پەتی قەنارەی دابڕان نەبرێم

٤ / ١٠ / ٢٠٢٠

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.