سەرەتا / ئەدەب / دیدی باو لە وتاری دژە باوەکان لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا

دیدی باو لە وتاری دژە باوەکان لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان لێکۆڵینەوە لە ھەر قۆناغێکی شیعری کوردی و دەرخستنی ئەدگارە ھونەریی و ئەدەبییەکانی، پێویستی بە ڕامان و ھەڵوەستە کردنێکی وردوو ئاگایەکی زۆری مێژوویی و ئەدەبی ھەیە. بۆ ئەوەی لێکۆڵەر نەکەوێتە ھەڵەوە.کاتێ چەمکێک یاخود شوناسێک، لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، دەدەینە پاڵ شاعیرێک، ئەوا دەبێ لە پەراوێزی لێکۆڵینەوە لە شیعرەکانی و بەراوردکردنی بە ئەزموونی شاعیرانی تر،بە ئەرگۆمێنت ئەو شوناسە دەربخەین و بیخەینە ڕوو.بۆنموونە:کاتێ باس لە دژە باوی شاعیرێک دەکەین، دەبێ ماکەکانی ئەو دژە باوییە بسەلمێنین، نەک لە پەراوێزی چەند شڕۆڤەیەکی سادەی دێڕە شیعرییەکانییەوە، نموونەیەکی سادە و باو بێنینەوە و بۆچوونیشمان وابێت کە ئەوانە دژە باون. ئەگەر دژە باوی لە نێو واقیعی باودا، وەک خۆی مایەوە و ھیچ پرسیارو تێڕوانینێکی جیاوازی دروست نەکرد، مانای وایە جیاواز نییە. دژە باوی لە نێو واقیعێکی باو و داسەپاودا، نەک ھەر ڕەت دەکرێتەوە، بەڵکو بە توندی دەکەوێتە بەریەککەوتنی ھزریی و فەرھەنگیش.دژە باویی شوناسێکی ئاسان و سادە نییە، تاکو بیدەینە پاڵ شاعیرێک بە بێ ئەوەی بە ئەرگۆمێنت ساغی بکەینەوە کە لە کوێ ئەو شاعیرە دژە باوە.دژە باوی واتا ڕەت کردنەوەی ھەموو ئەو نۆڕمە کۆمەڵایەتی و ھزریی و ئایینی و ئایدۆلۆژییانەی، ڕەنگڕیژی سەردەمێک دەکەن و بوونەتە نەریتێکی باو لە کۆمەڵگەدا.ئەزموونی شیعری کوردی، قۆناعی جیاوازی بڕیوە، لە کلاسیزمەوە بۆ ڕۆمانسییەت و ڕوانگە و دوای ڕاپەڕین وتاکو بە ئێستاش دەگات، بەڵام زۆر بەدەگمەن لەو قۆناغانەدا، ئەزموونی جیاوازی شیعریی جگە لە(نالی وگۆران) دەبینـیت، یاخود شاعیرێکی دژە باو دەبینین کە لە دەرەوەی تێڕوانینی گشتی بیر بکاتەوە و شیعر بنووسێت. بگرە لە ھەندێ سەردەمدا، شیعری کوردی لە ڕووی گوتارو دنیابینی و فۆڕم و ناوەڕۆکدا، ئەوەندە لە یەکتری نزیک دەبێتەوە، کە ھەموویان دواجار ھەڵگریی یەک گوتاری شیعرین. بۆنموونە: ئەزموونی شیعری لە دوای نسکۆی شۆڕش وناوەڕاستی ھەفتاکاندا، ئەزموونێکە ڕەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجە سیاسی و ستەمە نە تەوەیەیە کە لە کورد دەکرێت. ڕووبەرێکی گەورەی شیعری کوردی لەو سەردەمەدا، شیعریی بەرگریی و شۆڕشگێڕییە، کە دەچێتە خانەی جۆشدان و بزوێنەری ھەستی نەتەوەییانەی مرۆڤی کورد، کە بە ڕوونی ئەمە بە گوتاری شیعری ھەفتاکانەوە دیارە. واتا شیعر دەبێتە بابەتێک بۆ ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی سیاسی و نەتەوەیی کورد، کە ھەڵومەرجێکی سەخت و دژواربووە و تاکی کورد جۆرێک لە نائومێدیی و ڕەشبینی دایدەگرێت.بەڵام دوای ڕاپەڕین، قۆناغی ئازادیی و ڕزگاری نەتەوەی دێتە ئاراوە، ئیدی ئەزموونی شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، بە گشتی دەبێتە ئەزموونێکی خودیی و چیتر ڕەنگدانەوەی ئەو قۆناغە کۆمەڵایەتی و سیاسییە نابێت، کە بەر لە ڕاپەڕین دەبینرا. کە واتا بە گشتی ھەموو ئەزموونێکی شیعریی، ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی دیاریکراوە. ئیدی ئەزموونی نوێ و گوتاری نوێ دێتە ئاراوە. ئەو شاعیرانەی لە ھەفتاکاندا، وەک ھاوچەرخێک دەردەکەون، بە ھیچ پێوەرێک ئەزموونی ئەوکاتییان بۆ ئێستا، ناچێتە خانەی نوێوە. بۆیە ھەموو دەرکەوتە و سیمایەکی نوێ، ڕەنگدانەوەی قۆناغەکەیە.بێگومان ئەزموونی شیعریش لەمە بەدەر نییە. بۆیە کاتێ(وتاری دژە باوەکان لە شیعری ھاوچەرخی کوردی)*م خوێندەوە، وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، درکم بەوە کرد کە نووسەری ئەو وتارە، زۆر بە ھەڵە لە دژە باوی گەیشتووە. بەرلە ھەموو شتێک، دەبوو نووسەری ئەو وتارە دیاری بکات کە مەبەستی لە شیعری دژە باو، کام قۆناغی شیعرییە. چونکە گرنگە لە خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنی ھەر قۆناغێکی شیعریدا، پۆلێنبەندی زەمەنی و مێژوویی بکەین. شیعری کوردی، بە گەلێک قۆناغدا تێپەڕیوە، بۆیە دەبوو نووسەری ئەو وتارە، قۆناغە شیعرییەکەی دیار کردبایە. لەلایەکی دیکەوە نووسەری ئەم وتارە، زۆر سەر پێی و ڕاگوزەر وەسفی دژە باوی دەکات و دەیبەستێتەوە بە ھەندێک دەرکەوتە و خەسڵەتی کۆمەڵایەتی ڕووکەش، بەبێ ئەوەی لە ئاستی ھزریی و پاشخانی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگیدا، لە مانا قووڵەکانی دژە باوی گەیشتبێت.ئەو لە پێناسەی دژە باویدا دەڵێت:_ ئەگەر بمانەوێت پێناسەی دژە باوی بکەین ئەوا:_((ھەموو قسە وھەڵسوکەوت و داب و نەریت و یاساو ڕێسا گەلێک لە ھەر کۆمەڵگایەکدا ھەبن و خەڵکەکە پەیڕەوی لێ بکەن، ئەوە شتە باوەکانن،ھەر کەسێکیش دژی ئەمانە بێت و پەیڕەوی نەکات ئەوانە دژە باون)).لێرەوە زۆر بە ڕوونی دەردەکەوێت، کە نووسەری وتارەکە، چەند بە سادەیی لە ماھییەتی دژە باوی گەیشتووە، ئایا ھەر کەسێک دژی نەریتێک، خاسیەتێکی کۆمەڵایەتی، دیارەدیەکی گشتی و میللی وەستایەوە دژە باوە؟ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، ھەزاران کەس پەیڕەوی ئایین ناکەن و نوێژ ناکەن، ئایا ئەوانە دژە باون؟ ھەزاران کەس پۆشاکی کوردی نەتەوەیی خۆیان ناپۆشن و لاسایی ڕۆژئاوا دەکەنەوە و پەیڕەوەی نوێترین مۆدێلی شێوە و جەستە دەکەن، ئایا ئەمانە دژە باون؟ ھەزاران کەس یاسا جێبەجێ ناکەن، لە گڵۆپی سوور دەدەن، ئایا ئەمانە دژە باون؟ئەگەر دژە باوی لەو خاسیەتە بچووکانە کورت بکەینەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە نیوەی کۆمەڵگەی ئێمە دژە باو دەردەچێت کە لە ڕاستیدا وانییە. دواتر ئایا دژە باوی لە شیعردا، ھەمان ئەو دژە باوییە دەگەیەنێت کە لە ڕووبەری کۆمەڵایەتی و میللی کۆمەڵگەی ئێمەدا ھەیە؟لە ڕاستیدا، دژە باوەکان ھەرگیز شوێن و جێگەیان لە نێو کۆمەڵگە نابێتەوە. دژە باوەکان وەک تەنێکی نامۆ، کە باوەکان بە ھەڕەشە و مەترسی بۆ سەر ژیان ودنیابینی خۆیان دەیانبینن،دژایەتی دەکرێن،ڕەت دەکرێنەوە، فڕێ دەدرێنە دەرەوەی بازنەی ژیان و بوونە گشتییەکە.ھەر کاتێک دژە باوێک سەریھەڵدا، زۆر بە توندی بەگژی دادێنەوە، تا ھەڕەشەی نەمانیش. کاتێ (عەبدولخالق مەعروف) کتێبێک دەنووسێت لە بارەی کۆمەڵی کوردەوارییەوە، چونکە بۆ چوونەکانی دژە باو بوون و لەگەڵ باوەکانی کۆمەڵگە یەکینەگرتەوە، سەرەنجام بە ماوەیەکی کەم دوای بڵاوکردنەوەی کتێبەکەی شەھید کرا.دژە باوی جیاواز کەوتنەوەیە لە بیرکردنەوە.ھیچ دژە باوێک سەرھەڵنادات،ئەگەر مرۆڤ لە ڕوانین و بیر کردنەوەدا بە کردار دژە باو نەبێت.دژە باوی جیاواز کەوتنەوەی سیماو ڕوالەت و نماییشی جەستەیی نییە،بەڵکو بڕوابوون و پرەنسیپی ھزرییە. دژە باوی تەنھا دروشم نییە، بەڵکو شێوەیەکی دیکەی بیر کردنەوە و ڕوانینە. مەگەر چەند ساڵێک لەمەوبەر، خانمە شاعیرێک ئیدیعای ئەوەی ناکرد کە دژە باوترین ژنە، کەچی دەرکەوت باوترین و کلاسیکیترین و میللیترین ژنی نێو ئەو کۆمەڵگەیە؟. ئەو شاعیرانەی نووسەر لە وتارەکەی خۆیدا بە نموونە ھێناویەتەوە(جگە لە سەباح ڕەنجدەر) ھەموویان شیعریان لە نێو ئێمەدا خوێندراوەتەوە و ھەزاران خوێنەر بە شیعرەکانییان لە کاتی خۆیدا سەرسام بوونە. لە کاتێکدا شاعیری دژە باو، ھەرگیزنابێتە بەشێک لە ئەقڵی گشتی و میللی کۆمەڵگە. سەرنج بدەن، سەباح ڕەنجدەر وەک شاعیرێکی جیاواز نەک دژە باو، ئەزموونی شیعری چەند لە پەراوێز دایە، چەند دژایەتی دەکرێت، چەند ڕەت دەکرێتەوە، چونکە لەگەڵ بیرکردنەوە و ڕوانینی گشتی ھاو کۆک نابێت.مەحاڵە شوێنی دژە باوێک لە نێو بیرکردنەوە و ڕوانین و ڕێسای باودا ببێتەوە.ئیدی من نازانم ئەو شاعیرانە لە کوێدا دژایەتی کران و ڕەت کرانەوە؟ ئەگەر ھەڵوێستێک بەرامبەر ئەو شاعیرانە وەرگیرابێت،ئەوا لە دوا کەوتوویی کۆمەڵگەی ئێمە بووە لەوکاتدا، نەک لە ئەزموونی شیعری ناباو. مەگەر ئێستا لەتیف ھەڵمەت وەکو ھەفتاکان و ھەشتاکان دەخوێنرێتەوە؟ئەم شاعیرانە لە کوێدا شتێکی جیاوازیان نووسی، لە دەرەوەی ئەقلی باوی کۆمەلگە بێت؟بە پێچەوانەوە جگە لە ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر کە ئێستاش بەردەوامە، ھەریەک لە جەلالی میرزا کەریم و شاکەلی و ھەڵمەت،وەک ھەر شاعیرێکی دیکەی کورد، شیعرو دنیابینیان لە چوارچێوەی ھەمان ئەو ئەزموونە شیعرییەدایە بەڵام بە ڕوانینی جیاوازکە لە دوای گۆرانەوە دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا ناوەڕاستی ھەفتاکان.بگرە فەرھاد شاکەلی و لەتیف ھەڵمەت، ھەردووکییان زادەی یەک قۆناغ و زەمەن و شوێن و ئەزموونی شیعرین،دواجاریش سۆفیگەری دەبێتە بەشێک لە گوتاری شیعرییان. تەنانەت بۆ چوونەکانیشیان زۆر لە یەکتریەوە نزیکە و خۆشیان بە ئەزموونێکی جیاواز لە ڕوانگە دادەنێن.ئەگەر دەنگی نوێش بن بۆ قۆناغ و سەردەمی خۆیان نوێ بوونە. یەکێک لە گرفتەکانی ئەو نووسینە ئەوەیە، کە وێرای ئەوەی بە زمانێکی سادەو ساکار، لە دەرەوەی زمانی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی نووسراوە، ھاوکات بەر بۆچوونی سەیرو نالۆژیکیش دەکەوین، بە بێ ئەوەی نووسەری وتارەکە توانیبێتی لە ڕووی ئەرگۆمۆنتییەوە بۆچوونەکانی بچەسپێنێت یان ساغ بکاتەوە. لەگەلێک شوێنی وتارەکەی، بۆچوونەکانی پارادۆکسی گەورەیان تێدایە. ئەگەر ئەو شیعرانەی ئەو نووسەرە لەو وتارە درێژەی خۆیدا، بە نموونە ھێناویەتییەوە وەک شیعری دژە باو بناسێنین، ئەوا جگە لە بێ ئاگایەکی گەورەی نووسەری ئەو وتارە، لە ئەزموونی شیعری کوردی و دنیابینی شاعیرانی کورد، ھیچی تر ناگەیەنێت.چونکە بەشێک لە شیعری ئەو شاعیرانەی ئەوبە نموونە ھێناویەتییەوە، لە شیعری شاعیرانی پێشووتریش دەبینرێن. ئەگەر شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم کە بۆ شۆڕشی چواردەی تەممووزی نووسیوە، یاخود ئەو دیدە ئەنتەرناسیۆناڵییە بە نوێ و دژە باو بزانین کە لە بەشێکی شیعری ئەو شاعیرە داھێنەرە ھەیە، ئەوا دەبێ گومان بکەین کە خالید عەبدل، لە مێژووی شیعری کوردی بە ئاگا بێت. لە بەر ئەوەی گۆران، زۆر پێشی جەلالی میرزا کەریم، شیعری بۆ شۆڕشی چواردەی تەممووزو چەپ و ئازادیخوزانی دنیا نووسیوە. ئیدی نازانم دژە باو چییە و چۆنە؟ئەگەر گوتارێکی سیاسی یان کۆمەڵایەتی، چەندین جار لە ئەزموونی شیعریدا، بە دنیابینی جیاواز ببینرێت، ئیدی مانای وایە تیمەیەکی باوە نەک نا باو. ئەو شیعرانەی نووسەری ئەو وتارە، وەک نموونەیەک بۆ دژە باوی لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا، بە تێگەیشتنی خۆی ھێناویەتییەوە، نەک شیعری دژە باو نین، بەڵکو لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، نموونەی لەو شێوەیە زۆرە.دەبوو نووسەر، وردتر و بە نموونەی بەرجەستەیی زیاتر، ئەو تێزەی خۆی ڕوونبکردایەوە کە دژە باوی چییە و ئەو شاعیرانە چۆن سەرقافڵەی شیعری دژە باون. نەک بە چەند ڕاڤەکردنێکی سادە و ساکارو چەند بۆ چوونێکی دژ بە یەک،باسی ئەو شاعیرانە بکات. چونکە نووسەر بە تەنھا باسی ئەو شاعیرانەی کردووە.ئەو دەڵێت:_((ھەریەک لەو چوار شاعیرە، شیعرەکانییان تۆزێک لە دەقەکانی پێش خۆیان گرانتروکەمێکیش ئاڵۆزبوونە)). ئەگەر دژە باوی پەیڕەنەکردنی ڕێسا گشتییەکان بێت، وەک ئەو لە پێناسەی دژە باوی دەینووسێت، مانای وایە، خۆی بۆچوونەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە. چونکە مانای چییە، شیعرەکان کەمێک ئاڵۆزترو تۆزێکیش گرانترن لە شیعرەکانی پێش خۆیان؟. ئەگەر وابێت، ئەم شاعیرانە ھیچ دابڕان و مەودایەکییان لە ڕووی شیعرییەوە، لە نێوان خۆیان و شاعیرانی پێش خۆیان نییە.ئەم بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەنووسێت:_((ئەم شاعیرانە نەیانھێشتووە ئاگری کودەتا دژە باوییەکەیان بکوژێتەوە و بەردەوام دیوەخانی شیعری خۆیان گەرم کردووە)). شیعر، قسەی نەستەق و حیکایەت و گێڕانەوەی بەرئاگردان نییە، تاکو دیوەخانی پێ گەرم بکرێت.شیعرو دیوەخان، ئاسمان و ڕێسمان دوورو دژبە یەکترین. ئەگەر ئەمانە دیوەخانی شیعرییان بەردەوام جمەی ھاتبێت، مانای وایە باوترین شاعیرانی سەردەمن.بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوانەی لە شیعری سەباح ڕەنجدەردەگەن، ئیدی نازانم نووسەر چۆنی بوێری ئەوەی ھەیە بۆچوونی لەو شێوەیە دەرببڕێت. لێرەدا وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، لە بارەی ئەو شاعیرانەوە بیرو بۆچوون و ڕوانینەکانی نووسەردەربارەیان، چەند سەرنجێک دەخەینە ڕوو و بەراوردی یەکترییان دەکەین، بە مەبەستی دەرخستنی ھەڵە و تێڕوانینی نابابەتی بۆ ئەزموونی شیعرو ئەو شاعیرانەش.

جەلالی میرزا کەریم
بێگومان ئەگەر بەوردی لە سەر وتارەکەی خالید عەبدل بوەستین،دەبینین کەلە دووتوێی ئەو نووسینەدا،ھیچ پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانیکی لە نێوان ڕستە و دەربڕینەکان نییە، ئەو بۆ چوونێک دەردەبڕێت،کەچی دوای چەند دێڕێک دژی ئەو بۆچوونەی خۆی دەوەستێتەوە.ئەم نووسینە لە ئاستی ماناوگوتاردا، نووسینێکی تێکەڵ و پێکەڵە و لە زۆر شوێندا پارادۆکسی گەورە، بۆچوونی ناواقیعی و نالۆژیکی دەبینین کە دەلالەتە لەوەی ناوبراو بێ ئاگایە لە مێژووی شیعری کوردی کە سەرەتایترین بنەمایە بۆ شڕۆڤەکردنی ئەزموونی شیعری شاعیران و قۆناغەکانی شیعری کوردی. ئەو ھەوڵدەدات بە ھەندێک بۆچوونی سادە و دەربڕینی پەخشانییەوە، ئەوە بسەلمێنێت کە باسی دژە باوی لە شیعری ھاوچەرخ دەکات، کە لە ڕاستیدا ئامانجەکەی نەپێکاوە. نووسەر لەبارەی (جەلالی میرزا کەریم)ەوە دەنووسێت:_((لەناو دژە باوەکاندا جەلالی میرزا کەریم پێشەنگە،یەکەم کەس بووە شیعری لەو جۆرەی نووسیوە،مۆرکی خەسڵەتی قۆناغی شیعری پاراستووە)). دەپرسین، ئەگەر شاعیرێک مۆرکە گشتیی و خەسڵەتەکانی قۆناغێکی دیاریکراوی شیعر بپارێزێت و شیعرەکانی وەک شاعیرانی تر ڕەنگدانەوەی قۆناغەکە بێت، دەکرێ بڵێن شاعیرێکی دژە باوە؟ لە کاتێکدا وەک باسمان کرد دژە باوەکان لە دەرەوەی بازنەی باون؟گومانم ھەیە ئەو نووسەرە بە وردی خەرمانەی شیعری ئەو شاعیرانەی خوێندبێتەوە، چونکە ئەگەر شارەزا بووایە قسەی لەو شێوەی نەدەکرد. بۆنموونە دەنووسێت:_((شیعری سەردەمی پاشایەتی زیاتر بەرەو خوازە چووە)).یەکەم جارە وەک خوێنەرێکی شیعر، گوێبیستی دەستەواژەی ((شیعری سەردەمی پاشایەتی)) دەبم، کە دیارە مەبەستی ئەو شیعرانەن کە دەچنە ئەو سەردەمە سیاسی و مێژووییەوە. بەڵام ئایا شیعری سەردەمی پاشایەتی، یەک قۆناغ و یەک جۆر شیعرە؟سەردەمی پاشایەتی لە ساڵی ١٩٢١دەست پێ دەکات تاکو ١٩٥٨.بە درێژایی ئەو ماوەیە، شاعیرانی وەک:_((پیرەمێرد،بێکەس، گۆران، شێخ نوری، ئەحمەد موختار جاف، دڵدار، دڵزار،کامەران موکری)) و زۆری تریش دەردەکەون و بەرھەمی ئەو قۆناغەن و شیعریان نووسیوە.دواتر دەکرێ بڵێین ئەمە چ پەیوەندی بە جەلالی میرزا کەریمەوە ھەیە کە خۆی دەڵێت، یەکەم شاعیری دژە باوە کە لە ساڵی ١٩٥٨ بۆ یەکەم جار شیعری نووسیوە.ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە، ئەو نموونە شیعرییانەی خالید عەبدل وەک دەقێک بۆ ڕاڤەکردنی شیعری ئەو شاعیرە دەیانھێنێتەوە، شتێکی ئەوتۆی دژە باویان تێدانییە. شیعرەکانی ئەو شاعیرەش، لە ڕووی فۆڕمی شیعرییەوە دەتوانم بڵێم درێژکراوەی ئەو فۆڕمە شیعریەیە کە گۆران داھێنەریەتی.بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە ئەم شاعیرە، شاعیرێکی نوێ نییە. جەلالی میرزا کەریم، یەکێکە لە شاعیرە بە تواناو ھاوکات گومناوەکانی شیعری کوردی. ئەم شاعیرە کە لە دامەزرێنەرانی گرووپی ڕوانگەیە، لە ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو، دەنگێکی دیاری شیعری کوردی بووە، بەڵام بە داخەوە لەبارەی ئەو شاعیرەوە ھیچی ئەوتۆ نەنووسراوە جگە لە ھەوڵە جوان و بەرچاوەکانی ھەردوو نووسەران( عەتا قەرەداغی و سەباح ڕەنجدەر) کە ئەمەی دوایان کۆمەڵە شیعرەکەشی سەرلەنوێ بە پێشەکییەکی جوانەوە چاپ کردۆتەوە. من نامەوێت لەم وتارەدا لە سەر ئەو شاعیرە بوەستم، چونکە نیازمانە بە سەربەخۆیی لە نووسینێکی تایبەتدا تیشکی بخەینە سەر.شیعرەکانی ئەم شاعیرە، لە بارەی نەتەوە و نیشتمان وخەمی مرۆڤ بەگشتییە، وشە و دەستەواژەی شیعری ناسک و جوان لە شیعری ئەو شاعیرە دەبینین. پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان زمان و باری دەروونی شاعیر ھەیە و ئەمەش ڕەنگدانەوەی لە سەر زمانی دەربڕینی شیعرەکان ھەبووە. ئەم شاعیرە کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ڕوانگە، دەنگێکی دیاری ھەفتاکانە، دوای ئەوەی ئاوارە دەبێت و لە ئەمەریکا دەگیرسێتەوە، ئەزموونی شیعری ڕووی لە کزی دەکات و پاش ڕاپەڕین کە دێتەوە کوردستان، بە داخەوە مەرگ مەودای نادات و دووساڵێک دوای ڕاپەڕین دەمرێت.شیعرەکانی ئەم شاعیرەش،بەشێکی زۆریان ھاوشێوەی شاعیرانی ئەوکات، دەچنە خانەی شیعریی سیاسی و بەرگریی و خەمە گەورەکەی نیشتمان. بۆیە لە گەلێک لە شیعرەکانیدا، دەنگی تووڕەیی و ھاتنەوە بە گژ ستەمی نەتەوەیی تێدایە. خالید عەبدل لە وتارەکەیدا، لە بارەی ئەم شاعیرەوە، ھەندێک بۆچوونی ھەڵە دەرئەبڕێت، کە پێویستییان بە ڕاستکردنەوەیە. لەم بارەیەوە دەنووسێت:_((جەلالی میرزا کەریم پێشەنگی شاعیرە دژە باوەکانە، یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٨ شیعری نووسیوە، کە پێشتر بەو تەکنیکە نەنووسراوە، ئەو لە شیعری (دووچاوی) کە بەبۆنەی چواردەی تەممووزەوە نووسراوە دەڵێت:_
ڕۆژی تازە لە خاک ھەڵھات
لە کوختی پیاوی چەوساوە،
لە تاریکی ڕەشی زیندان
لەو دایکە ڕۆڵە کوژراوە
بەیانی نوێ
خۆری ھەڵھات
بنووسی وتارەکە لە بارەی شیعری دووچاوی ئەم شاعیرە بەردەوام دەبێت و دەڵێت:_((خۆر لەو دایکانە ھەڵھات کە ڕۆڵەکانیان بە دەستی دیکتاتۆر کوژرابوون،ببوونە مەشخەڵی ئەو ڕۆژە.شاعیر لە شەفافیەتی شیعرەکی سەرکەوتنی بەدەست ھێناوە،کە ھەتا ئەو کاتە ھیچ شاعیرێکی کورد بەو شێوازە شیعری نەنووسیوە،دوورە لە شێوازە شیعرییە باوەکانی ئەو سەردەمە،شێوازەکەی ئەم نەعەروزە نە جووت سەروایە بەڵکو ئازادە)).ھەرتەنھا ئەو چەند پەڕەگرافە کە ئێمە لە نووسینەکەی ئەم نووسەرەمان وەک نموونە ھێناوەتەوە، دەریدەخات کە ئەم بەڕێزە چ بێ گایەکی گەورەی ھەیە لە شیعرو ئەزموونی شیعری کوردی. ئێستا، نەریتێکی خراپ لە نێو بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە وادەزانن مەلای دوانزە عیلمن و لە ھەموو شتێک دەزانن، کە لە ڕاستیدا وانییە.بنووسی ئەم وتارە، لە ساڵی ١٩٥٨ وە باسی دیکتاتۆریەت دەکات. بە بڕوای ئەو، ئەو شیعرە لە دژی دیکتاتۆریەت بووە. بەوەدا دەردەکەوێت کە ناوبراو بێ ئاگایە لە مێژووی سیاسی عێراق و کە چی قسەشی لە بارەوە دەکات. لە ساڵی ١٩٢١ تاکو ١٩٥٨ عێراق پاشاپەتی بووە،مێژووی دیکتاتۆریەت لە عێراق، لەگەڵ دەست بەکاربوونی بەعس و سەدامی خوێنڕێژ لە تەممووزی ١٩٧٩ ەوە دەست پێ دەکات. ئەمە مێژووە و دەبێ بیزانێت. ئیدی نازانم مەبەستی خالید عەبدل کامە دیکتاتۆرە؟ بۆچی ناوی نەھێناوە؟. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر نووسینی شیعر بۆ چواردەی تەمووز بە دژە باوی بزانین، ئەوا گۆرانیش شیعری بۆ ئەو شۆڕشە نووسیوەو تەنانەت شیعرێکی ھەیە کە لە ھەمان ڕۆژدا نووسراوە. گۆران لەو شیعرەیدا دەڵێت:_
دەنگێکی دوور
دوور..ئێجگار دوور
بە ئاستەمێک ئەگاتە ژوور
ئەی دەنگی دوور…بە ئەستەمێک ئەگەیتە ژوور.
ئاخۆ سپیت یان ڕەش یان سوور؟
(دیوانی گۆران_لا ٢٠٦)
بۆنەی چواردەی تەمووز، کە کۆتایی بە ڕژێمی پاشایەتی و کۆنەپەرستی ھێنا، بۆنەیەک نییە دژە باوبێت، گەلێک لە شاعیرانی ئێمە بەو بۆنەوە شیعریان نووسیوە، جەلالی میرزا کەریمیش وەک ھەر شاعیرێکی دیکە، کەوتۆتە ژێر کاریگەریەتی ئەو ڕووداوە و ئەم شیعرەی نووسیوە. دواتر یەکێک لە ھەڵە ھەرە زەق و دیارەکانی ئەم نووسەرە ئەوەیە کە بڕوای وایە تا ئەو کات، واتا ١٩٥٨ھیچ شاعیرێک بە فۆڕمی ئازاد شیعری نەنووسیوە، بەڵکو بە عەروزو کێش و سەروا شیعر نووسراوە، بەڵام شیعری دووچاوی جەلال، شتێکی نوێیە. ھەرکەسێک ئەلف وبێیەکی سەرەتای لە بارەی شیعرو ئەزموونی شیعرییەوە بزانێت، ھەڵەی وەھا ناکات. لای خالید عەبدل، شیعری ئازاد لە جەلالی میرزا کەریمەوە دەست پێ دەکات نەک گۆران،کە ئەمەش داھێنانێکی تازەیە لە شیعری کوردیدا. ئەم نووسەرە، ئەگەر کەمێک ئەرک بکێشێت وبگەڕێتەوە سەر دیوانەکەی گۆران، ئەوکات دەزانێت کە چۆن لە ساڵانی بیست و سییەکان گۆران شیعری بەو فۆڕمە ئازادەوە نووسیوە وخۆشی داھێنەری شیعری ئازادە لە مێژووی ئەدەبی کوردی.دیوانی گۆران، لە ڕووی فۆڕمی شیعرییەوە پڕن لە نموونەی ئەو شیعرانەی کە خالید عەبدل وەک ئەرگۆمێنتێک بۆ سەلماندنی بۆچوونەکانی لە بارەی شیعری دژە باوی کوردی نووسیویەتی. شیعری ئازاد لە گۆرانەوە دەست پێ دەکات و ئێستاش درێژەی ھەیە، ئیدی نازانم چۆن ئەو باوەڕی وایە کە جەلالی میرزا کەریم، داھێنەری فۆڕمی شیعری ئازادە.ناوەڕۆکی ھەردوو شیعرەکەی گۆران و جەلال، گوزارشت لە ھەڵھاتنی خۆری نوێی شۆڕشی چواردەی تەممووز و واقیعێکی تازەی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی عێراق دەکەن.ئەمەش بە بڕوای من وەک خوێنەرێک شتێکی ئاساییە. چونکە شیعری ئەو قۆناغانە بە گشتی، ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی بابەتی و کۆمەڵایەتی ئەو سەردەمە بووە.ئەمە نە دژە باوییە نە جیاوازی. ھەر لە درێژەی گوایە ڕاڤەکردنی شیعری دووچاوی ئەم شاعیرە، نووسەری وتارەکە جلەوی بۆ خەیاڵەکانی شل کردووە و ئەمجارەیان دەنووسێت:_((جوانی ئەم شیعرە لەوە دایە،کە ھیچ بە شێکی بەسەر بەشەکەی تریدا زاڵ نییە)). سەرنج لەوگوزارشتکردنە بدەن،زاڵبوونی بەشەکانی شیعر چ مانایەکی ھەیە؟ بەڵام بابڵێین تا ئێرە ئاساییە، چەند دێڕێک دواتر ئەمجارەیان دەنووسێت: _((شاعیر سوودێکی زۆری لە بەیەکەوە گرێدان وەرگرتووە،یەکێتی بابەت لە شیعرەکەدا ھەیە و بوونی خۆی سەلماندووە)).بێگومان یەکێک لە خەسڵەتە سەرەتاییەکانی نووسین، تەواوکردنی ماناو گەیاندنی ئاماژەیە، وەک چۆن ڕستە لە کۆمەڵە وشەیەک پێکدێت، کە ھەموویان واتایەک بە سەر یەکەوە دەبەخشن، نووسینیش ھەمان شێوەیە. مانای چییە شیعرێک کۆپڵەکانی لە یەکتری جیاون و یەکێتی بابەتیشی تێدایە؟شیعری نوێ، چیڕۆک و ڕۆمان نییە، تاکو لە سەر یەک ھێڵی گێڕانەوە بڕوات، شیعری نوێ، شیعری کلاسیک و چوارینە و غەزەل نییە، کێش و سەروای ھەبێت و دێڕێک ئەوی تر تەواو بکات،شیعری ئازاد لە زۆر کاتدا، دەکرێ وەک بونیادێکی بەسەریەکەوە بخوێنرێتەوە و ھاوکات ھەروێنەیەکیش بە جیاواز. ئەزموونی شێرکۆ بێکەس، پڕە لە نموونەی ئەو شیعرانەی کە لە یەک کاتدا لە ڕووی کۆپڵەییەوە و لە ڕووی کۆی بینای ھونەری دەقەکەشەوە،بە جیاواز لە یەکتری بخوێنرێتەوە و ماناش بە دەستەوە بدات.ئەمە سیمایێکی شیعری ھاوچەرخە. خاڵێکی دیکە ھەر پەیوەست بە ناوەڕۆکی ئەم وتارەوە بە بڕوای من وەک خوێنەرێک ئەوەیە، کە ئەو شیعرانەی ئەم نووسەرە وەک نموونەی دژە باوی لە شیعری جەلالی میرزا کەریم ھێناویەتییەوە، بە ھەموو لێکدانەوەیەک دەقێکی ئاسایین و ھیچ ڕەھەندێکی دژە باویان تێدا نییە، بەگشتی شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، شیعری نەتەوەیی و ھەندێکیشیان ڕەنگدانەوەی ھزری مرۆڤدۆستی و نێو نەتەوەیی و چەپ و بیری چەپخوازیی و یەکسانین. ئەگەر نووسینی شیعر، لە پێناو بیری چەپ و خەم و کێشەکانی مرۆڤدا بە دژە باوی بزانین، ئەوا گۆران دەبێتە دژە باوە. بەشێک لە شیعرەکانی فایەق بێکەس لە سەردەمی خۆیاندا، دژ بە ئەقڵی دواکەوتوویی و دینی و لاھوتییە، کەسیش ناڵێت بێکەس دژە باو بووە. گوتاری شیعری جەلالی میرزا کەریم،درێژ دەبێتەوە تاکۆتا شیعری بەڵام بە تێڕوانینی جیاواز. دەنا لە ئاستی فەزا گشتییەکەی شیعر، دەتوانین بڵێین شیعری ئەو شاعیرە، یەکەیەکی نەپچراوە بە یەکتری.شیعرەکان بەشێکی ڕەنگدانەوەی واقیعێکی سیاسی و نەتەوەیی و شۆڕشگێڕین. ھەر لە دەقی ((ڕوانینەکانی چاوی شەقام، تاکو شیعری یادو یاقووت و شیعری وەرزەکان و پاشان شیعری ڕاپەرین و خەمێکی بێ کۆتایی)) ھەست بەو درێژبوونەوەی تیمەی شیعری ئەو شاعیرە دەکەین، کە دواجار ئەویش دەچێتەوە نێو فەزای شیعری ھەفتاکان، کە بە کۆمەڵێک ئەدگاریی سیاسی و بابەتی و ئەدەبی دەناسرێتەوە، کە ھەرە دیارترینییان بە سیاسیکردنی شیعرو نووسینی شیعرە لە پێناو دۆزە سیاسی و نەتەوەیەکە،کە بەرجەستە کردنی گیانی نەتەوەیی و جۆشدانی ھەستی شۆڕشگێریی و کوردایەتی، بە گشتی ناوەڕۆک و گوتاری شیعری ئەو سەردەمە پێکدێنن.خالید عەبدل، لە کۆی وتارەکەی لە بارەی ئەو شاعیرەوە، تەنھا دووشیعر دەکاتە نموونەی دژە باوی لە شیعرەکانیدا و دواتر ھەر خۆشی لە میانەی باسکردن لەو شیعرانە، ئەو بۆچوونەی خۆی ڕەت دەکاتەوە. ئەو لە بارەی شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریمەوە بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەنووسێت:_((شیعرەکانی باسی شۆڕش و خەبات و سەربەستی دەکەن، ئاوێنەی سەردەمی خۆیانن)).سەرەتا دەبێ ئەو نووسەرە بزانێت ھەر شیعرێک ڕەنگدانەوەی سەردەمی خۆی بوو، واتا شیعرێکە لەگەڵ ڕەوتی گشتی و بە ئاراستەی ڕوانین و بیرکردنەوەی جەماوەر بوو، مانای وایە دژ باو نییە و درێژکراوەی ئەوئەقڵیەتە گشتی و بینینە گشتییەیە، کە لە کۆمەڵگەدا بوونی ھەیە. شیعری دژە باو، واتا شیعرێک لە دەرەوەی ڕوانینی گشتی. بێگومان مەبەست لێرەدا ئەوەنییە کە شیعرێک ڕەنگدانەوەی ئازارو مەینەتییەکانی گەلەکەی بێت، ئیدی بەھای شیعری نییە، بەڵکو بەو مانایەیە کە شیعری دژە باو، واتە پێچەوانەی باوی سەردەم. ئەگەر شیعرێک ڕەنگدانەوەی ئاوێنەی سەردەمی خۆی بێت، مانای وایە گوزارشت لە سەردەمە گشتییەکە دەکات. ھاوکات دەبێ بزانین، باسکردن لە سەربەستی وشۆڕش و خەبات، بابەتی نوێ و ناباو نین لە شیعری کوردی. بەڵکو چەمکێکە لە شیعرەکانی سەرەتای سەدەی بیست و بە تایبەتیش لە شیعرەکانی قانح و بێکەس دەبینرێن، کە باسی سەربەستی و پێشکەوتن و ئازادبوون لە کۆت و بەندی زیندان دەکەن.کێشەی نووسەر ئەوەیە، کە نەیتوانیوە بە ئەرگۆمێنت دژە باوی لە شیعری ئەو شاعیرانە ڕوونبکاتەوە. بە پێچەوانەوە، ئەو ھەندێک پرس و بابەتی دیکە بە شیعری ئەو شاعیرانە دەبەستێتەوە،کە پێشتر لە شیعری کوردی بوونییان ھەبووە، کە ئەمەش پووچەڵی ئەو تێزەی خۆی دەکاتەوە.بە نموونە گیانی یاخیبوون، چەمکێک نییە لەگەڵ ئەو شاعیرانە ھاتبێتە نێو ڕووبەری شیعری کوردی. بڕوام وایە شیعری قانح کە باسی ئازادی و زیندان ونەفرەت لە نۆکەری بێگانە دەکات، پڕە لە گیانی یاخیبوون و داکۆکیکردن لە خود و ناسنامەی خود وەک تاکێک.ئەم تیمانە، لەگەڵ قۆناغەکانی شیعری کوردی، بەردەوام دەبن و دەبنە بابەتی شیعریی. بەشێکی زۆری شیعرەکانی جەلالی میرزا کەریم، باسی خەمەکانی مرۆڤ و چەوسانەوە و ئازادی و شۆڕش و خەبات دەکەن. واتا دواجار ئەزموونی ئەویش وەکو شاعیرێک، دەچێتە نێو ڕووبەری شیعری کوردی لە قۆناغێکی دیاریکراودا، کە شیعری سەرەتای ھەفتاکانی سەدەی ڕابردووە.ئەم گوتارە درێژ دەبێتەوە تاکو ڕاپەڕین.شیعری کوردی، لە زۆربەی قۆناغەکانیدا، ڕەنگدانەوەی ئاوێنەی سەردەمی خۆی بووە و گوزارشتی لە واقیعی کۆمەڵایەتی و کەسی سەردەمەکەی خۆی کردووە. ئەم تایبەتمەندییانە، ناچنە خانەی سیمای دژە باوییەوە کە سەرەتا باسمان کرد، کە ھەموو دژە باوییەک دەکەوێتە بەرھێڕشی باوەکانەوە.نووسەر لەوتارەکەیدا،نموونەی ئەو شیعرەی جەلالی میرزا کەریم دێنێتەوە، کە باسی کارەساتی ڕۆژی شەشی ئەیلوول دەکات، کە تەنانەت ساڵەکەشی بە ھەڵە نووسیوە کە(١٩٣٦)ی نووسیوە، لە کاتێکدا ڕووداوەکە لە ساڵی(١٩٣٠)بوو.ئەگەر ئەو شیعرە بە نموونەی دژە باوی بزانین، ئەوا دەبێ گۆران دژە باوتر بێت، چونکە گۆران لە ساڵی ١٩٣٢ وبیست وشەش ساڵ بەرلە جەلالی میرزا کەریم، شیعری بۆ کارەساتی شەشی ئەیلوول نووسیوە. بەگشتی چەمکی ڕووداو، پانتایەکی گەورەی لە شیعری کوردی گرتووە و ڕووداوە سیاسی و کارەساتە نەتەوەیی و تراژیدییەکان، ھەمیشە لە گەلێک قۆناغی دیاریکراودا، بەشێک بوونە لە شیعری کورد.ئەمە لەلایەک لەلایەکی ترەوە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ئەگەر ئەم شاعیرە لە سەردەمێکدا، ستایشی شۆڕشی چواردەی تەممووز و بیری چەپخوازی کردبێت، ئەوا دواجار لە شیعری(ڕۆژژمێرو ڕاپەڕین و خەمی بێ کۆتایی)ئەوا شوناسی ئەم دەوڵەتەی عێراق، بەشوناسێکی قەحپە دائەنێت.کە ئەمەش ئەو پەڕی تووڕەبوون و حاشاکردنە لە دەوڵەتێک کە ناوی عێراقە. جەلالی میرزا کەریم لەو شیعرەیدا، پانۆڕمای ستەم و ئازاری نەتەوە و نیشتمان بەرجەستە دەکات و تا ئەو پەڕی، داکۆکی لە کوردبوون دەکات.بە بڕوای من شیعری ئەم شاعیرە، لە سەر ئاستی زمان و دەربڕینی وشەی شیعری، شیعری نوێن و ئستاتیکایەک لە زمانی ئەو شاعیرە ھەیە، کە ڕەنگدانەوەی ئەو زمانە ڕووت و واقیعی و ئایدۆلۆژییە نییە، کە لە شیعری ھەفتاکاندا دەبینرێت. لە زمانی شیعری ئەو شاعیرەدا، دەیان دەربڕین و دەستەواژەی شیعری جوان دەبینرێن، کە خالید عەبدل خۆی لێ بواردووە. جەلالی میرزا کەریم، بە بڕوای من بەوە دا نابێتە دژە باوی سەردەمی خۆی کە شیعری بۆ حزبی شیوعی و چواردەی تەممووزو کارەساتی شەشی ئەیلوول نووسیوە، وەک ئەوەی نووسەری وتارەکە تێی گەیشتووە، بەڵکو بەو جوانکارییەی زمان و ئەو پەیوەندییەی نێوان زمانی شیعریی وقۆناغەکەدا ھەیە، نوێگەرێکی سەردەمی خۆی بووە. لە شیعری ئەم شاعیرەدا، چەندین وشەی شیعری جوان دەبینرێت، کە تا ئێستا لە شیعری نەوەی دوای ڕاپەڕینم نەبینیوە، زمانی شیعری جەلالی میرزا کەریم، لە سەد لاوە جوانترو پڕماناترو سەرنج ڕاکێشترە، لە شیعری زۆربەی شاعیرە گەنح وبەناو نەوەی نوێی ئەوسەردەمە مۆدێرنەیە و تەنانەت شاعیرە ھاوچەرخەکانی خۆشی. بۆ نموونە ئەم شاعیرە لە ھەفتاکان، ئەم وشە شیعرییانەی بەکار ھێناوە:_(لکاوی دیواری ھۆش/گەرووی زام/ژەنگی تاوان/چرپەی تفت/سیپارەی چلک/سنگی خەزان/کێڵگەی زام/ دەوڵەتی قەحپە/ئۆردووگای دڵ/ساڵنامەی زوڵم/کیشوەری مردن/شڵپەی خوێن/قردێلەی گوڵە گەنم/سەوڵی پرچ/نمەی چاو) ئەمانە و گەلێک وشەی تر کە ئستاتیکایەکییان بە شیعرەکانی ئەم شاعیرە داوە، وێرای ئەو پەیوەندییە سایکۆلۆژییەی لە نێوان زمانی شیعری و دەروونی شاعیر ھەیە. ئێمە نامانەوێت، لەوە زیاتر لە بارەی ئەم شاعیرەوە بدوێین، کە خوا یار بێت پڕۆژەی نووسێنێکی داھاتوومانە. لە کۆتاییدا ئەوە دەڵێم، ئەگەر شیعرەکانی ئەم شاعیرە، ڕەنگدانەوەی دەردو ژانی میللەتەکەی بێت، وەک ئەوەی نووسەر لە دەرەنجام نووسیویەتی، ئەوا بێگومان شاعیرێکی دژە باو نییە، چونکە شیعری شاعیرانی ھەفتا بە گشتی، ڕەنگدانەوەی ئازارەکانی نەتەوەی ئێمەن.

لەتیف ھەڵمەت
خالید عەبدل، لە بارەی لەتیف ھەڵمەتەوە دەنووسێت:_(( ئەو بە کردەوەش دژە باو بوو، پرچی جیاواز دادەھێناو ڕیشی جیاواز دەتاشی)). لێرەدا، دەردەکەوێت کە نووسەر دژە باوی بە ڕوالەتی و ڕووی دەرەوەی مرۆڤ تێگەیشتووە، نەک ھزرو دنیابینی. ئەم بەردەوام دەبێت و دەڵێت:_((شیعرەکانی لەتیف ھەڵمەت،جۆرە پەیام و گوتارێکن،تایبتمەندی خۆیان ھەیە و بە ئاسانی لە شیعری یەکێکی تر جیا دەکرێتەوە، ھەروەک خۆشی دەڵێت مەبەستی(لەتیف ھەڵمەت)ە ناکرێت ئێمە شیعرێک بنووسین، لاسایی نالی و ئەحمەدی خانی ومەلای جزیری بکەینەوە)). با لەوە گەڕێین کە نەک لەتیف ھەڵمەت، بەڵکو ھیچ شاعیرێکی کورد، نەک ناتوانێت وەک ئەحمەدی خانی بنووسێت، بەڵکو لە گوتاری شیعری ئەو شاعیرانەش ناگات. چوار سەد سالچ زیاترە، ئەحمەدی خانی وەک شاعیرێک و بناغەدانەرێکی ئەقڵی ناسیۆنالیستی کوردی، دەخوێنرێتەوە و ماوەتەوە.لە کاتێکدا دەیان شاعیری ھەفتاکان و ھەشتاکان و تەنانەت دوای ڕاپەڕینیش، لە ھزری خوێنەری کورد کاڵبوونەتەوە و کەوتوونەتە پەراوێزی مێژوو. ئیدی نازانم لەتیف ھەڵمەت چۆن بوێری ئەوەی ھەیە بانگەشەی ئەوە بکات کە نایەوێت لاسایی مەحوی ونالی و خانی بکاتەوە؟ کە لە ڕاستیدا ناتوانێت نەک ئەوەی نەیەوێت. چونکە چ شاعیرێکی کورد ھەیە، ئارەزووی ئەوەی نەبێت، وەک خانی و نالی بنووسێت و بناسرێت؟ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە دەکرێ بپرسین، کامانەن ئەو تایبتمەندییانەی شیعری ئەو شاعیرە، بە ئاسانی لە شیعرەکانی تر جیا دەکەنەوە؟ ئەو تایتمەندییانە چین؟ سیماھونەرییەکانی کامانەن؟ئەم بەردەوام دەبێت لە باسکردنی شیعری ئەو شاعیرە و دەنووسێت:_((لەتیف ھەر لە ھەنگاوی یەکەمییەوە ھەوڵی بۆ دۆزینەوەی شتی نوێ بووە، شتگەلێک کە داھێنانەکانی ئەویان زیاترو جوانتر کردووە و ھەموو کەسێک نایاندۆزێتەوە)). مەبەستی نووسەری وتارەکە ئەوەیە، کە لەتیف ھەڵمەت ھەر لە سەرەتاوە بە شیعری جیاواز دەستی پێ کردووە، کە کەسانی بەرلە ئەو نەیاندۆزیوەتەوە. ئەمەش خۆی لە خۆیدا، دژە باوییە وەک خالید عەبدل وەسفی دەکات. بە بڕوای من، ئەم نووسەرە کە من پێشتر وتارم نەبینیوە و ناوم نەبیستووە، یان ئاگادارییەکی کەمی لە شیعری کوردی و قۆناغەکانی ھەیە، یاخود ھەر لێی بێ ئاگایە. چونکە ئەگەر کەمێک پێشی ئەزموونی لەتیف ھەڵمەت، سەیری ئەزموونی شاعیرانی تری بکردایە، قسەی لەو شێوەیەی نەدەکرد.لێرەدا ئێمە نموونەیەک لە شیعرێکی سەرەتای ئەزموونی شیعری ئەو شاعیرە دێنینەوە، کە بەرھەمی کۆتایی شەستەکانە، وەک خۆی لە کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی ئاماژەی پێداوە، تاکو بزانین ئەو تایبتمەندییانەی تێدایە کە خالید عەبدل پێی وایە لەتیف ھەڵمەت داھێنەریتیان و باسییان دەکات؟ لەتیف ھەڵمەت لە شیعرێکیدا دەڵێت:_
من لە بەھاری ھەموو جیھانا،
تەنھا گوڵێکی زیوین ئەبینم
من لە ئاسمانی ساماڵی جوانا
ئەستێرەیەکی شیرین ئەبینم
من لە تەمەنی ھەموو ژیانا
ھەر یادگارییەکی دێرین ئەبینم
(لا٣٣٤_کۆی بەرھەمە شیعرییەکانی)
ئەمە، نموونەیەکە لە شیعری ئەو شاعیرە، کە خۆی وتەنی بەرھەمی کۆتایی شەستەکانە. ئەگەر بە وردی سەرنج لە ناوەڕۆکی شیعرەکە بدەین، ئاخۆ چ تایبتمەندییەک دەبینین، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، کە وەک ھێمایەک بۆ ناسینەوەی ناوی ئەو شاعیرە لە شیعری کوردیدا ببینرێت؟ئەو وشە و وێنە و دەربڕینە شیعرییانەی لەو شیعرەدا ھاتوون، نوێ و تازە و پێشتر لە شیعردا نەبوونە؟ چ جیاوازییەک لە ڕووی فۆڕمی ئەو شیعرەو فۆڕمی شیعرێکی گۆران ھەیە؟گریمان ئەگەر ناوی لە تیف ھەڵمەت بە سەر ئەو شیعرەوە نەبووایە، ھیچ خوێنەرێک دەیزانی ئەمە شیعری ئەوە؟ گومان دەکەم خودی خالید عەبدل خۆشی بیزانیایە. وەلێ تەنھا بۆ ئەوەی بانگەشەی ئەوە بکات کە شتێکی جیاوزتری نووسیوە، لە بارەی ئەزموونی ئەو شاعیرانەوە، ئیدی قسەی گەورەی بێ ناوەڕۆک دەکات. وشەکانی(( ئاسمان_ئەستێرە_تەمەن_یادگاریی_زیوین)) نەک وشە و دەستەواژەی نوێ نین، بەڵکو لە شیعری چل و پەنجاکانی سەدەی ڕابردووش دەبینرێن.شیعرەکانی گۆرانی داھێنەرو نوێکەرەوەی شیعری کوردی،تەژین لەو جۆرە دەربڕینانە. ئەم وشانە لە ڕووی فەرھەنگی شیعرییەوە نە نوێن، نە لەتیف ھەڵمەتیش داھێنەریانە، بەڵکو لەدوای قۆناغی شیعری کلاسیکییەوە، ئەو وشانە دەبنە بەشێک لە گوتارو فەرھەنگی شیعری شاعیرانی ئێمە. بۆ نموونە: گۆران لە شیعرێکیدا دەڵێت:_
بۆ ئەوەی بتوانم لە پەردەی بیرم..
نیگارێ ھەڵکەنم شێوەی لێت بچێ
تا ھەر چەن گازی گرت لەلەش زنجیرم
ئازارم سووکتر کا خەیاڵی کچێ.
کە شۆخە و قژ زەردە و باڵا ڕێک و بەرزە
خەمخواری نە ناسە وەک فریشتەی عەرز
(دیوانی گۆران_لا١٦٤)
ئەم شیعرەی گۆران، لە ڕووی فۆرمی شیعرییەوە، ھاوشێوەی ئەو شیعرەی لەتیف ھەڵمەتە، کە لە سەرەوە ئاماژەمان پێداوە. لەم کۆپلە شیعرییەدا، چەند وێنەیەکی شیعری کە بە زمان گوزارشتییان لێکراوە، بە بەراود لە گەڵ وشە شیعرییەکانی شیعری لەتیف ھەڵمەت، کەخالید عەبدل پێی وایە ھەر بە نوێ و جیاواز لە پێش خۆی دەستی بە شیعر کردووە،ئستاتیکی ترو سەرنج ڕاکێشترن. بەشێکی زۆری شیعری گۆران، ئەگەرچی ھەندێکییان وشەی عەرەبیان تێدایە، بەڵام لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و ڕیتم ومۆسیقای شیعرییەوە، ئەگەر لە پێشەوەی بەشێکی ئەزموونی شیعری ھەفتاکان نەبێت،ئەوا بە دڵنیاییەوە ھاوتەریبی ئەوانە.گۆران لە چەندین دەقی خۆی وشەی(ئەستێرە و بەھارو تەمەن و یادگاریی) بەکار ھێناوە، ئیدی نازانم دەسپێکی ئەو وشە نوێیانە، بۆچی نوێن و تازەن لە شیعری ھەفتاکاندا. نووسەر ھەر لە میانەی وتارەکەیدا دەنووسێت:_(( ناوەڕۆکی شیعرەکانی لەتیف ھەڵمەت، بریتین لە شانازیی/پێشکەوتن/ نەسرەوتن/ ئاوات و ئامانج، ئەو بۆ نووسینی شیعر شێوازێکی ھەڵبژارد و شیعری پێ نووسی کە بە ئاڵۆزیی بە خەڵکی نەفرۆشتەوە،بەڵکو بە سادە و ساکاری داویە بە گوێیان)). ئەمە خۆی لە خۆیدا،ڕەت کردنەوەی بۆچوونی خۆیەتی لە بارەی دژە باویەوە.چونکە ئەگەر شاعیرێک بە سادە و ئاسایی شیعری نووسی وشیعری کردە بەشێک لە ڕوانینی میللی و جەماوەرییانەی خەڵک، ئیدی دژە باویەکەی لە کوێدایە؟لە کاتێکدا وەک باسمان کرد،دژە باوەکان لە ھیچ شوێنێکی باودا جێگەیان نابێتەوە و ڕەت دەکرێنەوە. ئەگەر شاعیرێک بە ڕوانینی گشتی شیعری نووسی، لە ڕاستیدا دەبێ نیگەران بێت و بە ئەزموونەکەی دابچێتەوە، چونکە مانای وایە، لەگەڵ ڕەوتی باودایە. شیعر تۆپانێ نییە، تاکو جمھورێکی زۆری ھەبێت. ھەر شیعرێک سادە و ئاسان و بێ ئاڵۆزی خەڵک تێی گەیشت، مانای وایە گەردێک دژە باو نییە. لێرەدا مەبەستی ئێمە دژە باویەکەیە، نەک پێوەری شیعرو خوێنەر. چونکە شیعریش دواجار بەشێکە لە ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەریی کۆمەڵگە. بەڵام ئەگەر شیعرەکانی لەتیف ھەڵمەت، وەک خالید عەبدل دەڵێت، بێ ئاڵۆزی بگەنە خەڵک، مانای وایە دژە باو نییە. لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر بە پێوەری ئەو بابەتانە بێت، کە لە ناوەڕۆکی شیعری ئەو شاعیرەدا ھەیە،ئەوا دیسانەوە شیعری ئەو شاعیرە، درێژکراوەی ئەزموونی شیعری پێشووترە. ئەو بابەتانەی ئەو باسی دەکات، لە شیعری سی و چلەکانی سەدەی ڕابردوو دەبینرێت. مەگەر چ شاعیرێک ھێندەی قانح، باس لە مرۆڤ و شکۆمەندی مرۆڤ دەکات لە شیعرەکانی؟ کێ ئەوەندەی بێکەس باسی پێشکەوتن و تەمێ کردنی پاپا و دەست دانە عیلم و فەن دەکات؟ کێ ئەوەندەی زێوەر ھەوڵ بۆ کۆمەڵگەیەکی خوێندەوار دەدات لە شیعرەکانی؟ئەم بابەتانە لە بەشێکی زۆری گوتاری شیعری نیوەی یەکەمی سەدەی ڕابردوو دەبینرێت. ئەگەر وابێت،ئەوا دەبێ بڵێین لەتیف ھەڵمەت شاعیرێکی دژە باو نییە.چونکە دژە باوی، لادانە لە واقیعی باو، ھێنانە ئارای بابەتی تازە و دنیابینی تازەیە.بێگومان لە دوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوول و نیوەی دووەمی ھەفتاکان،نائومێدی دەبێتە بەشێک لە سایکۆلۆژیەتی مرۆڤی کورد.ئەو قۆناغە کە قۆناغی ڕەشبینی و خامۆشییە، کاریگەریەکی قووڵ لە سەر باری دەروونی مرۆڤی کورد جێدێڵێت. شیعری کوردی لەو قۆناعەدا، ڕەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجە کۆمەڵایەتی و سیاسیەیە. بۆیە گوتاری شیعری کوردی، دەبێتە گوتاری بەرگریی و جۆشدانی کوانووی شۆِرش و ئەم گوتارە درێژ دەبێتەوە تاکو ڕاپەڕین، بەڵام بە ناوەڕۆک و گوزارشتکردنی جیاواز. شیعری لە تیف ھەڵمەتیش، دەبێتە بەشێک لەو گوتارە. بە تایبەتی کە ئەو خۆشی(ئەگەر ھەڵە نەبم)دەبێتە پێشمەرگە. ئەزموونی ئەو شاعیرە، لە بەشێکی زۆری شیعرەکانی، دەبێتە بەشێک لە گوتاری باوی شیعری ئەو سەردەمە.بۆ نموونە لە شیعرێکدا دەڵێت:_
ئەڕۆمەوە بۆ شارەکەم..
بەس نییە لەشم تێکەڵی خاک و خۆڵی کوردستان دەبێ..
بۆ ھەر کوێم پەلکێشم کەن
دڵم دڵۆپە بارانێکە و لووتکەی ھەڵگۆرد دەدۆزێتەوە.
(دیوانی لە تیف ھەڵمەت_ل_١٢٤)
ھەروەھا لە شیعرێکی تردا دەڵێت:_
ئەی دایکەکان..دەستەکانتان ماچ دەکەم..
مناڵەکان فێری خۆشەویستی بکەن..
خۆشەویستی نیشتمان..نیشتمان
ئەی دایکەکان.
(دیوانی لەتیف ھەڵمەت_ل_٣٦٥)
ئەم دوو شیعرە، دوونموونەن لە شیعری ناوەڕاست و کۆتایی ھەفتاکانی سەدی ڕابردوو. گوتاری ھەردوو شیعرەکە ڕوون و دیارە. بابەتی خۆشویستنی خاک و نیشتمان و گۆشکردنی ڕۆڵەکانمان بە خۆشەویستی خاک، تیمەی سەرەکی شیعرەکانە. ھەردوو شیعرەکە دەلالەت لە خۆشویستن و پەیوەستبوونی شاعیر بە خاک و خۆڵی نیشتمان دەکەن. ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین ھەردوو دەقەکە و بەشێکی زۆری شیعرەکانی دیکەی ئەو شاعیرەش، ھیچ دژە باویەکییان تێدا نییە. ئەگەر لەتیف ھەڵمەت بە دژە باویی و ڕێچکەی نوێی شیعری دەستی پێ کردبێت وەک خالید عەبدل دەڵێت،ئەوا بۆچی شیعری ئەویش لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە، دەچێتەوە نێو ڕووبەری شیعری ھەفتاکان و بۆچی نەیتوانی ئەم دژە باوییە درێژە پێ بدات و شیعرێکی جیاوازتر لە شاعیرانی ئەو سەردەم، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە بنووسێت؟ئەمە بەو مانایە نییە، کە نووسینی شیعری نیشتمانی و بەرگریی،گرنگی خۆی نەبووبێت، بە تایبەتش لەو قۆناغەدا، کە قۆناغی نائومێدیی و ڕەشبینی و ھەڵسانەوەیە، بەڵکو بەو مانایەیە، کە شیعری کوردی لەو قۆناغەدا، ھەڵگری یەک گوتارو یەک ئامانجە، بەڵام بە دنیابینی جیاواز، نەک بە فۆڕم و ناوەڕۆکی جیاوازە.چونکە ھەڵومەرجە سیاسییەکە، واقیعێکی کۆمەڵایەتی دێنێتە ئاراوە، کە شیعر ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە ڕەشبینی و نا ئومێدییە بێت. ئەم گوتارە لە شیعری لەتیف ھەڵمەت درێژدەبێتەوە، تاکو زەمەنی دوای ڕاپەڕین، کە شیعرەکانی دەبنە ھەڵگری جۆرێک لە گوتاری سۆفیزم. ئەم شاعیرە لە ئێستادا، نایشارێتەوە کە ڕووی لە سۆفیزم کردووە، تەنانەت ھەرخۆی لەم وتارەدا داوادەکات کە(خودا لە لاسارییەکان گەنجی ببوورێت). ئەمەش مانای جۆرێک لە پاشگەزبوونەوە لە ھزرو ڕوانین و ئەو دژە باویە دەگەیەنێت، کە خالید عەبدل پێی وایە ئەم شاعیرە ڕچەشکێنی بووە. ھەموو شیعرەکانی نێو دیوانی لە تیف ھەڵمەت، ھەر لە شیعری یەکەمییەوە، تا دوا شیعری دیوانەکە، ھەڵگری یەک فۆرم و ناوەڕۆکن، بە دنیابینی جیاواز,بگرە لە کۆتایی دیوانەکەیدا، ھەندێک کورتە شیعر دەبینین نەک ھەر سادە و ساکارن، بگرە سواوترین و باوترین شیعری کوردین و ئەزموونی بەشێک لە شاعیرە تازە نووس و بێ بەھرەکانمان پڕن لەو جۆرە شیعرانە. نازانم ئەگەر شاعیرێک بە دژە باوی دەستی پێ کردبێت، چۆن دواجار پێچەوانەی ئەو دژە باویەی خۆی دەوەستێتەوە.لەتیف لە شیعرێکیدا بەناوی(عەشقنامەی سەدەی بیست و یەک)دەڵێت:
عەشق لای من تێکەڵاوبوونی دوو جەستەیە..
عەشق لای من..
نەتدیوەچۆن لە ناو کوورەی ئاسنگەردا کلپە و ئاسن
باوەش بەیەکدا دەکەن و تێکەڵ دەبن،
(دیوانی لەتیف_لا ١٣٩٠)
ئایا عشق تێکەڵاوببونی دووجەستە و توانەوەیە لە نێو یەکتری یان تێکەڵاوبوونی دوو ڕوحە؟ ئەوانە عشق لە جەستەدا کۆدەکەنەوە و دەبینن، ئەوانەن کە جەستەی ژن وەک موڵکی پیاو دەبینن و تەنھا مەبەستییانە شتێکییان لەو جەستەیە، لە ڕووی چێژو غەریزەوە دەست بکەوێت. بە بڕوای من وەک خوێنەرێک، ئەوەی لەو کۆپڵە شیعرییەدا دەیبینین، دەربڕینێکی ئاسایە، کە ڕەنگە ڕۆژانە بە بەر دەیان وێنەی لەو شێوەیە بکەوین لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا. ئەم شیعرە، کە کۆتا شیعرە لە دیوانی لە تیف ھەڵمەت و خۆی دەڵێت، ڕەنگدانەوەی نەبوونی زین و مەمێکە لە سەدەی بیست و یەک، ھاوشێوەی ئەو شیعرەیە کە ئەو شاعیرە لە سەرەتای ئەزموونی شیعرییەوە، لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک دەستی داوەتێ.ھەر دژە باوییەک دواجار نەبووە ڕێگەیەکی سەربەخۆی شیعریی و لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکەوە جیاواز نەکەوتەوە، مانای وایە دژە باو نییە. نموونەی ئەو شیعرانەی باسی خۆشەویستی و دایک و منداڵ و نیشتمان پەروەرەی دەکەن،لە شیعری قۆناغی ھەفتاکاندا، بێ شومارن.ئەمانە نە نموونەی دژە باوین نەگوتنێکی جیاوازیشن. ئەگەر خالید عەبدل پێی وابێت شیعری ئەو کولەکانە دەشکێنم، نموونەی شیعری دژە باوییە و یەکەم دەقی لەو شێوەیە، ئەوا ھیوادارم بگەڕێتەوە سەر ئەو شیعریەی گۆران کەدەڵێت:_
بتم شکان..
دووبتەوان..کوژران نەمان
چنگ لەسەر شان لە نیشتمان
ئێستا بەڕاست بت پەرست نیم..
سەربەست ئازاد ئازا ئەژیم..
گۆران ئەم شیعرەی، لە تەمموزی ١٩٥٨ نووسیوە، ئەو بە ئاشکرا، ھەوڵی تێکشکاندنی بیری بت پەرستی و یاخیبوون و سەربەستی ژیان دەدات. ھەر لەدرێژەی وتارەکەیداو لە بارەی لەتیف ھەڵمەتەوە، نووسەر دەنووسێت:_((لەتیف ھەڵمەت، یەکەم دەقی کراوەی نووسیوەکە دەقی ئەو کولەکانە دەشکێنم، لە دەقی کراوەدا شاعیر سەربەستە لە گەیاندنی پەیامەکەی)). لە ڕاستیدا، گومان دەکەم ئەم نووسەرە، بزانێت دەقی کراوە یانی چی.خەسڵەتەکانی چین. دەقی کراوە، چۆن لە دەقی داخراو جیا دەکرێتەوە؟ بێگومان، ھیچ ژانرێک وەک شیعر، خەیاڵسازیی و دنیابینی سەربەستانەی نییە. نەک تەنھا لە شیعری کراوەدا، بەڵکو لە شیعری کورت و شیعری ئاساییش، شاعیر تا ئەو پەڕی بێ سنووری، سەربەستە لە دەربڕین و بەرجەستە کردنی وێنەی شیعری. شیعر چیڕۆک و ڕۆمان و حیکایەت نییە، لە سەرەداوێکەوە دەست پێ بکات و بگاتە کۆتایی ڕووداوەکان.بە پێچەوانەوە، لە شیعردا ئەو پەڕی سەربەستی ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەو پێی وابێت سەربەستی شاعیر مانای دەقی کراوەیە، ئەوا بەھەڵە تێگەیشتووە. دیارترین سیمای دەقی کراوە ئەوەیە، کە زۆرتر لە خوێندنەوەیەک و ڕاڤەکردنێک لە خۆ دەگرێت. مانا لە دەقی کراوەدا، بە کراوەیی دەمێنێتەوە. دەقی کراوە، خوێنەر لەبەردەم پرسیارو ڕامان وزۆرتر لە بینینێک ڕادەگرێت. بۆیە ئەو دەقە شیعرییەی ئەو بە نموونە ھێناویەتییەوە، نەک دەقێکی کراوە نییە، بەڵکو وەک ھەر دەقێکی ئاسایی شیعری شاعیرێکی دیکە، مانا تەواو دەکات و لە کۆتایی شیعرەکەدا، فەزای دەقەکە دادەخرێت، ھەرخوێنەرێکیش بە وردی شیعری ئەو کولەکانە دەشکێنم بخوێنێتەوە، ھەست بەمە دەکات. بەشێک لەو تایبتمەندییانەی ئەم نووسەرە داویەتە پاڵ شیعری لە تیف ھەڵمەت و ناویشی لێ دەنێت دژە باو، بە ھیچ شێوەیەک نموونە و ئاماژەی دژە باوی نین و بەڵکو ھی شاعیرانی دیکەشن.بۆنموونە دەنووسێت:_(( لەتیف ھەڵمەت وەک ئەندازیارێکی بە توانا،وشە لە جێی شیاوی خۆی دا ئەنێت)). دژە باوی، ئەوە نییە شاعیرێک وشە لە شوێنی شیاوی خۆی دابنێت، چونکە ئەلف و بێ نووسینی سەرەتایی، کە منداڵ لە قوتابخانە فێری دەبێت، دانانی وشەیە لە سیاقی ڕستە و گەیاندنی مانای بابەتییە لە میانەی دەربڕیندا. مانای چییە شاعیرێک بۆیە دژە باوە، چونکە دەزانێت وشە لە جێی خۆی دابنێت؟!. مەگەرمرۆڤ نەک تەنھا لە شیعردا، بەڵکو لە زمانی میللی و ڕۆژانە وئاسایی دەربڕینیشدا، ھەوڵی ئەوە نادات وشە بە گونجاوترین و ڕێکترین شێوە، لە شوێنی شیاوی خۆی دابنێت؟ قوتابییەک کە داڕشتن ئەنووسێت، مەلایەک کە خوتبە دەدات، فەقێیەک کە دەیەوێت فێر ببێت، ھەمووان ھەوڵی ئەوە نادەن، بە جوانترین و ڕێزمانیترین شێوە، وشە لە شوێنی شیاوی خۆی دابنێن؟ ئەم لێکدانەوانە، لێکدانەوەی نا بابەتین و گوزارشت لە نا شارەزایی نووسەر دەکەن، لە بارەی نووسینی ئەدەبییەوە. لەلایەکی دیکەوە، من نازانم ئەگەر نووسەرێک(ڕەمز)و(ئەفسانە)و(کەلەپوور)و(فۆلکلۆر) لە یەکتری جیانەکاتەوە، چۆن بوێری ئەوەی ھەیە، لێکۆڵینەوەی درێژی ئەدەبی بنووسێت؟!.سەرنج بدەن ھەر لەبارەی ئەم شاعیرەوە چی دەنووسێت:_((لەتیف ھەڵمەت، لە بەکارھێنانی ڕەمزو ئەفسانەکاندا سەرکەوتوو بووە و لە بیری نەکردوون،زۆر ڕەمزو ئەفسانەی وەک مزگەوت و ئادەم و کلێسە و پەرستگا وزەردەشت و عیسای بەکاربردوون)). بە ڕاست مزگەوت وکلێسە ئەفسانەن؟!! حەوا و ئادەم و حەزرەتی عیسا، ڕەمزن؟! کلێسای مەسیحییەکان ئەفسانەیە؟ مەگەر دنیا پڕ نییە لە دەیەھا ھەزار کلێسە؟ ئەگەر ئەمانە بە ناوی ڕاستە قینەی خۆیان ناوبھێنرێن و بناسرێنەوە، ئیدی نازانم ڕەمزیەتییان لە کوێ دایە؟ئەگەر بەکارھێنانی ئەم وشانە لە شیعردا بە دژە باویی و دنیابینی فراوانی شیعری بزانین، دەبێ بڵێین کە فایەق بێکەس، سی ساَل زیاتر بەرلە لەتیف ھەڵمەت دژە باوبووە. چونکە فایەق بێکەس لە سییەکانەوە، باسی ئەوە دەکات کە ئەوروپا پاپای تەمێ کردووە و دەستی داوەتە عیلم و فەن،دەبێ ئێمەش چاو لەوان بکەین.ئەو لە سییەکانەوە شیعرێک دەنووسێت، کە بنەمای ڕۆشنگەریی و بینینی دنیا لە سەر ئەقلگەرایی دەکاتە پێوەر.شیعری کوردی بەدەر نەبووە لەو واقیعە کۆمەڵایەتییەی لە نێو کۆمەڵگەدا بوونی ھەبووە. بۆیە لە زۆرکاتدا، دەبێتە ڕەنگدانەوەی بنەماکانی ئەو واقیعە. ئەمەش نەداھێنانە نە دژە باویی.خاڵێکی دیکە، کە نووسەر لە وتارەکەیدا، دەیکاتە پێوەرێک بۆ دژە باویەتی لە تیف ھەڵمەت ئەوەیە، کە شاعیر لە شیعرەکانیدا، چەند وشەیەک لەسەر یەکتری دووبارە دەکاتەوە، کە ئەمەش ھوشیارییەکی شیعری گەورەیە.لەوبارەیەوە نموونەی ئەو شیعرەی لەتیف دێنێتەوە:_
من ھەر زیندووم
تاسەر زیندووم
مەرگ ئەکوژم من ھەر زیندووم
دووبارە کردنەوەی چەند وشەیەک لە سەر یەکتریی، سیمایەکی ھونەریی و ئاسایی دەقی شیعرییە. ئەم دووپاتکردنەوەیە، یان ڕەھەندێکی زمانەوانی ھەیە، یاخود ڕەھەندێکی بابەتی، لە ھەردوو ڕووەکەشەوە بەشێکە لە بینای ھونەری دەقی شیعری.ئەگەر دووپاتکردنەوەی وشە، بە داھێنان و دژە باویی و بلیمەتی بزانین،ئەوا دەبێ بڵێین گۆران لە ھەمووان دژە باوترە. چونکە ئەو لە ساڵی ١٩٥٨، شیعرێکی نووسیوە، کە دووبارەکردنەوەی وشەی تێدایە. کاتێ دەنووسێت:_
دەنگێکی دوور
دوور ئێجگار دوور
بە ئەستەمێک ئەگاتە ژوور.
ئەی دەنگی دوور
(دیوانی گۆران_لا٢٠٦)
بۆیە گرنگە، لە خستنەڕووی ھەر بۆچوونێکی ئەدەبی، بەرپرسیاریەتی فەرھەنگیی و مێژوویی ھەڵبگرین.توێژینەوە لە شیعری شاعیرێک، ئەم شاعیرە ناکاتە دژە باو، ئەگەر بنچینەکانی دژە باوی لە دەقی شیعرەکانی نەبێت. ئەگەر گۆرانی شاعیر، دوو دەیە بەرلە لەتیف ھەڵمەت، یان ھەر شاعیرێکی کورد،شیعرێکی لەو شێوەیەی نووسیبێت، ئیدی نازانم دژە باوی ئەو شاعیرانە لەکوێ دایە و چییە؟!دواجاریش دەڵێت:_((لەتیف ھەڵمەت ھەڵوێستێکی ئایدۆلۆژی جێگیری ھەبووە)). ئەگەر شاعیرێک ھەڵوێستی جێگیری ھەبێت و شیعر وەک بەشێک لە ئایدۆلۆژییا ببینێت، ئەوا شاعیرێکی دژە باوە، یان ئاسایی؟!.

فەرھاد شاکەلی..
بەگشتی چەند سیمایەکی ھونەری لە شیعری کۆتایی شەستەکان و ھەفتاکانی قۆناغی شیعری کوردی ھەن، کە ھاوبەشن و لە ئەزموونی زۆربەی شاعیران دەبینرێت و ڕەنگییان داوەتەوە. کە ھەرە دیارترینیان، بیری نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی و گوزارشتکردنە لە مێژووی نەتەوەیەکی چەوساوە و ژێر دەست,ئەم گوتارە لە شیعری کوردیدا، درێژ دەبێتەوە تا کۆتایی نەوەدەکان و ڕاپەڕین، بەڵام بە دنیابینی جیاوازەوە.بۆنموونە:_لە شیعری ھەشتاکاندا، بە تایبەتی ئەو شیعرانەی لە شار دەنووسرێن و ڕەنگدانەوەی گیانی بەرگریی و شۆڕشگێڕیی و نەتەوەیین، سیمبول دەبێتە بەشێکی سەرەکی لە زمان.چونکە بە ھۆی نەبوونی ئازادیی و ستەمی بەعس لەو قۆناغەدا،شاعیرانی کورد پەنا دەبەنە بەرسیمبول، بە تایبەتیش کە ئەو قۆناغە بە قۆناغی ڕەشبینی و نا ئومێدی دەناسرێتەوە. شیعری کوردی کە دەبێتە بەشێک لە شیعری بەرگریی و نەتەوەیی، لەو قۆناغەدا بە ئەندازەیەک لە یەکتری نزیک دەبنەوە، کە ڕەنگە بە ئەستەم خەسڵەتێکی شیعری جیاواز، شیعری ئەو شاعیرانە لە یەکتری جیابکاتەوە، بە پێچەوانە بەڵکو ھەستانەوە و چاوەڕوانی،ئومێد و ھەڵاتنی خۆری ئازادی، دەبێتە تیمەی سەرەکی شیعری کوردی ئەو قۆناغە بە گشتی.بۆیە شاکەلی ئەگەر لە پڕۆژەی کودەتایەکی نھێنی بە دژە باویی و نوێگەرانەش دەستی پێ کردبێت، ئەوا دواجار شیعری ئەویش بۆ ماوەیەک دەبێتە بەشێک لە فۆڕمی شیعری ھەفتاکان کە شیعری سیاسی و بەرگریی و یاخیبوونە. بۆنموونە:_ شاکەلی لە دیوانی پڕۆژەی کودەتایەکی نھێنی دەڵێت:_
لە ناکاو
کورەی ئاگرکۆشک و دیوار وێران ئەکا
گلێنەی چاو دیمەنی ژیان ئەخواتەوە
(پ_ک_ن،چاپ دووەم ٢٠٠٠لا٢٧)
کورەی ئاگر، ھێمایە بۆ تووڕەبوون و تەقینەوەی ڕقی جەماوەرو دیوارو کۆشک، ئاماژەیە بۆ دەسەڵات و ستەم و بێدادی بەرامبەر بە مرۆڤی چەوساوەو ھەژار. چونکە کۆشک ،دەلالەت لە پێگەی ژیانی ئەرستۆکرات و زەنگینەکان دەکات.کاتێ چاویش دیمەنی ژیان ئەخواتەوە، مانای وایە سەرلە نوێ ژیانێکی دیکە دێتە ئاراوە و ژیانی کۆن نامێنێت.ئەم دەربڕینانە، لە ئاستی زمان و دنیابینی شیعریدا، بە بڕوای من بەشێکە لە دنیابینیی شیعری ھەفتاکان بە گشتی. بۆیە ئەم گوتارە، لای شاکەلیشی ھەیە و ئەویش ھاوشێوەی شاعیرانی ئەم قۆتاغە کەوتۆتەژێر کاریگەریەتی ڕووداوکانی ئەو سەردەمە.ئەم کاریگەریەتییە، بە وردی لە دوو ساڵی دوای نسکۆ دیارە. شاکەلی لە شیعرێکی دیکەیدا، کە لە شوباتی ١٩٧٥و چەند مانگێک دوای نسکۆی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول نووسیویەتی، دەڵێت:_

لە شەوێکی تاریکەدا..جوانووی ئەوین ھەڵمدەگرێ..
ڕووە و جێژوانی شین دەمبات..
ڕووە و کێلگەی ئەوین دەمبات..
دەڵێن کەرکووک پێناکەنێ..ساوای بچووک پێناکەنێ..
دەڵێن وڵات بێ ڕووبارە.. ھەتاو بریندارە..
کێ دەڵێ کوردستانی پەژارە و زام..بسکی ھەتاو داناھێنێ..
لە دوای شەوی تاریک و ڕەش..ڕۆژی زێڕین ھەڵدێتەوە..
بەھاری شین دێتەوە..ڕەوە تفەنگ بۆ ھێلانەی گەرمی سەنگەردێتەوە.

ئەم شیعرەی شاعیر،کە ئێمە چەندکۆپڵەیەکمان لێ نووسیوەتەوە، یەکێکە لە شیعرەکانی نیوەی دووەمی ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو.
ئەگەر لە ئاستی ناوەڕۆکدا بڕوانینە ئەودەقەی شاکەلی،دەبینین ڕەنگدانەوەی قۆناغێکی سیاسی دیاریکراوە، کە تیایدا خامۆشی ھەموو شتێکی گرتۆتەوە.شاعیرلە نێو ئەو ھەموو شکست ونسکۆ و نائومێدییەدا، موژدەی ھەڵھاتنی خۆرێکی تازە و قۆناغێکی تازە دەدات. شاعیربە ئاشکرا بەگژ ئەو واقیعە دادێتەوە وبڕوای وایە ڕەوە تفەنگ سەنگەرچۆڵ ناکات.پەیامی ئەوشیعرە پەیامێکی سیاسی،شۆڕشگێڕیی ونەتەوەییە. وێرای ئەوەی پەیامی ھەڵسانەوەیە و ئومێد دەبەخشێتە مرۆڤەکان.شیعرلەوکاتدا،چەکێکی دیکەی دەستی پێشمەرگەبوو. شاعیران بە شیعرەکانییان، ھانی تۆخکڕدنەوەی بیروباوەڕی نەتەوەیی و بەرزکردنەوەی گیانی نەتەوەیی ونیشتمانی مرۆڤی کوردییان دەدا.شاعیرلە نێو نائومێدییەکی گەورەدا، موژدەی ھاتنەوەی ڕەوە تفەنگ بۆ سەنگەرەکان دەدات.کە دواتریش ھاتنەوە و گەلی کورد خۆری ئازادی لێ ھەڵھات و ڕاپەڕین، دەروازەی ژیانێکی نوێی بۆ کورد کردەوە. ئەم فۆڕم و ناوەڕۆکە لە شیعری کوردی، بە گشتی گوتاری شیعری نیوەی دووەمی ھەفتاکان پێکدێنێت، کە شیعر دەبێتە ھەڵگری پەیامێکی سیاسی و شۆڕشگێڕی. شاکەلیش وەک ھەر شاعیرێکی دیکەی ئەو سەردەمە، کەوتۆتە ژێر کاریگەریەتی ڕووداوە سیاسییەکانی ئەو کات و لە شیعرەکانیدا ڕەنگییان داوەتەوە. تەنانەت لە شیعرێکیدا باسی ئەستێرەی سووریش دەکات، کە ھێمابوو، بۆ ڕێکخراوێکی سیاسی ئەوکات. ئەم گوتارە لە شیعری شاکەلی زۆر ناخایەنێت.ئەمەشە جیاوازی ئەم شاعیرە، لەگەڵ شاعیرە ھاوسەردەم و ھاو قۆناغەکانی خۆی.شاکەلی دوای ئەوەی دەچێتە شام و دواتریش ئاوارەی سوێد دەبێت و لەوێ دەگیرسێتەوە، دەتوانم بڵێم گوتاری شیعری سەد و ھەشتا پلە دەگۆڕێت. شیعری ئەو،چیتر شیعرێکی سیاسی و ئایدۆلۆژی نییە، وەک ئەوەی لە شیعری شاعیرانی تر دەبینرێت. ئەم گۆڕانکارییە لە شیعری شاکەلی، دەرەنجامی جێھێشتنی و دوورکەوتنەوەیە لە خاک و نیشتمان و جێھێشتنی کوردستان. گوتاری شیعری شاکەلی، ئیدی دەبێت گوتارێک،تەژی لە ھەستی غەریبی و دوورکەوتنەوە لە نیشتمان.شیعری ئەم شاعیرە،دەبێتە ھەڵگری گوتارێکی دیکە،کە ئەویش ئەزموونی مەنفا و نوستالۆژیای گەڕانەوەیە بۆ نیشتمان. ئەگەر سەرنج لە مێژووی نووسینی شیعرەکان بدەین، ئەو کات درک بە کاریگەریەتی مەنفا لە سەر ژیان و شیعرو دنیابینی شاکەلی بە قووڵی و لە ماوەیەکی زەمەنی زۆر کورتدا دەکەین.شاکەلی، تەنھا دوای دووساڵ لە جێھێشتنی نیشتمان، غەریبیەکی گەورە ڕووی تێ دەکات و لە شیعرێکیدا کە لە ئایاری ١٩٧٨نووسیویەتی، زۆر بە جوانی ھەست بەو غەریبوونەی شاعیر دەکەین. ئەو لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
کچە زازایی گوڵھەنار..
بۆنی دارستان پێیە..
بۆنی شارو گوندی کوردستانت پێیە
بۆنی زۆزان بۆنی گەرمیان بۆنی بارانت پێیە
(ک-ش_بڵاچەیەک درز دەخاتە -لا٥٩)
لەم شیعرەدا، دەردەکەوێت کە شاکەلی چۆن بیری لە بۆنی خاکی کوردستانە و بە تاسەی ئەو بۆنەوە کچە زازایەک دەدوێنێ. ئەم کچە لە یەک کاتدا، ھێمایە بۆ خۆی و بۆ خاکێکیش کە ئەویش کوردستانە. ئەم گوتارە شیعرییە لە ئەزموونی شاکەلی، بە درێژایی ژیانی لە مەنفادا، لە وێنەی شیعری جیاواز و ھەناسەی شیعری جیاواز، بوونی ھەیەو دەمێنێتەوە، تاکو دوایین شیعری کە لە ئابی ساڵی ١٩٩٠ و چەند مانگێک بەرلە ڕاپەڕین نووسیویەتی. شاکەلی لەو شیعرەیدا دەڵێت:_
لەگەڵ زەردە پەڕی گشت ساڵێکدا
کە کێوی سەربە تەمی تەمەنم تریفە باران دەکا..
ڕوو لە ڕۆژھەڵات رادەوەستم..
چاوەڕێی پەیکی خۆرھەڵاتێکی ترم
(ھەمان سەرچاوەی پێشوو_لا٢١٤)
ڕۆژھەڵاتی یەکەم، ئاماژەیە بەو ڕۆژھەڵاتنە فیزیکی و گەردوونییەی ھەموو بەیانییەک وەک کردارێکی گەردوونی دەست پێ دەکات و ھەموو ڕۆژێک دووبارە دەبێتەوە.ئەو ڕۆژھەڵاتە،بە مانای ئەو ڕۆژھەڵاتییەی بەیانییانە کە شاکەلی لە سوێد دەیبینێت.بەڵام ڕۆژھەڵاتەکەی دیکە، ئاماژەیە بۆ کوردستان و دەنگ و باسی وڵاتی خۆی کە لە چوارچێوەی جوگرافیایەک دایە کە ناوی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستە.چونکە شاعیر بۆ ماوەی سیانزە ساڵ دوورە لە کوردستان و نیشتمانی خۆی، ئیدی ھەموو بەیانییەک لە چاوەڕوانی ھەواڵێکی کوردستان دایە. لە دوای ئەم شیعرەوە وکە ڕاپەڕین دەست پێ دەکات و کوردستان ئازاد دەبێت، ئەمجارەیان شیعری ئەو شاعیرە بەرە و دنیای جوانی ڕۆماسیەت و شیعری دڵداری و دواتریش سۆفیگەری و پاشانیش نووسینی چەندین پەخشانی جوان دەچێت.کە تاکو ئێستاش ھەر بەردەوامە. شیعرەکانی شاکەلی،زمانێکی ئەدەبییانەی یەکجار جوان و سەرنجڕاکێشیان ھەیە، کە خوێنەر بە شێوەیەک بە دەقەکانەوە گرێدەدات، کە ناتوانێت دەستبەرداریان بێت. ئەمە بە کورتی بەشێک بوو لە خستنە ڕووی ئەزموونی ئەم شاعیرە.ئێستا دێینە سەر بۆچوونەکانی خالید عەبدل، لە بارەی دژە باوی شیعری شاکەلی، تاکو بزانین چی دەڵێت و چۆن سەرنجەکانی دەخاتە ڕوو.نووسەر دەنووسێت:_((فەرھاد شاکەلی لە شیعرەکانیدا،شتە ناشرین و قێزەوەنەکان باس دەکات، کە ئەویش کردارە نامرۆڤەکانی ڕژێمە دژ بە گەل و نەتەوەکەی.شتە جوانەکان و شتە ناشرینەکان پیشانی خەڵک دەدات،تاکو خەڵک قینی لە شتە قێزەوەنەکان و دزێوەکان ببێتەوە)).ئەم نووسەرە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات،خۆی بۆچوونەکانی خۆی ڕەت دەکاتەوە. ئەگەر شاکەلی شاعیرێکی دژە باو بووە و بەو سەرەتایەوەش دەستی بە شیعرنووسین کردووە،چۆن ھەمان ئەو ڕوانین و دنیابینیەی شاعیرانی دیکەی ھەبووە،کە دژ بە کرداری نامرۆڤەنەی ڕژێم شیعرییان نووسیوە؟ ئەمە مانای وایە، شیعری ئەویش لە بازنەی ئەو شیعرە باوانەی ئەو کات و سەردەم دەرنەچووە. ئەمە خۆی لە خۆیدا، پشتڕاستکردنەوەی ئەو بۆچوونەی ئێمەیە،کە دەڵێین شیعری ھەفتاکان،ھەڵگری کۆمەڵێک ئەدگاری ھونەریی و ئەدەبییە و بە گشتی شاعیران تا ڕادەیەکی زۆر دنیابینیان لە یەکتری نزیکە.یاخود گوتاری شیعرەکانییان ھاوشێوەی یەکترییە. ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو ھەڵومەرجە سیاسی و شۆڕشگێڕیەیە کە گەلی کورد لەو قۆناغەدا، تیایدا ژیاوە. قۆناغێک کە پڕە لە ڕەشبینی و نائومێدی و چاوەڕوانی. قۆناغێک، کە کوردستان بە خامۆشییەکی کوشندەدا گوزەر دەکات و ڕژێمێک فەرمانڕەوایی دەکات، کە بێ بەھاترین و بێ نرخترین شت لای مرۆڤە. ئەگەر بە وردیش لە شیعری ئەو قۆناغەی شاعیرانی کورد بڕوانین درک بەو ڕاستییە دەکەین.ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر ئەرکی شاکەلی و شیعرەکانی، ئامۆژگاریکردنی خەڵک و وەعزدان بێت،کە واتا نەک شاعیرێکی دژە باو نییە، بگرە شاعیرێکی زۆر ئاساییش بووە. شاعیر واعیز نییە تاکوئامۆژگاری خەڵک بکات و شتە قێزەوەن و ناشرینەکانییان پیشان بدات. ئەم تایتمەندییە، زۆر بە ئاسانی لە شیعری ساڵانی سی و چلەکان و لە شیعری قانح و بێکەس و پیرەمێرد دەبینرێت.کاتێ شیعر ڕۆڵێکی ھاوشێوەی پەیام و ھوشیاریی کۆمەڵایەتی دەبینێت.چونکە بارودۆخی کۆمەڵایەتی و ژیاریی ئەوکاتی کۆمەڵَگەی کوردی پێشکەوتوو نەبووە.بەڵام لە شیعری ھەفتاکاندا، شیعری کوردی چیتر ئەو ڕۆڵەی نییە.ئیدی نازانم کامانەن شیعرە ئامۆژگارییەکانی شاکەلی،کە نووسەر پێی وایە خەڵکی لێ ئاگاداردەکاتەوە.خالیدعەبدل،ھەرلە بارەی شاکەلییەوە دەنووسێت:_((ھەتا ئەو ڕۆژگارە، ھیچ شاعیرێکی کورد،جورئەتی ئەوەی نەبووە ناوی خۆشەویستەکەی بە تاکە پیتێکیش بنووسێت،بەڵام فەرھاد دژە باوییەکەی لەوە دایە،کە ناوی خۆشەویستەکەی بە ئاشکرا بنووسێت کە ناوی ئەمەل بووە)).بەداخەوە،دیسانەوە دەبی بڵێین کە ئەوبەڕێزە،ھیچ ئاگای لە مێژووی شیعری کوردی نییە،دەنا بۆچوونێکی ڕەھای لەو شێوەیەی دەرنەدەبڕی.ئایا تا ئەو کات ھیچ شاعیرێک، ناوی خۆشەویستەکەی نەھێناوە؟مەگەر نالی ناوی(حەبیبە)و وەلی ناوی(شەم) و مەولەوی ناوی(سەلممە)و پەشێوناوی(کوردستان)ی نەھێناوە؟ با لەوانەش گەڕێین،ھەر بۆنموونە شێرکۆبێکەس لە ساڵی ١٩٦٧دا،شیعرێکی بە ناوی(دیاری ئەمجارە)نووسیوە و پێشکەشی کردووە بە(ن). ئیدی نازانم ئەو نووسەرە ئاگاداری ئەو مێژووەیە یاخود نا؟!. بڕوام وایە خودی شاکەلیش، لەگەڵ ئەو بۆچوونە نا بابەتی و سەیرانەی ئەو نووسەرە دانییە.چونکە شیعری ئەو شاعیرانە،دەکرێ لە زۆر لایەنی دیکەی ئەدەبییەوە بخوێنرێنەوە،کە شوناسەکەیان زۆرلە شوناسی دژە باوییەکەی خالید عەبدل دیاترو بەھادارترە. ھەر بۆنموونە: شیعری شاکەلی شیعری ھەموو سەردەمەکانە،شیعری ھەموو زەمەنەکانە،دەکرێ لە ھەرکاتێک خوێنەر بگەڕێتەوە سەرئەم شیعرانە و چێژی لێ وەربگرێت.زمانی شاکەلی زمانێکی تایبەتە، دەکرێ لە چەندین ڕەھەندەوە بخوێنرێتەوە. ئەو ھێمنی و ئارامییەی لە زمانی شیعری شاکەلیدا ھەیە تایبەتە. ئەمە وێرای ئەو ھەموو جوانییەی لە وشە و دەربڕین و پەتییەی لە زمانی ئەو شاعیرە جواننووسەدا ھەیە.ھەموو شیعری شاکەلی بخوێنیتەوە،ھەست بە تووڕەبوونێک،گرژییەک،تووندییەک ناکەی، ئیدی نازانم چۆن شتە ناشرین و قێزەوەنەکان لە شیعری شاکەلیدا جێیان دەبێتەوە؟.ئەو ئەگەر مەبەستی شیعرە بەرگرییەکانی بێت،ئەوا ئەم شاعیرە لەو جۆرە شیعرانەشیدا، بە ھێمنی دەسووتێت و بە ئارامی دوژمنان ڕیسوا دەکات.بە بێدەنگی دیمەنی سووتماکی خاک و نیشتمانەکەی دەگوازێتەوە نێو شیعرو گوزارشتی لێ دەکات. ھێدی ھێدی غەریبی مەنفا ڕوحی دەخوات ئەو ھەستەش لای ئەو دەبنە ھەوێنی جوانترین شیعر.کە بۆ زانیاری زیاتر خوێنەران دەتوانن بگەڕێنەوە ،سەر کۆمەڵە شیعری (بڵاچەیەک درزدەخاتە تاریکە شەوی تەمەنمەوە)و شیعرەکان بخوێننەوە. لە ڕاستیدا، ڕوونکردنەوەی چەمک و بابەتەکانی نێو ئەو نووسینە،لەلایەن نووسەری وتارەکەوە، ھێندە نالۆژیکی و نامەعریفین، کە خوێنەر سەیری پێ دێت ئەو چەمکانە، لە زمانی لێکۆلینەوەی ئەدەبیدا ھەبن. بە داخەوە بەشێکی زۆر لەوانەی دەنووسن،جیاوازی لە نێوان ڕەھەندەکانی زمان لە نووسیندا ناکەن.بە زمانی کشتوکاڵ،باسی ئەدەب دەکەن، بە زمانی بارزگانی باسی چەمک و دەستەواژەکان دەکەن.ھەربۆنموونە جارێکییان نووسەرێک نووسیبووی(ئەدەبیاتی ھاوردە) کە گوایە ئەم نووسەرە، یەکێکیشە لەوانەی زۆر ستاییش دەکرێت، بەڵام وادەزانێت ئەدەبیات (کولەکەیە) تاھاوردە بکرێت.خالید عەبدلیش لە نووسینەکەیدا،ھێندێک چەمک شیدەکاتەوە، کە خوێنەر شۆک دەبێت. سەرنج بدەن ھەر لە بارەی شیکردنەوەی دێڕە شیعرێکی شاکەلیدا چی نووسیوە:_((وشەی بیردوو مانای ھەیە، یەکەمییان: بۆ بیرۆکەیە، دووەمییان: واتا بیری ئاو،بیری نەوت،بیری کانزاکان)).تاکو ئێستا کە ھەزارەھا لاپەڕەم لە بواری ڕەخنە و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی خوێندۆتەوە، بۆچوونی کۆمیدی لەو شێوەیەم نەبینیوە. کە نووسەرێک بیرو ھزر، لەگەڵ بیری ئاو و بیری نەوت،بە یەکەوە بناسێنێت.لێرەوە ئەو بۆچوونەی ئێمە دەردەکەوێت کە کەسانێک چۆن بە زمانی پیشەسازیی و کشتوکاڵ و ئاودێری، باسی ئەدەب دەکەن. کەسێک کەمێک ئاگایی ئەدەبی ھەبێت، پێناسەی لەو شێوەیە ناکات.چونکە وشەکان ھەردووکییان لە ڕووی نووسینەوە وەک یەکن،ئیدی خالید عەبدل وا دەزانێت دەکرێ بەیەکەوەش شیبکرێنەوە.بێگومان(بیر)کە شتێکی نا بەرجەستەییە،ھیچ پەیوەندییەکی بە(بیر)ی ئاوەوە نییەکە شتێکی بەرجەستەیە و دەبینرێت و دەناسرێت. بەڵام بیری نێو مێشکی مرۆڤ، شتێکی نابەرجەستەیە،نە دەبینرێت، نە وێنا دەکرێت.تەنانەت لە زمانی ئینگلیزیشدا،ئەم دوو وشەیە ماناکەیان ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترەوە نییە. لە زمانی ئینگلیزیدا، بە بیری نێو مێشک دەگوترێت(idea) و بە بیری ئاو و کانزا و نەوتیش دەگوترێت(well).واتا ماناکانییان لە ڕووی بابەتی و نێوەڕۆکەوە ئەوەندە لە یەکتری دووە، کە ھیچ پەیوەندییەکییان بە یەکترییەوە نەبێت. ئەم جۆرە پێناسە و ڕاڤەکردنانە، نیشانەی ھەژاری ھزریی و زمانی نووسین و گوزارشتکردنە لە دنیای شیعرو ئەدەب بە گشتی.ھەر لە بارەی شاکەلییەوە ئەم نووسەرە بەڕێزە دەنووسێت:_((فەرھاد شاکەلی نەیویستووە بۆ تێگەیشتن لە شیعرەکانی خوێنەرەکانی ماندوو بکات،بە زمانە سادەکەی پەیامی قووڵ دەردەبڕێت)).ئەگەر شاعیرێک لە ڕێی زمانێکی سادەوە، ھەوڵبدات خوێنەرەکانی ڕازی بکات بێ تێگەیشتنی قووڵ و بیرکردنەوە و ڕامان لە شیعر،دەکرێ بڵێین لە بازنەی شاعیرەکانی تر دایە یان دژە باو؟ ئەگەر بەو پێوەرە بێت، دەبێ ھەموو کەسێک لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە بگات و ئەمەش مانای وایە، شاعیرێکی بژاردە و دژە باو نییە.چونکە وەک گوتمان، دژە باوی لە دەرەوەی ھەموو جۆرە ڕوانینێکی باوە.لە ڕاستیدا،پێناسەی ئەم نووسەرە بۆ چەمک و دەستەواژەکان، ھێندە سەیرو سەمەرەن، کەلە مێژووی ئەدەبی کوردی و جیھانیشدا، وێنەیان نییە.سەرنج بدەن چۆن پێناسەی ڕەمز دەکات.دەنووسێت:_((ڕەمزبە کاربردنی وشەیەکە شتێک کە ھەیە،ڕستەیەک لە بارەی بوونەوەرێکەوە)).ئایا ڕەمز بوونەوەرێکە؟!لە شیعری کوردیدا و لە ئەزموونی ھەموو شاعیران، شاخ ڕەمزێکە بۆ خۆڕاگریی و نەوای شۆڕش. ناکرێت کەسێک ئەمە تێگەیشتنی بێت بۆ ئەدەب، کە چی بوێری ئەوە بکات،نووسینی درێژ بە ناوی لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بنووسێت. ئایا شاخ بوونەوەرە؟ شتێک ئەگەر لە واقیعدا ھەبێت وببینرێت، ئایا دەبێتە ڕەمز؟ ئەگەر وابێت ئێستا شتێک نەدەبوو بە ناوی ڕەمز.!!

سەباح ڕەنجدەر
لەم نووسینە درێژەی خالید عەبدل، دنیایەیک ھەڵەی زەقی بابەتی و مێژوویی و ئەدەبی ھەن، بەڵام ھیچ کامییان بۆمن وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر، بە قەد ئەوھەڵەیە مایەی لە سەر وەستان و ھەڵوەستەکردن نەبوو، ئەویش کاتێ ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، دەبەستێتەوە بە ئەزموونی سێ شاعیرەکەی تر.لە ڕاستیدا، نە لە ڕووی تەمەن و ئەزموونی شیعریی و نەوەی شیعرییدا،نە لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و گوتاری شیعرییەوە، بچووکترین ڕایەڵیش نادۆزینەوە کە شیعری سەباح ڕەنجدەر، لە ھەر سەرێکەوە بێت، بباتەوە نێو ئەزموونی ئەو سێ شاعیرە.کە ڕەنجدەر لە دایک بووە ئەم سێ شاعیرە شیعرییان نووسیوەو دیوانییان بڵاوکردۆتەوە، ئیدی نازانم خالید عەبدل، چۆن بوێری ئەوە دەکات بنووسێت:_ (ئەم سێ شاعیرە ڕێیان بۆ سەباح ڕەنجدەر خۆشکرد)).ئەزموونی شیعری سەباح، ئەزموونێکی تایبەتە، کە تێگەیشتن لە دنیای شیعری ئەودا، مەعریفەیەکی زۆری دەوێت. لە دوای زێوانەوە، وەک یەکەم بەرھەمی شیعری ئەو شاعیرە، تاکو دواین بەرھەمی کە سەرەتا وشە بوو، ئەو ئەزموونە بە کەمی دەخوێنرێتەوە، لێی دەدرێت،دژایەتی دەکرێت، ھەوڵی نادیدەگرتنی دەدرێت، لە پای ئەوەی کە شیعرەکانی ئەو لەو جۆرە شیعرانە نین کە خوێنەری کورد بە گشتی پێیەوە ڕاھاتووە. ئەگەربڕیار بێت، دژە باوەکان دیار بکەین، ئەوا بە بڕوای من سەباح ڕەنجدەر وەک ئەزموونێکی تایبەتی شیعر، (نەک دژە باو) تاکە شاعیرە لە کۆی سێ شاعیرەکەی تر، کە شیعرەکانی ناچنە نێو بیرکردنەوە و خوێندنەوەی باو. بۆیە گەلێک جار دەبینین، کەسانێک شیعرەکانی ئەو، بەلادان لە ڕەوتی شیعری کوردی ئەزانن. چونکە لە بنەڕەتدا لە گەڵ دنیابینی و خوێندنەوەی ئەواندا یەکناگرێتەوە. ھەر ئەزموونێکی شیعری، ھەر نوێگەریی و دیاردەیەک، بە ئاسانی لە نێو بازنەی باودا شوێنی بۆوە و پێگەیەکی گرت، دەبێ بزانین کە بچوکترین مۆرکی دژە باوی تێدا نییە. چونکە دژە باوی، بەرھەمی بیرکردنەوەی جیاوازو ڕوانینی جیاوازە، کە دواجار لە دنیابینی شاعیر ڕەنگدەداتەوە. خالید عەبدل لە بارەی ئەم شاعیرەوە دەنووسێت:_((ھەرچەندە دژە باو گەلێک پێش ئەم ھەبوون وڕێیان بۆ خۆش کردبوو)). ئەگەر بەم ڕوانینە بێت، ئەوا دەبێ بڵێین کە ئەزموونی ڕەنجدەر درێژکراوەی ئەزموونی سێ شاعیرەکەی ترە، یاخود دژە باویەکەی ئەم درێژە پێ دەری دژە باوی شاعیرانی ترە. ھەڵبەتە، کە بەشێک لەو شاعیرانە کە شیعرییان نووسیوە، ڕەنجدەر ھێشتا لە دایک نەبووە، لە ناوەڕاستی ھەفتاکانیشدا، کە ئەزموونی ئەو سێ شاعیرە، شوناسێکی ناسراو وەردەگرن، ڕەنجدەر تەمەنی نزیکەی دە ساڵێکە. ئیدی نازانم چ پەیوەندییەکی شیعری، زەمەنی، مێژوویی، لە نێوان سەباح ڕەنجدەر و ئەم سێ شاعیرە ھەیە؟ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئەزموونی ئەم شاعیرە، لە ھیچ ڕووێکەوە ناچێتەوە سەر ئەزموونی سێ شاعیرەکەی تر. بە تایبەتیش لە ڕووی زمانەوە. زمانی شیعری ڕەنجدەر، زمانێکی سڕک و ئاڵۆزە و لە فۆڕم و دەربڕیندا بە ئاسانی ناخوێنرێتەوە. لە کاتێکدا زمانی سێ شاعیرەکەی تر، زمانێکی ئاساییە و دەشێ لە ڕێگەیەوە بە ئاسانی بە مانا بگەین. لە ئەزموونی ڕەنجدەردا، مانا ونە، ئەو ون بوونە، بەشێکە لە ھەوڵدانی بۆ گرێدانەوەی خوێنەر بە دەق و ڕامان و قووڵبوونەوە. کە بێگومان ئەویش پێویستی بە پاشخانێکی گەورەی ڕۆشنبیری ھەیە. لێرەوەش سەباح ڕەنجدەر، دەبێتە شاعیرێکی بژاردە. بژاردە بەو مانایەی، کەمن ئەو خوێنەرانەی لە شیعری ئەو بگەن. واتا زمان لە شیعری ئەو شاعیرەدا، دەروازەیەکە بۆ گەیشتن بە مانایەکی قووڵ.لە شیعری ئەم شاعیرەدا، مەعریفەیەکی گەورە لە بواری ئایینی، ئەفسانەیی، مێژوویی ھەیە. ھەر خوێنەرێک شیعرەکانی ئەم شاعیرە بخوێنێتەوە، دەزانێت کە ڕەنجدەر، یەکێکە لەو شاعیرانەی، کە پاشخانێکی گەورەی ڕۆشنبیریی ھەیە. کەم شیعری ئەو ھەیە، لە پەراوێزییەوە ئەفسانە و ئایین ودالە شیعرییەکان نەبینین. ئەزموونی ڕەنجدەر، ئەزموونی چێژ نییە، وەک ئەوەی لای ئێمەی خوێنەری کورد، دەروازەیەکە بۆ چوونە نێو دنیای شیعر. بەڵکو ئەزموونی مانایە بە فەلسەفەیەکی زمانی قووڵ. لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا. زمان زۆرتر لە ڕەھەندێک و مانا زۆرتر لە سنوورێکی ھەیە. ھەر خوێنەرێک شیعری ڕەنجدەربە ھەمان میتۆدی خوێندنەوەی شاعیرانی دیکە بخوێنێتەوە، ئەوا لە شیعری ئەو شاعیرە نەگەیشتووە، وەک ئەوەی خالید عەبدل کردوویەتی. لای سەباح ڕەنجدەر، وشەی خۆی بەشێکە لە مانایەکی سەربەخۆ. بە بڕوای من ھەرگیز شیعری ڕەنجدەر، بەو تێگەیشتنە ماناییە ناخوێنرێتەوە، کە ئەم نووسەرە شیعری سێ شاعیرەکەی تری پێ خوێندۆتەوە. چونکە لە ئەزموونی ئەودا، مانا شاراوەیە، زۆرتر لە ڕەھەندێکی ھەیە. ئەو کە باسی گوند دەکات، خۆ مەبەستی ئەو گوندە جوگرافی و دیمۆگرافی و سرووشتییە نییە کە خالید عەبدل باسی دەکات، بەڵکو مەبەستی گوندی نێو دنیابینی شیعری خۆیەتی. دەی بزانم کامەمان دەزانین، کە مەبەست لەو گوندە چییە. ھەڵەیە وابزانین وشەی شیعری لای سەباح ڕەنجدەر، ھەمان ئەو مانا ئەپستراکت و دیاریکراوەی ھەیە، کە زمان پێی دەناسرێتەوە. ئەگەر بەم ڕوانینە بێت، ئێستا ھەمووان لە شیعری ئەو شاعیرە دەگەیشتن. کە لە ڕاستیدا بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوانەی لە شیعری ڕەنجدەر دەگەن. ھەر وشەیەک لە شیعری ڕەنجدەردا، مانایەکی دیکەی لە دەرەوەی مانای دیاریکراوی خۆی ھەیە.سەباح ڕەنجدەر، ئەزموونێکی شیعری تایبەتە و لە زێوانەوە دەست پێ دەکات، تا سەرەتا وشە بوو بەردەوامی ھەیە. ئەم بەردەوامیییە، ڕەنگدانەوەی ئەو زمان و دنیابینی و جیھانبینییە شیعرییە تایبەتەیە،کە ئەم شاعیرە ھەیەتی و تا ئەو جیھانبینییەش بەم ڕوانینیە جیاوازە بەردەوام بێت، ئەم ئەزموونەش بەردەوام دەبێت. ئێستا دێینە سەر لێکدانەوەکانی خالید عەبدل، لە بارەی ئەم شاعیرەوە. نووسەر دەنووسێت:_(( ھاتنە کایەی سەباح ڕەنجدەر پێویست بوو بە تایبەتی بۆ خاسییەتی ڕۆمانە شیعر)). بە بڕوای من، زێوان ڕۆمانە شیعر نییە، بەڵکو قەسیدەیەکی درێژە، کە لە بەرای ھەمووشتێکدا، گوزارشت لە ھەناسە وپشوو درێژیی ئەم شاعیرە لە نووسینی شیعردا دەکات. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە شاعیری تر ھەبوونە، لە شیعرەکانییاندا، بەر لە ڕەنجدەر،خاسییەتی ڕۆمانە شیعر لە شیعرەکانییاندا ھەبێت. بۆ نموونە:_ ((دوو سروودی کێوی شێرکۆبێکەس)) کە لە ناوەڕاستی ھەفتاکاندا نووسراون.نووسەر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_((شاعیر بە بەراورد لەگەڵ ھاوسەردەمەکانی، ناونیشانێکی ئاسایی لە ھەموو ڕووێکەوە ئاسایی بۆ شیعرەکەی ھەڵبژاردووە)). مەبەستی لێرەدا(زێوان)ە کە ناوی یەکەم کۆمەڵە شیعری ئەم شاعیرەیە.زێوان، نەک ھەر ناونیشانێکی ئاسایی نییە، بگڕە زۆر ئاڵۆزیشە. ئێستاش بە ھەزاران کەس، تەنانەت لەوانەی شیعریش دەنووسن،نازانن وشەی زێوان مانای چییە؟ ئیدی نازانم ئەم ناونیشانە چۆن ئاساییە؟ دەکرێ نووسەری وتارەکە بگەڕێتەوە سەر ناونیشانی شیعری شاعیرانی کورد لە قۆناعی ھەفتاکان و پێشووتر و دواتریش،ئەو کات بۆی دەردەکەوێت کە ئەم ناونیشانە چەند بە مەبەستدارو شاراوە، بۆ ئەو کۆمەڵە شیعرە دانراوە. بە گشتی ناونیشان، لە شیعری شاعیرانی ئەوکاتدا، ناونیشانی سادە و ڕۆمانسی بوونە، کە ھەموو خوێنەرێک تێبی بگات.بۆنموونە بەشێک لە ناونیشانە شیعرییەکانی شیعری کوردی ئەمانەن:_(( تریفەی ھەڵبەست/فرمێسک و زام/ شەوانی تەنیایی/ ژووانی دابڕان/پشکۆکان ئەگەشێنەوە/سەمای بەفری ئێواران/ دووکەڵ/شیبای ئەوین/زریان/پڕۆژەی کودەتایەکی نھێنی/قژی ئەم کچە ڕەشماڵی گەرمییان و کوێستانمە/ڕۆژان ئەڕواو تۆ ھەر خۆشەویستی منی) ئەمانە و زۆری تر ناونیشانی دیکەی ئەو سەردەمانەن. ئایا زێوان بە بەراورد لەگەڵ ئەو ناونیشانە دیارو ڕوونانە، ئاساییە؟. نووسەر بەردەوام دەبێت لە بارەی ئەزموونی ئەم شاعیرەوە و ھەوڵدەدات لە پەراوێزی ڕاڤەکردنی چەند کۆپڵە شیعرێک، دنیابینی سەباح ڕەنجدەر بخاتە ڕوو. بەڵام بێ ئەوەی بیزانێت کەوتۆتە ھەڵەوە. ئەو لە بارەی ئەو شیعرەی سەباح ڕەنجدەرەوە دەنووسێت:_((گوندەکەیان دووجار لە شەست و سێ و ھەفتاو پێنچ ڕاگوێزراوە، کە ئەمەش دوو ڕووداوی زەقن لە مێژووی ژیانی شاعیر بۆیە ھەر بەزیندوویی لە یادگەی ماونەتەوە)).ناکرێت نووسەر زانیاریی لە بارەی شتێکەوە نەبێت، بەڵام قسەی لە بارەوە بکات. بە تایبەتیش لە لێکۆڵینەوە و ڕەخنەی ئەدەبیدا، کە دنیایەک زانیاریی لە ھەموو ڕووێکەوە دەوێت. سەباح ڕەنجدەر، دووساڵ دوای ڕووداوی حەڕەس قەومییەکان، واتا ساڵی ١٩٦٥ لەدایک بووە.ئیدی نازانم چۆن ئەو ڕووداوە، لە مێژووی ژیانی شاعیر بینراوە و کاری لێ کردووە؟!. ھاوکات لە ھەفتاو پێنجیش، ئەو تەنھا تەمەنی دە ساڵ بووە. ئەمە دەریدەخات، کە خوێندنەوەی شیعری ڕەنجدەر، بە ھەمان ئەو میتۆدەی شیعری شاعیرانی تر، دەمانخاتە چ ھەڵە و بێ ئاگایەکی گەورەوە. شاعیر باسی مێژووی ژیانی خۆی ناکات، بەڵکو باسی مێژووی نەتەوەیەک و خاکێک دەکات،کە دەیان جار سووتماک کراوە .ئەم جۆرە خوێندنەوەی شاعیر، وایکردووە کە نووسەر، لە چەندین شوێنی وتارەکەیدا، بە ھەڵە لە شیعری ئەو شاعیرە بگات. بۆنموونە:_ سەباح ڕەنجدەر دەڵێت:
منداڵیم لە ڕاوە ماسی
وکۆلارە ھەڵدان و
ھێلکە شکاندن داماڵدرا..
خالید عەبدل، لە ڕاڤەی ئەم وێنە شیعریەدا دەنووسێت:_((شاعیریش لاساریی کردووە و ھێلکەی شکاندووە، چونکە منداڵ ڕەوایەتی بە ھەموو شتێک دەدات)).بە ھیچ شێوەیەک مەبەستی ڕەنجدەر لەو وێنە شیعرییەدا، ئەوەنییە کە نووسەر تێی گەیشتووە. بەڵکو مەبەست لە بێ بەش بوونییەتی لە دنیای منداڵی و ھەموو ئەو جوانییانەی لەو تەمەنەدا، مرۆڤ بەریدەکەوێت. داماڵدرا، واتا وەک ھەر منداڵێکی دیکە نەیتوانیوە چێژو خۆشی لە دنیای منداڵی خۆی ببینێت جا بە ھەر ھۆکارێکەوە بێت. داماڵین، کردارێکە لە دەرەوەی ویست و خواستی مرۆڤ خۆی، وەک ئەوەی ژیان بە ئاراستەیەکی دیکەی جیا لە ئارەزووی ئەو بچێت.ھەرگیز لە شیعری ئەودا، وشە ھەمان ئەو مانایەی نییە، کە لە ڕەھەندی واتایی خۆی دایە. باوک لە شیعری ئەودا، ھێما نییە بۆ باوکی فیزیکی، لای ئەو شاعیرە وشە بارگاوی دەکرێ بە دەیان مانای دیکە، کە لە دەرەوەی تێگەیشتنی من و خالید عەبدولیش دایە.خاڵێکی دیکە ھەر لەبارەی شیعری ئەو شاعیرەوە بۆمن جێی سەرنج بوو ئەویش ئەوەیە، کاتێ خالید عەبدل دەنووسێت:_(( زمانی شیعری سەباح ڕەنجدەر زمانێکی ناسک و جوانە)). بێگومان ئەم بۆچوونەی بۆ ھەر سێ شاعیرەکەی تر دروستە و بابەتییە، بەڵام بۆ سەباح ڕەنجدەر، تێ نەگەیشتنە لە شیعری ئەو. ھیچ شاعیرێکی کورد، لە سەردەمی گۆرانەوە تاکو ئێستا، وەک ئەم شاعیرە، زمانی شیعری ئاڵۆز و کۆد ئامێزو پڕ لە مەدلولی شاراوە نییە. زمانی شیعری ئەم شاعیرە، نەک ناسک وڕۆمانسی نییە، بەڵکو زمانێکی مەعریفی و بابەتی قووڵە و ڕەگەکانی دەچنەوە نێو ئایین و فەلسەفە و ڕوحیانییەت و چەندین ئاماژەی تر، کە ھەموویان لە شیعری ئەودا ھەن.ئەگەر زمان لە شیعری ئەودا ئاسان بووایە، ئێستا ئەویش دەبووە شاعیرێکی باوی ئەو سەردەمە،لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەیە. ئەزموونی ڕەنجدەر،ئەزموونێک نییە تیایدا وەک خالید عەبدل دەڵێت خوێنەرەکانی ماندوو نەکات و بەزمانێکی سادە پەیامەکەی بگەیەنێت. شیعر لای ڕەنجدەر،جۆرێکە لە مەعریفە، بەرلەوەی بۆ ئستاتیکاو چێژ بێت. ئەم شاعیرە، بۆ چێژو جوانی شیعر نانووسێت، بەڵکو شیعر وەک ژانرێکی دیکەی فیکرو مەعریفە دەبینێت و لە ھەمووشی گرنگتر،شیعری گەردوونییە کە لە دەرەوەی ھەموو سنوورێکی جوگرافی و فیکری بازنەیەکی دیاریکراو دابێت. بۆیەشە دەبینین، بە پەنجەی دەست دەژمێردرێن ئەوانەی لە شیعری ئەم شاعیرە دەگەن.بە درێژایی مێژووی شیعر،لە نێو ئێمەدا تێگەیشتنێکی جێگیرو دیاریکراو بۆ شیعر ھەیە، کە دەبێ سەدان ھەزار خوێنەرو بینەری ھەبێت. وەک ئەوەی یاری زۆرانبازیی بێت.ئەم ڕوانینە،بۆ ھەموو قۆناغەکان گونجاو و بابەتی بێت، بۆ شیعری ئێستا کە شیعری دوای مۆدێرنەشە، گونجاو نییە. چونکە شیعر لە ئێستادا ئەزموونێکی خودییە لەوەی بابەتی بێت.لەم ڕوانگەیەشەوە ئەزموونی ڕەنجدەر ئەزموونێکی تایبەتە. بە بڕوای من ئەم ئەزموونە،تەنھا شوناسی ئەزموونێکی تایبەت ھەڵدەگرێت کە ڕەنگدانەوەی زمانی تایبەتی و دنیابینی تایبەتی و بە شیعرکردنی ھەموو شتەکانی نێو گەردوونە.بە شیعرکردنێک کە مانا تیایدا ئەوەندە قووڵە کە بە خوێنەوەیەک و بگرە چەندین ساڵیش، خوێنەر نەتوانێت بگاتە خاڵی کۆتایی. ئەمەشە ماھییەتی شیعری ڕاستەقینە کە زەمەن و شوێن نا ناسێت. چونکە ھەر شیعرێک بووە بەشێک لە زەمەن و واقیعێکی دیاریکراوی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئایدۆلۆژیی،ئیدی بە کۆتایی ھاتنی ئەم واقیعە،ئەزموونە شیعرییەکەش باوی نامێنێت و لە پەیام و مانا دەکەوێت. بەڵام ئەزموونی تایبەتی سەباح ڕەنجدەر، لەزێوانەوە دەست پێ دەکات و تا سەرەتا وشە بوو، بەردەوامی ھەیە. تەنانەت ھەر خوێنەرێک بەوردی سەرنجی لەو ئەزموونە دابێت، دەیناسێتەوە و دەزانێت کێ لاسایی دەکاتەوە. ئیدی نازانم نووسەر چۆن بوێری ئەوەی ھەبووە کە ئەزموونی ئەم شاعیرە،لە چوارچێوەی ئەزموونە شیعرییەکانی سێ شاعیرەکەی تر، پۆلێن بکات، کە ئاسمان و ڕێسمان جیان لە یەکتری.دواجاریش نووسەر دەنووسێت:_(( ڕۆمان بریتییە لە کۆمەڵە چیڕۆکێک)).تەنھا ئەو پرسیارە دەکەم، ئەگەر ڕۆمان لە کۆمەڵە چیڕۆکێک پێکھاتبیت، ئەوا ڕۆمانە یان کۆمەڵە چیڕۆک؟
بەرلەوەی کۆتایی بەوتارە بێنم، دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە ھێشتا سەدان ھەڵەی زمان و دەربڕین لە نووسینەکەی ئەو بەڕێزەدا ھەن. کە ئەگەر بەردەوام بوواینە لە دەرخستنییان،ئەوا وتارەکەمان یەکجار یەکجار درێژ دەبووەوە. بە داخەوە نووسەر بەم وتارەی، نەک ھەر شتێکی نوێی نەخستە سەر ئەزموونی شیعری ئەم چوار شاعیرە، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ئەزموونەکەشی دان.بە تایبەتیش ئەزموونی(شاکەلی و ڕەنجدەر)کە پێگەیەکییان لە شیعری کوردیدا ھەیە. ھیوادارم، ئەمە یەکەم و دوا بابەتی بێت، لە بارەی لێکۆڵینەوە لە شیعری کوردی، بۆ ئەوەی نەکەوێتە ھەڵەی زیاتر لە داھاتوودا…

*تێبینی:
دژە باوەکان لە شیعری ھاوچەرخی کوردیدا،وتارێکی(خالید عەبدل)ەو ماوەیەک لەمەو بەر لە ڕۆژنامەی ھەولێر ژمارەی ڕۆژی ٢٣/٦/٢٠٢٠ و ڕۆژانی دواتر بڵاو کرایەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze