سەرەتا / وتار و بیروڕا / دەردە کوردبوون و جلی کوردی

دەردە کوردبوون و جلی کوردی

هۆمەر نۆریاوی

1 – ئەو جوگرافیایەی کە هەنووکە لە قامووسی سیاسیی جیهاندا بە “ئێران”،ناودێرە،وڵاتێکی فرەنەتەوەیە کە هەر کامە لە نەتەوەکانی نێو ئەم جوگرافیا بەرینە،خاوەنی زمان و فەرهەنگ و مێژوویەکی جیاواز و دەوڵەمەندن. بە درێژایی 40 ساڵی ڕابردوو ،مخابن زمان و فەرهەنگی هەر کامە لەم نەتەوانە خاسما کورد، بەردەوام وەبەر شاڵاوی چەوتی ئەقڵییەتێکی نەزۆک و گەمژانەی باڵادەست کەوتووە. جارێک،سووکایەتی بە زمان دەکرێت،جارێکی دی،فەرهەنگ و کولتوور وەبەر هێرش دەدرێت و جاری وایشە خۆڵ لە چاوی مێژووی ئەم نەتەوانە دەکرێت؛یان بە واتایەکی ڕاستتر،هەوڵی شێواندن و ئاوەژووکردنی مێژووەکەیان دەدرێت. چونکە دەستەڵات و فەرهەنگی باڵادەست هەر لە دێر زەمانەوە هەتا هەنووکەیش بەردەوام بە چاوێکی نەوی و نزم دەڕوانێتە نەتەوەکانی دی نێو ئەم جوگرافیایە و لە ڕاستیدا ئەم فەرهەنگەیشی بۆ نێو کۆمەڵگەی ئێرانی گوێزێتەوە و زۆرینە،هەڵگری هەمان بۆچوون و ڕوانگە لە هەمبەر نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێراندایە.

2 – ئەم پەلامارە دژە مرۆیی و کرێتە،هەندێک جار لە کەناڵە بە ناو “میللی”یەکانەوە و لە لایەن ژمارەیەک میدیاکار(پێشکەشکار و بێژەر)ی نەخوێندەوار و کاڵفامی خاوەن ئەزموونەوە ئەنجام دەگرێت کەچی بڕێک جار،ناوەند و سیما زانستیی و هونەریی و ڕۆشنبیرییەکان بۆ ئەم هێرشە ناسەردەمییانە دەکار دەگیردرێن. ڕووی ئەم چەند پەیڤە لە نوێترین هێرشی کاڵفامانە و ناسەردەمییانەی پێشکەشکارێکی نەخوێندەواری کەناڵێکی فەرمیی حوکوومەتە کە “جلی نەتەوەیەک” نیشانە دەگرێت و وێڕای ڕێزی فرەوانم بۆ چینی “شڤان”،بە جلی شوانان، ناودێری دەکات. ئەم پێشکەشکارە قسەزل و گەمژەیە کە بە پارەی حوکوومەت،لە کەناڵی ڕەسمیی وڵاتێکەوە، فەرهەنگی نەتەوەیەک وەبەر هێرش دەدات، ئەوەندە نەخوێندەوارە کە سەرەڕای ئەوەی لەسەر گیرفانی حوکوومەت بە هەر هەموو ئێران و بگرە دنیادا گەشت و سەفەری فرە و فرەوان دەکات،کەچی هێشتاکە تۆسقاڵە شارەزایەتییەکی لەسەر خۆیان گوتەنی”ئەتنە ئێرانییەکان”نییە و سووک و هاسان ،بە بێ ئەوەی وەبەر لێپرسینەوە و لێپێچینەوە بکەوێت،تا دێت تریبۆنی گەورەتری دەخرێتە بەردەم. تاڵتریش ئەوەیە کە دواتر خۆی بە کورد لە قەڵەم دەدات کە برین و دەردەکە سەد هێندە کاریتر و پڕزامتر دەکات. ئەم چەشنە بێڕێزیکردنە بە جلی نەتەوەی کورد ڕاست دەمباتەوە بۆ نێوەڕاستی شەستەکانی هەتاوی(نێوەڕاستی هەشتاکانی زایینی).

3 –  ئەو کات،خوێندکاری کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان لە زانستگەی تاران بووم. جارێکیان مامۆستای وانەی “خەسارناسیی کۆمەڵایەتی”،دوکتۆر “ڕەحمەتوڵڵا سدیق”، تەوەری باسەکەی لەسەر چەشنەکانی گزیکاریی و لادانی کۆمەڵایەتی لە نێو کۆمەڵگەدا بوو کە “لەبەرکردنی جلی کوردی” بە نموونەیەکی ئاشکرای لادان لە بەها و نۆرمە کۆمەڵایەتییەکان و بگرە تێکدانی فەرهەنگی بەناو ئێرانی ناوزەد کرد. ئەم مامۆستای زانستگەیە کە بڕوانامەی دوکتۆرای کۆمەڵناسی لە زانستگەی “سۆربۆن”ی پاریس وەرگرتبوو،سووک و هاسان بەو چەشنە کەوتە سووکایەتیکردن بە فەرهەنگی نەتەوەیەک و یەک کەسی بە ویژدانیشت بەردیدە نەکەوت،بەرەنگاری ببێتەوە،یان بە واتایەکی ڕاستتر،کەسی متەقی لێوە نەهات. کاتێک ئاخاوتنەکەی کۆتایی پێ هات،ڕووم تێ کرد و وتم: “مامۆستا دەمەوێت بۆ کۆڕ و دانیشتنی داهاتوو لەسەر جلوبەرگی کوردی قسە بکەم”. پێشوازی لە پێشنیازەکەم کرد. بۆ حەوتەی داهاتوو دەستێک جلی کوردیم لەبەر کرد و ڕووم لە کۆلیژ نا. هێشتا نەگەییشتبوومە نێو حەوشە و باخچەی کۆلیژ،کە هەر یەکە و بە ناو و ناتۆرەیەک، بانگی دەکردم. کاتێک کۆڕەکە دەستی پێکرد،مامۆستا ڕەحمەتوڵڵا سدیق،ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “وا دیارە ئاغەی… دەیهەوێت دیفاع و بەرگری لە خۆی بکات،ئاغەی … فەرموو”.

سەرەتا کەوتمە ئاخاوتن لەسەر فەلسەفەی دامەزرانی کۆلیژی زانستە کۆمەڵایەتییەکان کە بەشێکی فرەی وانەکانی تەرخانە بۆ خۆیان گوتەنی؛چاند و فەرهەنگی ئەتنە ئێرانییەکان. وتم:”جێی داخ و کەسەری زۆرە لە کۆلیژێکدا ناوەکەی بۆ خۆی هاوار دەکات کە پێویستە ڕێز لە زمان و کولتوور و مێژووی نەتەوە جیاوازەکانی نێو وڵاتێک بگیردرێت،هەر لێرە و لە تریبۆنی زانستگەوە سووکایەتیی و بێڕێزی بە فەرهەنگی کورد دەکرێت. خوێندکاری نێو زانستگەکانی ئێران ئەوەندە شارەزایەتی لەسەر هۆز و خێڵە سوورپێستەکانی ئەمریکا هەیە، هەزار یەکی لەسەر خۆتان گوتەنی؛فەرهەنگ و چاندی ئەتنە ئێرانییەکان شارەزایەتی نییە و بگرە هەر هیچیش نازانێت”. دواتر،کەوتمە باسکردن لەسەر تایبەتمەندییەکانی هەر کامە لە بەش و پارەکانی جلی کوردی و دەسکەوتیان لە وەرزە جیاوازەکانی ساڵدا. کە کۆتاییم بە قسەکانم هێنا،کاکی مامۆستا ئەوجار ڕووی لە خوێندکاران کرد و وتی: “بەڕێزینە،بەڕاستی من ئەم شتانەم نەدەزانی و شارەزایەتیم لەسەر ئەم پرسانە نەبوو. هەر لێرە و لەبەرچاوی هەمووان داوای لێبوردن لە ئاغەی … دەکەم”. من عەرزم کرد،دوکتۆری هێژا،داوای لێبوردن لە نەتەوەیەک بکە کە من ئەندامێکی هەرە گچکەی دێمە ئەژمار.

4 – هەنووکە پاش گەلێک ساڵان،ئەمجارە “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”،پێشکەشکاری کەناڵی دووی ئێرانی، لە سەردەمێکدا کە بە چاخی شۆڕشی تەکنۆلۆژیا و زانیاری ناودێرە،بە لەونێکی بێشەرمانە،لە شاشەی کەناڵێکی فەرمییەوە، سووکایەتی بە جلی نەتەوەیەک دەکات. پێشکەشکاری کەناڵی بە ناو میللی،مەیلەکییانە دەئاخفێت و بە بەرچاو بە میلیۆنان کەسەوە،سووکایەتی بە فەرهەنگی دەوڵەمەندی نەتەوەیەکی دێرین دەکات.

ئەمە قسەی “محەممەدجەعفەر خوسرەوی”یە کە،ڕێزنان لە کەسی بەرانبەرت،سەرەتاییترین ئەرک و ڕەوتاری کۆمەڵایەتییە و پێشکەشکار پێویستە ڕێز لە میوان و بەردەنگی بەرنامەکەی بگرێت کەچی بۆ خۆی،ڕاست بەپێچەوانەوە دەجووڵێتەوە و فەرهەنگی نەتەوەیەکی خودان ژیار نیشانە دەگرێت. میوانی بەرنامەکەی گەنجێکی کورد دەبێت بە ناوی دوکتۆر “فەریبورز عەزیزی” کە خەڵکی گوندێکی دەڤەری هەورامان بە ناوی “زەردۆیی”یە و لە کرماشاندا مەزن دەبێت. کاتێک پێشکەشکار پێی دەڵێت؛ئەم جلی شوانییە چییە لەبەرت کردووە،وەرامی دەداتەوە:”ئەم جلە، یادگاری کاوەی ئاسنگەر و هێمای ڕزگاربوون لە ژێر چنگی ملهوڕیەتییە”. جێی ئاماژەپێدانە کە فەریبورز عەزیزی دواتر کورتە ڤیدیۆیەک لەسەر ئەم پرسە بڵاو دەکاتەوە کە ڕاستیت گەرەکە هیچ لە واقیعە هەژێنەرەکە کەم ناکاتەوە.

5 – لە نێو وڵات و سیستەمێکدا زۆرینە بە ئەقڵییەتی نەتەوەی باڵادەستەوە بار دێت و گۆش دەکرێت،مرۆ و کەسایەتی نەتەوەکانی دی، با بلیمەت و زانستوەر و مامۆستای زانستگەیش بن،هەمیشە بە چاوێکی نزم و نەوی سەیر دەکرێن هەر بۆیە پێشکەشکارێکی ناسراو بەو چەشنە بێڕێزی بە نەتەوەیەک دەکات و هەرگیزیش گوشارێکی بۆ سەر دروست نابێت. پێویستە هەموومان لە هەمبەر ئەم بێڕێزیکردنەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بین و هەڵوێستمان هەبێت و بە دژی سەرچاوەی سەرەکی سووکایەتیکردنەکە بوەستینەوە ئەگینا سبەی شاڵاوی دیکەی بە دوادا دێت. کورد و کوردبوون،بۆ هەمیشەی دیرۆک بە چقڵی چاوی ناحەزان دەمێنێتەوە بەڵام مرۆی کورد تا کەنگێ دەبێت بەدەست ئەم دەردە گرانەوە بتلێتەوە کەچی ویژدانە تۆپیوەکانی ناوخۆ و دەرەوە(بە ناو ڕۆشنبیرانی ئێرانی)، متەقیان لێوە نایە و بگرە بەرانبەر بەم بێڕیزیکردنەیش،خەنین و لە دوور و نزیکەوە،ڕمووزنانە و بەدرۆ،جاڕی دیمۆکراسی و مافی مرۆڤ لێ  دەدەن!!

دەربارەی Homer Noryawi