سەرەتا / ئەدەبی / دەسپێک لە چیڕۆکی (دوایین شەوی مینا)ی تێکۆشەر خالید_دا

دەسپێک لە چیڕۆکی (دوایین شەوی مینا)ی تێکۆشەر خالید_دا

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان دەسپێک لە ھەموو دەقێکدا، یەکەم ئەڵقەی گرێدانی دەقە بە خوێنەر و یەکەم دەروازەی چوونە نێو دەقیشە لە دوای ناونیشان وەک ئاماژەیەکی گشتی دەق. زۆرجار سیحری گێڕانەوەی ڕووداوێک لە سەرەتاوە، ئەو ھەستە لای خوێنەر دروست دەکات کە بە دوای ڕووداوەکان دابچێت وکەمەندکێشی بکات.واتە لە سەرەتای دەقەوە، ھەرتەنھا گێڕانەوە یاخود سەرەتای باسەکان گرنگ نییە، لەوە گرنگتر ئەوەیە چیڕۆکنووس یاخود ڕۆماننووس، چەند دەتوانێت لە ڕێگەی ئەو دەسپێکەوە، خوێنەر بباتە نێوڕووداوەکانی دەقەکە.گەلێک جار دەسپێکی دەقێک ھەر لە سەرەتاوە ئەو تێڕوانینەمان بۆ دروست دەکات کە بەدوای ڕووداوەکانەوە بچین.لە ھەندێ دەقی چیڕۆک و ڕۆماندا،دەسپێکی دەقەکە لە ڕووی سیحری گێڕانەوە و تەکنیکی داڕشتنەوە ھێندە لاوازو ناھونەرییە، کە ھەر لە سەرەتاوە خوێنەر درک بەوە دەکات کە ئەوەی دەیخوێنێتەوە چیڕۆک و ڕۆمان نییە، بەڵکو گێڕانەوەیەکی میللییانەی حیکایەت ئامێزە و ھیچ بنەمایەکی ھونەری گێڕانەوەی چیڕۆکی تێدا نییە. ئەگەرچی گێڕانەوە ڕەگەزێکی ھاوبەشە لە چیڕۆک و حیکایەتدا، بەڵام دواجار گێڕانەوە لەم دووژانرە لە ڕووی بونیادی ھونەرییەوە تەواو جیاوازن لە یەکتری.چونکە چیڕۆک ژانرێکی ئەدەبی ھاوچەرخە بە بەراورد لە گەڵ حیکایەت و ئەفسانەکان. کە ڕەنگە مێژووەکەیان بۆ ھەزاران ساڵ لە مەوبەر بگەڕێتەوە.ئەگەر چیڕۆک بێ ھەموو ئستاتیکایەکی زمان و دەربڕین، تەنھا لە گێڕانەوەدا کورتبکەینەوە، ئەوا جیاوازییەکی ئەوتۆ لە نێوان چیڕۆک و حیکایەتدا نامێنێتەوە. ئەوە ئستاتیکای زمان و بینای ھونەری چیڕۆکە، چێژی خوێنەوە بە خوێنەردەدات نەک گێڕانەوە بە تەنھا. چونکە ئێمە لە حیکایەت و ئەفسانەکانیشدا بەر گێڕانەوە دەکەوین، کەواتە بۆچی ھەمان ئەو چێژەی چیڕۆک و ڕۆمانێکمان لادروست ناکەن؟.بێگومان ئەمە پەیوەستە بە ھونەری چیڕۆک و تەکنیکی گێڕانەوە کە دەبێ چیڕۆکنووس زۆر وردبینانە درکی پێ بکات. چیڕۆکی(دوایین شەوی مینا) یەکێکە لەو چیڕۆکانەی، دەسپێکی سەرنج ڕاکێشی ھەیە. خوێنەر کاتێ ناونیشانی ئەو چیرۆِکە دەبینێت، بەر دەلالەتێکی پرسیار ئامێز دەکەوێت، کە دوا شەوی مینا دەبێ چۆن بێت؟ چی ڕوویدابێت؟ ئەم دەسپێکە پرسیار ئامێزە،، خاڵێکە کەلێیەوە خوێنەر دەچێتە نێو ڕووداو و گێڕانەوەکان.لەو چیڕۆکەشدا، خوێنەر لە دەسپێکی دەقەکە، ئەو پرسیارەی لادروست دەبێت، کە مینا کێیە؟ دوایین شەو لە ژیانی ئەودا چی ڕوویداوە؟ئیدی لێرەوە دەچینە نێو ڕووداوەکانی چیڕۆکەکە. مینا کە کارەکتەری سەرەکی چیڕۆکەکەیە، کەسێکی جووت ڕەگەزە(نێرەمووک). ئەم دۆخە بایۆلۆژییە، وایلێکردووە لە ئاستی دەروونی، ڕوحی و خێزانی ھەست بە تێکشکاندنێکی گەورە بکات. ئەمەش، دۆخی ڕوحی و سایکۆلۆژی ھەموو ئەوانەیە کەلەو جۆرە ڕەگەزە تێکەڵەن، بەتایبەتیش لە کۆمەلگە ڕۆژھەڵاتیەکاندا، پێچەوانەی کۆمەڵگەی خۆرئاوایی، کە ئەمە بەشتێکی ئاسایی دەبینن. ژیانی مینا، لە چوار دیواری ژوورێکدایە ھاوشێوەی زیندانییەک. لە ماڵەوە ڕێگەی نادەن بچێتە دەرەوە، تەنھا دەتوانێت جارجارە لە پەنجەرەی ژوورەکەوە سەیری دەرەوە بکات.ئەو باجی ھاتنە بوونێک دەدات، کە دوور لە خواستی خۆیەتی.(مینا تا ڕۆژێک بەرلە مردنی ئاسمانی نەبینی،ھەروای دەزانی دنیا تەنھا ئەو چەند ماڵەیە کە کەوتوونەتە قەد پاڵی ئەو شاخەوە). تاکە کەسێک دڵنەوایی بکات،کاکیەتی کە فێری خوێندنەوە ونووسینی دەکات. وەلێ مانەوەی مینا بەو دۆخە بایۆلۆژییە، ھەمیشە بۆ ڕێحانەی دایکی مایەی شەرمەزاریی و نەنگییە. بۆیە ڕۆژێک مەلاجەمیلی مەلای مزگەوتی گەورە، لە گەڵ ئاپۆڕایەک لە خەڵک ھەڵدەکوتنە سەر ماڵی میناو داوا لەکەس و کاری دەکەن بیکوژن. چونکە مانەوەی ئەو بوونەوەرە نامۆیە، مایەی نەھامەتی وئاشووبە.ئەگینا بەرنەفرەتی خوا دەکەون، دڵۆپێک باران بەھۆی ئەوەوە نەباریوە. کاکی گەرچی ئەویش ھاوشێوەی مینایە، وەلێ دیوە پیاوەکەی زیاترە بە پێچەوانەی مینا، کە دیوە ژنانەکەی زاڵترە، دژی مەلا جەمیل دەوەستێتەوە بەرگری لە مینا دەکات، کە ھیچ تاوانێکی نییە و خوا وەھای دروستکردووە. وەلێ ئەوان ھەرسووردەبن کە نابێ نێرەمووکێک لە گوندەکەیان بێت، چونکە بەرنەفرەتی خوا دەکەون. تا دواجار ڕێحانەی دایکی، دەکەوێتە ژێر کاریگەریەتی مەلا جەمیل و داوا لەکاکی دەکات کە دەبێ(ھەر ئەمشەو ئەو کارە تەواو بکات). واتا مینا بکوژێت. ئەمیش دواجار مینا لە ماڵ دەباتە دەرەوە لە چۆڵەوانییەکدا تفەنگێک دەنێت بەمیناوە و دەیکوژێت. عومەر، گەرچی پەشیمانە لەو کارەو ھەرگیزا و ھەرگیز باوەڕی بەوە نییە مینا بکوژێت، وەلێ لە ژێر فشاری کۆمەڵگە، ڕێحانە، مەلا جەمیل، ئەو کارە دەکات. (مینا بەپێی خۆی بەرە و مەرگ دەکەوێتە ڕێ،بەرلەوەی فیشەکەکە بتەقێنم پەشیمان بووم،بەڵام تەقاندم و نام بە میناوە،تەنیا وشەیەک لە ژێر لێوەکانییەوە بە ئاستەم بیستم گوتی:_عومەر). بەم جۆرە ژیانی مینا لە شەوێکدا کۆتایی دێت و خوێنی دەڕژێت. میناییەک کە تا مرد دەرەوەی نەبینی، کەسێکی ئاسایی نەبوو.لەو چیڕۆکەدا،مینا نموونەیەکە بۆ ھەموو ئەوانەی لە ڕووی بایۆلۆژی و جەستەییەوە ھاوشێوەی ئەون.بە تایبەتیش لە کۆمەڵگە ئایینی و سوننەتی و دواکەوتووەکاندا. کە پیاوبوون بە ھێمای ئازایەتی و گەورەیی و شکۆمەندی دەزانن. بیرمان نەچێت ئەم جۆرە مرۆڤانە، کە دوور لە ویست و خواستی خۆیان دروستکراون و ھاتوونەتە بوون،ھەمیشە لە ترسی کۆمەڵگە، ناتوانن ناسنامەی خۆیان ئاشکرا بکەن. ھەمیشە بە مرۆڤێکی کەمتر لە مرۆڤی ئاسایی تەماشا دەکرێن. دەکەونە بەر شکانەوە، توانج، ئەتککردنی کەسی و کۆمەڵایەتی، تەنانەت خێزانەکانیشیان بە شەرمەوە دەیانگرنە خۆ و تا بتوانن ھەوڵدەدەن ڕەگەزەکەیان بۆ ئەوانیتر ئاشکرا نەبێت.لە کاتێکدا، ئەوانیش ھاوشێوەی ھەر مرۆڤێکی دیکە، ئارەزوی ژیان دەکەن و دەیانەوێت بژین. تیمەی ئەو چیڕۆکە، یەکێکە لەجوانترین ئەو تیمانەی کە کراوەتە بابەتی چیڕۆکەکە. چیڕۆکنووس، کەسیەتییەکی پەراوێزخراو، شەرمندە، تێکشکاو و نامۆی کردۆتە پاڵەوانی چیڕۆکەکەی. ھەر ئەمەشە خەسڵەتی چیڕۆکی جوان وسەرکەوتوو. چونکە یەکێک لە سیماکانی چیڕۆک و ڕۆمانی سەرکەوتوو ئەوەیە، چەند شتە پەراوێزخراوەکان دەکاتە تیمەی نووسین. ئەو شتانەی کە ڕەنگە بەلای زۆربەمانەوە بوون و نەبوونییان ھیچ لە مەسەلەکان نەگۆڕێت وبە خەیاڵیشمان دانایەن. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، خەسڵەتێکی ھونەری دیکەی ئەم چیڕۆکە ئەوەیە، کە کۆتاییەکی کراوەی ھەیە. واتە چیڕۆکنووس لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا، خاڵێکی بۆ کۆتایی ھێنانی گێڕانەوەکە دیار نەکردووە. چونکە کاتێ مینا دەکوژرێت، بکوژی مینا دەڵێت:_(گوێم لە دەنگێک بوو،کە لە دوورەوە بەرەبەرە نزیک دەبووەوە، وەرن دڵنیابن لەم ڕێگەیەوە ڕۆیشتوون و بەم نزیکانە دەیاندۆزینەوە). لێرەوەش ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت، کە دەشێ ڕووداوەکان لەدوای کوژرانی میناشەوە بەردەوامیان ھەبێت. چونکە کەسانێک بە دوای ئەوان دادەچن و دەگەڕێن. بەمەش خوێنەر لە بەردەم بەردەوامی گێڕانەوەی ڕووداوەکان دایە. دواجار دەڵێم، دوایین شەوی مینا، یەکێک بوو لە جوانترین ئەو چیڕۆکانەی لە کۆی دەیان چیڕۆک لەو ماوانەی ڕابردوودا،وەکو خوێنەرێک خوێندومەتەوە. ئەمە دەڵێم، بەبێ ئەوەی چیڕۆکنووسەکە بناسم و بینیبێتم…

*دوایین شەوی مینا، چیڕۆک،نووسینی:_تێکۆشەر خالید.ماڵپەری چیڕۆک..

دەربارەی Sadiq Rwandze

هەروەها ببینە

لە ژووانەوە بۆ دابڕان لە شیعری بەیەکگەیشتنێکی دڵزار_دا

سەدیق سەعید ڕواندزی زمان، یەکێکە لە ڕەگەزە سەرکییەکانی شیعر. ھەروەک مالارمێی شاعیری جیھانیش دەڵێت:(شیعر تەنھا …