سەرەتا / وتار و بیروڕا / رژێمی ئێران و خۆدزینەوەی لە دادپەروەری!

رژێمی ئێران و خۆدزینەوەی لە دادپەروەری!

ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی و موقاومەتی ئێران لەسەر هێڵی دادپەروەری و دادگاکاندا!

2-1

نووسینی عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

یەکێک لە بوارەکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەنێوان موقاومەتی ئێران و ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران” دادگا و دادپەروەری”یە. شوێنێک یان ئۆرگانێک کە یەکێک پێشوازی لێدەکات و ئەوی تریان لێی رادەکات. چونکە لە گۆڕەپانی “داد” یەکێک هەمیشە “دۆڕاو” و ئەوی تریان “براوە”یە!

لە ئێران دادپەروەری نییە!

لە هەر وڵاتێکدا کە دێموکراسی و شارستانیەت زاڵ بێت، دەسەڵاتی دادوەری کە یەکێکە لە سێ هێزی دەسەڵاتداری وڵات، بە شێوەیەکی سەربەخۆ کاردەکات بۆ ئەوەی لایەنەکانی هەر پرسێ، سوود لە “دادپەروەری” وەربگرن و کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگا پرۆسەیەکی تەندروستی هەبێت.

لە ئێرانی ئێستادا نەک هەر دەسەڵاتی دادوەریی «سەربەخۆ» نییە، بەڵکو سەرۆکەکەی لەلایەن وەلی فەقیهەوە دەستنیشان دەکرێت. هەر بۆیە دەوترێت هیچ دادپەروەرییەک لە ئێرانی ئێستادا بوونی نییە! هیچ ئازادی و دێموکراسی و ڕێزگرتنێک لە مافەکانی مرۆڤ بوونی نییە و ئەوەی هەیە سەرکوت و گرتن و ئەشکەنجە و لەسێدارەدان و تیرۆر و تاڵان و دزینە و .. هتد.

ئەم ڕاستییە لە ماوەی 43 ساڵی ڕابردوودا لە ئێران بەردەوامە و هەر بۆیەش دادگاکان و دەسەڵاتی دادوەریی لە ژێر دەسەڵاتی وەلی فەقیهدا، هەروەک دوو هێزەکەیتر، واتە مەجلیس و دەوڵەت، نەک هەر شەرعییەت و بڕوادارییان نییە، بەڵکو بە بەربڵاوی جێگەی ڕق و کینی جەماوەرە.

“بوونی” موقاومەت و “نەبوونی” دەسەڵاتدار!

لەبەرامبەر ڕژێمێکی ئاوادا موقاومەتێکی جەماوەری و گشتگیر هەیە کە رەگ و ریشەی لە ناو قوڵایی کۆمەڵگادایە. بە هاتنە سەرکاری ڕژێمی ولایەتی فەقیهی و کەوتنە سەرپێی ئینتەرنێت و سەردەمی پەیوەندیەکان، ئەمە بۆتە ڕوویەکی گشتگیرتر لە هەموو کاتێکی تر.

گومان لەوەدا نییە کە ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران، لە ناوەوە و دەرەوەی ئێران، هەمیشە هەوڵی لەناوبردنی ئۆپۆزیسیۆنەکەی داوە. لە ناو ئێران هیسترییانە و دڕندانە لایەنگرانی ئۆپۆزیسیۆن دەستگیر دەکات و ئەشکەنجە دەدات ئینجا لەسێدارەدان و کوشتار و قەتڵوعامکردن! لە دەرەوەی ئێرانیش، تیرۆر و تەقینەوە و پیلانەکان و لەسەریشی، پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ بەکارهێنانی دەست و پێوەندەکانی و هەروەها بەکرێگیراوەکانی، دژ بە ئۆپۆزسیۆنی رژێم کە نموونەکانی هەر زۆر زۆرن و بەسەریدا تێپەڕیوم. چون شتێک کە روون و ئاشکرا بێت پێویست بە گوزارشت ناکات.

موقاومەتی ئێران پێشوازی لە دادپەروەری دەکات!

لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران، ئەوەی لە دادگا و داد رادەکات “رژێمی ئیران”ە. چون ئەو پێشتر حوکم و دادوەری دادگا دەزانێت بۆیە لێی دەترسێت و هەوڵدەدات خۆی لە شوێنی “دادپەروەری” دوور بخاتەوە!

زۆر سروشتییە لە هەر شوێنێک دڵۆپێکی “دادپەروەری” هەبێت، موقاومەتی ئێران بە خۆشحاڵییەوە پێشوازی لێ دەکات. چونکە لە ژێر درووشمی “ئەوەی حسابەکەی پاکە لە لێپرسینەوەی ترسی نیە”، هەموو کۆسپەکانی لاداوە و پیلانەکانی ڕژێمی ئێران (بە لۆبی و سازشکار و کرێگرتەکانییەوە) لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێرانی، یەک لە دوای یەک تووشی شکست کردووە و ئەوەی لە جیهاندا تۆمار کرد: “سەرکەوتنی دادپەروەری بەسەر سازان و پیلانگێڕاندا، واتە سەرکەوتنی موقاومەت و موجاهیدینی خەڵقی ئێران، سەرکەوتنی گەلی ئێران و هێزە رەسەنەکانی گۆڕەپانی بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بە رژێمی دیکتاتۆریی لە ئێران”

موجاهیدینی خەلق (PMOI/MEK) و موقاومەتی ئێران تا ئێستا لە دەیان دادگای ئەمریکا، بەریتانیا، فەرەنسا، سویسرا، لۆکزامبورگ (دادگای دادی ئەوروپا)، ئیتالیا و ئەڵمانیا، بە خستنە رووی دەیان هەزار بەڵگە، هەموو تۆمەت و هەڵبەستراوەکانی رژێمی ئیرانیان پووچەڵ کردوەتەوە و وڵامی هەموو پرسیار و تۆمەت و درۆ بێ بنەماکانی رژێم و لایەنگرانی رژێمیان داوەتەوە و لە دادگاکاندا (سەرکەوتوو) بوون!

چەند نموونەیەکی دادگاکانی پێوەندیدار بە موقاومەتی ئێرانەوە!

جگە لە چەندین رەوتی دادگای ئەوروپی و ئەمریکی، کە هەر هەموویان بە هۆی هەڵمەتی 14 ساڵەی موقاومەتی ئێران بە سەرۆکایەتیی خاتوو مەریەم ڕەجەوی، بە سەرکەوتنی موقاوەمت و هەڵوەشاندنەوەی (ناتۆرەی تیرۆر) لەسەر موجاهیدین و موقاومەت کۆتایی هات، هێنانەوەی چەند نموونەیەکی ئەم ڕووبەڕووبونەوەی موقاومەت بەرامبەر بە رژیمی ئێران بە پێویست دەزانم:

لە مانگی ئەیلولی 1990دا، ڕژێمی ئێران و سەرکۆماری ئەوکاتی رژێم. واتا ڕەفسەنجانی، سکاڵایان لە دەسەڵاتی دادوەری سویسرا دژی خاتوو (میریام گەزۆ)، ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی (لاسویس) تۆمار کرد. رۆژی 7ی گەلاوێژی ساڵی1991 دادگایەکی سویسری بڕیاری دەرکرد لەسەر بێتاوانبوونی ئەم ڕۆژنامەنووسە و بڕیاری سێ جار شەرمەزارکردنی ڕژێمی خومەینیشی دەرکرد. پێویست بوترێت کە خاتوو گەزۆ لە ڕاپۆرتێکدا، بەشێک لە بروسکەیەکی ڕێبەری موقاومەتی ئێران بۆ سەرکۆماری سویسرای هێنابۆوە سەبارەت بە ڕۆڵی ڕژێمی ئێڕان لە تیرۆرکردنی د.کازم ڕەجەوی. موقاومەتی ئێران لە هەڵمەتێکی بەرفراوانی نێودەوڵەتیدا ئەم دادگایەی کردە دیمەنی دادگاییکردنی ڕژێمی خومەینی و سەرکەوت.

لە مانگی تەمووزی ساڵی 2018دا دادگایەکی وڵاتی بێلژیک، سزای 20 ساڵ زیندانیکردنی بۆ دیپلۆماتکاری تیرۆریستی ڕژێمی ئێران، (ئەسەدوڵا ئەسەدی) و تیمە تیرۆریستەکەی دەرکرد، کە بەر لە بۆمبانانەوەیان لە شوێنی گردبونەوەی موقاومەتی ئێران لە پاریس دەستگیر کرابوون.

لە مانگی ئازاری 2019دا دادگایەکی ویلایەتی هامبورگ فەرمانی بە رۆژنامەی (ئێشپیگێڵ) و لە مانگی حوزەیرانی 2020دا فەرمانی بە رۆژنامەی (فرانکفورتەر ئەلگمینی) کرد، سەبارەت بە بڵاوکردنەوەی تۆمەت و پروپاگەندای بێ بنەمای ڕژێمی ئێران دژ بە موقاومەتی ئێران کە پرۆپاگەندا و ئیدیعاکانی رژێمی ئێران دژ بە موجاهیدینی خەلق لە راپۆرتەکانیان بسڕنەوە.

ڕۆژی 23ی ئەیلولی 2021 دادگای فیدراڵی سویسرا داوای کرد لێکۆلینەوە لە تیرۆری پرۆفیسۆر کازم رەجەوی، نەیاری سیاسی ئێرانی، بکرێت وەک تاوانێکی (ژینۆساید) و (تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی) و بەو رێگەوە، داواکاری گشتیی ناچار کرد دووبارە دۆسێیەکە بکاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە. پرۆفیسۆر کازم ڕەجەوی لە رۆژی 24ی ئاپریلی 1990 لە بۆسەیەکدا لە گەڕەکی (کوپە)ی نزیک شاری (ژنێڤ) لە لایەن تیرۆریستانی رژێمی ئێرانەوە تیرۆر کرا.

ئێستاکەیش یەکێک لە تاوانبارانی ڕژێم بە ناو (حەمید نوری) لە دادگایەکی سوید بە تۆمەتی ژینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لە ژێر داداگاییکردندایە و پێش بینی دەکرێت (سزای قورسی) بۆ دەرچێت.

پیلانی تەواوکەر لە دژی موقاوەمەت!

ڕۆژی 18ی پووشپەری 2017، ئاخوند (عەلی فەلاحیان)، وەزیری پێشووی ئیتڵاعاتی ئێران کە لە لایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئاڵمانیا و سویسراوە داواکراوە بە هۆی (تیرۆریزم)ەوە گوتی: “وەزارەتی ئیتلاعات بۆ کۆکردنەوەی زانیاری پێویستی بە پۆشش هەیە لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵاتدا. ئێمە ئەفسەرێکی هەواڵگری نانێرین بۆ ئەڵمانیا یان ئەمریکا کە بڵێت من سەر بە وەزارەتی ئیتڵاعاتم، پێویستە لە ژێر ناو و پۆششی کاری بازرگانی یان ڕۆژنامەگەری ئەمکارانە بکات”.

هەر بۆیە ڕژێمی ئێران لەژێر پەردەی کاری بازرگانی و بە تایبەتی کاری ڕۆژنامەوانیدا، هەوڵی تەواوکردنی پیلانگێڕییە تیرۆریستییەکانی دەدا دژ بە موقاومەتی ئێران. وەک نموونە، ڕژێم بە ناردنی کرێگرتەکانی خۆی بۆ دەرەوەی وڵات لە ژێر ناوی “لێکۆڵەر و چالاکوانی سیاسی و زیندانی سیاسی پێشوو” و .. هتد (خەڵکانی وەک ئیرەج میسداقی) بە نیازە بزووتنەوەی دادخوازیی خوێنی شەهیدانی قەتڵوعامکراوی ساڵی 1988 لە ناوەرۆک بخات و بەو سۆنگەیەوە (بزووتنەوەی دادخوازی)ی موقاومەتی ئێران لە پێ بخات و رژێمەکەی لەسەر پێ رابگرێت.

 

بەشی دووەم و کۆتایی ماوە!

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.