سەرەتا / ئەدەب / زمان لە پەراوێزی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکاندا!

زمان لە پەراوێزی ڕۆمانی دەریاس و لاشەکاندا!

سەدیق سەعید ڕواندزی

دەریاس و لاشەکان، ناوی ڕۆمانێکی دیکەی (بەختیار عەلی)یە، کە لەو ماوانەی ڕابردوودا چاپ و بڵاوکرایەوە.ئەم ڕۆمانە، لە نێوەندی نووسین و ئەدەبی کوردییدا، دەنگدانەوەیەکی زۆری ھەبوو، چەندین کتێب و دۆسییەی ئەدەبی و وتاری لە بارەوە نووسرا. زۆربەی ئەو نووسینانە، تەنھا لە ڕووی ناوەڕۆکەوە تیشکیان خستە سەر ئەو ڕۆمانەوە. کە باس لە چەمکی شۆڕش و چاوەڕوانییەکان و نائومێد بوونی مرۆڤ دەکەن. بەڵام لایەنێکی گرنگی ئەو دەقەیان فەرامۆشکرد، کە ئەویش زمانی نووسینی ڕۆمانەکەیە لە ڕووی زمانەوانی و چێژو دەربڕینەوە. ئەم ڕۆمانە بە زمانێک نووسراوە، خوێنەر کاتێ دەیخوێنێتەوە، واھەست دەکات وتارێک دەخوێنێتەوە نەک ڕۆمان. چونکە لە گەلێک شوێنی ڕۆمانەکە، ئەو زمانە زاڵە. بێگومان ساڵانێکی زۆرە، تێگەیشتنێکی جێگیر لای بەشێکی زۆری خوێنەری کورد بەرامبەر بە نووسینەکانی ئەو نووسەرە دروست بووە. ئەویش ئەوەیە، کە نووسینەکانی لە سەرووی ڕەخنەوەن. ئەم بینینە، لە گەلێک ئاستدا تا ڕادەی بە موقەدەسکردنی نووسینەکانی بەختیار عەلی چووە. کە خۆی بەردەوام و ھەمیشە لە ھەموو نووسینەکانیدا، دژی موقەدەس و بە تەوتەمکردنی ھەموو شتێک دەوەستێتەوە، بەڵام بۆ نووسینەکانی خۆی بەلایەوە ئاساییە. ھەمیشە زۆربەی خوێنەرانی کورد، شوناسی نووسەر لە پێشەوەی شوناسی دەق دەبینن.بەومانایەی، کاتێ نووسەرێک لە ڕووی نووسینەوە ناوبانگ و شوناسێکی دیار وەردەگرێت، ئیدی لایان وایە کە ھەر دەقێک و ھەر بابەتێک ئەو نووسەرە بینووسێت، ئیدی پرێفێکتە و شایەنی ڕەخنە لێگرتن نییە بە ھیچ جۆرێک.خۆ ئەگەرخوێنەرێکی ئاساییش ھەوڵی خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنی ئەودەقە لە کڵاوە ڕۆژنەیەکی دیکەوە بدات، ئیدی ھەم نووسەرەکە و ھەمیش خوێنەرە تایبەتییەکانی، بە نەخوێندەوارو بێ ئاگایی لە نووسین و ڕەخنە تۆمەتباری دەکەن. بە بێ ئەوەی بتوانن بە نووسین وەڵامی بدەنەوە. ھەموو نووسەرێک مرۆڤە، ھەموو مرۆڤێکیش زۆرئاساییە ھەڵەیەک بکات، کەواتە کەس لە سەرووی ڕەخنە گرتنەوە نییە. تەنانەت ئەگەر ئەو ڕەخنە، لە زمان و ڕێنووسیش بێت. چونکە زمان بنەمای سەرەکی نووسینە. ھەموو زمانێک ڕێساو پێکھاتەیەکی زمانەوانی خۆی ھەیە کە دەبێ پەیڕە و بکرێت. زۆر جار ئەو دەستکاریی و لادانە لە زمان،دەبێتە ھۆی شێواندن و تێکدانی بنەمای واتایی زمان. زمان بوونێکی گشتییە، موڵکی نووسەرێک نییە بە تەنھا، تاکو چۆنی بووێت بەو شێوەیە پەیڕەوی بکات.لە دەریاس و لاشەکاندا، لە گەلێک شوێن ھەست بەو لەنگییەی زمان دەکەین، تا ئەو ڕادەیەی خوێنەر سەیری پێدێت ڕۆماننووسێکی بە ناوبانگی وەھا، بەم شێوەیە زمان دابڕێژێت و گوزارشتی لێ بکات. دەریاس و لاشەکان، ڕۆمانێکە وەک ھەر ڕۆمانێکی دیکەی ئاسایی، دەشێ خوێنەران لە کڵاوە ڕۆژنەی جیاوازەوە بیخوێننەوە، بەڵام نیشاندانی وەک داھێنانێکی گەورە و ناوازە لە مێژووی ڕۆمانی کوردیدا، بە بڕوای من زێدەگۆییە.ڕۆماننووس ھاوشێوەی ڕۆماننووسەکانی دیکەی کورد، درێژدادڕیەکی زۆری لە ڕۆمانەکەی کردووە، ئەگەر لە ڕووی زمانەوە پوخت و کورتی بکەینەوە،ڕەنگە ئەوەی لە ڕۆمانەکەدا گوتراوە، بە چیڕۆکێکیش بتوانرێت گوزارشتی لێ بکرێت. لێرەدا وەک خوێنەرێک تەنھا دەمانەوێت لە ڕوانگەی دەربڕین و زمانەوە، لە سەر ڕۆمانەکە بوەستین و چەند دەربڕینێکی لێ دەھێنینەوە.بۆنموونە:_
*لا١٣نووسیویەتی:(برایانی کانیانی نازناوێک بوولە گوندەکەی بابیان بۆیان بەجێ مابوو).نازناو بەجێ نامێنێت، دەمێنێتەوە.گەلێک جار دەڵێین:(نازناوەکەی لە باوک و باپیرانییەوە بۆ مابووەوە).
*لا١٣نووسیویەتی):ئەلیاس و دەریاس ھەردووکییان بە یەک زگ لە دایک بووبوون، لە یەکتری دەچوون).مەگەر بۆدەوترێ جمک ئەگەر لە یەکتری نەچن.؟!
*لا٢٤نووسیویەتی:(چایخانەی دامەچییەکان، سەدان یاریکەری دامەچی لێ کۆئەبووەوە).مەگەرناوی چایخانەکە چی بووە؟.
*لا٢٩نووسیویەتی:(حەمامێکی گەرم) زۆرجار ئەگەر شوێنێک زۆرگەرم بێت، دەڵێین: دەتگوت حەمامە!.کەواتەحەمام خۆی گوزارشت لە گەرمی دەکات.
*لا٢٩نووسیویەتی:(تیشکێکی نا ئاشناو، شەوقێکی نادیار). تیشک و شەوق، نا ئاشنا و نادیار، چ جیاوازیەکییان ھەیە؟!.
*لا٤٢نووسیویەتی:(خرۆش و حەماس).ھەردووکییان یەک واتایان ھەیە.
*لا٥٩نووسیویەتی:(ھەر کەس ڕستەیەکی توێکڵداری تێ بگرتایە).ھەر نووسەرێکی ئاسایی ئەمەی نووسیبا، بە نەخوێندەواریان دائەنا.
*لا٦٢نووسیویەتی:(دەریاس دەنگی دەلەرزی). خۆزگە ڕۆماننووس پێی دەگوتین کە دەنگ چۆن دەلەرزی؟!.
*لا٧١نووسیویەتی:(ژنانی زل و چێڵ ئاسا).ژنی بە چێل چواندووە.
*لا٧٤نووسیویەتی:(بە خنکاوێک دەچوو بەرلە دوا ھەناسە).جا کە خنکاوبووە، چۆن دوا ھەناسەی داوە؟!.
*لا٨٥نووسیویەتی:( تەرمی ژنێک لە بیمارستانەکە خەوتبوو).سەرنج لە تەرم و خەو بدەن!.
*لا٨٦نووسیویەتی:(خودا شتەکانمان بۆ سەھل و ئاسان بکات). سەھل و ئاسان چ جیاوازیەکییان ھەیە؟!.ئەم جۆرە دەربڕینانە، لە زمانی میللی و خێڵەکی ئێمە، زۆر دەگوترێنەوە.
*لا٩٣نووسیویەتی:(خەڵکی بوراوەوە لە ھۆش خۆچوو). مەگەر بوورانەوە، ھەر لە ھۆش خۆچوون نییە؟!.
*لا٩٤نووسیویەتی:(بێ عاتیفە بێ ھیچ سۆزێک). عاتیفە، ھەر سۆز نییە؟!
*لا١٠١نووسیویەتی:(تاریکی نیشتبووە سەریان). *لا١٠١نووسیویەتی:(تیشکی بێ تینی مۆم).مەگەر مۆم تیشکەکەی ھەر بێ تین نییە؟!.
*لا١٣٨نووسیویەتی:(دوودڵی و ڕاڕایی). ھەردووکییان ھەریەکن.
*لا١٤٠نووسیویەتی:(لەسەر گۆڕەکەی ژەنەڕال،ئێشکیان گرتبوو،پاسەوانیان گرتبوو).ئێشک و پاسەوان ھەریەکن.
*لا١٤٢نووسیویەتی):موعجیزەی ئیلاھی). مەگەر موعجیزەی مرۆڤ ھەیە!؟.
*لا١٤٧نووسیویەتی:(گەرچەکمان نەبێت، ئەم قسانە تەماتەیەکی فلیقاوە ناژی).تا ئێستا، لە ڕۆمانی ڕۆماننووسە گەنج و بێ ئەزموونەکانیش، دەربڕینی نابابەتی و نائستاتیکی لەو شێوەیەم نەبینیوە.
*لا١٥٠نووسیویەتی:(ئەنجوومەنی کۆمیتە). ھەردووکییان بەواتای دەستە دێن.
*لا١٦٥نووسیویەتی:(ھەموو شەو من خەوتبووم).بە درێژایی شەوە، یان ھەموو شەوە!؟.
*لا١٧٢نووسیویەتی:(قاوغی فیشەکێکی تەقیو). بێگومان تەقیو زیادەیە، چونکە کە گوتمان قاوغ، مانای وایە گوللەکە تەقێنراوە،یان نەماوە.
*لا١٨١نووسیویەتی:(من لە ئەزموون و تەجروبەوە قسە دەکەم). ئەزموونیش ھەر تەجروبەیە، بەڵام بە کوردی.
*لا١٩٣نووسیویەتی:(باران بەجۆرێکی دڕندە دەباری).باران، ھەر بارانە، میھرەبانی و دڕندەیی لە کوێ بوو؟.
*لا٢٠٠نووسیویەتی:(گیاندان و ڕوح دەرچوون).گیاندان، ھەر ڕوح دەرچوون نییە؟.
*لا٢٠٤نووسیویەتی:(پاچ و خاکەنازەکەی نایە سەر شانی).درێژدادڕی پەتای نووسینی ڕۆماننووسانی ئەم سەردەمەیە، ئەوەی بەوشەیەک دەوترێت، ئەوان دەیکەنە ڕستەیەک.
*لا٢١٥نووسیویەتی:(ئینسان مەخلوقێک نییە شایەنی متمانە بێت).مەگەر ھەموو مرۆڤێک بەو شێوەیە یە؟!.
لا٢٥٠نووسیویەتی:_(بەوخەڵکە دەڵێم بەو عالەمە دەڵێم).خەڵک و عالەم،ھەر یەک نین؟!.
وێرای ئەمەش، ڕۆماننووس بە شێوەیەک ڕێنووسی ھەندێک وشەی نووسیوە، کە من یەکم جارە ڕێنووسی لەوشێوە دەبینم. لە ھەندێک شوێنی ڕستەکاندا، وشە ھەیە دەبێ بە جیا بنووسرێت، کەچی بەختیار عەلی بەلێکدراوی نووسیوە، ئەو وشانەشی کە دەبێ بە لێکدراوی بنووسرێن،ئەو بەتەنھای نووسیون. لە زۆری شوێنی ڕۆمانەکەدا، ئەوەم کەوتە بەرچاو.لێرەدا ئاماژە بە ھەندێکییان دەدەین:_
*لا٢٦(قسەیدەکرد).
*لا٤١(ڕزگارتانبکات).
*لا٩٢(ئەنجامیبدەیت).
*لا٩٢(رەوانەیکردووم).
*لا١٩٧(لکەداریبکەیت).
*(سەرنجدەدەم)
*لا١٨٠(بانگیبکات).
*لا١٨١(ھەستبکات).
*لا١٨٢(سۆراغیاندەکەن).
*لا١٨٨(کۆمەکیبکات).
*لا١٩٠(ڕزگارمبکات).
*لا٢٠٢(بێئەوەی).
لا٢٢٢(بێدوودڵی)
*لا٢١٠(دوایاندەکەوین).
*لا٢٥٥(تارماییگەلێکییان).
لە ڕاستیدا، نووسینی ئەم وشانە بەو شێوە ڕێنووسە نامۆو ناڕێزمانییە،تەنھا لەو ڕۆمانەدا ھەیە و بڕواناکەم ھیچ نووسەرێکی کورد، ئەوشێوە سەیرە لە نووسینی ڕێنووسی وشەکان پەیڕەو بکات. بێگومان دەقی ئەدەبی بەگشتی و ڕۆمانیش وەک ژانرێک، پێکھاتەیەکی زمانەوانین.زمانیش ڕێساو داڕشتنی تایبەتی خۆی ھەیە، نووسەرێک گریمان چەند ناسراو و داھێنەریش بێت،مانای وانییە بە ئارەزووی خۆی بکەوێتە سەروگوێلاکی وشە و چۆنی بووێت بەو شێوەیە دایبرێژێت.چونکە وشەی سادە وناسادە و لێکدراو و چەندین جۆری دیکەش، بە پێی دەربڕین و کۆنتێکسی ڕستە دەگۆڕێن. بۆنموونە: وشەی (دوایاندەکەوین) واتا بە شوێن ئەواندا دەڕۆین، بەڵام مەرج نییە ئەو کردارە بکەین. کەواتە(دوایان)و (دەکەوین) دوو وشەی جیان و دوو واتای جیاوازییان ھەیە و نابێ بە لێکدراوی بنووسرێن.چونکە زۆرجار مانای وشەیەکی دیاریکراو، بەداڕشتنی لە نێو ڕستەدا دەگۆڕێت.وەک:(بەڕێ دەکەوین) کەچەند جیاوازیی لە ڕووی ماناوە ھەیە لەگەڵ دەربڕینی(دوایان دەکەوین). ئەمە و زۆر نموونەی تریش.

پەراوێز/ دەریاس و لاشەکان، نووسینی:بەختیار عەلی، بابەت:ڕۆمان،ساڵی چاپ ٢٠١٩..

*ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی(وشە) ژمارە(٣١٣)لە ٨/١/٢٠٢٠بڵاوکراوەتەوە..

دەربارەی Sadiq Rwandze