نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / ساتمەی زمان لە نێوان سەباح ڕەنجدەر و حەکیمی مەلا ساڵح_ دا

ساتمەی زمان لە نێوان سەباح ڕەنجدەر و حەکیمی مەلا ساڵح_ دا

سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەزموون و شوناسی شیعری سەباح ڕەنجدەربە گشتی ، ئەزموونێکی ئاڵۆز و قووڵ و پڕلە تێڕوانینی ھزریی و زمانی، کە بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی ئەو زمانە باوەی لە شیعری شاعیرانی تر ھەیە. ئەم زمانە تایبەتە، فاکتەرێکی سەرەکی مانەوە و بەردەوامی ئەو ئەزموونە شیعریەیە کە ساڵانێکە شیعری ئەم شاعیرەی پێ دەناسرێتەوە و لە دەرەوەی ئەزموونەکانی ترە، لە ڕووی ناوەڕۆک و شوناسی شیعریدا. تەنانەت شیعرەکانی ئەو لە ڕووی زمانەوە لە دەرەوەی ئەوجۆرە بینین و لێکدانەوانەیەن، کە بە گشتی بۆ شیعری کوردی دەکرێت. بە بڕوای من ھەر ئەمەشە ئەوانە دەخاتە ھەڵەوە کە ئەزموونی ڕەنجدەر دەخوێننەوە. میتۆدی خوێندنەوەی ئەزموونی شیعری کوردی بە گشتی، بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی ڕەنجدەر ناشێت.بەڵکو ئەو ئەزموونە، زۆرتر لە خوێندنەوەیەک ھەڵدەگرێت و لە ھەندێ کاتیشدا مانای شیعری لای خوێنەر، وەک کۆدێکی نەکراوە دەمێنێتەوە. ئەم شاعیرە، یە کێکە لەو شاعیرانەی، زمانێکی ھونەری چڕو ئاڵۆزی شیعریی ھەیە و پاشخانیچکی زمانەوانی گەورەی ھەیە، کە زۆر باش دەزانێت وشە لە چوارچێوەی مانای شیعریدا بەرجەستە بکات و زۆر بەکەمی تووشی ساتمەی زمان ببێت. بۆیە کاتێ وتاری زمان و بیرکردنەوەی شیعری( حەکیمی مەلا ساڵح) م خوێندەوە، کە لە بارەی ئەزموونی شیعری چەند دەقێکی سەباح ڕەنجدەرە، بە پێویستم زانی وەک خوێنەرێکی شیعرەکانی ئەم شاعیرە، ھەڵوەستەیەک بکەم و چەند سەرنجێکی کورت ، لە بارەی ڕاستکردنەوەکانی نووسەر کە بۆ شاعیر نووسیونی بخەمە ڕوو. لە ھەندێ دەربڕین و گوزارشتکردندا، ئەوەی شاعیر نووسیویەتی ڕاستە و ئەوەی حەکیمی مەلا ساڵح ڕاستیکردۆتەوە ھەڵەیە. ئەوانیش:_

یەکەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( ماسی ئاوزادە دروست نییە، بەڵکو ڕۆشنایی زادە دروستە. چونکە ڕۆشنایی بە مانای ئاو دێت). ڕۆشنایی بە مانای ئاو نایەت، گریمان ئەگەر مەبەستی نووسەر ئاوی ساف و ڕۆن بێت کە ڕۆشنایی دەداتەوە، ئەوا ھەموو ئاوێک ساف و ڕۆن نییە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، مەبەست لە ماسی ئاو زادە، ئەوە نییە کە ماسی لە ئاودا دەژیت. چونکە دەبێ شاعیرێکی ھوشیاریی وەک سەباح ڕەنجدەر نەزانێت ماسی لە ئاودا دەژیت؟ بێگومان. بەڵکو مەبەستی ئەو زادە و لە دایکبوونەیە، کە لەماسییەوە دروست دەبێت. کە ڕەنگە ماسی میتافۆر بێت بۆ شتێکی تر.

دووەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_(ھەموومان دەزانین چارۆگە پەیوەندی بە بەلەمەوە نییە، بەڵکو تایبەتە بە کەشتی ناو زەریاکان). بێگومان ئەوەی شاعیر نووسیویەتی ڕاستە و ئەوەی نووسەری کتێبەکە دەیڵێت ھەڵەیە. چونکە بەلەمی چارۆگەدار ھەیە و کەشتی و پاپۆڕی گەورە چارۆگەیان نییە. تەنانەت لە یارییەکانی ئۆلۆمپیدا، وەرزشێک ھەیە بە ناوی (پێشبڕکێی بەلەمی چارۆگەدار).

سێیەم:_ نووسەر دەنووسێت_( باخچەی پرتەقاڵ) ھەڵەیە و دەبوو سەباح ڕەنجدەر بنووسێت( باغی پرتەقاڵ) ، چونکە پرتەقاڵ لە باغدا دەڕوێت. وەک خوێنەرێک لە کاک حەکیم دەپرسم، ئەی ئەو پرتەقاڵانەی لە نێو باخچەی بچووکی ماڵان پێ دەگەن، ھەر پڕتەقاڵ نین؟!.
سێیەم:_نووسەر دەنووسێت:_(سەوڵ تایبەتە بە بەلەم، کەلەک بە کندر ڕادەکێشرێت). بێگومان سەوڵ بۆ کەلەکیش بەکار دێت. لە سەردەمی شاخدا، دەیان جار پێشمەرگە لە بەنداوی دوکاندا، بە کەلەک پەڕیونەتەوە. خۆ ئەگەر ڕووبارو گۆماوێکی گەورە ھەبێت کە لە مەودای کندر دوورتربێت، دەبێ سەوڵ بۆ کەلەک بەکاربێت نەک کندر.

چوارەم:_ نووسەرنووسیویەتی:_(ھەڵۆ باڵی ھەیە دەستی نییە، بەڵکو چڕنووکی ھەیە). ھەڵبەتە سەباح ڕەنجدەریش دەزانێت ھەڵۆ دەستی نییە. ئەو مەبەستی دەست نییە لە ئاستی فیزیکیدا، بەڵکو زۆرکات ھەڵۆ، بە ھەردوو چڕنووکی، نێچیرێک دەگرێت و دەیخوات. وەک چۆن مرۆڤ بۆ خواردن دەستەکانی بەکار دێنێت.ئەم خەسڵەتە سرووشتییە لای زۆر لە زیندەوەران دەبینرێت.

پێنجەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_(کەروێشک لانەی ھەیە، ھێلانەی نییە). ئەمەش وەک سەرنجێک لە بارەی شیعری سەباح ڕەنجدەرەوە نووسیویەتی، کە ئەو بە ساتمەی زمان وەسفی دەکات. گریمان ئەوەی شاعیر ھەڵەیە، بەڵام ئەوەی نووسەری کتێبەکەش نووسیویەتی ھەرھەڵەیە. چونکە کەروێشک(کونی ھەیە). بۆ نموونە دەڵێین:_( کونە کەروێشک). بە گشتی شیردەرەکان کونیان ھەیە، جا لەنێو دار بێت، یان زەوی. باڵدارەکانیش لانە و ھێلانەیان ھەیە.

شەشەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( شۆڕش وشەیەکی زەق و زۆپە) دەکرا لە بەرامبەر ئەو وشەیە، ڕووبار یان بلێسە بنووسرێت. بەرلەوەی سەرنج لەوبارەوە وەک خوێنەرێک بدەم، دێڕە شیعرەکەی سەباح ڕەنجدەر دەنووسمەوە کە دەڵێت:_

بە خۆت نوقمی لە دڵی شۆڕشە کورتەکان
مەبەستی نووسەر ئەوەیە، کە لە جێگەی وشەی شۆڕش، وشەی ڕووبار یان بلێسە بنووسرایە جوانتر بوو. بەڵام ئایا ئەم دوو وشەیە، ھەمان واتای وشەی شۆڕشیان ھەیە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، بلێسە کورت و درێژی نییە، بەڵکو بلێسەی گەورە و بلێسەی بچووک ھەیە. لە ھەردوو ڕووەکە، ئەوەی شاعیر گونجاوترو بابەتیترو ڕاستترە.

ھەفتەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( خەسڵەتی کلک درێژ بۆ قەلە باچکە خەسڵەتێکی داسەپاوە و ھونەری نییە).مەبەست لێرەدا،خودی کلک نییە وەک پێکھاتەیەکی فیزیکی ئەو باڵندەیە، بەڵکو مەبەست کورت و درێژی ئەو بەشەی باڵندەیە، چونکە قەلە باچکەکان، ھەموویان کلکیان وەک یەکتری نییە.

ھەفتەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( گوێڕایەڵ بۆ کەسی ژیرە). وەک خوێنەرێک دەپرسم، بە چ پێوەرێک ئەم وشەیە تەنھا بۆ کەسانی ژیرە؟. مەگەر بزۆزو سەرکێشەکان، لە ھەموو کەس زیاتر پێویستییان بە گوێڕایەڵی نییە.

ھەشتەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( قیبلەنما دادەنرێ و داناخرێ). سەرەتا با دێرە شیعرەکەی ڕەنجدەر بنووسینەوە کە دەڵێت:_
سەر لە ڕێیە و ڕووگەنما دادەخا
بەدیدی من وەک خوێنەرێکی ئاسایی، دەکرێ بە دوو واتاوە ئەم دێڕە لێک بدەینەوە. لەلایەکەوە ئاماژەیە بۆ کەسێک کە ڕێ دەکات، بەڵام ئاراستەکەی نازانێت و بە کوێریی و سەرلێشێواوی ھەنگاو دەنێت، لەلایەکی تریشەوە کەسێک کە نوێژ دەکات ڕووگە نابینێت. چونکە لە بنەڕەتدا بۆ فریودانە و ئاییندارییەکەی بەدڵ و ڕوح نییە.

نۆیەم: نووسەر نووسیویەتی:_( سیفەتی ترش و مزر بۆ ھەلوژە زیادەیە، چونکە ھەلوژە بۆخۆی ترش و مزرە). بەڵام بە پێچەوانەوە ھەندێ جارھەڵوژەی شیرینیش ھەیە.

دەیەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_( ڕووی خۆشکرد زیادەیە، ژیان بزەیەکی نواند دروستە). سەرەتا بابزانین سەباح ڕەنجدەر لە شیعرەکەیدا چی دەڵێت:_

ژیان ڕووی خۆشکرد و بزەیەکی نواند

لە ڕاستیدا، بزە تایبەتە بە شوێنێکی دیاریکراوی ڕووخساری مرۆڤ کە ئەویش لێوە. بۆیە مەرج نییە ھەموو ڕووخۆشییەک بزەی لەگەڵ دابێت. ھاوکات دەکرێ دەم و چاوی مرۆڤ لە حاڵەتی زۆر ئاساییش دابێت، بەڵام بزەش بکات. بۆیە ئەوەی شاعیر دروستترە.

یانزەم:_ نووسەر نووسیویەتی:_(کووچە و کۆلان زیادەیە). با بزانین سەباح ڕەنجدەر چی نووسیوە:_
کووچە و کۆڵانی شار چی بەسەر دێت.
بە بڕوای من، نووسەری کتێبەکە بۆچوونی وایە کوچەش ھەر کۆڵانە. بەڵام کوچە باریکترو مەودا تەسکترە لە کۆڵان. بۆیە ئەگەر بە وردی دیقەت بدەین، لە زمانی کوردی ھەمیشە دەگوترێت:_(گشت کوچە و کۆڵانەکانی شار).

دوانزەم:_ نووسەر نووسیویەتی:( ناسینی دووەم زیادەیە). سەرەتا دێڕە شیعرەکەی شاعیر دەنووسینەوە کە دەڵێت:_
لە ناسینی خودا و ناسینی تۆدا
بە بڕوای من، نووسەر ورد نەبووە لە خوێندنەوەی ئەو دێڕە، لەبەر ئەوەی ناسینی دووەم زیاد نییە. ئەگەر ناسینی دووەم لا بدەین، مانای وایە شاعیر لەیەک چرکە ساتدا خودا و ئەویشی ناسیوە. بەڵام مانای دێڕە شیعرەکە، ناسینی خودا و ناسینی ئەوە لە دوو کاتی جیادا.
بە گشتی ئەو نووسینەی نووسەر، کە بە ناوی زمان و بیرکردنەوەی شیعرییەو لە بارەی ئەزموونی ڕەنجدەر نووسیویەتی، پێویستی بە ھەڵوەستە کردن و شڕۆڤە کردنی زیاترە، بە تایبەتیش لە ڕووی لێکدانەوەی شیعرەکانەوە. بەڵام ئەوەی لە ھەمووی زیاتر بۆمن جێگەی سەرنج بوو ئەوەیە، کە نووسەر ئەزموونی ڕەنجدەر، دەبەستێتەوە بە ئەزموونی سوھراب. بێگومان نکۆڵی لەوە ناکرێت کە سوھراب و فروخ، کاریگەریەتییان بە سەر سێ بەشی شاعیرانی کوردەوە ھەیە، بە تایبەتیش لە دوای ھەشتاکانەوە و دوای ڕاپەڕین. بەڵام ھەر کەسێک بچووکترین زانیاریی لە بارەی شیعری سەباح ڕەنجدەرەوە ھەبێت، دەزانێت ئەزموونی ڕەنجدەر، ھیچ پەیوەندییەکی بە سوھرابەوە نییە. ئەگەر دنیابینی ئەو دوو شاعیرە لە یەکتری نزیک بوایە، ئێستا ئەزموونێک نەدەبوو بە ناوی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر. بۆیە بەلامەوە سەیربوو، کە چۆن نووسەرو لێکۆلەرێکی وەک حەکیمی مەلا ساڵح ئەوە بۆچوونیەتی. تەنانەت ئەگەر تەنھا لە ڕووی زمانی دەربڕینەوە، بڕوانینە شیعرەکانی سوھراب و سەباح ڕەنجدەر، دەبینین ئەو سادەیەی لە شیعری سوھرابدا ھەیە، بە ھیچ شێوەیەک لە ئەزموونی ئەم شاعیرە لە زێوانەوە تاکو سەرەتا وشە بوو بوونی نییە. دەکرێ لەم بارەیەوە خوێنەران خۆشیان بگەڕێنەوە سەر ھەردوو ئەزموونەکە.

ڕواندز
کۆتایی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠

دەربارەی Sadiq Rwandze