سەرەتا / ئەدەب / ئەدەبی منداڵان / سەیرانێکی پایزی

سەیرانێکی پایزی

عەلی حەمەڕەشید 

دەمێک بوو تامەزرۆی بینینی دیمەنە جوانەکانی وەرینی گەڵای دارەکان بووم لە وەرزی پایزدا ،بۆیە لەگەڵ باوکم و دایکم و خوشکەکەم ئێوارەیەکی پایز ڕێگەی  یەکێک لە سەیرانگاکانمان گرتەبەر ،ھەر گەیشتینە ئەوێ باوکم لایدا و ئۆتۆمبێلەکەی لەو شوێنەدا وەستان کەلە وەرزی  بەھار دا  چەند جارێک بۆ سەیران ھاتبووین  لەوێدا کاتێکی خۆشمان بەسەر بردبوو،ئەو کاتە سەوزایی وەکو فەرشێک زەوییەکەی داپۆشیبوو،گەڵای دارەکانیش سەوز بوون،کەچی ئێستا زۆر جیاوازە و زەوییەکە فەرشە سەوزەکەی گەڵای وەریوە و زەردە ،ئەو کاتە کە شنەی باکە دەھات خۆشی دەخستە دڵمانەوە و گەرماکەی کەم دەکردەوە، ئەمڕۆ ئەو کزە بایە ساردە و ئەگەر بەباشی خۆمان نەپێچایەوە ئەوا دوور نەبوو نەخۆشی نەخستینایە.لەناو گەڵا وەریوەکاندا کۆمەڵێک وێنەی جوانمان گرت،نازانم بۆچی ئەو گەڵایانە ھێندە سەرنجڕاکێش و دڵگیر بوون ،لەگەڵ باوکم ئەو ناوە گەڕاین و یەک یەک سەرنجی دارەکانم  دەداو دەستم لە گەڵاکانی سەر زەوییەکە دەدا.گەیشتینە لای دارێک زۆر جوان بوو گەڵاکانیشی سەوز بوون،وتم بابە ئەم دارەیان بۆچی گەڵاکانی  نەوەریون و ھەر بەسەوزی ماون؟باوکم تەماشایەکی کردم وەکو بڵێ ئەی خۆت نایزانی؟منیش وتم بابە گیان ھاتەوە بیرم  ،ھەندێک دار ھەن چوار وەرزە سەوزن .ئەمەش یەکێکە لەوانە و ئەوانی تریش ھەر پایز ھات گەڵاکانیان دەوەرن.چەندە خۆشە ئەو گۆڕانکارییانەی کە لە سروشتدا روودەدەن ئاوا بەچاوی خۆمان بیان بینین.  تا باشتر لێیان تێبگەین و لەبیریشمان نەچێتەوە.کە گەڕاینەوە بۆ لای دایکم و خوشکە بچکۆلانەکەم خواردنێکی خۆشی بۆ دانابووین .تێرمان لێخوارد بەڕاستی زۆر خۆشبوو بەلامەوە و سەیرانەکەی زیاتر لا خۆشکردم.. . 

دەربارەی عەلی حەمەڕەشید بەرزنجی