سەرەتا / ئەدەب / وێژە / شیعرو پارادۆکسی واتا

شیعرو پارادۆکسی واتا

سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەوەی زمانی نووسین بە گشتی لە زمانی ئاسایی جیا دەکاتەوە ئەو ڕەھەندە واتایەیە کە لە ڕێی زمانەوە دەگەیەنرێت.ئەگەرچی گەیاندن یەکێکە لە خاسیەتە دیارەکانی خودی زمان ، وەلێ لە نووسیندا ئەو واتایە قووڵتر دەبێتەوە و فۆڕمێکی ئستاتیکی وەردەگرێت. لە دەقی ئەدەبیدا، مانا ھەر تەنھا ڕەھەندێکی دیاریکراوی نییە، بەڵکو لە خوێنەوەی ھەردەقێکدا، دەکرێ بە چەندین مانای جیاواز بگەین. شیعری نوێ، جیاواز لە شیعری کلاسیک کە کێش و سەروا ڕیتمی دەرەوەی شیعرەکە ڕادەگرن، دەتوانین وەک وێنەیەکی سێ رەھەندی بیبینین. بەو مانایەی لە شیعری نوێدا، مانا ھەر تەنھا گوتارێکی ئەبستراکت نییە، بەڵکو دەکرێ بە وێنەیەکی گشتی بە سەریەکەوە، یاخود بە وێنەی جیا جیا ببینرێت.وەلێ ئەوەی لێرەدا بوونی ھەیە مانایە لە ڕووی زمانەوانییەوە. چونکە ئەگەر واتا لە زمان دابماڵین، ئەوا بەر ھیچ ئاماژەیەکی مانادار ناکەوین. ئەگەر چی لە چوارچێوەی زمانی کوردیدا، وشە لە چوارچێوەی ڕستە مانا دەگەیەنێت،بەڵام مەرج نییە ھەموو وشەیەک بەو شێوەیە بێت، وشە ھەیە لە گەڵ دەربڕینی واتای تەواویش دەگەیەنێت و پێویست ناکات شڕۆڤەی بکەین. بۆنموونە:_ وشەکانی( شەڕ_بەفر_ بەھار_بەخشندە) زۆری دیکەش،لە چوارچێوەی ڕەھەندی مۆرۆفۆلۆژی خۆیەوە دەخوێنرێنەوە. بەڵام ھەندێک لە وشەکانیش، تەنھا لە چوارچێوەی ڕستەیەکی دیاریکراو، لە میانەی دانە پاڵ کارێک یان ھاوەڵناوێک، مانا دەدات. بۆیە لە زماندا بە گشتی ئەوەی ھەیە گەیاندنی واتایەکی دیاریکراوە بۆ شتێک و ئەوەی تریش نەگەیەشتنە بە واتای تەواو.بە درێژایی ئەزموونەکانی شیعری کوردی و بە پێی قۆناغەکان، واتای شیعری دەگۆڕێت، وەلێ ئەوەی دەمێنێتەوە واتای تەواوە، بەو مانایەی کاتێک شیعرێک دەخوێنینەوە، ھەست دەکەین واتا وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی،دیار یاخود نادیار، ھاوشێوەی ھێلێکی درامی درێژ دەبێتەوە لە سەرەتاوە تا بە خاڵی کۆتایی دەگات. بێگومان ئەمەش پەیوەستە بەو پەیوەندییە بابەتی و ئۆرگانیکییەی لە زماندا ھەیە. چونکە ھەموو دارشتنێک و بیناکردنێک لە زمان، تەواو نابێت ئەگەر وشە ڕستە و ڕستەش دواجار دەق تەواو نەکات.مەرج نییە کۆی دەقێک وەک یەکەیەکی زمانەوانی و بابەتی بە سەریەکەوە واتا بگەیەنێت، بەڵام کاتێ ھەمان ئەو دەقە ھەڵدەوەشێنینەوە، وێنە و دەربڕینەکان لە یەکتری جیا دەکەینەوە، دەبێ مانای سەربەخۆ بگەیەنن. چونکە زمان ماناو گەیاندنە، ئەگەر زمانیش لەو ئەرکە بنچینەیەی خۆی بەدەربێت، کەواتە ئێمە لە بەردەم دەقێک و نووسینێک، یاخود دەربڕینێک نین، دەرەنجام مانایەک بە دەستەوە بدات. لە شیعری نوێدا، مانا چەمکێکی ئاڵۆزو فرە واتایە، تۆپۆگرافیای شیعری نوێ، جیاواز لە تۆپۆگرافیای شیعری کلاسیک، کە کێش و سەرواو ھاوسەروای ھەیە، لە سەر یەک ڕیتمی دارشتن و خوێنەوە بینا نەکراوە، بەڵکو وێنەکان ھەندێک جار دیارو ڕاستەوخۆن، ھەندێک جاری دیکەش نادیارو پێویست دەکات خوێنەر بە قووڵایی دەقەکە ڕۆبچێت. گرنگ نییە زمان سادەیە یا ئاڵۆز، ھەڵگری ڕەگەزێکی ساکارە، یان تەمومژاویی و سیبمبول ئامێز، بەڵکو ئەوەی لە شیعردا دەبێ ھەبێت مانای شیعرییە. لێرەدا ئێمە نموونەیەک لە شیعری (شێرکۆ بێکەس) دێنینەوە کە چۆن مانا وەک ھێلێک لە سەرەتاوە درێژدەبێتەوە، تا کۆتایی و بە ئاکام گەیشتن. بێکەس دەڵێت:_
ئەگەر لە ناو شیعرەکانما گوڵ دەراوێژنە دەرەوە..
لە چوار وەرز وەرزێکم دەمرێ.
گەر یار بێننە دەرەوە. دووانم دەمرن.
گەر نان بێننە دەرەوە سیانم دەمرن.
گەر ئازادی بێننە دەرەوە ساڵم دەمرێ و خۆشم دەمرم..

لە بەرامبەر ھەر وەرزێکدا، شاعیر ڕووداوێک و کارەساتێکی داناوە، بەو مانایەی ئەگەر ھەریەک لە مانە لە شیعرەکانی بێننە دەرەوە،ئەوا وەرزێکی دەمرێ. شێرکۆ بێکەس وەک شاعیرێکی داھێنەر کە چل ساڵ پێشەنگی شیعری کوردی گرتوو لە مێژووی شیعری کوردیدا وێنەی دووبارە نابێتەوە، لەوشیعرەیدا بە جۆرێک مانای شیعری تەواو دەکات، کە وێنەیەکی ھونەری جوانی بە شیعرخوڵقاندووە. ھەموومان دەزانین ساڵ چوار وەرزە، بۆیە لە وەرزی یەکەمەوە، بۆ دووەم و دواتر بۆ سێیەم و پاشانیش بۆ چوارەم دەڕوات، تاکۆی ساڵەکە بە نەمانی ئازادی کۆتایی دێت و ئەویش دەمرێت.ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە ئێمە لەو شیعرەدا دەتوانین واتای شیعری پەرت بکەین بە بێ ئەوەی بینای ھونەری دەقەکە تێکبچێت، بەو مانایەی ھەر لە نێو ئەو شیعرەدا، ئەگەر دێڕو وێنەکان بە جیاوازو سەربەخۆش بخوێنینەوە، ھەر بەر مانای شیعری دەکەوین. ئێمە دەتوانین لە چوار وەرز، تەنھا وەرزێک بە ڕووداوێک ببەستینەوە. چونکە شیعرەکە لە بنەڕەتدا ھەلگری مانا و دەلالەتی شیعرییە. بە ھەمان شێوە دەشتوانین کۆی شیعرەکە بە سەریەکەوە ببینین و بخوێنینینەوە.کەچی لای بەشێکی زۆری ئەوانەی ئێستا گوایا شیعر دەنووسن، چونکە شیعر و قسە ڕێزکردن لە یەکتری جیاناکەنەوە، چونکە دەلالەتی شیعر و زمانی میللی لە یەکتری جیاناکەنەوە، ئیدی بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن دەکەونە ھەڵەوە. شیعر بەرلەوەی مانا، چێژو جوانی، وێنەی ھونەری بێت، بونیادێکی زمانەوانی کۆمەڵێک وشە و دواتر ڕستەیە بە سەر یەکەوە. کە سەرەنجام ھەموویان واتایەک دەگەیەنن. ئەگەر پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بابەتی لە نێوان ڕستەکان و دەربڕینەکان دانەبوو، ئەوا لە بری واتا، بەر پاڕادۆکسی واتا دەکەوین. لە شیعری ئەو نەوەیەدا، چونکە واتای شیعری نییە و لە گوتاری شیعرناگەن، ئیدی بە لایانەوە گرنگ نییە چی دەنووسن و چی ناودەنێن شیعر.(محمد قادر) لە شیعرێکدا دەنووسێت:_

من پێنچ جار مردم..
چوارەم جار کە دواجار مردم..
یەکەم جار کە مردم..چونکە بە درێژایی مردنەکانی تردەژیام..

لە ڕاستیدا نەک مرۆڤ، بەڵکو ھیچ بوونەوەرێک نییە پێنچ جار بمرێت.مردن کردارێکی فیزیکی و ئەپستراکتە و تەنھا یەکجار ڕوودەدات. شتێکە نییە بتوانرێت ئەزموونی بکەیت. بەو مانایەی بمرین و زیندووببینەوە.بۆیە ئەم زێدەگۆیە لە شیعر لە لایەکەوە خەسارکردنی وشەیە، لە لایەکی دیکەشەوە زۆریکردنە لە وتنی شتێک کە ھیچ ڕاستییەکی تێدا نییە. ھاوشێوەی ئەو حیکایەتە ئەفسانەییانەی باس لەوە دەکەن، کە سەری دێوەکە ئەوەندەی شاخێک و قاچی ئەوەندەی نازانم چی درێژ بوو، بۆیەشە ناونراون ئەفسانە، چونکە ئەقڵ و لۆژیک وەریانناگرێت.گریمان ئەگەر ئەو دەربڕینانەش وەک وێنەی شیعری وەربگرین و بەو مانایەی لە شیعردا وشە ڕەھەندێکی تر وەردەگرێت، ئەوا ھەرلە ڕووی ناوەڕۆکەوە نووسەری ئەو چەند وشانە بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکات کەوتۆتە ھەڵەوە. بۆنموونە:_ ئەو دەڵێت من پێنچ جار مردم، کە واتە مردن لێرەدا کردارێکە پێنج جار ڕوویداوە.بەڵام دێڕێک دواتر، ھەر خۆی ئەو بۆچوونەی خۆی ڕەتدەکاتەوە و دەکەوێتە پارادۆکسی واتاوە.ئەمجارەیان دەڵێت:- (چوارەم جار کە دواجار مردم). لێرەدا چوارەم مردنەکە ھەم مردنی چوارەمە، ھەمیش مردنێکی دوایین جارییە. واتە مردنی پێنجەم بوونی نییە.ئەمە لە لایەک، لە لایەکی دیکەوە، کە مردنی یەکەم جار ھەبوو، واتە پێشتر ھیچ مردنێکی تر نەبووە. چونکە یەکەم، ھێمایە بۆ سەرەتاو دەسپێک و بۆ یەکەم جار ئەنجامدانی کارێک. بەڵام ئەو نووسیویەتی:_

یەکەم جار مردم چونکە بە درێژایی مردنەکانی دیکە…

واتە بەرلە مردنی یەکەم، ئەو بە درێژایی چەندین جاری دیکەش لە ڕابردوودا مردووە، بەمەش ئەمە نابێ مردنی یەکەم بێت. ئەم جەختکردنەوەیە لە ڕووی ژمارەییەوە نەک ھەر ھیچ ھونەرێکی تێدا نییە، بگرە بێ ئاگایەکی گەورەشە لەوەی کە نووسیویەتی. چونکە ھەر خۆی وشە و دەربڕینەکانی خۆی بەتاڵ دەکاتەوە، مردن گەمەی منداڵان و یاری میکانۆ نییە تا چۆنمان بوێت بەو شێوەیە گوزارشتی لێ بکەین، تەنانەت ھیچ پرسێک ھێندەی مردن جێگەی تێڕامان لێوردبوونەوە نەبووە لای مرۆڤ. کردارێکە تا ئێستاش مرۆڤ ھیچ شارەزاییەکی لێ نییە، چونکە کارێکی خوداییە. ئەمە چ سەمەرەیەکە کەسێک دەیان جار بمرێت کەچی نەزانێت کەی بۆ یەکەم جارو کەی بۆدواجار مردووە؟ ئاخۆ دەکرێ ئەم ورێنانە لە خانەی شیعردا پۆڵین بکەین؟بێگومان لای بەشێکی زۆری ئەو نەوەیەی ئێستا شیعر دەنووسێت، ڕۆشنبیریی شیعری نییە کە ڕەگێکی گەورەی لە نێو زماندایە. بەو مانایەی نازانن وشە لە چوارچێوەی فەرھەنگی زمانەوانی خۆی چ ئاماژەیەک دەگەیەنێت. ئەو نەوەیە بەشێکی زۆریان چونکە شیعر نووسین بە قسە ڕێزکردن تێگەیشتوون، ئیدی چۆن وشەکان لە دەقی شیعریدا بەرجەستە دەکەن، بەلایانەوە گرنگ نییە. چونکە ئەوان پێیان وایە شیعر تەنھا خستنە پاڵ یەکتری چەند وشەیەکە، بۆیە بە بێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن دەکەونە ھەڵەوە.(بژار حەکیم)نووسیویەتی:_

ئێستا نە ڕێگا ھەیە نە سەفەر..
من لە نێوان دووری و تەنیاییدا
ڕێبوارێکی ڕەنگ زەردم..

ھەر کەسێک شیعر بنووسێت و ئەلف و بێی زمان شارەزابێت، دەبێ بزانێت وشەی(ڕێبوار) لە زمانی کوردی چ مانایەک دەدات. بە کێ دەوترێت ڕێبوار؟ دەلالەتی چی دەگەیەنێت؟ کە ڕێبوار ھەبوو، نابێ ڕێگاو سەفەریش ھەبێت؟ بووە کەسێک ڕێبوار بێت و ئەم سەرو ئەو سەری شوێنەکان بکات بەڵام ڕێگای نەبێت؟ گریمان ئەو مەبەستی لە ڕێبوار ئەو حاڵەتە سایکۆلۆژیانەیە کە کەوتۆتە نێوان دووری و تەنیایی، وەلێ ئاخۆ ئەگەر لە نێوان دووری و تەنیاییشدا بێت و بچێت، مانای وانییە ئەو بە خەیاڵ سەفەر دەکات؟مەگەر مرۆڤەکان زۆر جار بە خەیاڵ ھەموو دونیا تەی ناکەن؟ من نازانم کە ڕێگا نەبوو، ڕێبوار چ مانایەکی ھەیە تەنھا لە خەیاڵی ئەو شاعیرە نەبێت.ئەم پارادۆکسە لە نووسینی شیعردا، لە کاری وەستایەکی نەزان دەچێت کە خشتەکانی باڵاخانەیەک زۆر نا ھونەری و نا ئەندازەییانە بخاتە سەر یەکتری و دواتریش دیوارێکی خوارو خێچ دەردەچێت. ئێمە لە سەرەتای ئەم وتارەدا نموونەمان لە شیعرێکی شێرکۆ بێکەس ھێناوەتەوە. ھەرخوێنەرێک بە وردی سەرنج لە ناوەڕۆکی شیعرەکەی بدات، دەزانێت کە شاعیر چەند ئاگایانە و ھونەرییانە کاری لە سەر ئەو شیعرە کردووە و ھیچ وشەیەکی شیعری نییە مانای ئەوی تر تەواو نەکات. یەکێک لە سیما دیارەکانی شاعیری سەرکەوتوو، قاڵبوونەوەیە لە زمان، تێگەیشتە لە بونیادی وشە و ئاماژە زمانەوانی و فەرھەنگییەکان.ئەم دەربڕینە وەک ئەوە وایە بڵێیت لە ھاویندا بە فرێکی ستوورباریوە.لە شیعری نوێدا و لە شیعر بە گشتی، وشە ڕەھەندێکی دیکەی واتای وەردەگرێت و دەشێ ببێتە میتافۆربۆ شتێکی دیکە، وەلێ نابێ وشە و دەربڕینە شیعرییەکان خاڵ بن لە ھەموو جۆرە واتاو مانایەک، شیعریش وەک ھەر دەقێکی دیکەی ئەدەبی لە زمان پێکدێت، یەکێک لە ئەرکەکانی زمانیش گەیاندنە، بەڵام لەو جۆرە بە ناو شیعرانەدا، زمان نەک ھەرھیچ ئاماژەیەکی نییە، بەڵکو ڕۆڵێکی نێگەتیڤیش دەبینێت لە تێکدانی وشە و ھەڵگێڕانەوەی ماناو سڕینەوەی ئەرکی ڕاستەقینەی زمان. مانای چییە ڕێگا نییە و سەفەرنییە و ڕێبواریشی؟. بێگومان چەند بە ئەزموونی شیعری ئەو نەوەیە ڕۆبچین، ئەوەندە زیاتر پارادۆکسی لەو شێوەیەمان بۆدەردەکەوێت. ڕوونتر بەو ڕاستییە دەگەین کە بەشێکی زۆر لە وانە جیاوازی لە نێوان زمانی شیعری و زمانی ئاسایی ناکەن،قسەکردن و شیعرییان بەلاوە وەک یەکە.(سافی مەلا زادە) دەنووسێت:_

ئەو کوڕەی بە نوێژی نیوەڕۆ..
بردیان ڕەمی بکەن..
کەس نازانێ زەوی قووتی دا ..
یان ئاسمان ھەڵیکێشا..
سەرەتا دەمەوێ ئەوە بۆ نووسەری ئەو چەند وشانە ڕوونبکەمەوە کە دەستەواژەی(نوێژی نیوەڕۆ) لە ڕووی مانای فەرھەنگییەوە(نەک ئایینی) چ دەلالەتێکی ھەیە لە زمانی کوردی. ئەم دەربڕینە، دەربڕینێکی میللییانەی کۆنە لە زمانی کوردی و ئێستاش بەکار دێت. ئەم دەربڕینە واتە کارەکە ھێندە ڕوون و بەرچاوبوو، ھێندە ئاشکراو دیاربوو، ھیچ گومان و پرسیارو بە دواداچوونێک ھەڵناگرێت. چونکە وەک نوێژی نیوەڕۆ کە گەرم و دیارە، کارەکە دیارە. کەوتمان نوێژی نیوەڕۆ، شتێک نامێنێتەوە بە ناوی ئەوەی بپرسین چی لێھات؟بردیان ڕەمی بکەن، واتا دیارە کە بۆ کوشتن بردوویانە و بە نوێژی نیوەڕۆش بردوویانە. خوێنەر لێرەدا لە بەردەم کردارێکە کە ڕووینەداوە، بەڵام ھیچ گومانی تێدا نییە کە ڕوودەدات. چونکە کارەکە و بکەرەکەش دیارە. واتە شاعیر وەک ھەواڵێکی ڕاگەیانراو ئەوە دەگەیەنێت کە گەنجێکییان برد ڕەمی بکەن.بەڵام لە دوو دێڕی کۆتاییدا،بیری چۆتەوە پێشترچی وتووە، بۆیە نازانێت گەنجەکە چی لێھات؟ زەوی قووتی دا، یان ئاسمان ھەڵیکێشا.واتە کەوتۆتە پارادۆکسی شیعرییەوە بە بێ ئەوەی ھەستیشی پێ بکات. ئێمە وتمان ئەو نەوەیە چونکە شیعر بە قسە ڕێزکردن دەزانێت ، قسە ڕێزکردنیش ھیچ پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانیکی لە نێوان وشەکان نییە، بۆیەشە بەرھیچ مانایەک لە شیعرەکانیان ناکەوین. ھەر لەو ڕوانگەیەوە(ئاورنگ بەرزنجی) نووسیویەتی:_
خۆمنیش ئەتوانم بگریم..
بۆ نوقل و بوکە شووشەکەم..
دەئیتر بۆچی مناڵ نیم..
نادایەگیان مەگری..منیش وەک تۆ دایکێکم.
خەمەکانی تۆش ھەڵدەگرم..
لە سەرەتای شیعرەکەدا، ھێشتا ئەو خاتوونە منداڵە و بۆ نوقل و بوکە شووشە دەگریت، کەچی لە پڕێ دەبێتە کوڕێ و ئەمجارەیان نەک ھەر منداڵ نییە، بەڵکو گەیشتۆتە قۆناغی دایکایەتیش! سەرنج لەو پارادۆکسییە شیعرییە بدەن. تۆھێشتا ھەرخەیاڵی بوکەشووشە دەکەی، ئیدی پێم ناڵێی چۆن توانیت خەمەکانی دایکیشت ھەڵگری؟ کەسێک ھوشیارییەکی ھێندە سادەی ھەبێت، کە دنیای منداڵانەی خۆی جێ نەھێشتبێت،ئیدی چۆن درک بەوە دەکات وێرای خەمەکانی خۆی، خەمەکانی دایکیشی ھەڵگرێت؟ ئەم بێ ئاگایە لە زمان و دەربڕین، ئەم نەشارەزاییە لە گوزارشتکردن و بیناکردنی وێنەی ھونەری لە شیعردا، خۆی لە خۆیدا دەلالەتە لەوەی کە ئێمە لە بەردەم چ سادەنووسی وگەڕەلاوژێیەک داین لای بەشێکی زۆری بە ناو شیعری ئەو نەوەیە.دەیان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەشم لە بەردەستن، کە لە دەرفەتێکی تردا دێینەوە سەریان. ئەمەیە جەوھەری شیعر لای بەشێکی زۆری ئەوانەی لە ئێستادا شیعردەنووسن، شیعرێک کە کورد وتەنی:_( کەس نازانێ سەری لە کوێیەو بنی لە کوێیە!!)..

*پەراوێز:_ نموونەی شیعرەکان لە کتێبی( ئەلف) وەرگیراون کە ماڵی کتێب لە ھەولێر ماوەیەک لەمەوبەر چاپ و بڵاویکردۆتەوە…

*ئەم لێکۆڵینەوەیە لە ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ ژمارەی ڕۆژی پێنچشەممە ڕێکەوتی ٢٦-٩-٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە..

دەربارەی Sadiq Rwandze