سەرەتا / وتار و بیروڕا / عاشواری ئەمساڵ لە عێراقدا بوو بە شۆڕش

عاشواری ئەمساڵ لە عێراقدا بوو بە شۆڕش

بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەر لە سەردەمی حوکمڕانی بەعس و سوونەدا لە عێراق مەراسیمەکانی عاشورا بە شێوەیەکی سنووردار بەڕێووە دەچوو , لە ژێر چاودێری ھێزە ئەمنیەکان و دەزگا ھەواڵگرییەکانی ڕژێمی پێشووتەنانەت لە ھەندێک ناوچەش ھەر قەدەغە بوو.
بەڵام لە دوای ٢٠٠٣ ەوە لە سەردەمی حوکمڕانی تائیفی شیعە ئەم بۆنەو مەراسیمە زۆر گرنگی پێدرا لەلایەن سەردەمدارانی نوێوەو ڕێپێوانی ملیۆنی ئەنجامدەدرا لە ھەموو شارەکانی باشوورو ناوەڕاستی عێراقەوە بە پێ بەرەو نەجەف و کەربەلا بۆ سەر مەزاری ئیمامی عەلی و ئیمامی حوسینی کوڕی , جگە لە شیعەی ئێرانیش بە لێشاوو دەھاتنە عێراقەوە .
ئەوەی ئەمساڵ باسی دەکرێت ئەوەیە کە ئەم سرووت و بۆنە مەزھەبیە جۆرێک گۆڕانکاری بە سەردا ھاتووە کە ساڵانی پێشوو حزب و تاقمە مەزھەبیە شیعەکانی عێراق وەکو دەستکەوتی گەورە بۆخۆیان بەکاریان دەھێنا ھەریەکەیان دەیان کاروان و مەوکیبییان بەڕێ دەکرد و بانگەشەیان بۆ دەکرد , بەڵام ئەمساڵ بە پیچەوانەوە ئەو سرووت و عەزاگێڕییە بووە بە مۆتەکەو ڕۆژی حەشر بۆ ئەو تاقم و حزب و گروپە میلیشیاوی و گەندەڵانە کە شکستیان ھێناوە لە بەڕێوەبردنی وڵات گەندەڵیەکانیان بووەتە ویردی سەرزاری کۆمەڵانی خەڵکی عێراق بە گشتی و شیعە بە تایبەتی .
ئێستا ھەردوو بۆنەوە مەراسیمی پیرۆزی شیعەکان ١٠ موحەڕەم و دواتر چلەی شەھید بوونی ئیمام حوسێنی کوڕی عەلی بن ئەبوتالیب لەلایەن چالاکوانان و خۆپیشاندەرانی شۆِشی تشرینی ٢٠١٩ کراوەتە دەرفەتێک بۆ تازەکردنەوەی داخوازییەکانیان کە گۆڕانکاری گەورەی بە دوای خۆیدا ھێنا .
ھەر لەو سۆنگەشەوەیە ھەر لە سەرەتای مانگی موحەرەمەوە کە زۆر پیرۆزە لە لای شیعە ی دوانزە ئیمامیەکان لە عێراق و جیھانیش کە یادی کوژرانی ئیمام حوسێنە , ھەموو کۆڕو کۆبوونەوەو سرووتەکانیان بەزمانێکی توندو زبرو پڕ لە ڕق و بێزاری یە بەرامبەر حزبە شیعیە تائیفیە حوکمڕانەکانی عێراقە , کە ھەمان دروشم و داواکارییەکانی خۆپیشاندەرانی گۆڕەپانەکانی تەحەریری بەغدادو شارەکانی تری باشووری عێراقە .
ئەم مەراسیمو سرووتانە لە شارە پیرۆزەکانی شیعە بەرپا کران , نەجەف کە مەزاری ئیمام عەلی چوارەم خەلیفەی ڕاشدینی لێیەو کەربەلا کە مەزاری ئیمام حوسێنی کوڕی ئیمام عەلی لێیە , لە ھەمانکاتدا ئەم شارو ناوچانە پێشتر ناوچەی ھەژموون و پێگەی جەماوەری حزبی دەعوەی ئیسلامی کە نوری مالیکی سەرکردایەتی دەکات و ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی بە سەرۆکایەتی ھومام حەمودی و حزبی فەزیلەو ڕەوتی سەدرو لایەنەکانی تریش .
ھەرچەندە پێشتریش لەم کۆڕو کۆبوونەوانەدا ڕەخنەو ناڕەزایەتی بەجۆرێک لە جۆرەکان لە چینی دەستەڵاتداری شیعە گیراوە , بەڵام ئەوەی ئەمساڵ زۆر جیاوازتر و زەقتر بوو , تاکار گەیشتە ئەوەی یەکێک لەو کۆڕگێڕ و سرووت خوێنانەی مەراسیمە تەعزێبارییەکان بە ئاشکرا و بەبێ ترس ھاوار بکات و بڵێت : عەمامە بەسەرەکانی شیعە ((مەبەستی پیاو ە ئایینی و مەزھەبیەکانی شیعەیە )) ئیتر ئێوە دەست لە سیاسەت وەر مەدەن , ئێوە سەرچاوەی نەزانین و دواکەوتنن , دەبێت لێرەش وەکو ئەوروپا پیاوانی ئایینی ڕۆلِیان لە کەنیسە دا بێت بەتەنھا , کە دواتر ئەم سروودە وەکو ئاگر لەناو کادا لە ناو جەماوەری بەرینی شیعەدا بڵاو بووە .
ھەر ئەم سروود خوێنە لە بەردەم زوومی کامیراکان و ھەزارەھا شیعەدا وتی من شیعەم و ئەو مافە بە خۆم دەدەم ڕەخنەو بێزاری خۆم بەرامبەر بە حزبە شیعیەکان دەرببڕم بەرامبەر بەو واێرانی و گەندەڵی و وابەستەییە بە ئێرانەوە و دزینی ماڵی گشتی .
ھەر وەھا بەشێکی تری سروود و دروشمەکانی عاشورا باسی کوشتنی خۆپیشاندەرەکانی تشرینی دەکرد لەلایەن قەناس بە دەستەکانەوە , باسی شەھیدکردنی سەفا سەرای یەکێک لە چالاکوانەکانی مەیدانی تەحریری بەغدادیان دەکرد .
ئەوەی ئەمساڵ بەدی کرا لە عاشورادا جگە لە بێزاری زۆر لە حوکمڕانانی شیعە بە ھۆی گەندەڵی نەبوونی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان , گۆڕانکاری نیگەتیفی شیعەی عێراق بەرامبەر بە دەستوەردانەکانی ئێران لە عێراق بەتایبەتی ئەو دروشمەی کە دەیان وت ((نیشتمانەکەمانمان دەوێت )) کە نابێت ئیتر لە ژێر ھەژموونی ھیچ وڵاتێکدا بێت بە تایبەتی ئێران .

دەربارەی Burhan Shex Reuf