سەرەتا / وتار و بیروڕا / عێراق لە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەدا!

عێراق لە گۆڕەپانی تاقیکردنەوەدا!

عەبدوڕەحمان گەورکی، نووسەر و لێکۆڵەری سیاسی

گومانی تێدانیە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق، ڕژێمی دیکتاتۆری و مرۆڤکوژی ویلایەتی فەقیهی ئێرانە و هەوڵی تیرۆرکردنی مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، خاڵی کۆتایی هەموو گومان و نادڵنیاییەکانی ئەم بابەتە بوو.

هەموو لایەک ئەو ڕاستییە دەزانن کە ڕێژەیەکی کەمی خەڵکی عێراق بەشداریی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەیانەی کردووە، کە هۆکاری سەرەکی ئەمەیش خۆی، جگە لە تاوان و دەستێوەردانی ڕژێمی ئێران لە کاروباری ناوخۆی عێراق هیچی تر نییە. چونکە خەڵکی عێراق و لایەنە ڕەسەنە عێراقییەکان، سەرەڕای غەدر و خەیانەتی هەندێک لایەن لە ژێر ناوی “دۆست” و “لایەنگرانی دیموکراسی” لەم وڵاتە، ئێستا باش بە دۆست و دوژمنی خۆیان دەزانن.

هەبوونی “دوژمنێکی هاوبەش” ئەم راستتیەی خستە بەردەم گەلی عێراق کە خۆیان لە تەنیشت گەلی ئێران و موقاومەتی ئێران بدۆزنەوە. ئێستا پرسیار لە هەر عیراقییەکی ئاگادار و نیشتمانپەروەر بکرێت کە مەبەست لە “دوژمنی هاوبەش” چیە و کێیە؟ ئەم وڵامە وەردەگریتەوە کە “ڕژێمی دەسەڵاتداری ئێران”. چونکە ئەوان پێیانوایە هەتا ئەم ڕژێمە لەسەر کار بێت و دەسەڵاتی بەدەست بێت،  بارودۆخی ئێران و عێراق هەروا بە لاری دەمێنێتەوە و ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەقامگیری و ئاسایش و دێموکراسی و پێکەوەژیان بە خۆیەوە نابینێت.

ئاڵۆزییەکانی ئەمڕۆی عێراق، هەرچەندە شەپۆلێکی کاتییە و لە راستیدا کاردانەوەی نەزۆکانەی ڕژێمی ئێرانە تایبەت بە “هەڵبژاردنەکان”، بەڵام کارشکێنی و لەمپەڕدرووستکردن لەمەڕ دۆخی دوای هەڵبژاردنەکان، جێی نیگەرانیەکانە لە شەقامی عێراقی.

هەرچەندە هێشتا ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەی عێراق دوورن لە راستییەکانی کۆمەڵگای عێراق، بەڵام دەکرێت بوترێت لەسەر ڕێگایەکدایە کە کۆتاییەکەی، “کورتکردنەوەی دەست و پەنجەی ڕژێمی ئێران” و پاککردنەوەی عێراقە لە گەندەڵی و تاوان و دوورخستنەوەی کرێگرتەکانی رژێمی ئێران. چونکە ئەم توخمانە لە جەوهەردا نە عێراقین و نە بۆ عێراق و عێراقین. زۆرجار ڕایانگەیاندووە و لە پراکتیک و کردەوەدا و بە ئەنجامدانی تاوانی ورد و درشت ئەوەیان دەرخستووە کە پاراستنی بەرژەوەندییەکەنی گەلی عێراق بە لایانەوە هیچ نرخێکی نییە و خۆیان بە پارێزەری ڕژێمی مەزهەبیی ئێران و ئاسایشی ڕژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێران لە عێراق و ناوچەکە دەزانن.

هەر بۆیە یەکەم وانەی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لاوازبوونی بەرەی رژێمی ئێرانە لە عێراق، کە خۆی بە “قووڵایی ستراتیژیکی” رایگەیاندووە. لاوازبوونی هەژمۆنیی ڕژێمی ئێران لە عێراق بێگومان زۆر ناتەواوە و پێویستی بە بەردەوامبوون هەیە! خەڵکی عێراق بەباشی هەستیان بەم ڕاستییە کردووە، چ ئەوکات کە هێزەکانی موقاومەتی ئێران لە عێراقیان بە “بەربەستێکی پۆڵایین بەرانبەر بە ڕژێمی ئێران” دادەنا، چ ئەو کاتەی پێش سەرهەڵدانی هێزی تیرۆریستییی(حەشدی شەعبی)، ئەم هێزە میلیشیاییەیان بە خراپتر لە (داعش) دەزانی بە ئێستایشەوە. بارودۆخی دەڵتەزێنی کۆمەڵگای عێراق، بەتایبەتی لە 12 ساڵی ڕابردوودا دەرخەری ئەم راستیەیە.

دوای ڕووخانی حکومەتی پێشووی عێراق لەساڵی 2003 و لەژێر چەتری هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا، گرووپ و لایەنەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران، پۆستە سەرەکی و دام و دەزگا و وەزارەتە سەرەکییەکانی عێراقیان کەوتە بەردەست. ئەوان وردە وردە بە پلانی ڕژێمی ئێران و بە ڕێگەی باڵوێزخانەی ڕژێمی ئێران لە بەغدا و (هێزی تیرۆریستیی قودس)ی سەر بە سوپای پاسداران بە سەرۆکایەتی تاوانبار قاسم سلێمانی، دەستیان لە هیچ تاوانێک دەرحەق بە خەڵکی عێراق و هەروەها ئەندامانی موقاومەتی ئێران لە ئەشرەف (دیالە و  بەغدا) نەپاراست. هەموومان تەقینەوەی گەورە لە ناوچە جیاجیاکانی عێراق و هەروەها بۆردومانی زەمینی و موشەکی و ئاسمانی بۆ سەر (ئەشرەف)مان لە یادە. هەروەها دەکریت دەستڕۆیشتوویی ڕژێمی ئێران لە عێراق بەڕوونی ببینرێت لە وێرانکردنی کۆمەڵگای عێراقدا. بۆ نموونە لە تێکدانی پێوەندییەکانی نێوان شیعە و سوننە، کورد و عەرەب، موسڵمان و مەسیحی و … هتد. لەهەنگاوی دواتردا، لێکترازاندنی یەکڕیزیی ناو ماڵی شیعە، سوننە، کورد و مەسیحی و …لە بەرژەوەندی ڕژێمی ئێراندا.

ئێستا هەر چاودێرێکی سیاسیی بێلایەن و دادپەروەر سەیری ئەم دیمەنە بکات، هەست بەوە دەکات کە چۆن ڕژێمی ئێران وەک ئۆختاپوسێکی کوشندە، هەڕەشەیە بۆ سەر چارەنووسی عێراق و خەڵکی عێراق و دەیهەوێت عێراق وەک پارێزگایەک لە پارێزگاکانی ئێران داگیر بکات. ئێرانی ئێستا داگیرکراوی ئۆختاپوسێکی لەمجۆرەیە  کە ئەگەر دراوسێکانی ئێران، بەرانبەری نەوەستن و بەرەنگاری نەبنەوە، ئەوا خاک و کەرامەت و چارەنووسیان بە دەستی ئەم ڕژێمە خوێنڕێژ و دژەمرۆییەوە لە ناو دەچێت.

ئێستا عێراق لەسەرەتای وەرزی سەرهەڵداندایە و پێویستە لایەنە رەسەنە عێراقیەکان، بە خۆبەدوورگرتن لە ناکۆکییە لاوەکییەکانی نێوانیان، ئەم ئەرکە مێژوویی و گرینگە بدەنە بەر خۆیان و قبووڵی ئەم مەسئولییەتە بکەن.  ئەرکێک کە سەروەرییەکی نەتەوەیی و جەماوەریی لە هەناودا بێت لەسەر جیابوونی دین لە حکومەت و هەبوونی دێموکراسی و دەستەبەرکردنی ئازادی لە کۆمەڵگادا.

بەپێی کۆدەنگییەکی نێودەوڵەتی، دوای کوژرانی پاسدار (قاسم سولەیمانی) لە سەرەتای ساڵی زایینی(2020)ەوە هەژمۆنیی ڕژێمی ئێران لە عێراق ڕووبەڕووی کێشەیەکی گەورە بۆتەوە و ئەستێرەی بەختی تاقم و گرووپەکانی سەر بە رژێمی ئێران لە عێراق بەرەو ئاوابوون رۆیشتووە. چاوێک بە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق سەلمێنەری ئەم ڕاستییەیە.

کاڵبوونەوەی هەژمۆنی ڕژێم لە ناو چین و توێژە شیعە و سوننە و کوردەکاندا، لە ئامار و ئەژماری کورسی پەرلەمانیدا، یان لە شکڵی لێکترازانی ریزەکانی لایەنگرانی ڕژێم لە عێراق بە روونی دەبینرێت. هەندێک لەو لایەنگرانەی رژێمی ئێران هیچ کورسییەکیان نەبردۆتەوە، یان دابەزینی کورسیەکانیان بە بەراورد لەگەڵ خولەکانی پێشوو بە روونی دیارە.

ئەوەی بە لای شارەزایانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە جێگەی رامانە، ژماری کورسییەکانی سەر بە (دەوڵەتی یاسا) واتا (نوری مالیکی)یە. ئەوان هۆی ئەم ژمارە بەوە دەزانن کە لە سەردەمی  سەرۆکایەتیی وەزیرانی نوری مالکی، پارەیەکی زۆر دزراوە. بەپێی سەرچاوە ئاگادارەکان، نزیکەی (120) ملیار دۆلار لەم تاڵانکارییە گەورەیەدا دیارنەماوە!

شیعەی عێراق!

دەکرێت لایەنی شیعە لەعێراق بکرێت بە دوو بەشەوە. بەشی یەکەم ئەو گروپ و لایەنانەن کە سەر بە رژێمی ویلایەتی فەقیهی ئێڕانن کە دۆڕاوی سەرەکی هەڵبژاردنەکانی ئەمدواییەن و عەلی خامنەیی بە رێگەی (هێزی تیرۆریستی قودس)ەوە سەرمایەگوزاریی لەسەر کردوون. بەشی دووەم ئەو ڕەوتانەن کە سەرەڕای ئەوەی زۆرینەن لە ناو شیعەی عێڕاقدا، بەڵام جیاوازییان هەیە لەگەڵ لایەنگرانی وەلی فەقیهی دەسەڵاتداری ئێران و بەدوای ئەوەوەن کە دۆخەکە لە بەرژەوەندی خۆیاندا بگۆڕن. بەشی  دووەم کە زۆرینەی شیعە پێکدەهێنن ناڕازین لە دۆخی ئێستا و بەردەوام لەدژی هەژمۆنیی ڕژێمی ئێران لە عێراق ڕاپەڕینیان سازکردووە.

میلیشیای حەشدی شەعبی!

میلیشیای (حەشدی شەعبی) بە خێرایی لە لایەن دەست و پێوەندە عێراقییەکانی سەر بە رژێمی ئێران خرانە ژێر رکێفی ڕاستەوخۆی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە. ئەم هێزە مەترسیدارە لە سەرەتای دامەزراندنییەوە و بە ڕێنمایی فەرماندەی هێزی تیرۆریستیی قودس، پاسدار(قاسم سلێمانی)، حکومەتێکی شان بە شانی حکومەتی فەرمی عێراقی پێکهێنا و بڕیارەکانیشی بەسەر حکومەتی فەرمی عێراقدا سەپاندووە.

هاوکێشەی سیاسیی ئەمڕۆی عێراق!

جگە لە بە تاڵانبردنی ملیارەها دۆڵاری دارایی عێراق و خەڵکی عێراق لەلایەن حکوومەتە بوکەڵەکانی ئەمدواییانەی عێراق، پێویستە بوترێت کە لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە حکومەت لەم وڵاتە، زیاتر لە 700 خۆپیشاندەر لە لایەن میلیشا سەربازییەکانی سەر بە ڕژێمی ئێران شەهید بوون و بە هەزاران کەس رفێندراون و بێ سەروشوێن کراون و زیاتر لە (30000) کەسیش بریندار کراون.

ئەم دۆخە، زەمینەی گەشەسەندنی بۆ ئەو لایەنانە فەراهەم کرد کە بەرانبەر بە وەلی فەقیهی دەسەڵاتدار لە ئێران تۆزقاڵیک لارییان هەبوو. دوابەدوای ئەو خۆپیشاندانە دژەحکومییانەی کە بووە هۆی شکستهێنان و لەکار لادانی کابینەکەی (عادل عەبدولمەهدی)، (مستەفا کازمی) هاتە سەر کار کە دەوترێت نزیکە لەرەوتی سەدر. بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختە، پیلانێک بوو کە لەلایەن مەرجەعییەتی شیعە و بە رێگەی مستەفا کازمییەوە خرایە بواری جێبەجێکردن. (موقتەدا سەدر) بەدروشمی ڕیفۆرمخوازی و دوای گەشتەکەی بۆ سعودیە و کۆبوونەوەی  لەگەڵ (ئایەتوڵا سیستانی) توانی وەرچەرخانێک لەهاوسەنگیی هێزە سیاسییەکانی عێراق بە زیانی ڕژێمی ئێران دروست بکات.

دووبەرەکی نانەوە لە عێراق و رۆڵی رژێمی ئێڕان!

لە تێڕوانینێکی گشتی بەسەر عێراقدا، بەڕوونی بۆمان دەردەکەوێت کە هەموو بەشەکانی عێراق تووشی کێشەیەکن بەناوی دابەشبوون و ناکۆکی و ناتەبایی. هەروەها لەهەر بەشێکیشدا دوو بەرە دەبینرێت کە یەکێکیان لە ژێر هەژمۆنیی ڕژێمی ئێراندا کار دەکات و ئەویتریش لە کۆمەڵگەی عێراقیدا رەگی داکوتاوە. ئەوانەی خوازیاری هەژمۆنیی ڕژێمی ئێرانن، خاوەن پێگەی راستەقینە نین لە ناو جەماوەری عێراقدا و  تارۆپۆیان بەپارە و بەرژەوەندیی ماددییەوە تێکەڵە و پشتیان گەرمە بە هەڕەشە و بەرتیل و تیرۆر و مافیاکاری، بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگادا بسەپێنن. هێزە تیرۆریستی و میلیشییاکان لە راستیدا دەست و بازووی ئەو بەرەیەن.

لە بەرامبەریشدا کەسانێک هەن دەیانهەوێت ولاتەکەیان لەو دۆخە پڕ ئازارە ڕزگار بکەن و بەبەردەوامی ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و بە سووربوون لەسەر مافەکانیان، یان سازدانی ڕاپەڕینی گەورە و بچووک، خوازیاری  گەیشتن بە دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیمۆکرات و غیرەتایفین. ئەم بەرەیە بەپێچەوانەی بەرەی یەکەم کە ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن، سەربەخۆ بووە و لەلایەن دەست و پێوەندە عێراقییەکانی ڕژێمی ئێرانەوە سەرکوت و کوشتار کراون و پیلانیگێڕیان بەرانبەر کراوە. ئەگەر بەو پێوەرانەوە سەیری گۆڕەپانی ئەمڕۆی عێراق بکرێت، زۆر بە باشی دەتوانین ئەم ڕاستییە ببینین!

پێویستیەکی گرنگ و خێرا!

لە دوو دەیەی ڕابردوودا و بە دوور لە هەوراز و نشێوەکان، ئێستا ئەم راستییە بەلای هیچ پارچەیەکی کۆمەڵگای عێراقییەوە شاراوە نییە کە دەبێت پێکەوە بن و دەست لە ناو دەست بۆ رزگارکردنی عێراق تێبکۆشن. لەو بازنەیەدایە کە دەتوانن بە بێ لەبەرچاوگرتنی هەندێک ناکۆکی، بەرانبەر بە ڕژێمی داگیرکەری ئێران سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

ئێستا بە دڵنیاییەوە دەتوانین بڵێین کە ڕژێمی ئێران هێزێکی داگیرکەر و تێکدەرە بە لای زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی عێراقەوە. چونکە چارەنووسیان پێشێلکراوە و ئەم داگیرکەرە لەژێر ناوی “بەرەنگاربوونەوەی داعش” هێزێکی ترسناکتر لە داعشی بەسەر کۆمەڵگای عێراق و خەڵکی ئەو وڵاتەدا سەپاندووە کە ئەویش بریتییە لە(حەشدی شەعبی).

کەوایە وەستان بەرامبەر بە ڕژێمی ئێران پێویستییەکی گرنگ و خێرایە لە کۆمەڵگای عێراقیدا. ئەگەر لەم ماوەیەدا (بەربەستێکی پۆڵایین) هەبوایە بەرانبەر بە رژێمی داگیرکەری ئێڕان، بارودۆخی عێراق لەخاڵی ئێستایدا نەدەما و دۆخەکە زۆر جیاواز دەبوو لەوەی ئێستاکە. دابەزینی رێژەی بەشداربووانی هەڵبژاردنی ئەمدواییەی عێراقیش، نەبوونی ئەم فاکتەرەیە. ئەگەرنا، لە ناو کۆمەڵگای عێراقیدا توانا و پوتانسیەل بۆ ئەمکارە هەر زۆر زۆرە.

هەرچەندە هەرێمی کوردستانی عێراق بە پێی مێژوو و بەکگراوەندی خۆی تا ڕادەیەک جیاوازە لە ناوچەکانیتری ئەو وڵاتە، بەڵام کوردستانیش بەدەر نییە لە تایبەتمەندییەکان. ئەگەرچی میلیشیاکانی سەر بەڕژێمی ئێران لەهەڵبژاردنەکانی ئەم دواییەی عێراق لە هەرێمی کوردستان بە تەواوی شکستیان هێنا لە بەدەستهێنانی تەنانەت کورسییەکیش، بەڵام کوردستان بەردەوام لە ژێر هەڕەشەی لایەنانی سەر بە رژێمی ئێڕان و رەوت و گرووپە توندڕۆ و دەمارگرژەکاندا بووە کە ئەگەر دەرفەتیان بۆ هەڵکەوێت، هەموو دەستکەوتەکانی ئەم ناوچەیە لە ناو دەبەن.

هەنگاوێک لە پێناو دووپاتنەبوونەوەی کارەسات لە عێراق!

ڕژێمی ئێران لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تا ئێستا، هەمیشە لە عێراق سەرمایەگوزاری کردووە و بە ڕێگەی جیاجیا و بە ناوی خەڵک و لایەنانی هاوتەریبی خۆیەوە، ئامانجەکانی پێوشوێن گرتووە بە ئێستایشەوە. ئەمەیش بۆ هەمووان ئاشکرایە بەتایبەتی گەلی عێراق. ئەم رژێمە لە ماوەی دوو دەیەی رابردوودا و لە ژێر ناوی “زۆرینەی شیعە”  گرنگترین پۆستی سەرەکیی عێراق، واتا پۆستی سەرۆکایەتیی وەزیرانی قۆڕخ کردووە بۆ خۆی و هەر بەو پێیە و لە ژێر ئەم ناوەوە، زۆرێک تاوانی گەورەی دەرحەق بە عێراق و خەڵکی عێراق ئەنجام داوە.

ئێستا سەرەڕای هەبوونی ئەزموونێکی زۆر دەربارەی ڕۆڵی تێکدەرانەی ڕژێمی ئێران و دەست و پێوەندەکانی ئەم رژێمە لە ولاتەکەیاندا، گەلی عێراق لە ژێر هەڕەشەی پیلانگێڕی ڕژێمی ئێڕاندایە بۆ ئەوەی نەتوانێت دەستکەوتەکانی پێشووی خۆی بکاتە سەکۆی بەرەوپێشچوون و سەرکەوتنی زیاتر و تۆڕدانی لایەنانی سەر بە رژێمی ئێران و دوورخستنەوەیان لە پۆستە سەرەکی و گرینگەکاندا و هەروەها دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتمانی و جەماوەری و دیمۆکراتی.

کۆتایی

 

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.