دوو شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 26, 2020
سەرەتا / وتار و بیروڕا / عەرەب و یەھود لە دوژمنەوە دەبن بەدۆست ؟

عەرەب و یەھود لە دوژمنەوە دەبن بەدۆست ؟

بورھان شێخ ڕەئوف
ئەگەرچی یەکەم ڕێککەوتنی ئاشتی لە نێوان میسر و ئیسرائیل لە ساڵی ١٩٧٩ ئیمزا کرا بەناوی ڕێککەوتننامەی (کامپ دیڤید ) لە لایەن ( ئەنوەر سادات ) ی سەرۆکی ئەوکاتی میسر و( مناحیم بیگن ) ی سەرۆک وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیلی ئەوکات بە ئامادەبوونی سەرۆکی ئەوسای ئەمریکا (جیمی کارتەر ) , کە ئەمەش کاردانەوەی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا کار گەییە ئەوەی میسر لە کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبی دەربکرێت و ھەموو وڵاتانی عەرەبی و تەنانەت ھەندێک وڵاتی ئیسلامیش پەیوەندییە دیبلۆماسیەکانیان لە گەڵ میسر بقرتێنن .
لە دوای ئەوەش ئیسرائیل ڕێککەوتنەکانی ئۆسلۆ لە گەڵ فەلەستینیەکان و ڕێکەوتنی وادی عەرەبە لە گەڵ ئوردن و ئەم ڕێککەوتنانەی ئەم دواییە لە گەڵ ئیمارات و بەحرین بەست ,
ئەوەی گرنگە بەلامەوە و مەبەستمە باسی بکەم و بیوروژێنم بە کورتی لەم وتارەدا ئەوەیە ئایا ڕێککەوتننامەو پەیماننامەو پرۆتۆکۆلاتی فەرمی دەتوانن کێشەو قەیرانێکی قووڵی فرە ڕەھەندی وەکو کێشەی عەرەب _ ئیسرائیل چارەسەر بکەن ؟
کێشەیەک حەفتاودوو ساڵە درێژەی ھەیە و سێ شەڕی گەورە لە نێوانیاندا لە ساڵەکانی ١٩٤٨ و ١٩٦٧ و ١٩٧٣ ڕویداوەو ھەموو عەرەب لە کەنداوی عەرەبیەوە تاوەکو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی خەڵکی یەھوود و دەوڵەتی ئیسرائیل بە دوژمنی زایۆنیزم ناو دەبەن و لە ھەموو پرۆگرامەکانی خوێندنیاندا ڕەنگی داوەتەوەو وا بە ئاسانی لە بیرەوەری گشتی نەتەوەی عەرەبدا ناسڕێتەوە .
ئەگەر لە ئێستادا سەرۆکی ئەمریکا دۆناڵد ترەمپ کە کە متر لە دوو مانگی ماوە بۆ ھەڵبژاردنی خوولی دووەمی سەرۆکایەتی , دەخوازێت بەم ڕێککەوتنە خێراو پەلە پەلانە لە نێوانی ئیسرائیل و وڵاتانی کەنداو باڵانسی دەنگەکانی بەرز بکاتەوە بۆ خوولی دووەمی سەرۆکایتیەکەی لەلایەن یەھوودەکانی ئەمریکاوەو سوود لە پێگەو توانا داراییەکانیان وەربگرێت .
لەلایەکی ترەوە نەتەوەی عەرەب لە بەرامبەر پشتیوانی ئەمریکا و ئەوروپا و ڕوسیا و زۆرێکی تر لە وڵاتانی جیھان لە دەوڵەتی ئیسرائیل لە ھەموو کۆڕو کۆبونونەوەو مەحفەلە نێودەوڵەتیەکاندا , ھەست بە پشتگوێخستن و زوڵمێکی گەورە دەکەن , وەکو دەرئەنجامێکی ئەو ناھەوسەنگیە ئەو ھەموو ڕەوتە جیھادی و تیرۆریستی و توندو تیژە سەری ھەڵداوە لە ناو ھەناوی کۆمەڵگای عەرەبیدا کە لە ھەموو کونو کەلەبەرێکی ئەم جیھانە بەدی دەکرێت , نمونە زۆرن ھەر لە ڕوداوەکانی ١١ سبتمبەرەو لە ئەمریکا تاوەکو دەیان و سەدان کردەوەی تیرۆریستی خۆکوژی لە شارە گەورەکانی جیھان لە ئەوروپاوە بۆ ئاسیا و ئەفرییقیا و ئوسترالیا و…تد .
لە مانگی ئابی رابردوودا پەیوەندییەکانی دەوڵەتی ئیمارات و ئیسرائیل ئاسایی کرایەوە , دواتر باسی ڕێککەوتنی عەرەبستانی سعودیە و ئیسرائیل بە گەرمی ھاتە ئاراوە بەھۆی چەند فاکتەرێکەوە :-
١. پەیوەندی نزیکی شازادەی جێنیشین موحومەد بن سەلمان لە جارید کۆشنەری زاوای ترەمپ و ئەندازیاری سەودای سەدە و خودی ترەمپ .
٢. دیدی شازادە موحەمەد بۆ گۆڕینی سعودیە لە وڵاتێکی کۆنزێرڤاتیڤەوە بۆ وڵاتێکی نوێ سەردەمیانەوە و نوێ و کراوە.
٣. دروستکردنی جەمسەرێکی بەھێز لە نێوان سعودیەو ئیسرائیل کە ھەردووکیان دۆستی ئەمریکان دژ بە ئێران .
کەچی سەرەڕای ئەو فاکتەرە بەھێزانەش بەربەستی گەورە بۆ پرۆسەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی سعودیە و ئیسرائیل ھاتنە پێش ,لەلایەن خودی مەلیک سەلمان پادشای وڵاتەوە بە گوێرەی ئەو ھەواڵانەی دزەییان کردووە بۆ میدیاکان شا سەلمان وتوویەتی ئێمە خاوەنی دەستپێشخەری خاک بەرامبەر بە ئاشتین کە دوو دەیە بەر لە ئێستا کۆمەڵەی وڵاتانی عەرەبیش بە فەرمی پێشتیوانیان کرد , کە ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکان پاشەکشە بکات بەرامبەر بە ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان یان بەڵێن بدات کە پاشەکشە بکات لە داھاتوودا , بەڵام پێچەوانەی ئەمە واتە ئاساییکردنەوەی خۆڕایی و بێ بەرامبەر خیانەتە لە مەسەلەی فەلەستین بە ڕای فەلەستینیەکان .
بۆیە عەرەبستانی سعودیە لە ڕووی قەوارەو پێگەو ژمارەی دانیشتووانەوە زۆر جیاوازە لە بەحرێن و ئیمارات , جگە لەوەی حیجاز لانەکەی ئایینی ئیسلام و شوێنی ھەموو مەزارە پیرۆزەکانی ئیسلامەوخۆی بە خاوەن و دەمڕاستی ھەموو موسڵمانانی جیھان و کێشەکانیان دەزانێت , بۆیە لە ئێستادا و بە زیندویەتی شا سەلمان گرێدانی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیل کارێکی سانا نیە , بۆیە پێدەچێت لە سەردەمی شازادە موحەمەد دا ئەو گۆڕانکارییە بێتە دی کە خاوەنی دنیابینی نوێیە کە دەخوازێت عەرەبستان بکاتە ھێزێکی ئیقلیمی بەھێز و کاریگەر بە ھاوپەیمانێتی لە گەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل .
لە کۆتاییدا ھەرچەندە ھەندێک ئاماژە بەدی دەکرێن لە لایەن میدیاکانی سعودیەو و پیاوانی ئایینی ئەو وڵاتەوە کە باسی دوژمنی زایۆنیزم ناکەن و میدیاکان باسی ھۆلۆکۆست دەکەن , بەڵام وەکو گەواھیەکیش بۆ وتەکانی سەرەوە م لە سەر پەروەردەو ھەڵوێستی نەتەوەی عەرەب , ئاکامی ڕاپرسیەکی پەیمانگای واشنتۆن بۆ سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی دوور کە لە عەرەبستانی سعودیە ئەنجامیانداوە دەخەمە ڕوو کە زۆربەی زۆری سعودیەکان دژی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی وەرزشی و بازرگانین لە گەڵ ئیسرائیل تەنھا ٩% لایەنگری ئاسایی کردنەوەن لە گەڵ ئیسرائیل .

دەربارەی Burhan Shex Reuf