نــوێ
سەرەتا / چاند و هونەر / سینەما و تیڤی / “فایق محەمەدی” ئەکتەری فیلمەکانی “بەهمەن قوبادی” کۆچی دوایی کرد

“فایق محەمەدی” ئەکتەری فیلمەکانی “بەهمەن قوبادی” کۆچی دوایی کرد

مەنسوور جیهانی ـ “فایق محەمەدی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی نایە و و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری ناوداری کورد “بەهمەن قوبادی” کۆچی دوایی کرد.

مامۆستا “فایق محەمەدی” گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری بەتوانای ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا و ئەکتەری فیلمەکانی سینەماکاری بە ئەزموونی کورد “بەهمەن قوبادی” لەوانە: فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم”، فیلمی سینەمایی “نیوە مانگ” و بەڵگەفیلمی “دەف”، دوای ماوەیەک ململانێی لەگەڵ نەخۆشی؛ بەداخەوە ڕۆژی دووشەمە 26ی جوولای 2021 بە هۆی جەڵتەی مێشک لە شاری سنە کۆچی دوایی کرد.

سینەماکاری کورد “بەهمەن قوبادی” دوای وێنەگرتنی فیلمەکانی بەردەوام پەیوەندیی نزیک و گەرم و گوڕیی خۆی لەگەڵ ئەکتەریی فیلمەکانی ڕادەگرێت و هەمیشە بەسەریان دەکاتەوە و ئەو کاتەی کە زانیشی خوالێخۆشبوو هونەرمەندی نەتەوەیی کورد کاک “فایق محەمەدی” بە دەست نەخۆشییەوە دەناڵێنێت، بە دەستنیشانکردنی کەسێکی نزیک لە بنەماڵەکەی خۆی، بەردەوام پێوشوێنی دەگرت و ئەم دوو ساڵە زۆر ئاگاداریی لێدەکرد تاکوو چاکبێتەوە و ژیانی ئاسایی و هونەریی خۆی دەستپێبکاتەوە.

قوبادی تەنانەت خەرجەکانی نەخۆشخانەی ئەم گۆرانیبێژەشی لە ئەستۆ گرت، تاکوو بتوانێت بەشێکی بچووک لە زامەکانی ئەم ئەکتەرەی فیلمەکانی کەم بکاتەوە، کە بەداخەوە ئەجەل مۆڵەتی نەدا و ماڵئاوایی لە جیهانی مۆسیقا و هونەریی سینەما کرد.

ڕەوانشاد “فایق محەمەدی” لە فیلمی سینەمایی “نیوە مانگ” چوارەمین بەرهەمی بڵیندی “بەهمەن قوبادی” و بە ڕێنوێنی ئەم دەرهێنەرە بەئەزموونە کوردە لەگەڵ ئەکتەرە ناودارەکانی سینەمای ئێران، لەوانە: “هەدیە تێهرانی”، “گوڵشیفتە فەراهانی”، “حەسەن پوورشیرازی”، ئەکتەری ناوداری کورد “فەرزین سابوونی”، گۆرانیبێژی ناوداری کورد و ژەنیاری پەنجەزێڕینی تار مامۆستا “محەمەد ناهید” لە خەزێنە ڕەسەنەکانی مۆسیقای کوردستان، ڕەوانشاد “ئیسماعیل غەفاری” (مامۆ) و هونەرمەند “ئەڵڵاموراد ڕەشتیانی” و هەروەها لە فیلمی سینەمایی “گۆرانییەکانی وڵاتی دایکیم” لەگەڵ ئەکتەرەکانی ئەم بەرهەمە، لەوانە: “ئێران قوبادی”، “شەهاب ئیبڕاهیمی”، “شیلان ڕەحمانی”، “ڕۆژان حسەینی” و هەروەها لەگەڵ ئەکتەرە بەناوبانگەکانی سینەمای کوردستان ڕۆڵی بینیوە.

مامۆستا “فایق محەمەدی” بە دەنگە بەسۆزەکەی و ژەنینی شارەزایانەی ئامێرەکانی نایە و دووزەلە و زوڕنا لە بەشی پسپۆڕانەی مۆسیقای شایی و خۆشیی کوردستاندا؛ پێگەیەکی تایبەت، گرینگ و کاریگەریی هەبوو و لە کۆڕ و کۆبوونەوەکانی ئەم ناوچە پڕ لە خەزێنەی مۆسیقای ڕەسەنی کوردەواریی، بە پێشکەش کردنی هونەرمەندانەی خۆی ساتەوەختێکی هەرمانی بۆ خەڵکی دەخوڵقاند، شایی دەخستە دڵەکانیانەوە و بزە و پێکەنینی دەخستە سەر لێوەکانیان.

سینەماکاری بەئەوموونی کورد “بەهمەن قوبادی” بە بۆنەی کۆچی دوایی ڕەوانشاد “فایق محەمەدی” هونەرمەندی نەتەوەیی مۆسیقای کوردستان، سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی خوالێخۆشبوو، کەسووکاریی و هەروەها کۆمەڵگای هونەریی و بەتایبەت موزیکی کوردستان دەکات.

 

لاپەڕەی فەرمی “بەهمەن قوبادی” لە “ئینستاگڕام”:

https://www.instagram.com/p/CRzbBv0nI04/?utm_medium=copy_link

دەربارەی Mansour Jahani