سەرەتا / ئەدەب / فەرھاد شاکر: پەروەردەکارێکی بە ئەزموون و شاعیرێکی کوردپەروەر

فەرھاد شاکر: پەروەردەکارێکی بە ئەزموون و شاعیرێکی کوردپەروەر

یاسین برایم

فەرھاد کێیە؟
فەرھاد شاکر عەبدولعەزیز مجروم لە ساڵی ١٩٣٦ لە چەمچەماڵ لە دایکبووە، چونکە باوکی ئەوکات کاتبی دادگای بەرایی چەمچەماڵ بووە. لە شاری ڕواندز خوێندنی بنەڕەتی و ناوەندی خوێندووە. لە ساڵی ١٩٥٧ خانەی مامۆستایانی بەعقوبە تەواو دەکات. لە ساڵی ١٩٥٨ لە گوندی دەرگەڵە دەبێتە مامۆستا. لە ساڵی ١٩٥٣ لەگەڵ لەتیف نادر پەیوەندی دەکەن بە پارتی دیموکراتی کوردستان. لە ساڵی ١٩٦١_١٩٦٣ لەسەر کاری سیاسیی و چالاکیی کوردایەتیی لە کوت زیندان دەکرێت. دواتر زیندان دەشکێنێت و ڕادەکات. پاشی لە گوندێکی نزیک بەغدا، بەناوی سەعیدە دادەمەزرێتەوە. لە ساڵی ١٩٦٥ دەگوازرێتەوە بۆ گوندی (باوەکوچک) لە ھەڵەبجە. لە ساڵی ١٩٦٩ دەگوازرێتەوە بۆ نێو شاری سلێمانی، لە قوتابخانەی زانستی ئێواران، وانە دەڵێتەوە. پاشی دەگوازرێتەوە پارێزگای ھەولێر و قەزای ڕواندز لە قوتابخانەی جوندیان و دواتر قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز. لە ساڵی ١٩٧٢ لە ڕواندز دەیگوازنەوە بۆ شارۆچکەی مەخموور و پاشان بۆ ھەریر و بۆ شاری ھەولێر و دواتر دەیگوازنەوە ھەمان قوتابخانەی پاشای گەورە لە ڕواندز. لە ساڵی ١٩٧٤ ئاوارەی ئێران دەبێت. دوای گەڕانەوە لە قوتابخانەی مھاباد لە گەڕەکی ئازادی شاری ھەولێر دەبێتە مامۆستا. لەبەر شارەزایی لە بواری شێوەکاری و خۆشنووسیدا، وەکو ھونەرمەندێکی دەستڕەنگین و ڕۆشنبیرێکی خاوەن ھەڵوێست و مامۆستایێکی بە ئەزموون دەیگوازنەوە بۆ فەرمانگەی ھۆیەکانی فێرکردن وەکوو سەرپەرشتیاری چاپ و دیزاین، دەستبەکاردەبێت. تا ناوەڕاستی نەوەھەدەکان، لەم فەرمانگەیە خزمەتی کردووە و جێی پەنجەی دیاربووە. نزیکی ١٥ ساڵ، بە سەدان لە ھۆیەکانی فێرکردنی بۆ گشت وانەکان و سەرجەم قوتابخانەکان دروستکردووە. سەرپەرشتی ژمارێکی زۆری پەرتووکی قوتابخانەی کردووە، تا ئەو ڕۆژەی خانەنشین دەبێت. لە ساڵانی ھەشتایەکان لەگەڵ پێنج کەس ڕەوانەی سوێد دەکرێت، شارەزایێکی باشی وەردەگرێت لەکارکردن لەسەر چاپخانەکانی ئەوکاتەی پەروەردە. بەشی زۆری پۆستەرەکانی بابەتی فیزیا و ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ و کۆمەڵەی خۆر و زیندەوەرزانی و بابەتەکانی تر بۆ پەروەردەی چاپکردوون، ئەمەش نەک ھەر بۆ پەروەردەکانی کوردستان، بەڵکوو بۆ سەرجەم شارەکانی عێراق دەنێردران، لەبەر ئەوەی چەند ساڵێک وانەی بە عەرەبی وتووتەوە و بەھۆی سەفەر و گەشتکردنیش، شارەزایێکی باشی لە زمانی تورکی و ئینگلیزی ھەیە(١).
لەناوەڕاستی پەنجایەکان بەسەرەوە و شیعری نووسیوە و لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکانی ئەوسای کوردستانی بڵاو کردۆتەوە، بە تایبەتی گۆڤاری ھەتاو (١٩٥٤_١٩٦٠). شیعرەکانی باسی کوردایەتی و سروشتی جوانی کوردستان و ھوشیاری کۆمەڵایەتی کردووە. شارەزایێکی باشی لە شیعر و ئەدەبی کوردی ھەیە و شیعری زۆریشی لەبەرە. لە خێزانێکی شیعردۆست پەروەردەبووە و (مەجروم(٢))ی باپیری شاعیریکی دیاربووە و چەند زمانێکی زانیووە. باوکیشی ھاوڕێیەکی نزیکی شێخ مەحمودی نەمر بووە، لە حکوومەتەکەی ئەویش دەبێتە بەڕێوەبەری پۆستە و گەیاندن. دوای ھاتنی ئینگلیزەکان بۆ شارەکە، لە سلێمانی دووری دەخەنەوە بۆ بەغدا. ناھێلن بە ھیچ شێوەیێک ڕوو بکاتەوە ئەو شارە. ئەوە بوو لە دوایدا ڕوو دەکاتە قەزای ڕواندز و نیشتەجێ دەبێت. شاکر مەجروم، باوەڕپێکراوی ڕۆژنامەی ژیانەوە و ژین و گۆڤاری پەیژە و گۆڤاری زاری کرمانجیی بووە لە بەغدا و لە ڕواندزیش تا ڕۆژی مردنی باوەڕپێکراوی گۆڤاری ھەتاو بوو(٣) . فەرھادیش لە بنەماڵێکی کوردپەروەر و ڕۆشنبیر، دەبێتە شیعردۆستێکی باش و شیعری چەندین شاعیری کورد لەبەر دەکات. بە خۆشی شیعر دەھۆنێتەوە. خاوەن شیعری زۆر بووە لە ڕووداوەکانی ساڵی ١٩٧٤ بەشێکی زۆری ئەرشیڤ و بەڵگەنامەی ئەو بنەماڵەیە دەفەوتێت و بەم شێوەیەش شیعرەکانیش دەبنە خۆڵەمێش شەڕ و بارودوخی ئەوکاتەی کوردستان(٤).
مامۆستا فەرھاد، ئێستا لە شاری سلێمانی نیشتەجێیە و کەسێکی ڕووناکبیر و شارەزایە لە بواری مێژوو و ئەدەب و شیعر بەتایبەتی مێژووی شاری ڕواندز و جوڵانەوەی سیاسیی و شۆڕشگێریی و حزبایەتی و ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول. کەسێکی خاوەن ھەڵوێست و بوێربووە. کەسێکی خۆشەویست و دڵسۆز و چالاک و پڕ وزە و توانا بووە. ھەر ئەمەش وایکردووە، باجی ئەو کوردبوونەی بدات، ڕەنگە گواستنەوەی لە کاری مامۆستایەتی لەو شارە بۆ ئەم شارە گەواھی ئەم ڕاستیەمان بێ.
زرار محەمەد، مامۆستا و ھونەرمەندی دیاری کورد لەسەر ئەم پیاوە، دەڵێت:”دەستی شیعری ھەیە ئەو پیاوە زۆر بەھرەدارە، لە شیعر لە نووسین لە ھونەر. برادەری منە و ڕۆح بە ڕۆحە و زۆرم خۆشدەوێت. فەرھاد زۆر زۆر زیرەکە، دەستی وێنەکێشانی زۆر بەھێزی ھەیە، بەڵام ھیچ پێشانگایی نەکردەوە. زۆرم ھاندەدا. لە ھۆیەکانی فێرکردن بوو، ناردیان بۆ سوێد نزیکەی دووسێ مانگان لە سەر ئەرکی حکومەت لەوێ مانەوە. لە پێشەنگی ئەو مامۆستایانەیە کە بوونە پارتی. کەسێکی کوردپەروەر و لێھاتووە. وەختەکی لەگەڵ من پێشمەرگەبوو.”(٥)
لە دەسپێکی ئەم نووسینەدا، ژیاننامەی شاعیرمان کردە، پەنجەرێکی قەشەنگ، تا ئاوڕێک لەو شاعیرە و مامۆستا دڵسۆزە بدەینەوە، کە لەتەمەنێکی بچووک شیعری بڵاوکردوتەوە، واتە ئەو شیعرانەی لە دەسپێکیی نووسین و بڵاوکردنەوەی لە ڕۆژنامە و گۆڤارەکان. سەرەتا بە شیعرێکی منداڵانەی ئەو دەست پێ دەکەم، کە ئەوکات، بە تەمەنێکی کەم، ناوی دەکەوێتە سەر ڕووپەڕی ڕۆژنامە. ئەم شیعرە بە زمانی منداڵ بۆ (ڕواندز) نووسراوە، ئەوکات تەمەنی پازدە ساڵان بووە. ئەمە یەکەمین شیعری ئەو شاعیرەیە، کە ئەوکات لە ڕۆژنامەی ھەولێر(٦)بڵاوکراوەتەوە. ئەو ڕۆژنامەیە یەکەم ژمارەی لە ١٦/١٢/١٩٥٠ و دوا ژمارەشی لە ٢٨/١٢/ ١٩٥٣ دەرچوو، ١٤٠ ژمارەی لێ دەرکراوە. شیعری ڕواندز، چوار کۆپلەیە، پێنجخشتەکییە. دێڕەکان لە ڕووی برگەیەیەوە ناتەواون و لەگەڵ یەک ناھێنەوە. وەلێ لە ڕووی جوانی وشەکە و ڕستە شیعریەکان جوان و خاسیەتی شیعری منداڵانەی پێوە دیارە، ئەگەر چی خۆشی ئەو منداڵە بەھرەمەندە بووە، ڕواندزی خۆش ویستووە وەک: (دین) و (چاو)، ناساندنی وەکوو بەھەشت، ئامادەشە لە پێناو شار ھەرچی شار لێی داوا بکات، بەچاوان بۆی جێبەجێ بکات. پاش ئەم شارەش، ھەموو شارێکی ئەم دونیایەی لێ حەرامە. لە جوانیی و لە خۆشەویستی. ئەمە نموونەیێکی جوانە، ھەستێکی کوردانەیە، خۆشویستنی شار و وڵاتە. لەم شیعرەدا، دەڵیت:
ڕواندز
رواندزە شارەکەم بەھەشت و کوێستانەکەم
گوڵ و گوڵزارو ڕەیحانەکەم دین و ئیمان و چاوەکەم
تۆ پێم بڵێ بۆ وانەکەم

من لە دونیا تا ماوم چی بفەرمووی سەرچاوم
بۆ ڕواندز زۆر سووتاوم بەو دڵەی غەمگین و پڕ تاوم
لە ناویا سەیران ئەکەم

کزەی شەماڵی دەمی بەیانی بولبول دەخوێنێ لە ناو گوڵانی
بە ھەزاران دڵ ببێ حەیرانی با بۆ خۆم بکەم بەزم و سەیرانی
جوانە چیا و دۆڵەکەم

لوتکەی بەرزی سەربەستی چیاکەت بەفرو چنوور و ڕێواسەکەت
دەرمانی دەردە بۆ برین و زامەکەت حەرامە دونیا پاش شارەکەت
جوانە کەژو کێوەکەم (٧)

ھەر لەم ڕۆژنامەیە، ناوی فەرھاد ھاتووە لە ھەواڵێک بە ناوی (لێژنەی مەدرسە لە ناوەندی ڕواندز (٨) ئەو کات پۆلی یەکەمی ناوەندی بووە، لە لێژنەی زمانی ئینگلیزی ناوی ھاتووە. لەگەڵ چەند قوتابییەکی تری ئەم قوتابخانەیەیە. کە ژمارەیان شەش قوتابی بووە، ئەو بچوکتریینان بووە. ئەو لێژنەیەیە لە ڕووی بڵاوکراوە و نووسینی سەر دیوار و چیڕۆک و شتی وا گرنگی بە زمانی ئینگلیزی بدەن لەم قوتابخانەیە. ئەمە دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، ئەو ھەر لە تەمەنی بچووک، بەھرەمەند و زیرەکبووە، ھەم لە قوتابخانە و ھەم لە بواری ئەدەب و ھونەریشدا.
فەرھاد ھەر لە زوو بەھرەی شیعر و زیرەکی لێ بەدەرکەوتووە. ھەروەھا بڵاوکراوەکانی ئەوکات، بەتایبەتی گۆڤاری ھەتاو، شیعری تێدا بڵاوکردۆتەوە. لە تەمەنێکی بچووک، خاوەن دەنگێکی جوان و وشەی ناسک، بەتام و بۆنی کوردەواری و کەمتر وشەی بێگانەی تێدا دەبینیت. ئەمە بەدەر لەو وێنەی جوانی ھونەری ئەو شاعیرە و ڕِستەکان پڕن لە ھەڵوێست و ھوشیاری و ئاگادارکردنەوەی تاکی کورد و جۆشدانی بە فرچکی کوردایەتیی و خەبات و قوربانیدان. شیعرەکان بۆنی شۆڕش و جوانی وڵات و سروشتی لێدێت. بۆ ئەم کات بۆ گەنجکێ کەمتەمەن، بەڵام خاوەن خامەی ڕەنگین و وشەی شیرین و ملوانکەی جوانی باڵای شیعری ئەو دەشەکێتەوە و بۆن و ھەناسەی سروشتی کوردستانی لێدێت. لەم نووسینە دوو شیعری تر، ئاماژەی پێدەدەین. شیعری یەکەم بەناونیشانی کوردێک و پیرێکی ھەژار(٩) خودی ناونیشانەکە پێمان دەڵێت، ئەمە دەمەتەقێیەکە لەنێوان دوو مرۆڤ. یەکەم، وەکوو نەتەوەیێکی چەوساوە و ژێردەست و دووەمیش، (پیرێکی ھەژار)، کە ئەویش لە ژێر زوڵم و ستەمی داگیرکەر و نەبوونی دادی کۆمەڵایەتیی و جیاوازی چینایەتیی و نەبوونی دەرفەتی خۆشگوزەرانی، جا بە ھەر ھۆیەکەوە بێت. لە دەسپێکی شیعرەوە لە ڕێگەی بینینی خەونەوە ئەو گفتوگۆیە دەسپێدەکات، خەوبینینەکە خودی شاعیرە، کە تازە پێناوەتە تەمەنی لاوی، خەونی لاوێکی (نوزدە ساڵان). لەو تەمەن مرۆڤ بەرەو کامڵبوون و پێگەیشتن دەچێت لە ڕووی جەستە و ئەقڵ و دەروونەوە، ڕەنگە خەونی ئەو تەمەنە خەونبینین بێت بە جوانی یار و حەز و کەف و کۆڵی ھەرزەکاریی و عەشق و دڵداریێکی سادە و بینی خەون تەڕ و پڕ شەھوەت. کەچی خەونبینینی ئەم گەنجە، خەمی مللەتێکی فرامۆشکراو و داگیرکراو و مافخوراو ھەڵدەگرێت. خەمی نیشتمان، خەمی کورد و خەمی ژیان و ئازادیی. پیری ھەژاریش، کە خۆی دەناسێنێت وەک لوقمانی حەکیم. وەکوو شارەزا و تەگبیرکەرێکی لێزان و ئاقڵمەند. ئەمەش وەک نیشانەیێکە بۆ فڕیادرەسێک، سەرکردەیێک ئەم گەلە ھەژارە، لە ستەم و زوڵم داگیرکەر ڕزگار بکات. تێدا وڵاتێک لەتلەتکراو دیاردەکات کە کوردستانە. خەباتکردن و قوربانی دەوێت، لە ھەمانکاتیش ئەوەمان پێدەڵێت، نەزانینیش دەردێکی کوشندەیە (ھەردەم دوژمنی جەھالەتیش بن)، چونکە نەزانینیش ئاسۆیی ئەم گەلەی ڕەشتر کردووە. شاعیر لە ڕێگەی ئەم گفتوگۆ شیعرییە، ڕێگای خەباتمان نیشاندەدات. خەباتکردن لە پێناو بەدەستھێنانی ماف و ڕزگاری نیشتمان و نەتەوە. تەنانەت ئەوەشمان پێدەڵێت، ئەوانەی بەشداری ئەو خەباتە نەکەن و لە پێناوی خۆیان نەکەنە قوربانی ئەوانە زۆڵن:
ئەوەی کــــــــوردە بۆ کوردستان
نەچێتە کــــــــــــۆڕی تیکۆشان
ھەرگیــــــز بەوە ناڵێم کوردە
بەڵکو ئەڵێم : (… ڵە) کوردە
ئەم شیعرە دوای شۆڕشی عەبدولکەریم قاسم نووسراوە، ڕەنگدانەوەی ئەو شۆڕشەیە، کە گەلانی ئەوسای عێراق بە ئومێدێکی گەورە دەیانڕوانەیە ئایندەی عێراق. تێدا پەیامی ئەوە دەگەینێت لە عێراق ئەو ئازادییە لەدایکبوو وەکوو حەکیمی لوقمان، لە لانەی شۆڕش دەچێتە ئێران و ئەوجا تورکیا و سووریا. واتە گەڕان بەنێو ھەرچوار پارچەی داگیرکراوی کوردستان. تا ئەو پەیامە بە کوردان بدات و کە ئەوانیش بێنە نێو خەبات و داوای ماف و ئازادی بکەن، شۆڕش بکەن. لە دێڕە شیعرێکی تر، ئاماژە بەوە دەدات لێرە دەچێتە بارزان و دەرسیم، ئاماژەیە بۆ شۆڕشی بارزان لە عێراق و شۆڕشی دەرسیم لە تورکیا. بۆ ئەوەی جارێکی تر، ئازادی وڵات بگەینێتە ئەو شوێنانە. لە کۆتاییدا شاعیر ئەو خەونە بەوە کۆتایی دێنێت کە کوردی عێراق ئازادبوو، لەگەڵ عەرەب بوون بە برا. لێرەدا وەکو بێکەس (١٠) دەڵێت:
دۆستیی کورد و عەرەب زۆر کۆنە تەئریخ شاھیدە
ناحەزی ڕووڕەش لەداخا با یەخـــەی خۆی دادڕێ
جارێکی تر گەلانی عێراق لە ژێر چەتری سەرکردە (عەبدولکەریمی دلاوەر)خەونی ئازادیان ھاتە دێ. ئەگەر ئەم شیعرە لە ڕووی خەونەوە دەگێڕدرێتەوە، لە ھەمانکاتیش نموونەیەکی واقیعی ژیانی دوای ڕووخانی ڕژێمی پاشایەتی و ھاتنە سەر حوکمی عەبدولکەریم قاسمان بۆ دەگێڕێتەوە. ڕاستی ئەو ڕووداوانە، کە گەلانی عێراق لە ژێر زوڵم و ستەمی داگیرکەر ڕزگاربوون.
ئەم شیعرە زۆر سادە و ساکارە، بەڵام لەناوەرۆک، قووڵ و ھەڵگری پەیامێکی مرۆڤایەتیی و گەلێکی ستەمدیدەیە، ئەگەرچی شیعرەکە لەنگی لە دێڕەکان دەبیندرێت، بەڵام لەبەھای شیعرەکە کەم ناکەنەوە، ئەوەیش بۆ ئەوکاتەی شاعیر لە شیعرەکە ئاماژەی پێکردووە (تەمەنم گەیشت بە نۆزدە ساڵان) واتە تەمەنێکی بچووک بوو، شاعیریکی گەنج شیعرێکی وا درێژ بنووسێت، کە لە (٣٥) دێڕ پێکھاتووە. شیعرەکەش لە ساڵی ١٩٥٩ بڵاوکراوەتەوە، من بۆ کاتی نووسینی شیعرەکە وا دەڵێم تەمەنێکی بچووکبووە. جیاوازی ھەیە لە ساڵی بڵاوکردنەوەی شیعرەکە. وشەکان، پەیڤی کوردی ناسک و جوانن، ئەو وشانە بۆنی خەبات و شۆڕش و کورد دەدەن. وەک: (کورد، گەلی کورد، میللەت، ئاوات، خەون، وڵات، ماف، کوردستان، خەبات، کوردایەتی، تێکۆشان، لەشکر، کۆڕی تیکۆشان، کوردی دڵسۆز، بارزان، دەرسیم، ئاڵا و سوپای تێکۆشەر… ھتد.) شیعرێکی درێژ بەدەگمەن وشەی بێگانە بەکاری ھێناوە. شیعرەکە دەڵێت:

کوردێک و پیرێکی ھەژار

ئەمشەو دیم لەخەو پیرێکی ھەژار
لە ڕێگا پەیتا پەیتا دێتە خوار
بانگێکی کردم بەدەنگێکی بەرز
دەنگەکەی دونیای دەھینایە لەرز
پێی گوتم: کوردە بۆ وا ھەژاری
ھەردەم گرژوکالڕ بۆ وا خەمباری
گوتم: خاڵە گیان وازم لێ َبێنە
ڕێگاکەم بەردە، دڵم برینە
چونکە ناتوانم وەڵامت بدەم
لەشم برینە و دڵم پڕ لەخەم
ناتناسم تۆ کی ئەی خاڵی پیر
بۆ وا بەخەمی بۆ کوردی فەقیر
خاڵەی پیر بەدەنگێکی نزم:
ڕۆڵەگیان وەرە پێت نیشان بدەم
دەردی ئەم کوردە بۆتان چار بکەم
میللەتی کوردیش ئەگاتە ئاوات
گەر خۆیان یەک بن لە ھەموو وڵات
چونکە ئەزانین مافیان خوراوە
ئەم کوردستانەش لەتلەت کراوە
بەھێزی میللی زۆر چاک تێکۆشن
لەناوی بەرن لەشکری دوژمن
ھەردەم دوژمنی جەھالەتیش بن
بەھەولڕ و خەبات لەناوی بەرن
کەسێ کە بیری کوردایەتی بێ
جیھان قەت نابێ لەبیری بچێ
کوردەکە دەڵێ:
ئەی خاڵە، تۆ کێی توخوا پێم بڵێ
لەکوێوە ھاتووی لە کوێوە بۆ کوێ؟
شاھدە بۆ خەباتی کورد
تێکۆشانی درشت و ورد
گەلی کورد سەر ئەکەوێ
ھێزی دوژمنان ئەنەوێ
ئەوەی کوردە بۆکوردستان
نەچێتە کۆڕی تیکۆشان
ھەرگیز بەوە ناڵێم کوردە
بەڵکو ئەڵێم : (… ڵە) کوردە
تەمەنم گەیشت بە نۆزدە ساڵان
گەورەبووم لەناو خاکی کوردستان
نەمدیوە ئەبەد پیاوێکی وەک تۆ
چەند قسە خۆش و چەند بەگفتوگۆ
پێم بڵێ توخوا چی ئەکەی لێرە
لەناو ئەو کوردە بێ کەس و دلێرە
خاڵەی پیر دەڵێ:
من ھاتووم بۆناو ئەو کوردەوارە
بۆ سەر ئەم خاکەو بۆناو ئەم شارە
ئەگەرێم بەسەر خاکی کوردستان
بۆ ناو میللەتی کوردی بێ تاوان
ھاتم بۆ عێراق، دەرچم بۆ ئێران
لە بۆ تورکیا و سوریای وێران
تا ھۆشیار ببن ھەموو گەلی کورد
بە گەورەو بچوک، بەدرشت و ورد
وەرە پێت بڵێم: ئەی کوردی دڵسۆز
من زانایەکم لەناو گەل و ھۆز
پێم ئەڵێن: لوقمان، لوقمانی حەکیم
وا دەرۆم بەرەو بارزان و دەرسیم
دەرمانی دەردی میللەتم پێیە
وا بە پێ ئەڕۆم ئەم دوورە ڕێیە
تاکو تێ بگەن، گەلانی جیھان
گەلێکیش ھەیە، لەناو کوردستان
پێی ئەڵێن: کوردە و لەناو ئەم خاکە
ئاڵای بەرزیان چەند جوان و پاکە
وا ڕزگاری بوو، کوردانی عێراق
لەناو کورداندا، نامینێ نیفاق
کوردەکە ئەڵێ:
ئەی خاڵەی پیر، قسەت زۆر ڕاستە
ئەی کوردی دڵسۆز، دەزووبە ھەڵستە
با بە گوێی خاڵەی ھەژارمان بکەین
تف لە چارەی ئیستیعمار بکەین
ھەموومان یەک دەنگ، بڵێین: بژی کورد
دوژمنی گەورەی لەناو خۆ دەرکرد
لەنێو عێراقا، سوپای تێکۆشەر
بەسەرکردەیی، کەریمی دلاوەر
دوژمنەکەمان لەت و پەت کرا
جا کورد و عەرەب، وا بوون بە برا
شیعری دووەمیش، کە لەھەمان گۆڤار پەخشی کردووە. بەناوی ڕزگاری(١١) . ئەم شیعرە پێکدێت لە پێنج کۆپلە شیعری پێنج دیڕی، دە برگەیی. وشەی ناسک و ئاسان و بەزمانێکی بێ گرێ و ئاڵۆز. ئەم شیعرەش ھەڵقوڵاویی ئێش و ئازارەکانی نیشتمان و گەلەکەیەتی. تێدا سوێند بەگەلەکەی دەخوات، کە قوربانی داوە و کەچی خاکەکەی پارچە پارچە کراوە. ئەویش وەک تاکێکی کورد و دڵسۆزی ئەم خاکە لە ڕێگەی شیعرەوە پەیامی خۆی دەگەینێت. خزمەتکردنی وڵات لە سەر خۆی دەکاتە مەرج، خەباتکردن لە پێناو نیشتمان:
مەرجە تێکۆشم لەڕێی کوردستان
دەبێ ھەوڵدەم، بە دڵ و بەگـیان
تا ڕزگاری کەم لە چنگ دوژمنان
دیارە شاعیر ڕاستگۆیانە دەئاخڤێت و ئەم ڕەوشتە و کارە جوانەی ڕەنگدەداتەوە لەخۆی. وەک شاعیر و مامۆستایێکی دڵسۆز، ھەر لەتەمەنێکی زوو قەڵەمەکەی دەخاتە خزمەتی میللەت و داوای یەکێتیی و تێکۆشانمان لێدەکات و ئاگادارمان دەکاتەوە، کە دوژمن چ لە کورد دەکات. ڕەنگە ئەم دوو شیعرە بەس بێت لە تێگەیشتن و پەیامی جوانی ئەو شاعیرە، کە بۆنی کوردایەتی لەپەیام و پەیڤ و ھەڵوێستە جوانەکەی دەبینین.

سوێندم بەو گەلەی قوربانی داوە لەژێر چەپۆکی دوژمن داماوە
خاکی پیرۆزی دابەشکراوە ھیچ سات و کاتێ ، نابێ بسرەوم
تا تنۆکی خوێن لە لەشما ماوە
مەرجە تێکۆشم لەڕێی کوردستان دەبێ ھەوڵدەم، بە دڵ و بەگیان
تا ڕزگاری کەم لە چنگ دوژمنان کەسیش ناتوانێ بگرێ جلەوم
تا کوردیش دێتە ڕێزی میللەتان
ئەی کورد درەنگە دەبەسە نووستن چاوێ ھەڵێنن، بزانە دوژمن
چۆن جەرگی کوردان ئەوا ھەڵئەدڕن دەھەستن ئێمەش ھەموومان یەکجار
بەیەکیەتیمان، دوژمنمان دەمرن
گەر باوەڕ ناکەی بەم وتە جوانە دابەشکراوی ئەم کوردستانە
چیمان لێ ئەکەن ئەم دوژمنانە بزانە جووتیار بێچارەو ھەژار
کورد چی بەسەر ھات لە ئەم ئێرانە
ھەرلێدان کوژتن، بۆچی وا ئەکەن؟ بۆچی ئەم کوردە بەم دەردە ئەبەن
نابێ بڵێن کوردین بابکەین شیوەن ئەمەیە دوژمن لەگەلڕ ئیستیعمار
بەھێزی پیسیان ھەر لە کورد ئەدەن
ھەروەھا شاعیر ھەر لەم گۆڤارە بە شیعر وەڵامی مەتەڵی شاعیرانی داوەتەوە. بۆ نموونە:
مەتەڵ چنارۆک گەلێ ئاسانە
ھەوارگەیێکی خۆشی کوردانە
یاخوا ھەر بژی گۆڤاری ھەتاو
ھەلێنی ئێمەش با بکا بڵاو(١٢)
وەڵامی مەتەڵێکی محەمەد عەلی شێخ نوری جەلی _ کۆیی داوەتەوە کە لە ژمارە (٦٤) بڵاوکراوەتەوە.
ئەم چەند دێڕە شیعرە، کە قسەمان لەسەر کردن، سەرەتایی دەسپێکی کاری شیعری شاعیرە، ئەوە دەھێنێت، گرنگی زیاتر بە شیعرەکانی تر بدرێت و ئەوانەی ماون، لە ئایندەدا چاپبکرێن و تا دۆستانی شیعر سوودی لێ ببینن. ڕەنگە ئەم نووسینەش، ھەر ئاوڕدانەویێکی بچووک بێت لە ئەزموونی ئەو شاعیرە، ھیواخوازم شاعیر خۆی خەمێکی ئەو کارە بخوات و ژیان و شیعری خۆی ئامادە بکات، بیخاتە بەر دیدەی خوێنەر.

سەرچاوەکان:
١. فەریدوون فەرھاد شاکر، ١٩٧٢ ھەریر، دەرچووی کۆلێژی کارگێڕی و ئابووری، دانیشتووی سلێمانی، نامەی فەیسبووک.
٢. مجروم، شاعیر و فەرمانبەر و پیشەزان، یاسین برایم، گۆڤاری نما، ژمارە (٤٨)، ھاوینی ٢٠١٩.
٣. شاکر مەجروم… باوەڕپێکراو و خەمخۆرێکی دیاری ڕۆژنامەگەریی کوردی، یاسین برایم، ھەفتەنامەی زاری کرمانجی، ژ(٥٨٩)، ٢٣/٤/٢٠١٩.
٤. ژیاننامەکە بە ھاوکاری و پشتیوانی شاعیر نووسراوە.
٥. دیمانە: زرار محەمەد مستەفا، ھونەرمەند، ١٩٣٧، ڕواندز، ڕۆژی ٢٣/٧/٢٠٢٠، ئاکۆیان.
٦. ھەولێر. ڕۆژنامەیەکی ئەدەبی و پھقافی ھەفتەیییە، پاڕێزەر: تارق جامباز، ئەکادیمیای کوردی، ھەولێر، ٢٠١٨.
٧. فەرھاد شاکر مجرم، رواندز، ڕۆژنامەی ھەولێر، ژمارە (١٧)، ٧/٤/١٩٥١.
٨. ڕۆژنامەی ھەولێر، ژمارە (٩٨)، ٢/١٢/١٩٥٢.
٩. گۆڤاری ھەتاو، ژمارە (١٦٨)، ٣١/١٢/١٩٥٩، ل١٣_١٤.
١٠. دیوانی بێکەس، شیعری داری ئازادی، محمدی مەلا کەریم، چاپی سێیەم، ١٩٨٦. ل٨٣.
١١. گۆڤاری ھەتاو، ژمارە (١٦٩)، ١٥ /١/١٩٦٠، ل١٢.
١٢. گۆڤاری ھەتاو، ژمارە (٦٥)،٢٠ی حوزەیران ١٩٥٦.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.