سەرەتا / وتار و بیروڕا / وتار و بیروڕا / لەقەی شیعر و لەقەی ماین!

لەقەی شیعر و لەقەی ماین!

سەدیق سەعید ڕواندزی

لە مێژووی ئەدەبی کوردی و مێژووی ژانری شیعریش بە تایبەتیدا، دوو نموونەی مێژوویی و زیندووی جوانی شیعریی ھەن، کە شاعیرەکانییان دوای نووسینییان، تا ھەتایە لە شیعر نووسین وەستان. ئەم دوو نموونەیەش ( ئەحمەد ھەردی) و ( محمەد عومەر عوسمان) نن، کە ھەر یەکە و تەنھا کۆمەڵە شیعرێکییان چاپ و بڵاو کردۆتەوە و ئیتر جارێکی تر، نەچوونەوە سەر نووسینی شیعر. بێگومان ئەم دوو شاعیرە، دوو نموونە و دوو دەنگی دیاری شیعر و ڕێزگرتن و بە شکۆ سەیرکردنی شیعرن. ئەوان دڵنیابوون لەوەی ھەر دەقێکی دیکە بنووسن، ناتوانن سنووری ئەو شیعرانە تێ بپەڕێنن، بۆیە نەکەوتنە کاوێژکردنەوەی وشە و خولانەوە بە دەوری وێنەی سواو و شیعری بێ ناوەڕۆک. بۆیە تا ھەتایە (ڕازی تەنیایی) و (لە غوربەتا)، وەک دوو کۆمەڵە شیعری جوان و گەورەی نێو دنیای شیعری کوردی دەبینرێن و دەمێننەوە. ھەر کاتێک شاعیرێک، کەوتە کاوێژکردنەوەی وشە و زمان و شیعر، ئیدی جوانترین داھێنان ئەوەیە، ڕێز لە خۆی و خوێنەرەکانی بگرێت و تخوونی شیعر نووسین نەکەوێت. سەردەمانێک، خانمە شاعیرێکی بوێر و دەنگ زوڵاڵ ، کە خۆی وەک شاژنی شیعر و دژە باو دەناساند، لە نێوەندی شیعری کوردیدا بوونی ھەبوو. ئەو خانمە کە ئەوەندە خۆی بە دژە باو دەزانی ، تەنانەت ناوی بەرنامەکەشی نابوو (دژە باو!) وەک دەرکەوتەیەکی نوێ، لە دنیای فێمێنیزم و ئەزموونێکی جیاوازی شیعری ژنان دەبینرا و دەخوێنرایەوە. ئەو خانمە شاعیرە، دوای ئەوەی لە پێناو ژیانی تایبەتی خۆی ( کە مافی ھەموو کەسێکە) پشتی کردە دایک و نیشتمان و ھاوڕێ و شیعر و دژە باوییەکەی و دابڕاو و ھەگبەی شیعری بەتاڵ بوو، ئێستا بە ھەندێک شیعری سادە و دەردەڵ و کرووزانەوە و پڕ لە پەشیمانی، دەیەوێت جارێکی دیکە ببێتەوە بەو (دژە باوەی) لافی پێ لێ ئەدا و ھەزاران ژن ئێرەیان پێ دەبرد. کە شاعیرێک نەتوانێت لە لوتکەدا بمێنێتەوە، بێگومان دێتە خوارەوە بۆ بنار. شاعیرێک کە نەیتوانی داھێنانی تازە و ئەزموونی تازە بێنێتە ئاراوە، باشترین کارێک بیکات بۆ ئەوەی ڕێز لە خوێنەرەکانی بگرێت ئەوەیە، واز لە شیعر نووسین بێنێت. بۆ ئەوەی ئەزموونە جوانەکانی ڕابردووی، بە ئەزموونە کاڵ و کرچ و نا شیعرییەکانی ئێستای نەسڕێتەوە. لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا، زۆرن ئەو شاعیرانەی ھەگبەی شیعرییان لە وشە و وێنە و دنیابینی شیعری بە تاڵ بووە و شیعر وازی لەوان ھێناوە، کەچی ھێشتا ئەوان واز لە شیعر ناھێنن. وەک چۆن ھەموو شتێک کۆتایی دێت، دەشێ شیعریش لای بەشێکی زۆر لەو شاعیرانە ، کە شتێکی نوێیان پێ نەماوە بۆ وتن، کۆتایی ھاتبێت. لەو ڕوانگەیەوە، پێ دەچێت کانیاوی شیعری (حەمە سەعید حەسەن) یش ( ئەگەرچی من بە ڕەخنەگرێکی دیاری دا ئەنێم نەک شاعیر) وشک ببێت، بۆیە ئەویش کەوتۆتە نووسینی شتی سادە و بێ بەھای وەھا بە ناوی شیعرەوە، کە خوێنەر شەرم دەیگرێت، وشەی لەو شێوەیە، لە دەمی ئەو نووسەرە دیارە بێنە دەرەوە. حەمە سەعید حەسەن، شیعرێکی بۆ ڤاڵانتاین نووسیوە و لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_

داوای یەک دوو ماچم لێکرد
بەم ڕۆژی ڤاڵانتایینە
دڵی ناسکی شکاندم
لەقەی لێدام ئەو ماینە
درۆیە کە گوتویانە
ژانی نییە لەقەی ماین
ئازاری ھێندە بە سوێیە
کەللە تیای نامێنێ ئایین
شەرتە ئیتر تەکلیفی ماچ
نەکەم لە ھیچ کچێ
نەھێڵم شکۆم زامدار بێ
بۆ سوکە مژینی لچێ

ئەم نووسەرە، کە ساڵانێکی درێژە، شەڕی ئایین و ڕەگەزی نێر و ئەرز و ئاسمان، بە تێگەیشتنی خۆی لە پێنا و دەستەبەرکردنی مافەکانی ژن و یەکسانییان لەگەڵ پیاودا دەکات، کەچی ھەر خۆی شکۆی ژنی شکاندووە. شاعیر، ژن بە (مایین) دەچوێنێت و دڵ شکاندنیش بە (لووشکە) وەشاندن. ھەمووشمان دەزانین لەقە و لووشکە ھاویشتن، دوو ئیدیۆمن و بەمەبەستی کەمکردنەوە و نزم سەیرکردنی مرۆڤ بە کار دەھێنرێن و ئەو مانایەش دەدەن. بۆیە نووسەر، ناڕاستەوخۆ بە ناوی شیعر بۆ ڤالانتایین، لە کەسیەتی و شکۆی ژن دەدات و ژن وەک (مایین) دەبینێت. بێگومان ئەگەر ژنیش مایین بێت، ئەوا دەبێ پیاویش ئەسپ بێت. کەواتا ئەسپەکە سواری مایینەکە دەبێت. شاعیر!، دوای ئەوەی نائومێد دەبێت لەوەی ژنێک ماچی بداتێ، ئیدی ئەمجارەیان شکۆی پیاوبوونی خۆی تۆختر دەکاتەوە و شێلگێرانەتر ژن بە بێ بەھا و سووک دەبینێت و باس لەوە دەکات کە داوای ماچ لە ھیچ ژنێکی تر ناکات، چونکە خۆی وتەنی ( شکۆی زامدار) دەبێت! دیارە شکۆی پیاوبوونیش لە کۆمەلگەی ئێمەدا، تەنھا یەک واتای ھەیە ئەویش (پیاو) بوونە، کە ئاماژەیە بۆ زاڵبوون و باڵادەستی پیاو بە سەر ژن. چونکە شەھامەتی پیاوبوون لە کۆمەلگەی ئێمەدا، زۆرجار بەوە لێک دەدرێتەوە کە نێرێک تا چەند حیساب بۆ ژن دەکات و کورد وتەنی (ئۆمەر) نییە! حەمە خۆی زۆر لەوە گەورەتر دەبینێت، شکۆی خۆی بکاتە قوربانی داوای ماچێک. ھاوتاکردنی ژن بە مایین و ناڕەزایەتی ژن بە لووشکە، ئەو پەڕی نەنگییە بۆ نووسەرێک کە خۆی وەک داکۆکیکەرێکی سەرسەختی ژنان پیشان دەدات و ڕای گشتی چەواشە دەکات. ئەم کورتە شیعرەی حەمە سەعید، جگە لەوەی ئەو ئاماژەیەی ھەیە، ھاوکات ھیچ ڕەھەندێکی واتایی و ئستاتیکی نییە و لە پێنا و ھاوسەروا و کێشی شیعرەکەی، (ئایین) و (مایین) ی بە یەکەوە خستۆتە نێو ئەو چەند وشە سادە و ساکارو بێ مانایانەوە، کە لە ھەموو شتێک دەچن لە شیعر نەبێت. ئەمە، نموونەیەکە لەوەی کە ھەگبەی شاعیر بە تاڵ بوو، ئیدی شتێک نامێنێتەوە بە ناوی وشە و شیعر. شاعیرێک ژن وەک ئامرازی (سواربوون) و (وەچە خستنەوە) ببینێت، نازانم لەکوێوە، بەرگری لە مافی ژن و یەکسانییان لەگەڵ پیاودا دەکات؟ مەگەر ئەم دیدگا خێڵەکی و میللیی و پەتریاکییە، چ لەلای کەسانێک کە زۆرجار دەڵێن سەیری ئەو ژنە بکە دەڵێی (مایینە)، چ لەلای شاعیرێک کە سەدان کتێبی خوێندبێتەوە، چ جیاوازییەکی ھەیە؟ ئەمە با خوێنەران سەنگی مەحەک بن لەوەڵامدانەوەی.

ڕوونکردنەوەی چەند پەراوێزێکی پێویست:_

*- ئەم شیعرەی حەمە سەعید حەسەن، لە دوا ڵاپەڕەی ڕۆژنامەی (ھەولێر) ژمارە (٢٤١٩) ڕۆژی ١٤/٢/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە و تکا دەکەم خوێنەران بگەڕێنەوە سەر شیعرەکە و بیخوێننەوە.
**_ ماین، لە ڕەگەزی وڵاغە بەرزەکانە کە ئەسپ و ئێستر دەگرێتەوە و وڵاغە بەرزەکانیش چوار جۆرن. یەکەم:_ ( ئەسپ) کە دیارە و بە ھێمای ھێز و جوانی و خۆڕاگری ناسراوە، دووەم:_ (مایین) کە مێیەکەیەتی و دەزێت و (جاشکۆکەی) دەبێت، دواتر کەمێک گەورەتر دەبێت و پێی دەگوترێت ( جوانوو یان جووانە مایین) سێیەم:_ (بارگیر)، ئەسپ دوای ئەوەی دەخەسێنرێت و تەنھا بۆ بارکردن بە کاردێت، پێی دەوترێت (بارگیر) و ھەندێ جار (یەختە) شی پێ دەگوترێت. چوارەم:_ ئێستر، ھەرچی (ئێستر) ە، لە ئەسپ و مایین بە ھێزتر و بە تواناتر و بەرگەگرترە و زاوزێ ناکات و زۆر شەمووسە.
***_ ماین، دەبێ بە دوو پیتی (ی) واتا (مایین) بنووسرێت، چونکە لە کاتی گۆکردنی وشەکەوە، پیتی (ی) درێژدەبێتەوە. ھاوکات لە نێوان (ا) بزوێن و(ی) بزوێندا، دەبێ (ی) ترھەبێت. چونکە نابێ دوو پیتی بزوێن بە دوای یەکەوە بێن.
****_ لەوانەیە نووسەر، ئەم شیعرەی خۆی، بە تەنز و ساتیر بزانێت، بەڵام وەک خوێنەرێک بڕوام وایە، ساڵانێکی زۆرە و تاکو ئێستاش، جگە لە (د- شێرکۆ عەبدوڵا) ، ھیچ نووسەرێکی دیکەی بواری نووسینی تەنز لە ئەدەبی کوردیدا نییە و کەس شان لە شانی ئەو نادات. بۆیە ئەوەی حەمە سەعیدحەسەن، نە ساتیرە، نە تەنز.
*****_ ھیچ نووسینێکی ئەم نووسەرە نییە، لە پەراوێزیدا وشە و دەربڕینەکان بۆ خوێنەر شینەکاتەوە، بەڵام لەو شیعرەیدا، نە باسی (مایین) و نە باسی ( لەقە) شی بۆ خوێنەران نەکردووە، چونکە دەزانێت نەنگییەکی گەورەیە، ژن بە ماین و ڕەتکردنەوەکەشی بە لووشکە وەشاندن بزانین. بۆیە بە ئەنقەست نووسەر ئەمەی نەنووسیوە. بەڵام ئایا ئەمە بە سەر ھەموو خوێنەرێک تێ دەپەڕێت؟.

ڕواندز_ کۆتایی شوباتی ٢٠٢٠

دەربارەی Sadiq Rwandze