نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / وێژە / لە بەندەری بەرمۆداوە بۆ زمانی باڵندەم دەزانی

لە بەندەری بەرمۆداوە بۆ زمانی باڵندەم دەزانی

داکشانی شیعریی لای کەژاڵ ئەحمەد

سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەزموونی شیعریی،ئەزموونێکە لە گۆڕاندایە. کاتێ شاعیرێکیش ھیچی نوێی پێ نامێنێ بۆ وتن، یاخود ئەزموونە شیعرییەکەی لە جێی خۆی وەستا، ئەوا جاری مەرگی خۆی دەدات. خولانەوە لە بازنەی شیعرو زمانێکی دیاریکراودا، ناتوانێت گوتارێکی دیکەی شیعری جیاواز بێنێتە ئاراوە. یەکێک لەو ڕەگەزە شیعرییانەی وایکرد نیو سەدە زیاتر شێرکۆ بێکەس لە نێو ئەزموونی نووسینی شیعردا بژیت زمانەکەیەتی. شێرکۆ بە بڕوای من ھەر تەنھا شاعیرنەبوو، بەڵکو فەرھەنگێکیش بوو لە زمانی تازە و وشەی تازە. ئەگینا ھاوشێوەی گەلێک شاعیری تر، دەمێک بوو دەکەوتە پەراوێزی مێژووەوە. کە زمانی شیعر جیاواز کەوتەوە، ئەوا وێنە و ماناش جیاواز دەکەونەوە. چونکە شیعر زمانە. کاتێ سەیری شیعرەکانی(ئێستا کچێک نیشتمانە)دەکەین، ئاخۆ بەر ھەمان ئەو چەمکی نیشتمانە دەکەوین، کە بۆ ساڵانێکی دوورو درێژبوو لای شێرکۆ بێکەس ڕەھەندێکی سیاسی ھەبوو؟ یان بەرگوتارێکی دیکەی جیاواز دەکەوین؟ ئەو گۆڕانکارییە بەرمەبنای دنیابینییەکی نوێ و زمانێکی نوێی شیعرییە.زمانێک کە شیعری ئەو شاعیرە بەرە و ئاراستەیەکی جیاوازتر لە پێشوودەبات. کاتێ شاعیرھەست دەکات ناتوانێت ئەو زمانە تێپەڕێنێت، بێگومان ئەو کات بەر ئەزموونێکی جیاوازترو نوێترناکەوین. لەو ڕوانگەیەوە، کاتێ سەرنج لە زمانی شیعری کەژاڵ ئەحمەد لە کۆمەڵە شیعری (زمانی باڵندەم دەزانی) دەدەین، ھەست دەکەین نەک ھەر بەرزمانێکی تازەی شیعری ناکەوین، بەڵکو درک بە داکشانێکی گەورەی شیعریش دەکەین لای ئەو خاتوونە شاعیرە.شیعرەکانی ئەو دیوانە، ئەگەر بەراورد بکەین بە(بەندەری بەرمۆدا) باشتر ئەو جیاوازییەمان بۆ دەردەکەوێت.کۆمەڵە شیعری(زمانی باڵندەم دەزانی) نوێترین و دواترین کۆمەڵە شیعری کەژاڵ ئەحمەدە.ئەگەر بە وردی سەرنج لەو شیعرانە بدەین،دەبینین تا ڕادەیەکی زۆر جۆرێک لە سادەبوونەوە و پاشەکشەی شیعریی، بە ئەزموونی ئەو خاتوونەوە دیارە. بە تایبەتیش ئەوانەی لە ماوەی دە ساڵی جێھێشتنی نیشتمان لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٨ بۆ ٢٠١٨ نووسیونی.لە نێوان بەندەری بەرمۆدا، کە یەکەم کۆمەڵە شیعری ئەوە و بیست ساڵ لەمەو بەر چاپکراوە، لەگەڵ زمانی باڵندەم دەزانی کە نوێترین شیعرەکانی ئەون، جیاوازییەکی گەورە لە ڕووی زمان و دنیابینی و گوتاری شیعرەکانەوە ھەیە. ئەو شیعرانەی لە بەندەری بەرمۆدا ھەن، لە ئاستی وێنەی شیعری، چێژو شیعرییەت، زۆر لە شیعرەکانی ئێستای جوانترو سەرنج ڕاکێشترن، ئەگەر چی دوو دەیەش بە سەر نووسینیاندا تێپەڕیوە. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە داکشانێکی گەورەی شیعری لای ئەو شاعیرە ھاتۆتە ئاراوە و ئەستەمە بەو شیعرە سادانە،جارێکی تر بتوانێت سنووری بەرمۆدا ببەزێنێتەوە. لە ڕاستیدا، بیست ساڵ زەمەنێکی کەم نییە بۆ نوێبوونەوە و گۆڕانکاری لە ئەزموونی شیعری شاعیرێکدا.تەنانەت ئەو گۆڕانکارییە دەبێ بە جۆرێک بێت، خوێنەر ھەست بە دیدگای نوێترو شیعری جوانترو ھونەریتر بکات، نەک بە ئەزموونێکی شیعری سادەوە، جارێکی تر ھەوڵبدەی خۆت بناسێنیتەوە.لە بەندەری بەرمۆدا دا، ئێمە دەنگی ژنە شاعیرێکی یاخی، تووڕە، ھاتییەوە بە گژھەموو جۆرە بیر کردنەوە و ترادیسیۆنێکی کۆمەڵایەتی دواکەوتوو دەبینین. لەو شیعرانەدا، بەردەنگی ژنێک دەکەوین کە نەک ھەر ژنبوونی بەلاوە شووڕەیی نییە، بەڵکو شانازییەکی گەورەش بە ناسنامەکەیەوە دەکات.دەنگێک کە زایەڵەکەی ھەموو دنیا دەگرێتەوە. دەنگێک تا ئەو پەڕی سنوور، شەڕی ناسنامە،ژنبوون،بوون و ژیان دەکات، بە بێ ئەوەی سڵ لە ھیچ شتێک بکاتەوە. لە بەندەری بەرمۆدا، کەژاڵ ئەحمەد لە شیعرێکدا دەڵێت:_
ئاواتی من گەورەترە لە وەی بە تەنیا ئافرەت بم.
خەونەکانم باڵاترن.
لە وسنوورو نەریتانەی.
لەم دنیادا بۆم دانراون..
(بەندەری بەرمۆدا ڵا١٢)

ئێمە لێرەدا، لە بەردەم ناسنامەی ژنێکین، کە یاخی و تووڕە، بە گژ ھەموو ترادیسیۆنێکی دواکەوتوو دادێتەوە. ئەو شاعیرە سنوورە باوەکان دەبڕێت خەونی مەزن و گەورەی ھەیە. خەونێک کە نەک ھەر لەم دنیایەدا جێگەی نابێتەوە، بەڵکو بە دوای دنیایێکی دیکەشدا دەگەڕێت.لەو کۆپڵە شیعرییەدا، ناسنامەی ژنێک دەبینین، کە مرۆڤبوونی لە پێشەوەی ژنبوونیەتی.ئەم شاعیرە داکۆکی لە ناسنامەی خۆی دەکات و دەیەوێت ئەو بڕوایە لای ھەمووان دروست بکات کە ئەو بەر لە ژنبوونی مرۆڤە.ئاواتەکانی ئەو، خەون و خۆزگەکانی گەورەترن لە ھەموو ئەو خەونە ڕۆمانسییانەی کە ژنان ھەیانە. بە تووندی بەگژ ئەو نەریتانە دێتەوە کە ڕەنگڕێژی ژیانی ژن دەکەن و بوونەتە بەشێک لە کولتووری میللییانەی کۆمەلگا. دەنگی ئەو شاعیرە لەو شیعرەیدا، دەنگی مرۆڤێکی یاخی وڕامنەکراوە، دەنگێکە کە ئاراستەی ھەمووان دەکرێت بەوەی کە ژن تەنھا وەک کاڵایەک لە خزمەتی پیاو نەبینن،کەژاڵ دەیەوێت ئەو دیدگایە تێکبشکێنێت، کە ژن لە شەڕەفدا دەبینێت و شەڕەفیش لە دڵۆپە خوێنێکی ژن، بۆیە ئەو نەک ھەر دژی ئەو ڕوانینەیە، بگرە ڕەتیشی دەکاتەوە، گەمە بە ئەقڵی ئەوانەش دەکات کە ژن وەک ھێمای شەڕەف دەبینن.بۆیە بیست ساڵ لە مەوبەر دەڵێت:_

ئەوەتانێ کابرایەکی ڕۆژھەڵاتی..
لەسەر کورسی حەیاو ئابڕوم دانیشتووە..
قاچی خستۆتە سەرقاچی..لە پێ یەکدا..
سەد جار دەڵێ بەشەڕەفم..
ئای لە شەڕەفی ڕزیوی کابرایەکی ڕۆژھەڵاتی..
بێگومان ڕۆژھەڵات لێرەدا، ھەرتەنھا دەلالەتێکی جوگرافی نییە، بەڵکو کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیشی ھەیە. چونکە پیاوی ڕۆژھەڵاتی، وەک ئاماژەمان پێکرد شەڕەف لە جەستەی ژن دەبینێتەوە، بەڵام شەڕی شاعیر لێرەدا، شەڕی ئەو دنیابینیەیە کە دەیەوێت ناسنامەیەک لە شەڕەف و ئابڕوو بۆ ژن بتاشێت. بە دەربڕینێکی تر، شاعیر دژی ئەو تێڕوانینە میللییە دەوەستێتەوە کە ژن وەک ھێمای شەڕەفی پیاو دەبینێت. چونکە خاوەنداریەتییەکە لێرە بۆ پیاو دەگەڕێتەوە، کە ئەمەش بەشێکە لە ئەقڵی دەرەبەگایەتی. شاعیر دژی ئەو پاشکۆبوونە دەوەستێتەوە و ناسنامەی خۆی گەورەترلەوە دەبینێت کە بە تەنھا ژنێک بێت. بە پێچەوانەوە ئەویش وەک ڕەگەزەکەی تر، خاوەن شوناسی خۆیەتی.بە تێگەیشتنی ئەو, وەک چۆن شەڕەفی پیاو ھی ژن نییە، بۆچی شەڕەفی ژنیش ھی پیاو بێت؟ کەلای ئەو ڕزیو و بۆگەنە و دیاریشە ڕزیو مانای ئەوە دەگەیەنێت کەکەڵکی ھیچی نییە.دوای بیست ساڵ لەو دەنگە یاخییە، لەو شیعرە تووڕە و جوانانە، بابزانین لە زمانی باڵندەدا ئەو شاعیرەچی دەڵێت؟.شاعیر دوای دوو دەیە، نەک ھەر شەڕەفی ڕزیوی پیاوی ڕۆژھەڵاتی ڕەتنەکردەوە، بەڵکو لاوازانەش لە بەرامبەری دەوەستێت.شاعیر پیاو وەک ھێمای دەسەڵات و تووڕەیی و ھێز پیشان دەدات و ژنیش وەک بوونەوەرێکی لاواز.ئەو لە زمانی باڵندەدا دەڵێت:_
ئەگەر دەستی تۆم بەرکەوێت. ڕوح دەکەیت بە بەرما..
دەمکەیتەوە بە کچێک گەزۆی نازی لێ بڕژێت..
(زمانی باڵندەم دەزانی ڵا٢٦)
بۆ من وەک خوێنەرێک، جێگەی سەرنجە ژنە شاعیرێک، کە سەردەمانێک شیعری وەک ھێمای یاخیبوون و ھاتنەوە بە گژ ئەقڵی پیاو سالاریی دەبینی، کەچی دوای بیست ساڵ ھێندە لاوازو دەستەمۆ لە ژیاندا خۆی دەربخات. ئەوە گرنگ نییە، ئەو دەستەی ڕوح دەکاتەوە بەری شاعیر، دەستی ھاوڕێ، یار، یاخود نیشتمانە، پرسیار ئەوەیە کەسێک لە چاوەڕوانی ئەوەبێت یەکێکی تر بیکاتەوە بەکچەکەی جاران و خۆی ئەو وزە و یاخیبوونەی تێدا نەمابێت، دەتوانێت شیعر بکاتە پەیامی ڕزگاربوون بۆ ژنانی تر؟ مەگەر ئەو شاعیرە دوو دەیە لەمەوبەر ناسنامەی خۆی، خەونەکانی، لە ژنبوونی گەورەترنەدەبینی؟جیاوازتر لەوانیتر بیری نەدەکردەوە؟ کوا ئەو خەونانە؟ بۆچی ئێستا ھێندەلاواز، غەریب و دەستەمۆ خۆی دەردەخات. مەگەر ئەوە پاشەکشەیەکی دیاری گوتارو دنیابینی ئەو شاعیرە نییە. تا ئەوا ڕادەیەی بڵێت:_
نەخێر ناتوانم ڕێگایەک بدۆزمەوە.
لەم شەوە ڕووناکە کوێرەدا..
مەحاڵە پێکەنین.
(زمانی باڵندەم دەزانی ڵا١٦)
شاعیر، ڕەھایانە ئەوە بۆ ھەمووان بەیان دەکات، کە ئیدی ناتوانێت ڕێگایەک بدۆزێتەوە. تەنانەت ھەر لەسەرەتاوە، بە نەخێر دەدوێت. واتە ھەموو ھەوڵدان و گەڕانێک لە پێناو دۆزینەوەی ڕێگەیەکی تر،ئەنجامی نابێت و دەبێ ڕازی بێت بەو قەدەرەی بۆی داندراوە. بێگومان نەدۆزینەوەی ڕێگای تازەش،واتا بە ڕێگادا ڕۆیشتنی ڕێگای ھەموو ئەوانیتر، بەمەش ھیچ جیاوازییەک ناکەوێتەوە لە نێوان خۆی و ئەوانیتردا، لە کاتێکدا بیست ساڵ لەمەو بەر،خەونەکانی گەورەتر بوون لەوەی بە تەنھا ژنێک بێت.کەچی دوای بیست ساڵ، ئەوشاعیرە بە شێوەیەک پاشەکشەدەکات،کە مەحاڵە توانای پێکەنینیشی ھەبێت. دۆشدامانی شاعیر لەدوای بیست ساڵ بە دیار ژیانەوە کە لە سەرەتاوە ڕەتیدەکردەوە،ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ پاشەکشەی شیعری ئەو، ھاوکات نەدۆزینەوەی دنیایێکی دیکەشە. بێگومان تا لە سەر شیعرەکانیش بوەستین،باشترئەودنیابینیەمان بۆدەردەکەوێت.لە پەراوێزی ڕوانینمان بۆ بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەی لە کۆمەڵە شیعری زمانی باڵندەم دەزانی ھاتوون، دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە کەژاڵ، بیست ساڵ لە مەوبەر زۆر داھێنەرترو بەتواناتربووە لەنووسینی شیعر.لەکاتێکدا ھەرشاعیرێک لە ئەزموونی شیعری خۆیدا، ئەگەر نەیتوانی گوتارو دنیابینی نوێ دابھێنێت وڕابردوو تێپەربکات،باشتروایە نەنووسێت.چونکە خولانەوە بەدەوری شیعردا،ھیچ داھێنانێکی لێ ناکەوێتەوە. لەو ڕوانگەیەشەوە کاتێ وەک خوێنەرێک شیعرەکانی بەندەری بەرمۆدام خوێندنەوە و بەراورد بە شیعرەکانی ئێستای ئەو شاعیرەم کردن،ھەستم کرد ئەوشاعیرە لە ماوەی دە ساڵی جێھێشتنی نیشتماندا، جگە لە چەند شیعرێک کە زمانێکی سادە و ئاسایی، بێ پەیام و ناوەڕۆک، بێ یاخیبوون و شەڕی ژنبوون، ھیچی تری نەنووسیوە. دەکرێ خوێنەرانیش بۆ دروستی ئەو بۆچوونەی من، بەراوردی ھەردوو بەرھەمە شیعرییەکە بکەن.ئەو جیاوازییانە بە ئاراستەی پاشەکشێی شیعری بەجۆرێکن،کە ھیچ خوێنەرێک ناتوانێت ھەستی پێ نەکات.وەک ئەوەی ئێمە لە بەردەم دووشاعیری جیای دووقۆناغ ودووسەردەمی جیاوازبین.کەژاڵ بیست ساڵ لە مەوبەرو لە بەندەری بەرمۆدا دا دەڵێت:_

من ماڵێکم ھەیە لە سەر مانگ…
گۆڕێکم ھەیە لە سەر ڕێی کاکێشان..
(بەندەری بەرمۆدا ڵا١١٤)

ماڵێکم ھەیە لە سەرمانگ،دەلالەتێکە بۆ جیاوازکەوتنەوە و خۆدابڕین لە ھەموو ماڵە کلاسیکییەکانی سەر زەوی. بێگومان ماڵ، گوزارشتێکی کۆمەڵایەتی، پەروەردەیی و خێزانی، پەتریاکی و میللی دەگەیەنێت. ھەمیشە لە کۆمەلگای ئێمەدا، ماڵ لای زۆربەی ژنان وەک زیندانێکە. شوناسی ژن لەو چوارچێوەیە دایە. ماڵ و ژن، زۆرجار دەبنە دووانەیەک کە لەیەکتری جیانابنەوە، تەنانەت تێڕوانینێکی خێڵەکی لە نێو ئێمەدا باوە کە دەڵێن:_( ژنێک بینە باببیە ماڵ). وەک ئەوەی ئەرکی ژن، تەنھا لەو ئۆڕگانە کۆمەڵایەتیەدایە کە ناوی ماڵە. ماڵێک کە تیایدا سنوور بۆ ھەموو خەون و سەربەستی و ئازادییەکی ژن دەکێشێت. شوێنی ئەو تەنھا ماڵە، لە دەرەوەی ماڵ، ئیدی شوناسی ئەو ھەمیشە لە بەردەم سڕینەوە و ڕوشاندایە.بۆیە کاتی ئەو شاعیرە بانگەشەی ئەوە دەکات کە ماڵێکی لە سەرمانگ ھەیە،ناڕاستەوخۆ ئەوپەیامە دەگەیەنێت کە ماڵی من لە ماڵی ھەمووتان جیاوازە. من وەک ئێوە نیم و وەک ئێوەش ڕازی نابم بە ماڵێک لە سەر زەوی کە بۆم دروست دەکرێت.بەڵکو ماڵی من لە سەر مانگە، کە بە ئەندازەیەک دوورە، دەستی ھیچ کەسێکی نەگاتێ.ئەو ماڵە، ھاوشێوەی ھەموو ئەو ماڵانە نییە کە لە سەر زەوی ھەن.ماڵێکە لەسەر مانگ کە سەدان ھەزار میل لە زەوییەوە دوورە.ئەم جیاوازکەوتنەوەیە،بەرھەمی ئەودیدگا شیعرییە پڕجۆش و خڕۆش وداھێنانە بوو،کە بۆ ساڵانێکی درێژشیعری کەژاڵی پێ دەناسرایەوە.شیعرێک کە ھەمیشە وەک ڕیفۆڕمێکی کۆمەڵایەتی بە گژ داب و نەریتەکان، ئەو قەدەغەکراوانە دەچووەوە، کە ژنیان وەک ڕەگەزێکی لاواز، پاشکۆی پیاو، بێ ناسنامە دەدیت. وەلێ دوای بیست ساڵ، با بزانین ئەو ماڵەی شاعیر بانگەشەی بۆدەکرد کە لە سەر مانگە چی لێھات؟ توانی بینای بکات؟ لە دوای بیست ساڵ و لە کۆمەڵە شیعری زمانی باڵندەم دەزانی، ئەو ماڵە نەک ھەر بوونی نامێنێت و دەسڕێتەوە، بگرە شاعیرھێندە دەستەوەستان و لاواز دەبێت،کە توانای ئەوەی نییە نەک لە سەرمانگ،بگرە زەویش ماڵێک بونیاد بنێت!!.واتا لەو ژنانەش لاوازترو بێ ئیڕادەترە،کە ھەموو ژیانیان لە نێوماڵدا دەبینن و بە سەربەخۆبوونی ماڵیان،واھەست دەکەن کۆتایی خەونەکانیانە.لە دوای ئەو ھەموو ساڵە شاعیر دەڵێت:_
ئێستا کوانێ..کوا ماڵی ھەیە ژیانم؟
وەک چۆڵەکە بە تەنھا فڕین دەزانم..
(زمانی باڵندەم دەزانی ڵا٢١)
واتا شاعیرلەسەر زەویش ھەست ناکات ماڵی ھەیە،ئەگەرچی بیست ساڵ لە مەوبەر لەسەر مانگ ماڵی ھەبوو، بگرە گۆڕەکەشی لە کاکێشان بوو نەک گۆڕستانی ھەمووان. ئەمەش دەریدەخات، کە دوای بیست ساڵ ئەزموونی ئەو شاعیرە،داکشانێکی گەورەی شیعری بەخۆوە بینیوە لە ڕووی فۆڕم و زمان و پەیامی شیعرییەوە بە بەراورد لەگەڵ ڕابردوودا. چونکە نەک تەنھا لە ڕووی گوتاری شیعرەکانەوە، ئەگەر لە ڕووی زمانی دەربڕین و وێنەی ھونەریش لە شیعرەکانی شاعیر بڕوانین،درک بەوە دەکەین کە زمانی شیعری کەژاڵ،بیست ساڵ لەمەوبەر لە زمانی شیعری ئێستای جوانترو سەرنجڕاکێشتر بووە.بۆنموونە: لە بەندەری بەرمۆدادا، لە شیعرێکدا دەڵێت:_
لەم کۆڵانە عەتری یادەوەری ھەیە..
بەڵام بۆن کۆناکرێتەوە..
دەنا شووشە بەتاڵەکانی عاتیفەم لێوان دەکرد..
(بەندەری بەرمۆدا ڵا٧٨)
ئەوشاعیرە،بەزمانێکی سادە،چ وێنەیەکی ھونەری شیعری بەرجەستە کردووە.عەتری یادەوەری و شووشە بەتاڵەکانی عاتیفە،چەند وێنە و دەستەواژەی شیعری جوانن کە سەرنجی خوێنەر ڕادەکێشن.کەچی لە دوای ئەو ھەمووجوانییە لە زماندا، تازە ئەو شاعیرە لە زمانی باڵندەدا دەڵێت:_
پیاو کە پەست بوو ھاوار دەکات..
دەرو دراوسێش دەزانن..چی دەڵێت و چی دەکات
(زمانی باڵندەم دەزانی ڵا ٦٣)
دەکرێ خوێنەران، بەراوردی ھەردووکۆپڵە شیعرییەکە بکەن، ئەو کات دەردەکەوێت کە وێنەی شیعری و زمانی ئەو شاعیرە، بیست ساڵ لەمەوبەر چۆن بووەوە ئێستاچۆنە؟دواجارئەگەر بمەوێت وەک خوێنەرێکی شیعر لە بارەی دوا دیوانی کەژاڵ ئەحمەد ڕایەک بڵێم، ئەوا بێ دوو دڵی و بەوپەڕی ڕاشکاوییەوە، بڕوام وایە خۆری شیعری ئەو شاعیرە ئاوابووە.بۆیە دەبێ ھەرشیعرە کۆنەکانی بخوێنینەوە، تاکو شوناسی شیعری و ئەزموونی شیعری، لە بیری خوێنەراندا بە نەمری بمێنێتەوە!!!…

پەراوێز:_
١_بەندەری بەرمۆدا/ شیعری کەژاڵ ئەحمەد/ ساڵی چاپ ١٩٩٩…
٢_ زمانی باڵندەم دەزانی/ شیعری کەژاڵ ئەحمەد/ ساڵی چاپ ٢٠١٩.

*ئەم بابەتە لە(ئەدەب و ھونەری کوردستانی نوێ)ژمارە(١١١٤) ڕۆژی پێنچشەممە ڕێکەوتی ٥/١٢/٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze