سەرەتا / وتار و بیروڕا / لە مۆڵەتی مێژوودا کتێبێک بۆ ڕەخنەکردنی کۆمەڵگە

لە مۆڵەتی مێژوودا کتێبێک بۆ ڕەخنەکردنی کۆمەڵگە

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان ھیچ کۆمەڵگەیەکی مرۆڤایەتی نییە، لە سەرەتای دروست بوون و سەرھەڵدانییەوە، وەک کۆمەڵگەیەکی پێشکەوتوو ژیاریی و برێفێکت،دروست ببێت.تەنانەت مرۆڤایەتی لە کۆمۆنەی سەرەتاییەوە تا کو سەرمایەداری، بەچەندین قۆناغی ژیاری و زانستیی تێپەڕیوە، تا بە دنیای ئەمڕۆمان کە بە دنیای گلۆبالیزم و تەکنەلۆژیا و مۆدێرنەبوونی ژیان دەناسرێت دەگات. بۆیە سرووشتی دینامیکییانەی ژیانە، کە گۆڕانکاریی و پێشکەوتن و داھێنانە ژیاریی و زانستییەکان، دەبنە بەشێک لە کۆمەڵگە. بەڵام ئەوەی لێرەدا گرنگە ئەوەیە، کە ھەموو ئەو ژیارییبوونەی کۆمەلگە، دەرەنجامی چ دیدگایەک و کامە تێڕوانینە؟ ئایا ڕوانینی نا ئەقڵانی و سۆزدارییانە، دەتوانێت کۆمەڵگە بەرە و کرانەوە و پێشکەوتن بەرێت؟ئایا لە نەبوونی دیدگایەکی ئەقڵانیدا، دەکرێ بڵێین کۆمەڵگە دەتوانێت پێش بکەوێت و لە دۆگمابوون و نەریت پارێزیی و سوونەتی دەربچێت؟ بۆیە ھەموو پێشکەوتنێک لە ھەر ڕووێکی ژیانەوە بێت، بزوێنەرێکی لە پشتە، کە ئەویش دیدی ئەقڵانی و خوێندنەوەی مەعریفی و ڕەخنەییانەی بوون و ژیانە بە ئاراستەی جیاواز، بە ئامانجی ڕیفۆرمکردن و ڕەخنە کردنی ھەموو ئەو تێڕوانین و دید و ئەقڵە دۆگما و ناڕۆشنانەی کە بەربەستن لە بەردەم پێشکەوتنی کۆمەڵگەدا. مرۆڤایەتی، کە زۆرجار ئەوروپا بە نموونەی پێشکەوتن و ژیاریبوونی ژیان دەناسێنێت، سەردەمانێک سەری گالیلۆیان دەبڕی، سوقراتیان ژەھر خوارد کرد، وەلێ بە ڕێنسانس و شۆڕشی پیشەسازیی و ڕۆشنگەریی و جیاکردنەوەی ئاین لە کۆمەڵگە و لە سەرووی ھەموو ئەمانەشەوە، بە بوونی دیدێکی ڕەخنەییانەی ئەقڵگەرا، توانیان پێشبکەون و ئێستا وەک نموونەیەک لە دابڕانی سیاسی و فەرھەنگی و زانستی و ژیاری، لە گەڵ ڕۆژھەڵات دەناسرێت.لە کاتێکدا میراتی فەرھەنگییانەی ڕۆژھەلات،لە ڕووی مێژوویی و بنەمای فیکرییەوە،لە مێژووی فەرھەنگی ئەوروپا دەوڵەمەندترە. تەنانەت خانی چوارد سەد ساڵ لەمەوبەر و دوو سەد ساڵ پێش ئەوروپییەکان،باسی بنەمای نەتەوەیی و دیدگای ڕەخنەیی دەکات. وەلێ ئێستا ئێمە لەو پەڕی دواکەوتوویی و پەراوێزی ئەو وڵاتانە داینە. بێگومان ئەمەش ھەمووی دەرەنجامی نەبوونی دیدگایەکی ئەقڵییە.لەو سۆنگەیەوە کتێبی (لە مۆڵەتی مێژوودا) یەکێکە لەو کتێبانەی کە لە پەراوێزی نەبوونی ئەو دیدە ئەقڵگەراییە لە کۆمەڵگەی کوردیدا، ڕەخنەی تاک و کۆمەڵگە دەکات و دەرەنجام و لێکەوتە نەرێنییەکانی بە سەر کۆی کایەکانی ژیان باس دەکات.ئەم کتێبە،لە کۆمەڵە وتارێکی جیاواز پێکھاتووە،کە خوێندنەوەیەکە بۆ دیاردە و خاسیەتە کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و سایکۆلۆژییەکانی تاک و کۆمەڵگە لە ھەرێمی کوردستاندا. نووسەری کتێبەکە، وەک سۆسیۆلۆژستێک و بە دیدگایەکی ڕەخنەییانەی ئەقڵییەوە، ڕەخنە لەو نەریت و نۆڕم و شێوە ژیانەی ئێمە دەگرێت، کەلە چوارچێوەی ئەو ڕووبەرە کۆمەڵایەتییە دایە، کە پێی دەگوترێت کۆمەڵگەی کوردی. واتا پەیوەندی مرۆڤی کورد بە گشتی و بەو ژینگە و دوروبەرەی تیایدا دەژیت و تەنانەت کەسایەتییانەی خۆشی، لە پەراوێزی ھەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی ئەو پەیوەندییانە دەر دەخات. یەکێک لە دیارترین ئەو بابەتانەی لەم کتێبەداو لە کۆی وتارەکان نووسەر بە وردی لە سەری دەوەستێت و شڕۆڤەی دەکات(غیابی ئەقڵییە) لای تاکەکان. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، کە مرۆڤەکان ھۆش و تێگەیشتنییان بە فۆڕمە میللییەکە نەبێت. بەڵکو بەومانایەی نەبوونی ھیچ دیدێکی ئەقڵگەرایانەیە، بۆ خوێندنەوەی ژیان و دەوروبەرو ڕامان و تێھزرین. بە بڕوای نووسەر، تاکەکانی کۆمەڵگەی ئێمە بەگشتی، ھێندەی خەمی (سک و بەرسکیانە) وەک ئەوەی نووسەر نووسیویەتی، ھێندە عەوداڵی مەعریفە و زانین و تێگەیشتنی ئەقڵی و فیکرییانە نین بۆ بوون و ژیان. لە ھەر شوێنێکیش جلەوی مرۆڤ لە بری ئەقڵ کەوتە دەست سۆز، ئیدی بزێنەری ژیانی تاکەکان بێگومان ئەقڵ نییە، بەڵًکو جۆرێکە لە خرۆشانی کاتی و ھوتافی و سۆزاوی. لەو ڕوانگەیەوە، نووسەر باس لە چەمکی (بەھاری عەرەبی) دەکات و ئەو ھۆکارانە دەخاتە ڕوو، کە بۆچی نەبوونە زامنی سەرکەوتنی ئەو شۆڕشانە و لە بری گۆڕانکاریی ڕیشەیی، ھەمان شانۆی سیاسی پێشوو بەردەوامی ھەیە. نووسەر نەبوونی ئەم گۆڕانکارییانە دەبەستێتەوە بە نەبوونی، دیدگایەکی ئەقڵانی بۆشۆڕش وگۆڕانکاریی. چونکە بەھاری عەرەبی، تەنھا خرۆشانێکی جەماوەریی میللییانە و ھەڕەمەکییانەی کاتی بوو، ھەر گۆڕانکارییەکیش بەرمەبنای ئەقڵ نەبێت، ئەوا ناتوانێت ھیچ واقیعێکی تازە لە ژیانی کۆمەڵگە بێنێتە ئاراوە. چونکە لە بنەڕەتدا ئەوەی دەگۆڕدرێت کەتوارە سیاسییەکەیە نەک دیدگاو پاشخانە ھزرییەکە. ھەڵبەتە ئەمە بۆ عێراقیش ھەر ڕاستە.لێرەوەش دەبینین کە دوای دە ساڵ لە ڕاپەڕین و بەھاری عەرەبی، دۆخی ئەو وڵاتانەی ڕاپەڕینیان تیادا کرا نەک ھیچ گۆڕانکاریەکی بە سەردا نەھات، بگرە خۆزگە بە سەردەمی پێشووش دەخوازن. باسێکی دیکەی نێو ئەو کتێبە، لە بارەی دیاردەی کۆچکردنە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا. ھەڵبەتە کۆچ بەشێک بووە لە سرووشتی کۆمەڵایەتییانەی تاکی کورد کە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەییە بووە، کە بە درێژایی مێژوو کورد تیایدا ژیاوە. لەو سۆنگەیەوە، لێشاوی کۆچکردن بۆ دەرەوە تاکو ئێستاش بەردەوامە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەو کۆچکردنە چی لە ژیانی ئەوان گۆڕیوە؟ تاکی کورد کە دەچێتە ھەندەران، بە گشتی چ گۆڕانکارییەکی بە سەر ھزرو دنیابینی دادێت؟ بە بڕوای نووسەر، تاکی کورد تەنھا جوگرافییا جێدێڵێت نەک کولتوور و ھزر و دنیابینی ڕۆژھەڵاتیانەی خۆی. بەرکەوتنی ئەو بە خۆرئاوا، بەرکەوتنێکی باسیڤە و ناتوانێت، لە پەراوێزی ئەو ھەموو داھێنانە زانستی و ژیارییانە، پێشکەوتن و گۆڕانکارییە مێژوویەکانی خۆرئاوا سوود ببینێت و دواجاریش ببێتە کارەکتەرێکی ئەکتیڤ و خەرمانەیەکی گەورەی ڕۆشنبیریی و زانستی و فەرھەنگی بونیاد بنێت و دواتریش ڕێنوێنی تاکەکانی کۆمەڵگەی خۆی پێ بکات. بۆیە دەبینین لاوازترین و بێ ھێزترین لۆبی جیھانی، لۆبی کوردییە لە سەر ئاستی دنیادا، وێرای ھەبوونی ئەو ھەموو نوێنەرایەتی و پەیوەندییە دبلۆماسیەی حکومەتیش لەگەڵ وڵاتان ھەیەتی. لە کاتێکدا دەکرێ ئەو کۆچکردنە بە دیوێکی ئەرێنی و لە پێناو یەکخستنی توانا و داھێنانە ئەقڵی و زانستی و ژیارییەکانی تاکی کورد، بە ئامانجی خزمەتکردنی نەتەوەکەی خۆیان سوودی لێ ببینرابایە، بەڵام بە پێچەوانەوەیە. باسێکی دیکەی نێو ئەو کتێبە، کە نووسەربە (ئایدزی کولتووری ) ناوی دەبێت، لە بارەی کولتووری کورد بەگشتی و ماکەکانی نامۆبوونی تاکی کوردە بەو کولتوور و فەرھەنگەی خۆی.ھەمیشە لە ڕابردوودا، نەیارانی کورد ھەوڵیانداوە، ڕوحیەتێک لە ناخی مرۆڤی کورد دروست بکەن، کە کولتوورو فەرھەنگی خۆی بەلاوە گرنگ نەبێت و لە پەراوێزی فەرھەنگ و سەرخانی کۆمەڵایەتی نەتەوەکانی تردابێت.ئەمەش بە ڕوونی ڕەنگدانەوەی لە سەر ژیانی تایبەتی و کەسی مرۆڤی کورد ھەبووە. بە گشتی کتێبەکە چەند بابەتێکی دیکەی گرنگیشی تێدایە. بەرلە کۆتایی دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم کە زمانی نووسینی ئەو کتێبە، زمانێکی کۆمەڵایەتییانەی سادە و ساکارە. تەنانەت خوێنەر بەرچەند دەستەواژەیەکی میللی دەکەوێت وەک:(سک و بەرسک، لەوەڕاندن، گاڕان، بارگە و بالیف) دیارە لێرەدا نووسەر مەبەستی بووە بە ھەمان ئەو زمانەی تاکەکان خۆیان بیاندوێنێت. ئەمەش لە پێناو ڕوونکردنەوە و تێگەیشتنی زیاتر، یاخود بە شێوەیەک کە بگونجێت لە گەڵ ھەڵسەنگاندنی میللییانە و کۆمەڵایەتییانەی کۆمەڵگەی کوردی. چونکە زۆر گرنگە بە ھەمان زمانی ھزری ئەو کۆمەڵگەیە، خوێندنەوەی کۆمەڵایەتی و دەروونی بۆ تاکەکان بکرێت. ڕەھەندییەکان کە نەیانتوانی ھیچ گۆڕانکارییەک لە کۆمەلگەی کوردی بێننە ئاراوە، لە ڕاستیدا زمانی دواندنی ئەو کۆمەلگەیەیان نەدەزانی و بە زمانی فەیلەسوفانی ئەوروپا دەدوان، کە ئەمەش کەلێنێکی گەورەیە لە نێوان تاکی سادەی کورد و زمانی ھزر و خوێندنەوەی ئەو کۆمەلگەیە. بۆیە خوێندنەوەی کتێبەکە، کۆمەکی خوێنەر دەکات لە بارەی زۆر پرس و بابەتەوە کە گرنگە بیخوێننەوە و بیزانن.

* ناوی کتێب: لە مۆڵەتی مێژوودا، نووسینی: محمەد تەھا حوسێن، بڵاوکراوەی: دەزگای ڕۆسا_٢٠١٦ ھەولێر.

دەربارەی Sadiq Rwandze