سەرەتا / ئەدەب / وێژە / لە ژووانەوە بۆ دابڕان لە شیعری بەیەکگەیشتنێکی دڵزار_دا

لە ژووانەوە بۆ دابڕان لە شیعری بەیەکگەیشتنێکی دڵزار_دا

سەدیق سەعید ڕواندزی

زمان، یەکێکە لە ڕەگەزە سەرکییەکانی شیعر. ھەروەک مالارمێی شاعیری جیھانیش دەڵێت:(شیعر تەنھا زمانە). بێگومان زمان لێرەدا ڕەھەندێکی دیکەی ھەیە. چونکە ئەگەر زمانی شیعری ھەمان زمانی ئاسایی دەربڕین بوو، ئەوا جیاوازییەک نامێنێتەوە لە ڕووی فۆڕمی زمانەوە. زمان لە شیعردا،وێنەی ھونەری، واتا،شیعرییەت و چێژو ئستاتیکایە. ئەوە گرنگ نییە زمانی دەقێک سادەیە یان ئاڵۆَز، ڕوونە یان تەمومژاوی، بەڵکو ئەو زمانە چەند دەتوانێت لە خولقاندنی شیعرێکی جواندا، ڕۆڵ ببینێت ئەوە گرنگە.زۆربەی شیعرەکانی عەبدوڵا پەشێو، لە ڕووی زمانی شیعرییەوە، ھەڵگری وێنە و دەربڕینی سادەن، کە بە ڕادەیک ھەموو خوێنەرێک لێی تێدەگات، وەلێ پەیام و مانای شیعرەکان، وێنە و ئستاتیکای زمان لای ئەو شاعیرە، بە شێوەیەکە کە ئەگەر بەر شیعرێکی بکەوین ناتوانین لە یادی بکەین. واتا زمانی شیعری ئەو شاعیرە، زمانێکی سەرنجڕاکێشە، زمانێکە کە لەوشەو کەرستە سادەکانی زمان پێکھاتووە. بەو مانایەی ھیچ ئاڵۆزییەک نابینین لە ئەزموونی شیعریدا.بێگومان زمان وەک ئامرازێک، بە پێی قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەدەبی و کۆمەڵایەتی گۆڕانی بەسەر دادێت و پێش دەکەوێت. لە شیعری کلاسیکدا،ژمارەیەکی زۆر وشەی عەرەبی و فارسی و تورکی دەبینین، چونکە ئەو کات زمانی کوردی لە ژێر کاریگەریەتی ئەو زمانانە دابووەو ھێشتا زمانی کوردی نەبۆتە بە شێک لە دنیابینی نووسەران و گوتاری دەقەکان. وەلێ لە دوای ساڵەکانی سەرەتای بیستەکانی ڕابردوو، وردە وردە زمانی کوردیش جۆرێک لە فۆڕمی پەتی بوونی کوردی وەردەگرێت و شێوەیەکی دیکەی ئەزموونی شیعری لەسەر دەستی گۆران دادێت. بەڵام ھێشتا وشە و زاراوەی عەرەبی لە بەشێکی زۆری ئەو شیعرانەش دەبینین کە ئەو کات نووسراون. لە گەڵ بەرە و پێشەوە چوونی ئەزموونی شیعریی و زمانیشدا، دواجار زمانی کوردی دەبێتە زمانی سەرەکی دەقی ئەدەبی و شیعریش بە تایبەتی. لە سەرەتاکانی سەدەی ڕابردوودا، زمانی شیعری دەقەکان زمانێک بووە، تێکەڵییەک لە زمانی عەرەبی و کوردی. زۆربەی دەستەواژە و دەربڕینە شیعرییەکان عەرەبین. ئەمەش وەک سیمایەکی ئەدەبی بە شیعری ئەو قۆناغەوە دەبینرێت.شیعری(بەیەکگەیشتنێکی)دڵزاری شاعیری دیاری کورد، یەکێکە لەو شیعرانەی کە جۆڕێک لە پەتیبوون و ڕەسەنیبوونی زمانی کوردی لە ڕووی وێنەی شیعری و دەربڕینەوە تێدایە.ئەم شیعرە لە ساڵی ١٩٤٦نووسراوە. کاتێ دەیخوێنینەوە(چەند وشەیەکی کەمی لێدەرچێت کە عەرەبین)واھەست دەکەین شیعرێکە بە زمانی ئێستا نووسراوە. لەکاتێکدا زمانی کوردی لە سەرەتای چلەکاندا، زمانێکی تێکەڵ لە عەرەبی و کوردی بووەوە لە زۆربەی شیعری شاعیرانی ئەو سەردەمەدا،درک بەو خاسیەتەی شیعردەکەین. وەلێ لەو شیعرەی دڵزاردا، زمانێکی ھونەری، جوان،مۆزیکی لە دەربڕین و وێناکردن تێدایە. ئەم شیعرەی دڵزاری شاعیر،وەک وێنەیەکی سێ ڕەھەندی وایە و لەھەر لایەکەوە بۆی بڕوانی، جوانییەکی تێدا دەبینی. جوانی لەو شیعرەی دڵزاردا، کە بێگومان جوانی ئافرەتە، لە دیمەنی وێنەیەکی فۆتۆگرافی دەچێت، کە بە کامیرای فول ئێجدی چریکابێت. چونکە ئەویش بە شێوەیەک وەسفی یار دەکات لە ژووانێک، کە تیایدا ھونەرێکی بەرز لە کاری وەسفکردن بنوێنێت. ئەگەرچی وەسف، ڕەگەزێکی سەرەکی ڕۆمان و چیڕۆکە،بەڵام لەو شیعرەی دڵزاردا، بونیادێکی ھونەری دیاری دەقەکەیە. چونکە ئەو بە ئەندازەیەک وەسفی ھاتن و ڕۆیشتنی یاردەکات، کە ببێتە جێی تێڕامانی مرۆڤ، بە بێ ئەوەی لە ئاستی دیتن و بەریەککەوتندا ئەوجوانەی ھەر بینیبێتیش، بەڵام بزانێت لە بەرامبەر چ جوانێکە. واتە ئێمەجوانێکی دیکە کە بەرمەبنای جوانی ئەو وەسفەی دڵزارە لە شیعرەکەدا دەبینین.لەلایەکی دیکەوە،تەواوکاری مانای شیعری لەو شیعرەی شاعیردا لە ئاستێکدایە، کە لە خاڵێکەوە دەست پێدەکات و بەردەوام دەبێت تا دواخاڵ. بەو مانایەی ئێمە لە خوێنەوەی ئەوشیعرەدا، لە بەردەم نیوە ماناو پارادۆکسی واتای شیعری نین، وەک ئەوەی لای بەشێکی نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین بوونی ھەیە. بەڵکو کە شیعرەکە دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە چیڕۆکێک گوێبیست ببین، یان دیمەنەکانی فلمێک ببینین، کە ھەموویان تەواوکەری یەکترین و بە قرتاندنی دیمەنێکییان، مانای ئەوی تریان نامێنێت. بەڵام لەو شیعرەی دڵزاری شاعیردا، کە شیعرێکی ھاوسەروایە و لە سەر شێوەی شیعری کلاسیک نووسراوە، پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانیکی لە نێوان وشە و دەربڕینەکان، وەسف و وێنەکان ھەیە.شاعیر لەو شیعرەیدا، وەسفی دەرکەوتنی یارمان بۆ دەکات، ھەر لە سەرەتاوە تا دەگاتە لای ئەو، دواتریش کە ژووانەکەیان بە لە یەکتری جیابوونەوە کۆتایی دێت.ئەمەش بەشێکە لە تەواوکاری مانای شیعری. وێنە و دەربڕینەکان، دیمەن و گوزارشتکردنەکان،ھەموویان یەکتری تەواو دەکەن، تاسەرەنجام لەو شیعرەدا جوانی ھەڵبەست دەگاتە ترۆپک. دڵزار لە سەرەتای شیعرەکەیدا دەڵێت:_
نیگاری نازدار بەلارو لەنجە..
ھات لەدڵ دەرکا ئێش و ئەشکەنجە.
ھەروەکو جاران لە باخ و ڕەزان
لەگەڵ دەستەیەک لە لێو قورمزان..
گەڕا تا گەییە لای من ھەر ئێستە..
پێی ڕاگرت وەستا بەو چاوە مەستە..
بێگومان دەسپێکی ھەر دەقێک، ئەڵقەی بە یەکەوە گەیاندنی خوێنەرو دەقە، دڵزار لەو شیعرەیدا، ھێندە ھونەرییانە باسی یارمان بۆ دەکات، کە بە تاسەوە چاوەڕوان بین کە دواتر چی ڕوودەدات. بە دەربڕینێکی تر، دەسپێکی ئەو شیعرە، فۆڕمێکی چیڕۆک ئامێزی ھەیە کە گێڕانەوە ڕەگەزی سەرەکیەتی. بۆیە کاتێ دەسپێکی شیعرەکە دەخوێنینەوە، وەک ئەوە وایە چیڕۆکێکمان بۆ باس بکرێت، کە لە چاوەڕوانی ئەوە دابین ئاکامەکەی بەچی دەگات. شاعیریش وەسفی ھاتنی یارەکەی بە لە نجە و لاردەکات.دەرکەوتنی یار لێرە، ھەر تەنھا تاسەی بینینی شاعیر ناشکێنێت، بەڵکو ڕۆڵی حەکیمێکیش دەبینێت، کە ئەو ئێش و ئازارە لەدڵ دەردەکات کە پێی گیرۆدەیە.پێشتریش ئەو، چەند جاری تردەرکەوتووە، بۆیە بە دابڕانی جارێکی دیکە ھەمان ئێش و ئازار لای ئەو نوێدەبێتەوە. ھەر وەکو جاران، مانای وایە پێشتریش یار دەرکەوتووە وھەمان ئێش و ئازاری لە دڵ سڕیوەتەوە. ھاتنی یار، لە گەڵ پۆلێک لە لێو قورمزان بۆ ناو باغەکان، ھاتنێکی تایبەتە. لێو قورمزەکان ئەگەر لەو دەرکەوتنەیان مەبەستێکی گشتییان ھەبێت، ئەوا یارەکەی شاعیرلە نێو ئەواندا، دەرکەوتنی بۆ مەبەستێکی دیکەیە، ئەویش شادبوونەوەیە بە یارەکەی. بۆیە ئەو لە ھیچ شوێنێک ئۆقڕە ناگرێت تا نەگاتە لای ئەو.ئەمە سەرەتای ئەو ژووانەیە کە شاعیر لە پەراوێزی ھاتنە دەرەوی یار لە ماڵ چاوەڕێی دەکات.ئەگەر چی یار لەگەڵ دەستەیەک لە لێو قورمزان دێتە دەرەوە بۆ دەشت ودەر، وەلێ ئەمە بەھانەیەکە بۆ ئەوەی لەو ھاتنە دەرەوەیدا چاوی بە خۆشەویستەکەی بکەوێت. کە دەگاتەلای ئەو،ئیدی وەسف لێرەدا لە جوانی سرووشتەوە دەگۆڕێت بۆ جوانی یار. وەک چۆن گۆرانی داھێنەریش، تەبیعەت بە بێ ڕووناکی دەبینێت ئەگەر بزەی یاری لەگەڵ نەبێت. دڵزاری شاعیریش، لە وەسفی جوانی یاردا، لە شیعری بەیەکگەیشتندا دەڵێت:_
ئەو خوردە ساڵەی کە بێ دیعایە..
شوعلەی کوڵمانی وەک شەو چرایە..
بۆ سووتانی دڵ چەشنی ئاگرە..
ھەرچەند لە پەڕەی گوڵ ناسکترە..
ئێمە لێرەدا لە بەردەم جوانییەک داین، کە ڕەسەن و سرووشتتیە، جوانییەک نییە دەستکرد ومکیاژی و فریودەر(وەک ئەوەی ئێستا ھەیە) بەڵکو جوانییەکە کە خۆی پیشانی ھەمووان دەدات وپێویست بەوە ناکات ڕیکلامی بۆ بکرێت.ئەگەرچی ئەو جوانییە بۆ شاعیر، سەرچاوەی سووتان و ژانە،تینی لە ئاگر بە ھێزترە، بەڵام وەک پەڕەی گولیش ناسکە. بێگومان یەکێک لە خەسڵەتەکانی شاعیری جواننوس و داھێنەر، خوڵقاندنی وێنەیەکی ھونەری جوانە بە زمان،دڵزار لێرەدا،دووھاودژی کۆکردۆتەوە و وێنەیەکی باڵای ھونەری شیعری لێ دروست کردوون.ھەرچەندە کوڵمەکانی شوعلەیان تێدایە،بەڵام لە پەڕەی گوڵیش ناسکترن.بەمەش شاعیرنەک ھەرھەست بە ھیچ ئازارێک ناکات لە کاتی بینینی جوانی یار، بگرە واھەست دەکات پەڕەیەکی گوڵ دەبینێت کە ناسک و جوانە و تازە شکۆفەی کردووە.شاعیر وەک ئەوەی کەڤاڵێکی جوان بنەخشێنێ، بەردەوام دەبێت لە وەسفی ئەوخوردە، ئیدی ھەموو ئەدگارەکانی وەسف دەکات. بەڵام وەزیفەی دیتن لێرەدا کۆتایی نایەت، بە دەربڕینێکی تر،شاعیر ھەر تەنھا لە پێناو جوانیدا وەسفی ئەو خوردە باڵابەرزە کە ئەگەر ئاوریشم بگرێت پەنجەکانی دەگوێن،ناکات، بەڵکو مەبەستێکی دیکەی ھەیە کە دەشێ تەنھا بە ھێمای چاوەکان بیگەیەنێت.ئەویش ژووان و بەیەکگەیشتنی نێوانیانە. بۆیە ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_
منیش چاوێکم بڕیە چاوانی….
بە زمانی عەشق زۆر بە ڕەوانی..
بێگومان زمانی گۆڕینەوەی ڕازو عەشقی نێوان ئەو دووکەسە، زمانی گوزارشتکردن نییە، بەڵکو زمانی ھێما،چاو، ڕازەکانە, واتا تەنھا بە ڕوانین یار دەزانێت مەبەستی ئەو سەیرکردنە چییە، ڕوانینێکی ڕاگوزەرە، یاخود بینینێکی قووڵە کە ڕازو مەبەستی دیکەی لە پشتە کە ئەویش خۆشەویستی و ژووانی بە یەکگەیشتنە. شاعیر لە بری زمان، بەچاو ئەوە ئاماژەیە بۆ یاردەگەیەنێت کە خۆشی دەوێت.وەڵامی یار لێرەدا، وەڵامی گفتوگۆو قسەکردن نییە، بەڵکو ئاماژەکانی چاون. دوای ئەوەی شاعیر بە چاو مەبەستەکەی بە یار دەگەیەنێت، یاریش دەزانێت ئەو ڕوانینە بێ مەبەست نییە، بۆیە ھەر بە ئاماژەی چاوەکانی، وەڵامی تەماشاکردنەکەی شاعیر دەداتەوە کاتێ دەڵێت:_
نھێنی دڵم لە دیدەکانی
یەک یەک خوێندەوە سەرپاکیم زانی.
زانیم کە ئەویش ئەو گۆنا گوڵە..
وەک من گیرۆدەی ئازاری دڵە..
ئەو گۆڕینەوەی ڕازو نیازەی نێوانیان، سەرەنجام ئەو ئاماژەی بۆ ھەردووکییان گەیاند، کە وەک یەک گیرۆدەی خۆشەویستی نێوانیانن. ھەردووکیییان یەکتریان خۆشدەوێت و لە ڕازی دڵی یەکتری ئاگادارن.دوای ئەوەی ھەردووکیشیان گەیشتنە ئەو ڕاستیەی کە ئاشقی یەکترین، ئیدی ئەو ژووانە کۆتایی دێت و ھەریەکەیان دەگەڕێتەوە شوێنەکەی خۆی. لە پاش ئەو دیدارەی ھاوشێوەی بروسکەیەک بە خێرایی ھاتوو نەما، ئەمجارەیان شاعیر دەڵێت:_
لە پاش دیدەنی و ئەوگفتوگۆیە..
ھەریەک بەلایەک چووینەوە کۆیە…
ئەولەگەڵ دەستەی دەستە خوشکانی..
منیش لەگەڵ دڵەی زام و بریانی..
ژووان و یەکتر بینینی ئەوان لێرەدا تەواو دەبێت، وەلێ کۆتایی نایەت، چونکە مەبەستەکە گەیشت.لەو دوودێڕەی دواییدا، خوێنەر ھەست بە ھوشیاریی و ئاستی توانای نووسینی شیعری دڵزاردەکات، لە سەرەتاوە.چونکە ئەگەر سەرنج بدەین، دەبینین شاعیردەڵێت ھەریەکەمان بەلایەکەوە چووینەوە کۆیە. واتا نەیویستووە کەس بەو خۆشەویستیەی نێوانیان بزانێت.چونکە ئەوسەردەمە، سەردەمێکی دواکەوتوو میللی بووە. خۆشەویستی نەبووە، تەنانەت دژ بە نەریتەکانی کۆمەڵگەش بووە. بۆیە شاعیر بۆ ئەوەی یارەکەی لە ھەموو پلارو شکاندنەوەیەک بە دووربگرێت، بە شێوەیەک وەسفی دابڕانەکەیان دەکات، وەک ئەوەی ھەریەکترییان نەبینیبێت. ئەم شیعرەی دڵزار،ئاستی تەواوکاری مانای تیادا بە شێوەیەکە، وەک ئەوەی ئێمە سەرەتا، ناوەڕۆک و کۆتایی چیڕۆکێک ببینین و بخوێنینەوە. ئەمیش، شیعرەکەی بە ھاتنە دەرەوەیەک، دواتر گۆڕینەوەی ڕازو نیاز، پاشان لە یەکتری دابڕان،دەست پێدەکات و کۆتایی پێ دێنێت. شیعرێک کە ھەفتاو سێ ساڵ لەمەوبەر نووسراوە، وەلێ وەک ئەوەی خوێنەر شیعرێک بخوێنێتەوە لە ئێستا نووسرابێت وایە. ئەمەش دەریدەخات کە دەقی جوان، نەمرە و ھەموو سنوورەکان دەبڕێت..

*ئەم شیعرە لە کتێبی(بژاردەیەک لە شیعرەکانی دڵزار)لەساڵی_٢٠١٨بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze