سەرەتا / وتار و بیروڕا / ململانێکانی میسرو تورکیا لەسەر خاکی لیبیا کاردانەوەو لێکەوتەکانی

ململانێکانی میسرو تورکیا لەسەر خاکی لیبیا کاردانەوەو لێکەوتەکانی

بورھان شێخ ڕەئوف
میسرو تورکیا دوو وڵاتی ئیقلیمی گەورەو خاوەن پێگەو مێژوو ی دێرینن لە ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین , سەرەڕای ئەوەی دیرۆکی نێوانیان تەژییە لە ململانێ و گرفتی زەبەلاح ھەر لە سەردەمی سوڵتانەکانی عوسمانی و موحەمەد عەلی پاشاوە تا بە ئەمڕۆش درێژەی ھەیە ئەگەر چی لە ھەندێ وێستگەشدا ئارامی و ئاسایی بوونەوەی بە خۆیەوە بینیوە پەیوەندییەکانیان .
فاکتەری ئێستای ئەو ململانێیانەی نێوان میسرو تورکیا کودەتاکەی عەبدولفەتاح سیسی و سوپای میسرلە ٣یۆلیۆ ٢٠١٣ بێت بەسەر موحەمەد مورسی سەرۆکی ئیخوانی ھەڵبژیراوی میسر کە لە زینداندا مرد , ئەوا ئێستا نزیک بوونەوەی سوپای تورکیا لە سنوورەکانی میسر لە ڕێگەی لیبیاوە ئەوە گەورەترین ھەڕەشەیە بۆ سەر ئاسایشی ئیستراتیجی دەوڵەتی میسر , لە کاتێکدا بە شی زۆری سەرکردەو کادرەکانی کۆمەڵەی ئیخوان موسلیمینی میسر کە نە گیراون پەنایان بۆ تورکیا بردووەو لەوێندەر خۆیان ڕێکخستووەتەوەو کارو چالاکی سیاسی ئەنجام دەدەن .
ھەربۆیەش لە دوای دەستوەردانەکانی ئەردۆگان لە لیبیا و ناردنی ھێزو چەک و فڕۆکەی دەرون بێ فڕۆکەوان و ناردنی ھەزارانی چەکداری بەکرێگیراوی سوری بۆ لیبیا و لاسەنگ بوونی ھێز لە نێوان لایەنە شەڕکەرەکانی لیبیا بە قازانجی حکومەتەکەی فایز سەراج کە تاقمێکی ئیخوانی نزیک لە ئەردۆگان و دوور خستنەوەی ھێزەکانی ژەنراڵ خەلیفە حەفتەری سەرکردەی سوپای نیشتمانی لیبیا لە تەرابلوسی پایتەخت , میسر بە ھێز ھاتنە سەر خەت و ئەو لاسەنگی و دەستوەردانەی تورکیایان بە ھێڵی سوور وەسفکرد و سەرۆکی میسر لە کۆنگرەیەکدا کە پێشوازی لە سەرۆک خێڵەکانی ڕۆژھەڵاتی لیبیا کرد ئامادەیی وڵاتەکەی پیشاندا بۆ ناردنی سوپای میسر بۆ لیبیا لە کاتی پێویستدا و ھۆشداری توندی دابە تورکیا بە نزیک بوونەوە لە سنوورەکانی میسرو ناوچەی ھیلالی نەوتی لە ڕۆژھەڵاتی لیبیا .
پێگەی میسرو تورکیا لە سەر گۆڕەپانی نێو دەوڵەتی
جیاوازی زۆر ھەیە لە نێوان میسرو تورکیا بۆ وڵاتە زلھێزەکان بە تایبەتی ئەوان ھەمیشە بە گوێرەی بەرژوەندییە تایبەتەکانی خۆیان لە بواری ئاسایش و ئابوری دا ھەڵوێست وەردەگرن لە ھەر کێشە و ململانێ یەکدا کە بێتە ئاراوە .
ھەر لەو چوار چێوەدا نیگەرانی و قەڵسبوونەکانی ئەمریکا لە تورکیا کاتێک کە تورکیا سیستمی بەرگری S٤٠٠ ڕوسی کڕی , بەڵام لە بەرامبەر بۆندی کڕینی چەک و فڕۆکەی ڕوسی لە لایەن میسرەوە ھیچ نیگەرانیەکیان پیشان نەدا ئەمریکا .
کارتەکانی تورکیا
یەکێک لەو کارتە بەھێزانەی تورکیا کە پشتی پێ دەبەستێت بۆ فشار خستنە سەر وڵاتە گەورەکان بۆ ئەوەی پشتیوانی بکەن لە کاتی پێویستدا , قەوارەی ئەو ئاڵوگۆڕییە بازرگانیە زۆرو زەوەندەیە کە لە گەڵ وڵاتانی ئەوروپادایە کە دەگاتە ڕێژەی ٥٠% بازرگانی تورکیا لە گەڵ وڵاتانی دەرەوەدا , لەوانەش گرنگتر لە سەردەمی کۆرۆنادا پەیوەندییەکانی ئەوروپا و ئەمریکیەکانیش لە گەڵ چیندا کێشەو ئاڵۆزی زۆری تێکەوتووەو ڕوو لە ھەڵکشانیشە , بەھەمان شێوە لە گەڵ ڕوسیاشدا ئەمریکاو ئەوروپیەکان پەیوەندییەکانیان ڕوو لە گرژییە کە ئەمەش وادەکات کە تورکیا ئەڵتەرناتیفێکی بازرگانی گونجاوگرنگ بێت بە وتەی تورکەکان , بەڵام ڕاستیەک ھەیە لێرەدا ئەبێت لە بەرچاوی بگرین پەیوەندییەکانی تورکیا لە سەردەستی ئەکەپەو ئەردۆگان لە گەڵ ئەمریکا و ئەوروپادا کێشەو ئاڵۆزی گەورەی تێدا ھاتۆتە پێش دوای دەستوەردانەکانی تورکیا لە زۆرێک لە کێشەو ململانێکانی جیھان .
ھەر تایبەت بەو ھەوڵانەی تورکیا بۆ خۆنزیک خستنەوە لە ئەوروپا ماوەی ڕابردوو بەریتانیا و تورکیا ڕێککەوتننامەی بازرگانی ئازادیان واژۆکرد و لە بەرامبەریشدا بەریتانیا سزای سەپاند بە سەر چیندا لە بەرامبەر پێشێلکاری مافی مرۆڤ و ناکۆکی سیاسی , لە ھەمان کاتدا ڕۆژنامە نووسە تورکەکان باس لەوە دەکەن کە ئەمریکا و تورکیاش نزیک بوونەتەوە لە واژۆکردنی ڕێکەوتننامەی بازرگانی ئازاد کە ئەمەش ڕێ خۆشکەر دەبێت بۆ ئەوەی تورکیا کە یەکێک لە وڵاتە بەکاربەرەکانی وزەیە کە غازی ئەمریکی بکڕێت کە لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٣٠٠% زیادی کردووە کڕینی غازی ئەمریکی لەلایەن تورکیاوە .
لە ڕووی ئاسایشیشەوە تورکیا خۆی بە درێژ بوونەوەی ئەوروپا دەزانێت و ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆیە لە ساڵی ١٩٥٢ ەوەو خوازیارە ببێتە ئەندامی یەکێتی ئەوروپا ھەرچەندە ئەم تێزە ئیستا گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووەو ئەوروپیەکان مەرجی تایبەتیان ھەیە بۆ وەرگرتنی تورکیا لە یەکێتی ئەوروپاو لە مەسەلەی پەنابەرانیشدا لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئەردۆگان زۆرجار ھەڕەشەی ئەوەی کردووە کە سنوورەکانی ئاوەڵا دەکات بۆ پەنابەرانی سوری بۆ ئەوەی ڕوو بکەنە ئەوروپا و لە بەرامبەردا داوای پارە دەکات کە ھەموو ئەمانە شانسی بوون بە ئەندامی یەکیتی ئەوروپایان کەمکردۆتەوە .
تورکیا ئیستا ئەوە وەبیری ئەوروپیەکان دەھێنێتەوە کە لەسەردەمی شەڕی ساردا ئەوان ئەوروپایان لە مەدی سۆڤیەتی و شیوعیەت پاراست .
گرنگی تورکیا بۆ ڕوسیا
تورکیا دەستەڵاتی بە سەر گەرووی بوسفۆردا ھەیە کە ڕێگەی کەشتیگەلی ڕوسیایە بۆ دەریای سپی ناوەڕاست و باشووری ئەوروپا , ھەروەھا ڕێگەی کەشتیە جەنگی و ژێر دەرییاییەکانی ھاوپەیمانی ناتۆیە بۆ دەریای ڕەش بۆ بەرگرتن بە ھەژموونی ڕوسیا .
لە ھەمانکاتدا تورکیا بازاڕێکی گەورەشە بۆ غازی ڕوسیا جگە لەوەش ھێڵی بۆڕی غازی سیل ی ڕوسی بە خاکی تورکیادا دەڕوات بۆ ئەوروپا , شایانی وتنە ئەم ھێڵە نزیکە ی ١٥.٧٥ ملیار مەتر سێجا لە کۆی ٣١.٥ مەتر سێجا ڕاستەوخۆ بۆ تورکیا دەگوێزێتەوە بێ ھیچ ناوبژیکەرێک و وڵاتێکی تر بڕەکەی تری ١٥.٢٥ بۆ وڵاتانی باشوورو ڕۆژھەڵاتی تورکیا دەگوێزێتەوە .
لە ڕووی سیاسیەوە
تورکیاو ڕوسیا ھاوبەش و ھەماھەنگن لە زۆر کێشەو قەیراندا بە تایبەتی لە سوریا کە شانبەشانی یەکتر کاردەکەن و بێ ئەوەی بەریەکەوتن ڕووبدات ھەرچەندە ساڵانی ڕابردوو فڕۆکەیەکی جەنگی ڕوسیا خرایە خوارەوە لەلایەن تورکیاوە بەڵام دواتر چارەسەریان کرد , دەربارەی لیبیاش ھەرچەندە تا ئێستا ھەماھەنگی ئاشکرایان نیە بەڵام دوورنیە جۆرێک لە ھەماھەنگی بکەن لە داھاتوودا .
کارتەکانی میسر
لە بەرامبەردا میسریش ڕکابەری دێرین و تازەی ئیقلیمی تورکیا خاوەنی کارتگەلێکی بەھێزە کە گرنگیان لە کارتەکانی تورکیا کەمتر نیە ئەگەر زیاتر نەبێت , ئەگەر تورکیا کۆنترۆڵی ڕێڕەوە دەریاییەکانی نێوان دەریای ڕەش و دەریای ناوەڕاست بێت , ئەوا میسریش کۆنترۆڵی کەناڵی ستراتیجی سویس دەکات کە ڕۆژھەڵات و ڕۆژئاوا بەیەکەوە دەبەستێتەوە , کە ئەم دوو پێگەیە زۆر گرنگن بۆ ئەمریکا و ڕوسیا .
لەوانەش گرنگتر بۆ میسر خاوەنی قوڵایی ئیستراتیجی عەرەبیە لە مێژەوە میسردڵی زیندووی جیھانی عەرەبیە , ئەگەر حیجاز قیبلەی جیھانی عەرەب و ئیسلام بێت ئەوا میسریش باوکی رۆحی نەتەوەی عەرەبەو گەورەترین وڵاتی عەرەبیە لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانەوەو زانکۆی ئەزھەریش لەقاھیرەیە کە ناوەندێکی ئەکادیمی و زانستی دراساتی ئیسلامیە , میسرپێشڕەوی مەسەلە چارەنووسسازەکانی نەتەوە ی عەرەب دەکات و جگە لە شەڕە سەختەکانی میسر لە گەڵ ئیسرائیل لە ساڵەکانی ١٩٦٧ و ١٩٧٣ .
سەرەڕای ئەوانەش میسر سەرکردایەتی میحوەرێکی عەرەبی دەکات کە لە میسرو عەرەبستانی سعودیەو ئیمارات پێکدێت و ھەر ئەو ھاوپەیمانێتیەش بوو پشتی میسری گرت بۆ لەکارخستنی موحومەد مرسی سەرۆکە ئیخوانیەکەی میسر , لە مەسەلەی لیبیاشدا پشتیوانی ھەڵوێستی میسر دەکەن ئەم میحوەرە .
ھەر لەبەر ئەوانەشە کێشی میسر لە سیاسەتی نێودەولەتیدا بەتەنیا پێوانە ناکرێت ھەمیشە ,بەڵکو عەرەبستانی سعودیەو ئیمارات و چەند وڵاتێی تریش لە ناوچەکەدا ھاوپەیمان و پاڵپشتی میسرن وا ئێستاش میحوەری شامیان دامەزراند لە گەڵ عێراق و ئوردن کەباس لەوەدەکرێت لە قۆناغی داھاتوودا عەرەبستانی سعودیەش لەخۆ بگرێت .
میسر خاوەنی سوپایەکی بەھێزە لە ناوچەکەدا لە ڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیەوە , لە ڕووی ژمارەی دانیشتوانیشەوە گەورەترین وڵاتی ناوچەکەیە کەئەم پێوەرانە گرنگن لەلایەن وڵاتانی گەورەو خاوەن بڕیارەوە .
خاڵێکی تر کە زۆر گرنگە لەلایەن وڵاتانی گەورەوە ئەوەیە کە دەوڵەتی میسر نەڕوخێت چونکە ئەوە کارەساتێکی گەورەی لێ دەکەوێتەوە بۆ ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوین کە ھاوسەنگی و شیرازەی ناوچەکە بە تەواو تێکدەچێت , کە دەبێتە ھۆکاری ئاوارە بوون و کۆچکردنی ملێۆنەھا کەس بەرەو ڕۆژئاوا , ھەر تایبەت بە ڕۆڵی میسر بۆ پاراستنی ئارامی و کەناری دەریاکان میسر ساڵی ٢٠١٨ ڕایگەیاند کە لەساڵی ٢٠١٦ ەوە یەک بەلەم و یەک کەشتیش لە کەناراوەکانی میسرەوە بە ڕێگەی قاچاغ و نایاسایی دەرنەچوون بەرەو ئەوروپا , لە کاتێکدا ترس و دڵەڕاوکێ ئەوروپای گرتبووەو کە کەناراوەکانی میسر ببنە سەرچاوەو کانگای گواستنەوەی ئاوارە بۆ ئەوروپا .
ئەو بۆندو پەیمانە سەربازییانەی کە میسر ساڵانی ڕابردوو بەستوویەتی لە گەڵ زلھێزەکانی ئەوروپاو ڕوسیادا دۆستی گرنگ و بەھێزی بۆ میسر خوڵقاندووە کە گەنجینەی پیشەسازی سەربازی ئەو وڵاتانەی بوژاندۆتەوە .
خاڵێکی تری بەھێزی میسر ڕێککەوتننامەی کامپ – دیڤیدی ئاشتی نێوان میسرو ئیسرائیلە کە ئەمریکا پابەند دەکات کە پشتیوانی میسر بکات لە ڕوی سیاسی و ئابوری و سەربازییەوە , سەرەڕای بەخشینێکی ساڵانە کە بڕەکەی ١,٣٠٠ ملیارو سێ سەد ملیۆن دۆلارە بەرامبەر بە پابەند بوون بە ڕێکەوتن لە گەڵ تەل ئەبیب .
لایەنگری وڵاتە گەورەکان
ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا تورکیا و میسر وەکو دوو ھاوبەشی گرنگ دەبینێت , ھاوپەیمانی و دۆستایەتی لەگەڵ ھیچ کامیان ناکات لەسەرحساب و بەرژەوندی ئەوی تر , بەڵام پەیوەندی ڕوسیا و تورکیا توندو تۆڵترە لە پەیوەندی ڕوسیاو میسر , بۆیە زۆرێک لە شرۆڤەکاران بە ھێزی میسرو تورکیا دەبەستنەوە بە زلھێزەکانەوە لەکاتی ڕوودانی بەریەکەوتن لە نێوانیاندا .
لە ھەمانکاتدا کە بەراورد لە نێوان ئەو دوو وڵاتە گرنگەی ناوچەکەدا دەکەین دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە تورکیا ئەندامی ھاوپەیمانی باکوری ئەتلەسیە لە ساڵی ١٩٥٢ ەوە و ھاوپەیمانی ئەمریکایە , بەڵام میسر ھاوبەشی ئاسایشی سەرەکی ئەمریکایە لە باکوری ئەفریقیا و ڕۆژھەڵاتی ناوین لە ساڵی ١٩٧٩ دوای واژۆکردنی ڕێککەوتننامەی ئاشتی کامپ دیڤید لە گەڵ ئیسرائیل .
لە بەر ھەموو ئەوانە بەرژەوەندی بەھێزی ئەمریکا لەوەدایە کە ھەڵسوکەوت لە گەڵ ئەنقەرەو قاھیرە بکات بۆ ئارام کردنەوەی دۆخەکەو خاوکردنەوەی ململانێکانی نێوانیان , بۆ ئەوەی زیان بە ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە نەگات .
ئەگەر زیاتر ورد بینەوە لە پەیوەندییە ئاڵۆزو تێکەڵەکانی ئەم وڵاتانە زۆر شتی ترمان بۆ ڕوون دەبێتەوە , ھەرچەندە تورکیا ئەندامی ھاوپەیمانی ناتۆیە و دوژمنی ئیستراتیجی ڕوسیایە لە گۆڕەپانی جیھانیدا , بەڵام دەبینین ھاوکارییەکی قوڵ لە بوارەکانی ئاسایش و وزەو ئابوری لە نێوان مۆسکۆ و ئەنقەرە ھەبووە لە دەیەی ڕابردوودا .
دەبینین مۆسکۆ و ئەنقەرە لە سوریا و لیبیا دژبەیەکن و لە جەنگدان , کەچی پۆتین و ئەردۆگان سەرکەوتووبوون لەوەی ئەم جیاوازییانە سنورداربکەن و لە بوارەکانی تردا ھاریکار ییەکانیان درێژە پێ بدەن .
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین پێناچێت ئەم ململانێیانە بەم شێوە بەردەوام بێت , ھەرچەندە دوای ھەڕەشەکانی میسر من بە دووری دەزانم ئەردۆگان و حکومەتەکەی فایز سەراج پەلاماری سیرت بدەن , بەڵام ئەگەر شتێکی وا ڕوو بدات ئەمریکا پشتیوانی تورکیا دەکات نەک لەبەر خۆشەویستی ئەنقەرەو ئەردۆگان بەڵکو دژ بە ڕوسیا کە ئەمریکا ناخوازێت ڕوسیا بنکەیەکی سەربازی لە جفرە ھەبێت , چونکە ھەموو ئیستراتیجیەتی ناتۆ و چەک و مووشەکەکانیان لە ڕۆژھەڵاتی ئەوروپایە لە نزیک سنوری ڕوسیا کەمتر دەبێتەوە بەرەو خۆرئاواو ئۆقیانووسی ئەتڵەسی , ئەمریکا و ھاوپەیمانی ناتۆ باش دەزانن بوونی پێگەیەکی سەربازی ڕوسیا لە لیبیا دژ بەم ئیستراتیجیتەیە و ھەموو حساباتەکانی ناتۆ ھەڵدەوەشێنێتەوە,
بۆیە پێدەچێت ئەگەر ئەو شەڕە ڕوو بدات ئەوا ڕوسیا پشتیوانی میسر بکات و چونکە ڕوسەکان لەو بڕوایەدان ناتۆ و تورکیا یەکن , بۆیە ھاتوونەتە لیبیا بۆ ئەوەی ڕوسیا وەدەربنێن .
ھەر بۆزیاتر ڕوونکردنەوەی ئەو بۆچوونە لە مانگی ئایاری ڕابردوودا ناتۆ ڕایگەیاند کە ئەوان پشتیوانی حکومەتی فایز سەراج دەکەن و ئەو جیایە لە ژەنراڵ خەلیفە حەفتر کە میسر و ڕوسیا پشتیوانی دەکەن و لە یەک ئاستدا نین .

دەربارەی Burhan Shex Reuf