سەرەتا / ئەدەب / نالی دەگەڕێتەوە بۆ “خاک و خۆڵ”

نالی دەگەڕێتەوە بۆ “خاک و خۆڵ”

(شارۆیەک بە نێو ڕۆمانی “میرنشینی خاک و خۆڵ”دا)

هۆمەر نۆریاوی

سەردەمانێک لە هەر هەموو پارەکانی کوردستاندا دەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ نووسین، یاساخ و قەدەغە بوو بەڵام مرۆ پەرۆش و خەمخۆرەکانی زمان و کولتووری کوردی هەرگیز لە تاریک و نووتەکترین ڕۆژگاردا لە هەمبەر ئەو مافە ڕەوا مرۆییەدا بێدەنگ نەبوونە و سەرەڕای کەند و لەندەکانی بەردەم ،بە درێژایی دیرۆکی کوردان، ڕاژە و خزمەتی زمان و چاندەکەی خۆیان کردووە. ئەم ڕەوتە هەتا هاتووە بەرچاوڕوونیی زێتری بەخۆوە بینیوە و سەرباری هەموو ئارێشەکانیش، بەردەوام بەرەو پێشەوە ڕێی بڕیوە. لە ڕۆژگارێکدا حەزی مرۆی کورد بۆ خوێندنەوە و نووسین بە زمانەکەی خۆی لەبەر باڵادەستبوونی زمانی دەستەڵاتە زاڵەکانی نێو کوردستان فرەتر لە ڕێی شیعرەوە خۆی دەردەخست ، ڕووناکبیرانی کورد بەردەوام لە هەوڵی بەرفرەوانترکردنی بازنەکەدا بوونە تا زمانی زەنگینی کوردی هەر لە چوارچێوەی شیعردا قەتیس نەمێنێتەوە. هەر بۆیە ئەرچی ناحەزان هەمیشە کۆسپ و لەمپەری بەردەم گەشەسەندنی زمان و فەرهەنگی کوردی بوونە لێ،لە سای مرۆ پەرۆش و زانستوەر و ڕووناکبیرەکانەوە، ئەم ڕەوتە بەردەوام گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هەنووکە ئەم زمانە دەوڵەمەندە لە ئاستی زمانە زیندووەکانی جیهاندا هەژمار دەکرێت و خاوەنی سامانێکی فرەوانی ڕۆشنبیرییە. کەچی جێی داخ و کەسەرە وەک پێویست خزمەتی زانستیی نەکراوە هەر بۆیە زمانی کوردی کەوتۆتە بەر فەرتەنە و باهۆزێکی ترسناک و لەبەر خەمساردیی و کەمتەرخەمی بنکە و ناوەند و لایەنە زانستییە بەرپرسیارەکان، ئێستاکە بە تووش گێژاوێکەوە هاتووە و کەسیش لەو نێوانەدا خۆی لە هەمبەر ئەم دۆخە هەژێنەرەدا بە بەرپرسیار نازانێت. ڕۆژانە بە دەیان پەڕتووک و کتێب بە زمانی کوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە کەچی چاودێرییەکی ئەوتۆی زمانیی و تەکنیکی بەسەرەوە نابینیرێت و هەر ئەم پرسەیش زمانی کوردی تووشی پاشاگەردانی و خوێنەریش بە تووش چەواشەییەوە دەکات.  لەو بەینەدا گەلێک کتێبت بەردیدە دەکەوێت کە تەمەکە دەڕەوێنێتەوە و ئۆخژێنک بە دڵ دەدات.

یەکێک لەو پەڕتووکە گرانباییانە کە ئەم ماوەیە بە خوێندنەوەی،ئۆقرە و سوکنایەکم بە دڵ بەخشی و چێژێک بە گیان،ڕۆمانێکە لە ژێر ناوی “میرنشینی خاک و خۆڵ” بە قەڵەم و خامەی شاعیر، ڕۆژنامەوان و ڕۆماننووسی زمانپاراو “نەبەز گۆران”.

نەبەز گۆران،بە زمانێکی سادە و ساکار لێ،کاریگەر و لە ڕێی هونەری گێڕانەوەوە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی میرنشینەکان و یەک لە شائەستێرەکانی نێو ئەدەبی کلاسیکی کوردی.

زمانی گێڕانەوەی نووسەر لەم ڕۆمانەدا،ئەوەندە پاکژ و لە دڵەوە نزیکە،خوێنەر نایهەوێت هەتا دواپەڕ دەستبەرداری خوێندنەوەی کتێبەکە ببێت. ڕەنگە هۆکاری سەرەکیی ئەم پرسەیش،ڕووی لەو کەسایەتییە بێت کە نووسەر تیشکی خستۆتە سەر.

“میرنشینی خاک و خۆڵ”،ناونیشانێکی باڵکێش و پڕ بە پێستی ئەو گەوهەرەی نێو تۆرەی کوردییە کە نەبەز گۆران بۆ ڕووبەرگی ڕۆمانەکەی دەستنیشانی کردووە. ڕووناکبیر و وێژەوانێکی وردبینی نێو میرنشینێک تا لە نزیکەوە دەبێت و خاکەڕایانە و خۆبەخشانە خزمەت بە زمانەکەی خۆی دەکات،ڕۆژانە بە تووش دەیان ئارێشەوە دێت و بە هەزاران تیر و توانجی تێدەگرن و سەدان تۆمەتی دەدرێتە پاڵ و بە دژە دین و لادین و ئاژاوەگێڕ ناوزەد دەکرێت. ئەمە هەمان پەندی کوردییمان وەبیر دێنێتەوە کە “دار هۆرەی لە خۆی نەبێت،ناقەڵیشێت” یان “دار بە پوازی خۆی ئەقڵیشێ”.

نەبەز گۆران، بە خوێندنەوەیەکی ورد و قووڵ بۆ زمان و کەسایەتی و سەردەمی ئەم گەوهەرە درەوشاوەیە،لە ڕێی پێنووسێکی خەیاڵاوییەوە،تابلۆ ڕاستینەکانی ئەو سەردەمەی ناو کۆمەڵی کوردییمان دەخاتە پێش چاو. سەردەمێک،کۆمەڵ نوقمی نێو کۆنەپەرستی و نەخوێندەواری و گیرۆدەی دەست بتەکان دەبێت و ئەوەی ڕووناکاییەک بە کۆمەڵەکەی ببەخشێت،هەزاران تۆمەتی دەدرێتە پەنا.

ڕاستە ڕۆمان،بەرهەمی بیرێکی بەرفرەوان ،هزرێکی داهێنەر و خەیاڵێکی قووڵە لای نووسەر لێ،زۆر جاریش لە دنیای واقیعەوە گەلێک نزیکە و دەڵێی خودی ڕاستییەکان دەگێڕێتەوە. بۆیە نەبەز گۆران لەم ڕۆمانەدا دەڵێی پەردە لە ڕووی ڕاستییەکانی ژیانی ئەو سیما پرشنگدارەی نێو ئەدەبی کوردی هەڵدەداتەوە و ئەوە وانەیەمان بۆ دەگوێزێتەوە کە مرۆی خەمخۆر تا لە پەناماندا دەبێت، ڕۆژانە تیری ژەهراوی تێدەگرین و لە ڕێی کۆمەڵە مرۆیەکی نەخوێندەواری دژە فەرهەنگەوە، شاربەدەر دەکرێت.

هەوێنی ئەم ڕۆمانە زەنگینە،خودی سەرگورشتەی حەزرەتی “نالی”یە کە هەمیشە هەگبەکەی، نیشتمانی تێدایە و لە کوێ بێت،هەر دڵی بۆ نیشتمانەکەی لێ دەدات.

ڕۆماننوس زۆر ورد و ژیرانە و بە شێوازێکی سەرنجڕاکێش و ئاوێتە بە زمانێکی زەنگینی کوردی و پانتاییەکی بەرفرەوانی خەیاڵ،دیوە شاراوەکانی ژیانی نالیی مەزنمان بۆ دەردەخات.

باس لە خۆشەویستی و توانەوەی نالی لە نێو زمانی کوردییمان بۆ دەکات،وێنەی ئەوین و ئەشقە بێگەردەکەی لە هەمبەر حەبیبەی گراوییمان بۆ دەکێشێت کە ئەرچی عالەم بە [خێل]ی دادەنێت بەڵام لای وی، خودی ڕاستینەی ئەشقە.

ڕۆماننووس هەر بە شاپەڕی خەیاڵ و ڕۆشنبیریی باڵای خۆی،دنیابینی و هزر و ئەندێشەی قووڵی نالی بە نیگاری ڕستەی نیگارینی کوردی دەنەخشێنێت،بیری تیژ و وریایی ئەم سیما تیشکاوییە دەخاتە بەر دیدەی خوێنەر. باس لە زۆرینەی شوێنکەوتەی دەسەڵات و مرۆی هەلپەرستی زەمانە و ڕۆژگار دەکات و وەک کامێرا بەدەستێکی وریا،مەنزڵەکانی نالی، یەک بە یەک بەسەر دەکاتەوە. پێمان دەڵێت، نالی هەر لە پێناو نیشتمانەکەیدا کەشکۆڵی غوربەت لە کۆڵ دەکات کەچی هەرگیزای هەرگیز بۆ ساتێکیش ناتوانێت تەنانەت واز لە خۆشەویستیی سێبەری نیشتمانەکەیشی بێنێت.

ئەم ڕۆمانە،داگەڕانێکە بە ژیانە پڕ هەوراز و نشێوەکەی نالیی مەزندا و خوێنەر قۆناخ بە قۆناخ لە هەست و نەست و هەناسەی نالی نزیک دەبێتەوە و تا دواپەڕ ڕاست لە نێو خودی نالییدا دەتوێتەوە.

“میرنشینی خاک و خۆڵ”،ئەوەمان پێ دەڵێت مخابن گەوهەرەکان تا لە نزیکەوەن،نرخیان نییە کەچی هەر کە لێمان دوور دەکەونەوە، بە حەسرەتەوە باسیان دەکەین. ئەم پرسە بەرۆکی خودی نالیی شاعیریش دەگرێت و تا لە نیشتمانەکەی دەبێت، ڕۆژانە سەدان ئاستەنگ و کێشە و گرفتی دێتە سەرڕێ و لە لایەن دینداری دوورە دینەوە وەبەر پەلامار دەدرێت،چونکە نالی بۆ خۆی خودی ڕووناکییە و دەیهەوێت تیشکەکەیشی بۆ کۆمەڵەکەی بگوێزێتەوە و مرۆ وەهزرین بخات و پەردە لە ڕووی هزرە وشک و ڕەشەکان هەڵبداتەوە.

ئەم ڕۆمانە نازەنینە، دەیان شاڕستەی لە دووتوێدایە کە نرخی بەرهەمەکە چەند هێندە فرەتر دەکات و نووسەر بۆ هەر چەند ڕووپەڕێک،یەک لەو شاڕستانە لە دوابەشدا وەک کرۆک و مەغزا و پەیام بە دیاری بە خوێنەر دەبەخشێت.

(“ئازار،بۆ هۆشیارکردنەوەی مرۆڤ پێویستە.

مرۆڤ نەتوانێت خەونەکانی بکێڵێت،ناتوانێت ئومێدێک دروست بکات.

سەیرکردنی گیانەوەران،بەچێژترە لە خواردنیان.

هەتا کێوەکان بەرزتر بن،سپیترن.

مرۆڤ ئەو کاتە خەسار بوو،فێری چاوەڕوانی بوو.

مرۆڤەکانی ئێستا بە شێوەیاندا هەڵدەسەنگێنرێن،نەک بە بیرکردنەوەیان.

ئەو کاتەی مرۆڤ پەرژینی دروست کرد،ژەهراوی بوو.

بەهار،وەرزی کوشتنی نائومێدییە.

خاوەنانی خەونە گەورەکان،غەریبەکانی سەردەمی خۆیانن.

زەوی کاتێک وێران دەبێت،خۆشەویستیی ناو دڵەکان نامێنێت.

مرۆڤ،تارمایییەکەی جوانترە لە خۆی.

تەنها خەونت هەبێت،ئامانجیشت هەیە.

هەتا بازاڕەکان گەورەتر بن،فریودان گەورەترە.

گەر جوانیی فڕینی باڵندەیەک سەرسامت نەکات،گومان لە جوانییەکانی ناخت بکە.

منداڵان هەمیشە بە شوێن شتە جوانەکاندا دەگەڕێن.

باران،خەمگینی دەسڕێتەوە.

هەتا شوێنە ئایینییەکان زۆر بن،عەقڵ کەمە.

ئەو خۆشەویستانەی لە خەیاڵدا دەمێننەوە،هەمیشەیین.

ئەوەی خەونی گەورەی هەبێت،ژیانی خۆی بیر دەچێتەوە.

یەکەمین خۆشەویست،یەکەمین برینە،تا مردن لە سینەدا دەمێنێتەوە.

کە فێری نانخواردنی ماڵان بوویت،هەرگیز نابیتە خاوەنی سفرەی خۆت.

سەرەتای نووسین وەک منداڵییە،بە لاساییکردنەوە دەست پێ دەکات.”)

(میرنشینی خاک و خۆڵ،نەبەز گۆران)

لەودیو هەر کام لەم شاڕستانەوە،پەیامێکی درەوەشاوە خۆی دەردەخات و مرۆ دنە دەدات ڤیانی زێتر بۆ کۆمەڵ بگوێزێتەوە و مرۆییتر بژییت. ئەزموونی خوێندنەوەی ورد و ژیرانە لە پشت هەر کامە لەم ڕستە نیگارینانەوەیە و پێمان دەڵێت نووسەر تا چەندە قووڵ بیر دەکاتەوە و دەیهەوێت هەموو دەستکەوتەکانی خوێندنەوەی خۆی بخاتە بەردەست خوێنەر.

لە درێژەی ڕۆچوون بە نێو قووڵایی ڕووپەڕەکانی ئەم ڕۆمانە گرانباییەدا ئەوەمان لە لا ڕوون دەبێتەوە کە نالی وەک ڕووناکبیرێکی مەزنی سەردەمەکەی خۆی،زۆر زوو پەی بەو شوێن و مەکۆیانە دەبات کە بە نێوی دین و ئایینەوە خەڵک لە خەو دەکەن و ناهێڵن توانا و هێزی بیرکردنەوە و هزرین لای جەماوەر بپشکوێت؛هەر بۆیە بەردەوام وەبەر تیری ژەنگنی بتەکان(میر،شێخ،مەلا و …)دەکەوێت. بۆیە تەنیایی، هاوڕێ و یاری هەمیشەیی نالی دەبێت و لە سووچی خەڵوەتی زەمانەدا بیری پتر باڵا دەکات کە دواتر ڕووناکایی بە ئەدەب و تۆرەی نەتەوەیەک دەبەخشێت.

بێگانەپەرستی و بە سووک و نزم سەیرکردنی سیما پرشنگدارەکانی نێو خودی خۆمان،یەکێکە لە دەرد و پەتا کوشندەکانی نێو کۆمەڵی کوردی و بە درێژایی مێژوو،ئەم پەتایە ئەوکی ئێمەی کوردی بەر نەداوە و ئێستایشی لەگەڵ بێت،هەر خەریکە شۆڕتر و درێژتر دەبێتەوە.

نالی لە سەردەمێکدا زمانی کوردی بۆ نووسین دەکار دێنێت کە بەداخەوە زۆربەی ڕووناکبیر و پێشکەوتنخوازەکانی خودی کورد،سڵ لە زمان و بوون و ناسنامە و شوناسی کوردیی خۆ دەکەنەوە و بەردەوام ئەو تۆمەتە دەدەنە پاڵ نالی کە گوایە کەسێکی دەمارگر و شوێنکەوتەی ئەقڵییەتی خێڵەکییە و نایهەوێت زمانی باڵا دەکار بێنێت. بە لای ئەم جۆرە مرۆڤانەوە،گەر پشت لە زمان و چاند و فەرهەنگەکەی خۆت بکەیت و زمانی نووسینی بێگانە و باڵادەست(فارسی،عەرەبیی و تورکی) دەکار بێنیت،دەبیتە نووسەرێکی پێشڕەو و پێشکەوتنخواز. بۆیە نالی بەردەوام بەرەنگاری ئەو ئەقڵییەتە دەبووەوە و هەر لەسەر ئەوەیش،تووشی گۆشەگیریی و ماڵ وەکۆڵیی و غوربەتێکی زۆر هات کەچی بەردەوام خەمی نیشتمان و زمانەکەی لە کۆڵ نابوو.

هەندێکجار مرۆ بۆ ئەوەی بەهرەکانی زێتر بپشکوێت،پێویستە لە شوێنیکدا قەتیس نەمێنێتەوە و بەردەوام سەفەر بکات. بۆیە نالی هەرگیز خۆی بە شوێنێکەوە نابەستێتەوە و هەمیشە لە سەفەردایە و هەر لە سەفەریشدا،پتر خۆی دەدۆزێتەوە و فرەتیش خۆی دەناسێت. ئەو هەموو گەشت و سەفەرە،ئەو نالییە دروست دەکات کە هەنووکە کۆڵەکەیەکی سەرەکیی ئەدەبەکەی ئێمەیە و هەمیشە شیعرەکانی بەرامەی تازەییان پێوەیە و تا زەمەن پتر تێدەپەڕێت،نرخی شیعری نالی زێتر دەبێت. چونکە هەڵگری ئەزموونێکی فرە کۆمەڵە.

نوێخوازیی و داهێنان هەمیشە باجی قورسە و کۆمەڵ هەر وا سووک و سانا ناچێتە ژێرباری. زمانە نوێیەکەی نالی ئەوەمان پێ دەڵێت و خودی نالی لەو پێناوەدا تووشی زەحمەت و دەردەسەرییەکی فرە دەبێت و بەردەوام بە لادەر و گێرەشێوێن تۆمەتبار دەکرێت.

ڕووناکبیر،بە کەسێک دەوترێت کە هەرگیز لە شوێنێک ناوەستێت و بەردەوام خەریکی نوێکردنەوەی خۆی و کۆمەڵەکەیەتی با باجەکەیشی قورس بێت. نالی بە دڵ دەچێتە ژێرباری ئەم ئەرکە گرانە و دەرەنجامەکەیشی ئەوە دەبێت لە ماڵ و دیارەکەی خۆی وەدەر دەنرێت و هەگبەی ئاوارەیی و غوربەت لە کۆڵ دەکات. کورد گوتەنی”ئاو لە شوێنی خۆی بمێنێتەوە،دەگەنێ”یان” ئاوێ لەبەری نەڕوا،بۆگەنی دەبێ”. مرۆی ڕچەشکێن،بوێرە و بۆ ئەم پرسەیش،خەتەر دەکات و سڵ لە مەترسییەکانی سەرڕێ ناکاتەوە.

وەک پێشتر ئاماژەی پێ درا ،ئەم ڕۆمانە دەیان پەند و پەیڤی زەنگین لە خۆ دەگرێت کە نرخی ڕۆمانەکە بۆ خوێندنەوە چەند هێندە دەکات. بەڵام لە هەمان حاڵدا ڕەخنەیشی لەسەرە و دڵنیایشم نووسەر بە سینگفرەوانییەوە وەرگری ڕەخنەکان دەبێت.

لە گەلێک شوێنی ئەم ڕۆمانە بەپێزەدا زۆر هەڵەی ڕێنووست بەرچاو دەکەوێت کە بۆ بەرهەمێکی ئەوەندە نەخشین،ئەمە بە گوناح دادەنرێت و حەیفە نووسەر لە هەمبەر ئەم پرسەدا خەمسارد بووە. هەر چەندە ڕەنگە لە کاتی پیتچنیندا ئەم پرسە ڕووی دابێت بەڵام بەرپرسیاری یەکەم،خودی نووسەرە و دواتر دەزگەی چاپ و بڵاوکردنەوەی بەرهەمەکە. زۆر ڕستەیشت بەردیدە دەکەوێت کە ڕۆحی کوردی تێدا نییە و لای خوێنەری وریا وایە کە ئەم ڕۆمانە لە زمانێکی دیکەوە کراوە بە کوردی.

هەروەها نووسەر لە بڕێک شوێندا دەست بۆ داڕشت، وشە و دەستەواژەی زەقی فارسی دەبات کە ئەمە بە خاڵێکی نەرێنی و کەموکووڕییەکی بەرچاو بۆ نووسەرێکی وەک نەبەز گۆران دادەنرێت؛ڕاستە نووسەر شارەزا بە زمانی فارسییە و خوێندنەوەی باشی لەم زمانەدا هەیە بەڵام زۆر باشتر لە من دەزانێت ئەرچی کوردی و فارسی لە یەک خێزانە زماندا پۆلێنبەندی دەکرێن بەڵام دوو زمانی سەربەخۆ و جیاوازن و وشە و دەستەواژەکانیش لەم دوو زمانەدا هەڵگری واتا و مانای جیاوازن.

نەفەسێکی قووڵی ناشییانە،ل100(داڕشتەکەی تەواو فارسییە و ڕۆحی کوردی تێدا نابینرێت)

کەڵەشێر خوێندی،ل191(کورددەڵێ،قووقە یان قوولەی کەڵەشێر)

قووتی نان،ل228(قووت بۆ خۆی نانە و چ پێویستی نەدەکرد نانەکەیش بخرێتە پەنایەوە)

وشەی [داستان] لە زمانی کوردی و فارسیدا دوو واتای جیاوازیان هەیە. کورد ،داستان زێتر بۆ ئەفسانە،حیکایەت و قارەمانەتی و حەماسەت دەکار دەهێنێت)

عەتتار نەیشابووری دروستە نەک نەیشاپووری(نەیشابوور، شارێکی پارێزگەی خۆراسانی ڕەزەوی لە ئێراندایە)

بایەزید بەستامی دروستە نەک بایەزید باستام

[هەیاهوو،ل 23]،وشەیەکی بە تەواوەتی فارسییە و نابێت نووسەری وەک نەبەز گۆران بیخاتە نێو نووسینی کوردییەوە. سەراسیمە،بەقاڵ،زشت و چەندان وشەی دی،هەموو فارسیین و فڕیان بە کوردییەوە نییە. زمانی سەردەست کارێک بە مرۆی بندەست دەکات کە هەموو شتێکی خۆی بەسەردا دەسەپێنێت. بەداخەوە شاڵاوی فەرهەنگی بەم چەشنە دەست پێ دەکات کە دواتر خۆ قوتارکردن لەم هێرشە، ماندووبوونێکی درێژخایەن و پلانی وردی فەرهەنگی گەرەکە.

قسە لە دەمی نەکەوتبووە خوارەوە(کورد دەڵێ هێشتا قسەی لە دەم دەرنەچووبوو)

پارچەیەک نان،داڕشتەکەی ناکوردییە و زمانی کوردی چەندان هاوتای لەم پێوەندییەدا هەیە،ل13

قوستەنتەنییە دروستە نەک قوستەنتینە،  ل240

ئەمما،هۆشیاری،ڕووە سەوزەکەی بە سەوەزەکەی هاتووە،هەڵدەگەڕا،دەگەڕا(بە هەڵدەگەرا و دەگەرا هاتوون)،دەگێڕا(دەگێرا)،جووتیارەکە نەک جووتیارە،تێپەڕی(تێپەری)،سەرسامییەوە(سەرسامیەوە)،خوێناوییانە(خوێناویانە)،عەبا لە شان(عابالەشان)،بە زەردەخەنەوە(بەزەردەخەنەوە)،ماندوویت(مادوویت)،بچکۆلە،بچووکەلە نەک بچۆکەلە،تێدەپەڕی(تێدەپەری)،بگەڕی(بگەری)،دەستشۆرییەکان(دەستشۆریەکان)هاوڕێکەی(هاوێکەی)،بفڕێت(بفرێت)،کردووە یان کردبوو(کردوو)،جیاوازییەکی(جاوازییەکی)،پڕمەیەکی(پرمەیەکی)،کاسبییەکی دروستە نەک کاسپییەکی،بازاڕ(بازار)،کردەوە(کردوە)،دوورەوە(دورەوە)،مزگەوت(مزگەوەت)،گوناهبار(گوانهبار)،دەگرت(دەگرد)و بە دەیان هەڵەی تر.

زۆر وشەی دووانەیش بە سەر یەکەوە نووسراون ئەوە لە حاڵێکدایە کە زۆر جار وشە دووانەکان هەڵگری واتای جیاوازن و گەرەک بە جیا بنووسرێن.

سەرباری ئەم خاڵانەی کە ئاماژەیان پێدرا،ڕۆمانی “میرنشینی خاک و خۆڵ”ی نەبەز گۆران،یەک لەو ڕۆمانە هەرە بەپێزانە دێتە ئەژمار کە بەم ساڵانە چاپ و بڵاو بووەتەوە و شیاوی چەند جار خوێندنەوەیە.

جێی ئاماژەپێدانە کە شاعیر ،ڕۆژنامەنووس و ڕۆماننووس”نەبەز گۆران”بە یەک لە دەنگ و سیما دیارەکانی هەنووکەی نێو ڕووبەری ڕۆشنبیریی کوردی دادەنرێت کە ساڵی 1977(1356ی هەتاوی)لە شارۆچکەی “بیارە”ی باشووری کوردستان لەدایک بووە و هەتا ئێستایش چەندان ڕۆمان و بەرهەمی شیعری و ئەدەبی چاپ و بڵاو بووەتەوە.

ژێدەر:

  • میرنشینی خاک و خۆڵ،نەبەز گۆران،ڕۆمان،چاپی یەکەم،2017،چاپخانەی ئەندێشە،سلێمانی
  • پەندی کوردی لە باخچەی گەردی،حەمید گەردی،چاپی یەکەم،2006،چاپخانەی وەزارەتی ڕۆشنبیری،هەولێر

 

 

دەربارەی Homer Noryawi