سەرەتا / ئەدەب / وێژە / نامەکانی ئیشق .. بۆ بۆنی ھەناسەی سروشتێ لە بەھار جوانتر باران

نامەکانی ئیشق .. بۆ بۆنی ھەناسەی سروشتێ لە بەھار جوانتر باران

نازانم لە کوێی جوانی چەپکێ گوڵە نێرگزێکەوە بۆنی چریکەکانی ئەوین بە سەر باڵی پەروانەیەک بەر لە سووتانی بۆ کەناری سەمای ئەو گوڵە وەریوە بنێرم کە سەراپا شاڕێیەکانی بە غوباری زەردی جەستە مردووەکانی گەڵا تەنراون، لەوێوە دڵێکی ھەمیشە ھۆگر و ئولفەت بە جوانی روخسارت ھەڵزناو، لە مەرکانەیەکی سەرشانی ڕێ زنەی نیشتیمانی کڕبوە دەچێ، تا بە ئاقاری رووبارەکانی پەڵە ھەورا وەک شۆڕەبییەک بە کراسی دڵتا ھەڵواسراوە لە باخچە جوان و پڕ نھێنییەکانی دڵم نەبێ لە ھیج شتێکی دی ناچێ.
تۆیش لە سەرە ڕێی شەقامتا پێ بە دڵما بنێ با لەو کۆزە بجی کە ئەمجارە لە کانی بە ساغی نایەتەوە، ئەو دەمانە لاشەی ئەوین پێکەوە لە دارێکی تابووتی دەنێین و بە سەر شانمانەوە غلۆری دوا ئارامگای دەکەین وەک خۆمان دەیکەینەوە بە خۆڵ.
تۆ لە کوێوە بووشی زەنگی ئەو ھەستەت پەی پێ برد و قامکە ھەمیشە پڕ ھەنگوینییەکەی دۆشاومژەت پێوە لکان و تا نووزەی دوا دابڕانی نەزانی پەنجەت ھەڵنەبڕی و خۆت بە دەستی مەیلەکانمەوە نەدا و کۆڵت نەدا، ئەو دەمانەی دەرگای ئەوینی دڵم کرایەوە، ئیتر حەزرەتی ئیشق جاویدانی خۆی دەنووسییەوە، تۆیش نەخوێنەوار و نابینایەکی دەروازەکەی رابوونی ئەو کۆستەی بووی و بەرۆکمی دەگرت و داخورپەکانی بە قەد باڵای دارخورمایا ھەڵدەگژا تا نزاکانی بە خوا بگەیەنێ.
بەزەییەکان ئولفەتیان لە گەڵ دابڕان گرتووە، ئەو دابڕانەی ڕێی لە بۆن و بەرامەی ماچەکانی بەرایی بەر دەرگای باڵات دەگرێ و مەست مەستی چاوەکانت بووە، دەیزانی خانمی سەروبەستی کوردەواری وا بە سانایی نابیتە قۆڵبەند و بازوبەندێکی ترازاو دەبێ، فوو لەو چراتۆڕە دەکا کە رۆحی بەر تەدارەکی ساتە شیرینییەکانی دەبێ، تاڵان بە ماڵم کە ھێشتا زمانی ئەوین گڕوگاڵی نەکردووەو بە وەیشوومەی غەدری دەزانی، بە ئافاتی خیانەتێ وەک گوارەیەک قوڵفگیری ھەلتەکێنێ و ئیدی جوانی ئەتک بکا، رۆحم بە سەر باڵی پەروانەیەکدا لە دەم روناھی و گەرمی و پڕ گڕەکەی چرای ئیشق بسوتێم و ئەو دیو رەژوو بگرم، لە خوا بپرسە ژانەکانم چەن بە سوێن.
بشێ بە ھەق ئەو بارانە بیت لوتفەکانت لە زیندانی مکووڕ بوونتا یاخی بێت و بە سەر جەستەی گڕاویما ببارێ و نەمگەیەنیتە سوتوو بوون، با ببمە ھەتوانی پڕپۆڵەیەک بۆ قەتماغەی زامەکانت نەبا ئازارت پێ بگا دەسا توووخوا لێمگەڕێ با بسووتێم، بیرم بکەو سا بفڕە و لە ئامێزی ئاوەڵاما بنوو، بنوو با ئەوین جێمان بۆ راخا و ئیشقیش باوەشێنمان بکا.

ئیدی لە نێو نزاکانما بنوو خوا دەتپارێزێ
سەردار جاف
لیمبۆرگ : ١٤ / ٤ / ٢٠١٧

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.

وەڵامێک بنووسە