سەرەتا / هەمەڕەنگ / نامەی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و ئێرانی بۆ هونەرمەندانی جیهان

نامەی کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و ئێرانی بۆ هونەرمەندانی جیهان

کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی کورد و ئێرانی لە نامەیەکدا بۆ هونەرمەندانی جیهان نووسیویانە: خه‌ڵکی ئێران ئه‌مڕۆکه‌ ڕووبه‌ڕووی دوو قه‌یران بۆ‌ته‌وه‌: قه‌یرانێکی هاوبه‌ش به‌ ناوی “کۆڕۆنا” که‌ ئێوه‌ ده‌یناسن و قه‌یرانی “ئابڵۆقه‌” که‌ خۆزگه‌ هه‌رگیز نه‌تانده‌ناسی. بۆ ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی، ئێستا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بزانین ئێوه‌ – هونه‌رمه‌ندانی جیهان – سه‌باره‌ت به باروودۆخی نه‌خۆشه‌کانی کۆڕۆنا، منداڵان و پیر و په‌ککه‌وته‌کانی توشبوو به‌م نه‌خۆشییه‌ و که‌مبوونه‌وه‌ی پێداویستییه‌ پزیشکییه‌کانی ئێران له‌م قه‌یرانه‌دا، چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌؟ چی ده‌ڵێن و چی ده‌که‌ن؟

لە دەقی ئەم نامەیەدا، کە بە واژۆی هونەرمەندانی بەرچاویی کورد، لەوانە: کەیهان کەڵهوڕ، هووشەنگ کامکار، ئەردەشیر کامکار، بێهرووز غەریب پوور، سەعید ئاقاخانی، کەیخەسرەو پوورنازری، تەهموورس پوورنازری، سۆهراب پوورنازری، مەهناز ئەفزەلی، کوروش سلێمانی، عەبدولجەبار کاکایی، ئیلهام پاوەنیژاد، شادمهێر ڕاستین و هەروەها کۆمەڵێک لە هونەرمەندانی ناوداری ئێرانی لە لقە جۆراوجۆرەکانی هونەری گەیشتووە و واژۆکانیش هەر بەردەوامە، هاتووە: هه‌مووان له‌ هه‌ر نه‌ته‌وه و وڵاتێک بین، سه‌ر به‌ نیشتمانێکی بێسنور و ئامانجێک به‌ ناوی “هونه‌ر” و له‌ جیهانێکیشداین به‌ ناوی “که‌لتوور”، و هیچ هێزێک ناتوانێت ئێمه‌ له‌م خاوه‌ندارێتییه‌ زه‌وت بکات.

له‌م نیشتمانه‌‌ هاوبه‌شه‌ خه‌یاڵاوییه‌دا، ‌چ ئاسیایی یا ئه‌وروپایی بین، چ ئه‌مه‌ریکی یا ئه‌فریقی بین، خاوه‌نی توانای حاڵییبوونێکی که‌لتووریی، به‌هره‌یه‌کی کاریگه‌ر له‌سه‌ر هزری خه‌ڵکی و توانای شیکردنه‌وه و گوڕانکاریی بارۆدۆخه‌کانمان هه‌یه‌. هه‌رچه‌نده‌ ده‌سه‌ڵاته‌کان و سیاسه‌ته‌کان ‌به‌ هۆی دووبه‌ره‌کییه‌کانیان، له‌ نێوان ئێمه‌دا مه‌ودا و تابۆیان دروست کردبێت، به‌ڵام ئێمه‌ له‌ گواستنه‌وه‌ و گوتنی په‌یامه‌ هاوبه‌ش و مرۆڤایه‌تییه‌کان بۆ هه‌موو جیهان، شێلگیرانه‌‌تر، ئازایانه‌تر، به‌تواناتر و کاریگه‌رتر بووین‌.

ئێستا، هه‌موومان – له‌ هه‌ر پێگه‌یه‌کی جوگرافی و سیاسیدا بین – ڕووبه‌ڕووی دوژمنێکی کوشنده‌ و هاوبه‌ش بووینه‌ته‌وه‌ که‌ گرنگ نییه‌ له‌ کوێوه‌ هاتووه‌، به‌ڵام گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ ئازادانه‌ و خێرایی ڕوو له‌ گشت شوێنێک ده‌کات، و ئێمه‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م دوژمنه‌ ووردبینه‌دا، به‌ یه‌ک ڕێژه‌ له‌مه‌ترسیداین و ڕزگاربوونی هه‌ریه‌ک له‌ ئێمه‌، به‌ستراوه‌ به‌ ڕزگاربوونی ئه‌وی دیکه‌مانه‌وه‌.

کۆرۆنا ته‌نها ڤایرۆسێک نییه،‌ به‌ڵکوو پرسیارێکی ساکار و مێژووییه‌ که‌ له ئێستادا سه‌رقاڵی وه‌رگرتنی وڵامه‌ ئاڵۆزه‌کانه‌ له‌ گه‌لان و وڵاتانی جیهان.

ئایا وڵامی نه‌ته‌وه‌ی ئێران بۆ ئه‌م پرسیاره‌ مێژوویه‌ – له‌ باروودۆخێکدا که‌ ڕێگای هه‌ناسه‌دانی به‌ چنگاڵی ئابڵۆقه‌یه‌کی جیهانییه‌وه به‌ستراوه ‌- وه‌کوو و‌ڵامی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ ده‌بێت؟

ئایا ئه‌مه‌ چاوه‌ڕوانییه‌کی گونجاو‌ نییه‌ که‌ وڵامی هونه‌رمه‌ندانی سه‌ربه‌ستی جیهان بۆ پرسیاری “کۆرۆنا”ش – له‌ باروودۆخێکدا که‌ ئه‌م مه‌ترسییه‌ تا به‌رده‌م درگای ماڵه‌کانیان هاتووه‌ – و‌ڵامێکی جیاوازتر و کاریگه‌رتر بێت له‌ وڵامی سیاسه‌تمه‌داران و ده‌سه‌ڵاتداران؟

ئه‌م قه‌یرانه‌، سه‌ره‌ڕای زیانه‌ که‌م و زۆره‌کانی تێده‌په‌ڕێت، به‌ڵام چیرۆکه‌ هاوبه‌ش و جیاوازه‌کانی ده‌مێنێته‌وه‌. چیرۆکی ئه‌و په‌ره‌ستاره‌ ماندوانه‌ی که‌ بۆ به‌هێزکردنی وره‌ی نه‌خۆشه‌کان و هاوکاره‌کانیان له‌ که‌شووهه‌وای پیسی نه‌خۆشخانه‌کان سه‌مایان ده‌کرد و په‌رۆشی خۆیان له‌ که‌می پێداویستییه‌کان و ده‌وا و ده‌رمان له‌ پشتی ئه‌م خۆشییه‌وه‌ ده‌شاره‌ده‌وه‌. چیرۆکی ئه‌و دکتۆرانه‌ی که‌ چه‌ندین هه‌فته‌یه‌ نه‌ڕۆیشتوونه‌ته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ و به‌بێ ده‌ماک و ده‌سکێش و گان، به‌ نێو نه‌خۆشه‌کاندا ده‌گه‌ڕان که‌ هه‌ندێک له‌وان له‌ ڕێڕه‌وه‌کانی نه‌خۆشخانه‌کان و له‌سه‌ر زه‌ویی خه‌وێنرابوون‌؛ ئه‌مانه‌ هه‌مووی له‌ یاده‌وه‌ری میژووی جیهاندا ده‌مێنێته‌وه‌ و دره‌نگ یا زوو ده‌گێڕدرێته‌وه؛ له‌ لایه‌ن ئێمه‌ یا ئێوه‌وه‌‌.

خوزگه‌ ئه‌وه‌نده‌ دره‌نگ نه‌بێت که‌ هونه‌رمه‌ندانی عۆده‌گر و کاریگه‌ر له‌سه‌ر ڕای گشتی جیهان و ده‌سه‌ڵاتداران، پێش ئه‌وه‌ی که چیرۆکی زوڵمێک که‌ له‌ خه‌ڵکی ئێران له‌م قه‌یرانه‌دا ده‌کرێت، به‌ گوێی ده‌سه‌ڵاتداران و سیاسه‌تمه‌داراندا بگه‌یه‌نن،هه‌ناسه‌کانی خۆیان به‌هۆی توشبوون به‌م نه‌هامه‌تییه‌وه، که‌وتۆته ژماره‌وه‌.

خه‌ڵکی ئێران ئه‌مڕۆکه‌ ڕووبه‌ڕووی دوو قه‌یران بۆ‌ته‌وه‌: قه‌یرانێکی هاوبه‌ش به‌ ناوی “کۆڕۆنا” که‌ ئێوه‌ ده‌یناسن و قه‌یرانی “ئابڵۆقه‌” که‌ خۆزگه‌ هه‌رگیز نه‌تانده‌ناسی.

بۆ ئێمه‌ی هونه‌رمه‌ندانی ئێرانی، ئێستا گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که ‌بزانین ئێوه‌ – هونه‌رمه‌ندانی جیهان – سه‌باره‌ت به باروودۆخی نه‌خۆشه‌کانی کۆڕۆنا، منداڵان و پیر و په‌ککه‌وته‌کانی توشبوو به‌م نه‌خۆشییه‌ و که‌مبوونه‌وه‌ی پێداویستییه‌ پزیشکییه‌کانی ئێران له‌م قه‌یرانه‌دا، چۆن بیرده‌که‌نه‌وه‌؟ چی ده‌ڵێن و چی ده‌که‌ن؟

ناوی ته‌واویی ئه‌و که‌سانه‌ی که نامەی “هونەرمەندانی کورد و ئێرانی بۆ هونەرمەندانی جیهان”یان واژۆ کردووە لەم لینکەی خوارەوەدا هاتووە:

 

لینک:

http://www.fcf.ir/news/public/2225

 

دەربارەی Mansour Jahani