سەرەتا / ئەدەب / هۆنراوە / نووستنێک لە ماڵى تەنیایى

نووستنێک لە ماڵى تەنیایى

عومەر جەلال

دەنووم وەک پەنجەرەیەکى داخراوى  زیندانێک

بێدەنگ دەبم وەک قوتابییەکى نوێ لە وانەى مردن

گۆرانى دەڵێم وەک عاشقێک لەبەردەم باران

خۆم رووت دەکەمەوە وەک بەفر

سەما دەکەم لە پرسەى هاوڕێ ئازیزەکانم

 

هاوار دەکەم بەدەنگى بەرز لە کۆنسێرتەکانى مۆزیک

ژیان تارماییەکە لە تارمایى

چاوەڕوان کردنى هاتنى نەهاتنە

خەندەیەکە لە ساتى نووستندا و

گریانێکە لە تەک مەست بووندا

ساناتر لە سانایى دەیخوێنینەوە

بەئەندازەى خوێندنەوەى ژیانى پاش مردن

سڵاوى سادەیى ئاو بۆ گیا

هێما نییە بۆ سازشکردنى

وەرینى گەڵاى درەختە بێنازەکان لە پایزدا

جگە لەسەماى سرووشت چى دى نییە

گەڕانەوە بۆ منداڵى

جەنگ نییە لەتەک گەورە بوون

دەستگرتنى غەم بۆ رۆح

راکردن نییە لە ئاسوودەیى

ژیان وەک جگەرە کێشانە بەدزیى گەورەکانەوە

خوێندنەوەى  شیعرێکە لە هۆڵێکى چۆڵدا

ژوورەکانى ماڵى تەنیایى

تەژییە لە خەونى رژاو

ئاوێتەیەکە لە نسێ ى  دابەشبوون

پڕە لە بۆنى خوێنى جەنگى نێوان خود و خود

پڕە لە شەوانى نامۆ

لە بەیانیانى بی  َئومێد

لە باڵندەى بێ باڵ

دەرگاکانى ماڵى تەنیایى

رەنگى لە رەنگى بێهودەییە و

پەنجەرەکانى لە کتێب

سەفەر لەماڵى تەنیایى

بە تکتێک بەفر دەست پێدەکات

بە سوارى باڵندەیەکى قەرەج

بەرەو سنوورى مەرگى مردن

بەرەو کردنەوەى کۆدەکاى دڵى بەرد

سرووتەکانى ئایین لە ماڵى تەنیایدا

نویژکردنە لە ساتى باران و

پەرستنى ئێوارە شەرمنەکانە

پیرۆز کردنى شیعرە  وەک ئاو

ناشتنى تەرمى _با_یە

ئەو سپێدەیە گوناهە

دەستى لەشەو نابێتەوە

ئەو مردنە نەگریسە

لە ساتى پێویستیدا ونە

ئەو شاعیرە گەمژەیە

ماڵى تەنیایى نازانێت

ئەو باخەوانە نەزانە

خۆى لە باخچەدا ناکوژێت

چاوەکانم بووە  رێگا

تا ماڵى تەنیایم  دۆزییەوە

پێیەکانم بووە ئاژەڵێکى خشۆک

تا خۆم کردە ژوورى تەنیایدا

دڵم بووە پارچەیەک لە ئاسن

بۆ جێهێشتنى ئازیزانم

بەڵینم  بە تەنیایى دابوو

ئاو و ئاگر داوەت بکەم بۆ ژوورەکەم

پەپولە ببێتە نەخشى دەرگاکان

ئەستێرە  بە پاسەوانى

مانگ بکەم بە سەرین و

رۆژیش بە جێگاى نووستنم

یادەوەرى خواردنەوەى شەوانم بێت

خۆکوشتن پرۆڤەى نووسینەوەى جەنگەکانم بێت

برۆمەوە نێو قۆزاخەى پەمووى عەشق

ماڵى تەنیایى لێوان لێو بکەم لە ژیان

گۆڕِِِِێک بۆ خۆم چێ ئەکەم

ئایندە دەکەمە کۆلارەیەکى منداڵانە و

هەڵى دەدەم بە دەزووى ئازارى عەشق

کۆڵان پر دەکەم لە بۆنى شیعر

قوتابخانە رەنگ زەردەکان دەگۆڕمەوە بە زیندان

لە ماڵى تەنیایى دەرناچم

هەروەک چۆن هەرگیز لەوانەکانى ماتماتیک دەرنەدەچووم

ئاماژە بە _با_دەکەم

بۆنى گوڵەکانى دۆزەخم بۆ دێنێت

دەست بۆ وێنە کۆنەکانى منداڵیم دەبەم

بۆنى کۆڵانى منداڵیم  بۆ دێنێت

تەماشاى خۆم دەکەم

لە ئاوێنەى شکاوى کتێبخانەکەم

وێنەى _یار_ دەبینم  بە نووستویى

پێدەکەنم و ئەو دەگرى

دەگریم و ئەو پێدەکەنى

ئادرێسى ماڵى تەنیایى

دەکەوێتە نزیک دۆزەخەوە

چەند  فەرسەخێک لەئاوەوە دوورە

دراوسێى کۆنى گۆڕستانە و

ژیانیش  تێیدا ئەستەمە

شیعر ژمارەى دەرگاکەیەتى و

کتێب میوانە بەردەوامەکانیی

omerjelal@yahoo.com

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.