پێنج شه‌ممه‌, كانونی یه‌كه‌م 9, 2021
نــوێ
سەرەتا / ئەدەب / نووسینی ئۆتۆماتیکی یان شیعری ئۆتۆماتیکی؟

نووسینی ئۆتۆماتیکی یان شیعری ئۆتۆماتیکی؟

سەرنجێک لە بارەی کتێبی_ نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا
سەدیق سەعید ڕواندزی

_١_
بە درێژایی مێژووی شیعر وەک ژانڕێک لە ئەدەبی کوردیدا، ھەمیشە ھەڵگری ناوەڕۆک ء گوتارێک بووە، کە لە شێوەی پەیامێکی سیاسی یاخود کۆمەڵایەتی، گوزارشتی لێکراوە. ئەزمووی شیعری ئێمە لە قۆناغی کلاسیکەوە تاکو شیعری ئازاد کە لە (گۆران) ی شاعیرەوە دەست پێ دەکاتء ئیدی کێشء سەروا لە شیعردا نامێنێتء فۆڕمێکی ئازاد وەردەگرێت، ھەڵگری ئەو گوتارە بووە. شاعیرانی ئێمە گەرچی دەرچووی ھیچ نێوەندێکی ئەکادیمی و مەعریفی نەبووینە، بگرە دەرچووی تەکیە و خانەقا و مزگەوتەکان بووینە، بەڵام بەردەوام دیدێکی ڕەخنەیی و پەیامێکییان پێ بووە بە ئامانجی ڕیفۆرمکردنی کۆمەڵگە. بۆیە پێگەی شیعر لە ئەدەبی کوردیدا، پێگەیەکی دیارە و تەنانەت مێژووی فەرھەنگی کوردی، لە شیعرەوە دەست پێ دەکا و بە درێژایی مێژووش تاکو ئێستا، شیعر وەک ژانرێکی سەربەخۆ، لە ئەدەبی کوردیدا بینراوە و دەناسرێتەوە و شوناسی ناسینەوەی پەیوەستە بە شیعر خۆیەوە. واتا شیعر، لە چوارچێوەی شوناسی شیعر دایە و ئەوەی ھەیە تەنھا شیعرە، نەک ژانرێکی تر بکرێتە ئاماژەیەک بۆ ناسینەوەی شیعر و گوتاری شیعری، لە مێژووی ئەدەبی کوردیدا.
_ ٢_
لێرەدا وەک خوێنەرێک، ئێستێک لە ئاست کتێبی ( نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شبعری نوێی کوردیدا دەکەین) و مەبەستمانە ڕوونی بکەینەوە کە ئایا لە شیعردا شتێک ھەیە بە ناوی نووسینی ئۆتۆماتیکی؟ یاخود تا چەند ئەو نموونە و شڕۆڤانەی نووسەری کتێبەکە، وەک نموونەی شیعری ئۆتۆماتیکی ھێناویەتییەوە ، یەکانگیرە لەگەڵ ناونیشانی کتێبەکە و ئاماژەکانی ئەو بابەتە. ئەم کتێبە ، لە بنەڕەتدا نامەیەکی ئەکادیمییە و وەک بەشێک لە پێویستییەکانی وەرگرتنی پلەی ماستەرلە ئەدەبی کوردیدا نووسراوە. کتێبەکە لە چەند باسێکی سەربەخۆ پێکھاتووە، وەلێ ئەوەی ئێمە مەبەستمانە وەک خوێنەرێک ئەوەیە، کە ئایا نووسینی ئۆتۆماتیکی ھەیە لە شیعر؟ بە تایبەتیش کە نووسەری کتێبەکە پەیوەستە بەو باسە، ئەو شێوازە لە نووسین دەبەستێتەوە بە ڕێبازی سوریالیزم. سەرەتا، لە ناونیشانی کتێبەکەوە دەست پێ دەکەین. ناونیشانی کتێبەکە ( نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردی) یە، کە مەبەستی نووسەر، شێوەی نووسینی ئۆتۆماتیکییە لە شیعردا. لێرەدا ئەو پرسیارەمان لا دروست دەبێت، کە ئاخۆ شتێک ھەیە بە ناوی نووسین لە نێو شیعردا؟ مەگەر شیعر بۆ خۆی وەک ژانرێکی سەربەخۆ، نووسین نییە و وەک تێکستێکی نووسراو ھەڵگڕی ئاماژەکانی نووسین نییە؟ بە دەربڕینێکی تر، ئایا شوناسی دەقی شیعری، وەک شوناسی دەقێکی نووسین، کە پێکھاتەیەکە لە ڕێزمان و بونیادی زمانەوانی و ئاماژە و واتا و دەلالەتی شیعری، نووسین نییە؟ کە واتا بە بڕوای من، ناونانی نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعردا ھەڵەیە، چونکە ئەوەی لە نێو شیعردا ھەیە، بەشێک لەو ڕووبەر و تۆپۆگرافییا شیعرییەی، کە فۆڕم و ناوەڕۆکی دەقێکی نووسین بە ناوی شیعرەوە پێک دێنێت. ئەوەی لە شیعردا ھەیە، نووسینە، نەک ئەوەی نووسینێک لە نێو شیعردا ھەبێت، کە جیاوازە لە دەقی شیعری. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، ھەموو ئەو نموونانەی وەک دەقی ئۆتۆماتیکی ھێنراونەتەوە، لە بنەڕەتدا شیعرن، نەک نووسین. چونکە شیعر، بە تایبەتیش شیعری نوێ، ڕواڵەت و تۆپۆگرافییا و ئاماژەیەکی سەربەخۆی ھەیە، کە ھیچ پەیوەندی بەو شێوازەوە نییە، کە تێکستێک وەک نووسین، بۆ نموونە (وتار یان چیڕۆک) جیا دەکاتەوە لە شیعر. لێرەوەش ناونانی کتێبەکە، یەکەم گیرو گازە کە خوێنەر ڕووبەڕووی دەبێتەوە. بۆیە دەبووایە ناونیشانی کتێبەکە ( شیعری ئۆتۆماتیکی بووایە، نەک نووسینی ئۆتۆماتیکی لە نێو شیعردا) بەو مانایەی شیعر، دوا جار شیعرە و لە جیاکردنەوەی لەگەڵ دەقەکانی دیکە، وەک شیعر دەخوێنرێتەوە و دەناسرێت، نەک نووسین. ئەگەرچی شیعریش دواجار بەشێکە لە تێکستێکی نووسراو، بەڵام بێگومان دەقی شیعری، ئاماژە و بنەما و خاسیەتی ھونەرییانەی خۆی ھەیە، کە جیای دەکاتەوە لە نووسینی ژانرەکانی تر. بەو مانایەی خوێنەر کە لە بەردەم دەقێکی شیعری دایە و دەیخوێنێتەوە، لە بنەڕەتدا شیعر دەخوێنێتەوە نەک نووسین، کە ئیحا و فەزای ئەدەبیشی جیایە لە ژانرەکانی تر. وێرای ئەمەش، دیسانەوە دەکرێ ئەو پرسیارە بکەین، کە ئایا دەکرێ نووسینێک ئوتۆماتیکی بێت؟ ئەمەش پرسیارێکی دیکەیە. کە پێویستی بە ھەڵوەستەکردن وتێ ھزرین ھەیە. بێگومان ھەموومان دەزانین، دوو لە بنەما ھەرە سەرەکییەکانی چەمکی (ئۆتۆماتیکی) ئەوەیە، کە خۆکاریی و فیزیکیبوونە. بەو مانایەی کردەی ئۆتۆماتیکی، کردەیەکی خۆرسکی و خۆکارییە و خۆی کارەکانی خۆی، بە بێ ھەبوونی ھیچ پاڵنەر و فاکتێکی دەستکرد دەکات. کاتێ شتێک ئۆتۆماتیکییانە کار دەکات، ئەوا بکەری نییە، چونکە کردەکەی خۆکارە. واتا لە دەرەووەی دەستەڵات و ھێز و پاڵنەری مرۆییانەیە. بۆیەشە کاتێ کردەی ئۆتۆماتیکییانە دەدەینە پاڵ ھەر شتێک، لە سەرەتاوە ھەموو ئەو ھێز و بزوێنەر و جوڵانەی لێ دا ئەماڵێن، کە لە پەیوەندی دان بە مرۆڤەوە. لێرەوەش ئەگەر شیعر، وەک دنیابینی مرۆڤێک کە شاعیرە و، وەک خەیاڵ و تێگەیشتنی ھزرییانەی شاعیر ببینین، کە واتا شیعر کردەیەکی ئۆتۆماتیکییانە نییە، بەڵکو کردەیەکە کە بکەر و بزوێنەرێکی ھەیە کە ئەویش بیر و ویست و توانای ھزریی و جەستەیی مرۆڤە. بە دەربڕینێکی تر، شیعرێک بوونی نییە، ئەگەر شاعیرێک نەینووسیبێت، ھیچ شیعرێک دنیابینی و گوتار و زمان و مانای نییە، ئەگەر شاعیرێک بەرجەستەی نەکات، کە واتا لە ھەموو ڕووێکەوە، کردەی شیعر نووسین، کردەیەکی خۆکاری نییە، بەڵکو بەرکارییە و کەسێک بە کردەکە ھەڵدەستێت، نەک خۆی بیکات. شیعر، خۆی خۆی نانووسێت، شاعیر دەینووسێت. شیعر بەرھەمی ھەردوو دیوی ھەستی و نەستی شاعیرە و بە تایبەتیش لەو سەردەمەدا، شیعر چیتر دەرەنجامی ھەستێکی ڕۆمانسییانەی ڕووت نییە، بەڵکو ئاگایەکی گەورەی ھزریی و زمانییە. لەو ڕوانگەیەوە ناونیشانی کتێبەکە، جۆرێک لە ئاڵۆزیی تێدایە، وەلێ چونکە یەکەم کارە لە بارەی ئەو چەمکەوە لە شیعری کوردیدا دەکرێت، ئیدی نووسەری کتێبەکە بە پێویستی زانیوەوە وەک کارێکی تازە و جیاواز، ناوی بنێت (نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعردا). نووسەر لە درێژەی کتێبەکەیدا، بنەما و ڕێسکانی نووسینی ئۆتۆماتیکی دەخاتە ڕوو. لێرەدا، ئێمە لە سەر ئەو باسانە ناوەستین، کە نووسەری کتێبەکە لە ڕوویی مێژوویی و میتۆدی و ئەدەبییەوە باسیان دەکات، تەنھا لە سەر ئەو باسە دەوەستین کە ئایا نووسینی ئۆتۆماتیکی چییە و خاسییەت و ڕواڵەت و بنەماکانی چین؟ ئایا ئەو نووسینانەی لە نەستەوە دێن، دەکرێ پێیان بگووترێت نووسینی ئۆتۆماتیکی؟ یەکێک لەو بنەمایانەی بە درێژایی ناوەڕۆکی کتێبەکە نووسەر باسی دەکات ئەوەیە، کە نووسینی ئۆتۆماتیکی دەبەستێتەوە بە ڕێبازی سوریالیزم و بە بڕوای ئەو، ھەموو ئەو نووسینانەی بە شێوەیەکی سوریالی دەنووسرێن، نووسینی ئۆتۆماتیکین. لەو ڕوانگەیەوە دەنووسێت:_( سوریالییەکان دوورکەوتنەوە لە ھەموو بوونیادێکی عەقڵانی و زمانەوانی و بیرکردنەوە و ئامادەسازیی پێًش وەختەی نووسین، ئەمەش خۆی لە نوووسین بە شێوەی ئۆتۆماتیکی دەبینییەوە. لا٢٦ ) بێگومان سوریالیزم، ڕێبازێکی ئەدەبی سەربەخۆیە، بەرمەبنای ئەو ڕەشبینیی و نائومێدییە بوو، کە شاعیران لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم تێی کەوتن. واتا ڕەشبین و داڕووخاو بوون و بڕوایان بە ھیچ پێوەرێکی ئەقڵانی نەما، چونکە پێیان وابوو شەڕ و کوشتارەکان بەرھەمی ئەقڵی مرۆڤن. ئەمانە جۆرە نووسینێکی تازەیان تاقیکردەوە کە ڕەچاوی ھیچ بنەمایەکی ھزریی و ئەدەبی و زمانی تێدا نەدەکراو چییان بە خەیاڵ داھاتبا، ئەوەیان دەنووسی. شیعرەکانی ئەو ڕێبازە، دەچنە نێو پێناسەی سوریالیزم خۆیەوە، نەک شوناسی تر، لەلایەکی دیکەوە، ئەگەر دیدگای نا ئەقڵانی و نا لۆژیکی و زمانی نا فەرھەنگی و ئەبستراکت وەک ئەدگارەکانی سوریالیزم بناسێنین، ئەوا ھەموو ئەوانە، دواجار بەرھەمی نەستی مرۆڤن و نەستی مرۆڤیش ھاوشان لەگەڵ ھەست، دیوەکەی تری مێشکی مرۆڤ پێکدێنن. بەمەش دیسانەوە ئێمە لە بەردەم نووسینێک نین خۆکارو خۆکرد، بەڵکو لە بەردەم نووسینێک داین، کە بەرھەمی ئەقڵی مرۆڤە، بەڵام بە دیوێکی نا ئاگایانەدا. لێرەوەش کردەکە خۆکار و لە خۆوە نییە، بەڵکو بکەرێکی ھەیە، کە ئەویش نائاگاییانەی شاعیرە. بۆیە کورتکردنەوەی نووسینی ئۆتۆماتیکی لە وێنە سوریالییەکاندا، بە بڕوای من شتێکی نوێ و تازە نییە و پێشتریش دەیان تێزی ئەکادیمی لە بارەی سوریالییەتەوە نووسراون. نەست ئەگەر پاڵنەری ھەموو گوتن و کردەیەکی نا ئاگایانەش بێت، بەڵام بەشێکە لە ھزری مرۆڤ و فرۆیدیش بە پاڵنەری سەرەکی زۆر کردەوە و ھەڵسەکەوتی مرۆڤەکانی دەزانێت. کەواتا دیسانەوە ئێمە و لە بەردەم نووسینێک نین خۆکاری، ئەگەر لە نەستەوە و لە دەرەوەی ئاگایی و دەسەڵاتی مرۆڤیشەوە لە ڕووی ھزریی و زمانییەوە بێت، چونکە دواجار سەرچاوەی ئەو دەربڕینە نا ئاگاییانە، ھەر مرۆڤ خۆیەتی و بەمەش دیسان نووسین بکەرێکی ھەیە و نەک ئەوەی خۆرسکانە خۆی کاری خۆی بکات، وەک ھەر ئامێرو کەرستەیەکی دیکەی ئۆتۆماتیکی. ئەگەر ئەو مرۆڤە نەبێت، لایەنی نەستی و زمانی بێ ئاگاییانەی نەبێت، ئەوا ئەو نووسینەش بوونی نابێت. نووسەری کتێبەکە بەردەوام دەبێت و ئەمجارەیان دەنووسێت:_(نووسینی ئۆتۆماتیکی جەختکردنە لە کاری ئەفراندن و داھێنان بە بێ بوونی ھیچ چاودێریەکی ئەقڵی ولۆژیکی. لا ١٥٤) ئەگەر لە پەراوێزی ئەو بۆچوونەوە بڕوانینە کردەی ئەفراندن و داھێنان بە گشتی و داھێنانی ئەدەبیش بە تایبەتی، ئەوا دەبێ بپرسین ئایا ھیچ نوێکردنەوە و داھێنانێک لە دەرەوەی لۆژیک و ئەقڵ بوونی ھەیە؟ دەکرێ پرسیارەکە بە شێوەیەکی دیکە بکەین، ئەگەر نووسینی ئۆتۆماتیکی بەشێک بێت لە سەرچاوەی نەست و ئەقڵ و ئاوەز تیایدا ھیچ سەنتەر و ڕۆڵی ئاراستەکردنێکی لۆژیکی تێدا نەبینن، دەکرێ داھێنانێک بێتە کایەوە؟ مەگەر داھێنان زادەی بیرکردنەوە و ئەزموونێکی درێژ و قووڵ و کارکردنێکی بەردەوام نییە لە ھەموو ڕووێکەوە؟ دەشێ کەسێک لە خۆیەوە شتێک بڵێت و ھیچ جۆرە ڕێکخستنێکی ھزریی و زمانەوانی و لۆژیکی نەبێت و دواجار داھێنانێکیش بکات؟ ئایا سوریالییەکان توانییان داھێنانی گەورەی شیعری بۆ نموونە وەک ئەوەی ڕامبۆ کردی بێننە ئاراوە؟ ئەگەر سوریالییەت، بەرھەمی بیرکردنەوەیەکی ڕەشبینانە و دەرەنجامی دۆخێکی دەروونییانەی ئاڵۆز و پڕ لە نائومێدییانە بێت، ئایا کەسانی ڕەشبین و نائومێد و داڕووخاو، دەتوانن داھێنانی گەورە لە ژیانییان بکەن؟ لێرەدا باسەکە ئەوە نییە کە نووسینی ئۆتۆماتیکی و نا ئاگاییانە، گوتار و مانایەکی ھەیە، یان دەلالەتێکی ھزریی و لۆژیکی دەگەیەنێت، بە تایبەتیش کە سوریالییەکان لە دەرەوەی ڕوانین و دیدی ئەقڵانییانە شیعرییان دەنووسی، بەڵکو مەبەست ئەوەیە، دەکرێ لە ڕێگەی خەیاڵ و ھزراندنێکی پووچ و بێ مانەوە، داھێنانێکی گەورە ئەنجام بدرێت و بێتە کایەوە؟ ھەر پەیوەست بەو بابەتەوە، نووسەر دەنووسێت:_(ئامانج لە نووسینی ئۆتۆماتیکی بریتییە لەوەی تا چ ئەندازەیەک، دەق بارگاوییە بە واتا و دەلالەت و دۆزینەوەی نادیار. لا ١٧١) ئەگەر بەو دیدگایەی نووسەری کتێبەکە بێت، ئەوا ئێمە لە بەردەم جۆرە نووسینێک داین، کە بەو پەڕی ئاگایی زمانی و ھزری، بە دیدگایەکی لۆژیکییانە نووسراوە.لە بەر ئەوەی ئەو پێوەرانەی نووسەر وەک ئەتمۆسفیرێک بۆ دەقی ئۆتۆماتیکی دیاری کردووە، تەنھا لەو کاتانەدا بونییان ھەیە، کە شاعیر لەو پەڕی ئاگایی، بیر کردنەوە و ڕوانینی قووڵی شیعریاینە بێت. ئەگەر شاعیرێک بەمەبەستی دەلالەتی بزر و نادیار لە شیعردا شیعری نووسی، کەواتا ئەوەی بەلای ئەو شاعیرەوە گرنگە، مانا و دەلالەتی بزرە بە مەبەستی کەشفکردنییان لای خوێنەر، نەک ھەڕەمەکییانە و خۆرسکانە چی بە خەیاڵ و سەر زمان داھات بینووسێت. بە بڕوای من پارادۆکسێکی گەورە، لە بێ ئاگاییەوە بێت، یان لە تێنەگەیشتنەوە لە شیعر بێت، لەو بۆچوونەی نووسەری کتێبەکە ھەیە. مانای نییە نووسینی ئۆتۆماتیکی ھەڕەمکییانە و بێ کۆنترۆلی ھزرییانە بنووسرێت، کە چی نووسەرەکەی ڕەچاوی مانای بزر و دەلالەتی قووڵی شیعری بکات. ھەر پەیوەست بەو باسەوە نووسەر درێژەی پێ دەدات و ئەمجارەیان دەنووسێت:_(شیعری ئۆتۆماتیکی بریتییە لە پەیام و خاوەن ئامانج و پەیامی خۆیەتی. لا١٣٢) ئایا ھیچ پەیامێک، بە بێ پلان و ڕێکخستنی ھزریی و ستراتیژیەتێک بوونی ھەیە؟ ئەگەر شیعری ئۆتۆماتیکی ھەڵگڕی پەیامێک بێت، مانای وایە ئامانج لەو شیعرە، کارکردنە لە پێناو دۆزێکی سیاسی ، کۆمەڵایەتی، نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی، کە ئەمەش بە بێ ھەبوونی دیدگایەکی ھزرییانە بوونییان نابێت. کە پەیام لە شیعر ھەبوو، مانای وایە ئامانجێک ھەیە، کە ئامانجێکیش ھەبوو، ئەوا کارکردنێکی ھزرییانە و لۆژیکییانەی دەوێت. ھیچ دەقێک نییە، ھەڵگڕی ئامانج و پەیامێک بێت، ئەگەر ئەو دەقە لە دنیابینییەکی قووڵ و ڕوانینێکی لۆژیکییانە، سەرچاوەی نەگرتبێت. ئەوانەی بە پووچی و نائومێدییەوە دەڕواننە ژیان و شیعر لە دەرەوەی ھەموو جۆرە کردەیەکی ئەقڵانی و زمانی و لۆژیکی دەبینن، لە ڕاستیدا نە دەتوانن پەیامێکییان ھەبێت، نە ئامانجێکیشییان ھەیە، تاکو لە ڕێگەی ئەو پەیامەوە پێی بگەن. بۆیە دەبینین، کە ھەمیشە فەلسەفەی وجودی و شیعری سوریالیی و دادایەکان، ڕەت دەکرێتەوە، چونکە لە بنەڕەتدا ھەڵگڕی ھیچ پەیامێکی ڕوون، واتادار، ئامانجێکی کۆمەڵایەتی و ژیاریی و ئەدەبی نین. بەڵکو ڕووکەشانە و عەبەسییانە دەنووسن و بیر دەکەنەوە. ئەگەر شیعرێک لە بێ ئاگاییەوە نووسرابێت و تەنھا قسە ڕێزکردنێکی خۆکارانەی بێ ڕێکخستنی زمانەوانی و ھزری بێت، دەکرێ بڵێین ئامانج و پەیامێکی ھەیە؟ گریمان ئەگەر مەبەستیشی ئەو پەیامە نائومێدی و ڕەشبینانە بێت، کە سوریالییەکان ھەڵگری بوون، ئەوا دەبێ بزانین کە ھیچ کاتێک کەسانی داڕووخاو، ڕەشبین و نائومێد، ناتوانن پەیامی گەورەیان ھەبێت. چونکە ئەوان لە بنەڕەتدا، لە دەرەوەی بازنە کۆمەڵایەتی و جەماوەرییەکە دەژین و بیر دەکەنەوە و ھەموو شتێک ڕەت دەکەنەوە، کە بەرھەمی ئەقڵ و بیر کردنەوە بێت، وەک چۆن دادایەکان دەیانکرد. بۆیە پەیامێک نییە، ئەگەر ھزرێک نەبێت، ئامانجێک نییە، ئەگەر نەخشە ڕێگەیەک و پلانێک و کارکردنێکی گەورەی ھزرییانە نەبێت.
_٣_
لە پاژی سێیەمی کتێبەکەیدا، نووسەر بە پراکتیکی نموونە لە چەند شیعرێک دێنێتەوە، کە بە تێ گەیشتنی ئەو، دەلالەت لە نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعردا دەکەن. سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، کە گەلێک لەو دەقانەی وەک نموونە ھێناویەتییەوە، ناچنە خانەی نووسینی ئۆتۆماتیکییەوە، چونکە کاتێ ناوەڕۆک و دنیابینی دەقەکان، بە پێوەری نەست و ناگاییانە دەخوێنینەوە، کە نووسەری کتێبەکە وەک بنەمای نووسینی ئۆتۆماتیکی دایاندەنێت، ئەوا ئەو شیعرانە بەو پەڕی ھزری و درککردنەوە نووسراون، لەلایەکی دیکەوە، بە بڕوای من، بە تەنھا دیوانی (ئیکسیل) ی فەرھاد پیرباڵ، بە تەنھا بەس بوو، بۆ ئەوەی بیکاتە نموونەی پراکتیکی باسەکەی. چونکە پیرباڵ لەو دیوانەیدا، بنەماکانی شیعری ئۆتۆماتیکی زۆر جوان بەرجەستە کردووە، بە تایبەتیش لە دەقی شیعری ( خلود) دا. ئەم دەقە، چ وەک تۆپۆگرافییای شیعری، چ وەک ناوەڕۆک، ھەڵگری نووسینی ئۆتۆماتیکییە. لە سەرێکەوە، شیعرەکە وێنەیی و لە دەرەوەی تۆپۆگرافییای شیعری ئازادە، لە سەرێکی دیکەشەوە، کۆی شیعرەکە دووبارە کردنەوەی یەک وشەیە کە ئەویش (خلود) ە. بەمەش دەقەکە، وەک ئامێرێکی ئۆتۆماتیکی خۆی بەبەردەوامی دووبارە کردۆتەوە و خولاوەتەوە. ئەو دەقانەی نووسەر بە نموونە ھێناویەتییەوە، دەکرێ بڵێین جگە لە ھەندێک لە شیعرەکانی (عەباس عەبدوڵا یوسف) نەبێت، ئەوانیتر کەمترین و ھەندێکییان ھەر بنەمای نووسینی ئۆتۆماتیکیشیان تێدا نییە. بۆ نموونە: نووسەر شیعرێکی (ئەحمەدی مەلای) بە نموونە ھێناوەتەوە، ئەحمەدی مەلا لە شیعرەکەیدا دەڵێت:_
ئای جانتکانی من گرانن ھەردوو بازووم شل دەبێت
تا دەگەمە ئوتێلێک یان ماڵی خۆم
شاعیر لەو وێنە شیعرییەدا، نەک ئۆتۆماتیکییانە نادوێت، بەڵکو بەو پەڕی ئاگاییەوە دەزانێت بۆ کوێ دەچێت و چی پێیە و چەندیش ماندووە. ھەڵبەتە ھەموو بەرکەوتنەکانی جەستەی مرۆڤ، کاردانەوە لە سەر مێشک دروست دەکەن، بەو پێیەی، ئیعاز لە مێشک وەردەگرن و مێشکیش، سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و ئاراستە کردنی ھەستەکانی مرۆڤە. ئەگەر شیعری ئۆتۆماتیکی، شیعریی خۆرسکی و بێ ڕێکخستنی زمانەوانی و ھەموو دیدێکی ئەقڵانی و ئاگاییەکی ھەستییانە و ھزرییانە بێت، ئەوا لەو شیعرەدا، ئەحمەدی مەلا بە پێچەوانەوە، ھەست بە ماندووەتی دەکات، دەزانێت دوو جانتای گەورەی پێیە، زۆر باشیش ئەوەی لە خەیاڵە کە دەچێتە ئوتێلێک یان ماڵی خۆی، ئەمەش مانای وایە، شاعیر بە ئاگاییەوە ھەڵسوکەوت و ڕەفتارەکانی، پراکتیزە دەکات و کۆنتڕۆلی کردوون و مێشک ڕۆڵی لە ئاراستە کردنییان بینیوە. ئەم وێنە شیعرییە، دەلەلات لە ھزر و ئاگایی مرۆڤێک دەکات، نەک ئەوەی کەسێک بە بێ ئاگاییەوە کردەوەیەک بکات و نەست پاڵنەری بێت. یەکێکی دیکە لەو دەقانە، کە نووسەری ئەو کتێبە وەک نموونەی نووسینی خۆکاریی و بێ ھەموو جۆرە کردەیەکی لۆژیکی و زمانی دەیھێنێتەوە، شیعرێکی (ئیسماعیل بەرزنجی) یە. بەرزنجی لە شیعرەکەیدا دەڵێت:
کە ویستم سەرە خەوێک بشکێنم
سعات سێ و چل و پێنچ دەقەی بەیانی بوو
١٤٥ مەلا پێکرا گوتییان
الێلاە و خیر من النوم
ھەموو ئەو دەستەواژە و دەربڕٍینە شیعرییانەی لەو وێنەیەدا ھاتوون، دەربڕینی ئۆتۆماتیکی و عە فەوی نین، بە َکو بە پێچەوانەوە، زۆر بە ئاگاییانەوە دەربڕدراون و ڕەنگدانەوەی زەمەن و شوێن و کردەیەکی ئایینی دیاریکراون. لەو شیعرەدا، شاعیر زۆر باش درکی بە ھەموو شتێک کردووە، بۆنموونە: ئاماژە بەو ھەموو مەلایە، ئاماژەیە بۆ ئەوەی ھەولێر شارێکە پڕە لە مزگەوت، کاتی بانگدانەکە دروست و لۆژیکی و لە جێی خۆشیەتی. ھەموومان دەزانین لە وەرزی ھاویندا، شەو کورت دەبێت و ڕۆژ درێژ دەبێت، بەمەش گۆڕانکاری بە سەر کاتی بانگی بەیانی دادێت و لە ھاویندا بەرە و ژوور دەبێتەوە و لە زستانیش، تا نزیک ھەفتی بەیانی دەڕوات. شاعیر، درکی بەوە کردووە کە بەیانییە و لە چ کاتێک بانگ دەدرێت و لە شارێکیشە، کە پڕە لەمەلا و مزگەوت. کەواتا شیعرەکە، ڕەنگدانەوەی ئەو دۆخە دەروونی و ھزریی و ھەستەیە، کە شاعیر لە پەیوەندی بەشەو و خەوەوە تیایدا بووە. من نازانم، ئەگەر شاعیرێک، بە وردی کات و شوێن و جۆری ڕووداوێک دیاری بکات، ئەم کردەیەی لە ئاگایی و درککردنەوە ھاتووە، یان لە بێ ئاگاییەوە؟ یەکێکی دیکە لەو شیعرانەی نووسەر وەک نموونەی نووسینی خۆکاری و نالۆژیکی و نەستییەوە دەیھێنێتەوە، شیعرێکی (عەباس عەبدوڵا) یە. شاعیر لەو شیعرەیدا دەڵێت:_
مەی ناخۆم
بەیانییان گۆپاڵەکەم چەور دەکەم
نە وەکو مۆرانە دار بێ
خەنە لە سمێڵم دەدەم
لە سەرەتای وێنە شیعرییەکەوە، شاعیر بانگەشەی ئەنجام نەدانی کارێک دەکات، کە لە ڕووی کۆمەڵایەتی و ئایینییەوە، نامۆیە (یاخو بە نامۆ دەزانرێت) کە ئەویش مەی خواردنەوەیە. ئەم کردەیە، بەشێکە لە ئازادی مرۆڤەکان و بۆ ھیچ کەسێک نییە سنووری لە بەردەم دابکێشێت، بەڵام شاعیر، ئاگاییانە درکی بەوە کردووە کە مەی خواردنەوە، کردارێکی چەند نەنگە لە کۆمەڵگەی ئێمەدا، بۆیە لێی دوور دەکەوێتەوە. واتا شاعیر، بە ھوشیاریی و خۆپارێزییەوە لەکارێک دوور دەکەوێتەوە، کە دەزانێت ئەنجام دانی، گرفتی کۆمەڵایەتی و جۆرێک لە ڕووشاندنی کۆمەڵایەتی دروست دەکات. بە ھەمان شێوە، شاعیر دەزانێت، مۆرانە لە دار دەدات، بۆیە گۆپاڵەکەی چەور دەکات، بۆ ئەوەی مۆرانە نەیخوات. یاخود خەنە لە سمێڵی دەدات کە یا بۆ جوانییە، یان شاردنەوەی تەمەن. ئەم کردانە، کردەیەک نین لە بێ ئاگایی نەستییەوە ھاتبن، کردەیەک نین، عەفەوییانە شاعیر دەریان ببرێت و بیانکات، چونکە خەنە لەو شوێنانە دەدرێت، کە مووی سپییان لێ دێت. دەبووایە درکی ئەوە نەکات گۆپاڵەکەی چەور بکات، بەڵام کە درک بەوانە دەکات، مانای وایە بە ھوشیارییەوە ئەو کارە دەکات و دەزانێت مۆرانە چی لە دار دەکات. ئەم وێنە شیعرییانە، دەلالەت لە نەست و نا ئاگایی ناکەن، بەڵکو ئاماژەیەکن بۆ ھەست و ئاگایی و بیرکردنەوەی شیعرییانە. یەکێکی دیکە لەو شیعرانەی کە نووسەر وەک نموونەی نووسینی ئۆتۆماتیکی ھێناویەتییەوە، دەقێکی (دلاوەر قەرەداغی) یە. شاعیر لەو دەقەیدا دەڵێت:
ھەولێر: ماڵی عەبدولخالق مەعروف
سلێمانی: ماڵی دڵشاد مەریوانی
کەرکوک : ماڵی ئازاد ھەورامی
زاخۆ: ماڵی خانی
ئەگەر سەرنج لەو کۆپڵە شیعرییە بدەین، دەبینین شاعیر زۆر بە ھوشیارییەوە ئەدرەسی ھەریەک لەو کەسایەتییانەی نووسیوە دەزانێت، ناونیشان و شوێن و ماڵییان لە کوێیە؟ ئەمەش پێچەوانەی ئەو بۆچوونەی نووسەری کتێبەکەیە، کە شیعری ئۆتۆماتیکی، دەباتەوە سەر نەست و خۆرسکانەی زمان و ھزر و بێ ھیچ کۆنترۆڵکردنێکی لۆژیکی و ھزری. چونکە ئەگەر بەو تێگەیشتنە بێت، دەبوو دلاوەر قەرەداغی، ناونیشانەکانی تێکەڵ بکردایە، نەک بە وردییەوە بیاننووسێت .ئەمە مانای وایە، لەو پەڕی ئاگایی و ھوشیارییەوە، شاعیر ناوی کەسەکان و شارەکانی نووسیوەو ئەوە نییە لە بێ ئاگایی دابێت. لە ئاستی واقیعیش، ئەم کەسانە خەڵکی ئەو شارانەن کە شاعیر نووسیویەتی. لێرەوەش ئێمە لە بەردەم وێنەیەکی شیعریی نین، کە شاعیرەکەی نەزانێت چی نووسیوە و چی دەنووسێت، بە پێچەوانەوە زۆرباش درکی کردووە و بە ئاگایە لەوەی دەیڵێت. ھەرلەو ڕوانگەیەوە، نووسەری کتێبەکە شاعیرێکی دیکەش دەخاتە چوارچێوەی شیعری ئەو شاعیرانەی ئۆتۆماتیکییانە و خۆ کردانەوە دەنووسرێن، کە ئەویش (سەباح ڕەنجدەرە). لە ڕاستیدا، ھیچ شیعرێکی ئەم شاعیرە ناچێتە خانەی نەست و بێ ئاگاییەوە، ئەو یەکێکە لەو شاعیرانەی، بە ئاگاییەکی زۆر و وردی زمانی و ھزری و لۆژیکی شیعر دەنووسێت و شیعر لای ئەو، خۆکاری وشە و دەربڕینی عەفەوییانە و نەستییانە نییە، بەڵکو دەرەنجامی ڕامان و تێ ھزرینێکی قووڵی ھزریی و لۆژیکییە. دەشێ شاعیرەکانی دیکە، بکەونە ئەو حاڵەتەوە، بەڵام ئەزموونی ئەم شاعیرە، بە ھیچ شێوەیەک ئەزموونی نا ئاگاییانەی شیعریی نییە و بە پێچەوانەوە ئەو زۆرباش دەزانێت چی دەنووسێت و چۆن وشە و دەربڕینە شیعرییەکان، لە شیعردا بەرجەستە بکات. شیعر لای ئەو یەکسان نییە یە کردەیەکی نەستی وخۆکارانە، بەڵکو شیعر لای ئەو شاعیرە، بە مانی ڕامان و بیرکردنەوەو قووڵبوونەوەیە لە نێو زمان و مانا و شیعرییەتدا. لەلایەکی ترەوە ئەم دەقەی سەباح ڕەنجدەر، کە باس لە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دەکات، نوستالۆژیایەکی مێژوویی تێدایە، کە شاعیر سەرجەم ئەو ڕووداوانەی بینیویەتی، وەک فلمێک دێنێتەوە بەر چاو. ڕاستە ئەمە خەیاڵ و گەڕانەوەیە بۆ یادەوەرییەکان، بەڵام مانای وانییە شاعیر نەزانێت بۆ چی دەگەڕێتەوە ڕابردوو، یاخود چی دێنێتەوە نێو خەیاڵی. بە تایبەتیش کە شیعرەکە، وەک پانۆڕامایەکی ژیانی شاعیرە و بە وردی ڕووداو بیرەوەرییەکانی گێڕاوەتەوە. نەک تەنھا لە نموونەی دەقە شیعرییەکان، بەڵکو نموونەی ئەو بەیت و چیڕۆکە میللی و فۆلکلۆریانەشی کە نووسەر بە نموونەی نووسینی خۆکار و نەستی ھێناویەتییەوە، ھەندێکییان ناچنە دووتوێی شوناسی ئەو جۆرە نووسینەوە. بەڵکو ئاماژەیەکی واتایی و دەلالەتێکی ھزریی و زمانییان ھەیە کە ڕەنگە ئێرە کات و شوێنی شڕۆڤەکردنییان نەبێت.

_٤_
ئەم کتێبە، گەرچی وەک ناونیشان و تێزێکی ئەکادیمی، کارێکی نوێیە بە تایبەتیش لە ڕووی ناونانی بابەتەوە، کە باس لە نووسینی ئۆتۆماتیکی دەکات، بەڵام کارێکی تەواوەتی نییە، چونکە نموونەی ئەو جۆرە شیعرانە زۆرن و دەبوو نووسەر پراکتێزەی زیاتری شیعرەکانی بکردایە، بە تایبەتیش نموونەی لە شیعری دەیەکانی دوای ڕاپەڕینیش بھێنابایەوە. دواجار شیعر شیعرە، لە ناسینەوە و پێناسەکردنیدا، نابەسترێتەوە بە ھیچ ژانرێکی دیکەی ئەدەبی، بەڵکو وەک شیعر دەبینرێت و دەناسرێت و دەخوێنرێتەوە. ھەر شیعرێکیش لە دەرەوەی ئاگایی شاعیر و کۆنتڕۆڵی ھزری و لۆژیکی شاعیرێک دابێت، لە ڕاستیدا شیعر نییە، بەڵکو گوتەیە، گوتەش وەک دەقێکی نووسین، ناناسرێت و ناخوێنرێتەوە، بەو پێیەی ھیچ خاسیەتێکی ئەدەبی و ھونەری نییە و تەنھا لە ڕووبەڕە کۆمەڵایەتییەکە بەھای ھەیە، نەک وەک دەقێکی شیعریی.

پەراوێز: ناوی کتێب: نووسینی ئۆتۆماتیکی لە شیعری نوێی کوردیدا، نووسینی: سالار کەریم حوسێن، بڵاوکراوەی: دەزگای سەردەم_ زنجیرە ٩٨١_ ساڵی چاپ_٢٠٢١

* ئەم بابەتە لە لاپەڕەی (ئەدەب) ی ڕۆژنامەی خەبات، ژمارە (١١٩٠) ی ڕۆژی ١/٩/٢٠٢١ بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze