سەرەتا / ئەدەب / وێژە / نوێکارێکی چیڕۆکی کوردی لە کتێبێکدا

نوێکارێکی چیڕۆکی کوردی لە کتێبێکدا

ڕانانی/سەدیق سەعید ڕواندزی

چیرۆِکی کوردی لە سەرەتای سەرھەڵدانییەوە کە مێژووێکی زۆر کۆنی نییە بە مانا ھونەرییەکەی لە ئەدەبی کوردیدا، تاکو ئێستا ھەڵگری سیماو خەسڵەتی ھونەری جیاوازە کە بە پێی قۆناغەکانی پێشکەوتنی گۆڕانکارییان بەسەر داھاتووە. بەڵام سەرەتای ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو،بە قۆناغێکی تازەی گەشەکردنی چیڕۆکی کوردی لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆک و تەکنیکەوە دادەنرێت. ئاخۆ پێشتر ھیچ ھەوڵێکی نوێکردنەوەی چیڕۆکی کوردی بەرلەو قۆناغە دراوە؟ کتێبی( سەدرەدین عارف نوێکاری چیڕۆکی کوردی) کە چیڕۆکنووس و لێکۆڵەر(سابیر ڕەشید) نووسیویەتی، تا ڕادەیەکی زۆر وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە و سەرەتاکانی نوێکردنەوەی چیڕۆکی کوردی و دەرچوون لە سێیانەی مۆپاسانی ڕووندەکاتەوە. ئەم کتێبە دەکرێ بڵێین لە دووبەشی سەرەکی پێکھاتووە. لە بەشی یەکەمیاندا، نووسەری کتێبەکە سەرلە نوێ سەرجەم ئەو چیڕۆکانەی(سەدرەدین عارف)ی کۆکردوونەتەوە و جارێکی تر لەو کتێبەدا بڵاویکردوونەتەوە، کە ژمارەیان نۆ چیڕۆکە و لەماوەی سی ساڵدا نووسراون. بێگومان کۆکردنەوەی ئەم چیڕۆکانە لە کتێبێکدا، کارێکی گرنگ و پڕ بایەخە بۆ خوێەرانی چیڕۆک و توێژەرانیش بەتایبەتی ئەگەر مەبەستیان بێت لە بارەی ئەوچیڕۆکنووسە و دنیابینی چیڕۆکەکانی بنووسن. چونکە لە پەراوێزی خوێنەوەی چیڕۆکەکانەوە، خوێنەر دەشێ ڕاڤەی ناوەڕۆک و فەزای چیڕۆکەکان و ئەو تەکنیکانەش بکات کە چیڕۆکەکانی پێ نووسراون. ئەگەر بە وردی سەرنج لەو نۆ چیڕۆکە بدەین، دەبینین ناوەڕۆکی چیڕۆکەکان ڕەنگدانەوەی کێشە نەتەوایەتی و چینایەتی و بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتی کوردستانن لە ساڵانی شەستەکان و ھەفتاکاندا. ئەوەی بۆمن وەک خوێنەرێک لەو چیڕۆکانەدا جێگەی سەرنج بوو(چونکە نووسەری کتێبەکە لە بارەی تەکنیکی چیڕۆکەکانەوە لێکۆڵینەوەیەکی بە برشتی نووسیوە و پێویست ناکات لەو بارەیەوە ھیچ بنووسین) ئەوەیە، کە چیڕۆکەکان بە زمانێکی ڕەسەنی کوردی و پەتی نووسراون و زۆربە دەگەمەن وشەی بیانی لەو چیڕۆکانەدا ھەیە. ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە دەکرێ لە میانەی خوێنەوەی ئەو چیڕۆکانەدا،ستایلی تایبەتی ئەو چیڕۆکنووسەمان لە بواری نووسینی چیڕۆکدا بۆ دەربکەوێت. بۆنموونە: کە یەکەم چیڕۆکی دەخوێنینەوە کەلە ساڵی ١٩٦٧ نووسیویەتی و دوا چیڕۆکیشی دەخوێنینەوە کەلە ساڵی ١٩٩٧ نووسیویەتی، زۆر بە ئاسانی درک بەوە دەکەین کە سەدرەدین عارف، لە سەر یەک ستایل و تەکنیکی تایبەت بە خۆی بە جیاوازی ڕووداو و ناوەڕۆکی چیڕۆکەکان، چیڕۆکی نووسیوە. واتا بە ئاسانی مۆڕک و ناوەڕۆکی ئەو چیڕۆکانە دەناسینەوە.ناوەڕۆکی چیڕۆکەکانی بەگشتی، ڕەنگدانەوەی واقیعی کۆمەلگای کوردی و خەم و ئازارەکانی مرۆڤی کوردبوونە، کە ئەمەش دەلالەتە لەوەی کە چیڕۆکنووس لە نزیکەوە لە گەڵ خەم و ئازاری گەلەکەی ژیاوە.خاسیەتێکی دیکەی ئەو چیڕۆکانە بۆمن وەک خوێنەرێک جێگەی لەسەر وەستان بوو، ناوی کارەکتەرو پاڵەوانەکانە. سەدرەدین عارف لە شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا، ھەولیداوە شوناسی کوردانە بەناوی کارەکتەرەکانەوە بلکێنێت.یاخود بە گۆکردنێکی کوردانەوە، ناوی کەسەکان بھێنێت. بۆنموونە: ناوی کارەکتەری چیڕۆکەکانی( نەژاد_ قالە_حەمە_ گەلاوێژ_شێرزاد_حەمە غەریب-سۆفی عەلی_شێرکۆ_فەرھاد_مەلا پیرداود_ھیوا)یە. ئەم ناوانە، بە بڕوای من ڕەنگدانەوەی ئەو زمانە پەتیەن کە چیڕۆکەکانی پێنووسراون. ئەگەر ناوێکیش شوناسێکی عەرەبییانەی ھەبێت، چیڕۆکنووس ھەوڵیداوە ناوەکە لەگەڵ زمان و دەربڕینی کوردی بگونجێنێنێت. لە زمانی ناوچەکانی سلێمانی و شوێنەکانی دەوروبەری (محمد) دەکەنە(حەمە) و(قادر) دەکەنە(قالە).کە ئەمیش لە چیڕۆکەکانیدا،بەھەمان شێوە ناوی حەمەو قالە دەھێنێت. وێرای ئەمەش لە کۆمەلگەی ئێمەدا، ئەو ناوانە برەوێکی زۆریان ھەیە کە ھەڵگری پێشناوێکی ئایینین. لەچیڕۆکەکانی سەدرەدین عارفیشدا، چەند ناوێکی وەک:_(سۆفی عەلی و مەلاپیرداود و مەلا سعید و مەلا قادر) ھەن.واتا ناوەکان شوناسێکی کوردانەیان پێ دراوە. بەشی دووەمی ئەو کتێبە، لە دووبابەتی سەرەکی پێکھاتووە، لەبابەتی یەکەمیاندا نووسەری کتێبەکە پێگەی سەدرەدین عارفی لە بیبۆلۆگرافیای چیڕۆکی کوردیداخستۆتە ڕوو، کە تیایدا ئاماژەی بە چەند سەرچاوەیەک لە بارەی مێژووی چیڕۆکی کوردی کردووە. بابەتی دووەم لێکۆڵینەوەیەکی ھەمەلایەنە و فراوانە لە بارەی تەکنیک و ناوەڕۆکی ئەو نۆچیڕۆکەی چیڕۆکنووس کە لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا بڵاوکراونەتەوە. ئەم لێکۆڵینەوەیە، ھەرچەندەکورتە، بەڵام پوخت و چڕەو دەروازەیکی باشە بۆ ناسینی ئەزموونی ئەو چیڕۆکنووسە لە بواری چیڕۆکدا. بەڵام لەوەیان گرنگتر لە ڕوانگەی من وەک خوێنەرێک ئەوەیە،خوێنەر کەئەو لێکۆڵینەوەیە دەخوێنێتەوە، دەگاتە ئەو دەرەنجامەی کە نوێکردنەوەی چیڕۆکی کوردی لە ڕووی ڕەگەزەکانی تەکنیکەوە بۆپێش ھەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دەگەرێتەوە، بەدیاریکراویش لە چیڕۆکەکانی ئەو چیڕۆکنووسەوە دەبینرێت.تەنانەت بەشێک لەو تەکنیکانە، پێشتر لە چیڕۆکی کوردی نەبوونەوە ئەم یەکەم جار بەو تەکنیکەوە چیڕۆکی نووسیەوە. لەم ڕوانگەیەشەوە نووسەری کتێبەکە، ئاماژە بە چەندین ڕەگەز دەکات کەبەرلەوەی لە ساڵانی ھەفتاکاندا لە چیڕۆکی کوردی دابھێنرێن، سەدرەدین عارف لە نیوەی دووەمی شەستەکانەوە ئەو ڕەگەزانەی لە چیڕۆکەکانیدا بەرجەستە کردووە. دیارە ئەو ساغکردنەوەیەش لە پەراوێزی خوێنەوە و ھەڵسەنگاندنی چیڕۆکەکانەوە بووە.بەبڕوای نووسەری کتێبەکە، چیڕۆکنووس بەرلە ھەفتاکان، چەند ڕەگەزێکی تازەی لە تەکنیکی چیڕۆکەکانەوە بەرجەستە کردووە ئەم یەکەم کەسە بەو شێوەیە چیڕۆکی نووسیبێت. لەم ڕوانگەیەشەوە نووسەری کتێبەکە باس لەوە دەکات کە سەدرەدین عارف، یەکەم کەسە بە ڕاناوی کەسی یەکەمی تاک، چیڕۆک بگێڕێتەوە و پێشتر بەو شێوەیە نەبووە. ھاوکات ھونەری چڕکردنەوەی زمانی پەیڕە و کردووەوە حۆی لە درێژدادڕی پاراستووە،لە کاتێکدا زۆربەی ئەو ڕۆمانانەی ئێستا بڵاو دەکرێنەوە،بە ھەدەردانی وشەو درێژدادڕیەکی زۆریان تێدایە. وێرای ئەمەش، بەرلە ھەفتاکان، ئەم ڕەمزی لە چیڕۆکەکانیدا بەرجەستە کردووە.ھاوکات بایەخی بە فلاشباک داوە. یەکێکی دیکەش لە خاسیەتە ھونەرییەکانی ئەم چبڕۆکنووسە ئەوەیە کە چیڕۆکەکانی بەکراوەیی ھێشتۆتەوە، ئەمەش وەک بەشدارییەکی خوێنەر لە تەواو کردن و بیناکردنی چیڕۆکە کە. ھاوکات بایەخی بە فۆلکۆری کوردیش داوە و تێکھەڵکێشی چیڕۆکەکانی کردووە، ئەمانە و زۆر خاسیەتی دیکەش. بە گشتی خوێنەر کاتێ کتێبەکە دەخوێنێتەوە،درک بەوە دەکات کە ئەم چیڕۆکنووسە ڕۆڵێکی گرنگی لە نوێکردنەوەی چیڕۆکی کوردی بینیوە و توانیویەتی شوناسی خۆی لە نەخشەی چیڕۆکی کوردی دابنێت.ئەگەرچی ژمارەی چیڕۆکەکانی لە پەنجەکانی دەست تێپەڕناکەن، بەڵام ئەوەی لێرەدا بۆ چیڕۆکنووس گرنگ بووە،چۆنیەتی چیڕۆکەکان بووە نەک چەندایەتی. لە کۆتاییدا دەستخۆشانە لە نووسەری کتێبەکە دەکەم و دڵنیام ئەم ھەوڵەشی دەچێتە سەر خەرمانەی ھەوڵەکانی پێشووتری کە لە بواری نووسینەوەی مێژووی چیڕۆک و ڕۆمانی کوردی داویەتی و بەردەوامیشە و ئێستاش سەرقاڵی دانانی ئەنسکلۆپیدیایەکی تایبەت بەچیڕۆکی کوردییە و ھیودارم تەمەن دەرفەتی بدات تەواوی بکات.

*پەراوێز/ ناوی کتێب( سەدرەدین عارف نوێکاری چیڕۆکی کوردی)/ نووسینی(سابیر ڕەشید)/ بڵاوکراوەی دەزگای سەردەم_٢٠١٨ سلێمانی..

دەربارەی Sadiq Rwandze