سەرەتا / وتار و بیروڕا / نھێنی (بەھێزی) ئەمریکا

نھێنی (بەھێزی) ئەمریکا

بورھان شێخ ڕەئوف
ھەرچەندە نووسەری ئەمریکی (جۆرج فریدمان ) لە پێشەکی کتێبی سەد ساڵی داھاتوودا ، بەھێزی ئەمریکا دەگێڕێتەوە بۆ چەند ھۆکارێک لەوانە ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە دوای جەنگی سارد ،کۆنترۆڵکردنی ھەردوو زەریای باکوری ئەتڵەسی و زەریای ھێمن لە دوای جەنگی جیھانی دووەم کە ئەمەش وایکردووە کە کۆنترۆڵی سیستمی بازرگانی جیھان بکات ، بوونی ھێزێکی دەریایی زەبەلاح ئەمەش بە ھۆی ئەوەی تێچووی ھێزی دەریایی و ئەو مەسرەفە زۆرەی کە پێویستە بۆ بڵاوکردنەوەی بە جیھاندا وای لە ئەمریکا کردووە کە خاوەنی دوو زەریا زەبەلاحەکە بێت و ئەکتەری سەرەکی سیستمی جیھانی بێت .
بە جۆرێک ئەمریکا بەھێزترین وڵاتی جیھانە لە ڕووی سەربازی و سیاسی و ئابورییەوە و ڕکابەرێکی ڕاستەقینەی نییە .
لە دوای جەنگی ناوخۆوە ولایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە بارودۆخێکی لە ڕادەبەدەری باشدایە ، لە وڵاتێکی دواکەوتوی پەراوێزخراوەو بووەتە ئابورییەکی گەورەتر لە کۆی ئەو چوار وڵاتەی کە پلەبەندی لە دوایەوە دێن .
ھەرلەبەر ئەو ھۆکارانەیە کە نووسەری ناوبراو پێشبینی ئەوە ی کردووە کە بە لانی کەمەوە لەم سەدەی بیستو یەکەمشدا ھەر ئەمریکا خاوەن ھێزو ھەژموونی یەکەم بێت لە سەرئاستی جیھان .
بەڵام لەوەیە من پێچەوانەی ( جۆرج فریدمان ) سەرەڕای گرنگی ئەو فاکتانەی ئەو باسی کردوون ، نھێنی ھێزو مانەوەی ئەمریکا بۆ سیستمی چەسپاوی دیموکراسی و دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی ئەو وڵاتە بگێڕمەوە ، کەلەم کێشەی ھەڵبژاردنە سەرۆکایەتیەکەی ٣/١١/٢٠٢٠ و ئاکامەکانی و ھەڵوێستەکانی ترەمپ ، دەرکەوت ئەو سیستمە چەسپیوە بواری ھیچ لادان و سەرکێشیەک نادات ، کە ھەوڵدەدەم لە خوارەوە بە فراوانی باسی بکەم .
ئەو مەراسیمی سوێند خواردنەی کە بۆ سەرۆک جۆزیف بایدن و جێگرە ڕەش پێستەکەی کامالا ھاریس ڕێکخرا سەرەڕای بایکۆت کردنی لەلایەن ترەمپەوە ، بەھێزی و پتەوی دامەزراوە دەستووری و یاساییەکانی ئەمریکای بۆ جیھان دەرخست ، سەرەڕای ڕەفتارە دژە دیموکراسی و نابەرپرسیارێتیەکانی ترەمپ کە لە سەدو پەنجا ساڵی ڕابردوودا ، یەکەمجارە لە نێوان سەرۆکی ماوەبەسەرچوو و سەرۆکێکی ھەڵبژێراودا ڕووبدات ئەوە ڕووبدات کە سەرۆکی پێشوو ئامادەی مەراسیمی دەستاودەستکردنی دەستەڵات نەبێت .
ھەرچەندە ترەمپ لە پێش دەستپێکردنی مەراسیمەکە کۆشکی سپی بە جێھێشت ، بەڵام بەڵێنی دا کە بگەڕێتەوە بۆژیانی سیاسی لە ئایندەدا ، بەڵام ڕۆژەکانی دوایی تەمەنی سەرۆکایەتی بە تایبەتی دوای دەرکەوتنی ئاکامی ھەڵبژاردنەکان لە ٣/١١/٢٠٢٠ ڕووی ڕاستەقینەی ترەمپی دەرخست کە بەرگەی دۆڕان و شکست لە سیاسەتدا ناگرێت ، ئەوەشی نەزانێت چۆن ڕەفتار لەگەڵ دۆڕان و بردنەوەدا دەکات ، ئەوا دۆڕۆژی سیاسی باش نابێت .
لەوەش ڕوونتر ئەوەی دامەزراوەکانی سیستمی دیموکراسی ئەمریکا پیشانیاندا بە ھەردوو حزبی دیموکرات و کۆماریشەوە ، ئەوەیە کە ئەستەمە ترەمپ جارێکی تر بگەڕێتەوە ژیانی سیاسی ھەرچەندە پێشبینی و ھەنگاوەکانی کۆنگریس بەرەو ئەوەیە لێپێچینەوە ی لە گەڵدا بکرێت ، نابێت کەسێک لە ڕێگەی دەنگدان و ھەڵبژاردنەوە ببێتە سەرۆکی ئەمریکاو بگاتە کۆشکی سپی دواتر یاخی بێت و دان بە شکستدا نەنێت .
سەرکەوتنی بەھێزی ئەمریکا لەم قەیرانەی کە ترەمپ و لایەنگرەکانی خوڵقاندیان بە پەلاماردانی کاپیتەڵ ھۆڵ لە واشنتۆن دەری خست کە دیموکراسیەتی ئەمریکا خاوەنی ھەیە ، ئاسان نیە باز بەسەر دامەزراوەکانیدا بدرێت .
ھەرچەندە بە ھۆی کۆرۆنا ڤایرۆسەوە کە ٤٠٠ ھەزار ئەمریکی کوشت کە لە شەڕی جیھانیشدا ئەمریکا ھێندە قوربانی نەداوە ، بەڵام ڕێکخەرانی مەراسیمەکە توانیان کەشی مەراسیمەکە بە ئاڕاستەی خۆشی و گەشبینی بەرن ، کە وتارەکەی سەرۆک بایدنیش پڕ بوو لە گەشبینی و ھیوا بە ئایندەو ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڤید ١٩ ، ھەروەھا پێداگیری لە سەر پتەوەی بنەماکانی سیستمی دیموکراسی ئەمریکا .
ھەنگاوێکی تری سەرۆکی نوێ رلە ناوخۆدا فریاکەوتنی باری ئابوری و بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنایە ، لە ڕووی سیاسەتی دەرەوش ڕاستکردنەوەی ھەڵەو لادانەکانی ترەمپە بەرامبەر بە دۆست و ھاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە جیھاندا ھەر لە ئەوروپاوە تاوەکە ئاسیا بە تایبەتی یابان و کۆریای باشوور و ڤێتنام ڕۆژھەڵاتی ناوین و پێکھێنانی بەرەیەک بە سەرۆکایەتی ئەمریکاو ھاوپەیمانەکانی بەرامبەر بە چین کە گرفتێکی گەورەیە لە بە ردەم ئەمریکا دا .
لەلایەکی تریشەوە ئالەنگاری تر زۆرن لە بەردەم ئیدارەی بایداندا وەکو کۆریای باکورو ڕوسیا وئێران و تورکیا ، ئەوەی بەرپرسە تازەکانی کابینەی بایدن باسی دەکەن نیگەرانی توندە لە تورکیا کە دەڵێن ڕەفتارەکانی تورکیا ڕەفتاری ھاوپەیمان نیە ، بە رامبەر ئێرانیش لێدوانی تازەیان ھەیە ھەر لە ئێستاوە باس لەوە دەکەن کە بۆ وتوێژی داھاتوویان لە گەڵ ئێران دەبێت ھاوپەیمانەکانی کەنداوی عەرەبی و ئیسرائیل بەشدار بن بە ھۆی باری ئاسایشی ئەو وڵاتانەوە کە ئەم لێدوانانە ڕەنگە بەلای ئێرانیەکانەوە دڵخۆشکەر نەبێت و زۆر قەڵسیان بکات ، جگە لە بەرنامە ی رۆکێتی دوور مەودای ئێران و ماوەی ئەو دەساڵەی کەبۆ ئێران دانرابوو کە چەکی ئەتۆمی بەرھەم نەھێنێت کە ئیستا دەخوازن بیگۆڕن بۆ ھەتاھەتایی .
بایدن لە کۆتایی وتارەکەیدا بە کورتی ئەوەی بە گوێ ی ھەموواندادا کە دیموکراسی سەرکەوت ، ئەوە گرنگە گەل و نەتەوەی ئەمریکا یەکگرتوو بوو ، ئەمریکا لەجاران بەھێزتر بوو پێش پەلاماردانی کاپیتل ھۆڵ لەلایەن لایەنگرانی ترەمپەوە , دەرکەوت دیموکراسی ئەمریکا چەسپیوو جێگیرە و کەس ناتوانێت پێشێلی یاساو دەستوورەکەی بکات .
لە کۆتاییدا ئەوەی دیارە کۆسپ و تەگەرەو ئالنگاری گەورە لە بەردەم ئیدارەی بایداندان ، بە تایبەتی لە ڕووی ناوخۆییەوە بەڵام ئەوەی دڵخۆشکەرە بۆ بایدن خواست و ئارەزووی ھەردوو حزبە دیموکراتی و کۆماری بۆ ھەڵدانەوەی لاپەڕی ترەمپ ، بە تایبەتی ئیستا ڕۆژانە ئەوە زیاتر ڕوون دەبێتەوە کە ھەندێک سەرکەوتنی سیاسەتی دەرەوەی ترەمپ لە ھەندێک بواری دیاریکراودا خۆی خاوەن و داھێنەری نین ، بەڵکو خەڵکی تر بۆیان ڕێکخستووە , کە ڕۆژێک دێت نھێنیەکانی ئەم سەرکەوتنانەی ئاشکرا دەبن .

دەربارەی Burhan Shex Reuf