دوو شه‌ممه‌, تشرینی یه‌كه‌م 26, 2020
سەرەتا / ئەدەب / هۆنراوە / هێدی هێدی بەردەبینەوە

هێدی هێدی بەردەبینەوە

بەبـێ رەنج
لەبەردەم رەنجـێک ڕاوەستا و سێلفی چرکاند٫
دووای چرکەیەک
لە سەر لاپەڕەی سۆشال دا
پەخشی کردوو٫ نووسیی: ئێستا…
تەنیا هەنگاوێک لەولاتر
لە شەقامەکە نا… لە فۆتۆکە دا٫
ژنێکی بەژن زراڤ
تک تک ئارەقە٫ لە تاڵی قژی
دەکەوتە ناو چنگی زەوی٫
لە ئامێزیا
منداڵێک سەر پەنجەکانی
ئاڵاندبووە یەخەی کراسیی٫
قەیتانی سوخمە سوورەکەی
رۆچووبووە نێو گۆشتی ملی٫
بە خۆی نا… منداڵەکە
چاوەکانی هەڵدەپشێوا و دەنووزایەوە٫
لە گۆشەی
ڕۆژهەڵاتی فۆتۆکەدا
پیرێک سەری هەڵبڕیی و گوتی:
(حەکک!!
چ خێرکی خودایە٫
دە مندارەکە
بایێنە ناو توڕمبێلەکە و
ساردیی لۆ پێکەن!)
ژنەکە
بە حوزنێکی جاویدانییەوە٫
گوتی: (لۆ…
کۆریتە سەگێکمان هەیە٫
هەتا سەیارەمان هەبێ؟!)
دوکاندارەکە
تیچاوێکی گوورگانەی
هاوێشتە بەرپێی پیرەکە نا…
ژنە جوان و جەحێڵەکەی ناو فۆتوکە٫
تێچنێکی دوور و درێژی
بۆ یاداشت کرد٫ سەرسامییەکی حەپەساوی بۆ بەجێهێشت٫
خۆگریست هەستایە سەرپێ
بە کۆڵانی تەمەنی دا شۆڕبوویەوە٫
سڵاوڕێژنەی
دەروو دراوسێی دەبینی٫
بەڵام بە لووت
عەلێکی بۆ جێدەهێشتن٫
چوونکی ئیدی
ئەو مرۆڤی نێو کۆڵان و گەڕەک نەبوو٫
ئەو ئامێری
ناو دیجیتاڵ و هەوا بوو…

هیوا کەریم مەلا
کوردستان-رزگاریی

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.