سەرەتا / وتار و بیروڕا / وانەی ھونەر بێ مامۆستای ھونەر!

وانەی ھونەر بێ مامۆستای ھونەر!

سەدیق سەعید ڕواندزی

ئەگەرچی، وانەی ھونەر وەک ھەر بابەتێکی دیکەی خوێندن، لە خشتەی وانەکانی ھەفتەدا ھەیە، لە بازنەی یەکەم لە ھەفتەیەک دوو وانە و لە بازنەی دووەم، دەبێ ھەفتەی وانەیەک بخوێنرێت، وەلێ لە زۆربەی ھەرە زۆری قوتابخانەکانی ئێمەدا، ئەو وانەیە، بە وانەیەکی لاوەکی دادەنرێت و پەراوێز دەخرێت. یان وانەکە ناخوێنرێت، یاخود بەشە وانەی بابەتی ھونەر، بە بابەتی تر پڕدەکرێتەوە. بێگومان ھۆکار زۆرن بۆ پشت گوێخستنی وانەی ھونەر لە قوتابخانەکان، کە ڕەنگە دەرفەت نەبێت لێرەدا باسی ھەموویان بکەین. وەلێ یەکێک لە ھۆکارە دیارەکانی بایەخ نەدان بە وانەی ھونەر، بۆ نەبوونی مامۆستای پسپۆڕی ھونەر لە قوتابخانەکان دەگەڕێتەوە. چونکە نابێ ئەوەمان بیربچێت، کە ھونەر پسپۆڕایەتی و تایبتمەندییە. وەک چۆن ھەموو مامۆستایەک ناتوانێت بە نموونە وانەی ئینگلیزی بڵێتەوە، بە ھەمان شێوەش، مامۆستا ناتوانێت وانەی ھونەر بە قوتابییان بڵێت و فێری وێنە کێشان و ھونەرەکانی دیکەیان بکات، ئەگەر پسپۆڕییەکەی ئەو بوارە نەبێت.ئەگەرچی، قوتابی بەھرەمەند، لێھاتوو لە ڕووی ھونەرییە وە بەشێوەیەکی خۆرسک بوونییان ھەیە، وەلێ ئەگەر ئەو پەھرە و توانا خۆرسکییانە پەروەردە نەکرێن، بێگومان سەرەنجام دەپووکێنەوە.بۆیە ئێمە پێویستیمان بەوەیە، بە شێوەیەکی دیکە گرنگی بە وانەی ھونەر بدەین. شێوەیەک کە ڕێگە و میتۆدێکی ئاسان لە خۆ بگرێت. بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانێت ئەگەر پسپۆڕییەکەشی ھونەر نەبێت، زانیارییەک بداتە قوتابییان. لێرەوەش دەبێت میتۆدێکی ئاسان و ساکار ھەبێت، تاکو لەگەڵ ھزرو تێگەیشتنی قوتابییانی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی و قۆناغەکانی دواتر بگونجێت. نەک میتۆدێک بخرێتە بەردەست مامۆستا،کە چەندین بابەت و زانیاریی وردو ئاڵۆزی تێدابێت و نەتوانرێت بگەینرێتە قوتابییان و خوێندکاران. لەو ڕوانگەیەوە، کتێبی(پەروەردەی ھونەر_پۆلی یەکەمی بنەڕەتی) کە وەک ڕێبەرێک بۆ مامۆستایان داندراوە، میتۆدێکە، بابەتی قوڕس و ئاڵۆزی تێدایە کە ئەستەمە قوتابی و خوێندکارانی پۆلی یەک بتوانن سوودی لێببینن. ئەم کتێبە کە(م_خەلیل عەلی عەبدوڵا) ئامادەی کردووە، وەک ڕێبەرێکە تاکو مامۆستا بتوانێت لە پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، بیکاتە نەخشە ڕێگایەک و بە ھۆیەوە وانەی ھونەر بە قوتابییان بڵێتەوە.ڕەنگە ئامادەکاری کتێبەکە، بیری چووبێت کە بە ھەزاران قوتابخانەی ئێمە، مامۆستای پسپۆڕی ھونەرییان نییە. ئیدی چۆن دەتوانن بەو میتۆدە زانستی و ھەمەلایەنە ھونەر بڵێنەوە. لەو کتێبەدا، چەندین چەمک و دەستەواژە باسکراون، کە تێگەیشتنیان بۆ قوتابی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتی قوڕسە.تەنانەت بۆ خودی مامۆستایەکیش ئەگەر پسپۆڕییەکەی ھونەر نەبێت ھەر قوڕسە. بۆنموونە:_بابەتەکانی(پێکەر_ڕەسەنایەتی_نەرمکێشی_جوانناسی _دەربڕینخوازی_ھێلکاری ئازاد_مۆنۆتایپ_کاری دەستی_کۆلاژ_داوکاری_ھەویرکاری_ڕیساکلین_ئستاتیکا_گرووپکاری_تایبتمەندی)ئەمانە و چەندین چەمکی تر. ئاخۆ مامۆستایەک ئەگەر پسپۆڕییەکەی ھونەر نەبێت، دەتوانێت ئەو بابەتانە بڵێتەوە؟ مامۆستا چۆن و بەچ شێوەیەک چەمکی(ئستاتیکا)و(دەربڕینخوازی)بە نموونە بۆ قوتابییان شیبکاتەوە. لەکاتێکدا، ھونەرمەندێک دوای ساڵانێکی زۆرلە کاری ھونەری، ئەوکات بەرە و ھونەری دەربڕینخوازی دەچێت. ئەم کتێبە، کە وەک ڕێبەرێک بۆ مامۆستای ھونەر داندراوە، کتێبێکی ئاڵۆزە، ناتوانرێت بە پێی ناوەڕۆکی ئەو ڕێبەرە، ھونەر بە قوتابییان بگوترێتەوە ئەگەر مامۆستا دەرچووی نێوەندێکی ھونەری و پسپۆڕی ھونەرنەبێت. قوتابی پۆلی یەکەمی بنەڕەتی، نەک ھەر لە مانای ئەو وشانە ناگات، بگرە نازانێ ھونەر یانی چی. من خۆم وانەی ھونەر دەڵێمەوە، ئەگەرچی پسپۆڕییەکەشم کوردییە. ھەرکاتێک باسی ھونەر دەکەم، قوتابییەکان یەکڕاست( قەڵەم ڕەنگ و تێنووسی وێنەکردن) دەردەھێنن. واتا لای ئەوان، ھونەر تەنھا بە مانای دروستکردنی وێنە. بگرە ھەندێکییان ڕەنگەکانیش ناناسن و پێیەوە ئاشنا نین وەک(ئەرخەوانی و سلڤەروجەرگی) وتەنانەت سەوزو شینی کاڵیش.ئیدی نازانم، مامۆستا چۆن دەتوانێت بەو ڕێبەرە وانە بۆ قوتابییان بڵێتەوە؟.بۆیە پێشنیار دەکەم، لە بازنەی یەکەمی بنەڕەتی، وانەی ھونەر، تەنھا ناسینی ڕەنگەکان ودروستکردنی چەند وێنەیەکی سادەو ئاسایی بێت، دواتر وردە وردەو لە قۆناغەکانی دیکە، قوتابییان فێری ئەو چەمکانە بکرێن. زۆربەی قوتابخانەکانی ئێمە، مامۆستای ھونەریان نییە، بۆیە دەبێت ڕێبەرێک بۆ چۆنیەتی وتنەوەی وانەی ھونەر لە قوتابخانەکان دابنرێت، کە لەگەڵ ئاستی زانیاریی وتوانای تیۆریی و پراکتیکی مامۆستایان بگونجێت. نەک میتۆدێک دابنرێت، باسی ھونەر بە شێوەیەکی مەعریفی و ئەکادیمی و پسپۆڕی بکات. کە تەنھا دەرچووانی بەشی ھونەر لە کۆلیژو پەیمانگاکان، بزانن مەبەست لە ناوەڕۆکی بابەتەکان چییە. ھیوادارم،ھونەرمەندان و مامۆستایانی پسپۆڕی ھونەر، لە دانانی ھەر کتێبێکی خوێندنی وانەی ھونەر، واقیعی پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و تواناو لێھاتوویی مامۆستایانیان لە بەرچاوبێت. نەک لە ڕوانگەی خۆیانەوە کە ھەموو شتێک لە بارەی ھونەرەوە دەزانن، کتێب بۆ مامۆستایان و قوتابییان دابنێن!!.

*ئەم بابەتە لەڕۆژنامەی(ھەولێر)ژمارە(٣٢٥٥)لە ٢/٢/٢٠٢٠بڵاوکراوەتەوە..

دەربارەی Sadiq Rwandze