سەرەتا / ئەدەب / وتاری ( ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەر) وچەند سەرنجێک

وتاری ( ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەر) وچەند سەرنجێک

سەدیق سەعید ڕواندزی
لە وماوانەی ڕابردوودا، چەند نووسینێکی درێژم لە بارەی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر وەک شاعیرێک خوێندنەوە. لە پەراوێزی ئەو خوێندنەوانەدا، وەک خوێنەرێک ھەستم کرد، ئەوانەی خوێندنەوە بۆ شیعری ئەم شاعیرە دەکەن (بە خۆشمەوە) ھێشتا زۆریان ماوە لە سنووری ئەزموونی شیعری ئەم شاعیرە نزیک ببنەوە. بەڵام ڕەنگە جیاوازی من لەوەدا بێت، کە من ھەرگیز بەو میتۆدەی شیعری شاعیرانی تری پێ دەخوێندرێتەوە، شیعرەکانی ئەم شاعیرە ناخوێنمەوە. لە بەر ئەوەی ئەزموونێکی جیاواز و تایبەتە، بێگومان پێویستیشمان بە خوێندنەوەیەکی تایبەتە. بە دیدی من زۆربەی ئەو نووسینانە، نەیانتوانیوە لە سنووری شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەر نزیک ببنەوە. بۆ نموونە:_ھەندێکییان باسی خەیاڵ و خەیاڵسازیی و وێنەی شیعری لە شیعرەکانی ئەم شاعیرە دەکەن، لە کاتێکدا ئەوەی ھەیە خەیاڵ نییە، بەڵکو ڕوانین و تەئویلێکی فیکرییانەیە. ھەندێکییان شیعری ئەم شاعیرە دەبەستنەوە بە ئایدۆلۆژییا و سیاسەت و شۆڕش و زۆر چەمکی دیکەش. حەکیمی مەلا ساڵح، باڵندە بە ڕابەر و سەرکردە دەچوێنێ، لە کاتێکدا نە ئایدۆلۆژییا، نە ڕابەر و سەرکردە، نە حزب و حزب چییەتی، لە ئەزموونی ئەم شاعیرە جیاوازنووسە شوێنێکییان نییە. تەنانەت کاک حەکیم دێڕە شیعری( دەریا سەماکارە) سەماکارەی بە سۆزانی لێکداوەتەوە، لە کاتێکدا مەبەست ئەو جوڵە و شەپۆڵدانەی دەریایە، کە شاعیر بە سەما چواندوویەتی. عەبدوڵا ڕەحمانیش لە کتێبەکەی خۆیدا بە ناوی (بونیاتی گێڕانەوە) لە بارەی ناونیشانی زێوانەوە دەنووسێت:_(زێوان ئەو دەنکۆلەیەیە کە ڕەنگی ڕەشە و لەگەڵ گەنم و جۆدا شین دەبێت و دروێنە دەکرێت و تامی تاڵە) نووسەری کتێبەکە، لێرەدا جیاوازی لە نێوان (زێوان) و (زیوان) نەکردووە. ئەوەی لەگەڵ گەنم و جۆدا شین دەبێت (زیوانە) واتا بە پیتی (ی) نەک (زێوان) کە بە مانای پاسەوانی گۆڕستان دێت. ھەروەھا ئەدیب نادریش لە کتێبی (گەڕانەوە بۆ ماڵی یەکەم) لە وتارێکیدا لە بارەی ئەزموونی ئەم شاعیرە دەنووسێت:_( سەباح لە قەیڕانی بێ ناوەڕۆکی و بێ بابەتیدا نوقم بووە و شیعر لەلایدا بە دوای زماندا دەگەڕێت) مەگەر ناوەڕۆک و بابەت، لە ڕێی زمانەوە دروست نابن؟ پێچەوانەی بۆچوونەکەی ئەدیب نادر، ئەگەر سەباح ڕەنجدەر خاوەنی ئەو زمانە نەبوایە، ئێستا نە شوناس، نە ئەزموونی تایبەتی دەبوو. گرفتی بەشێکی زۆری شاعیرانی کورد لەوە دایە، کە زمانێکی جیاوازییان نییە. شیعری نیوەی دووەمی دەی ھەفتاکان، کە ڕەنگدانەوەی قۆناغی دوای ھەرەسی شۆڕشە بخوێنینەوە، ئەگەر ناوی شاعیرەکانی بە سەرەوە نەبێت، وا ھەست دەکەین یەک ئەزموون و یەک زمان و یەک گوتارە. بۆیە بە بڕوای من لەم بۆچوونەیدا (ئەدیب نادر) وێرای گومان نەبوونم لە توانای نووسینی، بەڵام نەیتوانینوە ئەزموونی ڕەنجدەر شڕۆڤە بکات. بێگومان ئەم جۆرە بینینانە بۆ شیعری ڕەنجدەر ، نەک بە مانای شیعری ناگەن، بەڵکو بە جۆرێک لە جۆرەکان، مانای شیعری ئەو شاعیرە داھێنەرەش دەشێوێنن. ئەمە بەو مانایە نییە ئەزموونی شیعریی خوێندنەوەی جیاواز ھەڵنەگرێت، بەڵکو بەو مانایەی دەبێتە جۆرێک لە تێکدان و شێواندنی مانا. لەو سۆنگەیەوە، دوایین وتار کە لە بارەی ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەر خوێندمەوە، وتاری ( ستراتیژی ناونیشان و پاش نەتەوەگەری لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەر) بوو، کە (دیار لەتیف) نووسیویەتی و لە ماڵپەڕی سەنگینی (دەنگەکان) بڵاوبۆتەوە. وەک خوێنەرێک لە پەراوێزی خوێندنەوەی وتارەکەدا، چەند سەرنجێکی زمانەوانی و بابەتیم لادروست بوون، کە بە بڕوای من پێویستییان بە ھەڵوەستەکردن و ڕاستکردنەوە چ لە چوارچێوەی وتارەکە بە گشتی، چ لە چوارچێوەی ناونیشانی شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەریش بە تایبەتی ھەیە. کە بەرلەو، چەند خوێنەر و لێکۆلەرێکی دیکەش، ھەمان دیدی ھەڵەیان بۆ ناونیشانی شیعرەکان ھەبووە. ئەم وتارەی دیار لەتیف لە دوو تەوەرەی سەرەکی پێکھاتووە، بەشێکی زۆری قسەکردنە لە سەر چەمکی ڕەخنە و زمان و شیعر و دنیابینی شیعریی، کە ڕەنگە ھیچ پەیوەندییەکییان بە ناونیشان و ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەرەوە نەبێت. چونکە زمانی شیعریی و شوناسی شیعری ڕەنجدەر، لە دەرەوەی ئەوجۆرە بینین و لێکدانەوانەیە، تەوەرەی دووەمی وتارەکەش، قسەکردنە لە بارەی ناونیشان لە کۆی ئەزموونی ئەم شاعیرەدا، کە نووسەر بە ستراتیژیەتی ناونیشان ناوی بردووە. بە بڕوای من ناونیشان لە شیعری ڕەنجدەردا ، کۆدە نەک ستراتیژ، چونکە ھەموو ستراتیژێک ئامانجێکی ھەیە و کە ئەو ئامانجە ھاتە دی، ستراتیژییەکە بوونی نامێنێت. بەڵام کۆد، پێویستی بە کردنەوە و لێکدانەوە ھەیە و تەنانەت زۆرجار ئەو کۆدە ھەر ناشکرێتەوە لای خوێنەر. شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەر بە گشتی، لە ڕووی زمانەوە، شیعری ئاڵۆز و قووڵ و پڕ لە وێنەی ھزریی و بیرین، کە بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە چوارچێوەی ئەو زمانە باوەی لە شیعری شاعیرانی تردا ھەیە. ھەر ئەمەشە ئەوانە دەخاتە ھەڵەوە کە ئەزموونی ڕەنجدەر دەخوێننەوە. میتۆدی خوێندنەوەی ئەزموونی شیعری کوردی بە گشتی، بۆ خوێندنەوەی دەقە شیعرییەکانی ڕەنجدەر ناشێت، چونکە ئەو شاعیرە، زمانێکی تایبەت و ناوەڕۆکێکی تایبەت و دنیابینییەکی تایبەتی شیعریی ھەیە، کە ھەموو ئەمانە دواجار پێویستییان بە خوێندنەوەی نا باویش ھەیە. بێگومان ھەر خوێنەرێک چۆن دەڕوانێتە شیعر و چ مانایەکی لە ھزری خۆی پێ دەدات ڕەنگە ئاسایی بێت، بەڵام کاتێ دێتە سەر مێژوو، قۆناغی شیعریی و ئەزموونی شاعیران، دەبێ بە تێھزرینەوە بڕوانێتە شیعر و ئەزموونی شیعری بە گشتی. دەبێ ئەو ئەزموونە، لە ڕووی مێژوویی و زەمەنییەوە، پۆلێن بکات و خاسیەت و ئەدگارە ھونەرییەکانی لە یەکتری جیا بکاتەوە. کاتێک نووسەرێک دەڵێت:_( شاعیرانی دوای ڕاپەڕین فۆڕمی زمان نوێ دەکەنەوە) دەبێ ئەو فۆڕمە دەربخرێت و بە شڕۆڤەی شیعری پیشان بدرێت. چونکە ھیچ قۆناغێک ھێندەی دوای ڕاپەڕین، شیعری کوردی تێدا بێ ئەرزش و بێ بەھا و بێ ناوەڕۆک نەبووە، بە تایبەتی لەلای ئەو نەوەیەی کە خۆی بە نوێ دەناسێنێ. بۆیە قسەکردن لە بارەی ئەزموونی شیعرییەوە، پێویستی بە ھەڵوەستە و ڕامانی ورد ھەیە، بۆ ئەوەی ماھیەتی شیعر لەو قۆناغانە لە یەکتری جیابکەینەوە. لە وتارەکەی دیار لەتیف_دا، چەند گوزارشت و دەربڕینێک ھەن، کە پێویستییان بە ڕاستکردنەوەیە. بە تایبەتیش کاتێ لە سەرەتای وتارەکەیدا باسی زمان بە گشتی و زمانی شیعری بە تایبەتی دەکات. دیار دەنووسێت:_(زمان کەرستەی گەورەی فاشیزمە، با جیاوازی بکەین لە نێوان زمانی پیس و زمانی ڕەخنەدا، ڕەخنەگرانێک ھەن زمانی سووکایەتی بە زمانی ڕەخنە تێگەیشتوون) سەرەتا، دەبێ بپرسین مەبەست لە زمان و فاشییەت چییە؟ ئایا نووسەر فاشییەت وەک چەمکێکی سیاسی و ھزریی و بیرێکی نا مرۆییانە بە کاردێنێت، یان مەبەستی فاشییەتی ئەدەبە؟ ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە ئایا زمان کەرستەی گەورەی فاشییەتە؟ فاشییەت چییە؟ کێ دروستی دەکات؟ بێگومان نکۆڵی لەوە ناکرێت کە زمان ڕۆڵێکی سەرەکی و بنەڕەتی لە ژیانی مرۆڤدا ھەیە و تاکە خاسییەتی جیاکردنەوەی مرۆڤیشە لە بوونەوەرەکانی تر، بەڵام دەبێ بزانین زمان ھەموو بوونێکی مرۆڤ نییە و ماڵی بوونیش نییە. چونکە ئەگەر بوونی مرۆڤ ببەستینەوە بە بوونی زمان، ئەو کات دەبێ بپرسین ئەی ئەوانەی زمانییان نییە چۆن گوزارشت لە بوون و ھزر و ڕوانینەکانییان دەکەن؟ چۆن دەتوانن کۆنتاک لەگەڵ دەوروبەرو ئەوانیترو ژیان بە گشتی ببەستن؟ بۆیە دواجار زمان ھەر تەنھا ئەو گەیەنەرەیە، کە دەربڕینەکان دەگەیەنێت، لەوە زیاتر لە ئاستی کەسی و کۆمەڵایەتییدا، ھیچ بایەخێکی دیکەی نییە. ھاوشێوەی ئەو ھێڵەی تەزووی کارەبا دەگوازێتەوە. کە ھێڵەکە بوونی نەبوو، مانای وانییە کارەباکە بوونی نییە. بۆیە ھزر لە پێشەوەی زمانە. زمان نابێتە پێناسە و شوناس بۆ مرۆڤ، بەڵکو چی لە پشت ئەو زمانەوەیە، ئەوە دواجار ئاگایی و ھوشیاریی و ژیری مرۆڤ دەردەخات. زمان ڕەنگدانەوەی ئەو ھزرانەیە کە مرۆڤ ھەیەتی. وەک چۆن سوقرات دەڵێت:_( قسە بکە تا بزانم کێی) قسەکردن لێرە بە مانای ئەوە نییە چی دەگوترێت، بەڵکو بە مانای ئەوەیە چی دەڵێیت، چونکە ئەوە ھزرە لە پشت قسەکردنەوە دەوەستێت و ئاماژە بە زمان دەکات چی بڵێت و چی دەرببڕێت. بۆیە بەستنەوەی ھەموو لێکدانەوەیەکی ژیان و ھەموو ئاماژەیەک بە زمان تێزێکی ھەڵەیە. ئەوە زمان نییە مانا دروست دەکات و شوناس بە شتەکان دەدات، ئەوە ھزر و بیری مرۆڤە، دیاردە و توخمەکانی ژیان، دەخاتە چوارچێوەی زمانێکی ئاماژە پێدراوەوە. ئێمە کە بەردێک، دارێک، ئاو، ئاگر و دەیان و ھەزاران شتی تریش دەناسینەوە و گوزارشتییان لێ دەکەین، چونکە لە بیرماندا ئەو توخمانە ناوێکییان ھەیە و پێیانی دەناسینەوە. مەگەر مرڤێکی (کەم ژیر) ئەگەر زمانیشی ھەبێت، دەزانێت خێزان، تەکنەلۆژیا، فڕۆکە و سەدان شتی تر چین؟ بۆیە دەبێ بزانین زمان بەرھەمێنەری ھیچ تێزێکی فیکری نییە، بەڵکو گەیێنەرەکە و لە ڕێگەیەوە چی لە ھزرمانە دەیگەیەنێت. فاشییەت، ھزر و بیرکردنەوە و تێگەیشتنی فاشییانەیە بۆ مرۆڤ. کە زمانێکی فاشی ھەبوو، دەبێ پێشتر ھزرێکی فاشی بوونی ھەبێت بێت. نازییەکان و فاشییەکان، کە ھەزاران و ملیۆنانیان لە نەتەوە و ڕەگەز و ئایینی جیاواز کوشت، چونکە بڕوایان وابوو ئەمانە مرۆڤ نین و مافی بوون و ژیانییان نییە. فاشییەت بەرھەمی زمان نییە، بەڵکو بەرھەمی بیرکردنەوەیەکە، کە فاشییانە دەڕوانێتە ھەموو شت. زمان کەرستەی گەورەی فاشیزمە، دەربڕینێکی بێ مانا و نا بابەتییە و لاساییکردنەوەیەکی زەقی گوزارشتەکانی (بەختیار عەلی) شە لە نووسیندا، کە ساڵانێکە نەوەیەکی گەنجی ئێمەی بەو دروشمانە مەست و حەیران کردووە بە تایبەتیش لە ئەدەبدا. ئەو ئەگەر مەبەستی ئەو زمانە بێت کە بارگاویی دەکرێت بەو چەمکە سیاسی و نا مرۆییانە، ئەوا لە پێشدا بیرکردنەوە و ڕوانینێکی فاشییانە ھەیە، دواتر زمان دەبێتە کەرستەیەک بۆ گەیاندنی ئەو ھزرە فاشییە. ئەو نووسەرانەی پشتگیرییان لە ھزری فاشییەت و نازییەت و بەعسیزم دەکرد، بەرلەوەی ھەڵگری زمانێکی فاشییانە بن، ھەڵگری بیر و بیرکردنەوەیەکی فاشیانە بوون. ئیدی زمان دەبێتە ڕەنگدانەوەی ئەوەی لە ھزردا ھەیە. مرۆڤ بڕوا بە ھەر ئایدیا و ئایین و فەلسەفەیەک بێنێت، لە ڕێی زمانەوە ئەو تێگەیشتنەی بۆ دروست نابێت، لە بیرو بڕوا و باوەڕبوونەوە بۆیی دروست دەبێت. بۆیە ئەگەر فاشییەت وەک ھزر بوونی نەبێت، زمانیش وەک کەرستەی گواستنەوەی ئەو ھزرە فاشییە بوونی نابێت. مەگەر مرۆڤ بە ھزر بیر دەکاتەوە یان بە زمان ؟ لە بەرامبەر زمانی ڕەخنەدا ھیچ زمانێکی پیس نییە، چونکە زمانی ڕەخنەگرتن، ناچێتە نێو چوارچێوەی بەراوردکاری بە زمانەکانی تر. ئەمە بەو مانایە نییە کە لە بەرانبەر زمانێکی باڵا و جوان و ئاست بەرز بۆ دەربڕین، زمانێکی زبر و ئاست نزمیش نەبێت، بەڵکو بەو مانایەی ھەر بە ناو ڕەخنەگرێک زمانی پیس بە زمانی ڕەخنە بزانێت، ئیدی لە بنەڕەتدا ڕەخنەگر نییە و سادەترین بنەمای ڕەخنەگرتنی نییە، کە ئەویش ئاکاری زمانە لە دەربڕین. ئیدی دیار لەتیف ئەوانە بە ڕەخنەگر دەزانێت، ئەمە کێشەی خۆیەتی. دەبێ خوێنەر لە ڕێی بونیادی زمان و ئاماژە و مەدلولاتەکانی، کەسیەتی ڕەخنەگر بناسێتەوە و شکۆ و سەنگی نووسینەکانی بزانێت. ئەوەی زمانێکی پیسی ھەیە، بە دڵنیاییەوە ھەڵگری ئەقڵێکی پیس و کەم زانیشە. ھیچ ڕەخنەگرێکی ورد و بە سەلیقە و جددی، بڕوای بە زمانی پیس نییە. زمانی پیس زمانێکە زۆر لە ئاستی ڕەخنەگرتن نزمترە. ڕەخنەگرتن کولتوور و تێگەیشتنی خۆی ھەیە. ڕەخنەگر کەسێکە دەبێ خاوەنی چەندین تایبتمەندیی ئاکاری و ھزری و کەسی و ئەدەبی بێت. ڕەخنەگر، ئەگەر پاشخان و تێگەیشتنێکی فراوانی ھزری و ڕۆشنبیریی و زمانەوانی ھەبوو، پێویستی بە زمانی زبر نییە بۆ دەربڕین و گوزارشتکردن لە بۆچوونەکانی. ئەوانەی زمانی پیس بە زمانی ڕەخنە دەزانن، لە ڕاستیدا ڕەخنەگر نین، چونکە لێدان و شکانەوە و سڕینەوە ئەرک و کاری ڕەخنەگر نییە و ئامانجی نووسینەکەشی نییە. بە داخەوە لە نێوەندی ئەدەبی و ڕۆشنبیریی کوردیدا، نووسەرانێکی زۆر کار لە سەر ئەوە دەکەن، کە ڕەخنەگر وەک کەسێکی بەد و ڕەخنەش وەک زمانی زبر و پیس بناسێنن. بۆیە پێمان وایە لە بەرانبەر زمانی ڕەخنەدا، زمانی پیسیش ھەیە. نووسەرانی ئێمە ڕاھاتوون ستاییش بکرێن، پەسنی ڕۆمان وچیڕۆک و شیعرە بێ ماناکانییان بدرێت. کاتێ خوێنەرێکیش سەرنجەکانی دەخاتە ڕوو و ھەڵەکانییان دیاری دەکات، پەست و تووڕە و نیگەران دەبن و دەکەونە کاردانەوەیەکی دەروونی وا، کە چۆنییان بوێت بەو شێوەیە لە ڕەخنە و کولتووری ڕەخنەگرتن دەدوێن. ھەر زمانێک زبر بوو، بە ھیچ شێوەیەک زمانی دنیای جوانی ئەدەب بە گشتی و کولتووری ڕەخنەش بە تایبەتی نییە. ئەوانەی لە پەراوێزی ئەو زمانەوە بە تێگەیشتنی خۆیان ڕەخنە دەگرن و دەنووسن، ھیچ پەیوەندییەکییان بە دنیای ڕەخنەوە نییە. زمانی ئەدەب، زمانی ئستاتیکا و مانا و بابەت و گەیاندنە. زمانی شیعرییەت و چێژ و جوانییە. ھەرگیز زمانێکی پیس لە کۆنسێپتی ڕەخنەدا جێگەی نابێتەوە. بۆیە دانانی زمانێکی پیس لە بەرانبەر زمانی ڕەخنەدا، بێ ئاگایە لە ڕەخنە و زمانی ڕەخنەگرتن. بە بڕوای من، نووسەر چونکە زمان لە چوارچێوەی چەمکە گشتییەکە دەبینێت، ئیدی ڕوانگەیەکی گشتگیری بۆ زمان ھەیە و تا ڕادەیەک جیاوازی لە نێوان ئاستەکانی زمان لە ئەدەب و ڕووبەرە کۆمەڵایەتییەکە ناکات. ئەو دەنووسێت:_(زمان کەرستەیەکی شیعرییە، بە ھۆی زمانەوە دەتوانین دەق بەرە و ئاستەکانی خراپ، باش، باڵا ببەین) لە ڕاستیدا، دەقێک نییە بە ناوی خراپ، باش، باڵا، ھەر دەقێک خراپ بوو، مانای وایە لە بنەڕەتەوە شوناسی دەقی نییە. شیعرلە کۆمەڵێک ڕەگەز و بونیادی ھونەری پێکھاتووە، ھەموو ئەم ڕەگەزانە، دواجار شوناسی دەق بە سەریەکەوە تەواو دەکەن. ئەم جۆرە ئەتمۆسفیر و ڕێزبەندییە، ڕەنگە بۆ کاڵا و شمەک و کواڵیتی کاڵاکان گونجاو بێت، بەڵام بۆ تێکستی شیعری، لێکدانەوەیەکی ھەڵەیە. ھەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نییە کە دەقی لاواز و نا ھونەری نەبێت، بەڵکو بەو مانایەی شوناسی دەقی شیعری بە تایبەتی و ئەدەبیش بە گشتی، ناخرێتە پاڵ دەقێک کە خراپ بێت. تێکست، ھەڵگری یەک جۆرە شوناس و پێناسەیە، یان شیعرە، یان شیعر نییە، یان ڕۆمانە، یاخود ڕۆمان نییە، لەو نێوەندا شوناسی سێیەم نییە. چونکە تێکستی ئەدەبی کاڵا نییە تاکو بە پێی جۆر و نرخ و کۆمپانییای دروستکەر لە یەکتری جیابکرێنەوە، بەڵکو شیعر شیعرە، لە دەرەوەی شیعر ورێنەیەک ھەیە، سادە گۆیی و ڕوانینی بێ مانایانە ھەیە و ناوی دەنێن شیعر، وەک ئەو گەرەلاوژێیەی ئەمڕۆ لای بەشێکی زۆری ئەو نەوەیە دەبینرێت، بەڵام دواجار ئەمانە شیعر نین. ھەر دەقێک ئاستێکی باڵای لە زمان و دەربڕین و بونیادی ھونەری نەبێت، ناچێتە خانەی تێکستەوە. شیعر، کاڵا و شمەک نییە باش و خراپ وئۆرگیناڵی ھەبێت. نووسەر ھەر لە بارەی زمانی شیعرییەوە بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_(بۆ ئەوەی ڕێکردن و سەرکەوتنێکی تەندروستانە لە شیعردا ھەنگاو بنێین، دەبێت بایەخێکی فرە بە وێنەی شیعری بدەین، وێنە بڕبڕەی پشتی شیعرە) با بپرسین، ئایا شیعر تەنھا وێنەی ھونەری و خەیاڵکردنە؟ ئەم ئیشکالیەتە لە تێگەیشتنی شیعر بە تایبەتیش لە ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەردا، یەکێکە لەو ھەڵە میتۆدییانەی پێش (دیار) کەسانی تریش کە ھەوڵی خوێندنەوەی ئەزموونی ڕەنجدەریان داوە تێی کەوتوون. کورتکردنەوەی شیعر لە وێنەی شیعریدا، ڕوانگەیەکی سادەی شەستەکان و ھەفتاکانی سەدەی ڕابردووە بۆ شیعر. شیعر لە ئێستادا (بە تایبەتی شیعرەکانی ڕەنجدەر) وێنەی ھونەری نیین، بەڵکو ھزر و ڕوانین و قووڵایی فیکر و مەعریفەن. شاعیرانێک ھەن لە ئەزموونی شیعری خۆیاندا، ھیچ بایەخێک بە وێنەی شیعری نادەن، کەچی شاعیری دیار و جیاواز نووسیشن. وێنەی شیعری بەشێکی بچووکە لە بینای ھونەری دەقی شیعر. ئەو سەردەمە بە سەرچووە، خوێنەر لە کۆی دەقێکی شیعریدا، وێنەیەکی ھونەری بە لاوە گرنگ بێت. ئەگەر شیعر بە تەنھا خەیاڵ و وێنە و ڕۆمانسییەت بێت، ئەوا کەس نامێنێتەوە شاعیر نەبێت. وێنە بەشێکە لە شیعر، بەڵام لە شیعری ئێستادا، وێنە ئەو بایەخەی نەماوە. لە ئەزموونی ڕەنجدەردا، وێنە و خەیاڵێکی شیعری بوونی نییە، ئەوەی ھەیە ڕامان و تێ ھزرینە بۆ بوون و ژیان و دیاردەکانی ژیان. پەیوەندی خوێنەر لەگەڵ شیعری ئەم شاعیرەدا، پەیوەندی وێنە و خەیاڵ نییە، بەڵکو پەیوەندی گومان، پرسیار و تێڕامانە. ئەو کاتێ باسی ( ژیانی دووبارەی ئادەم و بانگەواز بۆ گۆڕ ھەڵکەن و تاج سەرگران دەکات و ساڵی سفر) و دەیان گوزارشتی دیکەش دەکات، بۆ ئەوە نییە خوێنەر چێژی لێ ببینێت، بەڵکو بۆ ئەوەیە ناچار بە بیرکردنەوەی بکات و لە خۆی بپرسێت کە ژیانی دووبارەی ئادەم چییە؟ تاج بۆ سەرگران دەکات؟ ئەوەی لێرەدا بوونی ھەیە، قووڵایەکی واتایی و شیعرییە کە خوێنەر بە ئەستەم پێی دەگات نەک وێنەی شیعری. شیعرەکانی گۆران، تەژین لە وێنەی شیعری جوان و ڕۆمانسی و سەرنجڕاکێش، بەڵام لە ئەزموونی سەباح ڕەنجدەردا، ئەمە بوونی نییە و ھەردووکیشیان دوو شاعیری جیاوازن. وێنەی شیعری ڕاگوزەر و کاتییە، وەک چۆن نیگامان دەکەوێتە سەر وێنەیەکی فۆتۆ و دواتر لە بیری دەکەین، وێنەی شیعریش بە ھەمان شێوەیە، چونکە نابێتە سەرچاوەی پرسیار و گومان لای خوێنەر. بێگومان ئەمە بەو مانایە نییە، وێنەی شیعری بەشێکی سەرەکی بونیادی شیعری نەبێت، بەڵکو بەو مانایەیە کە وێنە بڕبڕەی پشتی شیعر نییە. بۆیە بەستنەوەی وێنە بە ئەزموونی ھەموو شاعیران، لۆژیکێکی ھەڵەی خوێندنەوەی شیعرە. شاعیرانێک ھەن، شاعیری وێنە و خەیاڵ نین، بەڵکو شاعیری گومان و پرسیار و تێڕامانن کە ڕەنجدەر یەکێکە لەوان. کەواتە گەیشتن بە قووڵایی شیعر، پەیوەندی بە وێنەوە نییە. وێنە سەوداسەری لەگەڵ سۆزدایە نەک ھزر. ھەموو شیعرێک لە چوارچێوەی وێنەی شیعریدا ناخوێنرێتەوە. شیعری ئێستا شیعری وێنەی ھونەری نییە، بەڵکو شیعرێکە ئاراستەکەی بەرە و خودە، نەک نیشاندانی وێنە گشتییەکە. ھەر لە پەراوێزی زمانی شیعرییەوە، نووسەر لە وتارەکەیدا بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_(شیعر بە بەراورد بە ڕۆمان و چیڕۆک، مەودایەکی ئازادانە و بەرینتری بۆ گوتن پێ نییە) ھەرخوێنەرێک کەمێک ئاشنایەتی بە دنیای شیعر ھەبێت، بۆچوونی لەو شێوەیە دەرنابڕێت، چونکە ڕێک پێچەوانەی ئەوەیە کە نووسەر دەیڵێت. ھیچ ژانرێکی ئەدەبی وەکو شیعر، فەزایەکی کراوە و بێ سنووری نییە بۆ وتن. ھیچ ژانرێک وەکو شیعر، ڕووبەرێکی گەورەی نییە بۆ دەربڕین و وێناکردن. چونکە لە شیعردا، زمان سەربەستە، ئەوە نییە نەتوانین ھەموو شتێک لە شیعردا بڵێین. دەشێ لە چیڕۆک و ڕۆماندا خاڵێک بۆ کۆتایی زمان ھەبێت، چونکە لەو دوو ژانرەدا، زمان بەستراوەتەوە بە کرداری گێڕانەوە، ھەموو گێڕانەوەیەکیش دەسپێک و دواجار کۆتایەکیشی ھەیە، بۆیە کۆتایی ڕووداوەکان، کۆتایی زمانی گەیاندنە. بەڵام لە شیعردا، سنوورێک نییە بۆ تەواوبوونی زمان، چونکە لە بنەڕەتدا زمان ڕۆڵی گێڕانەوە نابینێت، بەڵکو ڕەگەزێکی کراوەیە لە دەقدا. ئەگەر زمان و ڕووبەری شیعر مەودایەکی سنووردارییان ھەبێت، ئەوا ڕەگەزێک بە ناوی دەقی کراوە، یان شیعری کراوە بوونی نەدەبوو. مانا لە شیعردا بەستراوەتەوە بە زمان، ھەر کاتێک زمان سنوورێکی بۆ دیاریکرا، ئیدی ماناکانی شیعریش لەو سنوورەدا قەتیس دەبن. لە کاتێکدا یەکێک لە خاسییەتە سەرەکییەکانی دەقی شیعری داھێنەرانە ئەوەیە، کە مانا تیایدا ناگاتە خاڵی کۆتایی. دیار کە نووسینەکەی لە بارەی ئەزموونی ڕەنجدەرەوەیە، دەبوو ئاگایی ئەوەی ھەبوایە، کە ئەم ڕوانینەی ئەو بۆ شیعر و ئەزموونی ڕەنجدەر، تێڕاونینی ھەڵە و باون، چونکە لە شیعری ئەم شاعیرەدا، مەودا نەک ھەر بوونی نییە، بەڵکو شیعر و زمانیش سنوورێکی دیاریکراویان نییە. سەرنج لە قەسیدەی (زێوان) بدەن، کە ھەندێک بە ھەڵە بە ڕۆمانە شیعر تێی گەیشتوون، چونکە ڕەگەزەکانی ڕۆمانە شیعر، پێشتر لە ئەزموونی شێرکۆ بێکەس و لە دوو سروودی کێویی بوونی ھەیە، بۆیە زێوان یەکەم ھەناسەی شیعری درێژە لە مێژووی شیعری کوردیدا، کە شاعیرێک بتوانێت بەو پشوو درێژییەوە شیعری پێ بنووسێت. لە زێوان و ئەزموونەکانی دیکەی ڕەنجدەردا، مەودا نەک ھەر بوونی نییە، بەڵکو مانا و دەلالەتە شیعرییەکانیش تا ئێستا بە شاراوەیی ماونەتەوە، چونکە وەک ئاماژەمان پێکرد، ھەر شیعرێک مەودایەک و ڕووبەرێکی بۆ تێگەیشتن ھەبوو، ئیدی مانای شیعری و دەلالەتی شیعری تەواو دەبێت. بۆیە نووسەر دەبوو بزانێت لە شیعردا مەودا دیاریکراو نییە. ئەمە بۆ ڕۆمان و چیڕۆک و حیکایەت دەشێ، بەڵام بۆ شیعر، تێنەگەیشتنە لە دونیای شیعر. لەبەر ئەوەی لە چیڕۆک و ڕۆماندا گێڕانەوە بوونی ھەیە کە کۆتایی ڕووداوەکانە، بەڵام لە شیعری کراوەدا، مەودای بەرینتر و ئازادتر بۆ دەربڕین و دنیابینی شاعیر ھەیە. ھیچ ژانرێک ھێندەی شیعر بێ سنوور و مەودا نییە.
شڕۆڤە و بۆچوونەکانی نووسەری وتارەکە، لە بارەی شیعر و ناساندنی، زۆربەیان سادە و نا بابەتی و ڕاگوزەرن. ئەو ھەوڵدەدات پێناسەیەک بۆ شیعر دابتاشێت، بێ ئاگا لەوەی کە شیعر ناچێتە نێو چوارچێوەی ھیچ پێناسەیەکەوە. بە تایبەتیش ئەو ناساندنە بێ ئەرزشانەی ئەو بۆ شیعر دەیانڵێت. بە درێژایی وتارەکەی، گوزارشتی سەیرو پێناسەی نامۆ دەداتە پاڵ شیعر، کە من وەک خوێنەرێک کە سەدان شیعر و بابەتی شیعریم خوێندۆتەوە، پێشتر نەمیستووە. ئەمە وێرای ئەوەی کە لەو ناساندنەیدا، ڕەچاوی ھیچ یەکێتی و پەیوەندییەکی بابەتی و ڕستەیی نەکردووە. ئێمە بۆ ئەوەی ھزری خوێنەران پەرش و بڵاو نەکەین، لە چوارچێوەی چەند پەڕەگرافێکدا ئەو بۆچوونانەی دیار لە بارەی پێناسەی شیعرەوە دەریان دەبڕێت دەنووسینەوە، دواتر کۆمێنتی خۆمانییان وەک خوێنەرێکی ئاسایی شیعر لە بارەوە دەدەین. نووسەر لە چوارچێوەی وتارەکەیدا، بە گشتی لە بارەی شیعرەوە دەنووسێت:_(ھەر چۆن بێت شیعر ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوەیەکی پەخشانی نا شیعرییەت، دەقی شیعری ھەر چەندە ھزر بەرھەمھێنەر بێت، ھێشتا ناتوانێت پێ بخاتە سنووری پەتیبوونەوە، پاش شیعرییەتی ڕستە ئەوەی دێت فۆڕمە، شیعر نە پێشکەوتنە نە دواکەوتوویی، ھیچیان نییە، شیعری کۆن یان تازە، خاوەنی دوو جۆر فۆڕمە، فۆڕمی ناوەکی و فۆڕمی دەرەکی) ئەمانە ئەو گوزارشتانەن، کە نووسەر لە بارەی شیعرەوە لە شوێنی جیاجیای وتارەکەی دەریان دەبڕێت و ئێمە بۆ ئەوەی ھزری خوێنەر پەرت نەکەین، لە چوارچێوەی کۆپلەیەکدا داماناون. دیار ئەگەر چی لە بارەی ئەزموونی ڕەنجدەرەوە دەدوێت، بەڵام گرفتەکە لەوە دایە ھەموو ئەو سەرنج و تێڕوانینانەی دەریان دەبڕێت، بچووکترین ڕایەلیش بە شیعری ڕەنجدەر نایان بەستێتەوە. بۆ نموونە:_ شیعرەکانی ڕەنجدەر بە گشتی، شیعری ئالۆز و شاراوە و مانا تیایاندا لە قووڵایی دەق دایە و بە ئەستەم بە مانا دەگەین، بەڵام لە پاڵ ئەو زمانە ڕسک و کۆد ئامێز و چڕەشدا، پەتیبوونێکی زۆر لە زمان دەبینین. ئەو لە شیعرەکانیدا باسی (ئەفسانە، ئایین، ڕوحیانییەت، سرووشت، مێژوو، گەردوون) دەکات، بە زمانێکیش کە ڕەھەندی پەتی و مێژوویی تێدایە. پەتیبوون بە مانای سادەبوونەوە نایەت، بەڵکو پەتیبوون ھێشتنەوەی زمانە لەو چوارچێوە فەرھەنگییەی کە زمانی پێ دەناسرێتەوە و ھاوکات بارگاویکردنیەتی بە مانای شاراوە. شیعر ھەر چەندە ھزر بئافرێنێت، ناتوانێت پێ بخاتە پەتیبوونەوە، تێگەیشتنێکی ھەڵەیە بۆ شیعر. ئەسپ، یەکێکە لەو گیاندارانەی کە وەک سمبولێک ئامادەیەکی زۆری لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا ھەیە و لە ھەر دەقێکیش دەلالەتە بۆ مانایەک. مەگەر ئەسپ کە ھێمای جوانی و بە ھێزیی و ڕەسەنێتییە لە مێژووی نەتەوەیی ئێمەدا، وشەیەکی ڕەسەن نییە؟ (کەوانی لانک) و (ملوانکەی مێخەک) و (بەروانکەی نەخشاو) و (شیردۆش) کە لە شیعری ڕەنجدەردا ھاتوون، وشەی پەتی و ڕەسەن و کەلەپووری نین؟ دەکرێ لەم ڕووەوە نموونەیەکی شیعری ئەم شاعیرە بێنینەوە، کە ھەڵگری مانای قووڵ و لە چوارچێوەی زمانێکی پەتیشدایە. شاعیر لە دێڕە شیعرێکیدا دەڵێت:_

باَڵندە لە ھەوای پاراودا باڵی تەواو دەکاتەوە.

ئەم دەربڕینە شیعرییە لە ئاستی زماندا، سادەبوون و پەتیبوونێکی زۆری پێوە دیارە، بەڵام مانا لەم دەربڕینە شیعرییەدا، شاراوە و پەنھانە و دەلالەتێکی دیکەی ھەیە.
باڵندە ____________ مرۆڤ
ھەوای پاراو سەربەستی
باڵی تەواو دەکاتەوە__________لە فەزای ئازادی و سەربەستیدا، مرۆڤ تا ئەو پەڕی سەربەستە لە دەربڕینەکانی.

یاخود لە دێرە شیعرێکی تردا دەڵێت:_
پووشی قەراغی ڕێگا خەواڵوون..
ئەسپ بە ماتی بە تەکیاندا دەڕوات..

ئەسپ، ھێمایە بۆ ھێزو خۆراگریی و ڕەسەنییەتی، لێرەدا بە مانای ھەموو ئەو شوێن بزرکراوانە دێت، کە لە خاک و نیشتمانی خۆیان ھەڵکۆڵدران و ئەنفال کران. ئەسپ لێرەدا، بە مانای کەسی شۆڕشگێڕ و ڕابەر نییە، وەک ئەوەی (حەکیمی مەلاێاڵح) تێی گەیشتووە، چونکە نابێ بیرمان بچێت، کەس ئەوەندەی شۆڕشگێڕەکانی دوێنێ، خاک و مرۆڤ و ھەموو پیرۆزیەکییان بێ بەھا نەکرد. مەبەستی ڕەنجدەری شاعیر، ئەو ھەژار و داماو و پەرپووتانەی گەرمیان و گشت شوێنەکانی دیکەی کوردستانن، کە ئەنفال کران و لە ژینگە و نیشتمانی ڕاستە قینەی خۆیان دابڕێندران. شاعیر، لە ڕێی پەتیبوونی زمانەوە، بە قووڵی گوزارشت لە کارەساتێکی گەورەی نەتەوەی دەکات. ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەر، تەژییە لەو شیعرانەی کە لە زمانێکی پەتیدا مانایەکی قووڵ دەردەبڕێت. ئەمە لەکاتێکدا شیعری ڕەنجدەر بە بەراورد لەگەڵ شیعری ھەموو شاعیرانی تر لە ڕووی زمانەوە، شیعری سڕک و ئالۆز و داخراون. ئیدی نازانم وەسفەکەی دیار بۆ شیعر کە دەڵێت:_(دەقی شیعری ھەرچەند ھزر بەرھەمھێنەربێت، ھێشتا ناتوانێت پێ بخاتە پەتیبوونەوە) لە کوێدا جێگەی دەبێتەوە؟ لەم دەربڕینە شیعرییەدا، لە وێنەیەکی پەتی زماندا، شاعیر گەورەترین پرسی ئەنتۆلۆژی کە ئەویش پەیوەندی مرۆڤە بە شوێن و زێدی ڕاستەقینەی خۆیەتی باس دەکات. ئەوەی لە زمانی شیعردا گرنگە واتایە. ئیدی نازانم شیعر ناتوانێت پێ بخاتە سنووری پەتیبوونەوە، چ مانایەکی ھەیە؟ دواتر شیعر نە پێشکەوتنە نە دواکەوتن، چ مانایەکی ھەیە؟ ئایا شیعر تەکنەلۆژییا و زانستی پزیشکی و تەلارسازییە، تا پێشکەوتن و دواکەوتنی ھەبێت؟ ئەم جۆرە ناساندنە بۆ شیعر، لە ھەژاری فیکریی و زمانەوانی ھاتوون. دەنا کەس شیعر بە تەرازووی دواکەوتویی و پێشکەوتوویی پێوانە ناکات. شیعر، بە پێی قۆناغە مێژووییەکان گۆرانکاری بە سەرداھاتووە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە شیعر کۆن دەبێت یان پێش دەکەوێت. تا ئێستا کە نزیکەی چوار سەدە بە سەر شیعری شاعیرانی کلاسیک تێ پەڕیوە، شیعرەکان کۆن بوونە؟ ھیچ کەس بوێری ئەوەی ھەیە شیعری نالی بە شیعری دواکەوتوو بزانێت؟ ھاوکات لە شیعردا شتێک نییە بە ناوی فۆڕمی ناوەکی، شیعر وەک پێکھاتەیەکی زمانەوانی و ھونەریی، لە فۆڕم و ناوەڕۆک پێکھاتووە. ناوەڕۆکی شیعریش گوتار و ماناو ڕیتم و مۆسیقای ناوەوەی شیعری دەگرێتەوە. ئیدی فۆڕم و ناوەڕۆک، ڕەنگدانەوەی ئەو کەتوارە ھزریی و کۆمەڵایەتیی و فەرھەنگییەن، کە شیعری تیایدا لە دایک دەبێت. نووسەر بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_(ھەموو شیعرێک چنراوێکی زمانەوانییە و خزمەت بە ڕستەسازیی زمان دەکات) ئەو ڕوونی نەکردۆتەوە مەبەست لە ڕستەسازیی زمان لە ڕووی ڕێزمانییەوەیە یان واتا و مانا؟ شیعر و ھەر دەقێکی دیکەی ئەدەبی، بەر لە ھەموو شتێک پێکھاتەیەکی زمانەوانین کە لە ڕستە و وشە پێک ھاتوون. دواجار زمان، پێکھێنەری سەرەکی ھەر دەقێکە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کە شیعر خزمەت بە ڕستەسازی دەکات وەک ئەوەی دیار نووسیویەتی، بە پێچەوانەوە شیعر لادانێکی زمانەوانییە لە ئاستی زمان و ھزر و بیرکردنەوە، دواتریش وێناکردن و دەربڕین. ئەگەر شیعر بە ڕستەسازیی تێ بگەین، ئەوا ھیچ جیاوازییەک لە نێوان قسە و وشە و ڕستە و پەڕەگرافی شیعریی نامێنێت. شیعر دواجار شیعرە بە ھەموو ئەو ڕەگەزە ھونەرییانەی بینای ھونەری دەق پێکدەھێنن. زمانیش ڕەگەزێکی سەرەکی شیعرە، بەڵام نەک لە ئاستی ڕستەسازیدا، بەڵکو لە ئاستی گوتار و مانادا. بۆچوونەکانی دیار لەو وتارەیدا، بۆچوونی پەڕش و بڵاو و نا ئۆرگانیکین. ئەو ڕایەک دەردەبڕێت، دواتر بە بێ ئەوەی لە ئاستی ناوەڕۆک و گوتاردا ئەو ڕایەی خۆی شڕۆڤە بکات، دەچێتە سەر ڕایەکی دیکە کە ھیچ پەیوەندی بەوەی پێش خۆیەوە نەبێت. لە کاتێکدا ھەر یەک لەو بۆچوونانە نەک تەنھا نابێ کورت و ڕاگوزەر لە سەریان بوەستین، بەڵکو ھەر یەکەیان بە تەنھا پێویستییان بە لێکۆڵینەوە ھەیە، تاکو بگەینە دەرەنجامێک و قۆناغ و ئەزموونی شاعیرانی تیادا لە یەکتری جیا بکەینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین ھاونزیکییەک لە نێوان بۆچوونەکانی دروست بکەین و خۆمان لە نووسینەوەی بۆچوون ودرێژدادڕی بپارێزین، لە چوارچێوەیەکی گشتیدا ئەو بۆ چوونانەی دەربارەی شیعر و قۆناغەکانی شیعری کوردی و زمان لە شیعری کوردیدا دەریاندەبڕێت، لە پەڕەگرافێکدا وەک خۆیان دەیاننووسینەوە. نووسەر دەنووسێت:_( ھەرچۆنێک بێت، شیعر ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوەیەکی پەخشانی نا شیعرییەت، شیعر زادەی کورت وچڕییە لە ڕووی وشە و ڕستە و داڕشتندا) ھەروەھا بەردەوام دەبێت و دەڵێت:_(زمانی شیعری قۆناغی پێش ھاتنی شاعیرانی ھەفتاکان، لە دەربڕین کۆنکریتی بووە. شیعری قۆناغی دەیەی ھەشتاکان و دوای ڕاپەڕین، فۆڕمی زمان تازە دەکەنەوە. دەیەی ھەشتاکان دەبێتە سەرەتایەکی تازە بۆ گۆڕانکاریی شێوە و ناوەڕۆکی شیعر و ئەدەبیاتی کوردی. وێژەی پابەند گەرا ڕوو لە کزی دەکات و لە بری بەرگریی بەرە و جوانکاری زمان ھەنگا و دەنێت. قۆناغی ئەدەبی ھەشتاکان خەتکوژێنەوەی دوو دەیەی پێش خۆی بووە) ئەمانە بە گشتی بۆچوونی نووسەرن لە بارەی ئەزموونی شیعری کوردییەوە، کە دەریدەخەن نووسەر ئاگایەکی کەمی لە مۆرک و قۆناغەکانی شیعری کوردی ھەیە. بەڵام بەر لەوەی لە سەر ئەو بۆچوونانە بوەستین، سەرەتا با باس لەوەبکەین کە بە چ تیۆرێکی ئەدەبی، شیعر زادەی کورتی و چڕییە لە داڕشتن و وشە و ڕستەدا؟ شیعر بۆچی ناتوانێت پەنا بباتە بەر گێڕانەوە؟ ھەڵبەتە مەبەستمان ڕەگەزی گێڕانەوەیە لە شیعردا نەک گێڕانەوەی پەخشانی نا شیعری، وەک ئەوەی نووسەر دەیڵێت؟ ھەر زمانێک شیعرییەتی گێڕانەوەی تێدا نەبوو، نە زمانی پەخشانە، نە زمانی چیڕۆک و ڕۆمان، بەڵکو گێڕانەوەیەکی ئاساییە، وەک گێڕانەوەی حیکایەتێک و چیڕۆکێکی کۆنی کوردەوارییانە. لەم ژانرەدا، تەنھا چییەتی گێڕانەوە گرنگە نەک چۆنیەتی گێڕانەوە. لە حیکایەت و چیڕۆکی فۆلکلۆریی و میللییدا، تەنھا گەیشتن بە کۆتای چیڕۆکەکە و ڕووداوەکان گرنگە، نەک چێژ و ئستاتیکای گێڕانەوە. بەڵام لە ژانری شیعر و چیڕۆک و ڕۆماندا، کە دەچنە خانەی تێکستی ئەدەبییەوە، تەنھا ڕووداو، تیمە، ناوەڕۆک گرنگ نییە، بەڵکو چۆنیەتی گێڕانەوە و گوزارشتکردنیش گرنگە. بۆیە دەبێ بزانین ھەر ژانرێکی ئەدەبی، بە زمانێکی ئاسایی گوزارشتی لێکرا و نووسرا، مانای وایە تێکستی ئەدەبی نییە. ئیدی گێڕانەوەی پەخشانی نا شیعریی، دەستەواژەیەکی بێ ناوەڕۆکە. لەلایەکی ترەوە، دەشێ گێڕانەوە لە شیعریشدا وەک ڕەگەزێکی ھونەری بوونی ھەبێت. بەشێک لە تێکستەکانی شێرکۆ بێکەس، ڕەگەزی گێڕانەوەیان تێدایە و بە زمانێکی ھونەرییانەی پەخشانیش نووسراون. ئیدی شتێک نییە بە ناوی (گێڕانەوەی پەخشانی نا شیعری) چونکە زمانی پەخشان، خۆی زمانێکی شیعرییە و ئەگەر ئەو زمانە نەبێت، ئەوا پەخشانی ھونەری و قسەکردنی ئاسایی، ھیچ جیاوازییەکییان نابێت. شیعر زادەی کورتی و چڕییە لە وشە و ڕستە و داڕشتندا، چ مانایەکی ھەیە؟ دیار کە نووسینەکەی لە بارەی ئەزموونی ڕەنجدەرەوەیە، دەبوو ئاگاداری ئەوە بوایە کە ئاخۆ قەسیدەی (زێوان) زادەی کورتییە لە وشە و ڕستە و داڕشتن؟ ئایا نووسەر خاچ و مار و دەربەندی پەپوولە و ڕەنگدانی خوێندۆتەوە؟ لاوکی ھەڵەبجەی خوێندۆتەوە؟ ئایا ئەمانە زادەی کورتین لە وشە و ڕستەدا؟ بێگومان ئەم بۆچوونە، نەک ھەر ھەڵە و نالۆژیکی و نا بابەتییە، بەڵکو بێ ئاگایەکی گەورەشە لە ئەزموونی شیعری کوردی کە لای ئەو نەوەیە دەبینرێت. ھیچ ژانرێک وەک لە سەرەوەش ئاماژەمان پێداوە، وەکو شیعر ڕووبەرێکی گەورە و سنوورێکی کراوەی نییە بۆ نووسین و گوزارشتکردن و دەربڕین. شیعر نە زادەی کورتییە، نە کەمی وشە و ڕستە، بگرە لە زۆر کاتدا، خودی شاعیریش ناتوانێت باڵانسی نێوان زمان و وشە ڕابگرێت و لە کوێ مەبەستی بوو، لەوێ کۆتایی بە شیعرەکەی بێنێت. شیعر، ڕادان نییە، کە ئەندازە و قەبارە و ڕووبەری بۆ دیار بکەین. بە داخەوە لە نێو ئێمەدا، چونکە شیعر بە ڕادان تێگەیشتووین، ئیدی وا دەزانین شیعر دەنووسین، نەک شیعر بمانووسێتەوە. سەرنج بدەن، ھەمیشە لە دیمانە و گفتوگۆی بە ناو ھەندێک شاعیردا، باس لەوە دەکەن کە تێکستێکییان بۆ گۆرانیبێژێک نووسیوە بۆ ئەوەی بیکاتە گۆرانی، شیعرێکییان بۆ ئاڵا نووسیوە، بە نیازن شیعرێک بۆ ئایلانی کوردی و شنگال و عەفرین و مەرگی ئەم و ئەو بنووسن. ئەم جۆرە گوزارشتکردنە لە شیعر، وەک ئەوە وایە جلوبەرگێک لای بەرگدرووێک بە ڕادان بدەی. بە ناو شاعیر ھەیە، ئەمڕۆ ڕووداوێک ڕوودەدات، دوای چەند کاتژمێرێک، شیعرێکی بە خەیاڵی خۆی بۆ دەنووسێت. لە سەروبەندی ھێڕشی تیرۆرستانی داعش بۆ سەر شنگال و جینۆسایدکردنی ئێزیدیەکان، سەدان بە ناو شیعرم خوێندنەوە کە لە کاردانەوەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە نووسرابوون، ئەمانە ھەموو شتێک بوون تەنھا شیعر نەبێت. ئەمە پەیوەندی بەو تێگەیشتن و بە ڕاداندانەی شیعر ھەیە، کە دیارلەتیف و زۆرانی تر پێیان وایە دەبێ شیعر کورت و کەم وشە و ڕووبەر و سنوورێکی ھەبێت. شیعر زادەی ساتێکە، کە خودی شاعیریش دەسەڵاتی بە سەرەوە نییە. ئیدی نە دەتوانێت کات و سات، نەدەتوانێت ئەندازە و شێوە بۆ شیعر دیار بکات. شێرکۆبێکەس لە دیمانەیەکدا دەڵێت:_(کە شەھید خاڵە شەھاب ھاوڕێکانی لەلایەن بەعسەوە گیران، من شیعرێکم بۆیان نووسی، بەڵام کاتێ ھەمان ئەو تێکۆشەرانە لە سێدارەدران، نەمتوانی یەک وشەشیان بۆ بنووسم) ڕەنگە ئەمە پەیوەندی شیعر و دەروونی شاعیر و زەمەنی نووسینی شیعرمان، زۆر بە جوانی بۆ دەربخات. نووسەر کە باس لە ئەدەبیاتی سەباح ڕەنجدەر دەکات، دەبوو بزانێت کە زێوان و زۆر تێکستی دیکەی ئەم شاعیرە، ڕەنگدانەوەی ھەناسەیەکی قووڵ و درێژی شیعرین، نەک کورتبڕی کەمی وشە و ڕستە. ئەم جۆرە تێگەیشتنە بۆ شیعر، ھیچ ئەرزشێکی نییە تەنھا قسەکردن نەبێت.
ھەڵبەتە زمان لە شیعری کوردیدا، بە پێی ئەو قۆناغە کۆمەڵایەتی سیاسییەی شیعری تیایدا نووسراوە، گۆڕانی بە سەر داھاتووە. شیعری دوای ڕاپەڕین، وەک شیعری پێش ڕاپەڕین نییە لە ڕووی ھێما و گوزارشتکردن و دنیابینییەوە. لە شیعری پێش ڕاپەڕیندا، شیعر دەبوو بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ، گوزارشت لە ئازادی و سەربەستی بکات، بەڵام ئەمە دوای ڕاپەڕین نامێنێت. کەسمان لاریمان لەوە نییە، کە زمانی شیعری کوردی بە پێی ئەزموونەکان گۆڕانکاری بە سەر داھاتووە، بەڵام بە بڕوای من، ئەوەی دیار لەتیف نووسیویەتی، پێویستی بە ھەڵوەستەکردن و لێکدانەوە ھەیە. چونکە وەک خوێنەرێک، جۆرێک لە تێکەڵ و پێکەڵی و بێ ئاگاییم لە زمانی شیعری کوردی لای نووسەر بینی. بۆیە لەسەر ئەو بۆچوونانە دەوەستین کە تیایدا باسی زمانی شیعری قۆناغەکان دەکات. سەرەتا دەپرسین، کامانەن شاعیرانی ھەفتاکان؟ بۆچی ناوی نەھێناون؟ بە بڕوای من، نووسەر جیاوازی لە نێوان شیعری ھەفتاکان و شاعیری ھەفتاکان ناکات. ئەوەی لە مێژووی ئەزموون و قۆناغەکانی شیعری کوردیدا ھەیە، شیعری ھەفتاکانە، چونکە شاعیرانی ئەو قۆناغە، زۆربەی ھەرە زۆریان و (ئەگەر نەلێم ھەموویان) زادەی نیوەی دووەمی شەستەکانن. واتا ئەو شاعیرانەی لە ھەفتاکاندا دەردەکەون وەک_( فەرھاد شاکەلی، لەتیف ھەڵمەت، عەبدوڵا پەشێو، شێرکۆ بێکەس، جەلالی میرزا کەریم) و گەلێکی دیکەش، لە نیوەی دووەمی شەستەکان و پێشووتریش، شیعریان نووسیوە. ئەم شاعیرانە چونکە شیعرەکانییان لە ھەفتاکاندا، چاپ و بڵاو دەکەنەوە، ئیدی زۆرجار بە شاعیرانی ھەفتاکان دەناسرێن. لە کاتێکدا شێرکۆ بێکەس و پەشێو، لە کۆتایی شەستەکاندا، ھەر یەکە و کۆمەڵە شیعرێکییان بڵاوکردۆتەوە، جەلالی میرزاکەریم، لە پەنجاکاندا شیعری نووسیوە، ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، ھەفتاکان وەک زەمەنی مێژوویی و قۆناغی شیعری، ناچێتە نێو چوارچێوەی ناساندنێکی مێژوویی دیاریکراوەوە، لە بەرئەوەی (سەرەتای ھەفتاکان تاکو ھەرەسی ڕێکەوتنامەی ئازار) قۆناغێکە و لە (دوای ھەفتا و شەشیشەوە تاکو ڕاپەڕین) قۆناغێکی دیکەیە کە ئەویش قۆناغی خامۆشی و ھەستانەوە و ئەدەبی بەرگرییە. ھەر خوێنەرێک شیعری ئەو دوو نیوە دەیە بخوێنێتەوە، زۆر بە ئاسانی درک بەو جیاواز کەوتنەوەی شیعری کوردی لەو دوو دەیە دەکات. بۆیە ئەوەی ھەیە شیعری ھەفتاکانە نەک شاعیرانی ھەفتاکان. ئەوەی دەچێتە نێو زەمەنی مێژوویی و فیزیکییەوە، شیعرە نەک شاعیر. دەکرێ شاعیرێکی ھەفتاکان، لە ئێستاشدا شیعر بنووسێت، کە واتا دەکرێ بەو شاعیرە بڵێین شاعیری ھەفتاکان؟ شتێک نییە بە ناوی شاعیری قۆناغێکی دیاریکراو، ئەگەر وابێت ئێستا دەبوو کەس نالی و مەحوی و جەلالی میرزا کەریم نەخوێنێتەوە. شاعیری داھێنەر، شیعری ڕاستەقینە، سنووری زەمەن و شوێن ناناسێت و بەرھەمی ھەموو زەمەنێکە. بۆیە ئەوەی ھەیە شیعری ھەفتاکانە. نووسەر لە درێژەی وتارەکەیدا دەنووسێت:_(دەیەی ھەشتاکان، دەبێتە سەرەتایەکی گرنگ بۆ گۆڕانکاری لە فۆڕم و ناوەڕۆکی شیعری کوردی و وێژەی پابەند گەرا (مەبەستی ئەدەبی بەرگرییە) ڕوو لە کزی دەکات و لە بری بەرگری ڕوو لە جوانکاری دەکات. ئەدەبی ھەشتاکان خەتکوژێنەوەی دوو دەیەی پێش خۆیەتی) لە ڕاستیدا، ھیچ قۆناعێکی شیعری کوردی، بە قەد دەیەی ھەشتاکان، ھەڵگری وێژەی پابەندگەرا و گوتاری بەرگریی و مانەوە نییە. دەیەی ھەشتاکان، یەکێکە لەو قۆناغە مێژوویی و ئەدەبییانەی، کە شیعر تیایدا دەبێتە ڕەنگدانەوەی ھەڵومەرجێکی سەختی سیاسی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی کۆمەڵگەی کوردی. شیعر لەو قۆناغەدا، ھەڵگڕی زمانێکی ناڕاستەوخۆ و سیمبولییە. ڕەمز وەک ڕەگەزێک ناوەڕۆکی شیعرەکان پێکدەھێنێت. ئەم قۆناغە، کە بە قۆناغی خامۆشی و ستەمی سیاسی و نەتەوەیی دادەنرێت، شیعر تیایدا نەک ھەر لە بەرگریکردن لە شوناس و مانەوەی نەتەوە دوور ناکەوێتەوە وەک ئەوەی دیار نووسیویەتی، بەڵکو شیعری بەرگری چڕتر و قووڵتر و بە ھێزتریش دەبێت. لەم قۆناغەدا، چونکە شیعر بە زمانێکی سادە باسی شۆڕش و شاخ و پێشمەرگە و نەتەوە و ئاڵا ناکات، ئیدی نووسەر وا دەزانێت وێژەی پابەندگەرا نامێنێت. لە کاتێکدا ھەتا چەند ساڵێکیش دوای ڕاپەڕین، ئەدەبی بەرگریی و وێژەی پابەندگەرا، ڕووبەرێکی گەورەی لە ئەزموونی شیعری کوردی گرتبوو. زمان لەو قۆناغەدا، سوود لە تەمومژ و سیمبول و ناڕوونی وچڕکردنەوە دەبینێت . واتا بە زمانێکی ناڕاستەوخۆ، گوزارشت لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانی و شۆڕشگێڕییەکان دەکات. ئەوەی نامێنێت، وێژەی پابەند گەرا نییە ، بەڵکو شێوازی دەربڕین و گوزارشتکردنی ئەو وێژە پابەند گەرایەیە، کە لە زمانێکی ڕاستەوخۆوە، دەبێتە زمانێکی ناڕاستەوخۆ. ھیچ کاتێک وێژەی پابەند گەرا و ئەدەبیاتی بەرگری، لە نێو نەتەوەیەک کە ژێر دەستە و چەوساوەیە، کۆتایی نایەت. دەیەی ھەشتاکان، نازانم چۆن خەتکوژێنەوەی دوو دەیەی پێش خۆیەتی؟ ئەو دەیە (واتا ھەشتاکان) توانی ئەزموونی ( کامەران موکری، جەلالی میرزا کەریم ، جمال شارباژێریی، شێرکۆ بێکەش، پەشێو، ئەنوەر قادر، فەرھاد شاکەلی) بسڕێتەوە؟ دەیەی ھەشتاکان، نوێکەرەوەی زمان و فۆڕمی شیعری کوردی نییە. ئێستاش فۆڕم و زمانی زۆربەی شاعیرانی کورد، فرسەخێک لە زمانی گۆران دوورنەکەوتۆتەوە. لێرەدا، بە پێویستی دەزانم لە سەر ئەوە بوەستم، کە ڕەنگە مەبەستی (دیار لەتیف) لەو بۆچوونە، ئەزموونی (سەباح ڕەنجدەر) بێت کە بە فۆڕم و زمانێکی نوێ لە زێوانەوە دەست پێ دەکات و تا ئێستاش بەردەوامە. بەڵام دەبێ ئەوە بزانین ئەزموونی ڕەنجدەر، ئەزموونی ھەشتاکان نییە، بەڵکو ئەزموونی ھەموو قۆناغەکان و ئەزموونێکی بەردەوامە. ئەم شاعیرە کە زێوان لە نیوەی دووەمی ھەشتاکان بڵاودەکاتەوە، مانای وا نییە شاعیری ھەشتاکانە، مەگەر ئێستا ئەم شاعیرە، لە ھەشتاکان زیاتر، پڕلە وزە و تین و تاوی شیعری نییە؟ ئەمە لەلایەک ، لەلایەکی ترەوە، ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر بە ھیچ شێوەیەک ناچێتە نێو چوارچێوەی ئەزموونی شیعری ھەشتاکان بە گشتی، تەنانەت ناونانی ئەم شاعیرە بە (تەلیعییەکان) بە بڕوای من ھەڵەیە و پێویستی بە ڕاستکردنەوەیە. چونکە ھیچ شاعیرێکی تەلیعییەکان و دەیەی ھەشتاکان، نەیتوانی بەو فۆڕمەی ئەو شیعر بنووسێت. ئینجا ئەوە گرنگ نییە کە خوێنەران (بە خۆشمەوە) لە شیعرەکانی دەگەن یاخود نا؟ ناونانی ئەم ئەزموونە لە چوارچێوەی شیعری تەلیعییەکاندا، بە بڕوای من ھەڵەیەکی مێژوویی و ئەدەبییە. وەک چۆن کەسانێک (زێوان) بە ڕۆمانە شیعر دەزانن، لە کاتێکدا قەسیدەیەکی درێژە و گوزارشت لە توانا و ھەناسە درێژی ئەم شاعیرە لە نووسینی شیعردا دەکات. ئەگەر زێوان ڕۆمانە شیعر بێت، ئەوا شتێکی جیاواز نییە، چونکە شێرکۆ بێکەسیش ڕۆمانە شیعری نووسیوە. ئەزموونی ڕەنجدەر، نە پەیوەندی بە ھەشتاکانەوە ھەیە، نە بە ڕابردوو، نە ئێستا، ئەم ئەزموونە بەردەوامە. من پێشتریش گوتوومە، تاکو ئەو دنیابینییە جیاواز و زمان و فۆڕمە جیاوازەش بوونی ھەبێت، ئەزموونەکەش بەردەوام دەبێت. بۆیە بە شێوەیەکی گشتی، دەیەی ھەشتاکان، نەک خەتکوژێنەوەی دوو دەیەی پێشووتر نییە، بەڵکو شیعری ئەو قۆناغە لە ڕووی گوتار و ناوەڕۆک و تەنانەت فۆڕمی شیعریشەوە، جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شەستەکان و ھەفتاکان نییە. بگرە گوتارە شیعرییەکەشی درێژکراوەی ھەمان گوتاری نیوەی دووەمی ھەفتاکانە، بە فۆڕمێکی جیاواز. زمانی شیعری لە قۆناغی ھەشتاکاندا، دەبێتە زمانێکی ناڕاستەوخۆ، دەنا چەمک و مانا بەرگریی و شۆڕشگێڕییەکان و ڕەنگدانەوەی نەبوونی ئازادی و ژیانی ژێر دەستەیی، گوتاری سەرەکی ئەو زەمەنەیە تاکو ڕاپەڕین. لە دوای ڕاپەڕین و بە تایبەتیش شیعری دوای دەیەی دووھەزارەکان، زمانی شیعری چ لە ئاستی دەربڕین و چ لە ئاستی فۆڕم و ناوەڕۆکدا، تا ئەندازەیەکی زۆر بێ بەھا و بێ مانا دەبێت. لە دوای ڕاپەڕینەوە، ڕووبەرێکی گەورەی شیعر لە سەر دەستی ئەو نەوەیەی خۆی بە نەوەی نوێ و دوای ڕاپەڕین دەناسێنێت، بۆش و بێ مانا و میللییانە دەبێت. تەنانەت کەسانێک جیاوازی لە نێوان قسە و شیعریش ناکەن. ئەم گەڕەلاوژێیە لە نووسینی شیعردا، ترازانێکی گەورە لە نێوان شیعر و خوێنەردا کە دەیان ساڵ بوو بە تاسەوە شیعری دەخوێندەوە، دروست دەکات و تا سەرەنجام بەوە دەگات دەزگاکانی چاپ زۆر بێ منەتانە بنووسن (تکایە شیعر) چاپ ناکەین. دوای ڕاپەڕین، زمان و فۆڕمی شیعری کوردی نەک نوێ ناکرێتەوە، بگرە وێران و تەلخ دەکرێت. تەنانەت بەشێک لەو شاعیرانەی دەنگی دیاری ھەفتاکان و ھەشتاکان بوون، دەکەونە کاوێژکردنەوەی خۆیان و نووسینی ھەندێک دەقی سادە و ساکار، بە ڕادەیەک کە خوێنەر دەیانخوێنێتەوە، تووشی شۆک دەبێت کە ئەم شاعیرانە، دوای ئەزموونێک لە شیعر، ئەم قسە سادەو بێ مانایانە، بە ناوی شیعر بڵاو بکەنەوە. سەیری فەیسبووکەکانیان بکەن؟ لە دوای ڕاپەڕینەوە، شیعری کوردی ئەگەرچی بەرە و سۆبژێکت دەچێت و چیتر ڕەنگدانەوەی واقیعە کۆمەڵایەتی و سیاسی و نەتەوەیەکە نییە، ئیدی پەیامێک لە شیعردا نامێنێت. بۆیە پەیوەندی شیعر و خوێنەر بە گشتی، کۆتایی دێت و بە دەگمەن دەقێکی ھونەرییانە و بابەتییانە دەبینین بە ناوی شیعر. لە ئێستادا، گەڕان بە دوای شیعری ڕاستەقینە و شاعیری روئیا جیاواز، لە نێو دنیای شێواو و بێ مانابوونی شیعری کوردیدا ئەستەمە. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە شاعیری بە توانا بوونی نەبێت. چونکە بیرمان نەچێت، تاریکایی چەند نوتەک بێت، ھێشتا ھەندێک شت ھەن لەو تاریکایەدا دەدرەوشێنەوە.

ستراتیژیەتی ناونیشان، یان کۆدی ناونیشان؟!

تەوەرەی دووەمی وتارەکەی دیار لەتیف، لە بارەی ستراتیژیەتی ناونیشانە لە ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەردا. بەڵام لە پەراوێزی ئەو باسەوە، نووسەر بە گشتی لە بارەی ناونیشان و پەیوەندی ناونیشان بە ئەدەبیات و چەمکی ناونیشان بە گشتی دەدوێت. بە بڕوای من، ئەوەی لە ناونیشانی شیعری ڕەنجدەردا ھەیە ستراتیژیەت نییە، بەڵکو کۆدی ناونیشانە، چونکە ھەموو ستراتیژیەتێک (درێژخایەن یان کورت خایەن) لە پێناو ئامانجێکە و تەواو دەبێت، بۆیە کۆدی ناونیشان ڕاستترە، لە بەر ئەوەی بە گشتی ناونیشان لە شیعرەکانی ئەم شاعیرەدا، کۆد ئامێزن و چەندان مانا و دەلالەتی زمانەوانی و واتایی شاراوەیان ھەیە. دیار لەتیف لە سەرەتاوە، لە بارەی ناونیشانەوە دەنووسێت:_(ناونیشان لە پایە گرنگەکانی ژیانە، بازاڕ و دام و دەزگاکان، سوودمەندی سەرەکین لە تابلۆ و ناونیشانەکان. ناونیشان زمانی ناساندن و بەرچاو ڕوونییە، بیر لەوە بکەوە ناونیشان نەبێت، شارەکان دەکەونە چ تەنگەژە و دژوارییەک؟) ئەمە تەنھا دیوێکی ناونیشانە، نەک ھەمووی. کێشەی نووسەر لەوە دایە، دیوە ناشرین و چەواشەکراوەکەی ناونیشان نابینێت، کە چ ڕۆڵێکی چەواشەکراوانە لە بە لاڕێدابردنی ھزرو بینینی خەڵک دەگێڕێت. لە نێو ئێمەدا، ناونیشان فاکتەرێکە بۆ فریودان و دەستخەڕۆکردنی مرۆڤ بە ئەندازەیەک کە ئەوەی لە پێشەوەی ھەموو شتێکە، دەسکەوتی بازرگانی و قازانجە، نەک ناساندنی جۆر و کواڵیتی کاڵا و شمەکەکان. بە ھەزاران ناونیشانی جوان و سەرنج ڕاکێشی مارکێت و بازاڕەکان دەبینین، کە دەچینە ناویان، ڕێک پێچەوانەی ناونیشانەکانییان کار دەکەن و کاڵا دەفرۆشن. بۆنموونە: ناونیشانی مارکێتێکی گەورە دەکەوێتە بەرچاوت، کەچی کاتێ پرسیاری خواردنێکی تایبەت بە نەخۆشانی شەکرەی لێ دەکەیت نییەتی. وەک ھاووڵاتییەک، بە سەدان جار ڕووبەڕووی ئەم بەلاڕێدابردنە بوومەتەوە. جارێکییان لە ھەولێر، ناونیشانی کتێبخانەیەکم لەو کتێبخانانەی دەکەونە پشت پارێزگاوە کەوتە بەرچاو، لە ژێرەوەی ناونیشانەکەی نووسیبووی:_ ( بۆ فڕۆشتنی ھەموو جۆرە کتێبێکی ئەدەبی) کە چی کاتێ پرسیاری کتێبی (گۆران و ئەدەبی ئینگلیزی) م لێکرد کە (عومەر مەعرو بەرزنجی) نووسیویەتی، لە وەڵامدا خاوەنی کتێبخانەکە گوتی:_نیمە. پرسیاری کتێًبێکی دیکە و دووان و سێیانم لێکرد، ھەر نەیبوو، لەوەڵاًمدا پێمگوت:_ ئەم ناونیشانە زل و گشتییە چییە لە کتێبخانەکەت داوە؟ ئەگەر ئەمەت نەنووسیایە، دڵنیابە نە دەھاتمە کتێبخانەکەت. خاوەنی کتێبخانەکە، تەریق بۆوە، بێ دەنگ و بێ وەڵام مایەوە. ئەمە نموونەیەکە لەوەی کە ڕۆژانە ڕووبەڕووی دەبینەوە و تیایدا ڕیکلام و ناونیشانەکان فریومان دەدەن. گرفتی دیار لەتیف ئەوەیە، کە کوردستان بە ئەوروپا تێ گەیشتووە، بۆیە پێی وایە ناونیشان و ھێماکانی ھاتووچۆ و ئاراستەی ڕۆیشتن و تایتڵی شوێنە گشتی و تایبەتییەکان،لای ئێمە ڕۆڵێکی گرنگ دەبینن. لە کاتێکدا بڕوام وایە بە پێچەوانەوەیە. دواتر دەکرێ بپرسین، ئەم جۆرە ناونیشانانە، چ پەیوەندییان بە ناونیشانی ئەدەبی و دەقی شیعرییەوە ھەیە، ئەگەر مەبەست (شت گوتن) و درێژدادڕی نەبێت؟ دەبێ بزانین، ناونیشان وەک چەمکێک لە دونیای ئەدەبدا، جیایە لەگەڵ ناونیشان وەک چەمکێک لە دونیای ئەمڕۆی ماددی و سەرمایەداری فریودەرانەی مرۆڤ، کە ھەموو ئامانجێکی قازانج کردنە لە پەنای چەواشەکردن و ھەڵخەڵەتاندنی خەڵک. بۆیە ئەو ڕۆڵەی ناونیشان بە گشتی لە کۆمەڵگاکانی دیکە ھەیەتی، یەک لە سەدی ئەو ڕۆڵەی لە نێو ئێمەدا نییە. نووسەر لە وتارەکەیدا بەردەوام دەبێت و دەنووسێت:_(دەق بە بێ ناونیشان تەواو کۆ نابێت، ناونیشان پوختکردنەوەی دەقە بۆ وشە یان گرێ، بە فەرامۆشکردنی ناونیشان ناتەواوی دەکەوێتە دەق، دەکرێ لە ناونیشاندا بە دوای مانای شیعریدا بگەڕێین) لە ڕاستیدا، ئەم تیۆرە و ئەم تێگەیشتنەی نووسەر بۆ ناونیشانی شیعری، بۆ ھەموو شاعیرێک دەشێت (سەباح ڕەنجدەر) نەبێت، کە نووسەر لە بارەی شیعر و ناونیشانی شیعری لە ئەزموونی ئەوەوە دەدوێت. لە شیعری ئەم شاعیرەدا، گەورەترین ھەڵە دەکەین، دەق پوخت بکەینەوە بۆ ناونیشان. بە ھیچ شێوەیەک و بە ھیچ جۆرێک، شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەر، پوخت ناکرێنەوە لە ناونیشاندا، ئەمە یەکەم، دووەم، لە ئەزموونی سەباح ڕەنجدەردا بە گشتی، ناونیشان یەکەیەکی دابڕاوە لە دەق و پەیوەندییەکی ئۆرگانیکی و بابەتی ئەوتۆی بە دەقەوە نییە. خوێنەر دەتوانێت ناونیشان لە شیعری ئەو شاعیرەدا، وەک ئاماژەیەکی زمانەوانی و بابەتی سەربەخۆ بخوێنێتەوە. ناونیشان لای ئەو، جۆرێکە لە دەقێکی دیکەی جیا لە دەرەوەی فەزای شیعرەکە. ئەوەی بە یەکتریان دەبەستێتەوە، پوختکردنەوەی ناوەڕٍۆک نییە، بەڵکو دوو ڕووبەرن کە ھەڵگری دوو تیمەی جیان. بڕواناکەم لە شیعری ھیچ شاعیرێکدا، ھێندەی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، ناونیشان دابڕاو بێت لە دەق. لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا، ناونیشان بۆ ئەوە نییە بزانین شاعیر چی دەڵێت، چونکە شیعر، خانوو، ناونیشانیش دەرگا نییە، تا لێیەوە بچینە ژوورەوە، بە پێچەوانەوە ناونیشانی شیعری لای ئەو، بە مانای دەقێکی دیکە و ئاماژەیەکی دیکەی شیعری، کە دەشێ بە تەنھا لە دەرەوەی فەزای شیعری ببینرێت و بخوێنرێتەوە. ئەم تێگەیشتنە بۆ ناونیشان، لە شیعری ھاوچەرخ و مۆدێرنەدا شوێنی نابێتەوە. دواتر، ئەگەر لە شیعری ھەر شاعیرێک، ناونیشان دەرەچەیەک بێت بۆ چوونە نێو دەق و ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی دەق بێت، ئەوا لە ئەزموونی سەباح ڕەنجدەردا، ناونیشان دەلالەتێکی دیکەی ھەیە و بگرە زۆرجار پارادۆکسیش دەکەوێتەوە. بۆ نموونە:_ لە شیعری (چاوەڕوانی تێکشکاو)دا، شاعیر دەڵێت:_

بە ڕووخسارێکی پڕ شادییەوە…
ڕووبەڕووی ئاڵای وڵاتەکەم وەستاوم…

سەرنج لە ناونیشانی شیعرەکە بدەن، چەند گوزارشتێکی نا ئومێدی و ڕەشبینانە دەگەیەنێت، کەچی کە دەچینە نێو شیعرەکە، یەکڕاست شاعیر گەمەیەکی زمانەوانی و واتایی ھێندە قووڵ و ھونەرییانە دەکات، ئەو ھەستە ڕەشبینییە بوونی نامێنێت. ئیدی نازانم چۆن ناونیشان پوختکردنەوەی ناوەڕۆکی شیعرە لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا؟ وێرای ئەمەش، چاوەڕوانی کردارێکی ھەستی و سایکۆلۆژی مرۆڤە و بە کۆتا نایەت، ئەگەر دەرەنجامی چاوەڕوانییەکە بە دیوی ئەرێنی یان نەرێنی نەزانین، بەڵام شاعیر، ڕستەیەکی شیعری ھێندە جوانی لە دانە پاڵ ھەردوو وشەی (چاوەڕوان) و (تێکشکاو) دا دروست کردووە، کە ئستاتیکایەکییان بە ناونیشانی شیعرەکەداوە. لە شیعری کوردیدا، سەدان و ھەزاران وشەی چاوەڕوانی ھەیە و دەشبێت، بەڵام چاوەڕوانی تێکشکاو، گومان دەکەم بوونی ھەبێت. زۆر جار دەگوترێت:_ (ئەوەندە چاوەڕێم کردی لێڵایی بە چاوم داھات، مردم ئەوەندەی چاوەڕێت بکەم، لە چاوەڕوانیتدا سوێم بووەوە، چاوەڕوانی مردنێکی لە سەر خۆیە) بەڵام نەمبیستووە کەسێک بڵێت:_ (چاوەڕوانی تێکشکاو) بە ھەمان شێوە لە شیعری (خۆدرکاندن) دا، شاعیر دەڵێت:_

ماندووبووم بە ئاشنابوونی یەکەمین نھێنی..

لە نێوان درکاندن ونھێنیدا، پارادۆکسێکی گەورەی واتایی و زمانەوانی ھەیە.چونکە ھەموو نھێنییەک دژ بە درکاندنە و ھەموو درکاندنێکیش، ڕەھەندی نھێنی بوونانەی خۆی نامێنێت. ناونیشانی شیعرەکە، دەلەلات لە ئاشکرایی دەکات، بەڵام دەسپێکی شیعرەکە، باس لە ئاشنابوون بە نھێنی دەکات. ئەم جۆرە لە دانانی ناونیشان و دەسپێکی چوونە نێو دەقە شیعرییەکاندا، گەمەیەکی واتایی و زمانەوانی شیعرییە و شاعیر بە ئاگایەکی قووڵەوە و بە مەبەستی سەرقاڵکردنی ھزری خوێنەر لە بەستنەوەی بە دەقە شیعرییەکاندا، دەیکات. ئەمە جۆرە لە پەیوەندی پارادۆکسانەی ناونیشان بە دەسپێکی شیعرییەوە، لە چەندین شیعری دیکەش دەبینرێت. وەک:_

ڕێگای جادوویی
ئەوھات…
من چووم…

یاخود:_
ئاوێنەی دەستی گورگ
لە بیرکردنەوەیەکی پاکیزەیی و ئەفسانەییدا..
یانیش:_
گورگێکی ئاشتیخواز
ئەم ناونیشان و دەسپێکی چووونە نێو دەقەکان، دەکرێ وەک دوو تیمەی جیاوازی شیعری بیانخوێنینەوە، کە ھیچ پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانییان بە یەکەوە نەبێت. پاکیزەیی، ھاودژی گورگە کە ھێمایە بۆ دڕندەیی و کوشتن و خوێن، سەدان نموونەی دیکەی لەو شێوەیەش لە شیعری ڕەنجدەردا ھەن. ئەمە دەلالەتە لەوەی کە گوزارشتی (کورتکردنەوەی دەق لە ناونیشان وچڕکردنەوەی مانای دەق لە ناونیشاندا) وەک ئەوەی دیار دەیڵێت، تێگەیشتنێکی ھەڵەیە بە تایبەتیش لە ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەردا، کە ناونیشان لە شیعری ئەودا، ڕەنگدانەوەی ناوەڕۆکی دەق نییە. ئەمە بەو مانایە نا، ناوەڕۆک و شیعر لە یەکتری جیاوازبن، بەڵکو بەو مانایەی ھەر یەکەیان ھەڵگری گوتار و مانا و ئاماژەی تایبەت بە خۆیانن. نووسەر ھێندەی لە سەر ئەوە دەوەستێت، کە ناونیشانەکانی شیعری ئەو شاعیرە (دڵخوازو مەیلخوازن) یاخود (تاک وشەیی و ڕستەیین) یانیش (نامۆ و باون) ھێندە نەچۆتە نێو قووڵایی ڕەھەندی واتا و مانا لە ناونیشانی شیعرەکاندا. واتا تەنھا دیوە ڕێزمانییەکەی ناونیشانەکانی بینیوە و دیوە ناوەڕۆکەکەی لە بەر ھەر ھۆکارێک بێت فەرامۆشکردووە.
لێرەدا با لە سەر ئەوە بوەستین، بۆچی ناونیشان لە ئەزموونی شیعری سەباح ڕەنجدەردا، یەکەیەکی جیاوازە و دەکرێ وەک دەقێکی سەربە خۆ ببینرێت؟ بۆچی ناونیشان لە شیعری ئەودا، ئاڵۆزە و ھەندێ جاریش نامۆ؟ لە ڕاستیدا، ئەمە پەیوەندی بە بوونی واتاییانەی ناونیشانەوە ھەیە لە دەرەوەی دەق. بەو مانایەی لە پاڵ دەقی شیعریدا، خوێنەر دەتوانێت ناونیشانیش وەک دەقێکی دیکەی شیعری ببینێت. بۆنموونە:_ناونیشانی(لە کتێبخانەی بابەتاھیری ھەمەدانیدا) لەیەک کاتدا چەندین دەلالەتی مێژوویی، فەرھەنگی، پرسیاریی، کۆمەڵایەتی ھەیە. ھەڵبەتە کەسمان لە سەردەمی بابەتاھیردا نەژیاوین تا بزانین کتێبخانەی ھەبووە یاخود نا، بەڵام نابێ ئەوەمان بیربچێت کە بابەتاھیر، ڕەمزی سەرچاوەی ڕۆشنبیریی و فەرھەنگی کوردییە، چونکە مێژووی ڕۆشنبیریی کوردی، لە شیعرەوە دەست پێ دەکات و بابەتاھیریش یەکەم شاعیری کوردە کە شیعری نووسیوە. کە واتا ئاماژەکردن بە بابەتاھیر، ناڕاستەوخۆ گەڕانەوەیە بۆ سەر مێژووی فەرھەنگی کورد، ھاوکات بابەتاھیر وەک شاعیرێک، مرۆڤێکی یەکجار ھەژار و نەدار و بێ لانە بووە و ژیانێکی زۆر سادە و نەبوونیانە ژیاوە، لێرەوەش بابەتاھیر دەبێتە ڕەمزی ئەو ژیانە سادە و پڕ نەھامەتی و نەبوونییەی، کە بە گشتی شاعیران تیایدا دەژین. بابەتاھیر، ڕەمزە بۆ نووسینی شیعر، کەواتا لێرەدا شاعیر شکۆ و گەورەی شیعر پیرۆز ڕادەگرێت. لەلایەکی دیکەوە، خودی ئەو ناونیشانە ئەو پرسیارە لای خوێنەر جێدێڵێت کە لە کتێبخانەی ئەودا چی دەکرێت؟ مەبەستی شاعیر چییە؟ گریمان ئەگەر ئەو ناونیشانە لە دەرەوەی دەق، وەک تیمەیەکی جیاواز بخوێنرێتەوە، نابێتە دەقێکی شیعری سەربەخۆ؟ ئەو لە دەقێکی دیکەشیدا، بابەتاھیر وەک ناونیشانێکی دیکەی جیا بەکاردێنێت. لە شیعری ( دەستنووسێکی تازە دۆزراوەی چوارینەکانی بابەتاھیر) دیسانەوە بابەتاھیر وەک ناونیشانی شیعریی ئامادەیی ھەیە، بەڵام ئەمجارەیان بە واتای دیکە. لە ھەردوو شیعرەکەدا، بابە تاھیر وەک دوو سیمبول و دوو ئاماژەی مانا و ناونیشانی جیاواز بە کارھاتوون. لە دەقی دووەمیاندا، بابە تاھیر ئەمجارەیان دەبێتە ڕەمز بۆ مێژووێکی بزرتر و دێرینتر. بە دەربڕینێکی تر، ئەگەر لەدەقی (کتێبخانەی بابەتاھیری ھەمەدانیدا) ئێمە لە بەردەم کتێبخانەیەک دابین (کە کتێبخانە سەرچاوەی زانست و مەعریفەیە) دەشێ ئەو کتێبخانەیە، جگە لە بەرھەمی بابەتاھیرخۆی، کتێبی دیکەشی تێدا بێت، بەڵام لە ناونیشانی دووەمدا، دەستنووسەکە ھی خودی بابەتاھیر خۆیەتی. بێگومان دەستنووسیش، بەرھەمی ھزر و دنیابینی مرۆڤە. واتا جارێکی دیکە شاعیر سیفەتی دانایی و ڕۆشنبیری دەداتەوە پاڵ بابەتاھیر، بەڵام بە گوتارێکی دیکەوە. واتا ئەمجارەیان مێژووی فەرھەنگی کوردی، لە ئاستی مێژوویی و نەتەوەییدا، دورتر دەبات. بەو پێیەی دەستنووس، مێژوو، زمان، ھزرە. ئەوەی بۆمن زۆرتریش جێگەی سەرنج بوو لەو ناونیشانەدا، ئەوەبوو کە ئەو شیعرە وێرای ئەوەی لە سەرشێوازی چوارینە، بەڵام بە زمانی ئازاد نووسراوە. کە ئەمەش گۆڕانێکی دیکەیە بە ئاراستەی خاسیەتی نوێی شیعری لە ئەزموونی ئەو شاعیرەدا. بۆیە لە ئەزموونی ڕەنجدەردا، ناونیشان دەلالەتێکی دیکەی ھەیە وەک ئەوەی دەروازەیەک بێت بۆ چوونە نێو دەق. دواتر ئەگەر لە ناونیشاندا، بۆ مانای شیعری بگەڕێین، کە واتا ئێمە لە بەردەم دەقێکی شیعری زیندوو دانین، چونکە کاتێ شیعرێک ھەموو ماناکانی خۆی لە ڕێی ناونیشانەوە بەیان دەکات وەک ئەوەی دیار دەیڵێت، کەواتا چ پێویست بە خوێنەوەی دەقەکەیە؟ ئێمە کە سەرەتا مانای شتێکمان زانی، شەن و کەوکردنی بۆچییە؟ لە ڕاستیدا وەک باسمان کرد، ئەم تێڕوانینە بۆ ھەر شاعیرێک و بۆ ئەزموونی ھەر شاعیرێک لۆژیکی و بابەتی بێت، ئەوا بۆ ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، بێ ئاگایەکی گەورەیە لە شیعری ئەو. نووسەر لە لێکدانەوەی بەشێکی ناونیشانەکان کەوتۆتە ھەڵەوە. بۆ نموونە لە بارەی ناونیشانی (ساڵی سفر) دیاردەنووسێت:_( لەو قسە سەرزار و سواوانە وەرگیراوە کە دەگوترێت سعاتی سفر) بەڵام بە بڕوای من، نووسەر دەبوو ئەوە بزانێت کە (سعاتی سفر) ، نەک ھەر قسەیەکی باو و سەر زارەکی و سواو نییە، بەڵکو زۆر تایبەت و شاراوە و دیاریکراویشە، چونکە ئەم دەربڕینە، تەنھا لە زانستی سەربازیی و لە شەڕدا دەگوترێت و کۆدێکی تایبەتە. جگە لە بارودۆخی شەڕ و ئەوانەی لە بەرەکانی شەڕدان، کێ سعاتی سفر بەکار دێنێت؟ ھاوکات شاعیر ساڵی سفری نووسیوە کە لە ڕووی واتاوە جیاوازە لە سەعات. ڕاستە ھەردووکییان پێوانەی مێژوویی و زەمەنین، بەڵام ساڵی سفر داھێنراوە و نەک وەک سعاتی سفر کە ھەبووەوە ھەر دەشمێنێت. بەڵام با پرسین نووسەر بۆ چی باسی ناونیشانی (ئاھەنگی ساڵی مردنی داینەسۆڕ) ی نەکردووە کە یەکێکە لە ناونیشانە کەم و نامۆ و دەگمەن و پڕ واتاکان؟ ئایا ساڵی داینەسۆریش لە قسە باوەکانی سەر زاری خەڵک وەرگیراوە؟ یان داھێنراوێکی شاعیرە؟ لە بارەی زێوانیش، دیار دەڵێت:_(زێوان ناونیشانێکی ھونەری و ئارەزووبەر نییە و نامۆیە) لێرەدا دەردەکەوێت، کە نووسەر شیعری ئەم شاعیرە، لە چوارچێوە و ھاوشێوەی شیعری ھەر شاعیرێکی دیکە دەبینێت. چونکە خوێنەری شیعر لە نێوەندی ئەدەبی کوردیدا بە گشتی، بە دوای چێژی شیعر و جوانی وێنە و ھونەری وشەیە، نەک پرسیار و گومان و بیرکردنەوە، بۆیە لە بەرایی ھەموو شتێکدا، لە شیعردا بە دوای چێژدا دەگەڕێت. پەیوەندی لەگەڵ شیعر لە سەر ئەو بنەمایەیە کە شیعرێکی خوێندەوە، چەند ھاوشێوەی خواردنێک چێژی پێ بەخشیوە. دروست وەک ئەوەی ھەر (گەدە) کە پڕبێت تەواو، ئیدی ئەو خۆراکە تەندروستە یان نا، کاریگەریەتی لاوەکی بە سەر تەندروستییەوە ھەیە یان نا، ئەمە گرفت نییە. بێگومان ئێمە دەزانین چێژ لە ھەموو دەقێکی ئەدەبیدا خاسیەتێکی ھونەری گرنگە، بەڵام چێژ ھەمووشت نییە لە شیعر و وشە و گوتندا. دەشێ شاعیرانێک ھەبن وەک (ڕەنجدەر) کە ئەوەندەی شاعیری پرسیار و بیرکردنەوە و دروستکەری ڕامانی شیعرییانە بن، لای خوێنەر ئەوەندە چێژ و ئارەزووخوازیی بەلاوە گرنگ نەبێت. زێوان ناونیشانێکی ئالۆز و و پڕ مانا و نوێشە بۆ سەردەمەکی خۆی و بە ئێستاشەوە زێوان یەکێکە لەو وشە نا فەرھەنگییانەی کە باو نییە. بگرە زۆرینەی خەڵک ھەر واتاکەشی نازانن. ئێمە ڕاھاتووین ھەمیشە ناونیشانی دەق لامان جوان و سادە و ڕۆمانسییانە بێت. ئەو سەردەمەی شاعیر ناوی ئەو کۆمەڵە شیعرییەی ناوە (زێوان) شاعیرانی دیکە ناوی کۆمەڵە شیعرییەکانی خۆیان دەنا (تەمە سپیەکانی ڕوح و دووکەڵ و گەرمنەبوونەوە و ھەرمێن) و گەلێک ناونیشانی دیکەش. ئایا زێوان بە بەراورد لە گەڵ ئەو ناونیشانانە، نوێ و ئاماژەیی تر نییە؟ کەواتا ئارەزووبەر یانی چی؟ ناونیشانی شیعری لای ڕەنجدەر، ھەر لەزێوانەوە تا سەرەتا وشە بوو، جێگەی لە سەر وەستان و قووڵبوونەوەیە، ناونیشان لە شیعری ئەودا، دەروازەیەک نییە بۆ چوونە نێو دەق، بەشێکیش نییە لە بینای شیعری دەق، بەڵکو دەقێکی جیایە لە دەرەوەی دەقە شیعرییەکان. واتا دەتوانین ئەو ناونیشانە شیعرییانە، وەک بەشێکی جیا لە تۆ پۆگۆگرافیای دەقی شیعری ئەو ببینین. ئەم سەربەخۆیەی ناونیشان، کە دەرەنجامی ئاگایەکی گەورەی شیعرییە، جۆرێک لە دەلالەتێکی شیعری سەربەخۆی بە ناونیشانەکان داوە. ناونیشانەکانی (سەرەتا وشە بوو، تاج سەر گران دەکات، مردووێک ئاگای لە ھەمووانە، زمانە مۆمیا کراوەکان) ئەمانە لە ئاستای بینا ھونەری زمان و داڕشتن و ڕستەسازییەوە، ڕستەی سەربەخۆن. ناونیشان لای ئەوشاعیرە، بە ئاگایەکی زۆری ھزریی و ڕۆشنبیرییەوە کاری لە سەر دەکرێت. لە ناونیشانی شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەردا، چەند خەسڵەتێکی شیعری ھەن و جۆرێک لە کۆد ئامێزی لە ناونیشانەکاندا ھەیە. ھەر دیارترین ئەو خەسڵەتانەش، پرسیارە وەک بەشێک لە مانا و تێکستی شیعریی، بۆ نموونە:_(مردووێک ئاگای لە ھەمووانە) ئەم ناونیشانە، ناونیشانێکی ئاڵۆزە و ھەڵگڕی جۆرێک لە پرسیارە. مردووێک چۆن ئاگای لە ھەمووانە؟ کێن ئەو ھەمووانە؟ ڕەنگە ئێمە وا بزانین ئەو ھەمووانە ئێمەین (وەک ئەوەی دیار نووسیویەتی) کەچی کە شڕۆڤەی ناونیشانەکە دەکەین، بەر مانایەکی دیکەی شاراوە، لە دەرەوەی ئەو مانایە دەکەوین کە بۆ ناونیشانەکەمان ھەیە. مرۆڤ کە مرد، لە ڕووی فیزیکی و جەستەیەوە نامێنێت و توانای درککردن و ھۆش و بینینی لە دەست دەدات، بەڵام ئەو مردووە نەک ھەر سیفەتێکی زیندووی لەلایەن شاعیرەوە پێ دراوە، بەڵکو لە سەرووی درککردنیشە، چونکە ئەو مردووە و ئاگاشی لە ھەمووانە. ئەم ناونیشانە، ناونیشانێکی نامۆیە و ھەڵگری جۆرێک لە دەلالەتی پرسیارکردنە. ئەو پرسیارکردنە، خوێنەر دائەبڕێت لە شیعرەکە و وای لێدەکات لە بری چوونە نێو دەقی شیعرییەوە، بە دوای کۆدەکانی ناونیشاندا بچێت. مردووێک چۆن ئاگای لە ھەمووانە؟ لێرەوەش ئێمە، بەر تێگەیشتنێکی دیکە دەکەوین. لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەگوترێت:_( مردووەکان زیندووەکان دەبینن وگوێبیستی قسەکانیان دەبن، بەڵام ئێمە ئەوان نابینین) زۆرجار کە سەردانی گۆڕستان دەکەین، بە ھەستیارییەوە ھەنگاو ھەڵدێنین، یاخود لە سەر گۆڕی مردووەکان دانانیشین، چونکە پێمان وایە مردووەکە ئازاردەدەین، یاخود کە قسەیەک دەکەین، ئەوان گوێبیستی دەبن. ئەم دەربڕینە، سەرچاوەکەی لەو کەلەپوورە ئایینییەوە ھاتووە کە لە ئیسلامدا ھەیە. بەتایبەتیش کە ئایین وەک ڕەگەزێک ئامادەیەکی گەورەی لە گوتاری شیعری ئەو شاعیرەدا ھەیە.کە چی دیارلە بارەی ئەوناونیشانەوە (مردووێک ئاگای لە ھەمووانە) دەنووسێت:_( ڕەنگە لەو قسەیەی نیتشە وەرگیرابێت کە دەڵێت خودا مرد) بە بڕوای من، ئەم ناونیشانە ھیچ پەیوەندییەکی بەو قسە بێ مانایەی نیتشەوە نییە. ھەر خوێنەرێک بە وردی لە ئەزموونی ڕەنجدەر ڕامابێت، دەزانێت (خودا و ئایین) پێگەیەکی چەند بەرز و پیرۆزیان لای ئەو ھەیە. لە شیعری ئەودا، خودا نەک نامرێت، بەڵکو سەرچاوەی مانەوە و بەردەوامی ھەموو شتێکیشە. کەم شیعری ئەم شاعیرە ھەیە، ئایین، ئەفسانەی ئایینی، کە لەپووری تیادا ڕەنگ نەدابێتەوە. ئەم قسەیە بۆ ھەموو کەس گونجاو بێت، بۆ ڕەنجدەر بێ ئاگایە لە شیعری ئەو. پاشان ئەو (مردووە) نەناسراوە، ئێمە نازانین مەبەستی لەو مردووە مرۆڤە یاخود بوونەوەرێکی تر؟ ئەم شاعیرە لە ناونانی شیعرەکانی و لە دەقەکانیشیدا، لە سەر زمان دەوەستێت. بۆ نموونە:_( سەدو یەک شەو، ساڵی سفر، شەڕی چل ساڵە، ساڵی مردنی داینەسۆر) ئەم ژمارانە ژمارەی ھەڕەمەکی و بیرکاری نین ، بەڵکو لە دنیابینی شاعیردا، بۆ مانا و دەربڕینی دیکە بە کاردێن کە ئێمە پەی پێ نابەین. لە بارەی ناونیشانی (شەڕی چڵ) ساڵە، نووسەر دەنووسێت:_(ڕەنگە ئەو شەڕە، جەنگێکی کەتواری بێت، ئەو شەڕە دەروونی و جەنگی سارد بێت، دەشکرێت مەبەستی چڵ ساڵ کارکردنی شاعیریش بێت) شەڕی چڵ ساڵە، پەیوەندی بە ھیچ کام لەو شەڕانەوە نییە کە نووسەر دیاری کردوون. جارێ ئەزموونی چڵ ساڵ کارکردنی شاعیر، گریمان نووسینی شیعر بێت، وەک ئەوەی ئەو دەیڵێت، ئەمە ھەڵەیە، چونکە ئەزموونی ڕەنجدەر، لەسێ دەیە و نیو تێپەڕی نەکردووە، ھاوکات شەڕێکی کەتواریش نییە، چونکە سەباح ڕەنجدەر، لەو شاعیرانە نییە واقیع بنووسێتەوە، تاکو مێژووی شەڕەکان بکەتە کەرستەی شیعری، چەمکی شەڕی ساردیش باوی نەماوە. لە ڕاستید وەک خوێنەرێک وای بۆ دەچم، مەبەست لە ناونیشانی شەڕی چڵ ساڵە، تەمەنی فیزیکییانەی خۆی بێت، لە شەڕی ژیان و شەڕی شیعریشدا. چونکە ئەم شاعیرە، ھەر لە سەرەتای نووسینی شیعرەوە تاکو ئێستاش، بەداخەوە دژایەتی دەکرێت و ڕەت دەکرێتەوە لە نێو بازنەی باودا، ھاوکات دەکرێ ململانێی خودی خۆی وەک مرۆڤێکیش بێت، لە نێو ژینگەی ژیان و بووندا، بەو پێیەی لە ململانێیەکی سەختی ژیان دابووە، چ لە ئاستی کەسی، چ لە ئاستی کۆمەڵایەتی. شەڕی چڵ ساڵە ئەگەر ھەڵە نەبم لە ساڵی ٢٠٠٥ بڵاوکراوەتەوە، شاعیریش لە ساڵی ١٩٦٥ لە دایکبووە، کە واتا مەودای زەمەنی و مێژووی لە دایکبوونی شاعیر، لەگەڵ زەمەنی بڵاو بوونەوەی کتێبەکەدا، چڵ ساڵی تەواو دەکات. لێرەوەش دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە دانانی ژمارە وەک ناونیشان بۆ شیعرەکان، دانانێکی ڕەمەکی و ماتماتیکی ڕووت نییە، بەڵکو جۆرێک لە پەیوەندی سایکۆلۆژی و ئەنتۆلۆژی، لە نێوان ئەو ژمارانە و ژیانی شاعیردا ھەیە. ئەو ژمارانە، ھەریەکەیان کۆدێکە نەک تەنھا ژمارەیەکی حیسابی. کەچی دیار لەتیف لە بارەی ئەو ناونیشانانەی بە ژمارە ھاتوون لە کۆ شیعری ساڵی سفردا دەنووسێت:_(ئەم جۆرە ناونانانە ھەبوونە، تەنانەت ڕەگەکانی بۆ ناو شیعری کلاسیک دەگەڕێتەوە، لە شیعری کلاسیکدا، لە بری ژمارە پیتی ئەبجەدی بەکار ھاتوون) بە داخەوە ئەم نووسەرە، جیاوازی لە نێوان پیت و ژمارە ناکات. چونکە ناونیشانە ژمارەییەکانی سەباح ڕەنجدەر، ھیچ پەیوەندییەکان بە پیتە ئەبجەدییەکانی شیعری کلاسیکەوە نییە. دەکرێ لێرەدا، کەمێک لە سەر ئەوە بوەستین. بێگومان پیت، مۆرفێمێکە کە وشە پێکدێنێت و وشەش ڕستە و ھەموو ڕستەیەکیش بۆ ئەوەی ببێتە ڕستەی تەواو، دەبێ مانایەک بگەیەنێت. کە واتا پیت بەشێکە لە بونیادی دروستکردنی ماناو گۆڕینی مانا. بۆ نموونە:_ پیتی (ب) دەکرێ بە ( باران، با، بە ھێز، بۆن، بەھار) بخوێنینەوە، مانای ھەریەک لەم وشانە، جیان لە یەکتری. پیتی(ت) دەکرێ بە ( تارمایی، تۆفان، تەخت، تەفروتونا) بخوێنرێتەوە، بەڵام ژمارە، بوونێکی میکانیکی و نەگۆڕ و ئەبستراکتی ھەیە. ژمارە (١) یەکە، تۆ ناتوانی بیکەیتە (٢) ژمارە (١٠٣٣) ھەر ئەو ژمارەیە و ناگۆڕدرێت، ئەمە سەرەتاییترین جیاوازی نێوان پیت و ژمارەیە. کەواتا چ پەیوەندییەکی واتایی و بابەتی، لە نێوان ژمارە شیعرییەکانی سەباح ڕەنجدەر و پیتە ئەبجەدییەکانی شیعری کلاسیکی شاعیرە کلاسیکەکان ھەیە بۆیە بە بڕوای من شیعری سەباح ڕەنجدەر، شیعری خەیاڵ نییە، وەک ئەوەی بەشێک لە خوێنەرانی ئەزموونی ئەم شاعیرە تێی گەیشتوون، بەڵکو شیعری پرسیار و گومان و فیکر و ڕامانن، کە پرسیار لای خوێنەر دروست دەکەن. خەیاڵ بەشێکە لە وێنەی شیعری و چێژی شیعری، بەڵام لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا، پرسیار، ھزر و ڕامان، بەشێکن لە تێگەیشتنی شیعر نەک ئستاتیکا و چێژ. ئەم کۆدە پرسیار ئامێزانە، دەق وەک دەقێکی زەمەنی و مێژوویی دەھێڵێتەوە. چونکە ھەر کاتێک خوێنەر بە مانای دەقێک گەیشت، ئیدی ئەو دەقە لە ئاستی خوێندنەوە و بینیندا کۆتایی دێت. بۆیە مانای شیعری بەشێکە لە بونیادی دەقی شیعر، کە زەمەن و شوێن نا ناسێت. وەک ئەوەی کە ئێستاش زۆر شیعری نالی ھەن کە پەی بە ماناکانیان نابردرێت. کە سەرنج لە ناونیشان لە شیعری سەباح ڕەنجدەر دەدەین، بەر دەلالەتی جیاوازی مانا و گوتار دەکەوین. بۆ نموونە:_ ناونیشانی ( تاج سەر گران دەکات) ئەم پرسیارەمان لادروست دەکات کە بۆچی تاج سەر گران دەکات؟ مەبەست لە تاج چییە؟ شاعیر لەم دەربڕینەیدا، ناڕاستەوخۆ، ڕەخنە لە ئەقڵی سیاسی دەگرێت. تاج ھێمایە بۆ دەسەڵات، دەسەڵات و بەڕێوەبردنیش لە بنەڕەتدا، ھەڵگری ھەزارەھا کێشە و ئاڵۆزین، ئەوانەی لە پایەی دەسەڵاتیشن، ھەمیشە دەکەونە بەر نەفرەت و تێڕوانینی ئەوان، کە واتا تاج ئەو خۆشبەختییە نییە کە ڕەنگە کەسانێک خەونی پێوە ببینن، بەڵکو سەرچاوەی ئاشووب و نەھامەتی و نا ئاسوودەیە. لەلایەکی دیکەوە، گەر لە ڕووی ڕێزمانییەوە سەرنج لە وشەی (دەکات) بدەین، دەبینین ئەم وشەیە کاری ڕانەبردووە، ئەمەش وەک ھێمایەک کە تا ژیان و مرڤایەتی مابێت، کەسانێک ھەن تاج لە سەر دەنێن و خەونی پێوە دەبینن، بێ ئاگا لەوەی ئەو تاجە چەند سەرگران دەکات. لە شیعری (گۆڕەپان بێ ناونیشانی جەنگەکانەوە) شاعیر چەند ناونیشانێک دەنووسێت کە دەتوانین وەک تیمەیەکی شیعری جودا بیانبینین. ئەم دەقە، لە چەند ناونیشانێک بە بێ تێکستی شیعری پێکھاتووە. واتا خوێنەر دەتوانێت وەک دەقێکی شیعری دابڕا و سەربەخۆ، لە دەرەوەی دەقی شیعری بیانبینێت. ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەو بۆچوونەی دیار ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێت:_( ناونیشان پوختکردنەوەی ناوەڕۆکی دەقە، یاخود لە ناونیشانەوە لە ناوەڕۆکی دەق دەگەین) چونکە لەم شیعرەدا، ئێمە تەنھا لە بەردەم چەند ناونیشان و ڕستەیەکداین، بە بێ دەقی شیعری. ھەریەک لەو ناونیشانانەش، ماناو دەلالەتی خۆیان ھەیە و پەیوەندیدار نین بە یەکەوە. لەم دەقەدا، ئەم ناونیشانانە دەبینرێن:_

لە کاتی خۆیدا لە قووڵایی دا ھەڵدەلەرزم.

پێغەمبەران بە جۆرە دوو دڵییەکەوە ڕووخساریان وەرگرت.

ھێل کۆبووەوەی خاڵ و دەریای بەھاژەیە.

ئەگەر ناونیشان، بە پوختکردنەوە و چڕکردنەوەی ناوەڕۆکی دەق بزانین وەک ئەوەی نووسەر نووسیویەتی، ئەوا لەو ناونیشانانەدا، مانای شیعری مانایەکی بەردەوامە وخوێنەر ناگاتە کۆتا مانای دەق. بۆ نموونە: لە کاتی خۆیدا، کە ڕانەبردووی ڕاگەیاندنە، زەمەنێکە دیار نەکراوە لە ڕووی فیزیکییەوە. واتا خوێنەر نازانێت، ئەو کاتە چ زەمەنێکە. ئەم زەمەنە زەمەنی نێو شیعر و زەمەنی نێو ھزری شاعیرە و پەیوەندی بە زەمەنی فیزیکییەوە نییە. ئەو (کاتی خۆی) ە کاتێکی ڕانەگەیێندراوە، ئەم ڕانەگەیاندنە، کۆدێکی پرسیار ئامێز دروست دەکات، کە وا لە خوێنەر دەکات بپرسێت ( ئەو کاتەی کەیە؟ دوای ئەوە چی ڕوو دەدات؟) ھەمیشە لە ڕووبەری شیعری ڕەنجدەردا، تەرحکردن نییە، واتا ئەو نایەوێت بە خوێنەر بڵێت ئەمە دەڵێم، یاخود بە خوێندنەوەی شیعرەکە بگەیتە مانا، وەک ئەوەی لە بەشێکی گەورەی ڕووبەری شیعری کوردی لەدوای گۆرانەوە دەیبینین. بەڵکو کرۆکی شیعری ئەو لەسەر پرسیارکردن دەوەستێت. بیرمان نەچێت پرسیارکردنیش، کردەیەکی ھزرییە و ڕامان و تێھزرینی دەوێت تا دەگەیتە وەڵامێک یاخود ھەر پێی نەگەیەت. سەباح ڕەنجدەر یەکێکە لەو شاعیرانەی، زۆر ھونەرییانە گەمەی واتایی بە ناونیشانی شیعرەکانی دەکات. لە یەک کاتدا ھزری خوێنەر پەرت دەکات و کۆدەکاتەوە. ئەو لە ناونیشاندا شتێک بەیان دەکات، بەڵام کە دەچینە نێو دەق، بەر دنیایێکی دیکەی دیاواز دەکەوین. لە شیعری (ھەواڵی دووەم) دا کە لە نامیلکە شیعری ( سەرەتا وشە بوو) بڵاوبۆتەوە، شاعیر دەڵێت:_

ھەواڵی دووەم..
بابە ئادەم چ ھەواڵ و دەنگ و باسێک لە گۆڕێدایە ڕایبگەیەنە..
ھەواڵی یەکەم..
زەوی ئاشقێکی دەمدەمییە..
ناتوانێ لە بەرزایی مەحاڵ ڕوخسارو ناوەکانی بیر بێتەوە.
دەمێک ئاشقی زستانە..دەمێک بەھار..
دەمێک ھاوین..دەمێک پاییز..

ئەگەر بەپێی ناونیشانەکە بێت، دەبێ ئێمە پێشتر ھەواڵی یەکەمان زانیبێت و لە بەردەم ھەواڵی دووەم دابین. شاعیر ھەواڵی دووەمان پێ بڵێت، کە چی ھەواڵی دووەم لە سەرەتای شیعرەکەدا بوونی نییە. بەڵکو بابە ئادەم تەنھا ھەواڵی یەکەم بە ئێمە دەڵێت. ئەم ون کردنەی ھەواڵی دووەم، کردەی پرسیار و سۆراغکردن لای خوێنەر دروست دەکات. ئەو ھزرەی لای دێنێتە ئاراوە، دەبێ ھەواڵی دووەم چی بێت؟ ئەگەر سەرنج لە خودی ڕاگەیاندنی ھەواڵەکە بدەین، ئەوا بە پێی ناونیشان بێت، دەبێ شاعیر خۆی ببێتە ڕاگەیاندکەری ھەواڵەکە، واتا لە دەمی ئەوەوە ھەواڵەکە ببیستین، کەچی ئەو خۆی داوا لە بابە ئادەم دەکات چی ھەیە ڕایبگەیەنێت. بابە ئادەم لێرەدا، ڕۆڵی ھەموو شتزان دەبینێت. لە قورئانی پیرۆزدا ھاتووە:_ (خوای گەورە ھەموو شتێکی فێری ئادەم کردووە) ئەمە لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە، کاتێ شاعیر خۆی نایەوێت ھەواڵ بە ئێمە بگەیەنێت و بابە ئادەم ڕادەسپێرێت ئەو ئەرکە ببینێت و ببێتە ھەواڵدەر، ڕەنگە پەیوەندی بەوەوە ھەبێت، کە بابە ئادەم خۆی ببینێت چی ھەیە و چی دەگوزەرێ لە سەر ئەو زەویەی کە ھەموومان دوای فڕێدانی ئەو بۆ سەری، لە سەری دەژین. بە مەش شاعیر بابە ئادەم دەکاتە گەواھیدەرێک ھەم بەسەر منداڵەکانییەوە (مرۆڤ) ھەم بە سەر زەویشەوە کە بۆتە شوێنی چ ئاشووب و ناشرینییەک. ناوەڕۆک لەم شیعرە و سەدان شیعری دیکەی شاعیردا، نە کورت دەکرێتەوە لە ناونیشان، نە پەیوەندیشی بە ناونیشانەوە ھەیە. ھەر خودی شیعرەکە، وەک ھەواڵ تەواو بووەوە ڕاگەیاندراوە، زەوی ئاشقێکی دەمدەمییە و ھەر جارەی ئاشقی وەرزێک دەبێت. سەرنج بدەن، کردەکە چونکە پەیوەندی بە سوڕانەوەی زەوی بە دەوری ڕۆژەوە ھەیە کە چوار وەرزەکان دروست دەبن، ئیدی شاعیر بە ئاگاییەوە، ڕێزبەندی وەرزەکانی بە دوای یەک دا ھاتوو نووسیوە. واتا نەیویستوە ئەو یاسا فیزیکی و گەردوونییە لە شیعردا تێکبدات کە بوونی ھەیە. ھەر خاڵێکی دیکە پەیوەست بەو شیعرە، کە دیسانەوە ئاگایی شاعیر لە نووسینی شیعردا دەگەیەنێت ئەوەیە، کە بابە ئادەم باسی زەوی دەکات. ڕەنگە خوێنەرانێک، ئەمە ھەر تەنھا بە گوتنێکی ڕێکەوت و زمانەوانی شیعری دابنێن، بەڵام بۆ من مانایەکی دیکەی ھەیە. ھەڵبەتە مێژووی زەوی، پێش مێژووی ئادەمە. سەرەتا پەروەردیگار ئاسمان و گەردوون، دواتریش زەوی دروست کرد، پاش ئەم خوڵقاندنانە، بابە ئادەمی وەک یەکەم مرۆڤ لە قوڕ ھێنا ئاراوە (ھەمووتان لە ئادەمن و ئادەمیش لە خۆڵ) کە واتا بۆ ئەوەی ھەواڵێک ڕابگەیێنرێت، سەرەتا دەبێ ڕووداوێک ڕوویدابێت. ڕووداو لەو شیعرەدا، دروستبوونی زەوییە ، دواتریش ئەمە دەبێتە ھەواڵێک کە بابە ئادەم ڕایبگەیەنێت. ئەم جۆرە ڕێکخستنەی زمان و واتا، ڕێکەوتێک، یاخود ھەر تەنھا گەمەیەکی بێ ئاگاییانەی زمان نییە لە شیعردا، بەڵکو قووڵبوونەوە و ڕامانە بە دیار زمان و بیناکردنی لە شیعردا. لە ئەزموونی ڕەنجدەردا، ھەمیشە لە نێوان ناونیشان و ناوەڕۆکی شیعردا، مەودایەک ھەیە کە وەک ڕووبەرێکی نەبەستراوەی نێوان ناونیشان و ناوەڕۆک دەبینرێت. خوێنەر لە یەک کاتدا دەتوانێت لە میانەی ئەو مەودایەدا، دەقەکە بە ناونیشانە ببەستێتەوە و ھاوکات لێشی داببرێت، بە مەبەستی خوێندنەوەی جیاواز و بینینی جیاواز لە ڕووی واتاوە. لە دەقێکی دیکەیدا، کە ئەزموونێکی تازەی ناونیشانی شیعرییە، شاعیر دوو وشەی ھاوشێوەی یەکتری لە ڕووی فۆڕمەوە، وەک گرێیەک بە یارمەتی ئامرازی لێکدەر، بە یەکەوە دەنووسێنێت و دەیانکاتە ناونیشانی شیعری. ئەم جۆرە لە ناونیشان، پارادۆکسی ناونیشانی نییە بۆ نموونە وەک:_ (سارد/گەرم) (شیرین/تاڵ) (ئازا/ترسنۆک) چونکە ئەو فۆڕمە لە ناونیشان ھەبووە لە شیعری کوردیدا، بەڵکو جۆرێکە لە خستنە پاڵ یەکتری دوو وشە، کە مانای تەواو جیاواز و دوور لە یەکتریان ھەیە. وەک ئەم ناونیشانانەی خوارەوە:_

فریو و فڕیو
فریشتەی دووڕوو
گۆران و گۆڕان
ئەم ناونیشانانە، ناونیشانێک نین، ڕێکەوتێکی زمانەوانیـی دروستی کردبن. یاخود ھەر بە ھەوەس، شاعیر لە خۆوە، وەک ناونیشان دیاری کردبن، بەڵکو ھەریەکەیان ھەڵگڕی جۆرێک لە مانا و ئاماژەی زمانەوانی و مەدلولین. ئەگەر ناونیشانی (فریو وفڕیو) وەربگرین، دەبینین فریو، لە فریودانەوە ھاوتووە، واتا کەسانێک بە ئاسانی ڕەنگە فریوی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کەسی و تایبەتی بدرێن، لەلایەن کەسانێکی دیکەوە، بەڵام (فڕیو) لە فڕینەوە ھاتووە، فڕینیش بە مانای دنیایێکی سەربەست، بێ کۆت و بەند، کە مرۆڤ تیایدا پاشکۆ و کۆیلەی ھیچ کەسێک نەبێت و خۆی بێت. ناونیشانی ( گۆران و گۆڕان) دەکرێ بەوە لێکی بدەینەوە، کە گۆران گۆڕانکارییەکی گەورەی لە شیعری کوردیدا کردوو زمانی ئازاد و شیعری ئازادی ھێنا ئاراوە. ناونیشانی (ھەڵکڕان و ھەڵکران) ئەم دوو وشەیە، گەرچی لە ڕووی نووسین و ڕێنووسەوە، زۆر لەیەکتری نزیکن و ھاوشێوەی یەکترین، بەڵام لە ڕێگەی پیتەکانی (ر_ڕ) تەواوی مانای وشەکان دەگۆڕێت. ھەڵکڕان، بە مانای لێسەندن، لێی ھەڵکرێنە، شتێکی لێ بستێنە بە زۆری، دوور لە خواستی کەسەکە خۆی، بەڵام ھەڵکران، کە بە مانای ھەڵدان و بەرزکردنەوە دێت، کارێکی خۆکردەیی سەربەستییە و دەلالەت لە سەربەخۆیی خود دەکات، کە ناچێتە ژێر فشاری ئەویترەوە. ئەم ھارمۆنیای وشەیە لە دانانی ناونیشان، گوزارشت لە ئاگایی، سەلیقە و ھونەرکاریی سەباح ڕەنجدەر لە دانانی ناونیشانی شیعرەکانی دەکات. ناونیشانێک، کە تەنھا شوناسی شیعری ئەوی پێ دەناسرێتەوە.

دواجار دەمەوێ ئاماژە بەوە بدەم، گەلێک جار، کەسانێکی بە ناو خوێنەری شیعر، گازاندە لە شاعیر دەکەن کە شیعرەکانی بێ مانان، خۆشی نازانێت چی نووسیوە. یاخود شیعرەکانی ئەو شاعیرە، چێّژی ئستاتیکییان نییە. ھەڵبەتە، منیش چێّژ لە شیعرەکانی سەباح ڕەنجدەر وەرناگرم. بەڵام من بۆ چێژ شیعرەکانی ئەو ناخوێنمەوە، بۆ ڕامان و بیرکردنەوە، چوونە نێو قووڵایی زمان شیعرەکانی دەخوێنمەوە. ئەو خوێنەرەی بە دوای چێژی شیعرییەوەیە، دەتوانێت شیعری شاعیرانی دیکە بخوێنێتەوە. گریمان با وای دابنێین شیعرەکانی بێ واتان، مەگەر ھەر ئەو زمانەی ئەو، بەو ھەموو چڕی و دەوڵەمەندییەوە لە ڕووی فەرھەنگ و چەمک و دەربڕینەوە، خۆی لە خۆیدا، خاسیەتێکی جوانی شیعر نییە؟ بڕوام وایە، شیعرەکانیشی ھەرگیز دابڕاو نین لەو واقیعەی وەک مرۆڤێک تیایدا دەژیت. بەڵام سەباح ڕەنجدەر، واقیع ناگوازێتەوە نێو شیعر، بەڵکو لە نێو شیعردا، واقیعێکی دیکە بەو پەیوەندییانە و بەو ژیانە دەدات. ڕەنجدەر، تێڕوانینێکی گەردوونییانەی ھەیە بۆ شیعر، کە تیایدا شیعر لە قاوغی ھیچ ئایدیایێکی ئایینی و سیاسی نابینێت. بگرە شیعر گەورەترە لەو چەمکانە. بۆیە بە بڕوای من، شتێک نییە بە ناوی نەتەوەگەریەتی و پاش نەتەوەگەریەتی لە شیعری ئەو شاعیرەدا. ئەوەی ھەیە مرۆڤە. مرۆڤ لە ھەمووشتێک گەورەترە لای ئەو خودا نەبێت.

سەرنج:_

*مەرج نییە ئەو لێکدانەوانەی ئێمە بۆ شیعر و ناونیشانی شیعرەکانی ئەو شاعیرەمان کردووە، ڕاست و بابەتی بن و لەگەڵ دنیابینی شاعیر یەک بگرنەوە. بەڵکو تەنھا تێڕوانینی ئێمەیە وەکو خوێنەرێک.

*وتارەکەی دیارلەتیف، لە بەشی ئەدەب، لە ماڵپەڕی سەنگینی دەنگەکان، ئەرشیفی بابەتەکانی مانگی سێپتێمبەرھەیە، تکام وایە خوێنەران بگەڕێنەوە سەری و بیخوێننەوە، بە مەبەستی تێگەیشتنی زیاتر، لەو چەند سەرنجە کورت و بچووکانەی ئێمە وەک خوێنەرێک لە بارەی نووسینەکەی ئەو نووسیومانە.

*دکتۆر فوئاد ڕەشید، لە کتێبی ( دەقی ئەدەبی، ئەدگار چێژ بەھا) کە ساڵی ٢٠٠٧ دەزگای ئاراس بۆی چاپ کردووە، لە وتارێکیدا لە لاپەڕە ٥٨، کە تایبەتە بە شیعری سەباح ڕەنجدەر، دەستەواژەی ناونیشان و ستراتیژی بەکارھێناوە. واتا چواردە ساڵ بەر لە دیارلەتیف، کەچی دیار لە نووسینەکەیدا، بە پەراوێزێکی بچووکیش ئاماژەی پێ نەداوە.

*دوێنێ ٤/٢، بە ڕێکەوت وتارێکی دیکەم لە ماڵپەڕی دەنگەکان، ھەر لە بارەی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر، بە ناوی (دەقی کراوە بنەما و پراکتیک، زێوان بە نموونە) کە (د_ سامان عزەددین سەعدون) نووسیویەتی، خوێندەوە. نووسەر لەم وتارەیەدا، گەلێک لێکدانەوەی ھەڵە و دوور لە دنیابینی شیعری ڕەنجدەر، لە بارەی زێوان دەخاتە ڕوو. بۆ نموونە:_ بڕوای وایە، پاڵنەرێکی سێکسی و ئیرۆتیکی لە زێواندا ھەیە، کە ڕەنگدانەوەی ڕەھەندی دەروونی شاعیرە، لە کاتێکدا ئەوەی لە شیعری ڕەنجدەردا وەک تیمە بەھای نەبێت سێکسە. چونکە ژن لە دنیابینی سەباح ڕەنجدەردا، یەکسان نییە بە جەستە و سێکس، بەڵکو بە مانای ئەو پەڕی مرۆڤ و مرۆڤبوون دێت، کە ھیچ جیاوازییەکی لەگەڵ پیاو نییە. یاخود نووسیویەتی:_ (زێوان سەباح ڕەنجدەرە و نواڵەش ماڵی ئەو) نووسیویەتی:_( چیا بە مانای ئەندامی زاوزێی پیاو، دەشتیش بە مانای ئەندامی زاوزێی ژن) نووسیویەتی:_( منداڵدانی ژن مەبەستی ئەندامی زاوزێی مێیینەیە) کەس ھەیە ھەڵەی ھێندە سەیر بکات، عەورەت و ڕەحمی ژن لە یەکتری جیانەکاتەوە؟ تەنانەت بە ھەڵە لە (زێوان) یش گەیشتووە. وا دەزانێت زێوان بەو کەسانە دەگوترێت کە پارێزگاری لە شوێنە ئایینییەکان دەکەن و دەمێننەوە. لە کاتێکدا مانای زێوان، دیارە و پێویست ناکات باسی بکەم، چونکە لەم وتارەمدا ئاماژەم پێ داوە. بە داخەوە ئەم جۆرە خوێندنەوانە، نەک ھەر لە ئەزموونی ڕەنجدەر نزیک نابنەوە، بەڵکو تێنەگەیشتنە لە شیعری ئەویش، کە ئەزموونێکی تایبەتی و ھاوکات قورس و ئاڵۆزیشە. ئەم تێنەگەیشتنە، لەوەوە دێت کە خوێنەرانێک بە ھەمان ئەو میتۆد و تێگەیشتنەی شیعری شاعیرانی تری پێ دەخوێننەوە، شیعرەکانی ئەم شاعیرەش دەخوێننەوە، بۆیە دەکەونە ھەڵەی وەھاوە، کە (چیا) بە (چووک) ی پیاو بچوێنن. لە کاتێکدا (چیا) لە شیعری سەباح ڕەنجدەردا ھێما بێت بۆ ھەموو شتێک، ھێما نییە بۆ سێکس، کە بە داخەوە بۆتە گرێی دەروونی نیوەی کۆمەڵگەی کوردی زیاتر!

ڕواندز_ سەرەتای ٢٠٢١

دەربارەی Sadiq Rwandze