سەرەتا / وتار و بیروڕا / پێشێلکاری دیموکراسی” لە پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی دایە”

پێشێلکاری دیموکراسی” لە پڕۆژەکەی پارتی و یەکێتی دایە”

#فەرەیدون_کونجرینی

هاوڵاتیانی و گەلی باشور ” ئەوەی پارتی و یەکێتی بیەوێ و لە هەموو وڵاتە دیموکراسیەکان بونی نەبێت و ڕەفتاری دیکتاتۆرەکانە ئەمان کاری پێدەکەن و نادیموکراسی و نادادپەروەری خۆیانی پێوە لکاندوە” بڕوانن بەناوی گــەلــەوە ڕێگیری دەکەن لە بیروڕای ئازاد، ” پڕۆژەیەك لە هەوڵی خستنە یاسایەکی نادیموکراسی” ڕێگیر لە بیروڕای ئازاد کەبەربەستە لەکاری ڕۆژنامەگەری سەربەخۆو سایتە سیاسی و گشتیەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان” پێشنیارکراوە” دەیان پەرلەمانتار واژویانکردوە، لەماوەی داهاتودا دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، یاساکان لە ٢٢ تەوەرپێك هاتوە، لە %٥٠ ی کۆسپە لەبەردەم ئازادی ڕادەربڕیین.

لێرەدا لای خوارەوە تەواوی پڕۆژە جێبەجێنەکراوەکەی” کەبەنیازن لە چەند ڕۆژی داهاتوی کۆبونەوەکانی پەرلەمانی هەرێمی باشوری کوردستان بخرێتە جێبەجێکردنەوە ” هەڵبەت ئەم پڕۆژەیە دەخرێتە دەنگدانەوەو بەزۆرینەی دەنگی پارتی و یەکێتی دەخرێتە جێبەجێکردنەوە.

پڕۆژەکە “

*پێشنیازە یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق

بەناوی خودای بەخشەندە و میهرەبان

بەناوی گەلەوە

پەرلەمانی کوردستانی – عێراق

پشت بە حوکمی بڕگەی (١) لە مادەی (56)ی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ی هەموار کراو و لە سەر پێشنیاری ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە دانیشتنی ژمارە (…) رۆژی …. بڕیاری دەرچواندنی ئەم یاسایەی دا:

یاسای رێکخستنی میدیای ئەلکترۆنی لە هەرێمی کوردستان – عێراق

مادەی (1):

مەبەستی ئەو دەستەواژە و زاراوانەی لەم یاسایەدا هاتووە ماناکانی لە بەرامبەریان نووسراوە:

حکومەت: حکومەتی هەرێمی کوردستان-عێراق

هەرێم: هەرێمی کوردستان-عێراق

سەندیکا: سەندیکای سەندیکای رۆژنامەنوسانی کوردستان

میدیای ئەلکترۆنی: هەرچالاکییەکی راگەیاندن کە تێدا بابەت و خزمەتگوزاری میدیایی پەخش یان بڵاوبکرێتەوە کە ناوەرۆکێکى ئەلکترۆنى هەیە، بەرهەم دەهێنرێ یا گەشەى پێدەدرى یا نوێدەکرێتەوە دەستاودەستى پێدەکرێ و لەرێی تۆڕی زانیارى نێودەولەتى “ئینتەرنێت” یا هەر تۆڕێکی ترى پەیوەندییکردن پەخش و بلاودەکرێتەوە.

بڵاوکردنەوەی ئەلکترۆنی: گواستنەوە یان پەخش یان ناردن و یاخود وەرگرتنی چالاکی مێدیایی ئەلکترۆنی و ئەو بابەتانەی کە لە رێگەی لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن یان هەر تۆڕێکی دیکەی پەیوەندیکردن بەهۆی بەکارهێنانى ئامێر و جێبەجێکارى (ئاپ (APPی ئەلکترۆنی سروشتەکەى هەر جۆرێک بێت یان هەر ئامرازێکی دیکەی تەکنیکی مۆدێرن بەو ئامانجەى لەلایەن خەڵکەوە دەستاودەستى پێ بکرێت.

دۆمینی ئەلکترۆنی: ئەو دۆمینە تۆمارکراوەیە لە تۆڕی ئینتەرنێت یان هەر تۆڕێکی دیکەی پەیوەندییکردن کە لە رێگەیەوە داخلی پێگەکە دەبیت.

پێگەى میدیای ئەلکترۆنی: لاپەڕە یان بەستەر یان پێگە یان ئەپلیکەیشنی ئەلکترۆنی دەگرێتەوە کە ناوێکی دیاریکراوى هەیە وبەناونیشان (دۆمێنێک)ێکی دیاریکراو دادەمەزرێ و لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێتەوە یان هەر تۆڕێکی دیکەوە بەکاردێ.

بابەتی ئەلکترۆنی: هەر بابەتێکی نوسراو یان بیستراو یان بینراوی وەستاو یان جولاو یان تێکەڵەیەک لەوانەی باسکران و لە رێگەی ئامرازی ئەلکترۆنیەوە بەرهەم دەهێنرێت و لە تۆڕەکانی ئینتەرنێت یان تۆڕەکانی دیکەوە بڵاوبکرێتەوە.

رۆژنامەی ئەلکترۆنی (صحیفة الکترونیة): وێبسایت یان ئامرازیەکی ئەلکترۆنییە کە لە رێگەیەوە ناوەڕۆکێکی ئەلکترۆنی بڵاودەکرێتەوە و خۆی لە هەواڵ و بابەت و وتارو ژانرە رۆژنامەنووسیەکانی دیکەدا دەبینێتەوە جا لەکاتێکی دیاریکراودا بێت یان دیارینەکراو.

خزمەتگوازارییەکان یان ریکلامی بازرگانی بەشێوەی ئەلکترۆنی: هەر ناوەڕۆکێک کە بانگەشە بۆ کار و خزمەتگوزاری یان بەرهەم یان کەسانێک بکا لە رێگەی تۆڕی ئینتەرنێت یان هەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە.

خاوەنی (وێبسایت) یان پێگەى ئەلکترۆنی: کەسی سروشتی یان مەعنەوەی یە کە وێبسایتەکە یان ئامرازە ئەلکترۆنیەکە بە ناویەوە تۆمارکراوە.

سەرنووسەرى پێگەى ئەلکترۆنى : کەسێکی سروشتییە کە خاوەنی وێبسایتەکە دیاری دەکات و لەبەرامبەر دامودەزگا کارگێڕى و دادوەرییەکاندا لە ناوەڕۆکی وێبسایتەکەدا بەرپرسە.

مادەی (2):

میدیای ئەلکترۆنی بە یەکێک لە پێکهێنەرەکانی سیستمی میدیایی هەرێم دادەنرێت، بەپێی بڕگەکانی ئەم یاسایە هەموو کەسێک ئازاد لە بەکارهێنانی، هیچ سانسۆرێکی پێش وەختە دانارێت بۆ ئەو بابەتانەی لە رێگەی میدیای ئەلکترۆنیەوە یان هەر تۆڕێکی دیکەی ئەلکترۆنیەوە پەخش و بڵاودەکرێتەوە.

مادەی (3):

بۆ دروستکردن یا دامەزراندنى پێگەى ئەلیکترۆنى، پیویستە خاوەنى ئیمتیاز یا دامەزرێنەرى وێبسایتەکە راگەیەندراوێک بڵاوبکاتەوە تیایدا ئاماژە بەئامنجى دامەزراندنى وێبسایتەکە و ناو و نازناو و رەگەزنامە و شوێنى نیشتەجێبوونى خۆى و سەرنووسەرەکەى و ناو وزمانى نووسینى پێگە ئەلکترۆنییەکە بکات، راگەیەندراوەکە لەسەندیکاى رۆژنامەنووسان تۆماردەکرێ و بەبەیانى دامەزراندنى پێگە ئەلکترۆنییەکە دادەنرێت.

مادەی (4):

ئەم یاسایە بەسەر ئەم وێبسایت ومیدیا ئەلکترۆنیانەی خوارەوەدا جێبەجێ دەکرێت:

– خانەکانی بڵاوکردنەوەى ئەلکترۆنی.

– خزمەتگوازرییەکانی بڵاوکردنەوەی هەواڵ و ئاژانسەکانی دەنگوباسی ئەلکترۆنی.

– رۆژنامە ئەلکترۆنییەکان.

– وێبسایتەکانی رۆژنامە وەرەقی و کەناڵە بینراو و بیستراوەکان و پیگە ئەلکترۆنییەکانى ریکلامی بازرگانی.

– پێگەى ئەلیکترۆنى رێکخراو وکۆمپانیا بازرگانییەکان.

– مالپەرى ئەلکترۆنى دامەزراوە حکومى و فەرمییەکان.

– وێبسایتە کەسییەکان و لاپەڕە و ئەکاونتەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و گروپەکانی ناو ئامرازەکانی پەیوەندیکردن.

مادەی (5):

دامودەزگاکانی حکومەت و دەستە گشتییەکان و هەر لایەنێکی دیکەی حکومی و رێکخراوەکان و سەندیکا و یەکێتیەکان و کۆمپانیاکان دەتوانن لە ماوەی شەست (60) رۆژدا بەپێی ئەم یاسا سەندیکا لە کردنەوەی وێبسایتەکەیان یان دەزگا میدیا ئەلکترۆنیەکەیان ئاگادار بکەنەوە و سەرنووسەرەکەی بناسێنن.

مادەی (6):

خاوەنى ئیمتیاز یا دامەزرێنەرى مالپەرى ئەلیکترۆنى پێویستە ئەم مەرجانەی تێدا بێ:

– دەبێ هەڵگری ناسنامەی عێراقی بێت.

– دەبێ سەرچاوەی داراییەکەی دیار بێت.

– تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و لەرووی یاساییەوە ئەهلیەتی تەواوی تێدابێ.

– نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم درابێ.

– دەبێ ناوی وێبسایتەکە یان ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیەکەی دیاری بکات و نابێ ناوەکەی هاوشێوەی وێبسایتەکانی دیکە بێت یان لەگەڵ داب و نەریتی گشتیدا نەگونجێ.

مادەی (7):

دەبێ سەرنووسەرى مالپەر ئەم مەرجانەی تێدابێ:

– دەبێ ناسنامەی عیراقی هەبێ.

– تەمەنی لە ٢١ ساڵ کەمتر نەبێ و ئەهلیەتی تەواوی هەبێ بۆ کاری رۆژنامەوانی.

– لانی کەم دەبێ بڕوانامەی ئامادەیی یان هەر بڕوانامەیەکی دیکەی هاوتەریبی (معادل) ئەوەی هەبێ.

– نابێ پێشتر لەبەر تاوان و کاری ئابڕوبەر و نەپاراستنی ئەمانەت حوکم درابێ.

– نابێ لە یەک کاتدا سەرنووسەری وێبسایتێکی ئەلکترۆنی دیکەی بێ.

– گەر داواکاری مۆڵەت کەسێکی سروشتی بوو یان کۆمپانیای تایبەتی کەسێک بوو، دەتوانێ خۆی وەک سەرنووسەری وێبسایتە ئەلکترۆنیەکە دەستنیشان بکات.

مادەی (8):

لەکاتی بەتاڵ بوونی پۆستی سەرنووسەر یان لەدەستدانی یەکێک لەو مەرجانەی کە لە مادەی (8)دا هاتووە، دەبێ خاوەنی ماڵپەڕەکە لە ماوەی شەش مانگدا کەسێکی دیکە وەک سەرنووسەری وێبسایتەکە لە جێگەی دابنێ کە هەمان مەرجەکانى سەرنووسەرى تێدا بێت، لەو ماوەیەشدا خۆی بەرپرسە لە وێبسایتەکە.

مادەی (9):

خاوەنی وێبسایت بۆی هەیە وێبسایتەکە بفرۆشێ یان دەست بەردارى ببێ بۆ کەسێکی دیکە بەبێ وەرگرتنی رەزامەندی سەندیکا، بەومەرجەى ئەوکەسە هەمان ئەو مەرجانەی تێدا بێ کە لەم یاسایەدا هاتووە.

مادەی (10):

هەر گۆڕانکارییەک لە دۆمین یان سەرنووسەری وێبسایتەکەدا هات، دەبێ خاوەنی وێبسایت لە ماوەی مانگێکدا سەندیکا لە گۆڕانکارییەکان ئاگادار بکاتەوە.

مادەی (11):

سەرنووسەری وێبسایت یان خاوەنی ئەکاونت و لاپەڕەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەرپرسە لە ناوەڕۆکی ئەو بابەتانەی بڵاویدەکەنەوە. دەبێ بێبەرامبەر راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆخستنەوەکان لای خۆیان بڵاوبکەنەوە کە لە لایەن ئەو کەسایەتیە راستەقینە و مەعنەویی و دامودەزگا حکومی و ئەهلیانەی ناویان هاتبێ یان یان ناڕاستەوخۆ تۆمەتبارکرابن. وەڵامەکان دەبێ لەو کاتەدا بڵاوبکرێتەوە کە خاوەن سکاڵا داوای دەکات و دەبێ راستکردنەوە و وەڵام و بەدرۆ خستنەوەکە لە هەمان شوێن و بە هەمان زمان و هەمان قەبارە بڵاوبکرێتەوە کە بابەتە سکاڵا لێکراوەکەی تێدا بڵاوکراوەتەوە.

مادەی (12):

هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازە میدیاییە ئەلکترۆنیانەی کە ئەم یاسایە دەیانگرێتەوە نابێ بە هیچ شێوەیەک ئەو بابەتانە بڵاوبکەنەوە کە بەپێی بڕگەکانی (2) و (4) مادەی چوارەمی یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 تایبەت بە بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر)دا بە تاوانی تۆقاندن هاتوون.

مادەی (13):

جگە لەو سزایەی کە لە مادەی (13) هاتووە، دادگاکان بەپێی بڕگەی (دووەم)ی مادەی شەشەمی یاسای ژمارە (35)ی 2007 یاسای رۆژنامەگەری کوردستان سزای سەرپێچیکەران دەدات.

مادەی (14):

دادوەر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان مافی لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەو تاوانانە هەیە کە لەم یاسایەدا هاتووە.

مادەی (15) مافەكان:

میدیاكارانی میدیای ئەلكترۆنيی، سەرەڕای ئەوەی هەمان ئەو مافانەی رۆژنامەنوسانیان هەیە كە بەپێی یاسا بەركارەكانی هەرێم بۆیان فەراهەمبوە، ئەم مافانەی خوارەوەیشیان بۆ دەستەبەرە:

  1. مافی ئاشكرانەكردنی پاسۆردی تایبەت بە وێبسایتەكانیان
  2. مافی پاراستنی ئامێرەكانیان لە رادێر (التنصت) و هاككردن.

مادەی (16): سزاكان

هەركەسێك پەلاماری میدیاكاری ئەلكترۆنیی بدات، یان دەستدرێژیی جەستەیی بكاتە سەر، یاخود سوكایەتیی پێبكات، وەك ئەوە وایە سوكایەتیی و دەستدرێژیی كردبێتە سەر فەرمانبەرێكی میریی.

خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەكردنێك كە لە 300 سێسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 500000 پێنجسەد هەزار دینار زیاتر نەبێت، گەر سەرپێچی مادەی (11)ی ئەم یاسایەی كرد. گەر هەر بەردەوامیش بوو، مۆڵەتە تۆماركراوەكەی هەڵدەوەشێتەوە.

خاوەنی وێبسایت سزا دەدرێت بە غەرامەكردنێك كە لە 500 پێنجسەد هەزار دینار كەمتر نەبێت و لە 1000000 ملیۆنێك دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر:

یەك: سەرپێچیی مادەی (10)ی ئەم یاسایەی كرد.

دوو: پێش تەواوكردنی لێكۆڵینەوە (تحقیق)ی دادگا، وردەكاریی لێۆڵینەوەكەی بڵاوكردەوە.

سێ‌: سەرپێچيی مادەی (9)ی ئەم یاسایەی كرد. سەرەڕای ئەوەی ئەگەر هەر بەردەوام بوو لەسەر سەرپێچییەكردنی ئەم مادەیە، مۆڵەتە تۆماركراوەكەی هەڵدەوەشێتەوە و ناتوانێت تاكو ماوەی (3) سێ‌ ساڵ، خاوەندارێتیی “وێبسایت” بكات.

سەرنووسەری “وێبسایت”، یان خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سزا دەدرێن بە غەرامەكردنێك كە لە 1000000 ملیۆنێك دینار كەمتر نەبێت و 5000000 پێنج ملیۆن دینار زیاتر نەبێت، ئەگەر ناوی كەسێكیان زڕاند، یان سوكایەتییان پێكرد، یاخود هەڕەشەیان لێكرد، یان پێشێلی یەكێك لە مەرجەكانی نێو مادەی (12)ی ئەم یاسایەیان كرد. ئەگەر هەر بەردەوام بوون، تۆماركردنەكەیان هەڵدەوەشێتەوە و ئەكاونت و لاپەڕە فەرمییەكەیشیان دادەخرێت.

لە كاتی بڵاوكردنەوەی مادەیەكی میدیایی دا، كە بەپێی خاڵەكانی (2) و (4)ی “مادەی چوارەم”ی “یاسای ژمارە (3)ی ساڵی 2006 یاسای بەرەنگاربوونەوەی تۆقاندن (تیرۆر) لە هەرێمی كوردستان- عیراق” بە تاوانی تۆقاندن هاتوون و قەدەغەكراون، سەرنووسەری “وێبسایت” و خاوەنی ئەكاونت و لاپەڕەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، سزاكانی هەمان ئەو یاسایە دەیانگرێتەوە.

مادەی (17):

هەر تاوانێک کە لەم یاساییەدا هاتووە گەر لە ماوەی سێ مانگ لە بڵاوکردنەوەیدا لە لایەن داوکاری گشتی یان کەسی زیان لێکەتووەوە سکاڵای لەسەر بەرز نەکرایەوە بەکۆتایی هاتوو دادەنرێ.

مادەی (18):

هەموو ئەو وێبسایت و ئامرازی میدیا ئەلکترۆنیانەی کە لە مادەی (5)ی ئەم یاسایەدا هاتووە، دەبێ لە ماوەی ساڵێک (سێ مانگ) دوای کارابوونی ئەم یاسایە لە سەندیکا خۆیان تۆمار بکەن.

مادەی (19):

حکومەت بەرپرسە لە فەراهەمکردنى پشتیوانی بۆ میدیا ئەلکترۆنیەکان و ئەو کەسانەی کاریان تێدا دەکەن و رەچاوی بڕگەکانی ئەم یاسایە دەکەن، دەبێ کارئاسانیان بۆ بکات بۆ ئەوەى دەستیان بە نوێترین تەکنەلۆژیا و ئامێرەکان و تۆڕە پێشکەوتووەکانی ئینتەرنێت رابگات.

مادەی (20):

کار بە هیچ یاسایەک ناکرێ کە لە گەڵ حوکمەکانی ئەم یاسایەدا ناکۆک بێ.

مادەی (21): لەسەر ئەنجومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان حوکمەکانی ئەم یاسایە جێبەجێ دەکەن.

مادەی (22):

ئەم یاسیا لە رۆژی بڵابونەوەی لە رۆژنامەی فەرمی (وەقایعی کوردستان) کاری پێ دەکرێت.

هۆیەکانى دەرچواندنی ئەم یاسایە:

رۆژ بەرۆژ میدیای ئەلکترۆنی لە کۆمەڵگەى کوردستان و نێودەولەتیدا رۆڵ و کاریگەریەکانى زیاتر دەبیت و ئامرازێکى گرنگ و سەکۆیەکى فراونى پەیرەوکردنى ئازادى وخستنەرووى بیرورا جیاوازەکان و گواستنەوەى هەواڵ زانیارییە، پێشکەوتنى بەردەوامى تەکنەلۆژیاى پەیوەندییکردن و زانیارى دەرفەتێکى لەبارى بۆ هەموو کەسێک رەخساندووە، بەئاسانى دەستیان بە تۆرەکانى ئەنتەرنێـت و پێگە ئەلکترۆنییەکان و سۆشیال میدیا رابگات، میدیاى ئەلکترۆنى لەیەک کاتدا دەتوانرێ وەک کەناڵێکی (بینراو و بیستراو ونووسراو) بەکاربهێنرێ، بۆیە لەبەر گرنگی و کاریگەرییەکانی ئەم جۆرە میدیایە بەسەر کۆمەڵگا و لەپێناو رێکخستنى بوارى میدیاى ئەلکترۆنى دروست، ئەم یاسایە دانرا.

* ئەم پرۆژە یاسایە لەلایەن راوێژکارانی لیژنەی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان و کۆمەڵی مەدەنی ( مەجید ساڵح و تارق جەوهەرسارمەمى) بەسوود وەرگرتن لە ئەزموونى چەندین ولاتى عەرەبی وناوچەیی ونیودەولەتى ئامادەکراوە.

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.