سەرەتا / ئەدەب / چیرۆک / چیڕۆمان (جوداوازی)

چیڕۆمان (جوداوازی)

هــیوا کەریم مەلا

کوردستان-رزگاریی

ئەگەرچیی کوردێکی عەیار 24بوو، بەڵام بە هۆی چاکەی ئەفسەرێکی عەرەب لەگەڵیدا، لە دەمی لە زیندان پەستانی برایەکەی عەلی بەهۆی سەرکێشییەوە، عەلی کوڕی بە ناوی ئەو ئەفسەرە ناواندبوو، عەلیش ناوی زارۆکەکەی بۆ ئەوە هەڵبژاردبوو، هەتا خودانی خۆی بێت و نەکەوێتە ژێر کاریگەریی، چوونکی ناو جێ پەنجەی خۆی بە سەر تەوێڵی بوونی هەر تاکێکدا بەجێدەهێڵێت،

٭٭

باوکی عەلی، کوڕی مەلایەک بوو سەرڕاست، بەوەی کێخوا دووای داگیرکردنی زەوی سەیدەشەل، سواری تەیمەسی کردوو لە سەر زوورگی (قەراتەسۆران)پەیمانی پێدا کە بەردیلێک و عەربەیەک مزاشی پێبدات و ساڵی ئایندەش، پارچە شککارتەیەکی بۆ بکات، ئەگەر لە دادگا گەواهی لە بەرژەوەندی ‌کێخوا بدات،

٭٭٭

مەلا: تەیمەسەکەت ڕاگرە، دەتەوێ شاهیدی بە درۆ بدەم، لە قونی بەردیل و عەربەمزاش و شککارتەت بەم، خودا ژیان بە بەندەکانی دەدات، خۆ ژیان بە دەستی تۆ نییە، لە توڕمبێڵی خۆی فڕێدا خوارێ و ملی ڕێیی گرت و بەرەو گوندی گەڕایەوە، وەلێ خۆویست، بەوەی لە ژنی یەکەمی(سوڵتانە)خان، هیچ کرێتیی و کەموکووڕییەکی نەبوو، خاوەنی سێ کوڕ و دوو کچ بوو، کەچیی ژنی دووەم و سێیەمی هێنا و بیری بە ژنی چوارەم قاڵ بوو، لێ تەمەن دەرفەتی نەدا،

٭٭٭٭

عەلی، کوڕی فەقێیەکی ناموڕادبوو، ژیان سەتجار خیانەتی لێکردبوو، هەر بۆ نموونە، جارێک ڕۆژگارەڕەشەکانی دووای شەست و سێ، لە کۆڵانە تەنگەبەرەکانی گەڕەکی سەیداوە، کاتێ هەژارەسۆر چالاکییەک ئەنجام دەدات، ئەو پارتیزانییەش وەکوو چیلکە لە شارە زەنگەزۆرە وەردەی هەژمار دەکرێت، دەستوداری بەعس وەکوو گوورگ پەلاماری هەموو شتێک دەدەن، باوەژنەخێرنەدیوەکەی بە خورپەی ئەوەی شووبراکەی یەکێک لەو گەنجە شەهید کراوانەی دەستی بە کرێگیرەوەکانی بەعسە، خۆی بە سەر تەرمی گەنجێک دادەهێنێتەوە، بەڵام شووبراکەی نەبوو، ئەوەش دووچاریی پچڕانی شاخوێنبەری ڕۆحی دەکات و دووای تلانەوەیەکی زۆر بەو بەرکەوتنە کوشندەیە، پەریخان گیانی لە شەققەی باڵ دەدات و (باوکە حەسرەت دیدەکەی)عەلی بێوەمێرد دەمێنێتەوە،

٭٭٭٭٭

باوکی عەلی، هەتا سەری لە بەردی ئەلحەد دا، حیزبەکەی خۆی پێ زەڵال و پێشڕەو و پێشەنگ بوو، وەلێ هەمیشە دڵی بە ‌حیزبی کوڕەکەی کە دووا یادگاریی ژنەکەی بوو، دەکرایەوە، کە خۆی سەتانجار دووای کۆچیی ناوادەی پەریخان، لە نێوانی گۆلەکانی تەماتەدا، جەمەدانییەکەی بۆ کردبوو بە کەپری ئەڤین و لە لێواری زێی بادینان، کۆری بۆ کردبوو، جلک و بەرگە دژوونەکەی بۆ شووشت بوو، عەلی٫ هێندەی لە زاری باوکییەوە ئاشنای ناوی ڕابەر و ڕێبەر و ئایدیۆلۆژیای حیزبی براکەی بوو، زەڕەیەک لە براکەیەوە ئاوێزانی پەیڕەوپڕۆگرامی حیزب نەبوو، هەتا ئەو ڕۆژەش کە شەرەفی چایی و ئاوگێڕانی بەرکەوت، حیزبی وەکوو خزمەتکاری نیشتمان و پارێزەری ئازادیی و پارێزگاریی لە مرۆڤ دەخوێندەوە، چوونکی دووای بەرگریی قارەمانانەی پێشمەرگە لە گوندەکانی(شێخ شێروان) و (سیاو) و (هێلەوە) ئامۆزایەکی باوکی لە ژوورێکی خانووە گەورە و لەندەر هۆیەکەی ئەوان لە گوندی (عەوێنە) گیرسابوونەوە، ڕۆژێک دووای دابڕان و گەڕانەوەی لە گاڕان، چێڵەبەڵەکەکەی حاجی خاتوون، بە لمووزی پاڵێکی بە دەرگای قەنتەرەوەنا و هاتەوە حەوشەی، حاجی خاتوون، بە دەستی ڕاستی پەلاماری شووڕکێکیدا و گوتی: (هەی چاوت کۆرەبییت، ئەوە لۆ هاتیەوە؟!)

دایکی عەلی بە سۆزەوە فەرمووی: (کچێ لێیگەڕێ، بۆنی بێگانەی کردووە) واتا خۆی لە نێو گاڕانەکە بە نامۆ بینیوە! لە ڕاستیدا هەرگیز حاجی خاتوونی بە تووڕەیی و بوغز و ڕکەوە نەبینی بوو، چوونکی حاجی خاتوون، هەمیشە سەردوولکە و لاونەوەی بۆ مریشک و عەلەلیش و جووجکە و چێڵ و مێنگین و سەنگۆکەی دەچڕی، بۆیە بۆ تاوێک دەمی لە فاقی مشک دەچوو، حاجی خاتوون، بە ڕوومەتی سوور هەڵگەڕاوی وەکوو ئەو تەماتانەی مانگی پووشپەڕ، کە خۆرەتاو سەرەدیقانێیان لەگەڵدا دەکات، بە دەستەچەپی دەستی ڕاستی عەلی گرت و چێڵەکەیان بە پێشەخۆیاندا و بە ڕێی گاڕانێ دا غلۆربوونەوە، لە نزیک گردەبۆری، گاوان بەری گاڕانێی هەڵدا بوو، دووای بینینیی ئەوان بە گوورگ ەلۆقە بەرەو پیلیان هاتوو

گوتی: (حاجی خاتوون، بە خودای زۆرم حەول لەگەڵدا، بۆم تێکەڵاوی گاڕانێ نەبوو٫ خۆشت دەزانی ڕێ و بان هەمووی دەغل و دانە، گۆتم با شەرمەزاری خەڵکی نەبم)

حاجی خاتوون: (هەتا لێڕادێت، بڕەک خۆت لەگەڵی ماندوو بکە، بە قوربانت بم) لە گەڕانەوەیاندا، بەڕازیلییەکی سووری قورمزی بە خێرایی بە تەنیشتیاندا تێپەڕی، تۆز بەری ئاسمانێی گرت و هەرچیی خۆڵەپۆک هەیە، بە سەر سەر و گێلاکیاندا پەرش بوو، سی تا چل مەترێک لێیان تێپەڕی و لە هێکڕا، ئەستۆپێکی کرد و لە نێو غوبار و گەردەلوولەکەدا، پێشمەرگەیەکی باریکەلەی گەنمڕەنگ هاتەخوارێ، جەمەدانییەکی لە مل ئاڵاندبوو، پرچیی تا سەر شانەکانی درێژ، ڕانکوچۆغەلێکی خاکیی لەبەردا بوو، فیشکدانێکی ڕەش بە ئەستێرەی سوور نەخشێنراو، چواردانە یەدەگی تێدا بوو، لەگەڵ دوو نارنجۆک بە کەمەرییەوە شەتەکدرابوون، ئەدیداسێکی ڕەساسی لە پێ دابوو،

گوتی: ئەوە چیی دەکەن لێرە؟!

حاجی خاتوون: ئەوە کێیە؟!

عەلی: وابزانم بڕوا یە!

ئیتر وەکوو سیفەتی خانەوادەیی، حاجی خاتوون، دەستی بە جووندان کرد، خۆشترین ووشەش لە دەمیدا، کە پڕ لە ئاواز و میلۆدیی بوو(کەران گای)بوو

بڕوا: کاتی جنێودان نییە، وەرن سواری سەیارەبن، هەتا کۆپتەر نەهاتووە، حاجی خاتوون سەلام و هەواڵپرسینی کردن، وەلێ عەلی، بێ سەلام و کەلام خۆی لە ئۆتۆمبێڵەکە پەستا،

ئەبوو ئەحلام: تیچاوێکی لێکرد:

چۆنی…؟!

بەبێ چاوەڕووانی بۆ وەڵامی ئەرێنیی و نەرێنیی،

گەورەبییت دەبییت بەچیی؟!

عەلی: پێشمەرگە!

ئەبوو ئەحلام: بۆچیی؟!

بۆ مناڵێکی دەساڵە، دژوارە وەڵامێکی لۆژیکیانە بخاتە ناو ڕستە، بۆیە شەرمندانە خۆی وەکوو کاریلەیەکی سەرمابردەلە بۆ یەکتر هێنایەوە،

بڕوا بەدەم هاندانەوە: بڵێ دەی، بۆچیی دەبییت بە پێشمەرگە؟!

ئازاد: بۆ ئەوەی خزمەتی نیشتمان بکەین و پارێزەری ئازادیی بین و پارێزگاریی لە مرۆڤ بکەین

٭٭٭٭٭٭

کابرای ئەندامی حیزب

گوتی: گەنجۆ وەرە دانیشە و باسوخواسی گەنج و لاوانمان بۆ بکە، دەربارەی ئێمە و پارتەکانی تر: چیی دەڵێن؟!

عەلی کە هێشتا ئاوبێی حیزب و تەونەکانی ئایدیۆلۆژیای بە خەیاڵدا تێنەپەڕی بوو،

گوتی: بۆچیی حیزبی ڕۆژهەڵاتی، بە کەیف و ماشای خۆیان دەکەن و گوێ لە بیریار و دانا و دونیادیدەکان ڕاناگرن؟ کابرای ئەندامی حیزب، وەکوو مین بە ڕوویدا تەقییەوە و چەشنی گەوارەی وەرزی بەهار، برووسک لە چاوەکانی دەردەچوون، دەمی لە جێی ووشە، وەکوو بۆڕی سولاوکەی ئەو ماڵانەی سەرشۆرێکی زیادە، لە نهۆمی دووەمی خانووەکەیان چێ دەکەن بۆ تەنگەتاوی، تفی دەپژان، بۆ ساتێک دەمی عەلی، لە تەڵەی تەقیو دەچوو، تەنێ چاوی لە سەر زاری کابرای حیزب بوو، لە پڕ نازانم چۆن؟!

لەوە دەچوو هەر پەیڤی شەهید ئازاد بێت، دووای ئەو چەن ساڵە پەنگخواردنەوە لە ناو دەمارەکانی سەریدا، زمانی لە ڕێسمە بردبێت، بۆیە ڕاچەنیی و

گوتی: حیزب دەبێ خزمەتکاربێت،

براگەورەکەی عەلی، وەکوو ژەنەڕاڵێکی سەردەمی شەڕی سارد، بە عەلی گوت: هەڵسە بڕۆ دەرێ، پیاوەکە خەریکە جەڵتە لێیبدات، نەفرەت لە حیزب

دەربارەی CHRA.TV

چراتێڤی.. پێگەیەکى هونەرى و رۆشنبیریى ئەلکترۆنی ئازادو سەربەخۆیە، رۆژانە لەپێناو پەرەپێدانى ئەم بزاوتە لەکوردەواریدا خۆى نوێدەکاتەوەو، با نووسەرانی کوردیش ڕەها بن لە هەربەربەست و سانسۆرێک کە ڕێگرن لە بەردەم تەقینەوەی بەهرەو داهێنانەکانیان. چراتێڤی..هەناسەو نەفەسى هەموو ئەو مرۆڤانەیە دەنگ بوون و دەنگ دەمێنن لەڕوداوە کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی جیهان و کوردستان. لێرەوە رایدەگەیەنین جگە لەو بابەت و بڵاوکراوانەى لۆگۆى چرایان بەسەرەوەیە چرا بەرپرس نییە لەناوەرۆکى بابەت و بڵاوکراوەکان.