سەرەتا / ئەدەب / چەند سەرنجێکی دیکە لە پەراوێزی شیعرەوە_بەشی دووەم

چەند سەرنجێکی دیکە لە پەراوێزی شیعرەوە_بەشی دووەم

سەدیق سەعید ڕواندزی

بێگومان لای بەشێکی زۆری نەوەی دوای ڕاپەڕین و دەیەی دووھەزارەکان، ڕۆشنبیریی شیعری بە شێوەیەکی گەورە و فراوان نییە کە ڕەگێکی گەورەی لە نێو زماندایە.بەو مانایەی نازانن وشە لە چوارچێوەی فەرھەنگی زمانەوانی خۆی، چ ئاماژەیەک دەگەیەنێت. ئەو نەوەیە بەشێکی زۆریان چونکە شیعر نووسین بە قسە ڕێزکردن تێگەیشتوون، ئیدی چۆن وشەکان لە دەقی شیعریدا بەرجەستە دەکەن، بە لایانەوە گرنگ نییە. چونکە ئەوان پێیان وایە شیعر تەنھا خستنە پاڵ یەکتری چەند وشەیەکە، بە بێ ئەوەی ھیچ پەیوەندییەکی بابەتی و ئۆرگانیکییان بە یەکەوە ھەبێت.بەشێکی زۆر لەو نەوەیە، وەک مەلای دوانزە عیلم بیردەکەنەوە، وا دەزانن لە ھەموو شتێک دەزانن و زانیارییان لە بارەی ھەموو شتێکەوەھەیە،کە دەشێ بیکەنە تیمەی شیعریی، لە کاتێکدا زۆربەیان خۆرسکانە شیعر دەنووسن و ڕۆشنبیرییەکی ئەوتۆیان نییە. شاعیر کە تەنھا لە چوارچێوەی زمانێکی دیاریکراو،چەند دەربڕین و وێنەیەک خولایەوە، ئیدی ناتوانێت ئەزموونی شیعری خۆی تازە بکاتەوە. بەشێک لە شاعیرە گەنجەکانی ئێمە، ھەرشتێک بە خەیاڵیان دابێت دەیکەنە شیعر. ئەوان چونکە جیاوازی لە نێوان قسە و شیعر ناکەن و ھەردووکییان بە یەک زمان دەبینن، ئیدی دواجار بەشێکی زۆری ئەوەی دەینووسن، لە دەرەوەی شیعرە. بێگومان مەرج نییە شاعیر ئاگاییەکی گەورەی مێژوویی، جوگرافی، کۆمەڵایەتی و چەندین بابەتی دیکەی ھەبێت، وەلێ مەرجە کە باسی جوگرافییا لە شیعردەکات، ئەوا بە ڕاست و دروستی گوزارشتی لێ بکات وشارەزایی لەو بارەوە ھەبێت، کە باسی مێژوومان کرد، ڕووداوەکان وەک ئەوەی کە ڕوویانداوە درک پێ بکەین، نەک بکەوینە ھەڵەی مێژووییەوە.بێگومان لە شیعردا، وشە میتافۆرە و دەشێ ئەوەی شاعیر لە شیعردا گوزارشتی لێ دەکات، ھەمان ئەو دەلالەتە واقعیەی نەبێت، کە لە نێو بوون و ژیانی ئێمەدایە. بەڵام کاتێ باس لە توخمێک، مێژووێک، شوێنێک، ڕووداوێک دەکەین، کە لە بنەڕەتدا، بەشێکە لە پێکھاتەکانی نێو ژیانی ئێمە، ئەوا دەبێت زانیاریی و تێگەیشتنمان بۆی ڕاست و دروست بێت. زۆرجار بەشێک لە شاعیرە گەنجەکانی ئێمە، چونکە ڕۆشنبیریی شیعرییان نییە، ئیدی دەکەونە ھەڵەی وا کە خۆشیان ھەستی پێ ناکەن.بۆنموونە: پێشەوا کاکەیی لە شیعرێکیدا دەڵێت:_
وەرنە ئێرە..ئاسانترین ڕێگە قەندیلە.
ھێندە بەرزە بە ئاسانی دەنگتان دەگا..
کاکەیی، کە دوو کۆمەڵە شیعری بە ناوی( ئەفریقانامەو ئەمەریکانامە) ھەن، وەلێ پێ دەچێت ھیچ شارەزایی لەجوگرافییای کوردستان نەبێت .چونکە کاتێ سەرنج لە و چەند دێڕە شیعرییەی دەدەین، باشتر ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت. چونکە دەبوو بزانێت قەندیل نەک ئاسانترین شوێن نییە، بگرە یەکێکە لە ناوچە ھەر سەخت و دژوارو پەناو پێچەکانی کوردستان، کە دەیان حەشارگە و لووتکە و ڕێگای پێچاو پێچ و ئەشکەوتی گەورە و بزری تیایە. بە درێژایی مێژوو، قەندیل یەکێک بووە لەو ناوچانەی ھەمیشە ڕووبەرێکی سەختی جوگرافیا بووە بۆ شۆڕشەکانی کورد، کە لێیەوە کوانووی شۆڕش جۆش بدەنەوە و دوژمنانیش بە ئاسانی دەستییان نەگاتێ. ھاوکات قەندیل بەرزترین شاخ نییە، سروشتی جوگرافی قەندیل وەک زنجیرە چیایەک ھەڵکەوتووە و لە نزیک دۆڵی باڵەیانی قەسرێ، دەست پێ دەکات و درێژ دەبێتەوە تا سەر سنووری ئێران. لە ھەر شوێنێکیش لووتکە و شاخەکانی ناوێکی خۆیان ھەیە. لە کوردستاندا، شوێنی لە قەندیل بەرزتر ھەن. بۆیە ئەمە لە زانیاریی کەسێک ناکات، کە دیوانە شیعرییەکانی بەناوی جوگرافییاوە ناوبنێت، کە چی شارەزای جوگرافیای وڵاتەکەی خۆشی نەبێت. چونکە ئەم شاعیرە پێشتر دوو کۆمەڵە شیعری بە ناوی کیشوەرەکانی جیھانەوە ناوناون. ئەگەر شاعیرێک شارەزای لە جوگرافیای ھەرێمەکەی خۆی نەبێت کە تیایدا دەژیت، دەبێ گومان بکەین کە شارەزای لە جوگرافیای ھەموو جیھان ھەبێت. چونکە ئەو دواجار باسی شاخێک دەکات کە ناوی قەندیلە و لە جوگرافیای ئەم بەشەی کوردستان بوونی ھەیە. ئێمە دەزانین چیا، وەک ناوێکی سرووشتی و نەناسراو لە گوتاری شیعری کوردیدا، میتافۆرە بۆ زۆر وێنە وەک:(خۆڕاگریی_ وەستانەوە_ مێژوو_ ھێما بۆ شۆرش و خەبات_ ژینگە و سرووشت و زۆر وبَنەی دیکەش). بەڵام کاکەیی دواجار باسی چیایەک دەکات، کە ناوێکی ناسراویی شوێنێکە، بە بێ ئەوەی ھیچی لە بارەوە بزانێت. قەندیل بەرزە، بەڵام شوێنی لە قەندیل بەرزتر ھەن.ئەو کە لەم بە ناو شیعرەیدا، باسی شێرکۆ بێکەس و قەندیل و ئێزگە و شۆڕش وخودا و ئایین دەکات، ھەریەک لەمانە نەک لە ڕووبەری بچووکی شیعرێکی کورتی لەو شێوەیە جێیان نابێتەوە، بەڵکو لێکدانەوەی فەلسەفی و مێژوویی و جوگرافی وردیشیان دەوێت. لێرەوەش ئەو بۆ چوونەی ئێمە ڕاست دەردەچێت،کە دەڵێین ئەم نەوەیە بە ھوشیارییەکی کەمی شیعرییەوە، ھەوڵدەدات دەست بۆ زۆرترین بابەت ببات و لە شیعردا بەرجەستەیان بکات.وەک ئەوەی شیعر قوتووی عەتار بێت.
بێگومان ڕۆشنبیریی شیعریی، فاکتێکی بە ھێزی مانەوەو بەردەوامیدانی ئەزموونی شیعرە. شێرکۆ بێکەس بۆ ماوەی نیو سەدە، لە پێشەوەی شیعربوو، چونکە ئەم ھەر تەنھا شاعیر نەبوو، بەڵکو فەرھەنگناس و زمانزانێکی وردیش بوو. ئەستەمە شاعیرێک بتوانێت بەردەوامی بە ئەزموونی شیعری خۆی بدات وخۆی کاوێژ نەکاتەوە، ئەگەر نەچێتە قووڵایی زمان.بەڵام ھەر تەنھا شارەزایی لە زمان گرنگ نییە، لەوە گرنگتر چۆنییەتی بەرجەستەکردنی ئەو زمانەیە لە شیعردا.زمانی کوردی لە زمانە دەوڵەمەندەکانە کە وردەکاریی فەرھەنگی و زمانەوانی زۆری تێدایە،کە جیاواز دەکەوێتەوە لە زمانەکانی دیکە. ئەگەر شاعیر شارەزایی ئەو وردەکارییە نەبێت، بێگومان دەکەوێتە ھەڵەوە. لێرەشەوە کاتێ(ژیار ئەسوەد)ی بەڕێزو خۆشەویست و بۆ من دەنووسێت کە(مێروو)جیایە لە (مێروولە) چونکە مێروو(نمل)و مێروولە(حەشەرە)یە، بەشێکی پەیوەندی بەو قووڵنەبوونەوە ھەیە لە زمانی کوردی بە گشتی و زمانی شیعریش بە تایبەتی. چونکە لە زمانی کوردیدا (مێروو_مێروولە) ھەردووکییان ئاماژەن بۆ یەک زیندەوەری بچووک کە (مێرووە).بەدەر لەم زیندەوەرە، شوناسی مێروولە بۆ ھیچ زیندەوەرێکی دیکە بەکار ناھێنرێت. بەڵام ئەمە لە زمانی عەرەبیدا جیاواز دەکەوێتەوە. بە گشتی مێرووەکان کە بچووکن و شەش قاچییان ھەیە گەلێک جۆرن. بەڵام لە زمانی کوردیدا، بە مێروولەکان ناناسرێن،بەڵکو ھەریەکە و ناوی خۆی ھەیە کە ئەمەش دەوڵەمەندی زمانی کوردی دەگەیەنێت. بۆنموونە:_(خاڵخاڵۆکە_سیسرکە_قالۆچە_کلۆ_ جاڵجاڵۆکە_مێشوولە). ھەموو ئەمانە لە بنەڕەتدا، لە چەشەی مێرووەکانن. بەڵام لە زمانی کوردیدا، ھەرگیز بە ئەمانە ناگوترێت مێروولە. بەڵکو بە ناوی سرووشتی خۆیان ناویان دەھێنرێت. لە زمانی کوردی و لە ئەزموونی شیعری کوریدا، مێروویاخود مێروولە، تەنھا بۆ زیندەوەری مێروو بەکاردێت. گریمان ئەگەر شاعیرێک لە شیعرێکیدا باس لەوە بکات کە جاڵجاڵۆکەیەک بە تەوێلییەوە بارگەی خست، ئایا دەنووسێت مێروولەیەک بە تەوێڵمەوە بارگەی خست؟ یاخود ئەگەر گریمان شاعیرێک بنووسێت):خاڵخاڵۆکەیەک بەسەرشانمەوە نیشتەوە، ئایا دەڵێت مێروولەیەک بەسەر شانمەوە نیشتەوە؟). تەنانەت جۆرێک لە مێروو ھەنە، کە باڵییان ھەیە و دەفڕن،تەنانەت بەوانیش ناگوترێت مێروو، بەڵکو پێی دەڵێین(مێرووە بە بالڕ). بۆیە لە بنەڕەتدا، ھەڵەکە لە خودی زمانی گوزارشتکردن دایە لە شیعرەکەدا، نەک ئەوەی ئێمە ھێندە ڕاگوزەرو سادە، بە سەر شیعرەکەی کاکە ژیاردا تێپەڕیبین کە مێروو_مێروولە لە یەکتری جیا نەکەینەوە،کە لە بنەڕەتدا لە زمانی کوردی، ھەردووکییان یەک مانا دەگەیەنن. دەکرێ بە نموونەیەکی بەرجەستەتر، ئەمە ڕوونبکەینەوە. بەختیارعەلی لە شیعرێکیدا دەڵێت:_
با یار لە ماڵ دەرکەین..
وەک دەرکردنی گورگێک لە دارستان
بێگومان، گیانەوەری دڕندەترو ئازاتر لە گورگ لە دارستان ھەن(شێر_پڵنگ)، بەڵام شاعیر باسی ئەوان ناکات و ناوی گورگ دێنێت. ئەو ناوھێنانە، لە ئاگایەکی زۆرو شارەزایەکی زۆری زمانەوانی و فەرھەنگی ھاتووە. واتا شاعیر، ھەروا ڕاگوزەر گورگ ناکاتە وێنەیەکی شیعریی، بەڵکو ئەو زۆر باش لە ماھییەتی گورگ وەک دڕندەیەک دەگات و گەیشتووە. گورگ چەند خاسیەتێکی بایۆلۆژیی وئاژەڵی جیاوازی ھەیە.( گورگ چاوی تیژە، لە دووترین شوێن نێچیرەکەی دەبینێت، ،ڕەمزێکە بۆ ترس و تۆقاندن و لەناوبردن) وێرای ئەمانەش یەکێکی دیکە لە خاسییەتەکانی گورگ ئەوەیە، کە بە کۆمەڵ گیاندارەکان دەکوژێت، بە پێچەوانەی شێرو پڵنگ و دڕندەکانی تر، کە تەنھا یەک نێچیر ڕاو دەکەن وگەدەیانی پێ تێردەکەن. بەڵام گورگ لەیەک پەلاماردا بە دەیان سەر پەز دەکوژێت و ڕاو دەکات، تەنھا یەکێکیشیان دەخوات. ئەمە لەلایەک لەلایەکی دیکەوە دەشێ گورگ لە دنیابینی شاعیردا، میتافۆرێک بێت بۆ مرۆڤ. چونکە لە زمانی کوردیدا، چەندین ئیدیۆم و دەربڕین ھەن،کە لە بارەی گورگەوە گوتراون. وەک:_
(گورگە لە پێستی مەڕ)
(گورگی باران دیتەیە)
(لەگەڵ مەڕ شین دەکات ولەگەڵ گورگ گۆشت دەخوات)
(گورگ ومەڕ بەیەکەوە ئاو دەخۆنەوە)
کەواتە گورگ لێرەدا، ئاماژەیە بۆ چەند ڕەھەندێکی جیاوازو دەلالەتی ھەمە جۆری ھەیە. گورگ ھێمایە بۆ ستەم و کوشتن و خوێن و لە نێوبردن، بە پێچەوانەی شێرەوە کە ڕەمزی ئازایەتی خۆڕاگریی و نەبەزینە. مەبەستی ئێمە لەو ڕوونکردنەوەیە، جەخت کردنەوەیە لەسەر بونیادی وشە لە زمانی کوردیدا. مێروولە و مێروو، ھەردووکیییان یەک مانایان ھەیە، کاکە ژیار چونکە جیاوازی لە نێوان بونیادی زمانەکانی عەرەبی و کوردی نەکردووە، ئیدی وا تێگەیشتووە لە زمانی کوردیش (مێروولە) و (مێروو)جیان. لە کاتێکدا وەک ئاماژەمان پێدا، مێروولەش ھەر مێرووە. بۆ نمووونە زۆر جار دەگوترێت(شارە مێروولەیەک).لەلایەکی دیکەوە، ئێمە ھەر تەنھا باسمان لەو وێنە شیعرییە نەکردووە، بەڵکو گوتومانە،ڕیتم و فەزاو شێوازی دەربڕین و تۆپۆ گرافیای شیعرەکەشی وەک ئەوەی سەباح ڕەنجدەرە. ئەمەش نە ھەڵە تێگەیشتنە نەبێ ئاگایی. بەڵکو ھاوشێوەیی و نزیکی ھەردوو شیعرەکەیە لە یەکتری، لە ڕووی فۆڕمی شیعرییەوە.
ڕواندز_تەمموزی ٢٠٢٠

پەراوێز: دەنگی شێرکۆ لەسەر ڕادیۆی قەندیل، شیعرێکی (پێشەوا کاکەیی)یە و لەکلتوورو ئەدەبی ھەفتەنامەی زەمەن لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩بڵاوکراوەتەوە…

دەربارەی Sadiq Rwandze