سەرەتا / ئەدەب / چەند سەرنجێک لە پەراوێزی شیعرەوە

چەند سەرنجێک لە پەراوێزی شیعرەوە

سەدیق سەعید ڕواندزی

زمان، یەکێکە لە ڕەگەزە سەرکییەکانی شیعر. ھەروەک مالارمێی شاعیری جیھانیش دەڵێت:(شیعر تەنھا زمانە). بێگومان زمان لێرەدا ڕەھەندێکی دیکەی ھەیە. چونکە ئەگەر زمانی شیعری ھەمان زمانی ئاسایی دەربڕین بوو، ئەوا جیاوازییەک نامێنێتەوە لە ڕووی فۆڕمی زمانەوە. زمان لە شیعردا،وێنەی ھونەری، واتا،شیعرییەت و چێژو ئستاتیکایە. ئەوە گرنگ نییە زمانی دەقێک سادەیە یان ئاڵۆَز، ڕوونە یان تەمومژاوی، بەڵکو ئەو زمانە چەند دەتوانێت لە خولقاندنی ئەزموونی جیاوازدا، ڕۆڵ ببینێت.بێگومان زمان وەک ئامرازێک، بە پێی قۆناغەکانی گەشەکردنی ئەدەبی،ھزری وکۆمەڵایەتی گۆڕانی بە سەر دادێت و پێش دەکەوێت.بەوپێیەی زمان، ڕەنگدانەوەی دنیابینی و ھزری شاعیرە، ئیدی لە پەراوێزی گۆڕانکارییە ھزریی و زمانییەکاندا، زمانی ئەویش گۆڕانی بە سەر دادێت. شیعرەکانی گۆران لە سەرەتای ئەزموونی شیعرییەوە، ھاوشێوەی شیعرەکانی دواتری نین. واتە گۆڕانکارییان لە ڕووی فۆڕمی دەربڕین و زمانی گوزرارشتکردنەوە بە سەر داھاتووە. وەلێ دواجار ئەوەی گرنگە ئەوەیە، کە لە پەراوێزی ئەو زمانەوە، گۆران دەبێتە ئەزموونێکی جیاواز، کە تەنانەت ئێستاش بەشێکی زۆر لەوانەی شیعر دەنووسن، نەیانتوانیوە، لە ژێر کاریگەریەتی ئەزموونی گۆران لە ڕووی زمانەوە دەربچن. زمانی شیعری، ستایلی نووسین و ناسینەوەی ئەزموونی شیعرییە. کاتێ شاعیرێک جیاواز دەنووسێت و لە زمانی باو دەردەچێت، ھەنگاوێک بەرە و بونیادنانی زمانێکی شیعری تایبەت بە خۆی بونیاد دەنێ. بە گشتی ئەزموونی شیعری کوردی لە قۆناغی کلاسیکەوە، بۆ دوای ڕاپەڕینیش، دەکرێ بڵێین ئەزموونێکی ھاوشێوە و یەک ستایلی زمانە. بەشێک لە شیعری شاعیرە کلاسیکەکان، لە ڕووی دەربڕینەوە ھێندە ھاوشێوەی یەکترین، کە نزیک بێتەوە لەوەی ئەزموونی شیعرییان ھارمۆنی بێت. ئەم زمانە شیعرییە، لە قۆناغەکانی دواتریش دووبارە دەبێتەوە. زمانی شیعری ھەفتاکان، زمانێکە ڕەنگدانەوەی بارودۆخی سیاسی و شۆڕشگێریی و گوتاری بەرگریی و مانەوە بەشێکە لە سیماکانی. ئەوەندەی وەک خوێنەرێک تێبینیم کردبێت، تەنھا زمانی شیعری (جەلالی میرزا کەریم)ە، وەک زمانێکی جیاواز، لە ڕووی وشە سازیی و دەربڕین و گوزارشتەوە، دەردەکەوێت. ئەگەر نا گوتاری شیعری ئەو قۆناغە، تا ئەو ڕادەیە لە یەکتری نزیکە،کە زۆر ئەستەمە ناوی شاعیرەکان لە پەراوێزی شیعرەکانەوە دەربکەین و ئەزموونی شیعرییان بناسینەوە. وەلێ بە بڕوای من، ھێشتاش زمانی شیعری ھەفتاکان، لە زمانی شیعری نەوەی نوێی دوای ڕاپەڕین، لە ڕووی وێنەی شیعرییەوە، ئستاتیکی ترو بە چێژترە.(دەکرێ خوێنەران بۆ ئەو بەراوردکردنە، بگەڕێنەوە سەر وتارێکمان لە ئەرشیفی ھەردوو ماڵپەڕی سەنگینی ئەدەبی دەنگەکان و چراتیڤی بە ناوی (ئستاتیکی وشە لە شیعری نەوەی دوێنێ و نەوەی ئەمڕۆدا).بگرە زمانی بەشێکی زۆری شیعری دوای ڕاپەڕین نەک تەنھا لە ڕوخساردا، بگرە لە ناوەڕۆکیشدا، زمانێکی لاساییکەرەوەو وەک یەکە.بۆنموونە:
داستان بارزان لە شیعرێکدا دەڵێت:
پێش ئەوەی بمرم شتێک دەڵێم
مۆدێلی تازەی مرۆڤ چەشنێکی بێزارکەرن
ژیان لەگەڵ سەگ باشترە .*

حوسێن لەتیفیش لە شیعرێکدا دەڵێت:_
ماندووم لە مرۆڤ..
سەگ باشترە…وەفا پیشەی سەگە..**
لە نێوان ئەو دوو کۆپڵە شیعرییەدا، نەک تەنھا فۆڕمی زمان، بگرە وێنە و دەربڕین و دنیابینی شیعریش ھاوشێوەی یەکترین و لە یەکەوە نزیکن.وەک ئەوە وایە، لاسایی یەکترییان کردبێتەوە. کاتێ شاعیر ناتوانێ لە ژێر فۆڕمی زمانی باو دەرچێت، ئەوا ئاسانترین کرداری شیعری لاساییکردنەوەیە. بێگومان ھیچ ئەزموونێکی شیعریش جیاواز ناکەوێتەوە، ئەگەر زمانی ئەو ئەزموونە شیعرییە جیاواز نەبێت.لێرەوەشە ئێمە دەبینین، بەگشتی لە ئەزموونی شیعری کوردیدا، ئەو جیاواز کەوتنەوەیە،نییە یاخود دەگمەنە. بگرە لە کۆی مێژووی شیعری کوردیدا، نالی و گۆران، دەچنە نێو ئەو جیاواز کەوتنەوەیە. ھەرچەندە بەختیار عەلیش، جۆرێک لە ھەوڵی ئەزموونی جیاواز لە ڕووی نووسینی شیعرەوە دەدات و لە گوناە و کەرنەڤاڵدا، پایەکانی ئەو جیاواز کەوتنەوەیە دروست دەبن،وەلێ دواتر ئەو جیاواز کەوتنەوەیە، ناتوانرێت وەک گوتارێک بەردەوامی ھەبێت و کاتێ دوایین کۆمەڵە شیعری ئەو شاعیرەش دەخوێنینەوە، ئەو ڕاستییەمان بۆ دەردەکەوێت. جیاواز کەوتنەوە، کە ئێمە پێشتریش لە وتارێکدا ئاماژەمان پێداوە،دەرەنجامی ئەزموونێکی درێژو خۆ جیاکردنەوەیەکی یاخییانەیە، کە دەشێ بەر لێدان و ڕەتکردنەوەش بکەوێت. وەلێ ئەزموونی جیاواز، دواجار جیاواز کەوتنەوەی خۆی دەسەلمێنێت و وەک شوناسێکی دیاریکراو دەمێنێتەوە، بگرە زەمەن ومێژووش دەبڕێت. مەگەر دوای گۆران، تاکو ئێستاش، کەس توانیویەتی ئەزموونی ئەو دووبارەبکاتەوە، ھەڵبەتە مەبەستمان ئەزموونی گۆرانە، نەک ئەزموونێکی جیاواز. بۆیە جیاواز کەوتنەوە، پرۆسەیەکی ھزریی، زمانی، فەرھەنگی و دنیابینییە. لە ڕاستیدا، کاتێ خوێنەر بەر ئەزموونێکی کەسی و جیاوازی شاعیرێک دەکەوێت و کۆنتاکی لەگەڵ دەبێت، ئەوا بە ئاسانی ماکی ئەو ئەزموونە جیاوازانە دەناسێتەوە.لەو ڕوانگەیەشەوە ناسینەوەی ئەزموونی (سەباح ڕەنجدەر) وەک شاعیرێک،لە ڕووی زمان و فۆڕمی نووسینەوە، ئەزموونێکی ئاشنایە بە من.ھەڵبەتە ئەمە بەو مانایە نا، کە پەی بە وھەموو گوتنە جیاوازو ئاڵۆزو کۆد ئامێزانە ببەم کە لە شیعرەکانی ئەودا ھەن، کە بۆ خوێنەران بە گشتی شیعری قورس وسڕک وداخراون و چوونە قووڵاییان، پێویستی بە پەی بردنێکی زۆرو خوێندنەوەیەکی وردو ڕامانێکی قووڵ ھەیە، بەڵکو بەو مانایەی لە کاتی خوێندنەوەی شیعرەکانی ئەودا، ڕیتمێک ھەست پێ دەکەم، کە لە شیعری ئەوانیتر جیاواز بکەوێتە بەرچاوم. ئەو ڕیتمە شیعرییە کە لە کاتی بینین و خوێندنەوەی شیعرەکاندا بەریدەکەوم،جۆرێک لە شێوەی گوتن و داڕشتنی زمان و ھێلکاریی و تۆپۆگرافیای دەق دروست دەکات، کە ئەو ناسینەوەیە بناسرێتەوە و لە شیعری ئەوانیتر جیا بکرێتەوە.بۆیە ھەر کاتێ ئەو ئەزموونە دەبینم، ئەگەر ناوی شاعیریشی بە سەرەوە نەبێ، وەک خوێنەرێک دەیناسمەوە، چونکە ئەزموونێکی جیاوازو تایبەتە. تایبەت بە مانای زمانی شیعری و دنیابینی جیاواز. لێرەوەش کاتێ، شاعیرێک دێت و لەسەر ھەمان ئەو ستایل و ڕیتمە شیعر دەنووسێت، درک بەوە دەکەم، کە شاعیرەکە چەند لە ژێر کاریگەریەتی ئەزموونی سەباح ڕەنجدەر دایە و ھەوڵی نووسین لە سەر شێوازی ئەو دەدات. بەڵام ئایا نووسین ھاوشێوەی ئەزموونی ڕەنجدەر ھەر وا ئاسانە؟ بێگومان بە بڕوای من نەخێرو بگرە لە داھاتووشدا، نەدەبێتە ئەزموون و نەدەشتوانێت ئەزموونی شیعری خۆی دەوڵەمەندتر بکات. ئەمەش لە بەر یەک ھۆکار، ئەویش ئەوەیە ئەگەر کەسانی تر، بیانتوانیبایە وەک سەباح ڕەنجدەر بنووسن، بە دڵنیاییەوە ئێستا شاعیرێک نەدەبوو، بە ناوی ساەباح ڕەنجدەر.ئەزموونی ئەو بۆیە ئەزموونی ئەوە، چونکە لە ھی کەسی تر ناچێت. لێرەوەش کاتێ(ژیار ئەسوەد)دێت و لە ڕێی نووسینی شیعرەوە، ھەوڵی لاساییکردنەوەی ستایلی شیعری ئەو دەدات، بێگومان نە دەتوانێت وەک ئەو بنووسێت، نەدەشتوانێت بەردەوامی بە ئەزموونی نووسینی شیعر بدات، کە من شیعر ئەو نووسەرەم پێشتر نەبینیوە . ئەگەر لاساییکردنەوەی ئەزموونی شیعری ڕەنجدەرکارێکی سادە و ئاسان بووایە، ئەوا بە دڵنییاییەوە ئێستا، نەک شاعیرێک دەبوو بەناوی سەباح ڕەنجدەر، نەئەزموونێکی جیاوازی شیعریش دەبوو.جیاوازکەتنەوە، ھەنگاوی یەکەم و سەرەتای، بە خۆدابڕین لە ئەوانیتر دەست پێدەکات. دواتر جۆرێک لە شوناسی شیعری بونیاد دەنرێت، کە کۆتایی نییە و قووڵبوونەوە و بەردەوامی و وزەیەکی لە ڕادەبەدەری شیعری دەوێت.ئە و ئەزموونە جیاوازە، ڕەتدەکرێتەوە، دژایەتی دەکرێت، بەڵام ئەوەی گرنگە، ماھییەتی ئەزموونەکەیە، کە تایبتمەندی کەسی و زمانی و شیعری تێدایە.ژیار ئەسوەد لە شیعرەکەیدا دەڵێت:
مێروولە لە نێو لۆچەکانی ڕوخساریدا ..
بارگەیان خست..***

سەباح ڕەنجدەر چەندین ساڵ پێش ئەم وێنەیە، لە شیعرێکی خۆیدا دەڵێت:_
مێروولە بە نینۆکی پێم بەرزبوونەوە
لە ناوچاوانم پشووی دا..
دەمامکی کردەوەو تەماشای چیای کرد.****
یەکێک لە سەرەکیترین، ھەنگاوەکانی جیاوازکەوتنەوەی شیعری، نە نووسینە وەک ئەوانی تر. کاتێ شاعیرێک لە ھەر تەمەنێک دابێت، لە ژێر کاریگەریەتی وێنە و دەربڕینی شاعیرێکی دیکە دەنووسێت، بێگومان دەبێتە شاعیرێکی کۆپیکەر نەک جیاوازنووس.ئەوە بۆیە لە ئەزموونی شیعری کوردیدا بە گشتی تەنھا یەک(نالی)ویەک(گۆران) ھەن، چونکە ئەوان توانییان لە سەرەتاوە لە بازنەی باو دەرچن و ببنە خاوەن ئەزموونی شیعری خۆیان. لەگەڵ گۆراندا، چەند شاعیرێکی دیکەی ھاوسەردەمی ئەو ھەن، وەلێ بۆچی بە تەنھا گۆران دەمێنێتەوە؟ چونکە تەنھا ئەو توانی مەودایەک لە نێوان ئەزموونی خۆی و بەر لە خۆی دروست بکات. پەندێک ھەیە دەڵێت:_(سوارێک بە تەنھا تۆز ناکات). بەڵام گۆران ئەو سوارەبوو، کە بە تەنھا گەردەلولێکی نایەوە کە ھەمووان نغرۆ بکات.ئەو جیاواز کەوتنەوەی گۆران، سەرەتا لە سەر ئاستی زمان، بەو پێی کۆتایی بە نووسینی شیعر لە سەر شێوازی کلاسیک ھێنا، دواتریش بە گوتارێکی دیکەی جیاوازی شیعری دەستی پێکرد. بۆیە زمان یەکێکە لە ڕەگەزە سەرەکییەکانی جیاواز کەوتنەوەی شیعری لە ڕووی فۆڕم و ناوەڕۆکیشەوە.بۆیە کاتێ شاعیرێک ناتوانێت لە ئەزموونی زمانی باو دەرچێت وھەر تەنھا بە دەوری ئەو زمانە و وشە سواوەکانی دەخولێتەوە، ئیدی ناتوانێت دەقێکی شیعری جیاواز بنووسێت، تەنانەت ئەگەر پەنجا ساڵیش بێت شیعر بنووسێت. لەو ڕۆژانەدا، شیعرێکی(موحسین ئاوارە)م لە ھەفتەنامەی (ڕێگای کوردستان) خوێندەوە.ئاوارە، کە ئەگەر ھەڵە نەبم پەنجا ساڵە شیعر دەنووسێت، کەچی لەو دەقەیدا وەک شاعیرێکی سادە نووسی تازە و گەنج دەردەکەوێت، کە شیعر بۆ ھەشتی ماڕس و زلف و ئەگریجە و لەنجەولارو جەستەی ژن دەنووسێت!.وەک خوێنەرێک دەکرێ بپرسین، کاتێ شاعیرێک دوای پەنجا ساڵ، دنیابینی ھێندە سادە دەبێتەوە، کە وەک گەنجێکی تازە نووس شیعر بنووسێت، چ ئاماژەیەک دەگەیەنێت. بێگومان ئەمە تەنھا یەک ئاماژە دەگەیەنێت، ئەویش نەمانی توانای شیعریی و خۆنوێ کردنەوەی شیعرییە. دەنا چۆن دەبێت شاعیرێک دوای پێنج دەیە لە شیعر نووسین، تازە باسی(پرچ و پەرچەم و ئارایشتگاوتیلەی چاو و سەرھەڵبڕین وتەلاق و شەقی ژن) بکات، کە دەیان ساڵە ھەمووان باسی دەکەن و دووبارە و ھەزار بارەی دەکەنەوە؟!. شاعیری جیاوازننووس، فۆکسی لە سەر شتە سواوەکان نییە، بەڵًکو بە قووڵایی ھەموو شتێکدا دەچێتە خوار کە پەیان پێ نەبردراوە.شاعیر دەبێ پرسیاری گەورە بکات و خوێنەر ڕابگرێت، نەک شیعری ڕۆمانسی ھاوشێوەی ئەو گەنجانە بنووسێت، کە شێت و شەیدای بینینی کچێکی جوانن. بێگومان کاتێ ھەگبەی شاعیر بە تاڵ دەبێت، ئیدی شیعریش دەکەوێتە خولانەوە بە دەوری خولگەیەکی سواو.ئەزموونی شیعری، ئەزموونێکە بە ئاراستەی نوێتر لە گۆڕان دایە.بەڵام کاتێ شاعیرێک ناتوانێ ئەو ئەزموونە جیاواز بکاتەوەو زمانێکی نوێ بونیاد بنێت، بێگومان، ئەزموونەکە دەوەستێت، یاخود بۆ دواوە دەگەڕێتەوە.

پەراوێزەکان:
*شیعری داستان بارزان ، لە کۆمەڵە شیعری ئەستێرەکان برینی مرۆڤن.

** شیعری حوسێن لەتیف، پاشکۆی زەمەنی کلتوور، ژمارە(٣٨) لە ١١/٣/٢٠٢٠.

*** ئەفسونی مەرگ، شیعری ژیار ئەسوەد، ماڵپەڕی ژیان، بەشی ڕەنگدان.

**** ئەو شیعرەی سەباح ڕەنجدەرم لە یەکێ لە دیوانەکانیدا کەوتۆتە بەرچاو کە وابزانم لە دیوانی(سی ساڵ) شعردایە.

***** ئەو شیعرەی موحسین ئاوارە، لە ڕۆژنامەی(ڕێگای کوردستان)ژمارە(١٢١١) لە ڕۆژی ١٠/٣/٢٠٢٠بڵاوکراوەتەوە.

دەربارەی Sadiq Rwandze